جولەکە، لە کوردستانەوە بۆ تەلئەبیب
ئامادەکردنی: سالار جاف
کوردە جولەکەکان، ئەو هاوڵاتییە کوردانەن کە ئێستا لە ئیسرائیل ژیان بەسەر دەبەن و لە ناوەڕاستی سەدەی رابردودا لە بەشە کوردییەکانی عێراق و ئێران و تورکیا ژیانیان بەسەر بردوە و پاش دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیلیش، بەرەو ئەو وڵاتە کۆچیان کردوە، ئەوان لە ئێستادا لە روی ژمارەوە رو لە هەڵکشان دەکەن و لە دروستکردنەوەی پەیوەندیدان لەگەڵ کوردانی پارچەکانی کوردستان، بەتایبەت لەئێستادا پەیوەندی لەنێوان کوردانی باشور و کوردانی تەلئەبیبدا پتەوترە، بەپێی گێڕانەوە مێژوییەکانیش، بەشێکی دیاری کوردانی جولەکە لە کوردستانی باشور و بە تایبەت لە ناوچەکانی سلێمانیدا بون، بە جۆرێک کە گەڕەک و بازاڕ و سامانی تایبەت بە خۆیان هەبوە.
جولەکە پێش کۆچکردن لەم ناوچەیە
کوردستان به گشتی و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌کاندا هیچ ئامار و سه‌رژمێرێکی دانیشتوانی تێدا ئه‌نجام نه‌دراوه، تا نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، له ساڵی 1831ز دا، یه‌که‌م سه‌رژمێری به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام ئه‌م سه‌رژمێریه‌ش ته‌نها ههنگاوێکی سه‌رپێی بوه و جۆرێك بوه له کاری خه‌مڵاندن و مه‌زه‌نده‌کاری به مه‌به‌ستی باج سه‌ندن و سه‌ربازگرتن ئه‌نجام دراوه.
وێڕای ئه‌م پشت گوێخستنه، گه‌ڕیده و بێگانه‌کان و پیاوانی سه‌ر به داموده‌زگاکانی به‌ریتانیا له‌م وڵاته‌دا، باسیان له ژماره‌ی دانیشتوانی سلێمانی کردوه، له‌وباره‌یه‌وه به‌پێی به‌ڵگه‌نامه مێژوییه‌کان، ریچ كه ساڵی 1820 هاتۆته سلێمانی واته 26 ساڵ پاش دروستكردنی شاره‌كه، ژماره‌ی دانیشتوانی به ده هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندوه دوای ئه‌وه ده‌ڵێت: سلێمانی (2000) ماڵی ئیسلام، (120) ماڵه جوله‌كه، (9) ماڵی دیانی كلدانی، (5) ماڵی ئه‌رمه‌نی تیا بوه، به‌وه‌ش كۆی ماڵه‌كان ئه‌كاته (2144).
ئه‌گه‌ر هه‌رماڵێك به پێنج كه‌س دابنێین ئه‌كاته (10720) كه‌س، به‌گوێره‌ی ساڵنامه‌ی عوسمانی ساڵی 1907 ژماره‌ی دانیشتوان (8702) موسڵمان و (360) نا موسڵمان كه ده‌كاته (8963) كه‌س.
هاوکات (مێجه‌رسۆن) له راپۆرتی ساڵانه‌دا له‌ساڵی 1919، باس له ژماره‌ی دانیشتوانی سلێمانی ده‌کات و له ساڵی 1830دا به (10) هه‌زار که‌س ده‌یخه‌مڵێنێت، به‌ڵام له هه‌مان راپۆرتدا ژماره‌ی دانیشتوانی سلێمانی له 1914دا به (20) هه‌زار که‌س مه‌زه‌نده ده‌کات، ئه‌م ژماره‌یه تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له راستیه‌وه نزیکه، چونکه ساڵنامه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ساڵی 1911-1912 به (15) هه‌زار داده‌نێت، به‌ڵام وادیاره ئه‌م سهرژمێیه ره‌گه‌زی مێینه‌ی له‌خۆ نه‌گرتبێت.
له‌م ژماره‌یه‌شدا هه‌زاریان جوله‌که‌ن و شه‌ش هێنده‌ی مەسیحییەکان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ شوێنی ستراتیژی سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌ڕوی بازرگانیه‌وه، که جوله‌که به‌رده‌وام به‌دوای شوێنی وه‌هادا ده‌گه‌ڕێن، وێڕای مامه‌ڵه‌ی باش و دۆستانه‌ی کورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی نا موسڵماندا.
گه‌ڕه‌کی جوله‌کان
سلێمانی له‌و ساڵانه‌دا به‌سه‌ر حه‌وت گه‌ڕه‌کدا دابه‌ش بوه‌که بریتی بون له (گۆیژه، مه‌ڵکه‌ندی، کانی ئاسکان، ده‌رگه‌زێن، سه‌رشه‌قام، چوارباخ و جوله‌کان).
وه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد، جوله‌که‌کانی سلێمانی گه‌ڕه‌کێکی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بو، به‌ناوی گه‌ڕه‌كی جوله‌كان که ده‌که‌وێته باشوری خۆرئاوای سلێمانی، له‌وێدا خه‌ریکی کار و پیشه‌ی خۆیان بون و زیاتر به بازرگانی و ورده‌واڵه فرۆشی و ده‌باغی و چه‌رم رهنگکردنهوه خه‌ریک بون، هه‌روه‌ها عارهقیشیان دروستکردوه.
جوله‌كه‌كان سه‌ره‌تا له قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتونه‌ته ئه‌م گه‌ڕه‌كه و به پیشه‌ی (خومچێتی)یه‌وه سه‌رقاڵ بون، بەڵام له دواییدا كاروباری بازرگانی كۆتاڵفرۆشی و عه‌تاری و زه‌ره‌نگه‌ری و گه‌لێك ئیش جۆراوجۆری تریان گرته‌ده‌ست.
