سێوه ده‌نگێكی باڵا له مێژووی هونه‌ری كوردیدا
زامدار ئه‌حمه‌د
سێوه، له‌ناو هونه‌ری كوردی و گۆرانیبێژ و مه‌قامزانانی پێشوو، یه‌كێكه له ده‌نگه دیار و به‌رچاوه‌كان، له‌كاتی خۆی و ئێسته‌یشدا هه‌وادار و گوێگرانی له ژماره نایه‌ن. گوێگرتن له مه‌قامی (ئه‌وه‌ڵ سه‌حه‌ر)ه، بیرت به‌لای كۆیه و مێژووی پرشنگداری ئه‌و شارۆكه‌یه‌دا ده‌بات و وردتر به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی (هه‌رمۆته) ڕاتدهكێشێ و تێكئاڵاوی مه‌سیحی و مسوڵمانان دێنێته به‌رچاو.
سێوه، ناوی (سڵێوه یه‌ڵدا سڵێوه)یه و ساڵی (١٨٩١) له‌ناو مه‌سیحییه‌كانی شاری كۆیه هاتووه‌ته دنیاوه، ساڵی (١٩٢٠) لای قه‌شه حه‌ننا ده‌ستی به خوێندنی ئاینی كردووه، ساڵی (١٩٠٣ و ١٩٠٤) زمانی كلدانی و بنچینه‌كانی ئاینی مه‌سیحی لای قه‌شه گۆرگیس خوێندووه.
ساڵی (١٩٥٢) پێنج مه‌قامی له ڕادیۆی عێراق تۆمار كردووه، مه‌قامی (ئه‌وه‌ڵ سه‌حه‌ر)ه یه‌كێكه له مه‌قامه تۆماركراوه‌كانی ئه‌وكات. نۆی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی (١٩٦٤) له ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و له گۆڕستانی مه‌سیحییه‌كانی گه‌ڕه‌كی هه‌رمۆته به‌خاك هاتووه‌ته سپاردن. بهكۆچكردنیشی بۆشایی له هونه‌ری كوردیدا دروست كرد.
هاوژین سڵێوه، كتێبێكی له‌باره‌ی (مێژووی هه‌رمۆته) نووسیوه و له‌مه‌ڕ سێوه‌ی مه‌قامزان زانیاری وردی باس كردووه، ئه‌و بۆ “وشه” گوتی، “سێوه مه‌قامزانێكی دیاری كورد و كوردستانه، له هونه‌ری كوردیدا هه‌میشه ده‌نگه پڕ له جۆش و تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌زرینگێته‌وه و مێژوویه‌كی پرشنگداری بۆ هونه‌ری كوردی تۆمار كردووه. ئاوازی مه‌قامه‌كانی سێوه ڕه‌نگ و بۆی ئاوازه‌كانی ته‌راتیلی كه‌نیسه‌یان وه‌رگرتووه، چونكه له كه‌نیسه خوێندوویه‌تی”.
روونی كرده‌وه، سێوه خاوه‌نی چه‌ندان مه‌قامی به‌ناوبانگ و دیاره، مه‌قامه‌كانی باسی دڵداری و سروشتی جوانی كوردستانه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی تۆمارگه به‌شێك له مه‌قامه‌كانی فه‌وتاون و له به‌رده‌ستدا نه‌ماون. له مهقامگوتنیشدا سوودی له مه‌قامه‌كانی نه‌شئه‌تی ڕه‌شید ئاغای حه‌وێزی و حه‌ننا تۆماس “حه‌نیل” بینیوه، ئه‌ڵبه‌ته پێوه‌ندی و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی هاوسه‌رده‌می خۆی له كۆیه په‌یدا كردووه. بۆ نموونه: عه‌به‌ی چایه‌چی، پووتا، مه‌ڕبێنی قه‌شه گۆرگیس، مه‌لا ئه‌سعه‌د، ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا.
دكتۆر هاوژین سڵێوه ده‌ڵێ، “سێوه كه‌سێكی زیره‌ك و ڕوانین ڕوون بووه، ماوه‌ی پێنج ساڵ زمانی سریانی و سه‌ره‌تایه‌ك له زمانی فڕه‌نسی خوێندووه و فێر بووه، گه‌یشتووه‌ته پله‌ی (شه‌ماس)، هاوكات زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی زانیوه و به‌ده‌یان چامه و هۆنراوه‌ی كوردی و فارسی له‌به‌ر بووه و به‌مه‌قام و به‌سته گوتوونی. بۆ نموونه: شیعره‌كانی (حاجی قادری كۆیی، دڵدار، قاسد، ئه‌خته‌ر، صافی، عه‌بدوڵا به‌گی مێباح”.
هاوژین پله‌ی زانستی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره و مامۆستای زانكۆی كۆیه‌یه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه سێوه ساڵی (١٩٥٢) له ئێستگه‌ی ڕادیۆی عێراق به‌شی زمانی كوردی پێنج مه‌قامی تۆمار كردووه، به‌ناوه‌كانی (سه‌حه‌ر، به‌هار، شه‌نگ مێره‌م، گورا، عایشه گوڵ). لای خۆشیه‌وه كه‌ریم شاره‌زای لێكۆله‌ر و توێژه‌ر، 14 مه‌قام و گۆرانیی سێوه‌ی دیاری كردووه كه ئه‌مانه‌ن (سه‌حه‌ر، گورا، له‌به‌ر نازی چاوبازان، عایشه گور، نیوه‌شه‌و، حه‌ریفی ئاگری دووریم، لهباغان ئاهو ناڵین دێ، به‌قامه‌ت خه‌رامان، به‌سته‌ی زولف و ئه‌گریجه‌ی یار، به‌هار، پایز، شه‌نگ مێره‌م، گۆرانی شله‌وخانان، گۆرانی جه‌باره و جه‌باره) سێوه به‌ده‌یان مه‌قام و گۆرانی و به‌سته‌ی چڕیوه، به‌ڵام به‌هۆی تۆمارنهكردنهوه زۆربه‌ی مه‌قامه‌كان فه‌وتاون، به‌ڵام ئێسته‌یش گوێگرانی سێوه به‌رده‌وام له زیادبووندایه.
له‌باره‌ی عاشقبوونی سێوه، ئه‌و پسپۆڕه ئاشكرای ده‌كات كه سێوه له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری و پێڕاگه‌یشتنی عاشقی كچێك ده‌بێت به‌ناوی (وارا)، به‌ڵام ڕێ ناده‌ن بۆ یه‌ك ببن، له‌به‌رئه‌وه به‌ناچاری له‌گه‌ڵ ژنێكی تر ژیانی هاوبه‌شی پێك هێنابوو.
لای خۆشیه‌وه حوسێن حاجی قادر له ساڵی (١٩٤٥) سێوه‌ی ناسیوه و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌یدا كردووه، بۆ “وشه” ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، “ساڵانی (١٩٥٥ و ١٩٥٦ و ١٩٥٧) سه‌رپه‌رشتی گازینۆی لاوانم ده‌كرد له كۆیه، خاڵه سێوه ته‌شریفی ده‌هێنا و داوای ده‌كرد گۆرانیی خاڵه تایه‌ر لێ بده‌م، حه‌زی له گۆرانی (له باخان ئاه و ناڵین دێ) بوو و له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یگوته‌وه. یا ڕۆژی واهه‌بوو داوای گۆرانی (ایها الراقدون تحت التراب)ی محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هابی ده‌كرد، له كاتی گوێگرتن له‌و گۆرانییه فرمێسك له چاوانی ده‌هاتنه خوارێ و ده‌یگوت: بۆ (هینهكه)ی خۆم ده‌گریم، مه‌به‌ستی (وارێ)ی خۆشه‌ویستی بوو كه ڕێیان نه‌دا ژیانی هاوبه‌شی پێك بێنن”.
