هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كانی توركیا له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد (1923 – 2013)
ناوه‌ندی میلله‌ت بۆ توێژینه‌وه
نوسنینی/ غازی فه‌یسه‌ڵ غه‌دیر
سه‌رچاوه: مجله المستنصریه للدراسات العربیه والدولیه
وه‌رگێرانی: به‌رزانی مه‌لا ته‌ها
به‌شی یه‌كه‌م
پوخته‌ی كۆڵینه‌وه:
حكومه‌ته‌كانی توركیا دژ به‌ته‌واوی راپه‌ڕینه‌كان وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئه‌و راپه‌ڕینانه‌ی، كه داوای مافه سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردیان كردووه، به‌مشێوه‌یه به‌ناچاریی به‌رگرییان له‌خۆیان كردووه‌و رێوشوێنیان گرتۆته‌به‌ر، كه ده‌ره‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموونه‌كان بوون و بوونه‌ته مایه‌ی به‌كارهێنانی باشترین رێگه‌كان بۆ پاراستنی شوناسی فه‌رهه‌نگیی كورد، P.K.K پێڕه‌ویی له‌كاری گهرێلایی كردووه وه‌ك یه‌كێك له میكانیزمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری ده‌وڵه‌ت، وێڕای سوود وه‌رگرتن له بارودۆخه هه‌رێمییه سیاسیی و ته‌كتیكییه به‌رده‌سته‌كان له‌پێناو په‌ره‌دان به‌توانا لۆجستیی و سه‌ربازییه‌كان، وه‌ك وه‌به‌رهێنانی دژواریی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا له‌لایه‌ك و یۆنان و سوریاش له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له‌قووڵایی جوگرافیی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی له باشووری كوردستان، كه له‌ساڵی 1992 ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی توانای به‌سه‌ریدا ناشكێت. حكومه‌ته‌كه‌ی ئۆزال كاری كرد بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستگه‌لێك له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه هاوپه‌یمانه‌كان له‌پێناو به‌دیهێنانی په‌ناگه‌ی ئارام بۆ كوردانی عێراق. له‌ساڵی 2003 كوردانی عێراق ده‌ستیان دایه رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕالیزم، حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌ستپێشخه‌ریی دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی ستراتیژیی كرد له‌گه‌ڵ كوردستانی عێراقدا به‌ئامانجی به‌دیهێنانی باشترین شێوه‌كانی هاوكاریی له بواری وه‌به‌رهێنان و هاریكاریی ته‌كنه‌لۆژیی له‌بواره‌كانی نه‌وت و وزه‌و بازرگانیدا. له‌هه‌مان كاتیش‌دا هێزه‌كانی P.K.K له چیاوچۆڵهكانی قه‌ندیل له باشووری كوردستان بنجیان داكوتاوه. وه‌به‌رهێنانی باشی هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی و هه‌رێمیی له‌لایه‌ن هێزه كوردییه‌كانه‌وه له توركیا بۆته مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی نوێ له به‌دیهێنانی هاوسۆزیی ده‌ره‌كیی رای گشتیی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر بهكێشهكهیان و به‌دیهێنانی فشاری سیاسیی له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كانیان، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و حكومه‌تانه پێڕه‌ویی له‌هه‌ڵوێستی نه‌رم بكه‌ن له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پێوه‌ره‌كانی كۆپنهاگن بۆئه‌وه‌ی توركیا له‌ئاینده‌دا ببێته ئه‌ندام له‌یه‌كێتی ئه‌وروپیی.
هه‌رسێ حكومه‌ته توركییه‌كه‌ی كۆتایی به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆگان به‌شێوه‌یه‌كی جددیی له كوردیان روانیوه له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆكه‌ی (توندوتیژیی تاكه رێگه نیه بۆ چارهسهركردنو ته‌وقدانی كێشه‌ی كورد‌و پێویستیی به‌كارهێنانی میكانیزمی نوێ). لێره‌دا ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسیی له‌لایه‌ن ئه‌و حكومهتانهو كورده‌وه ده‌ركه‌وتوون له پێناو ئاشتی و هه‌ڵگرتنی توندوتیژیی به‌شێوه‌یه‌كی كاتیی و ده‌ستكردن به گفتوگۆی سیاسیی، به‌ڵام كاركردن به‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه دێژه ناكێشن، چونكه رێگه‌ی ئاشتی دووچاری چه‌ندین به‌ربه‌ست و قۆرت ده‌بێته‌وه، به‌مشێوه‌یه سه‌رله‌نوێ كێشه‌ی كورد ده‌باته‌وه بۆ رێگه‌ی توندوتیژیی و هه‌ڵاتن بۆ پێشه‌وه.