کۆچی جولەکە لە کوردستانەوە بۆ ئیسرائیل
کاتێک لە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٤٨ پاش ئەوەی شەڕێکی قورس لەنێوان عەرەبی فەلەستین و جولەکەی ناوچەکەدا رویدا و بە سەرکەوتنی جولەکە کۆتایی هات، نەتەوە یەکگرتوەکان دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل‌دا نا و تەلئەبیبیان وەک پایتەختی ئەو وڵاتە ناساند، پاش ئەوەش ئیسرائیل هەوڵی کۆکردنەوە و گەڕانەوەی جولەکەی جیهانیدا بۆ وڵاتەکەی خۆیان، لەو نێوەندەشدا کوردانی پارچەکانی کوردستان بەپیری داواکارییەکانی ئیسرائیلی تازە دامەزراوەوە رۆشتن و گەڕانەوە وڵاتەکەی خۆیان.
ئەگەرچی جولەکە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا دوچاری کۆمەڵکوژی و زوڵم و لە ناوچون دەبونەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ناوچە کوردییەکاندا رێزیان لێدەگیرا و وەک بەشێکی رەسەنی ناوچەکە سەیر دەکران و خاوەنی بازاڕ و کاری خۆیان بون، هەر ئەوەشە وایکردوە کە تائێستاش کوردەکانی ئیسرائیل لەڕوی نەتەوەییەوە وەک هەر کوردێکی تری پارچەکانی کوردستان بەرگری لە ناسنامەی کوردبونی خۆیان بکەن، بەرگری لە زمان و ناسنامە و فەرهەنگی کوردانەیان بکەن.
زۆرجار کوردەکانی ئیسرائیل وەک فشارخستنە سەر وڵاتانی سەردەستەی پارچەکانی کوردستان، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، بەتایبەتیش لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئیسرائیل و فشارخستنە سەر ئەو وڵاتە لەپێناو باشترکردنی دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکور.
ئیلان پشدەری بەرپرسی پێشوی دەزگای ئیسرائیل کورد لە ئیسرائیل و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئۆرشەلیم، بۆ (سبەی) دەڵێت: لەکاتی بۆردومانی ئێران و تورکیا بۆ سەر قەندیل، کوردانی تەلئەبیب خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایەتییان بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا رێکخست و داوای وەستاندنی هێرشەکانیان کرد، ئەوەش نیشانی دەدات، کوردە جولەکەکانی ئیسرائیل، لە روی هەستی نەتەوەییەوە هیچ لە کوردانی تر لەدواوە نین و شانبەشانی ئەوان چالاکی لە پێناو کەلتور و نەتەوەکەیاندا ئەنجام دەدەن.
کورد لە ئێستای ئیسرائیل‌دا
لە ئێستادا و بەهۆی کرانەوەی زیاتری پارچەکانی تری کوردستان بە روی دەرەوەدا، رۆژانە زیاتر چالاکی ئەو کوردانەی ئیسرائیل دەگاتەوە بە کوردستان، بەتایبەت لە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا چەندین چالاکی ئەنجام دەدەن و لە رێگەی ئینتەرنێت و یوتوبەوە کوردانی پارچەکانی کوردستان ئەو چالاکییانەی هاوزمانەکانیان دەبینن.
ئیلان پشدەری دەربارەی ژمارەی کوردە جولەکەکانی ئیسرائیلیش ئاشکرایکرد، ژمارەی کورد لە ئیسرائیل دەگاتە ٣٠ هەزار کەس و کۆمەڵە کوردییە یەهودییەکان توانیویەتی کوردەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.
ئەو چالاکوانە کوردەی کۆمەڵی مەدەنی لە ئۆرشەلیم زیاتر رۆڵی کوردە جولەکەکانی ئەوێ روندەکاتەوە، بەشێوەیەک کە لە کاروباری دەوڵەتداریدا رۆڵی بەرچاوییان هەبوە و وەک باسی دەکات، ئیسحاق مۆردەخای کە ماوەی چەندین ساڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل بوە، بە رەگەز کوردە، هاوکات چڤی باڕ کە پەرلەمانتاری ئیسرائیل بوە و ئێستا پارێزگاری رەمەتگانە، بە هەمانشێوە کوردە.
ناوبراو دەربارەی پلانی ئێستایان لە دەوڵەتی ئیسرائیل‌دا ئەوە دەخاتەڕو، کە دەیانەوێت لۆبییەکی بەهێزی کوردی لە ناوخۆی ئیسرائیل‌دا دروستبکەن، تا بەهێزێکی زیاترەوە بەرگری لە پارچەکانی کوردستان بکەن، بەو مەبەستەی دۆزی کورد لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەو پێشتر هەنگاو بنێت.
هەڵوێستی ئیسرائیل لە سەر دەوڵەتی کوردی
لە بەرئەوەی تائێستا کوردستان هیچ پەیوەندییەکی رەسمی لەگەڵ ئیسرائیل‌دا نیە، نازانرێت کە ئایا هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە بارەی دروستبونی دەوڵەتی کوردییەوە چییە، بەڵام ئیلان پشدەری تەئکید دەکاتەوە، کە ئیسرائیل هیچ کاتێک دژی دروستبونی دەوڵەتی کوردی نەبوە، بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەتیش دەبێت کە دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا دەنێت، ئەو چالاکوانە وتەیەکی ئەڤیگدۆر لیبەرمانی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئیسرائیل بە نمونە دەهێنێتەوە، کە ساڵی پێش‌و وتبوی، کاتی ئەوە هاتوە کورد دەوڵەتی خۆی هەبێت.