كورته‌یه‌ك له مێژوی ئاینزای شیعه
ئاماده‌كردنی: به‌ختیار ئه‌حمه‌د ساڵح
پێشه‌كی:
ئه‌مڕۆكه ژماره‌ی موسڵمانه‌كانی جیهان ده‌گه‌نە زیاتر له یه‌ك ملیار كه‌س، به‌له‌به‌ر چاوگرتنی زیادبونی دانیشتوان له بیست و پێنج ساڵی داهاتودا ئه‌و ژماره‌یه ده‌گاته نزیك به دو ملیارد كه‌س. له‌نێوان یه‌ك ملیار باوه‌ڕدار به‌و ئاینه‌ی بۆ محەمەد (د.خ) هاته خواره‌وه، نزیكه‌ی (10%) تا (12%)ی په‌یڕه‌وانی ئاینزای شیعه پێكی ده‌هێنن، واته نزیكه‌ی (1400) ملیۆن كه‌س.
بایه‌خدان به شیعه‌گه‌ری نه‌وه‌ك ته‌نها بۆ ئیسلام ناسه‌كان و لێكۆڵه‌ران له مێژوی ئاینه‌كان پێویسته، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ش پێویسته كه بایه‌خ به كاروباری جیۆپۆله‌تیك ئه‌ده‌ن و كارێكه ناتوانن خۆیانی لێ لابده‌ن. شیعه‌گه‌ری له‌سه‌ره‌تای دروستبونییه‌وه ئاینی كه‌مینه و خه‌ڵكه بێ ده‌ره‌تان و په‌راوێزخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا بوه. ئه‌م ئاینه له‌سه‌ر مه‌به‌ست و چاره‌نوسی مێژوی مرۆڤایه‌تی له كۆتایی ژیان و قیامه‌ت دامه‌زراوه، هه‌ر به‌هه‌مان هۆی سهروكاربونی به‌كاره‌كانی جیهان بوه به ئاینێكی شۆڕشخواز و شۆڕشگێڕ. كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دو تایبه‌تمه‌ندییه واته په‌یوه‌ست بونی به كه‌مینه و دیدێكی په‌یامبه‌رانه و له ناواخنا شۆڕشگێڕ وایكردوه گه‌ڕانه‌وه‌ی شیعه‌گه‌ری زه‌مینه سازی ته‌قینه‌وه بێت. شیعه‌گه‌ری ته‌نانه‌ت به‌ر له سه‌ركه‌وتنیشی له ئێران له‌ساڵی (1979)دا، به‌هۆكارێكی كاریگه‌ر داده‌نرا، سه‌ركه‌وتنی رێژه‌ی شیعه‌گه‌ری ئێرانی به‌ر له‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی سروشت بێت بۆ ده‌وڵه‌تێكی كه‌م بایه‌خ، زۆر یارمه‌تی كۆمه‌ڵگا شیعهكانیدا كه له‌و سستییه‌ی خۆیان بێنه ده‌ره‌وه. ئاینزای شیعه هه‌ر له‌یه‌كه‌مین رۆژی پهیدابونییهوه دابه‌شبوه به‌سه‌ر سێ گروپی نایه‌كساندا كه هه‌ریه‌كه‌یان چاره‌نوسێكی جیاوازیان هه‌بوه :
1- زه‌یدیه كه ئه‌مڕۆكه زیاتر له‌ناو یه‌مه‌ندان.
2- شیعه‌ی حه‌وت ئیمامی كه ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر گروپگه‌لی جیاوازدا دابه‌شبون و زیاتر به‌ناوی ئیسماعیلیه‌كان ده‌ناسرێن.
3- شیعه‌ی دوانزه ئیمامی كه له ئێران و لوبنان و عێراقدا هه‌ن. له‌نێو ئه‌م شیعه دوانزه ئیمامییهشدا گروپ گه‌لێكی جیاواز هه‌ن سیمای كۆمه‌ڵایه‌تیان به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیان جیاوازه. به‌م پێیه جیهانی شیعه جیهانێكی یه‌ك پارچه نییه و نابێت نمونه‌ی ئێران توشی هه‌ڵه‌مان بكات.
