له نێوان كوردایه‌تیی و ئیسلام هۆكاری نه‌هامه‌تی كورد چیه؟
(1 له 3)
عه‌لی سیرینی
به‌شی یه‌كه‌م:
ده‌می هه‌ر كوردێك ده‌كه‌یته‌وه كه باسی نه‌هامه‌تی كورد ده‌كات، ده‌یگێڕێته‌وه بۆ هۆكاری نه‌بوونی یه‌كێتی سیاسیی له نێو گه‌لی كورددا (واته نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت) یان ده‌یگێڕێته‌وه بۆ هۆكاری ده‌ره‌كیی وه‌كو عه‌ره‌ب و ئیسلام و…هتد. ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه، ساده‌و ته‌نكه، ده‌لاله‌تیشه له عه‌قڵی ته‌مبه‌ڵی كورد، كه بستێك له‌و دیو شتی باو بیر ناكاته‌وه. ئێمه له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێتی هه‌ستمان نیه وه‌ك گه‌لێك هه‌ڵوه‌دای مافی چاره‌ی خۆ نوسینه له ڕێڕه‌وی ناسیۆنالیزمدا. یه‌كێتی هه‌ست (الوحدة الشعورية او التجانس الشعوري) له نێو كورددا بوونی نیه و یه‌كێتی ویژدان و سهقافهتمان نیه (بۆ نمونه تا ئێستاش جیهانی بادینیی جیایه له جیهانی سۆرانیی!). ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و چالاك كراوه، له قووڵاییه‌وه ئێمه‌ی نه‌كردووه به یه‌كه‌یه‌كی هاوته‌با له نێو خۆ. واته هه‌ستێكی ته‌نك و بێ ناوهڕۆك هه‌یه، وا خۆی نمایش ده‌كات، كه ده‌نگێكی یه‌ك ڕه‌نگی ناسیۆنالییه، به‌ڵام له‌ودیو ئه‌م ده‌نگه‌وه، هه‌ژدیهای گه‌وره‌ی جیاوازیی، به‌زمی خۆی ده‌كات، كه بۆ نمونه له‌م 25 ساڵه‌ی دوایی له هه‌رێمی كوردستان نه‌توانراوه ئه‌م دوو ئیداره‌ییه بكرێته‌وه یه‌ك، یان یه‌ك زمانی ستانده‌ر بۆ خوێندن بهێنرێته كایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی ئینتیما له نێو ڕۆڵه‌كانی پێكهاته‌كانی كورد قووڵتر ببێته‌وه‌و جیاوازییه‌كان بتوێنه‌وه. له لایه‌كی تره‌وه سستیی و ترسنۆكییهكی گشتیی هه‌یه، وایكردووه، ئه‌م پێكهاته ناته‌بایه‌ی ئێمه كاروباری ژیانی بسپێرێ به كۆمه‌ڵێك حزب و كه‌سایه‌تیی نابه‌رپرس، كه خه‌ونی هه‌ره گه‌وره‌ی له خۆشگوزه‌رانییه‌كی كاتیی تێپه‌ڕ ناكات و بیر له ئاینده ناكاته‌وه. له ژێر سێبه‌ری ئه‌م ده‌سته‌ڵاته، گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت هاتبێته كایه‌وه، په‌ره‌سه‌ندنی چینێكه پێی ده‌ڵێن چینی “ڕۆشنبیر” و “هونه‌رمه‌ندان”. ئه‌م چینه، نه‌ك قوڵایی نیه بۆ بیركردنه‌وه له بوون و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پێكهاته خاوه‌ن چه‌ند كێشه‌یه‌ی پێی ده‌گوترێ كورد، به‌ڵكو ئه‌ویش وه‌ك چینی دهستهڵادار، عه‌وداڵی خۆشگوزه‌رانییه كاتییهكانه. خه‌سڵه‌تی گه‌وره‌شی، جه‌نگ كردنه له گه‌ڵ ئه‌و زه‌مینه‌ی كه بوونی كورد به‌سه‌ریه‌وه هه‌ڵساوه‌و دینگه‌كانی بونیادی له نێودا قیت بوونه‌ته‌وه. مه‌به‌ستم له‌م زه‌مینه ئیسلامه. زۆرینه‌ی به‌رهه‌می میدیای كورد، كه ئه‌م چینه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، هێرشكردنه سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه.
