تێڕوانینه‌كانی مه‌لای گه‌وره له كڵاوڕۆژنهی ته‌فسیره‌كه‌یه‌وه..
قاسم عه‌لی عوسمان
مه‌لای گه‌وره‌ى كۆیه(1876 – 1943)، یه‌كێكه له زانا و كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی كوردستان و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و دیار بووه، مه‌لا و شاعیر و كۆمه‌ڵناس و پیاوماقووڵ و خانه‌دان بووه، ته‌مه‌نی خۆی له خزمه‌تی زانست و خاك و خه‌ڵك به‌سه‌ربردووه، چه‌ندان به‌رهه‌م و دانراوی زانستی هه‌یه له دیارترین ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی: ته‌فسیره نایاب و ناوازهكهیهتی به ناونیشانی (ته‌فسیری كوردی له كه‌لامی خواوه‌ندی) كه به‌ڕاستی هه‌ركه‌سێك بیخوێنێته‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه تهفسیرێكی كوردانه و خۆماڵییانه‌یه ته‌نانه‌ت خۆشی باسی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌یویست تهفسیرێك بنووسێت هه‌ڵقوڵاوی بیروهزری خۆی بێت نه‌ك جوینه‌وه‌ی قسه‌ی ئه‌وانیتر، چونكه ئه‌گه‌ر وای نه‌كرد ئه‌وا ته‌نها قسه‌ی خه‌ڵك نه‌قڵ ده‌كات نه‌ك ته‌فسیر و لێكدانه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌م تهفسیرهیدا ڕه‌خنه له چه‌ندان موفه‌سیری گه‌وره‌ی قورئان ده‌گرێت و ده‌ڵێ نه‌ده‌بووایه قسه‌ی وه‌ها بكه‌ن..
مه‌لای گه‌وره له‌م تهفسیرهیدا زۆر زانایانه و واقیعییانه لێكدانه‌وه‌ی وردی بۆ ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز كردووه و به‌ستوویه‌تییه‌وه به ژیانی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنه‌كانی دنیای نوێی ئه‌و كات، له‌مباره‌یه‌وه خۆی ده‌ڵێت: (قورئان له نه‌زه‌ری من وه‌كی عاله‌می ته‌بیعه‌ته له ئهقسامێ، كوو حوكه‌مای جه‌دید تا دێ ئهسڕار و دهقائیقی ته‌بیعه‌ت ده‌رئه‌خه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌و منواله مه‌لامان بووبان ئه‌با عه‌صر به عه‌صر دهقائیق و ئهسڕار و مه‌عانی كامینه له قورئان ده‌رخرێ، لاكین ته‌قلید و ترسی ئیعتیقادی لێناگه‌ڕێ كهشفییات له قورئان بكرێ….. قورئان له هه‌موو ئهعصار ئه‌خوێندرێته‌وه، بۆ هه‌موومان موعجیزه‌یه، حه‌صری نه‌زه‌ر له قیل و قال مه‌حروممان ئه‌كا له ئایه‌تی قورئان و ئایه‌تی ئه‌كوان).
له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌فسیره (10) به‌رگییه‌دا بیروبۆچوون و هزری مه‌لای گه‌وره به‌ته‌واوی ڕوون ده‌بێته‌وه و خۆی نمایان ده‌كات، بیری ئه‌و له زۆر ڕووه‌وه پێش مه‌لا و پیاوانی ئایینی ئه‌و كات كه‌وتووه، له زۆر باردا پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ئایینی ئه‌و كات بزاوتی كردووه، چونكه زۆر متمانه‌ی به بیر و هزری خۆی هه‌بووه، بۆیه گوێی نه‌داوه به باو و نه‌ریتی ئایینی ئه‌و سه‌رده‌مه و ترس و شه‌رم به‌ربینی نه‌گرتووه.