نه‌خشه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئاینزای شیعه له جیهاندا
دنیای شیعه سه‌رباری ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه ئه‌درێت بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كپارچه‌یی نێوه‌ند گه‌رایی، به‌ڵام هێشتا هه‌ر په‌رش و بڵاون، دوای ساڵانێكی زۆر له مت بون ئێستا ورده ورده بێ‌دار ده‌بنه‌وه. ئه‌م بێدارییه ململانێیه‌كی سه‌د ساڵه‌یه له دژی سوننه‌كان كه هه‌میشه هه‌وڵیان داوه شیعه‌كان سه‌ركوت بكه‌ن. هێزی شیعه‌گه‌ری ته‌نها پشت به په‌یامی ئایینی نابه‌ستێت، به‌ڵكو پشت ده‌به‌ستێت به روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌هێزه‌كان و به وه‌فا بون به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی نادادپه‌روه‌رییان به‌رامبه‌ر ئه‌كرێت. هه‌رچه‌نده به‌درێژایی مێژوی خۆی له ده‌ره‌نجامی په‌یوه‌ندی به‌م یان به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه كه توندڕه‌و بون، له په‌یامی ئاینی و شۆڕشگێڕی خۆی دورنهكهوتۆتهوه. به‌گشتی ئه‌توانرێت بوترێت پڕۆگرامی ئه‌م ئایینه له‌ڕوی دنیاییه‌وه بریتییه له ژیان له چاوه‌ڕوانی ده‌ركه‌وتنی ئیمام زه‌ماندا هاوكات له‌گه‌ڵ ململانێ لەڕێگه‌ی جێگیركردنی دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر روی زه‌مین.
ئاینزای شیعه به‌م پێكهاته فه‌لسه‌فی و ئاینییه‌ی خۆی ده‌توانێت وه‌ك هۆكارێكی بێ وێنه كاربكات بۆ دروستكردنی ناسه‌قامگیری له جیهاندا. لهڕویهكی دیكه‌وه گه‌رچی شیعه‌گه‌ری له ناوچه‌یه‌كی جوگرافیایی بهرفراوانە، به‌ڵام دیاریكراو په‌رش و بڵاو بۆته‌وه، كه‌وتۆته دوای ململانێیه‌ك كه به بۆچونی خۆی جیهانگیره. له‌ڕاستیدا ده‌توانرێت مههدیگهرایی شیعه به‌راوردبكرێت به كۆمۆنیزیم. كه‌مینه‌كانی شیعه ئه‌م جه‌نگه له‌پێناو رزگاركردنی جیهاندا ده‌جه‌نگێت هه‌روه‌ك چۆن له‌بیروبۆچونی ماركسیه‌تدا پڕۆلیتاریا له‌پێناو ته‌واوی مۆرڤایهتیدا ده‌جه‌نگێت .
مێژوی شیعه:
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ موسڵمانه‌كان وه‌ك دواهه‌مین په‌یامبه‌ر و به‌واته‌یه‌كی دیكه (خاته‌م ئه‌لئه‌نبیا)یه. ئه‌مه باسێكه تێكڕای موسڵمانه‌كانی جیهان له‌سه‌ری كۆكن، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر ته‌نها وه‌ك پێغه‌مبه‌ر و نێردراوی ئاسمانی به‌شێوه باوه‌كه‌ی ده‌رنه‌كه‌وتوه، به‌ڵكو له‌ئاستی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و رابه‌ر له لوتكه‌ی كۆمه‌ڵگای نێو موسڵماناندا به‌ده‌ر ئه‌كه‌وێت. هه‌روه‌ك چۆن برنارد لویس له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی پێده‌دات: (محەمەد له ده‌ره‌نجامی هیجره‌ت كردن بۆ مه‌كکه، له شۆڕشگێڕێكهوه بو به‌یه‌ك پیاوی سیاسی، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه ئه‌و بنه‌ماكه‌ی دانابو له‌كاتی كۆچی دواییدا به‌ره‌و ئه‌وه ئه‌ڕۆیشت ببێت به ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره). له‌مڕوه‌وه دوای كۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر، ململانێیه‌كی نوێ سه‌ریهه‌ڵدا سه‌باره‌ت به رابه‌رایه‌تی كردنی میلله‌ت كه ته‌نها جه‌خی ده‌كرده‌وه له‌سه‌ر په‌یامه سیاسی ئاینییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌مه‌و سه‌رباری پله‌وپایه‌ی پێغه‌مبه‌ر كه نه‌ئه‌كرا جێنشینێك له شوێنه‌كه‌ی دابنرێت .
خولهفاكانی سه‌ره‌تا كه دوابه‌دوای پێغه‌مبه‌ر رابه‌رایه‌تیان گرته‌ده‌ست و له راستیدا له‌یه‌ك كاتدا دو رۆڵی پێشه‌وای سیاسی و رابه‌رایه‌تی ئاینیان ده‌بینی. ئه‌م كه‌سانه له‌نێوان یاره‌كانی محەمەد هه‌ڵبژێردران و ناوی (خولهفاری راشدین)یان لێ‌نرا. له‌راستیدا جیاوازی و جیابونه‌وه سیاسییه‌كان لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. به‌كورتی ده‌توانرێت بوترێت تێكڕای شیعه‌كانی جیهان باوه‌ڕیان وایه جێنشینی (خه‌لافه‌ت) له راستیدا ده‌بێت بگات به عه‌لی كوڕی مام و زاوای پێغه‌مبه‌ر (هاوسه‌ری فاتمه‌ی كچی محەمەد). له به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك له موسڵمانان باوه‌ڕیان وابو كه جێنشینی پێغه‌مبه‌ر ئه‌بێت هه‌ڵبژێردرێت. كه‌سانێك كه دواتر وه‌ك دامه‌زرێنه‌ری شیعه ناویان ئه‌هێنرێت و موریده‌كانیان زیادتر له‌گه‌ڵ بۆماوه‌یی بوندا باوه‌ڕیان وابو كه خه‌لیفه ده‌بێت ته‌نها له‌ناو خێزانی پێغه‌مبه‌ردا هه‌ڵبژێردرێت .
عه‌لی له ساڵی (661)ی زاینی كوژرا و دروست دوای (29) ساڵ له كۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر له‌ساڵی (632)ی زایین‌دا. له په‌یوه‌ندی هاوسه‌ری عه‌لی و فاتمه دو كوڕ له دایكبون به ناوه‌كانی حه‌سه‌ن و حسێن. حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه مه‌یلی بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌بو، زه‌هر خواردكرا و كوژرا. برا بچوكترهكهی كه ناوی حسێن بو هیچكات نه‌چوه ژێرباری ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ معاویه‌دا پێكهێنرابو كه به فه‌رمی كرابوه خه‌لیفه‌ی نوێی پێغه‌مبه‌ر و رابه‌ری كۆمه‌ڵگای نوێی موسڵمانان. لەدهرهنجامدا شاری دیمه‌شقی به‌جێهێشت و له مه‌ككه په‌نای گرت. دواتر له‌وێوه چو بۆ میزۆرپۆتامیا و ده‌ره‌نجام له شه‌ڕی كه‌ربه‌لادا كوژرا.
شه‌ڕی كه‌ربه‌لا له خودی خۆیدا خاوه‌نی گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بو، بایه‌خێكی زیادتر پێدراو له‌ڕاستیدا بو به به‌شێكی گرنگ له مێژوی شیعه‌گه‌ریدا. به‌ڵام مه‌رگی حسێن له‌م شه‌ڕه‌دا كه نه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر بو بۆ شیعه‌كان بو به په‌رچه‌مێك بۆ ململانێكردن له‌پێناوی ئیسلامدا. له‌پێناوی راست و چاكه و شه‌هیدبونی جه‌نگاوه‌رێكی ئاینی له‌سه‌ر هه‌ق. هه‌ر به‌مهۆیه‌وه له‌ناو شیعه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌ك دروستبو له‌نێوان شه‌هید بون و راستی و به‌رگه‌گرتنی ره‌نج و به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ریدا. هه‌ر له‌مكاته‌دا ده‌سه‌ڵاتی تازه دروستبوی موسڵمانه‌كان زنجیره‌ی (به‌نی ئومه‌یه) یان دامه‌زراند. له‌ڕاستیدا ئه‌وكاته شیعه‌گه‌ری دوای شه‌هیدكردنی عه‌لی و وه‌رنه‌گرتنی پایه‌ی رابه‌رایه‌تیكردن له‌لایه‌ن حسێنه‌وه و دواتر شه‌هیدكردنی حسێن له كه‌ربه‌لادا واهاته پێشچاو ئیدی له‌ڕوی سیاسییه‌وه به‌ته‌واوه‌تی ئاینزای شیعه سڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام له راستیدا هه‌ر له‌مكاته‌دا كه كاتی سڕینه‌وه‌ی نه‌یاران بو، شیعه‌كان بنه‌ماكانی خۆیان دیاریكرد و بون به په‌ناگایه‌ك بۆ توێژی كه‌سانی سته‌مدیده و ناڕازی له‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ی كه تازه دروست ببو زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌ی جا به‌هه‌ر هۆیه‌ك بو بێت نه‌یان ده‌توانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به‌كان قبوڵ بكه‌ن، یا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری به‌نی ئومهیهیان قبوڵ نه‌بو. له راستیدا بونی ئیمپراتۆریه‌تی عه‌ره‌ب كه به خێرای له حاڵه‌تی گه‌وره‌بوندا بو توێژی به‌رفراوانی كۆمه‌ڵگای له‌خۆی دورخسته‌وه. به‌هه‌رحاڵ، سه‌ركه‌وتنه‌كانی موسڵمانان نابێت ببێته هۆی دروستكردنی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه كۆمه‌ڵگا به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌كاندا بوه. له‌وكاته‌دا ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی وه‌ك مه‌نجه‌ڵێكی هه‌ڵمی لێهاتبو كه تیایدا ململانێی میللی گه‌راو (ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه بێ مانا نه‌بێت) كۆمه‌ڵایه‌تی به قاڵبی بزوتنه‌وه‌ی ره‌تكه‌ره‌وه‌ی جۆراوجۆردا تێكه‌ڵ بهیهكبون، به‌پێچه‌وانه‌ی مێژوی مه‌سیحیه‌ته‌وه یه‌كه‌مین جیابونه‌وه‌كان له نێو كۆمه‌ڵگای موسڵمانه‌كاندا له‌سه‌ر كاروباری سیاسی بو نه‌وه‌ك كاروباری ئاینی و خواناسی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت كاروباره‌كانی چاخی ناوه‌ندی ئیسلامی له گۆشه‌نیگای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنرێت.