ئه‌و زه‌مینه‌ی شوناسی كوردی په‌ره پێداوه، له سه‌ده‌ی دوازدهمهوه له جوگرافیای كوردستان دروستبووه، نه‌خشه‌كه‌ی به ڕێسین و چنینێكی هێواش ده‌ست به‌كار بووه. ئیسلام كه‌لتور و خوێنده‌واریی و خوێندن و شارستانیی هێناوه‌ته نێو ئه‌م پێكهاته‌ی ئه‌مڕۆی پێی ده‌گوترێ كورد و، توڕاسی شه‌فه‌وی پێكهاته‌كانی كوردی گواستووه‌ته‌وه بۆ توڕاسێكی نوسراوی جێگای ڕێز (ڕووی نه‌رێنی ئه‌وه‌یه به چه‌ند زاراوه‌یه‌كی زۆر جیا له یه‌ك ئه‌م گواستنه‌وه‌یه ڕووی داوه!). له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كان چینی خوێنده‌وار دروست بووه. له باكوری كوردستان، به یه‌كێك له زاراوه‌كان (كورمانجی)، ئه‌ده‌بیاتی كورد سه‌ر هه‌ڵده‌دات، دواتر له ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌ست پێده‌كات و دواتریش له ناوچه‌ی سۆران. ئه‌م سێ سه‌رهه‌ڵدانه له‌و حوجرانه‌وه بوو كه له نێو باوه‌شی ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی سه‌ری هه‌ڵدا. به‌ڵام ئه‌م سێ سه‌ر هه‌ڵدانه، له بنه‌ڕه‌تدا، له سێ شوێنی جیاواز و دووره له یه‌ك ڕووی داوه. ئه‌مڕۆ ئه‌م زه‌مینه‌یه زۆر بێ ویژدانانه خاپور كراوه، ڕۆژانه ده‌درێته به‌ر شاڵاوی بوغز و كینه‌ی سوتاندن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌م مێژووه له كورد بكرێته‌وه، هیچ مانایه‌ك بۆ كوردبوون نامێنێته‌وه.
ئێمه پێویسته ئه‌وه بزانین كه تا سه‌ده‌ی دوازدهم، وه‌ك ئه‌وه‌ی “میهرداد ئیزه‌دی” باسی ده‌كات، زۆرینه‌ی كورد مسوڵمان نه‌بووه. واته به تێپه‌ڕبوونی زیاتر له پێنج سه‌د ساڵ به‌سه‌ر ئیسلامه‌وه هێشتان زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان مسوڵمان نه‌بووه. ئه‌م ڕاستیه‌ش بۆ زۆرینه‌ی كورد شتێكی نه‌زانراوه. دواتر له ڕێگای په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بازرگانیی له گه‌ڵ كوردی ناوچه‌ی هه‌كاری، ئیسلام به نێو كوردستاندا بڵاو بووه‌ته‌وه (میهرداد ئیزه‌دی مامۆستای زانكۆیه له ئهمریكاو به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورده).
وه‌ره پێم بڵێ تا سه‌ده‌ی دوازدهم، له ده‌ره‌وه‌ی ئیسلام، ڕۆڵی كورد له‌م ناوچه‌یه چی بووه. تۆ سه‌یرێكی وێنه‌ی هه‌ولێر بكه له سییه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، زیاتر له گوندێكی گه‌وره ده‌چێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له شار بچێت، كه‌چی یه‌كێكه له شاره گه‌وره‌كانی كورد. كه‌واته 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی كورد دانیشتووی چیا بوو. له چیا شارستانی گه‌وره دانامه‌زرێ، چونكه ده‌وڵه‌ت تیایدا كارێكی واقیعیی نابێت، كه پێویستی به كۆكردنه‌وه‌ی باج و سه‌رانه‌و زهڕیبهیه. گوندێك لێره له بناری شاخ و گوندێكی تر له‌ولا له‌سه‌ری چیا، ئێستا له سه‌رده‌می ئینترنێت و ته‌كنه‌ڵۆجیا و عه‌وله‌مه، كه‌نارگیر و لاپهڕگه ماوه، وڵاتان سه‌ر و سه‌لیقه‌یان نیه بچن ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، ئه‌ی ده‌بێ زه‌مانی شمشێر و تیر و ڕم چۆن بوو بێ؟ پێكهاته‌كانی كورد ته‌نها جوگرافیایه‌كی عاسی و سه‌ختییان پێكه‌وه هاوبه‌ش كردووه، زۆر كه‌متریش كه‌لتور و خوێندن و سیستمی حوكمڕانیی. بۆیه‌ش به‌رده‌وام به هه‌ستێكی نامۆ و جیا مامه‌ڵه‌ی یه‌كترییان كردووه (به‌شێكی زۆری ئه‌و دوژمندارییه‌ی ئه‌مڕۆی نێو ئه‌م پێكهاتانه بۆ ئه‌م ڕه‌گ و ڕیشاڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه). ئیسلام سهقافهتێكی یه‌كگرتووی بۆ دروست كردن كه زۆرینه‌یان بوون به شافیعی، له هه‌مان كاتیش‌دا نه‌توانه‌وه له ناو ئیسلام و زمانی عه‌ره‌ب، به‌ڵكوو له‌ته‌ك بوون به مسوڵمان و به‌كارهێنانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانی ژیار، زمانه مردوو و شهفهوییهكانی خۆیان به حه‌ڕفی عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی كوردی خسته سه‌ر پێ و ڕۆحیان كرد به به‌ریان، توانیان ئهدهبییاتێكی نوسراوی پێ بێننه كایه‌وه.
كه‌چی ئه‌مڕۆ، ئه‌و دوو چینه‌ی ده‌سته‌ڵات و “ڕۆشنبیر”، به ناوی كوردایهتییهكهوه له‌م ژێرخانه ده‌ده‌ن، كه خودی كوردایه‌تیی دروستكراوییهتی. ئنجا ئه‌م لێدانه‌ش بۆ ئه‌وه نیه كه‌ڵك و سودێك ببه‌خشرێ به ناوه‌ڕۆكی كوردایه‌تیی یان تاكی كورد، به‌ڵكو ئه‌و بزاڤه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه له جم و جۆڵدایه، به‌شێكی زۆر كه‌می نه‌بێـت، ئه‌وه‌یتر له خزمه‌ت چه‌ند ناوه‌ڕۆكێك و ئه‌جێندایه‌ك دایه كه په‌یوه‌ندی به كوردایه‌تییه‌وه نیه. بۆ نمونه به‌شێك له‌و بزاڤه‌ی به ناوی كوردایه‌تیی تۆز ده‌كات، ئێستا له خزمه‌ت ئه‌جێندای عه‌له‌ویی و شیعه‌گه‌رایی ڕمبازێنی خۆی نمایش ده‌كات. لایه‌نێكی تر ته‌واو گرێدراوی ئێرانه‌و وه‌كو به‌شێك له هێزی ئه‌م وڵاته سیاسه‌ت ده‌كات. ئنجا ڕهوتێكیش هه‌یه وه‌ك چه‌تر وایه، ئه‌جێندای زۆر و بۆری به‌ناو كوردایه‌تیی له ژێریدا كۆبووه‌ته‌وه، ئه‌ویش ڕه‌وتی چه‌پگه‌رایی و عه‌لمانییه‌ته. ئه‌م ڕه‌وته‌ش تا ئێستا هیچی پێشكه‌شی كورد نه‌كردووه جگه له به‌ڵاو گه‌نده‌ڵیی و نه‌هامه‌ت نه‌بێـت. زۆر جاریش ناوهڕۆكیی خێڵه‌كیی و مه‌زهه‌ب گه‌رایی و ناوچه‌گه‌ریی، سواری ئه‌م ڕه‌وته ده‌بێت و “شاكاره‌كانی” به ناوی كوردایه‌تیی و مۆدێرنه پێشكه‌ش ده‌كات.