“سێوه پیاوێكی دڵته‌ڕ و نوكته‌باز و قسه‌خۆش بوو، حه‌زی له كۆڕی دانیشتنی لاوان ده‌كرد، نزیكترین براده‌ری مامۆستا باكوری هونه‌رمه‌ند و تایه‌ر تۆفیق، حه‌وێز وه‌هاب و محه‌مه‌د عه‌بدوڵای چایه‌چی بوو، له به‌شی زۆری ئاهه‌نگی سه‌یرانگه‌كانی كۆیه به‌شداری ده‌كرد و سهرچۆپیكێشی شایییهكان هه‌ر له خۆی ده‌وه‌شایه‌وه”. حوسێن وای گوت.
له‌باره‌ی ده‌نگ و ئاستی ئهكادیمیبوونی سێوه‌وه، ئاره‌زوو ئیسماعیل هه‌ڵگڕی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له موزیك بۆ “وشه” ئاشكرای كرد، “له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه هه‌ر كه‌سێك چوار گۆرانی هه‌بێ، به گۆرانیبێژی ڕه‌سه‌نی كوردی ئه‌ژمار ده‌كرێ، به‌و مه‌رجه‌ی چوار گۆرانییه‌كه بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندی و پێگه‌ی خۆی هه‌بێ. سێوه له ڕیزی ئه‌و هونه‌رمه‌نداندایه و هاوتای “تایه‌ر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ك و ماملێ و مه‌زهه‌ری خالقی”یه. ئه‌و تێكستانه‌ی ده‌ری بڕیون له هیچ گۆرانی و مه‌قامی تردا به‌رچاو ناكه‌ون، ته‌نانه‌ت نازانرێ تێكسته‌كان فۆلكلۆره یا نا؟ وه‌لێ زۆر ناوازه و پڕ عه‌شق و ئاوازه، ده‌نگێكی زۆر تایبه‌تی پڕ له سۆز و حوزنی هه‌یه، ئه‌و حوزنه له گۆرانی و مه‌قامه‌كانی سه‌رنجی گوێگرانی ڕاكێشاوه.
له ماوه‌ی ڕابردوودا ئاره‌زوو ئیسماعیل، توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌ناونیشانی “سارنجی چڕین له گۆرانییه‌كانی سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند” وه‌شاند، له‌باره‌ی خاره سێوه زیاتر گوتی، له ده‌ربڕینی وشه‌دا به توانا و لێهاتوو بوو، به‌جوانی و ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆی وشه‌كانی به‌كار هێناوه، بۆ نموونه: پیتی (ڕ)ی قه‌ڵه‌و له دوای (ڵ)ی قه‌ڵه‌و گۆ ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێ: دهڵڕێن، نه‌ك ده‌ڵێن، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكدا نییه.
ئاره‌زوو كه به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ره له كۆیه، باوه‌ڕی وایه كه سێوه خاوه‌ن مۆركێكی كۆیییانهیه و ئه‌و مۆركه‌ی ون نه‌كردووه، له كاتێك سه‌رجه‌م ژه‌نیاره‌كان عه‌ره‌ب بوون و هیچ شارهزایییهكیان له‌باره‌ی موزیكی كوردییه‌وه نه‌بووه. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تێكی گرنگه كه هونه‌رمه‌ند نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی موزیكژه‌نان. هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی مه‌قامه‌كان زۆر ورد و لێهاتوو بوو، چونكه ئه‌و مه‌قامانه‌ی هه‌ڵیبژاردوون و گۆی كردوون، دووباره‌كردنه‌وه‌یان ئاسان نییه و كه‌س ناتوانێ جارێكی تر ئه‌و مه‌قامانه بڵێته‌وه، ئه‌گه‌ر دووباره‌ش بكرێته‌وه، ناگاته ئه‌و پلهباڵایهی سێوه، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه به كارێكی گرنگ ناوازه ئه‌ژمار ده‌كرێ.