له‌م كاته‌دا، ئیسلام جیاوازییه‌ك نابینێت له‌نێوان كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌و چه‌مكه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ ئاییندا. خه‌لیفه‌كان هه‌م رابه‌رایه‌تی سیاسی و هه‌م رابه‌رایه‌تی ئاینی كۆمه‌ڵگاكه‌یان له ئه‌ستۆدا بو. له‌هه‌وڵدان بۆ رونكردنه‌وه‌ی باسه ئاینییه‌كان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گروپه جیاوازانه‌ی په‌یوه‌ست بون به شیعه‌كانه‌وه، زۆرجار سودیان له بیروبۆچونی ئه‌فلاتونییه‌كان وه‌رئه‌گرت بۆ ئه‌و كاره، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش له‌م كاره زیادتر ده‌رخستنی جیاوازیان بو له‌گه‌ڵ سونه‌كاندا. به‌م شێوه‌یه شیعه‌كان به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه و سه‌رپێچی كردنی ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌كانی دیمه‌شق كه ئه‌وكاته له‌وێ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بو و له‌و باوه‌ڕه‌دا بون كه ئیمام واتە جێنشینی پێغه‌مبه‌ر و بۆ ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگا و شیكردنه‌وه‌ی سروشته‌كان ته‌نها ئه‌بێت كه‌سێك بیكات له خانه‌وه‌ده‌ی پێغه‌مبه‌ر بێت.
ئیمامی چواره‌می شیعه‌كان واته كوڕی حسێن كه له كوشتاره‌كه‌ی كه‌ربه‌لا رزگاری بو پاش ماوه‌یه‌ك به‌هۆی ژه‌هراوی كردنه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا. ئه‌و له‌ماوه‌ی ژیانیدا له‌لایه‌ن زڕبراكه‌یه‌وه كه ناوی زه‌ید بو دوچاری دژایه‌تی بۆوه، له‌م كێشمه‌كێش و ململانێیه‌ی ناو خانه‌واده‌دا، زه‌ید توانی پشتیوانی شیعه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و (زه‌یدیه) دابمه‌زرێنێت. كه‌سانی ئه‌م گروپه له‌و باوه‌ڕه‌دابون كه جێنشینی پێغه‌مبه‌ر له‌نێوان پێنج ئیمامدا كۆبۆته‌وه و هه‌ر له‌نێوان ئه‌و پێنج كه‌سه‌شدا دوایی دێت. له‌ڕاستیدا دروست بون و په‌یدابونی شیعه‌ی زه‌یدییه كه به‌یه‌كه‌مین جیابونه‌وه‌ی ئاینزای شیعه داده‌نرێت له نزیكه‌ی ساڵی (760)ی زاینی‌دا رویدا.
زه‌یدیه‌كان له سه‌ده‌ی نۆهه‌می زاینی دا ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر به‌شی باكوری ئێران واته ته‌به‌رستان دا هه‌بو كه ئێستا پێی ده‌ڵێن مازنده‌ران، ئه‌مڕۆ كه ته‌نها له ناوچه شاخاوییه‌كانی یه‌مه‌ن درێژه به ژیانی خۆی ده‌دات. له‌م نێوه‌نده‌دا به‌شه‌كه‌ی تری شیعه‌كان ته‌نها بنه‌ماڵه‌ی (عه‌لی) یان به ئیمام قبوڵه واته ئه‌و ئیمامه‌ی كه كوڕی عه‌لی بون و پێنجهمینان ئیمام باقر بو .
ئیمامی شه‌شه‌م یاخود ئیمام (جه‌عفه‌ری سادق)یش ژه‌هرخوارد كرا‌و مرد. ئه‌و بنه‌ماكانی ئاینزای شیعه‌ی نوسییه‌وه. رۆڵی ئه‌و زۆر گرنگ بو، به مردنه‌كه‌شی جیاوازییه‌كی زۆر دروست بو له‌سه‌ر جێنشینی و بون به ئیمام. جه‌عفه‌ری سادق كاتێك له ژیاندا بوه كوڕه‌كه‌ی خۆی واته (ئیسماعیل) كرده جێنشینی خۆی، به‌ڵام گروپێك له شیعه‌كان هه‌ستان به پشتیوانیكردنی موسای برای و ئیمامه‌تی ئه‌ویان به دروست نه‌زانی. ئه‌و گروپه‌ی شیعه‌كان كه ئیسماعیلیان وه‌ك ئیمام هه‌ڵبژارد له‌ڕاستیدا بونه هۆكار بۆ جیابونه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ناو ئاینزای شیعه‌دا و باڵه‌كه‌یان به ئیسماعیلیه یا حه‌وت ئیمامی ئه‌ناسرێته‌وه. له گروپی حه‌وت ئیمامیش دواتر گروپی جیاوازتر دروست ده‌بێت. لێك جیابونه‌وه و دروستبونی گروپی ئیسماعیلیه له ساڵی (755)دا بو. به به‌راوردكردنی ئه‌م گروپه به گروپی زه‌یدیه، ده‌توانرێت بوترێت جیابونه‌وه‌ی ئیسماعیلییه‌كان گه‌وره‌ترین و له‌هه‌مانكاتدا گرنگترین لێك جیابونه‌وه بوه له مێژوی شیعه‌دا. باڵی ئیسماعیلییه‌كان له‌سه‌رەتای بونیاندا توانایه‌كی زۆریان هه‌بو له‌ناڕه‌زایه‌تییه سیاسییه‌كاندا كه جۆش و خرۆشێكی زۆری دروستكرد له كاروباری ئاینی و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، به‌شێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی شیعه زنجیره‌یه‌كی دیكه به فه‌رمی ده‌ناسن كه دواهه‌مینیان ئیمامی دوانزه‌هه‌مه واته (محەمەد ئه‌لمه‌هدی) كه ئیمام زهمانیشی پێ ده‌ڵێن.
هه‌مو ئیمامه‌كان چاره‌نوسێكی توندوتیژیان هه‌بوه، به‌گشتی ئه‌توانرێت بوترێت تێكڕایان یا ژه‌هرخوارد كراون یا كوژراون. به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئیمامی مه‌هدی شیعه‌كانی جیهان پێیان وایه ئیمامی زه‌مان دیار نه‌ماوه. له‌ڕاستیدا باوه‌ڕهێنان به‌م دیارنه‌مانه بنه‌ماو پایه‌ی شیعه‌ی دوانزه ئیمامییه. هه‌روه‌ك چۆن كه دیارنه‌مانی ئیسماعیل، دروستبونی باڵی ئیسماعیلییه‌كانی لێ كه‌وته‌وه، (مه‌هدی)ش به‌مه‌به‌ستی رابه‌رایه‌تی كردن، زه‌وی و خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت و به‌م كاره‌ش هۆكار بو بۆ دروست بون و ده‌ركه‌وتنی شیعه‌ی دوانزه ئیمامی .
د‌رك پێكردنی ئه‌م چه‌مكه كه‌مێك گران دێته پێش چاو، چونكه دیارنه‌مان و له‌به‌رچاو ونبون چه‌مكێكی هاوشێوه‌ی رۆیشتنی عیسا مه‌سیح نییه بۆ ئاسمان، به‌ڵكو ئه‌م دیارنه‌مانه به‌پێی خواستی خواوه‌ند رویداوه و تا توانای رابه‌رایه‌تی كردنی جیهان له نادیاردا بدرێت به مه‌هدی. له راستیدا چه‌مكی دیارنه‌مانی ئیمام په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پڕ بایه‌خی هه‌یه به شیعه‌گه‌رییه‌وه و تایبه‌تمه‌ندی كۆتایی ئه‌م جیهانه رون ئه‌كاته‌وه، ئاینزای شیعه له چاوه‌ڕوانی كۆتایی جیهان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمامی رۆیشت‌و كات به‌سه‌ر ئه‌بات. به‌مانایه‌كی دیكه به‌دوباره ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی ئیمامی زه‌مان مێژو به چاره‌نوسی خۆی ده‌گات و توانای خواوه‌ند به‌سه‌ر چاره‌نوسی مرۆڤایه‌تیدا زاڵ ده‌بێت.
له‌كه‌نار باوه‌ڕهێنان به دیارنه‌مان و چاوه‌ڕوانی ده‌ركه‌وتنی ئیمامدا، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی ئاینزای شیعه ئه‌و بایه‌خه‌یه كه ده‌یدات به دوباره خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه ئاینییه‌كان. له دیدی شیعه‌كانه‌وه وتاره ئاینییه‌كان پێكدێن له‌یه‌ك مانای ئاشكرا و یه‌ك مانای نهێنی و له‌سه‌ر موسڵمانه‌كانه كه له‌و مانا پیرۆز و راسته‌قینه‌یه تێ بگه‌ن. ئه‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه بوه هۆی به‌هێزكردنی (مه‌عنه‌ویت) و كه‌سانی ئه‌هلی نهێنی و بۆته مایه‌ی رونكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه دیاره‌كانی بۆچونی باڵه جیاوازه‌كانی ئاینزای شیعه‌گه‌ری.
له دیدی سیاسیییه‌وه جیابونه‌وه له‌نێو شیعه‌ی ئیسماعیلی و شیعه‌ی دوانزه ئیمامی هۆكار بو بۆ دروستبونی مه‌ترسی له‌سه‌ر جێنشینی سونه‌كانی جێگیر له به‌غدا. له‌ڕاستیدا په‌یڕه‌وانی ئیسماعیلییه‌كان كه ئیمامێكی حه‌وته‌می دیكه‌یان هه‌ڵبژاردبو له‌دیدی سیاسییه‌وه به توندڕه‌و ده‌ناسرانه‌وه. له‌كاتێكدا شیعه دوانزه ئیمامییهكان به میانڕه‌و ده‌ناسرانه‌وه له په‌یوه‌ندییاندا له‌گه‌ڵ سوننه‌كان.
دوابه‌دوای ئه‌و كێشمه كێشه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ راسته و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی له بیروبۆچونه ئاینییه‌كاندا هه‌بو، كه‌مینه شیعه‌كان به‌رجه‌سته‌كه‌ری ته‌واوی ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عه‌ره‌به‌كان بون.
له‌م قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌ی مێژوی موسڵمانه‌كان، شیعه‌كان به‌هۆی ئه‌و دیده تراژیدییه ره‌خنه ئامێزه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بو، هه‌لومه‌رجێكی له‌باریان هێنایه ئاراوه له‌سه‌رتاسه‌ری ئیمپراتۆریه‌تی عه‌ره‌به‌كاندا به‌تایبه‌ت له به‌شه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و تا نزیك ده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بو.
له سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌می زاینی‌دا، گۆڕانێك له‌نێو كۆمه‌ڵگای شیعه‌كان دێته ئاراوه. واته بۆ یه‌كه‌مین جار شیعه‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست و بۆماوه‌ی یه‌ك سه‌ده زنجیره یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی شیعه له‌ناوچه جیاجیاكانی جیهاندا سونه‌كان ده‌خه‌نه حاڵه‌تێكی به‌رگرییه‌وه. فاتمییه‌كان كه شیعه‌ی ئیسماعیلین ده‌سه‌ڵات له میسر ئه‌گرنه ده‌ست، له كاتێكدا كه (ئال بویه) كه شیعه‌ی دوانزه ئیمامین له به‌شه‌كانی باشور و كه‌ناره‌كانی عێراق جێگیر ده‌بن. به‌هه‌مان شێوه قڕمتییهكان كه ئه‌وانیش هه‌ر ئیسماعیلین، له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی به‌حره‌ینه‌وه ته‌واوی ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسیان خسته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه. ئه‌م زنجیرانه كه كۆنتڕۆڵی جیهانی عه‌ره‌بیان كردبو، ئه‌و ئیسلامه‌یان بڵاو كرده‌وه كه خۆیان ده‌یانویست، به‌ڵام خۆیان ده‌پاراست له‌وه‌ی به زۆر بۆچونه‌كانیان به‌سه‌ر گه‌لانی دیكه‌دا بسه‌پێنن.
هه‌رچه‌نده سوننه‌كان دره‌نگ وه‌ڵامیان دایه‌وه، به‌ڵام ده‌ره‌نجام به توندوتیژی و سه‌ركوتكردنی ته‌واوی زنجیره یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان شیعه‌یان به‌ره‌و له‌ناوبردن برد، له‌ڕاستی له‌م قۆناغه به‌دواوه سێهه‌مین قۆناغی گرنگی شیعه‌كان ده‌ست پێ ئه‌كات: واته مانه‌وه له‌ژێر سایه‌ی سه‌ركوتكردن و په‌راوێزخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌مكاته به‌دواوه شیعه‌گه‌ری چوه قاڵبهكۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی پێشوتر، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان بوه خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاواز له‌جاران كه بریتی بو له دابه‌شبونی جوگرافیایی شیعه‌كان.
به هه‌ڵاتن لەو زۆر و سته‌مه‌ی سوننه‌كان، شیعه‌كان په‌نایان برده ناوچه شاخاوییه‌كان و بونی شاخه‌كانی ده‌روز و عه‌له‌وی و زیدیه و چه‌ندی تر به‌ڵگه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن. ورده ورده‌و له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ی دواتر زۆربه‌ی زۆری شیعه‌كان له شوێنه جیاجیاكاندا په‌رژینیان به‌ده‌وری خۆیاندا كێشا‌و خۆیان به‌دورگرت له‌و ناوچانه‌ی سوننه‌كان تیایدا باڵاده‌ست بون. ئه‌گه‌ر چاوێك به رۆڵی جیهانی ئیسلامدا بخشێنین زیاتر هه‌ست به‌م ناوچه‌گه‌رێتی و په‌رژین كێشانه جوگرافییه ئه‌كه‌ین. ئه‌ڵبه‌ته جگه له ئێران سه‌رجه‌م شیعه‌كان له ناوچه دور و شاخاوییه‌كان نیشته‌جێبون، ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌یانتوانی به‌دور له هه‌ڕه‌شه‌كانی جێگیر له ده‌شته‌كاندا درێژه به ژیانی خۆیانن بده‌ن له‌گه‌ڵ بیروبۆچون و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆیاندا.
كاتێك توركه‌كان ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر دنیای ئیسلامدا و ئه‌یهێننه ژێر ركێفی خۆیانه‌وه، خۆیان وه‌ك قاره‌مانی سونه‌كان نیشان ده‌ده‌ن و ره‌شبینی و بێزاری شیعه‌كان ئه‌گه‌یه‌ننه ئه‌وپه‌ڕی .
ته‌نها گۆڕانی گرنگ له دنیای شیعه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی نوێ قبوڵكردنی شیعه‌ی دوانزه ئیمامی بو له‌لایه‌ن زنجیرەی سه‌فه‌وییه‌كانه‌وه وه‌ك ئاینی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌می زاینی‌دا. تا پێش ئه‌م سه‌رده‌مه پهیڕهولێكهرانی ئاینزای شیعه و سونی له ئێران‌دا بونیان هه‌بو. له‌راستیدا په‌یڕه‌و لێكردنی زنجیره‌ی سه‌فه‌وییه‌كان له ئاینزای شیعه ده‌ره‌نجامی سه‌ختی به‌دوای خۆیدا هێنا. ئێران ورده ورده له‌مه‌ودوا بو به به‌شێكی دانه‌بڕوا له شیعه‌گه‌ری. تاسه‌ده‌ی بیسته‌م جگه له‌ئێران كه له چوارچێوه‌ی سنوری خۆیدا دوچاری ململانێ و به‌ده‌ستهێنان و له‌ده‌ستدانی زه‌وی جۆراوجۆر بو سونه‌كان له تێكڕای به‌ره‌كاندا سه‌ركه‌وتو بون و په‌یڕه‌و لێكهرانی ئاینزای شیعه‌یان تا ئاستی به ئه‌هریمه‌ن كردنیان له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هێنایه خواره‌وه و له‌چوارچێوه‌یه‌كی جوگرافیاییدا قه‌تیسیان كردن. تایبه‌تمه‌ندی مێژوی هه‌زار ساڵه‌ی ئیسلام له دیدی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه هه‌میشه له مه‌یلێكی به‌رده‌وامی سونه‌كان بۆ دورخستنه‌وه‌ی شیعه‌كاندا كورت ببۆوه. جگه له‌یه‌ك حاڵه‌ت ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنی شیعه‌گه‌ری بو له ئێران له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نوێ‌دا .
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه، دابه‌شبون و لێك جیابونهوهیانه له‌ناو خودی ئاینزای شیعه‌دا. هه‌رچه‌نده دابه‌شبون له‌ناو ئاینزای شیعه‌ی دوانزه ئیمامی زۆر پڕ بایه‌خ نییه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌بێت جیكاری بكرێت له‌نێوان گروپێك له په‌یڕه‌وانی ئه‌م باڵه كه خاوه‌ن پیاوانێكی ئاینی رێكخراو و پێكهاته‌یه‌كی هاوئاهه‌نگه وه‌ك ئێران، ئازه‌ربایجان و عێراق و گروپێكی دیكه‌ی شیعه‌ی دوانزه ئیمامی كه پیاوانی ئاینی كه‌متر هه‌ژمونیان هه‌یه به‌سه‌ر تێكڕای لایه‌نه‌كانی ژیانیان.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئیسماعیلییه‌كان، ئه‌وا ئه‌بێت بوترێت كه دوای شكستی جێنشینه فاتمییه‌كان له سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌مدا، ئه‌م باڵه‌ش به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی دیكه‌دا دابه‌ش ده‌بێت. له ساڵی (1021) دا كه‌سێك به‌ناوی (ئه‌لحه‌كیم) خۆی وه‌ك (مه‌هدی نادیار) و ئیمام زه‌مان ده‌ناسێنێت و باڵێكی دیكه له‌ژێر ناوی (ده‌روز) له دایك ده‌بێت (كه‌له به‌شێكی جیاوازدا باسی لێوه ده‌كه‌ین). دواتر ململانێ له‌نێوان په‌یڕه‌وانی ئیسماعیلییه‌كان له‌سه‌ر جێنشینی (ئهلموستهنیر) دو ناوی نه‌یاری دژ به‌یه‌ك به‌ناوه‌كانی (مستعلی) و (نزار) له به‌رامبه‌ر یه‌كدا داده‌نێت. له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌م جیاوازی و ململانێیه له نێوان ئه‌م دو كه‌سه‌دا جارێكی دیكه باڵی ئیسماعیلییه‌كان دابه‌ش ده‌بێت :
گروپی كه‌مینه یاخود (موسته‌علی)یه‌كان كه ئه‌مڕۆكه پاشماوه كه‌مه‌كانیان له یه‌مه‌ن و هند هه‌ن و گروپی زۆرینه‌ش بریتین له په‌یڕه‌وانی (نزار)یه‌كان.
له‌هه‌مان گروپی (نزار) دواتر گروپی ترسناكی (حه‌شاشه‌كان) دروست ده‌بێت كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كاری یاخیگه‌ری و تاوانیان ئه‌نجامداوه له دژی خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی و ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان هێناوه‌ته له‌رزه .
دوای گۆڕانه جۆراوجۆره‌كان، گروپیی ئیسماعیلییه‌كان ده‌ستبه‌رداری ره‌وشی تیرۆریستی بون و له‌ناو شاخ و بیابانه‌كانی ئاسیای ناوه‌ندا په‌نایان گرت. ئه‌مڕۆكه ژماره‌ی په‌یڕه‌وانی ئه‌م گروپه به (15) ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت كه كه‌سێك به ناوی (ئاغا خان) رابه‌رایه‌تیان ده‌كات .
به‌م شێوه‌یه ئه‌بینین جیهانی شیعه كه زیاتر له هه‌زار ساڵ به‌سه‌ر دروست بونی دا تێده‌په‌ڕێت، وه‌ك گهردونێكه كه تیایدا په‌یوه‌ست بون و په‌یوه‌ندی نێوان گروپ و باڵه جیاوازه‌كان سه‌رچاوه وه‌رده‌گرن له‌یه‌ك ره‌گ و ریشه‌ی بنچینه‌یی و هه‌مه‌ڕه‌نگ.
په‌راوێزخستنی سیاسی له – جگه له ئێران – دیدی دراماتیكی مێژویی كه له سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ئه‌م ئاینه‌ی كردۆته (جیهانی چوار)همێك كه به‌هۆی ملنه‌دانی به ده‌سه‌ڵاتی سونه‌كان، بۆته ئاینێكی بێزلێكراو به‌هۆی به‌رده‌وام بونی له‌سه‌ر به‌رپه‌رچدانه‌وه ده‌ركراوه و دواجار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گومانلێكراوه به یاخیگه‌ری.
سه‌رباری په‌ره‌سه‌ندنی مێژوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه مه‌یلێك بۆ توانای بۆماوه‌یی شیعه‌گه‌ری هه‌یه، هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی نمونه‌ی باڵا له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ لێوانلێوه له توانایه‌كی زۆر بۆ ته‌قینه‌وه. سه‌ده‌ی بیسته‌م گۆڕانێكی زۆری له چه‌ند پارچه‌یی مێژوی شیعه‌كان دروست نه‌كردوه. به‌م حاڵه‌وه داگیركردن و داگیركاری و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆرجار به‌كۆمه‌كی –پاره‌ی نه‌وت- هۆكار بون بۆ په‌راوێزخستنی كۆمه‌ڵگه‌ی شیعه‌كان: هاتنه ده‌ره‌وه له په‌راوێزی جوگرافیایی له ده‌ره‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی شارنشینی به نۆبه‌ی خۆی ده‌ره‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی ئابورییه، هه‌روه‌ها هاتنه ده‌ره‌وه له په‌راوێزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یوه‌ندیداره به دروستبونی توێژێك له‌ده‌سته بژێره نوێكان كه دێن به هانای ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌هه‌مو شتێك بێبهشكرابون .
سه‌رچاوه: ژئوپلتیك شیعه
نوسینی: فرانسوا توال