ده‌توانین بیروباوه‌ڕ و تێگه‌یشتنی مه‌لای گه‌وره بۆ زۆرێك له بابه‌ته ئاینییه‌كان و پرسه‌كانی ئه‌و كات كه به‌شێكیان تائێستاش درێژه‌یان هه‌یه له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه:
– زۆر بڕوای به عه‌قڵ و حیكمه‌تی مرۆڤ هه‌بووه و هه‌میشه داوای كردووه كه مسوڵمانان بۆ تێگه‌یشتن له ئایینه‌كه‌یان هۆش و ئاوه‌زیان به‌كاربێنن، ده‌ڵێت:( كه عه‌قڵ نه‌ما قسه له‌گه‌ڵ كێ بكه‌ین؟ بالخاصه كه كه‌ڕامات هاته گۆڕێ به جارێ عه‌قڵ و عیلم و حیكمه‌ت ئه‌فڕێ، نیزامی كائینات ژێر به‌ره‌و ژوور ئه‌بێ، حه‌ق و حه‌قیقه‌ت گوم ئه‌بێ.. خودایه تۆ شاهیدی هه‌ر دینێك، هه‌ر مه‌زهه‌بێك، هه‌ر مهشڕهبێك له‌گه‌ڵ عه‌قڵ موخالیف بێ من لێی به‌ریم، دینێكم ئه‌وێ، به مه‌زهه‌بێك ڕازیم كه به ئیمتیزاجی عه‌قڵ و نبووه‌ت ڕۆحێكی خالیصی تێدا په‌یدابووبێ و منیش نائیلی ئه‌و حه‌یاته موعتهدیله ببم و ئه‌و دینه‌ش حه‌قیقه‌ته‌ن دینی ئیسلامه، ئه‌م ئیمتیزاجهش خالقی ئه‌كوان، مونهززیلی قورئان بۆ ئێمه‌ی كردووه…)…(تا عه‌قڵ نه‌كوژێننه‌وه، بێ هێزی نه‌كه‌ن ناتوانن ئه‌و خوڕافاتانه ئیزهار بكه‌ن، كه عه‌قڵیان چاره‌كرد، ئه‌وجا ئه‌وی ئاره‌زوو بكه‌ن به سووك و ئاسانی به ده‌ماغیانه‌وه ئه‌چه‌سپێنن!)…(نووری ئیمان، نووری عه‌قڵ دونیا ڕووناك ئه‌كا.)..(عه‌قڵی چاك، شه‌رعی پاك زۆر موافیقن.)…(به موتابه‌عه‌ی عه‌مر و زه‌ید خۆ له طهورى عه‌قڵ دوور مه‌كه).
متمانه‌ی به سیاسه‌تمه‌داران نه‌بووه و سیاسه‌تی سه‌رده‌می پێ درۆ و ده‌له‌سه بووه، له چه‌ندان شوێن زۆر به‌توندی زه‌می سیاسه‌ت و سیاسییه‌كان ده‌كات، ده‌ڵێ: (به لاف و گه‌زافی سیاسییون هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن، ئه‌وان له هه‌موو كه‌س غه‌شیان زیاتره.)…(ته‌ماشای سیاسییونی عهصركهن به فه‌خره‌وه ئه‌ڵێن: ڕه‌جولی سیاسی لدی الایجاب عهد و ميثاق، سوێند و نامووس و شه‌ڕه‌ف و وه‌فا و دۆستی ئه‌هاوێته ژێرپای، واقیعه‌ن وان. له‌و جیهه‌ته مسوڵمانان زۆر زه‌ره‌ریان لێ دیتن.)…(وه‌كی ڕیجالی سیاسی، تا ئیشی پێته تهشیت بۆ ئه‌ڕێسێ، هه‌زار وه‌عدت پێ ئه‌دا، كه ئیشی نه‌ما مهرحهباشت لێ ناكا، مه‌عازه‌ڵڵا گه‌ر ئیشت پێی بوو تا مومكینی بێ بۆت دروست ناكا.)…(له‌و زه‌مانه كه سیاسه‌ت بوویته درۆی مه‌حز، صڕف، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و عه‌هد و په‌یمان و وه‌فا و سوێند و ڕیعایه‌تی حقووقی هیچ نییه، الله سیاسه‌ت كوو عاله‌می به فه‌ساد برد!)..
خه‌م و خه‌فه‌ت له كهساسيی و بێكه‌سی و لێقه‌وماوی كورد ده‌خوات، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی شیعره‌كانی له‌باره‌ی كورده‌وه زووخاو و خوێناوی لێ ده‌چۆڕێته‌وه، ده‌ڵێت: (خولاصه خه‌م و خه‌فه‌تی كوردان زۆره، ئیصلاحیان وه‌خته بڵێم محاڵه، ئه‌مڕۆ قه‌ومی كورد له هه‌موو عهصرێ بێ پیاوترن، ئه‌وه موصیبه‌ته، موصیبهتێ عه‌زیمه، عاقیبه‌تی وهخیمه.)…(مع الاسف ئه‌و هه‌موو ئهعازیمهی كوردان گوم بوون، بێسه‌روشوون چوون.)…(گه‌لێ كه‌س ئیددیعای كوردایه‌تی ئه‌كا ئه‌مما ئه‌گه‌ر سێ فلس له ڕێی قه‌وم صه‌ڕف كا ڕووحی ده‌رئه‌چێ).
دژی ئه‌و جۆره ئیمانه سلبییه بوو كه مرۆڤی ته‌نبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل و ناكارا ده‌كرد، ده‌ڵێ: (مسوڵمانان وه‌ك جوو و دیانان دوای خهواریق و شه‌واز كه‌وتن، به خیلافی قورئان ئیمانێكیان ئیخیتراع كرد نه عه‌قڵی هێشت نه عیلم نه قووه‌ت، نه قودره‌ت نه سه‌عی و عه‌مه‌لی صالح و خونجایی بۆ دنیا و دین، به واسیته‌ی كوفر به قه‌واعیدی ئیلاهی به قورئانی حه‌كیم ماڵ وێران بوون، حاله‌ن ئیفاقهیان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر وابن عاقیبه‌ت مه‌سخ ئه‌بن به كیسه‌ڵ به قالۆچه، ئه‌كه‌ونه ئه‌دنا مه‌راتبی حه‌یوان).
ڕێزی زۆر بۆ ژن هه‌بووه و له چه‌ندان شوێن جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه بنچینه‌ی خانه‌واده‌ی باش و به‌ڕێز ژنی چاك و تێگه‌یشتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی و كێشه‌كانی نێوان ژن و مێرد په‌نا ببرێته به‌ر توندوتیژی، ده‌ڵێت: (لێدانی ژن شه‌رعه‌ن مهزموومه، كه‌سێكی به‌ویجدان بی ته‌حه‌ممولی عه‌زاب ئه‌كا وه لێی نادا، له حه‌دیسی شه‌ریفدا هه‌یه: ئایا شه‌رم ناكا كه‌سێك له ئێوه له ژنی خۆی بدا وه‌ك له عه‌بد ئه‌دا له ئه‌ووه‌لی ڕۆژ دوایه موعاشه‌ره‌ی بكا له ئاخیری ڕۆژ؟….من 38 ساڵه صاحێبی عائیلهم لێدان ڕووی نه‌داوه.)….(هه‌زار ناصیحی وه‌ك من، شاعیری وه‌ك حاجی قادر بۆ ته‌ربییه‌ی قه‌وم نابێ به دایكێكی چاك.)…(با هه‌موو عاله‌م بزانێ ژن له نه‌زه‌ر دینی ئیسلام زۆر موحته‌ره‌مه، حیجابێ بۆ حیفز و حورمه‌ته، وه‌كی شووشه وان له‌ناو صندوقان ئه‌ندرێ تا به سه‌لامه‌ت بگاته جێ).
