Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / ژیانێك لە پێناو مرۆڤایەتیدا،ڕۆژی نیلسۆن ماندێلا

ژیانێك لە پێناو مرۆڤایەتیدا،ڕۆژی نیلسۆن ماندێلا

ژیانێك لە پێناو مرۆڤایەتیدا،ڕۆژی نیلسۆن ماندێلا

118011438-826659798636044311847985609

(سبەی):
ئەمڕۆ (18)ی تەمموز بە رۆژی جیهانی نیلسۆن ماندێلا دیاریکراوە کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبونەکەی و رۆژەکەش لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەکو رێزلێنانێک بۆ ماندێلا دیاریکراوە.

نێلسۆن ماندێلا ساڵی (2013) لە تەمەنی (95) ساڵیدا دوای مانەوی بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

ماندێلای یەکێک بو لەو سەرکردە خۆنەویستانەی کە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەپێناو ئاشتی و مافی مرۆڤ نەمانی جیاوازی نێوان نەتەوەکان تێکۆشا، هاوکات یەکێک بو لەو سەرکردانەی جیهان کە پاڵپشتی لە مافی کورد کردوە، لەوپێناوەشدا لە ساڵی (1992) خەڵاتی ئەتاتورک بۆ ئاشتی پێبەخشرا، بەڵام ئەو رەتیکردەوە  و وتی؛” ئەو خەڵاتە وەرناگرم چونکە کورد لەژێردەستی تورکیادا دەچەوسێتەوە.”

ژیانی تایبەتی ماندێلا
نیلسۆن رۆلیهلالا ماندێلا (Nelson Rolihlahla Mandela) ، لە 18ی تەموزی ساڵی 1918 لەدایک بوە، سەرۆکی پێشوی ئەفەریقای باشورە و بە یەکێک لە دیارترین بەرهەڵستکارەکان دژ بە سیاسەتی جیاکاری رەگەزی دادەنرێت کە لە ئەفەریقای باشو پەیڕەو دەکرا، ئەندامانی هۆزەکەی ناویانابو (مادیبا) واتە پیاوی مەزن، ئەوەش پلەیەکە بە گەورەترین کەسایەتی نێو ئەو هۆزە دەدرێت.

هەمیشە ماندێلا بە مەهماتا غاندی دەشوبهێنرێت، ئەویش بەو فەلسەفە بەهێزەی کە هەیەتی لەبارەی دژایەتیکردنی توندوتیژی و پشتگیریکردنی ململانێی ئاشتیانە و روبەڕوبونەوەی گێژاو و ئاستەنگەکان بە هێمنی.

ماندێلا لە گوندێکی بچوک بەناوی (میزۆ) لە ناوچەی ترانسکای لەدایک بوە، باوکی سەرۆک هۆزی گوندەکە بوە، ماندێلا بە منداڵی باوکی لە دەستداوە، بەڵام کرا بە جێگرەوەی باوکی، هەمو ئامادەکارییەکی بۆ کرا تاوەکو شوێنی باوکی بگرێتەوە، باوکی ماندێلا خاوەنی چوار هاوسەر بوە و (13) منداڵی هەبوە، چوار کوڕ و نۆ کچ، ماندێلاش منداڵی ژنی سێیەمی باوکێتی و زۆربەی تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری لەو ماڵەدا بەسەربردوە.

لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، ماندێلا یەکەم ئەندامی خێزانەکەی بوە کە چوەتە بەر خوێندن، مامۆستاکەی نازناوی (نیلسۆن)ی بەسەردا سەپاند، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا باوکی لەدەستدا.

جگە لەوەش لە خوێندنگایەکی (بانگەشەکارانی بڵاوکردنەوەی ئاینی مەسیح) دەیخوێند کە لەتەنیشت کۆشکی حاکم بوە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا ماندێلا چوە پەیمانگای Clarkebury، کە بەیەکێک لە پەیمانگا گرنگەکان دادەنرێت، ئەویش بەهۆی بونەی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ رۆشنبیری خۆرئاوا، کاتێکیش تەمەنی گەیشتە 19 ساڵ، ماندێلا لە ساڵی 1937دا، چوە شاری Healdtown و لە زانکۆی ویسلیان دەستیکرد بە خوێندن، ، جگە لە خوێندنەکەی ئارەزوی یاری راکردن و زۆرانبازی دەکرد.