-وشه دهروازهییهكان: توركیا‌و كورد، پارتی كرێكارانی كوردستان، سیسته‌می پاسه‌وانانی گوند، پاشكه‌وتوویی خێڵه‌كیی كورد، گاپ.
پێشه‌كی:
توركیا له‌م دوو ده‌یه‌دا چه‌ندین گۆڕانكاریی سیاسیی به‌خۆوه‌بینی، له‌سه‌رێی هه‌مووشیانه‌وه هه‌ڵكشانی ململانێی نێوان كورد‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ت، كێشه‌ی كورد له‌شانۆی رووداوه‌كاندا خۆی وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تدا پێشنیاردهكردو، لهههوڵو هه‌ڵپه‌ی سه‌لماندنی بوونی خۆی و په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ دۆخێكی تری چاره‌سه‌ریی به‌وپێیه‌ی به‌شێكی كێشه‌ی سه‌ره‌كیی توركیان … ئه‌م كۆڵینه‌وه له هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌ی كورد ورد ده‌بێته‌وه وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رووداو و هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته ئاڵوگۆڕه‌كان له نێوان ده‌وڵه‌تی توركییو كورددا، كه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كین و له هه‌مان كاتیش‌دا یه‌كێكه له سه‌رچاوه‌كانی هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر توركیا … هه‌ردوولا چه‌ندین رێگه‌یان گرتۆته‌به‌رو چه‌ندین میكانیزمیشیان به‌گه‌ڕخستووه له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یه‌كتریدا… ئه‌مه‌ش زنجیره‌یه‌ك رووداو و گۆڕانكاریی پێكهێناوه‌و، مۆركی توندوتیژیی وه‌رگرتووه، كه سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌ت ده‌ستیدایه ئه‌و زه‌برو زۆنگه به‌وپێیه‌ی لایه‌نی مامه‌ڵه‌ی زاڵه‌و دووربووه له ده‌ستپێشخه‌ریی و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ریی سیاسیی.
لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان به‌دواداچوونی كردووه بۆ هه‌ڵوێستی حكومه‌ته توركییه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ده‌ورانی كه‌مالییه‌وه تا سێیه‌م حكومه‌تی ئه‌ردۆگان .. لێكۆڵینه‌وه‌كه بۆ پێشه‌كییه‌ك و چوار ته‌وه‌ره‌و پاشهكییهك دابه‌شبووه:
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: قۆناغی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا‌و سیاسه‌تی هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی گه‌ل و پارتی دیموكرات له‌به‌رامبه‌ر كورد.
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: حكومه‌تی كۆده‌تا سه‌ربازییه‌كان لهتوركیاو ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی گرتوویانه‌ته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد.
ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كانی توركیا له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد له‌پاش ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئۆجه‌لان.
ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: سیاسه‌تی خاوه‌ن تێڕوانینی ئیسلامیی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان به‌رامبه‌ربه كێشه‌ی كورد.
