٩٢ ساڵ لەمەوبەر حسێن حوزنی موكریانی، یەکەم چاپخانەی هێنایە ره‌واندز
هاوار عەباس
(( ئێوه حه‌قیقه‌ته‌ن گیانى میلله‌تی خۆتانن ، ئه‌و ره‌نجانه‌ى كه ده‌یانكێشن هیچ وه‌ختێك له‌بیرناچیته‌وه , ئه‌سله‌ن میلله‌ت و وه‌ته‌ن په‌رستانی وه‌كو ئێوه مایه‌ی ته‌ره‌قه‌ی میلله‌تن )) ئه‌مه نامەی مینۆرسكیە له‌له‌نده‌نه‌وه له‌سالى 1937 بۆ حوسێن حوزنى موكریانى نووسیوە.
چه‌رخی زه‌مانه هه‌موو شتێك ئه‌هاڕێ و له بیریان دەباتهوه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیوه ئه‌وانه له بیر بباته‌وه، كه خۆیان خزاندووەته دو توێی دێره‌كانی مێژوو، موكریانی ئه‌و پیاوه‌ی خاوه‌نی تابلۆیه‌كی ره‌ونه‌قداره له‌سه‌ر دیواری مێژووی ئه‌ده‌ب و نوسینی كوردی.
حوسین حوزنى موكریانى له‌ناو كورد دا یه‌كه‌مین كه‌س بووه چاپخانه‌ی بۆ چاپكردنی بەرهەمە نووسراوەکانی زمان و وێژه‌ی كوردی دامەزراندووە، موکریانی لە ساڵی ١٩١٥ دا له‌شاری “حه‌ڵه‌ب” چاپخانه‌یه‌كی بچووك داده‌نێت، دوایی ١٠ساڵ خه‌ونه‌كه‌ی ده‌كاته واقیع و له سه‌ر به‌رده ره‌قه‌كانی خه‌ره‌ند، مێژوویەكی ئه‌به‌دی بۆخۆی ده‌نوسێته‌وه، له ساڵی ١٩٢٥ چاپخانه‌كه‌ی بۆ كوردستانی باشوور و شاری ڕه‌واندز ده‌گوازێته‌وه، له ساڵانی ١٩٢٦-١٩٣٢دا گۆڤاری “زاری كرمانجی” پێ چاپكردووه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا ٢٤ ژماره‌ی لێ بڵاوكردۆته‌وه‌و، دواتریش له هه‌ولێر كاروانی كاره باشه‌كانی به ده‌ركردنی گۆڤاری روناكی زیاتر درێژ ده‌بنه‌وه.
مێژوونووس و ڕۆژنامه‌گه‌ری خاوه‌ن پێگه‌ی كورد، حوزنی موكریانی ناوی ته‌واوی “سه‌ید حوسێنی كوڕی سه‌ید عه‌بدولله‌تیفی كوڕی شێخ ئیسماعیل”ه و له ساڵی ١٨٩٠ دا له شاری مه‌هاباد چاوی بەژیانی هه‌ڵهێناوه و هه‌ر له منداڵییه‌وه، ده‌ستی به بزێویی و سهركێشیهکانی ژیان كردوه. له‌ته‌مه‌نی ١٢ ساڵیدا كه‌س و كاری خۆی و مه‌هابادی به‌جێهێشتووه رووی كردووەته مه‌راغه‌و ته‌ورێز و یه‌ریڤان و ١٢ ساڵیش به به‌رگی ئه‌فغانی هه‌موو كوردستان و هه‌نده‌ران گه‌ڕاوه، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مێژووی كورد و تۆماركردنی ،یه‌كه‌مین كه‌س بووه بایه‌خی تایبه‌تی دابێت به نووسینی مێژووی كورد به زمانی كوردی.
حوزنی هه‌رگیز له سه‌ر شتێك نه‌گیرساوه‌ته‌وه، ئه‌و په‌نای بۆ زۆر شت و بواری جیاواز بردووه، خه‌تمی خۆی له سه‌ریان هه‌ڵكۆڵیوه ( له مێژوو، وێژه، ڕۆژنامه‌گه‌ریی، مۆرهه‌ڵكه‌نی، وێنه‌گری و خۆشنووسی و كڵێشه‌ی وێنه هه‌ڵكه‌ندن له‌دار) بهرههمةكانی ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه حوزنی موكریانی سوارچاكی مه‌یدانێكی به‌رین بووه، تا خۆی له ژیاندا بووه ١٨ په‌رتووكی چاپكردووه، كه زۆربه‌یان له‌سه‌ر مێژووی كورد و كوردستانن، دوای گه‌یاندنی خزمه‌تێكی زۆری زمان و كلتوور و مێژووی كورد و ڕۆژنامه‌گه‌ریی ، له ڕۆژی ٢٠ ی ئه‌یلوولی ساڵی ١٩٤٧ دا له به‌غدا كۆچی دوایی كرد‌و ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایەوە شاری هه‌ولێر و لەگۆڕستانی ئیمام محه‌مه‌د له نیزك پیره قه‌ڵاتی هه‌وڵێردا بەخاک سپێردرا.
حسین حوزنی موكریانی له‌ماوه‌ی ژیانە ٥٧ ساڵیهكهیدا بووەته ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی كه ناتوانرێت به گرنگییه‌وه باس نه‌كرێت، توانیوێتی دنیایه‌كی تایبه‌ت له‌ناو مێژووی كوردستان بۆ خۆی پاوان بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه هاتبوو، ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌سه له باشوری كوردستاندا هونه‌ری گرافیكی كردووه، ئه‌و هونه‌ره له باشور بە کارەکانی حسین حوزنی موكریانی ده‌ستپێده‌كات، كه لە كتێبی (خونچه‌ی به‌هارستان) له ساڵی ١٩٢٥ بڵاوده‌كاته‌وه زیاتر له بیست نیگاری تێدایه كه له‌لایه‌ن موكریانی خۆیه‌وه كێشراون.
به‌شیك له كتێبه‌كانی له سه‌ر مێژووی كورد مێرگەی دڵان ، خونچەی بەھارستان، پێشکەوتن، ئاوڕێکی پاشەوە , میرانی سۆران ، کوردستانی موکریان، ناودارانی کورد، بە کورتی ھەڵکەوتی دێریکی، لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکری.
حوزنی موكریانی ـ بەیەكەم مێژوونووسی كورد دادەنرێت لەسەدەی بیستەمدا، كە لەو پێناوەدا بۆماوەی ١٥ ساڵ بەهەموو توانایەكیەوە هەوڵیداوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بەمێژوی گەلی كورد لەزمانەكانی عەرەبی‌و هیندیو توركی‌و فارسی‌و فەرەنسی‌و ڕووسیدا، لەبەرئەوەی خۆی شارەزاییەكی باشی لەم زمانانەدا هەبووە هەر لەم زمانانەشەوە گەلێك نووسراوی بەپێزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
شێخ عومەر وەجدی مامۆستای ڕەواقی ئەكراد: لەئەزهەر بۆ مامۆستا گیو موكریانی نووسیوە “لە محەمەد عەلی عەونیم بیستووە كە وتوویەتی، چاپخانەی حوزنیم لە حەلەب دیوە كە ئەدەبو مێژووی كوردی پێ چاپدەكرد، خەیاڵم بووە بچمە سوێرەك و سەر لەخزمان بدەم؛ بەڵام حوزنی ئەوەندەی كار تێ‌كردم وازم لەسەفەر هێناو گەڕامەوە میسر‌و بڕیارمدا منیش چاو لەو پیاوە بكەم و خۆم بۆ خزمەتی مێژووی كورد تەرخانبكەم”.
حوزنی موكریانی ته‌نیا خۆی كاری نه‌كردوه، به‌ڵكو رهچهشكێنێك بووه، كه دواتر رێبوارانی ئه‌م كایه تێدا ئه‌سپی خۆیان تاوداوه. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەغدا سەرپەرشتی گۆڤاری (دەنگی گێتی تازە)ی کردووە . جگە لەمانە ٤٠_٥٠ کتێب و یادگاری بە نرخی لەپاش بە جێماوە ، حوسێن حوزنی لە ساڵی ١٩٢٦ چیرۆکی (خۆشی و ترشی) و (مەڕۆکەو بزنۆکە)ی چاپ کردوو. ئەم مێژوونووسە لە ماوەی ٣٠ ساڵاندا کە لەم پێناوەدا تەرخانی کردبوو بۆ خزمەتی گەلی کورد خاوەنی ١٨ کتێبی گەورەیە کە یانزە کتێبیان لەسەر مێژوی کوردە.