ئنجا پرسیار دێته ئاراوه: ئایا ده‌كرێ گۆڕانكاریی بكرێت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم، من ته‌واو بێ هیوا نیم. به‌ڵام هه‌ر هیوایه‌كم هه‌بێت، په‌یوه‌سته به ئیراده‌ی من و تۆ و ئه‌ویتری خۆ به كورد زان. واته تاكه‌كان ده‌بێت بێنه مه‌یدانه‌وه به یه‌كگرتنێكی كراوه‌و هۆشیار، كه به هه‌ست و سۆز و ویژدانێكی هاوبه‌ش، ئه‌م ئیراده‌یه، بخرێته گه‌ڕ، كه پێویسته له سه‌ر زه‌مینه‌كه‌ی كۆك بین و ویستیی ئازادی ته‌واوی خۆمان نمایش بكه‌ین. به‌ڵێ ڕێگاكه دوور و زه‌حمه‌ته، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا موسته‌حیل نیه‌و به‌ڵكو ئاسانیشه. ئه‌مه گه‌ر بمانه‌وێ ئاینده‌یه‌كی ئاسوده‌تر و پارێزراوتر بۆ نه‌وه‌كانمان بهێنینه كایه‌وه.
بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تای وتاره‌كه. به هۆی نه‌بوونی یه‌كێتی هه‌ست و نه‌ست و یه‌كێتی سه‌قافیی و هۆشیاریی و ویژدانی كۆ (الوعي والضمیر الجمعي)، ئیراده‌ی تاكه‌كان كز و لاواز بووه و خودی تاكه‌كان بوونه‌ته ئه‌و ژماره زۆره‌ی بۆشایی شوێن و كات پڕ بكاته‌وه. پڕكردنهوهیهك له‌دایكبووی ڕێككه‌وته، چونكه لێره، له كوردستان ئه‌م تاكانه هاتوونه‌ته دونیاوه. ئیتر لێره‌ش، به زه‌حمه‌ت و، زۆر به هێواش، جه‌وهه‌ری مێژوو ده‌گۆڕێ، چونكه ئه‌م تاكانه/ ژمارانه، ته‌نها ئۆقره‌یان به‌م فه‌وزایه گرتووه كه تێی كه‌وتوون: تهپــیـن و ســـســتـیـی و خۆ قاوغكردن، كه دیده‌ن و ناوهڕۆكیانه. له به‌ر ئه‌وه ده‌بینی ئێستا بۆ كورد هه‌مان سه‌ده‌ی شازده‌مه كه له نێو ده‌وه‌ڵه‌تی سه‌فه‌ویی و عوسمانیی دابه‌شبوون. ئیتر بۆیه هه‌ندێك هزرڤان ده‌ڵێن مێژوو ته‌نها له نێو میلله‌ته سه‌ره‌تاییه‌كان خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، سه‌باره‌ت به كورد، ژێر خانی پێكهاته‌كه‌ی قه‌ت نه‌گۆڕاوه: هه‌مان په‌رته‌وازه‌ی هه‌ست و نه‌ست و ویژدان و كه‌لتوری هه‌یه، كه چه‌ند سه‌ده‌یه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. سۆرانیی و بادینیی و سلێمانیی و هه‌ولێریی و دهۆكیی و خێڵه‌كیی و ناوچه‌یی و زاراوه‌یی و …هتد ئه‌و دیواره به‌رز و پتهوانهن، كه ڕۆح و نه‌فسی پێكهاته‌ی كوردی‌یان پهرتهواز كردووه، زیاتر له شاخ و چیا به‌رزه‌كان كه ئه‌م جوگرافیایه‌ی له نێو هه‌ور و ته‌م و مژی لاپه‌ڕگه‌یی و نامۆیی جێهێڵاوه. ڕاسته ئیسلام زه‌مینه‌ی كوردبوونی به‌خشی به كورد، به‌ڵام خودی كورد په‌ره‌ی پێ نه‌داوه (به‌رهه‌می مه‌لای جه‌زیریی و فه‌قێ ته‌یران و ئه‌حمه‌دی خانیی ته‌نها له ناوچه‌ی هه‌كاریی و ده‌وروبه‌ری مایه‌وه. به‌رهه‌می نالیی و مه‌حویی و به‌رهه‌می سۆرانیی به‌گشتیی ناوچه‌ی خۆی ڕت نه‌كرد…هتد. كاری گوندنشینێكی بناری گوێژه یان هه‌ندرێن یان حه‌مرین به فه‌قێ ته‌یرانه‌وه چی بووه؟ كاری گوندنشینێكی چیای گاره، یان شاخه به‌رزه‌كانی باكوری كوردستان، به مه‌حوی و نالی چی بووه؟). به‌سه‌ر ئه‌وه‌شه‌وه، ئینتیما بۆ كه‌لتوری گه‌لانی ده‌وروبه‌ریش قوڕه‌كه‌ی خه‌ستتر كردووه، كه پێكهاته‌یه‌كی كوردی نزیكتر كردووه‌ته‌وه له میلله‌تێكی غه‌یره كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له پێكهاته‌یه‌كی تری كورده‌وه.
لێره‌دا، له ئاست سیاسه‌ت، ئه‌م پێكهاته‌یه به‌و توخم و ئامێرانه له گه‌ڵ یه‌ك هه‌ڵناكات كه‌وا نیشان بدات شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌و ڕۆڵه‌كانی وه‌ك نه‌وه‌ی یه‌ك میلله‌ت هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كه‌ن. نه‌خێر. به‌رده‌وام هه‌ست و نه‌ستی پێكهاته‌كان، گرێدراوی ئه‌و شوناسه بچوك و گۆشهگیرانهیه، كه كه‌لتوری په‌رته‌وازی خۆیانیان به سه‌ریه‌وه دروست بووه. بۆ نمونه ئێمه به زۆر ده‌مانه‌وێ میدالیای كوردایه‌تیی بخه‌ینه ملی عه‌له‌ویی كورد، یان ئێزیدیی یان پێكهاته‌كانی تر. به‌ڵام له واقیعدا ئه‌مانه ئینتیما و هه‌ست و نه‌ستیان گرێدراوی شتێكه زۆر دووره له كوردایه‌تیی. لێره‌شه‌وه ده‌بینین، چونكه كوردایه‌تیی ته‌واو له زه‌مینه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی نامۆ كراوه، بووه‌ته شتێكی ڕواڵه‌ت و بێ ناوهڕۆك، ته‌نانه‌ت پڕ نه‌هامه‌تیی و كاره‌سات.
به‌ڵام كه ده‌می هه‌ر كوردێك ده‌كه‌یته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه یان یه‌خه‌ی ئیسلام، یان عه‌ره‌ب و ئه‌وانیتر ده‌گرێت كه كورد كه‌تووه‌ته ژێر باری به‌ڵاو نه‌هامه‌تییان، یان ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ ئێمه بۆیه ئاوامان به‌سه‌ر هاتووه چونكه ده‌وڵه‌تمان نیه. پرسیاره‌كه ههڵناگێڕێتهوه كه نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت هۆكاره‌كه‌ی له نه‌بوونی زه‌مینه‌یه‌كی پته‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. یه‌كێكیش له هۆكاره‌كانی ئه‌م دۆگمایه ئه‌وه‌یه تاكی كورد حه‌ز ده‌كات هۆكاری شكستیی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌موو شتێكی ده‌ره‌كیی، بۆ ئه‌وه‌ی له خۆی ببورێ هزرێك له گۆڕینی واقیعه‌كه‌ی بكاته‌وه.
ماویه‌تی