یه‌كه‌م: قۆناغی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا‌و سیاسه‌تی هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی گه‌ل و پارتی دیموكرات به‌رامبه‌ر به كورد:
مسته‌فا كه‌مال له‌ساڵی 1923دا ده‌ستیدایه پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی توركیا له رێگه‌ی ئاوێته‌كردنی كه‌مینه‌كان له پێكهاته‌ی گه‌وره‌ی توركیادا‌و، بوونی نه‌ته‌وه‌ی كوردیشی له‌توركیادا فه‌رامۆشكردو، ناوی (توركی شاخاویی) به‌سه‌ردابڕین، هه‌روه‌ها پێیوابوو ئه‌وانه توركن و ده‌بێت مۆدێرن بكرێن. كوردانیش ملیان بۆ دۆخه نوێیه‌كه نه‌داو هه‌وڵیشیاندا ته‌واوی میكانیزمه‌كان له‌پێناو ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بگۆڕن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ژده جار راپهڕینو شۆڕ‌شیان به‌رپاكرد، له گرنگترینیان: راپه‌رینه‌كه‌ی ساڵی 1925، راپه‌رینه‌كه‌ی ئاگری 1928 – 1930 ، شۆڕشی ده‌رسیم 1936 – 1938. مسته‌فا كه‌مال به‌توندی ئه‌و راپهڕینو شۆڕشانه‌ی لهبێخهێنا له رێگه‌ی دروستكردنی میلیشیاگهلێكهوه به‌هه‌مان شێوه‌ی سواره‌ی حهمیدییهكان، كه هاریكاربوو له میلیتاریزه‌كردنی هه‌ندێك له خێڵه كوردییه‌كان ئه‌وانه‌ی، كه رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بوو له سهرنخونكردنهوهو داپڵۆسینی شۆڕشه كوردییه‌كان. به‌مشێوه‌یه كوردان گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه كۆنه‌كه‌یان به به‌رپاكردنی شه‌ڕی ئه‌وانی تر دژبهیهكتری. هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی به‌رفراوانكردنی ژماره‌ی سوپا‌و تازه‌كردنه‌وه‌ی چه‌ك و په‌ره‌دان به شاره‌زاییه‌كانیان و دابه‌شكردنی توركیا بۆ چوار ناوچه‌ی سه‌ربازیی به‌ئامانجی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سوپا به‌سه‌ر “پشێوی و دڕدۆنگییهكان و سه‌ركوتكردنی هه‌ر جووڵانه‌وه‌یه‌كی یاخی یاخود شۆڕشێك، كه كورده‌كان پێی هه‌ستن”. دیسان حكومه‌ت چه‌ندین رێوشوێنی گرته‌به‌ر بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا به‌دانانی یاسای نیشته‌جێ بوون له‌ساڵی 1937 (سه‌رله‌نوێ نیشته‌جێكردنه‌وه)، كه ده‌سه‌ڵاتی دایه حكومه‌ت بهنیشتهجێكردنی غه‌یره توركه‌كان له‌و ناوچانه‌وه، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌چڕیی تورك بوون.(1)
له‌ئاكامی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ش، خه‌ڵكی ده‌رسیم، كه توندترین شێوه‌كانی سه‌ركوت و ناسۆریان چه‌شت له‌لایه‌ن سوپای توركیا‌و میلیشیا خێڵهكییهكانهوه، له‌تشرینی دووه‌می 1937 هه‌ستان به ئاڕاسته‌كردنی په‌یامێك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان تێیدا په‌ڵپیان له رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت گرت دژ به‌كوردان و جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌نده تایبه‌ته‌كان به كورد له‌په‌یماننامه‌ی لۆزان له ساڵی 1923 وه‌ك بێبه‌ش بوون له به‌كارهێنانی زمانی كوردیی له‌هیچ بوارێكی ژیانی رۆژانه‌و فه‌رهه‌نگییدا وه‌ك قوتابخانه‌و دادگه‌كان له ته‌واوی ناوچه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ، هه‌روه‌ها دژ به‌جێبه‌جێ كردنی یاسای نیشته‌جێكردن له‌ساڵی 1937 دا. له‌به‌رامبه‌ردا كوردان وه‌ڵامێكیان له كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌ریتانیا دایه پاڵ توركیا‌و ده‌وڵه‌تانی هاوسێی لهپاساوهێنانهوه بۆ سیاسه‌ته‌كانی سه‌ركوتكردنی یاخیبوونه كوردیی و خێڵه‌كییه‌كان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و په‌ره‌پێدانیان، بۆیه‌شه به‌ئاڕاسته‌یه‌كدا هه‌نگاوی نا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بچنه ناو قه‌واره‌یه‌كی هه‌رێمییه‌وه به‌چاودێری به‌ریتانیا بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان له‌به‌رامبه‌ر ته‌حه‌دییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی، كه به‌ربه‌ست و قۆرتن له‌ڕێگه‌ی هاریكاریكردنی هه‌رێمییه‌وه، لێره‌دا {په‌یماننامه‌ی سه‌عدئاباد} له‌نێوان توركیا‌و ئێران و عێراق و ئه‌ڤغانستان له‌دایكبوو، كه له‌ته‌موزی ساڵی 1937دا مۆركرا.(2).
مسته‌فا كه‌مال له‌ساڵی 1938 مرد، به‌ڵام تێڕوانینه ئاسایشیی و تهوقدانهكانی دژ به‌كێشه‌ی كورد بوونه بنه‌مای ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی توركیا، هه‌روه‌ها بوونه نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ سیاسه‌توانانی تورك له‌دژی كورد، به‌مشێوه‌یه جێگره‌وه‌كه‌ی عیسمه‌ت ئینۆنۆ 1938 – 1960 پابه‌ندبوو به‌و بنه‌مایانه‌وه. پاشتر جه‌نگی دووه‌می جیهانیی 1939 – 1945 هاتهپێشی بۆ زیادبوونی به‌كارهێنانی باری نائاسایی. له‌قۆناغی پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانیشدا هیچ گۆڕانێك له‌مامه‌ڵه‌كردنیان له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد نه‌هاته‌ئاراوه، وێڕای ده‌ركه‌وتنی بڕێك كرانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی له رێگه‌ی كاركردن به فره‌حیزبیی. له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا {عه‌دنان مه‌نده‌ریس / 1950 – 1960} ، كه له‌ساڵی 1946 پارتی دیموكرات دامه‌زراو زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 1950، 1954 ، 1957 یه‌ك له‌دوای یه‌ك ماشییه‌وه، كه چاویان له‌كۆتایی هێنان بوو به (قۆناغی كه‌مالیی)و سه‌رله‌نوێ چاوخشاندنه‌وه بوو به سیكۆلاریزم و سه‌رله‌نوێ گێڕانه‌وه‌ی سه‌نگ و بایه‌خی ئیسلام، ئه‌مه‌ش هیچ گۆڕانێكی له هه‌ڵویستی توركه‌كاندا دروستنه‌كرد له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یره توركه‌كان. بگره توركیا زیاتر هه‌وڵی ده‌دا بۆ چه‌سپاندنی تێڕوانینه‌كان بۆ ته‌وقدانی كێشه ناوخۆییه‌كان دژ به‌كورد تاكو چوارچێوه‌ی هه‌رێمیش بگرێته‌وه، بۆیه‌شه شوباتی ساڵی 1955 له‌پێناو ئه‌م ئامانجه‌دا هه‌ردوو حكومه‌تی توركیا‌و عێراق په‌یماننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان مۆركرد تێیداهاتبوو “هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌بواره‌كانی ئاساییش و به‌رگریدا” هاوكاری یه‌كترده‌بن، پاشتر هه‌ریه‌ك له‌به‌ریتانیاو پاكساتان و ئێران له‌هه‌مان ساڵدا دایانه پاڵ پهیماننامهكهو، پاشتر هاوپه‌یمانێتییه‌كه به {په‌یمانی به‌غدا} ناسرا.(3)
دووه‌م: حكومه‌تی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كان له توركیا‌و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی گرتوویانه‌ته به‌ر له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد:
سوپای توركیا له‌ماوه‌ی ساڵانی (1960 ، 1971 ، 1980 ، 1997) چوار كوده‌تای سه‌ربازییان له‌ژێر ناوی پاراستنی سێكیۆلاریزم و پره‌نسیپه‌كانی ئهتاتوركیزمدا ئه‌نجامدا، به‌ڵام دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له توركیا هیچ گۆڕانێكی سیاسیی به‌خۆوه نه‌بینی، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كودهتایانه ئه‌وه‌نده بوێرییان نه‌بوو دان به‌كێشه‌ی كورددا بنێن له توركیا، به‌ڵام ئه‌و حكومه‌تانه‌ی لێیه‌وه پێكهاتن چه‌ندین جار جه‌ختیان له پێویستی لاكردنه‌وه كردووه بۆ گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات له توركیا تاكو بگاته‌وه به‌ئاستی ناوچه‌كانی تر. هه‌ردوو ده‌ستووری ساڵی 1961 