Home / مێژووی ئیسلام / ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا: (پەیامێک لەمەڕ پێگەی کەسان و پیرۆزیی مەبدەئەکانەوە)

ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا: (پەیامێک لەمەڕ پێگەی کەسان و پیرۆزیی مەبدەئەکانەوە)

31102016120160629-1231

ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا: (پەیامێک لەمەڕ پێگەی کەسان و پیرۆزیی مەبدەئەکانەوە)

نووسەر:

محمدی کوڕی موختاری شەنقیتی

بەکوردیکردنی: یوسف مەلا خەلیل

بەشی یەکەم:

(دەروازە)
ڕەسەناندنی شەرعی و هۆشیاریی مێژوویی

هۆشیاریی مێژوویی بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرەگرنگ و بنچینەییەکانی ڕۆشنبیریی هەر ئوممەتێک ئەژمار دەکرێ، بۆیە هەر ئوممەتێک لە سۆنگەی بەها باڵا تایبەتییەکانییەوە ڕۆنانی داهاتووی خۆی بە لاوە گرنگ بێ و لەسەر بونیاتنانیان مکوڕ بێ، ئەوا دەبێ پشتگوێی نەخا و لێی بە ئاگا بێ.
هۆشیاریی مێژوویی بەتایبەت لە ئوممەتی ئیسلامیدا پتر جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی خۆی دەکاتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەندییە توندوتۆڵەی ژیارەکەی بە سرووش و، ئەو میراتە مێژووییە گەورە و گرنگەی بۆی بەجێ ماوە.

بێگومان بەهۆی ئەو هۆشیارییە مێژووییە دروستەیشەوە، ڕۆڵەکانی ئوممەت دەگەنە ئەوەی جەخت لەسەر سێ حەقیقەتی ڕوون بکەنەوە:

1. دانانی هێڵێکی جیاکەرەوەی دیار لە نێوان سرووش و مێژوودا، بە شێوەیەک دەست بەو سرووشە دابەزێنراوەی کە پێی دەڵێین قورئان و سوننەتەوە بگیرێ و، گرنگی تەواویش بە ئەزموونی مێژوویی بدرێ، بە بێ ئەوەی ئەزموون بکرێتە بنچینە و شتی دیکەی پێ بپێورێ، یاخود ببێتە پێودانگی ڕاستی و چەوتی و، بەرمەبنای ئەو، بڕیار بەسەر شتەکاندا بدرێ.

2. دانانی سنوورێکی جیاکەرەوەی دیار لە نێوان مەبدەئەکان و ئەو هۆکار و ئامرازە مێژووییانەی مەبدەئیان لە قاڵبی مرۆڤەکاندا بەرتەسک کردووەتەوە، بە شێوەیەک ئیدی دەرگا لە بەردەم نوێکردنەوەی ئامرازەکاندا کراوە بێ، بێ ئەوەی لە مەبدەئەکان لا بدرێ و، چەقبەستوویی لەسەر کۆمەڵێک ئامرازی دیاریکراو با ئیدی بەس بێ، ئەگەرچی سوودیشی لە ڕابردوودا سەلمێنراو بێ.
3. دانانی تخووبێکی جیاکەرەوەی دیار لە نێوان پێگەی کەسایەتییەکان و پیرۆزیی مەبدەئەکان، کەسەکان پێگەی خۆیان لە خزمەتکردنی مەبدەئەکانەوە وەردەگرن، کاتێک پارێزگاری لەو پێگەیەیان بە چاوپۆشی لە مەبدەئەکان ئاڵوگۆڕ بوو، یان بە لێڵی و ناڕوونیی پرەنسیپەکان لە بیری خەڵکییدا کۆتایی هات، ئەوا بێگومان لە مەبەست و ئامانجەکەی لای داوە.

بە دڵنیاییەوە ماوەی دروستبوون و بناغەدانان لە مێژووی هەر ئوممەتێکدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و، هۆشیاریی مێژووییش لە بارەی ئەو ماوەیەوە پێویستییەکی بەڵگەنەویستە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی تێکەڵبوونی پرەنسیپ و ئامراز و کەسایەتییەکان لەم قۆناغەدا، ئەوی باو و زاڵە ئەوەیە، هەردەم قۆناغی بناغەدانان لە بیری نەوەکانی داهاتوودا بە (قۆناغی پیرۆزکردن) ئاڵشت دەبێ: وەنەبێ تەنێ پیرۆزکردنی مەبدەئەکان بێ و بەس –کە ئەمە پێویستە- بەڵکە پیرۆزیی بە ئامرازەکانی ئەو قۆناغە و پیاوانی هەڵگری مەبدەئەکانیش دەدرێ.

