کورتە مێژویەک لە سەر ژیانی مامۆستا عەلائەدین سەجادی/ شێرکۆ گەنجەیی
“عەلائەدین” کوڕی نەجمەدین کوڕی حیسامەدین لە بنەماڵەی سەجادی، لە ساڵی ۱۹۰۷دا لە “گەڕەکی قەتارەچیان“ی شاری “سنە“ چاوی کردەوە بە سەر دونیای رەنگاورەنگی پڕ لە کارەساتدا. بە سووختەیی خوێندنی دەست پێکردووەو بە فەقێتی گەلێ شارو دێی کوردەواری گەڕاوەو بنەو بارگەی لە سلێمانی خستووە.
لە ساڵی ۱۹۳۸ ئیجازەی زانستە ئیسلامییەکان و زمانی عەرەبی وەگرتووەو دواجار بۆ مەلایەتی و پێش نوێژی لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون رووی کردۆتە بەغدا ەەر لەوێ ماوەتەوە.
لە ماوەی شەڕی دووەمی جیەانیدا خۆی داوەتە رۆژنامەوانی و گۆواری (گەلاوێژ) و (نزار)ی بەڕێوە بردووە. لە ۱۹۵۹دا بۆتە مامۆستای زانکۆی بەغدا لە کۆلێجی زمانی کوردیداو تا ساڵی ۱۹۷۴ لە سەر ئەم ئیشە ماوەتەوە. لە ۱۹۷۰ دەبێتە وەزیری ئەوقاف. لە ۱۹۷۷دا خانەنشین دەکرێ.
پاش خانەنشین بوونی هەموو هێزو توانی دەخاتە سەر کار لە سەر بابەتی ئەدەبی کوردی؛ بەڵام کوژرانی کوڕی گەورەی لە شەڕی ئێران و ئێراق (۱۹۸۰-۱۹۸۸)دا وزەی دەبڕێ و پشتی دەشکێنێ. تا لە ساڵی ۱۹۸۴دا روو لە شاری خامۆشان دەنێ و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ئەسپەردە دەکرێ.
سەجادی (رۆژنامەنووس)
لە گەڵ نیشتەجێ بوونی سەجادی لە بەغدا، ئیبراهیم ئەحمەد خەریکی دامەزراندنی گۆواری (گەلاوێژ) ئەبێ؛ بەڵام بە ەۆی کاری زۆرەوە بەڕێوەبردنی ئەم گۆوارە دەخاتە ئەستۆی سەجادییەوە.
ئەم کاری رۆژنامەوانییە ئەزموونێکی نوێ و گرینگ دەبێ بۆ سەجادی. بە هۆی گەلاوێژەوە سەرچاوەیەکی زۆر لە ئەدەبی کوردی کۆکردەوەو شارەزاییەکی زۆری لە ئەدەب و وێژەی کوردیدا بە دەست ەێنا.
شوێنی کاری سەجادی ژوورەکەی بوو لە مزگەوتدا. زۆربەی کاتی لە ژوورەکەیدا لەگەڵ کتێب و کاغەزو چاپی گەلاوێژ خەریک بوو. ئەمە بووبە هۆی ئەوەی کە بایەخێکی زۆر بدات بە کاری رۆژنامەوانی و لە ساڵی ۱۹۴۸دا خۆی گۆواری (نزار) دەربکات. هەرچەند ناوەرۆکی نزار بابەتی سیاسی و کۆمەلایەتی بوو.
سەجادی (پسپۆڕی ئەدەبی کوردی)
سەجادی نووسەرێکی پڕکار بووە لە زۆر بواردا؛ بە تایبەت لە بواری ئەدەبی کوردیدا. هەندێ لە کارەکانی سەجادی لە ئەدەبی کوردیدا ئەمانەن:
۱- مێژووی ئەدەبی کوردی: گرینگترین بەرەەمی ئەدەبی سەجادییە. هەوەڵ جار لە ساڵی ۱۹۵۲ و دووەم جار لە ساڵی ۱۹۷۰ لە چاپ دراوە. لەم کتێبەدا سەجادی زانیارییەکی زۆر لە سەر زمانی کوردی لە سەرەتاوە تا سەدەی بیستەم کۆ دەکاتەوە. ئەم بەرهەمە لەو سەردەمەدا رووداوێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی ئەدەبدا.
۲- دەستوور و فەرەەنگی زمانی کوردی؛ بەغدا، ۱۹۶۷
۳- ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی؛ بەغدا، ۱۹۶۸
۴- نرخ شناسی، بەغدا، ۱۹۷۰
۵- دوو چامەکەی نالی و سالم، بەغدا، ۱۹۷۳
۶- دەقەکانی ئەدەبی کوردی، بەغدا، ۱۹۷۸
۷- خۆشخوانی، بەغدا، ۱۹۷۸
۸- لە چیرۆکدا سەجادی دەورێکی گرینگ و کاریگەری بووە لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی چیرۆکی کوردیدا. نووسەر لە نەوەی یەکەمی ئەم هونەرەیە کە لە نێوان دوو جەنگی جیهانی سەدەی بیستەمدا پەیدا بووە. چیرۆکی لەسەر لاپەرەکانی گۆواری گەلاوێژدا (۱۹۳۹-۱۹۴۹) بڵاو کردۆتەوە. پاشان بە ناوی (هەمیشە بەهار) لە بەغدا لە ساڵی ۱۹۶۰دا چاپی کردووە.
ناوئاخنی چیرۆکی سەجادی ژیانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری و بە دانستە ژیانی لادێیە. هەندێ لە چیرۆکەکانی ئەمانەن: (شاییەکەی رەشەی خەجەلاو)، بۆ نەچووین بۆ کۆێستان)، جەوهەر ئاغا)، رێویەکەی قەمچۆغە) و …
۹- گەشتێک لە کوردستانا(۱۹۵۶). گرینگی ئەم بەرەەمە لە باری ئەدەبدا پەخشانا جوانەکانیەو زمانی ئەدەبی یادداشت و تێبینی رۆژانەیانە. ئەم گەشتەی لە کوردستانی باشووردا و لە شاری بەغداوە بۆ موسڵ و کەرکووک و هەولێر و سلێمانی دەسپێکردووە.۱۰- یەکێک لە گرینگترین کارەکانی سەجادی، (رشتەی مرواری)یە کە لە ساڵی ۱۹۵۷وە دەستی پێکردووە و تا ۱۹۸۳ درێژەی کێشاوەو لە هەشت بەرگدا بڵاوی کردۆتەوە.
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم بەرەەمانەی هەیە:
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارییەکی شایانی بووە؛ بەرهەمەکانی لەم بوارەدا ئەمانان
– شۆرشەکانی کورد، مێژووی راپەڕینی کورد، بەغدا، ۱۹۵۹
– کوردەواری، لە خەڵکناسیدا (ئەتنۆگرافیا)، بەغدا، ۱۹۷۴
لە ئەنجامدا:
عەلائەدین سەجادی خوێندەوارێکی بە دیمەنی کورد بوو لە سەدەی بیستەمدا. نووسەرو رۆژنامەنووس و کارگەری زانستی بوو. لە زۆربەی مەیدانەکانی ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیدا بەرهەمی بە نرخی هەیە. باڵادەست بوو لە نووسینی وتارو چیرۆک و یادداشت و بابەتەکانی دیکەی پەخشان. نووسینی بە گشتی زاخاوی مێشک و خۆراکی گیان و ئارامی دڵ و دەروون بوو بە خوێنەوەر و خوێندەوارانی سەردەمی خۆی و لە پاشانا بۆ نەوەکانی دواڕۆژ. مامۆستا سەجادیلە ولامی رەخنەگرانی کە بۆ نووسینی کتێبی رشتەی مرواری کە ئەیانوت نابێ زۆر قسەی خەڵک کە ناشیرینە ببێتە بەرهەمی ئەدەبی دەڵێ:
قەومەکانی تر هەموو شتێکیان وتووەو نوسیویانەتەوە، ئیتر چاک بووبێتن یا خراپ نەیانێشتووە سەریان تیا بچێ. منیش لەبەر ئەمانە هاتم لەم سەرگوزەشت و پەندانە بە ئەندازەی دەسەڵات، وەبگرە زیادتر لە دەسەڵاتیشم ڵێ کۆ کردنەوە و حەزم کرد لەم رەوشەوە کتێبێکمان ببێت. ئەزانم سەرەتا لەوانەیە زۆر کەس لێ بکەوێتە تەقەوەە بڵێ: قسەکان بێ شەرمی و پێچەوانەی ئەدەبی دیوەخانە؛ نەئەبوایە شتی وا بنووسرایە. منیش حەقیان ئەدەمێ؛ چونکە هەموو شتێک لەسەرەتاوە لەبەر ئەوە تازە کورەیە، بەرهەڵستی بۆ پەیدا ئەبێ؛ بەڵام لەپاش ماوەیەک ئیمان بەوە دێنن کە سووچێک لە ئەدەبی ون بووی کوردی زیندوو بۆتەوەو دارمێخەکی سیسی ئاو ڵێ بڕاو گەشێنراوەتەوە. ئەمە و دیسان ئەڵێ:
کابرایەک نوێژی نیوەڕۆی ئەکرد وتی : (نیەتمە هەشت رکات نوێژی ئەم نیوەڕۆیە ئەکەم). کە لي بووەوە مەلا پێی وت باوکم نوێژی نیوەڕۆ چوار رکاتە، کەی هەشت رکاتە؟ نوێژەکەت بکەرەوە. ئەویش پێی وت: (مامۆستا، من هەشت رکاتم کردوە، خوا تێکەوێ چاکی بۆخۆی هەڵبژێرێ و چوارەکەی تر بداتەوە بەسەر خۆما). ئیستەش ئەم کتێبە هەر کەس ئەیخوێنێتەوە ئەوی چاکە بۆخۆی هەڵبژێرێ و ئەوی خراپە بیداتەوە بەسەر خۆما. دیسان ئەلێمەوە: کاکی کوردی خۆشەویست:تووڕە مەبە بۆ نوسینەوەی ئەم کتێبە، میللەت وەک باخی پادشاهانە، گوڵی چاکیشی تێدایەو هی خراپیش.
…
وەرگیراو لە کتێبی رشتەی مرواری
– See more at: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=3607&ID_map=27&ID_map1=27&name=%D8%B4.%20%DA%AF#sthash.V1Ix1X8i.dpuf