و ساڵی 1982 پره‌نسیپه‌كانی كه‌مالیزم و یاسای سزادانی توركیایان پاراست و، ده‌سه‌ڵاتی سوپایان چه‌سپاند له هه‌ژموونی به‌سه‌ر ژیانی سیاسیی له توركیادا له‌كاتێكدا ئاماژهكردنیان بۆ دۆخی كورد یاخود كه‌مینه غه‌یره توركه‌كان فه‌رامۆشكردو، هیچ به‌ندێكی ده‌ستووریی سه‌باره‌ت به ئه‌وان نه‌نووسرایه‌وه. ئه‌و قۆناغه چه‌ندین دیارده‌ی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌خۆوه بینی، له‌سه‌رێی هه‌مووشیانه‌وه جموجۆڵی چالاكه‌وانانی كورد‌و مه‌یلیان به‌لای رێكخراوه چه‌پ و سۆسیالیستییه ئاشكرا‌و نهێنییه‌كان، بگره هه‌ندێك له چالاكه‌وانانی كورد هه‌ستان به‌دامه‌زراندنی رێكخستنی سیاسیی تایبه‌ت به‌خۆیان، پارێزه‌ر {فایه‌ق بوجاك} په‌رله‌مانتاری ئورفه {پارتی دیموكراتی كوردستان}ی له ساڵی 1963دا دامه‌زراند، به‌ڵام پارته‌كه وه‌رچه‌رخا بۆ كاری نهێنیی به‌هۆی راوه‌دوونانی ده‌سه‌ڵات و به‌رگرتن له جموجۆڵه‌كانیان.(4) دیسان كوردان له كاری میدیاییدا بزووتنو جووڵه‌یان تێكه‌وت و ده‌ستیاندایه بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی كه‌لتوری كوردیی و، هه‌ندێك رۆژنامه ره‌واجیان به شیعری كوردیی و نووسینی قه‌سیده‌ی كوردیی ده‌دا به‌پیتی لاتینی‌و توێژینه‌وه‌ی فۆلكلۆریی له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ و پێویستی گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ناوچه‌یه، گۆڤاری {ینی أقیشم} ته‌وژمی نوێ كه گۆڤارێكی مانگانه بوو له ئه‌نكه‌ره، خاوه‌نه‌كه‌ی {عه‌باس ئیزۆل} بوو، چه‌ندین بابه‌تی بڵاوكرده‌وه، كه ره‌خنه‌ی له حكومه‌ت ده‌گرت چونكه هه‌ڵناستێت به گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه كوردییه‌كه. ئیدی له‌پاش ده‌رچوونی حه‌وت ژماره له‌ساڵی 1967 ده‌سه‌ڵات هه‌ستا به‌داخستنی گۆڤاره‌كه به‌بیانوی زیانگه‌یاندن به یه‌كێتی نیشتیمانیی و پشتیوانیكردن له‌بیری جیاخوازیی. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌م ئاڕاسته‌دا هه‌ڵوێسته‌كانی خۆیان بنجداكوتاو كرد له‌كاتێكدا یاسای ژماره 6/7635 ده‌رچوو، كه به‌پێی یاساكه رێگریی له‌هاورده‌كردنی بڵاوكراوه‌و كاسێت و فیلمی كوردیی بۆ توركیا كرد. هه‌روه‌ها تێیدا قسه‌كردنی به‌زمانی كوردیی بڤه كرد. سه‌رباری ئه‌وه‌ش كورده‌كان هێزه سیاسییه‌كانی خۆیان له‌رێگه‌ی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه گردكرده‌وه، هه‌ڵبژاردنه پارله‌مانییه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان گرنگیی ده‌نگی كوردی سه‌لماندو، قه‌باره‌ی سیاسیی هێزه چه‌په‌كانی توركیا‌و جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌یه‌ك كاتدا هه‌ڵكشانی به‌خۆوه بینی.(5)