لەسەر بنەوای هەموو ئەمانەش، ئەم پەیامە دەستێکی یارمەتییە بۆ ڕۆنانی هۆشیارییەکی مێژوویی هاوسەنگ بە هەڵسەنگاندنی ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی لە نێوان ئەوانی سەرەتادا –بەتایبەت هاوەڵان خودایان لێ ڕازی بێ- ڕووی دا، لەگەڵ وەستان لەسەر ئەوەی شێخولئیسلام ئیبنوتەیمییە و فەرموودەناسان لەم بارەیەوە پێشکەشیان کردووە.
بۆ نووسینی ئەم بابەتەش کۆمەڵێک دەستەواژە سەرنجیان ڕاکێشام، لەوانە:

*بە دڵنیاییەوە هاوەڵان لە مێژووی ئیسلامیدا وەک نەوەی بناغەدانەری ئەم ژیارە تەماشا دەکرێن، ئەوان ئەو نەوەیە بوون کە پشتی نێردراوی خودایان گرت و سەرخەری بوون، هەر ئەو نەوەیەش بوون دەوڵەتی ئیسلامییان دامەزراند و تخووبەکانیان بەرفراوان کرد.

هەر بۆیە هەرچییەک لەو نەوەیەوە دەرچێ، ڕەنگی بەبنەوابوون لای ڕۆڵەکانی داهاتووی ئیسلام وەردەگرێ، کارە دروست و ڕەوا و پێکراوەکانیان بەهای گرنگ و بنچینەیی خۆی دەبێ و، کارە چەوت و ناڕەواکانیشیان دیسانەوە مەترسی خۆی جێ دەهێڵێ، ئەگەرچی زۆرجار خەڵکی پتر کەیفیان بە لاساییکردنەوەی گەورەکان لە هەموو شتێکدا دێ.
بێگومان ئەو جوداوازی و ناکۆکییانەی لە نێوان ئەوانی یاراندا ڕوویان دا، پەلی سێبەری خۆی بەسەر هەموو قۆناغەکانی مێژووی ئیسلامیدا هاویشتووە و، ئێستا و ڕابردووی وا تەنیوین، بەڵکە هەر لە سەرەتای سەدەی یەکەمی کۆچییەوە تا ئەوڕۆ، ژیاریی ئیسلامی بە ڕەنگ و مۆرێکی تایبەت مۆر و ڕەنگڕێژ کردووە و، ئەو ناکۆکییانە -ڕاستییەکەی- کلیلی مێژووی ئیسلامی و کۆمەڵگەی ئیسلامیین.

ئیبنوتەیمییەش گوزراشت لەم ڕاستییە دەکات و بەم شێوەیە لەم بارەیەوە دەپەیڤێت: “ئەو ناکۆکی و شەڕوشۆڕەی بە دەست و بە زمان لە نێوان ئەوانی یاراندا ڕووی دا، بوو بە بناغەیەک بۆ ئەوەی لە دوای ئەوان لە نێو ئوممەتدا بەرپا بوو، جا با کەسی ژیر لەمەوە فێر بێ و پەندی لێ وەربگرێ.”
*بێگومان تەنێ بە باشی تێگەیشتن لەو قۆناغە مێژووییە هەستیارە و، کۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی وردودرشت بە تەنگمانەوە دێ و، هەر بەوەش لەو دەرهاوشتانەی کە تا ئێستاکەیش وا لە کۆڵمان نابنەوە و بیر و واقیعی ئوممەتمان بەڕێوە دەبەن، دەکرێ ڕزگارمان ببێ.
ئەو پەند وەرگرتنەی ئیبنوتەیمییە بانگی بۆ دەکات، هەرگیز بەجێ نایێ، مەگەر بە کۆڵینەوە و گەیشتن لەو قۆناغە مێژووییە لە ژێر ڕۆشنایی مەشخەڵی پرەنسیپە باڵاکانی ئیسلامدا نەبێ.
ئاخر چۆن دەکرێ پەندی لێ وەرگرین، لە کاتێکدا لە ئاست ڕاستیی ڕووداوەکاندا نەفام بین و، لە بارەیانەوە دەست لەسەر دەم بێدەنگ ببین.

*ئەوانەی توێژینەوەیان لەسەر ئەم ماوە مێژووییە کردووە و ڕێیان لەم باسە کەوتووە، زۆربەیان ڕێگەیەکی میانەیی و دادپەروەرانەی وایان نەگرتووەتە بەر کە بتوانن پیرۆزیی پرەنسیپەکان و پێگەی کەسایەتییەکان پێکەوە گرێ بدەن، بەڵکە هەردەم پەرچەکردار بەڕێوەی بردوون و بەو گیانەوە مامەڵەیان لەگەڵ باسەکەدا کردووە، هەر بۆیە هەمیشە کەوتوونەتە نێو زۆنگاوی زێدەڕۆییەوە –ڕاستییەکەی من لێرەدا مەبەستم زێدەڕۆیی شیعە نییە، کە ئەمە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە و، زۆرێکیش ڕێیان تێ کەوتووە- بەڵکە من مەبەستم ئەو زێدەڕۆییەیە کە زۆرێک لە ئەهلی سوننە لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی ئەوانی شیعەوە تێی کەوتوون، ئەوەش زێدەڕۆییەکی تا بتەوێ ورد و شاراوەیە، چون ئەمیان بە نێوی بەرگریکردن لە یارانی ڕێزدارەوەیە.

هاوسانى

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …