مێژووی سلێمانی لە شیعری شاعیراندا
سالم بە نموونە
د.ئاراس محهمهد سالح
لەدوای گەیشتنی چامەکەی نالی بە دەستی سالم، ئەویش بە چامەیەکی زۆر بەرزو ناوازە وەڵامی دەداتەوە، چامەکەی نالی باس لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە دەکات، بەڵام چامەکەی سالم باس لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەی شاری سلێمانی و بارودۆخی کوردستان دەکات بەگشتی، باس لەو بارودۆخە نوێیە دەکات لەدوای ڕوخانی میرایەتی بابانەوە هاتووەتە گۆڕێ، لەدوای لەناوبردنی میرایەتی بابان بارێکی نائارام و جۆرێک لە پاشاگەردانی ڕووی لە سلێمانی کردووە، تەنانەت دۆخەکە ئەوەندە نالەبار بووە شاعیر داوا لە نالی دەکات نەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بۆ ئەوەی وەک ئەو تووشی ناخۆشی نەبێت، دەکرێت ئەم چامە بەرزەی سالم بە ڕاپۆرتە شیعر ناوببرێت، چونکە زۆر زانیاری ورد و مەیدانی مێژووی ئەو ڕۆژگارەی لەبارەی سلێمانیەوە تۆمار کردووە بۆ ئەوەی هەواڵی تەواوی خۆی وتەنی (وەزعی ویلایەت) بۆ نالی ڕون بکاتەوە.
جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕ خەتەر
ئەی میروەحەی جەماڵی مەهاسای دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر
سالم بەهەمان شێوەی نالی (با) دەکاتەوە بە نامەبەر و ستایشێکی زۆر بەرزی دەکات، ستایشێک مەگەر تەنها لە توانای شاعیرانی گەورەی وەک (سالم)دا بێت، بادی خۆش مرورەکەی نالی دەکاتە بای بەری بەیان (سەحەر) و پەیکێک کە ترسی لە هیچ ڕێگایەکی مەترسیدار نیە، بایەک باوەشێنی ڕووی مانگ ئاسای نازداران دەکات و قژی خاویان شانە دەکات.
جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا
فەڕڕاشی فەڕشی سەبزە، بەهاران، لە دەشت و دەر
ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی سوبحدەم
هەم زوڵفی قیرگوونە و هەم چیهرەیی قەمەر
سالم بەردەوام دەبێت لە باسی بای سەحەر و بە گسکدەری ماڵی تەنهایی وەسفی دەکات، هەروەها بە ڕاخەری سەوزەگیای بەهاران و شنانەوەی گوڵان ناوی دەبات، بای بەری بەیان زۆر سروەكەی ناسکەو بەیانیان قژی ڕەشی یار شەن دەکات و زۆر بە هێمی ڕووی مانگ ئاسای جوانان ماچ دەکات، ئەو هەلە تەنها بۆ بای سەحەر دەستەبەرە.
باری لە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی، گەز
کردوویە جونبوشت بە هەماغووشی نەیشەکەر
وەختی تەوافی عاریزی دڵبەر، شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە توڕڕە لە سەر تا بە پێی کەمەر.
هەر بەهۆی سروەی باوە هەنگوینی گەزۆ لەسەر گەلای دار دەبارێت، هەر بەهۆی جوڵەی باوە کاتێک لەسەر ڕووی یار تەواوف دەکات، قژی ڕەشی یار بەسەر جەستەیدا دەشنێتەوە.
کەی دێتە خەندە غونچە دەمێ بێ وەزیدەنت؟
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ سەمەر
ئەحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا کشا لە تەربیەتت قامەتی شەجەر
ئابی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر
ئەی با ئەگەر تۆ نەبی خونچە دەم ناکاتەوەو دارەکانیش بەرناگرن، هەرتۆی ئەی با ژیان بەهەموو درەختێک دەبەخشی، هەر بەهۆی تۆوەیە دارەکان باڵایان کردووەو وەك گوڵی ڕەعنا کشاون، ئاوی ژیانە هەناسەی تۆ، بەهۆی جوڵەی تۆوەیە ئاگر لە تەنور دێتە دەرەوە، مەبەست لە تەنور دەرونی خۆیەتی و ئاگر هەناسەی گەرمیەتی هەڵیدەکێشێ بەهۆی ناخۆشیەکانەوە.