پێوه‌ری ئه‌و بۆ وه‌رگرتن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی قسه و ڕاوبۆچوونی هه‌ركه‌سێك به پله‌ی یه‌كه‌م قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌ی ڕاستی پێغه‌مبه‌ر بووه، بۆیه ده‌ڵێت: (ئه‌ی مسوڵمانینه به غه‌یری قه‌ولی خودا و پێغه‌مبه‌ر قه‌ولی كه‌سی تر حوججه‌ت نییه، قابیلی غه‌له‌ت و سه‌هوو و نسیانن.)…(ڕه‌جا ئه‌كه‌م گوێ مه‌ده‌نه شتێ بێ فائیده، ئهیتیدا به قورئان به ڕوسولی كیڕام كه‌ن.)…(له قورئان بگه‌ن باشه، بۆ خه‌ڵكی خۆتان مه‌گۆڕن، قسه‌ی جاهیلانه قه‌بووڵ مه‌كه‌ن وه‌له‌و له مه‌لایه گه‌وره گه‌وره نه‌قڵ كرابێ.)…(خوا ئه‌زانێ زۆر جارانم ئه‌و قسه‌یه كردیه، هه‌ر ئایه‌تێ هه‌ر حه‌دیسێ صه‌حیح ڕووحهكی حه‌یاتی تیابێ زههرهكیان موقابیل داناوه).
هه‌میشه و به‌رده‌وام دژی جیاوازيی و ته‌فره‌قه و ده‌مارگیریی مه‌زهه‌بی بووه، پێی وابووه ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی دواكه‌وتن و بێهێزبوون و پارچه‌پارچه‌یی ئوممه‌تی ئیسلامی، ده‌ڵێت: (سه‌وادی ئه‌عزه‌م له مه‌لایان وا ئه‌زانن (اختلاف أمتي رحمة) حه‌دیسی پێغه‌مبه‌ره، حاشا ثم حاشا قه‌ت ئیختیلاف ڕه‌حمه‌ت نییه، به‌ڵكو غه‌زه‌بی ئیلاهییه، حاشا ئه‌وه حه‌دیسی ڕه‌سولی خودا نییه، عوله‌مای كه‌لام له كوتوبی كه‌لامی زیكریان كردووه، وه ئه‌وانیش موحه‌دیس نین.)…(تا ئه‌مڕۆ ئه‌و ئوممه‌ته له ئیختیلاف چ ڕه‌حمه‌تێكی دیت؟ چ فائیده‌ی لێ به‌ده‌ست كه‌وت.)…(ئیختیلاف كوو ئه‌بێته ڕه‌حمه‌ت؟ ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌بێ ئیتتیفاقی ئوممه‌ت نیقمه‌ت و غه‌ڵه‌ت بێ!)…(ئینسان نازانێ ئه‌و هه‌موو ئیختیلافه چییه؟ نیزاعی ئه‌شاعیره یاخود سوننی و موعته‌زیله دائیمه‌ن به‌رپایه، هه‌ردووك به‌یه‌ك ئه‌ڵێن: ئه‌صحابی بیده‌ع و ئه‌هوا .)…(كوللی فیرقه‌یه خۆی له‌سه‌ر سوننه‌ت و ڕه‌وشی ڕه‌سوول و یارانی ئه‌زانێ، ئه‌وانی تر به كافر یا موبته‌دیع حیساب ئه‌كا.)…(هه‌ر قه‌ومێ موئمین و كافر به سه‌فاهه‌ت و شیقاق و نیفاق موبتهلی بوون، موحه‌ققه‌ق به هیلاك ئه‌چن).
