نووسینی: سۆران حەمەڕەش
کێ ناوی ڕووباری دیجلە-ی ناوە، کورد یان نەتەوەکانی تر؟
ڕووباری دیجلە و فورات، دوو ڕووباری گرنگن بۆ مێژووی مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوەی کە لە دامێنی ئەو دوو ڕووباڕەدا مەزنترین شارستانیەتی دێرین بنیات نراوە. بۆیە ناوچەی نێوان ئەو دوو ڕووبارە سەرنجی مێژوونوسانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و یۆنانیەکان زیاتر لە دوو هەزار ساڵە بە مێسۆپۆتامیا لە قەڵەمی دەدەن. ناوی “میسۆپۆتامیا” بەزمانی یۆنانی مانای “ناوچەی/نێوان ڕووبارەکان” دەدات، ئەم ناوە یۆنانیە لە زمانی ئارامیەوە تەرجومە کراوە کە بریتیە لە “بەیث نهرەین”. ئەمڕۆ هەندێک سەرچاوەی کوردی وشە یۆنانیەکەیان بە هەڵە کردۆتە “مێزۆپۆتامیا” کە لە بنەچەدا بریتیە لە “میسۆپۆتامیا” .
بە هەمان شێوە ناوی ڕووبارەکانیش سەرنجی مێژوونوسانیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە. ڕوباری دیجلە ئەمڕۆ لە جیهاندا دوو ناو بۆ ئاماژەپێکردنی بەکاردێت کە بریتین لە (دیجلە ) و تایگرس tigris)). ئەوەی یەکەمیان لە ڕۆژهەڵاتدا بەکاردێت و ئەوروپییەکان ئەوەی دووەمی بۆ بەکاردەهێنن. بەڵام کۆنترین ناو لای هوریەکان بووە بۆ ئاماژەکردن بۆ ئەو ڕوبارە و پێیان گوتووە arandzah کە هەر وەک (ئەرەند زێ) دەردەکەوێ. لەبەر ئەوەی کە وشەی (زێ) ی کوردی لە زمانی سۆمەریدا دەبێت (زوبی) و زۆرجار وشە هوریەکان لە زمانی سۆمەریەوە وەرگیراون و گۆرانکاریان تێدا کراوە.
بۆ لێکدانەوەی ناوە دێرینەکان زۆربەی جار پێویست بە سەرچاوەی دێرین و هەندێک جار ئاشنایی بە وشە دێرینە کوردیەکان دەبێت. بۆ نموونە هەندێک سەرچاوەی کوردی ئەمڕۆ دەڵێت ناوی “دیجلە” لە “دەچڵە” وە هاتووە. لە ڕاستیدا ئەمە جگە لە خەیاڵ هیچ بنەمایەکی زانستی نیە لەبەر ئەوەی کە لە ڕابردوودا بەپێی فەرهەنگی زمانی میدی، ژمارە (دە) لە کوردیدا پێی گوتراوە “دەسە” کە ئەمڕۆ لە ناو زازاکیەکاندا بووەتە “دەس”. بۆیە هەمیشە دەبێت ڕێ نەدەین ئارەزوو و خەیاڵاتی خۆمان ببنە ڕێنمامان بۆ لێکدانەوەی ناوە دێرینەکان.
سەرچاوەی یۆنانی و ڕۆمەکان چەند جارێک ئاماژەیان بە ناوی ڕووبارەکە کردووە. کۆنترین ئاماژەکردن بە بنەچەی ناوی ڕووبارەکە نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەرە کە لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی، (پلینی) وە بووە. پلینی دەڵێت:
“ڕووبارەکە لە سەرەتای هاتنە خوارەوەیدا، هەرچەندە خاوە، ناوی Diglito ی هەیە. بەڵام دوایی کە ڕەوتی ڕووبارەکە خێرا دەبێت ناوی Tigris وەردەگرێت کە لەبەر خێراییەکەی ئەو ناوەی پێ دراوە. ئەو وشەیە بە زمانی میدی مانای تیر دەدات”
ئەم ووتەیەی پلینی دڵنیای دەکات کە ناوەکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ماناکەی پەیوەندی بە خێراییەوە هەبووە. لەبەر ئەوەی کە پلینی دەڵێت “هەرچەندە خاوە بەڵام ناوی (دیژلیتۆ) ی هەیە”. وەک پلینی ڕوونی دەکاتەوە، وشەی (tigr) بە زمانی میدی مانای (تیر) ی داوە. میدەکان (تێگرە/تیگرە) یان پێ گووتوە و یۆنانیەکان پیتی (س) دەخەنە دوای هەموو ناوێك و ناوەکەیان کردۆتە Tigris . ئەم ناوە لەگەڵ ناوی (دیژلیتۆ) بەکارهاتوون بۆ ئاماژەکردن بەو ڕووبارە. بەو جۆرە ناوەکە لە دوو ناوچەی کوردستاندا دوو ناوی جیاوازی هەبووە و هەردوو ماناکەش پەیوەست بووە بە خێرایی/تیژيهوه.
“تیگرس/تایگرس” ناوە ئەوروپیەکەیەتی و بنەچەی کوردی/میدی هەیە و بە داخەوە گران دەبێت کە بتوانرێت بە تەواوی ناوی (دیژلیتۆ) ڕوونبکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە وشەی (تیژ) لە سەرەتای وشەکەدا دەردەکەوێت و لەوە دەچێت (تیژلا/تیژلەت) بێت. بەڵام ناتوانرێت لێکدانەوەکەی ئەم ناوەی دوایی بێ بەڵگەی تر بەتەواوی یەکلابکرێتەوە لە کاتێکدا کە ناوی (تیگرە) بە تەواوی سەرچاوەکان پشتگیری لێ دەکەن.
ئەنجام، هەر چەندە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەکاندا ناوی (دیجلە) گران دەبێت کە بە تەواوی ڕوون بکرێتەوە و مرۆڤ لەسەری یەکلایی ببێت، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ناوی ڕووبارەی دیجلە بە شێوە ئەوروپیەکەی لە وشەی “تیگرە ” ی کوردی/میدیەوە وەرگیراوە.
كورد زانست