ئایا ڕاستە جینۆسایدی جولەکەکان درویە؟
خەندان-
وێسایتی كڕین و فرۆشتنی ئەلكترۆنی ئەمازۆنی بەریتانی بەهۆی فرۆشتنی چەند كتێبێکەوە كە بانگەشە دەكات بۆ ئەوەی هۆلۆكۆست تەنها درۆیەكە، رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بۆتەوە.
بەپێی هەواڵێكی دەیلی مەیڵ-ی بەریتانی دەیان كتێب و بڵاوكراوە لەسەر وێبسایتەكە بەنرخێكی هەرزان دەستدەكەوێت كە بانگەشەی ئەوە دەكەن جینۆسایدی جولەكەكان بە دەستی رژێمی نازی زیادەڕۆیی تێداكراوە یان هەر بووونی نییە و دروستكراوە.
یەكێك لەو كتێبانە بریتیە لە “ئەفسانەی لەناوبردنی جولەكە” كە لەلایەن كارلۆ ماتۆگنۆوە نووسراوە و دەتوانرێت بە تەنها 99 پنس داونلۆد بكرێت.
ئەو ناونیشانەو دەیان ناونیشانی دیكە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا ریزبەندی كراون بۆ فرۆشتن لەكاتێكدا لەو وڵاتانە نكۆڵیكردن لە هۆلۆكۆست بە تاوان ئەژماردەكرێت.
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەندەی تایمز پەیوەندی كرد بە ئەمازۆنەوە ئەوان ئەو كتێبانەیان لەو وڵاتانەی باس كران لابردن، بەڵام هێشتا لە بەریتانیا كتێبەكان دەفرۆشردرێن و لەو وڵاتە نكۆڵیكردن لەوەی لە مێژوودا ڕوویداوە بە تاوان لەقەڵەم نادرێت.
كارین پۆلۆك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەنتەری فێركردنی هۆلۆكۆست ترەست لە بەریتانیا بڕیارەكەی ئەمازۆنی بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە كتێبانە بە تۆقێنەر و هەڵە وەسفكردووە و ڕایگەیاندووە هۆلۆكۆست یەكێكە لەو سەردەمە مێژووییانەی كە بەباشی دۆكیومێنت كراوە و هێشتا لەئێستادا دوای 70 ساڵ هەندێك هەن نكۆڵی لەو كارەساتە دەكەن ئەوەش بۆ بچووككردنەوەی هۆلۆكۆست.