میحنەت ئەوەندە زۆرە، هێندە دڵم تەنگ بووە
دوودی هەناسەیی سەحەرم هەوری گرتە بەر
لەپاش ئەو هەموو ستایشە جوانەی بۆ (با) دێتە سەرباسی رەوشی سلیمانی، سەرەتا ئاماژە بەوە دەکات کێشەو ناخۆشی ئەوەندە زۆر بووەو لە حاڵەتێکی دەرونی ئەوەندە نالەباردام دوکەڵی هەناسەم بەری هەوری ئاسمانی گرتووە، واتە سەرەتای هەواڵەکانی سالم بە هەواڵی ناخۆش دەست پێدەکات و هێما بۆ نالەباری بارودۆخی ئەوکاتەی سلێمانی دەکات.
هیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەتڵەبم
لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر
بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی نالییە
هەر حەرفی ئەو لە وەزعی ویلایەت دەدا خەبەر.
داوا دەکات لە با كە زۆر چالاکانە داواکەی جێبەجێ بکات و بڕوات بۆ شام و نامەو هەواڵی شار بەرێت بۆ نالی، چونکە نامەکەی بۆ شامەو بۆ لای نالیە، شاعیر دەڵێت هەر پیتێکی نامەکەم باس لە بارودۆخی ویلایەتی سلێمانی دەکات، سالم هەموو پیتەکانی بە مەبەست داناوەو واتاو هێماو ئاماژەی زۆریان تێدایە.
پرسیویە زاهیرەن لە ڕەفیقانی یەک جیهەت
ئەحواڵی ئەسڵی شەهر و موقیمانی سەربەسەر
سالم دەست دەکات بە وەڵامدانەوەی نالی و ئەڵێت: پرسیارت کردووە لە هاوڕێیان، هەروەها هەواڵی شار و دانیشتوانەکەی بەشێوەیەکی گشتی، نالی داوای لە سالم کردووە هەواڵی شار و خەڵکەکەی و ڕەوشی وڵاتی بە گشتی بۆ بنێرێ، سالم لەم دێڕە بەدواوە دێتە سەرباسی شارو دانیشتوانەکەی (وەزعی ویلایەت)و ئەڵێت:
لەوساوە حاکمی بە ستەم دەربەدەر کرا
نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر
تا بوو بە جایی مەتلەعی خورشیدی موڵکی ڕۆم
سووتا گیاهی تیشنە و خوشکیدە بوو شەجەر
لێرەدا شاعیر جەخت لەوە دەکاتەوە حاکمی بابان بە ستەم دەرکراوەو میرایەتیەکەی داگیرکراوە، هەرچەندە میرایەتی بابان سەر بە دەوڵەتی عوسمانی بووەو نیمچە سەربەخۆ بووە، بەڵام لای سالم و خەڵکی ئەوکاتە وەک سەربەخۆ و دەسەڵاتی خۆماڵی سەیر کراوە، نەمانی ئەو دەسەڵاتەشیان وەک کارەساتێکی گەورە سەیرکردووە، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی عوسمانیان وەک داگیرکەرێکی ستەمکار سەیر کردووە، تەنانەت کۆی گشتی خەڵکی لەبارێکی دەروونی سەختدا بوون، بۆیە سالم ئەڵێت کەس دڵی خۆش نیەو شادی و ئاسودەیی لە ڕووی کەسدا نابینی، ئەم هەڵوێستەی سالم و باری دەروونی کۆی گشتی خەڵکی بۆ لەدەستدانی میرایەتی بابان و هاتنی دەسەڵاتی تورک هێمای گەشەکردنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەییە لای کۆمەڵی ئەوکاتەی کوردستان.
شاعیر لە هەموو دیوانەکەیدا عوسمانیەکان بە (ڕۆم)ی داگیرکەر ناودەبات، هەروەها ئەڵێت: لەوکاتەوە سلێمانی بووەتە جێگەی دەسەڵاتی تورک، تەنانەت ژینگەی سلێمانی تێکچووەو گژوگیاو سەوزایەکانی لە بێ ئاویدا سوتان و درختەکانی وشک بوون، تورکەکان وەک دەسەڵاتێکی سەربازی لە سلێمانیدا حوکمڕانیان کردووەو هیچ خزمەتگوزاری و کارێکی تریان نەکردووەو بۆیە باخچەو کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هەموو شوێنە خزمەتگوزاریەکانی تر پشتگوێخراوە، هەربۆیە شاعیر ئاماژەی بە وشكبوونی دارودرختەکان دەکات.
ناکەن هەوایی هیچ کەبابێ زەلیلی شەهر
بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر
جوز گاهی ئاهـ و گریە لە ئەییامی ڕۆمییا
نەمدیوە وا ببێ لە فەرەحدا لەبی بەشەر.
شاعیر خەڵکی شار بە (زەلیل) ناو دەبات، خەڵکە لە دۆخی هێندە خراپە کەس حەز بە بۆنی کەباب ناکەن، چونکە جگەریان سوتاوەو هەموو کات بۆنی کەبابی سوتاو دەکەن بەهۆی ئەو بارودۆخە دەروونیە بەسەر خەڵکیدا هاتووە، لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی (ڕۆم)دا کەسم نەدیوە پێ بکەنێ، مەگەر بۆ گریان لێویان بکەنەوە، سالم زۆر هونەرمەندانە وێنەی ئەو ڕۆژگارەی گرتوەو زومی کامێراکەی زۆر زیرەکانە جوڵاندووەو وێنەیەکی ڕوونی بۆ نالی ناردووە، لە هەمان کاتدا بۆ نەوەکانی دوای خۆیشی مێژوویەکی ڕاستگۆیانەی تۆمار کردووە.
سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
هەر قەبری پڕ غەمانە لە هەر لا دەکەم نەزەر
جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری خانەقا
غافڵ هەموو لە جایی موریدانی باخەبەر
سالم وەڵامی نالی دەداتەوە کە پرسیاری (سەیوان)ی لێکردبوو، نالی دەڵێت سەیوان وەک خۆی سەوزو جێگەی سەیرانە، سالم دەڵێت: ئێستا سەیوان سەوزایی نەماوەو هەموو بووەتە گۆڕی ئەو کەسانەی بەداخی ڕۆژگارەوە کۆچی دواییان کرد، هەروەها مزگەوتی خانەقاش بووەتە بارەگای جەندرمەکانی تورک، ئەو جەندرمانە بێ ئاگان لە خواناسی و هەستی پاک و عیرفانی موریدانی خواناسی مزگەوت و خانەقا.
ئەو شوێنانەی لای هەردوو شاعیر (نالی و سالم) سەنتەرن (سەیوان و کانی ئاسکان و خانەقای مەولانایە)، ئەوەی تێبینی ئەکرێت هیچ کام لەم دوو شاعیرە گەورەیە ئاماژە بە مزگەوتی گەورە ناکەن کە ناوەندێکی گەورەی خواناسی و خوێندەواری بووە!، گردی سەیوان سەیرانگای میرو کۆی گشتی خەڵکی شار بووە، ڕۆژانی سێ شەممەو هەینی لەبەردەم گردی سەیواندا فەقێکانی شار کەوشەک و سێ بازیان کردووەو هەموو خەڵکی شار بینەری ئەو نمایشە بوون، بێگومان نالی و سالمیش ڕۆژگارێک فەقێ بوون و بەشداری ئەو نمایشە بوون، کانی ئاسکان و سەیرانگا و کانی ئاو دەشتاییەکی زۆر جوان بووەو شوێنی ئەسپ سواری هەڵپەڕینی دەستەی کیژانی شار بووە، هەروەها خانەقا شوێنی یادگاری مەولانا خالیدی مامۆستا و ڕابەری عیرفانی و ڕۆحی سەدان گەورە عارفی وەک نالی و سالم و مەولەوی بووە، هەموو ئەو تایبەتمەندیانە ئەو شوێنانەیان لای ئەم شاعیرە هەست ناسکانە کردووەتە سەنتەر.
ئەو حەوزە پڕ دەبوو کە وەکوو چاوەکانی ئەو
تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕ کەدەر.
حەوزی خانەقا کە پێشتر پڕ لە ئاو وەک چاوەکانی نالی، بەڵام ئێستا ئاوەکەی گۆڕاوەو لێڵ بووە وەک دڵی کەسانی غەمبار و دڵشکاو، هەوەکو چۆن پیاوە ژیرەکانی شار بەهۆی ئەو بارە سیاسی و سەربازیە نوێیەوە دڵ تەنگ و غەمبارو بێ جەوهەرن، بەهەمان شێوەیش ئاوی کارێزو حەوزەکەی خانەقا لێڵ و کەم و بێ جوڵەیە.
ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو
یەکسەر مەقامی ڕۆمییە هەروەک تەهی سەقەر.
نالی پرسیاری دەشتی فەقێکانی کرد، بەڵام سالم دەڵێت دەشتی یارانی حوجرە، بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتووی خۆی لە ئەدەبدا پیشان بدات و هونەرێکی ئەدەبی جوان بۆ خوێنەر پێشکەش بکات، دەشتی یارانی حوجرە کە پێشتر جێگەی یاری فەقێکان بووە، مەخابن ئێستا بوەتە سەربازگەی رۆمەکان، وەک دەشتی دۆزەخ وایە بەهۆی ئەو دۆخە سەربازیەوە.
سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار
لێڵاوە چەشمەساری وەکوو چاوی بێ بەسەر.
بەهۆی بێ ئاوی و وێرانبوونی جۆگەی ئاوی سەرچناوە دڵم تەواو سوتاوە، چونکە ئاوەکەی لێڵ و کەمەو کشتوکاڵی لەبەردا نەکراوە، کەمبوونەوەو لێڵ بوونی ئاوەکان ڕەنگە بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵیەوە بووبێت، چونکە لە ساڵانی (1871و1872)دا وشکە ساڵی و بێ بارانی رووی کردووەتە کوردستان و بارێکی زۆر سەختی دروستکردووە.
زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی شێخ هەباس
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخسیش دەخا زەرەر
وەک پیری خوردساڵە خەمی داری پیرمەسوور
مەشغووڵی لەغزشە هەمەجا پای تا بەسەر
ئەو بەردەکانی ناوی نرا قسنی شەخسەکەی
دایان بە شاخ و دارەکەیا تورکی بێ هونەر.
سەردانی گۆڕستان و بە پیرۆز دانانی و هەڵواسینی پەڕۆ بە دارەکانیدا بەتایبەتی پەڕۆی سەوز بەشێک بووەو لە کەلتوری کوردەواری و ڕەنگە هەتا ئێستایش شوێنەواری مابێت، سالم ئاماژە بەوە دەکات زستانی یەکەمی هاتنی ڕۆمەکان پیرۆزی ئەو گۆڕستانەیان شکاند، چونکە ئەوان ئەوەندە خراپن حساب بۆ پیرۆزی ئەو شوێنە ناکەن، داری گۆڕستانەکان لای کورد پیرۆز بوون نەیابڕیون، بەڵام سەربازانی ڕۆم داری شێخ عەباس و پیرمەسور کە پیر بووەو چووەتە ساڵەوە، بەڵام ڕۆمەکان بە بەردی دیواری گۆڕستانەکان دارەکەیان ورد کردووەو سوتاندویانە، ئەوەیش گەورەترین بێ ڕێزی ئەو هێزە سەربازیە بێگانە بووە بەو شارەو پیرۆزیەکانی.
وەک چاوی بێ غەمانە هەموو شیوی ئاودار
بەس موشکلە لە چەشمەیی ئەو قەترە بێتە دەر.