له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی تشرینی یه‌كه‌می 1969دا (71) پارله‌مانتاری كورد توانیان بچنه نێو پارله‌مانی توركیاوه، كه پارتی عه‌داله‌ت 46% ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناو ركابه‌ره‌كه‌شی پارتی گه‌لی كۆماریی 27،4% ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا. هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 5ی حوزه‌یرانی 1977 (62) پارله‌مانتاری كوردی برده ناو پارله‌مانی توركیاوه.. كوردان پشتگیری‌یان له‌پارتی گه‌لی كۆماریی كرد، كه 213 كورسی به‌ده‌ستهێنا له‌ناویاندا 39 پارله‌مانتاری كورد، پارتی عه‌داله‌تیش 189 كورسی به‌ده‌ستهێناو له‌ناویاندا 23 كورد هه‌بوون. هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامه‌كانیان مژده‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه سه‌خته سیاسیی و ئابوورییه‌كانی له‌توركیا هه‌ڵنه‌گرتبوو، بگره دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ته‌قینه‌وه برد، شه‌پۆلێك له توندوتیژیی سیاسیی توركیای ته‌نییه‌وه به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشوور، كه زۆرینه‌یان كورد بوون.(6)
ده‌ركه‌وتنی په‌كه‌كه
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا باری نائاسایی له 17 ویلایه‌تی توركیا راگه‌یه‌ندرا، له‌ناویشیاندا 14 ویلایه‌ت له باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا، له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ش دامه‌زراندنی P.K.K بوو، كه {عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان – سه‌رۆكی یه‌كێتی قوتابیانی كورد} له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی ئه‌نكه‌ره له‌ساڵی 1978 دایمه‌زراند. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا P.K.K توانی به‌هێزترین رێكخستنی نهێنی دابمه‌زرێنێت و له چیای جودی له ویلایه‌تی هه‌كاری گیرسانه‌وه، زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری كوردن و له‌گه‌ڵ رێكخراوی فیداكاران دایانه پاڵ یه‌كتری و هێزێكی سه‌ربازیی پهلاماردهریان دروستكرد، له 15ی ئابی 1984 یه‌كه‌م هێرشی سه‌ربازییان ئه‌نجامدا. له‌زۆربه‌ی شاره‌كاندا ئه‌و هێرشانه به (لێیدهو راكه) ناوبران. دیسان چه‌ندین به‌یاننامه‌یان بڵاوكرده‌وه گوزارشتی “ناتوانن له‌ناومان به‌رن”ی هه‌ڵگرتبوو. ئه‌و هێرشانه بومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسیی و سه‌ربازیی بوو بۆ سیسته‌می سیاسیی و سه‌ربازیی له توركیا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رۆكی توركیا {كه‌نعان ئێڤرن / 1917 – 1989} سه‌ردانی شه‌مدینلی له ویلایه‌تی هه‌كاری كرد‌و گوتارێكی خوێنده‌وه‌و ته‌له‌فزیۆنی ئه‌نكه‌ره‌ش په‌خشی كرد گوتی “ئه‌و كرده‌وانه پیلانگێڕین و ده‌سه‌ڵاتدارانی بیانیی ده‌یانه‌وێت له‌پشت ئه‌م كارانه‌وه توركیا كوت كوت بكه‌ن له‌رێگه‌ی هه‌ندێك به‌كرێگیراوه‌وه، كه به‌ره‌و ده‌رێی توركیا هه‌ڵاتوون”. سوپای حه‌وت له دیاربه‌كر هه‌ستا به‌پرۆسه‌ی كێوماڵكردنی به‌رفراوان له دژی گه‌ریلاكانی P.K.K له ناوچه شاخاوییه‌كان له سێگۆشه‌ی {هه‌كاری، سعرت، ماردین}، پڕۆسه‌كان ده‌رێی سنووریشی گرته‌وه بۆ ناوچه‌كانی رۆژئاوای ئێران به ڕووبه‌ری 22كم و باكووری عێراق به‌هه‌مان ڕووبه‌ر له 20ی ئابی 1984 له‌چوارچێوه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی ئاسایشیی ناسراو به (راوه‌دوونانی گه‌رم) و پرۆسه‌كه‌ش به (خۆر) ناوبرا به‌رێكه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ئێران.(7)