دوای تەواوکردنی خوێندن لەو زانکۆیە، ماندێلا دەستیکرد بە خوێندن هاوشانی کچی حاكمی ئەو وڵاتە لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی فۆرت هیەر، دوای کۆتایی هاتنی یەکەم ساڵیش، ماندێلا و ئۆلیڤەر تامبۆ کە بەهاوکارێکی سەرەکی ماندێلا ناسراوە، بۆ یەکەمجار کۆبونەوە، دوای ئەوەش تامبۆ بەشداری دەکرد لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی خوێندراکانی زانکۆ.

پاش ماوەیەکی کەم ماندێلا و کچی حاکم هاوسەرگیریان کرد و بەناچاری بەرەو جۆهانسبۆرگ هەڵاتن، دواتر لە یەکێک لە کانەکانی ئەو شارە دەستیکرد بە کارکردن، بەڵام پۆلیس بەو کارەی زانی و ماندێلاش بە ناچاری وازی لەو کارە هێنا و دواتر دەستی کرد بە کارکردن لە نوسینگەی پارێزەری، ئەویش بەهاوکاری هاورێیەکی کچی بەناوی والتەر سیسۆلۆ کە لەوکاتەدا پارێزەربو، لەو ماوەشدا ماندێلا لەرێگەی ناردنی نامەوە خوێندنی لە زانکۆی ئەفەریقای باشور(UNISA) تەواوکرد و دواتر دەستی کرد بە خوێندن لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ویتۆترسراند.

چالاکی سیاسی
سەرەتای کاری ماندێلا لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا بو دژ بە حکومەتی ئەوکاتی باشوری ئەفەریقا کە بەدەست کەمینەیەکی سپیپێستەوە بو، کە سەرجەم مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی رەشپیشتەکانی رەتدەکردەوە، لە ساڵی 1942دا ماندێلا چوە کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفەریقا، کە پاڵپاشتی لە مافی رەشپیستەکان دەکرد لە باشوری سەنیغال. لە ساڵی 1948دا حیزبی نیشتیمانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، کە لەلایەن سپی پێستەکانەوە بەرێوە دەبرا، سیاسەتی رەگەزپەرستیان پەیڕەو دەکرد و دەیانویست یاسای رەگەزپەرستی بخەنە نێو دامەزراوەکانی وڵاتەوە و لەو ماوەیەشدا ماندێلا بو بە سەکردەی هەڵمەتەکانی ئۆپۆزسیۆن دژ بەو سیاسەتانە.

سەرەتا ماندێلا بانگەشەی روبەڕوبونەوەی بێ چەکی دەکرد لە دژی سیاسەتی رەگەزپەرستی، بەڵام دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانێکدا و لە ساڵی 1960دا، تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکی ئەوگروپانە درا کە دژی رەگەزپەرستی چالاکی دەکەن، ماندێلا و سەرکردەکانی کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفەریقا بڕیاری هەڵگرتنی چەکیاندا.

دەستگیرکردن و بەندکردنی
ساڵی 1961 ماندێلا بو بە سەرۆکی باڵی سەربازی کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفەریقا، لە مانگی شوباتی ساڵی 1962، ماندێلا دەستگیرکرا بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەوەش بە تۆمەتی سەفەرکردن بە شێوەیەکی نایاسایی و ئەنجامدانی مانگرتن، ساڵی 1964 جارێکی دیکە سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی خیانەتی گەورە و دروستکردنی گروپی چەکداری، دوای مانەوەی بۆ ماوەی 27 ساڵ، دەنگی ئازادکردنی ماندێلا بەرزکرایەوە، کە بو بە سونبولی رەتکردنەوەی سیاستەی رەگەزپەرستی لەوڵاتدا، لەمانگی (10)ی یۆنیۆ و 1980، نامەیەک بڵاوبۆیەوە کە ماندێلا بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەفەریقای ناردبو و تێیدا نوسیبوی”یەکبرگرن، ئامادەبن و بجەنگن، لە نێوان جوڵانەوەی بزوتنەوەی گەل و چەکوشی روبەڕوبونەوەی چەکداری، دەتوانین رەگەزپەرستی راوبنێین”.