ڕه‌خنه و گله‌یی له مه‌لاكان هه‌یه به‌وه‌ی ڕقه‌به‌رایه‌تی و كینه له نێوانیاندا هه‌یه و قسه‌ی یه‌كتر ناسه‌لمێنن و كه‌لله‌ڕه‌قن و ئه‌وه‌نده‌ی وابه‌سته‌ن به بیروڕای خۆیانه‌وه ئه‌وه‌ند تاڵبی حه‌ق و حه‌قیقه‌ت نین، ده‌ڵێت: (من فیكری مه‌لایان چاك ئه‌زانم، تا مه‌لاتر بن عهنوودتر ئه‌بن و لایان وایه حه‌ق ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان بیڵێن: كالشمس فی رابعه النهار. غه‌ڵه‌تی خۆیان لێ مه‌علووم ببێ ده‌ستی لێ هه‌ڵناگرن، به قونكهبیور له ته‌ختی ناوچه‌وانیان بده‌ی ناگه‌ڕێنه‌وه. خصوص بۆ حیفزی مه‌قام و نفوزی خۆیان له‌سه‌ر ئوممه‌ت ئه‌صڵه‌ن پێ له حه‌ق نانێن، خۆیان ناشكێنن.)..(ئه‌و بوغز و نیفاقی له به‌ینی مه‌لایاندا هه‌یه له به‌ینی عه‌وامدا نییه، به‌ڵكو عهداوهتی عه‌وام مه‌نشه‌ئی له عهداوهتی مه‌لایانه.)…
پێیوایه مسوڵمانان خۆیان به‌تایبه‌تی مه‌زهه‌به‌كان شه‌رعیان قورس كردووه و قیل و قالیان زۆر تێچاندووه، ئه‌مه‌ش وای كردووه شه‌رعی ڕاسته‌قینه له‌و نێوه‌نده‌دا ون ببێت، ده‌ڵێت: (واقیعه‌ن مسوڵمانیش شه‌رعیان زۆر گران كردیه، خصوص شعوب و مه‌زاهیب، بۆ ئینسانێ عومرێ درێژ لازمه تا ئه‌یزانێ، ئه‌وجا كه‌ی عه‌مه‌لی پێ ئه‌كا؟)…(مه‌لایان دینی ئیسلامیان وا ته‌نگ كرد، ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی ته‌ره‌قی كا لای وایه ده‌بێ له دین ده‌رچێ، غه‌لل و زنجیری پارچه پارچه كا ئه‌وجا ده‌توانێ شه‌قاو باوێ! واقیعه‌ن به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنیان وایه به‌ڵام فی الحقیقه غه‌ڵه‌ته، دینی ئیسلام ڕووحه، ڕووح مادده‌ی حه‌یاته، علوییه بۆ علوو ده‌ڕوا، ئیمانی ڕاست قووهتێكه فوق القوی.)…(سبحان الله ئه‌وی لای خودا ئهههممییهتی نییه لای نوققالان زۆر به ئیهتیمامه.)…(به‌عزێ له عوله‌مایان ڕه‌حمه‌تیان لێ بێ، زۆر به تضييقاتن…)..
هه‌میشه له‌گه‌ڵ نوێكردنه‌وه‌ی ئایینیدایه و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه بۆ هه‌ر سه‌رده‌مێك پێویسته ئایین به‌پێی گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م نوێكاری بكات تا ئه‌وه‌ی بتوانێ دڵ و هۆشی خه‌ڵك به‌ره‌و لای خۆی كه‌مه‌ندكێش بكات، ده‌ڵێ: (ئه‌مڕۆ مع الاسف موعزهمی موسڵمانان دینی خۆیان كردیته مه‌سخه‌ره، قه‌شمه‌ری و گه‌مه‌ی پێ ئه‌كه‌ن، هێشتا ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی بیدعهتن له‌و ڕووه‌وه ئه‌هوه‌نترن، ئه‌مما عه‌جه‌با سه‌به‌بی چییه؟ لای من سه‌به‌بی بێ مێشكی مه‌لایانه، ته‌جدیدی دین ناكه‌ن به نه‌وعێ كه لای لاوانی تازه پێگه‌یشتوو شیرین بێ، له‌زه‌تێكی لێ بزانن. له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ته‌جه‌دودی كه له‌م عهصرهدا هه‌یه ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ر حاڵی ده عه‌صری پێش ئه‌مڕۆ ئه‌ڕۆن..كه‌سێ خۆی ئاگای له ئهساساتی دینی ئیسلام ببێ، ئه‌و ئهحوالاتهی سه‌وادی ئه‌عزه‌می مسوڵمانان له‌سه‌رین به دینی نازانێ گه‌مه‌ی پێ ئه‌كا.)…(دائیم له تهجهدود به، ئیصڕار له‌سه‌ر ئوموری كۆنه مه‌كه، هه‌موو شتێ قه‌دیمیش فڕێ مه‌ده.)..
هۆكاری شكست و دواكه‌وتنی مسوڵمانان له‌وه‌دا ده‌بینێ كه له نێوان خۆیان ناكۆكن و بایه‌خ به زانستی سه‌رده‌م ناده‌ن و خه‌ریكی شتگه‌لێكن كه نه سوودی بۆ دین نه بۆ ژین هه‌یه، ده‌ڵێ: (دوو شت بووه سه‌به‌بی شكستی موسڵمانان: ئیختیلافی خۆیان، بێ ئیعتینایی به عیلم و عه‌مه‌لی ته‌بیعی، غلو له دین و له مه‌عنه‌وییات، ئیعیتماد له‌سه‌ر خهواریق و كه‌ڕامات، ئیستیلای ئیعتیقادی جه‌بری مه‌حز یا نیوه مه‌حز، ئینتیزاری خروجی مه‌هدی و نزولی عیسا.)…(ڕه‌جا له مسوڵمانان ئه‌كه‌م بۆ ئیصلاحی حاڵی خۆیان ئینتیزاری نزولی عیسا و خروجی مه‌هدی نه‌كه‌ن، خۆیان تێكۆشن له زیلله‌ت ده‌رچن، ئه‌وه‌ش دیاره به‌چی ئه‌بێ، به ئیتتیفاق و ئیختیراع ئه‌بێ، ئه‌وه‌نده‌ی به مه‌عنه‌وییات خۆیان ڕێك ئه‌خه‌ن، موقابیلی دوشمن خۆیان به ماددیات خه‌ریك بكه‌ن بێ شك سه‌رئه‌كه‌ون، وه‌ئیللا فه‌لا.)…(لام وایه گه‌لێ ئیختیراع هه‌یه ئه‌گه‌ر له ته‌ڕه‌ف حه‌كیمی مسوڵمانان با قه‌ت خێری ته‌واو نه‌ده‌بوو، مه‌سه‌له‌ن حه‌بی ئه‌سپرین ده‌فعی سه‌رئێشه ئه‌كا، سلفاتۆ تا ئه‌با..ته‌سكینی ئهلهمێ له كه‌سێ له‌گه‌لێ عیبادهت خێرتره!)…(مع الاسف له ساحه‌ی ئیخیتیراع و له عورصهی ئیكتیشافات مسوڵمانهكی تیا نییه.)…(له هه‌ر مه‌لایه له هه‌ر حه‌كیمێ له هه‌ر وه‌لییه قسه‌یه مهعقووڵت دی قهبووڵیكه، یه‌كتر به‌ناوی دین مه‌بوغزێنن.)..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لایه‌نگری له زانست و پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات و داواش له مسوڵمانان ده‌كات له ڕه‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتن دواناكه‌ون، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ش له خواروخێچییه‌كانی ئه‌م مهدهنییهتهش ده‌گرێ كه ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات و سڵ له‌وه ناكاته‌وه ئاماژه به كه‌موكورتییه‌كانی بكات و په‌نجه له‌سه‌ر برینه‌كانی دابنێت و، ده‌ڵێت: (له‌و عه‌صره كه ئه‌ڵێن عه‌صری مه‌عاریف و عیلم و نووره، عه‌صری مه‌ده‌نییه‌ته، عه‌صری مهعدهلهت و مهشروتییهته، قه‌تلی ناحه‌ق زۆره و بێ ئهههممییهته، چ ئینسانێ بكوژی چ سه‌یێ.)..(ئه‌مڕۆ به‌شه‌ر خه‌ریكه له لیباس ده‌رچێ خاصهتهن خاتوونی ئه‌وروپایی.)…(كه‌سێ ته‌ماشای عاله‌م كا، له هیچ قه‌ڕنێ به‌شه‌ر وا بێ ئه‌خلاق و ته‌ربییه نه‌بووه.)…(ئه‌وانه‌ی كه‌مێ ئه‌بنه مونه‌ووه‌ر به‌جارێ له دین ده‌رئه‌چن، به سه‌فاهه‌ت مه‌شغوول ئه‌بن، سه‌د خۆزی خوندهوار نه‌بان، بۆ خۆشیان و بۆ ئوممه‌تیش قازانجتر بوو.)..
هانی مسوڵمان ده‌دات بیربكاته‌وه و وریای عه‌قڵی خۆی بێت و كه‌سانی تر هۆشی داگیرنهكهن، ته‌قلید و لاساییكردنه‌وه چرای ئاوه‌زی نه‌كوژێننه‌وه، ده‌ڵێ: (من گه‌لێ جار به فه‌قێیانی خۆم ئه‌ڵێم: قبل كل شي‌ء له مامۆستای خۆتان ئه‌مین مه‌بن، مه‌بادا میزاجی سهفسهتی غالیب بووبێ، وه یاخود ته‌قلید كۆری كردبێ!)…داوا ده‌كات بایه‌خ به یاسا سروشتی و گه‌ردوونییه‌كان بده‌ین، ده‌ڵێ: (ئیتتیباعی سونه‌نی ئیلاهی له هه‌مووی چاكتره.)…(ئیحتیراس بكه حه‌تتا له حه‌ق مامۆستات، حوكم به ته‌زكییه‌ی مه‌كه! به مه‌حه‌ببه‌ت و ته‌قلید خۆت كۆر مه‌كه، ئه‌وه‌ی تهعلیمت ئه‌كا تێی فكره چی تیایه).
له چه‌ندان شوێن ڕه‌خنه‌ی توند ئاڕاسته‌ی شیعه و وه‌هابی و سه‌له‌فی و مه‌شایخ و صۆفییان ده‌كات و به هۆكاری ناكۆكی و دواكه‌وتنی موسڵمانانیان ده‌زانێ، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه له هه‌ندێ زانای ئیسلامی‌یش ده‌گرێ، ده‌ڵێت: (دیققه‌ت له حاڵی مسوڵمانان كه، ئه‌مڕۆ له چ عه‌زه‌مه‌ت هاتنه چ زیلله‌ت؟! ئه‌لئانیش وه‌كی جاران ئیختیلافی مه‌زاهیب و ئیختیلافی تهرائیق؟ هه‌تا مهشایخانی كه‌ڕامات و ئهئیممانی شیعه ئه‌ڵێن: ئه‌مڕۆ و سبه‌ی مه‌هدی دێ، عیسا له ئاسمان دێته‌خوار كاروبارمان بۆ چاك ئه‌كه‌ن، دنیا ئه‌بێته ئی خۆمان.).. (ئێمه به ڕیوایاتی سیوتی و ئه‌مسالی چاومان له قیامه‌ت بوو، ئه‌مڕۆ و سبه‌ی ڕائهبێ! ئه‌جنه‌بی چاویان له هه‌زار ساڵ له‌مه‌ودوا بوو، ئه‌مڕۆ تهدابیریان بۆ ئيتتيخاذ ئه‌كرد بۆیه نه‌وتی باباگوڕگوڕیان ده‌رخست.)…(مع الاسف مه‌لای گه‌وره گه‌وره وه‌كی سیوتی، پێشی وی، دوای وی، زۆر سه‌هوو بوون، وكذا مع الاسف ئێستاش، عیسا و ده‌ججال و مه‌هدی، ئهزهانی مه‌لایان مشه‌ووه‌ش ئه‌كه‌ن.)…(مع الاسف وه‌هابی له‌گه‌ڵ مه‌عالیمی ته‌ئریخی ڕێك ناكه‌ون.)…(شێخه‌كان تا قه‌وم كه‌رتر بن كه‌یفیان پێ دێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی عاقڵ بێ وه ڕێی ڕاست بگرێ خوا ئه‌زانێ چی‌یان لێ دێ؟ پاپایهكان وه ڕوئه‌سای شیعانیش هاكهزا، سبحان الله قه‌ومیش كه‌یفیان له‌گه‌ڵ وان دێ، ڕقیان له ناصیح و ئهمینان ئه‌بێته‌وه!)…(خۆزی مه‌لای وه‌هابییان تۆزێ هاتبانه سه‌ر عه‌قڵ، به چاوی ئیعتیبار ته‌ماشای ئهحواڵاتی حاچرهیان كردبا، له‌به‌ر لاپه‌ڕه كاغه‌زی ڕیوایات مه‌حروم نه‌بان له موتاڵه‌عه‌ی صهحائیفی ئه‌ییام، مه‌لای ئه‌و عه‌صره بان نه مه‌لای سێزده قه‌ڕن پێش ئه‌مڕۆ…)..
ئه‌وه‌ی به لای ئه‌وه‌وه گرینگه كار و كرده‌وه‌ی چاك و سوودبه‌خشه نه‌ك ڕواڵه‌ت و ڕووكه‌ش، یان قیل و قال، ده‌ڵێ: (ان الارض يرثها الصالحون) ئه‌زانن صاڵح چییه؟ مه‌خه‌ڵه‌تێن صه‌ڵاحی ئیداره و موڵكداری جوایه‌زه له‌گه‌ڵ صه‌ڵاحی صۆفیلكه و مۆفیلكان، وه له‌گه‌ڵ صه‌لاحی مه‌لایان)…(خوا چ ئیشی به ڕیشی ئێمه نییه، گه‌وره‌یه گچكه‌یه، ڕه‌شه سپییه، به ڕدێنی درێژ و گرژ و پان با خۆشه‌ویستیی خودا ده‌با جوو بان)…(من قاعیدهكم داناوه، له حهقائیقی ئیسلامم وه‌رگرتییه، هه‌ر حوكمێ هه‌ر ئیعتیقادێ یا عهمهلێ ئه‌گه‌ر ئینسان بڵندكا ڕووحهكی سه‌عی عه‌مه‌لی بداتێ ئه‌وه له دینی ئیسلامه ئه‌گه‌ر بیلعهكس بێ خاریجی ئه‌صڵی دینه، داخیل كراوه.)…(عیلمی قال و قیل خه‌وف نادا، زاته‌ن عیلم نین، موقهددیماتن بۆ عیلمی نافیع، عیلمی نافیع عیلمی صانیعییهته، عیلمی ته‌بیعه‌ته.)…(بریا مسوڵمانان پێش ئه‌وروپاییان ته‌عقیبی ئاساری ئومه‌می ڕابردوویان كردبا، دوو نه‌فعی تیا ئه‌بوو: دینی، دونیه‌وی، لاكین نه‌یانكرد.)..
زۆر دژی ئه‌و خوڕافه و ئه‌فسانه و هه‌ڵبه‌ستراو و چیڕۆكانهیه كه به ناوی دین بڵاوكراونه‌ته‌وه و مێشكی مسوڵمانانی پێ بۆگه‌ن ده‌كه‌ن، ده‌ڵێ: (شه‌یاتینی خۆمان ئه‌وه‌ی ئاره‌زوویان كرد ده‌یكه‌ن. ئهیهاوێنه ده‌ماغی عه‌وام، خوڕافات، موزهخرهفات، مهوهوومات، موخهییهلات! ئهساتیڕ و حیكایه‌تیان لێ ئه‌كه‌نه مه‌سائیل و حهقائیقی ئیعتیقادیاتی دینی، دوایه ورده ورده ئوكزوبه، موفتهرهیات موخزیات موختهلهقات بۆ كه‌مێ له زهوات كه‌شف ئه‌بێ.)…(حیكایه‌تی صۆفییان، یجوز و لایجوزی سوننیان عاله‌می مه‌حو كرد.)…(حه‌قیقه‌ته‌ن دینی ئیسلام به حاووحوویی ده‌روێشان، فڕمهفڕمی صۆفییان، وه كیفهكیفی تهوهججوهان حیفز ناكرێ، به عیلمی صه‌حیح ئه‌بێ.)…(ئه‌و ده‌جاله‌ی مسوڵمانان به خه‌یاڵ عاله‌می لێ ئهتۆقێنن ته‌ئمینیان ئه‌كه‌م نایگه‌نێ، وه‌كی جووله‌كان تا ئه‌به‌د ئینتیزاری بكه‌ن، به‌و جۆره‌ی كه ده‌ڵێن نابێ، نییه، نه‌بووه.)…(ته‌ئه‌سسوف بۆ مسوڵمانان ڕوویان له هیدایه‌تی قورئان وه‌رگێڕا، به خورافاتیان گۆڕییه‌وه.)…