شیوی ئاودار کە نالی پرسیار کردبوو لەکاتی ئەودا ئاوی زۆر بووە، بەڵام سالم ئەڵێت لە کاتی ئێستادا وەک چاوی بێ غەمان وشکەو زۆر بە زەحمەت قەترەیەکی لێ دێتەخوار، ئەم وێنا جوانەی سالم کە سەرچاوە وشکەکەی شیوی ئاوداری پێ وێنا دەکات وۆر لە ئاستێکی باڵادایە.
ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان
ئێستە لە دەنگ و ڕەنگی ئەڕۆمی پڕە لە کەر.
بە سەنتەر بوونی شوێنیکی وەک (کانی ئاسکان) لای هەر یەکە لە نالی و سالم و شێخ ڕەزا هێمای گرنگی و بایەخی ئەو شوێنە بووە لەو ڕۆژگارەدا، بێگومان کانی و ئاو دەشتی کانی ئاسکان کە لە کاتی خۆیدا ئاسکی زۆر بووەو لەکاتی دروسبوونی سلێمانیدا بووەتە جێگەی سەیرانی نازدارانی شارو شوێنی شۆڕەسواری کوڕانی شار، ئەو دیمەنانە وێنایەک لە زیهمی خوێنەردا دروست دەکات زیاتر لە دیمەنی بەهەشت دەچێت، وێنەی ئەو ئەو شادیانە خۆشیەک بە مرۆڤ دەبەخشێت هەرگیز لە بیرەوەریدا ناسڕێتەوە، لەگەڵ هەموو یادکردنەوەیەکدا تەزوی خۆشی بەناخی مرۆڤەکان دەبەخشێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو هەموو سەیران و کەیف و خۆشیە ئاماژەیە بۆ بارودۆخێکی ئارام لە هەموو ڕووەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەوە لە ڕۆژگاری نالی دا.
ئەمڕۆ فەزایی بازیگەهـ جایی ڕەهزەنە
لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی ئەلحەزەر
تا دوزدجۆیی نیمەشەبن تورکی بێ نیزام
دوزدن هەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکوو شەرەر.
لێرەدا شاعیر وێنەیەکی زۆر خراپی ئەو بارودۆخەی ئەو ڕۆژگارەی سلێمانی باس دەکات، وێنەیەک هەست دەکەین تروسایەک بۆ ژیان و ئارامی نەماوەتەوە، دەڵێت دەشتی کانی ئاسکان کە ئەوکات جێگەی سەیران و نازدارانی شاربوو، ئێستا بووەتە جێگەی جەردەو ڕێگر، جەندرمەکانی تورک بە حسابی خۆیان بەڕۆژ بەدوای دزدا دەگەڕێن، بەڵام هەر شەو تاریکی کرد خۆیان دەبنە دزو شەوکوت و دزی لە ماڵی خەڵکی دەکەن.
شەهرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
سەربانی پڕ لە کەژدوم و دیواری پڕ لە مار
گەودالی پڕ لە ڕەهزەن و سەحرایی پڕ خەتەر.
مەخابن لەو کاتەدا سلێمانی بووەتە شارێکی پڕ لە ستەم و نادادی بەهۆی دەسەڵاتی سەربازی تورکەوە، هەروەها بووەتە شوێنی شین و گریان چونکە کوشتن زۆر بووەو خەڵکی هەر سەرقاڵی پرسەو گریان بوون، هەروەها بوەتە شوێنی شەڕ و نائارامی و ماڵوێرانی، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە خەڵکەکەی شاریان چۆڵ کردووەو سەربانەکانی پڕ بووە لە دوپشکەو دیوار و کەلاوەکانی پڕە لە مار، ئەم بارودۆخەی شاعیر ئاماژەی پێدەکات پاشاگەردانی و بێ حکومەتی و ڕاوڕووت پرزەی لە خەڵکی بڕیوەو تروسکایەک نەماوەتەوە بۆ ژیان.
دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەی
هەر تۆڕی عەنکەبووتە، حیجابی بیرون و دەر
نایێ سەدا لە پەنجەرەکەی جوز فیغانی جوغد
غەیرەز شەقامی مووری نییە شوێن و پێ گوزەر.
هەرچەندە بەدڵ پێمناخۆشە هەواڵی ناخۆشت بدەمێ باسی حوجرەکەتت بۆ بکەم، بەڵام ناچارم پێت بڵێم: جوجرەکەت کە ئەوکات جێگەی زانست و ئەدەب و دۆستانی شیعر بوو، ئێستا ئەوەندە دەمێکە کەسی تێنەچووە هەمووی دەروژووری پڕ بووە لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە، دەنگی خۆشی قورئان خوێندن و شیعر خوێندنەوە نایەت لە پەنجەرەکانیەوە، تەنها دەنگی خوێندنی کونەپەپو دێت، لای کورد کونەپەپو هێمای چۆڵەوانی و شوێنی وێرانەیە، بەڵام سالم ناڵێت وێران و چۆڵە، بەڵکو دەڵێت بووەتە شوێنی خوێندنی کونەپەپو، لە پەردەیەکی ئەدەبی بەرزتردا هەواڵەکەی دەداتێ.
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر
ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی
بێ ئەو بە قەسدی ئەم تەرەفە با نەکا سەفەر
سالم سیفەت لە بێکەسیا با نەبێ هیلاک
من کردم، ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر
لە کۆتاییدا سالم داوا دەکات لە بای خۆش سروەی سەحەر و لێی دەپاڕیتەوە کە بە نالی بڵێ دەستەودامانی بم، هەتا ئەم ڕەوشە بەم جۆرە بێت نەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەم وڵاتی کوردانە ئارامی بە خۆیەوە نابینێ هەتا خاوەنە ڕەسەنەکەی خۆی بۆ نەگەڕیتەوە کە ئەویش دەسەڵاتی خۆماڵی میرایەتی بابانە، واتە تا ئەوان نەگەڕێنەوە بارودۆخەکە چاک نابێت، بڵێ بە نالی با وەک سالم تووشی دەردو ئازار نەبێت لە گۆشەی بێکەسیا تیانەچێت، لە بەردەم ئازاری غوربەتدا ئارام بگرێت و بارودۆخی خراپی سلێمانی نەبێنێ.
ئەم ڕاپۆرتە شیعرەی سالم وێنەیەکی ڕوونی ئەو ڕۆژگارەی سلێمانیمان پیشان دەدات، میری بابان بە ستەم دەرکراوەو دەسەڵاتێکی تورکی سەربازی بەسەر شاردا سەپێنراوە، لە هەمان کاتدا شوێنە پیرۆزەکانی شار وەک (شێخ عەباس)و (پیرمەسور) وێران کراون، خەڵکی وازیان لە شادی و سەیران هێناوەو گردی سەیوان بووەتە گۆڕستان و کانی ئاسکان بووەتە جێگەی جەندرمەو کەر، هەروەها سەچاوەی ئاوەکانی سەرچنار و شیوی ئاودار و حەوزەکەی خانەقا وشکیان کردووەو لێڵاویان هاتووە، پرۆسەی خوێندن وەستاوەو مزگەوت و حوجرەکان چۆڵ بوون، بەهۆی دەسەڵاتی تورکەوە شار چۆڵ و وێران بووە بە شێوەیەکی وەها کوندەپەپو تێدا خوێندووە، هەروەها دزی و جەردەیی و پاشاگەردانی باڵی بەسەر شاردا کێشاوە، هەموو ئەوانە دۆخێکیان دروستکردووە ژیانی غوربەت و دوورە وڵاتی باشتر بووە لە ژیان لەو بارودۆخە خراپەی وڵاتی تێکەوتووە.
Check Also
ئایینی بابلی و ئاشووری 5
وەرگێرانی موحمەد وەسمان بەشی پێنجەم د. تەھا باقر تایبەتمەندێکی دیکەی ئایینی بابلی ، ترس بوو …