ساڵی 1985 بڕیاری ئازادکردنی ماندێلا درا لە بەرامبەر راگرتنی روبەڕوبونەوەی چەکداری، بەڵام رەتیکردەوە، ناوبراو تا 11ی شوباتی 1990 لە زینداندا مایەوە، بەڵام دوای هەوڵەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەفەریقا و فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەبڕیاری سەرۆکی ئەوکاتی باشوری ئەفەریقا، فریدریک ولیام دی کلیرک ئازادکرا و ساڵی 1993 ماندێلا و فریدریک خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی پێبەخشرا.

سەرۆکایەتی کۆنگرەی ئەفەریقی و ئەفەریقای باشور
ماندێلا لە نێوان ساڵانی 1991 تا 1997 سەرۆکی کۆنگرەی ئەفەریقی بو، لە ساڵی 1994یشدا تا ساڵی 1999 بو بە یەکەم سەرۆکی رەشپێست و لەماوەی حکومڕانیشیدا، باشوری ئەفەریقا لە قۆناغی حوکمی کەمینەوە رویکرد قۆناغی حوکمی زۆرینە، بەڵام ئەویش بێبەش نەبو لە رەخنەی چاودێران بەتایبەتیش بۆ روبەڕوبونەوەی ئایدز، لەگەڵ ئەو پەیوەندیە بەهێزەی لەگەڵ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئەمەریکا وەکو فیدل کاسترۆکی سەرۆکی کوبا.

لەماوەی سەرۆکایەتیشیدا مانادێلا جەختی دەکردەوە لەوەی ” ئێمە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک هەوڵدەدەین، کە سەرجەم هاوڵاتیانی باشوری ئەفەریقا بە رەش پێست و سپی پێستەوە، بە سەرێکی بەرزەوە بەرێگادا برۆن و بەبێ ترس و دودڵی، هەروەها دڵنیابن لە مافە مەدەنی و مرۆییەکانیان”.

ماندێلا زۆر کات ئەم رستەیەی دوبارەدەکردەوە و دەیگوت،”لە هەمو ژیانمدا خۆم تەرخانکردوە بۆ روبەڕوبونەوەی کۆنتڕۆڵی سپی پیستەکان و رەشپیستەکان، من داکۆکی لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئازاد دەکەم و ئامادەشم لە پێناویدا بمرم”
لە تەمەنی (83) ساڵیدا ماندێلا توشی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستارت دەبێت و دواتر چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.

دوای ئازادبونیشی، ماندێلا لە بەشێکی بیرەوەرێکانیدا ئاماژە بەوە دەکات” کە لەراستیدا ئەوان هێشتا ئازاد نەبون، چونکە ئازادی تەنها دەربازبون نیە لە کۆت و بەند، بەڵکو ئازادی ئەوەیە کە بەشێوەیەکی شایتە ژیان بەسەر بەریت و رێز لە ئازادییەکان کەسانی دیکە بگریت و پەرەی پێ بدەیت”.

خانەنشینکردنی
دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ماندێلا دەستبەردای پۆستەکەی بو، بەڵام بەردەوامبو لە هاوکاریکردن لە گروپ و دەستە و رێکخراوەکان کە کار دەکەن لە پێناو مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا و چەندین خەڵاتی ریزلێنانی لەلایەن سەرۆکانی وڵاتانی جیهانەوە پێ بەخشرا، جگە لەوەش چەندین بۆچونی تایبەتی خۆی هەبوە لەسەر کەیسی فەڵەستین و رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆرج دەبلیو بۆش و چەندانی تر.

ساڵی 2004 ماندێلا بە تەواوەتی بڕیاری وازهێنانی دا لە کاری سیاسەت و بڕیاریدا ژیانی ئاسایی خۆی بەسەر ببات کە ئەو کات تەمەنی 85 ساڵ بو.

ریزلێنانەکان لە ماندێلا
جگە لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1993دا بە هاوبەشی لەگەڵ فریدیریک ولیام دی کلریک، ماندێلا زیاتر لە 250 خەڵاتی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی وەرگرتوە لەماوەی 40 ساڵدا کە گرنگترینیان:

1- خەڵاتی جەواهیر لال نەهرۆ بۆ ئاشتی لە ساڵی 1980
2- وەرگرتنی خەڵاتی قەزافی بۆ مافی مرۆڤ لە هەمان ساڵدا
3- 1990: بەرزترین پلەی ریزلێنانی هیندی وەردەگرێت
4- 1991: بە کۆتایی هێنان بە رژێمی ئابارتید، لەگەڵ فریدیریک ولیام دی کلریک خەڵاتی Félix-Houphouët-Boigny بۆ ئاشتی وەردەگرن.
5- 1992: خەڵاتی مستەفا کەمال ئەتاتورکی رەتکردوە لەلایەن تورکیا و رایگەیاند:”ئەو خەڵاتە وەرناگرم چونکە کورد لەژێردەستی تورکیادا دەچەوسێتەوە.”
5- 1995: خەڵاتی دکتۆرای شەرەفی وەرگرت لە زانکۆی واسید.
6- 1996: لە پورتوگال خەڵاتی رێزلێنانی لە پلەی Infante Dom Henrique وەرگرت.
7- 2002: لەلایەن جۆرج دەبلیو بۆشەوە خەڵاتی ئازادی سەرۆکایەتی پێ بەخشی، لەهەمان ساڵیشدا لەلایەن شاژنە ئیلیزابێسی دوەم رێزلێنانی پێبەخشرا.
8- 2004: لەلایەن یانەی بۆدابێستی رۆمانییەوە، خەڵاتی رۆشنبیری هەسارەی پێبەخشرا.
9- 2006: لەلایەن رێکخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتییەوە خەڵاتی نوێنەری هۆشیارکردنەوەی پێبەخشرا.
10- لە مانگی 10ی نۆڤەمبەری 2009 دەستی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، رۆژی 18 تەمموزیان وەک رۆژی نێودەوڵەتی ماندێلا دەستنیشانکرد.

لە گرنگترین وتە بەناوبانگەکانی نیلسۆن ماندێلا
1-    ئێمە خۆمان دەکوژین، کاتێک هەڵبژاردەکانمان لە ژیاندا کەمدەبێتەوە.
2-    لێبوردەیی مافە، بەڵام نابێت رابردو بەتەواوەتی لەبیر بکەین.
3-    گەورەیی ئەم ژیانە لە کەوتندا نیە، بەڵکو هەستانەوەیە لەدوای هەمو کەوتنێک.
4-    هیچ شتێک وەک گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنە نیە، کە بەبێ گۆڕانکاری ماوەتەوە و دواتر دەبینی چ گۆڕانکارییەکت تێداکردوە.
5-    ئازادی بە پێک نادرێت، مرۆڤ دەبێت بەتەواوەتی ئازاد بێت یان بە تەواوەتی ئازاد نەبێت.
6-    گەمژەکان پێش ئەوەی بمرن، رۆژانە دەیان جار دەمرن، بەڵام بەهێزەکان تەنها یەکجار تامی مردن دەکەن.
7-    من لە نێوان دو جیهاندا هاتوچۆ دەکەم، یەکێک مردوە و ئەوەی دیکەشیان ناتوانێت لەدایک بێت، هیچ شوێنێک نیە سەر بخەمە سەری تاوەکو پشو بدەم.
8- ئەگەر لە زینداندا بێمە دەرێ و هەمان ئەو دۆخە ببینمەوە کە لەسەری زیندانیکراوم، ئەوا هەمان کار دەکەمەوە لە پێناویدا کە لەسەری دەستگیرکرام.

 

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …