عادیلە خان
عادیلە خان كچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقەران و خێزانی وەسمان پاشای جاف ناسراو بە نازناوی (خانم) یەكێكە لە ئافرەتە هەرە ناودارەكانی مێژووی كوردستان و ناوچەكە كە لە مێژوودا بەلێوەشاوەیی وسام و توانا ناوبانگی دەركردووە.
كاتی خۆیشی لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، كە وەسمان پاشا ئەم ئافرەتە هەڵكەوتووەی بەهاوسەری خۆی هەڵبژاردووە، مەبەستی سەرەكیی ئەوە بووە، لە خانەوادەی ڕەسەن و بەشكۆی (خانم) كە سەر بە وەزیرەكانی میرنشیینی ئەردەڵانی جاران بووە، نزیك بێتەوە و ئاشنایەتییان بكات.
هەر كە خانم لە هەڵەبجەدا نیشتەجێ دەبێت یەكسەر دەست دەكات بە پتەوكردن و جێگیركردنی هێز و دەسەڵاتی خۆی، ئەویش بە پشتبەستن بەتوانای خۆی و شۆرت و ناوبانگی خانەوادەكەی، هەروەها بەسوودوەرگرتن لەو ئازادییەی كە وەسمان پاشا بۆی فەراهەم كردبوو .
ئەمە وێڕای ئەوەی وەسمان پاشا ، میری جاف و قایمقامی هەڵەبجە، بەهۆی كاروبارە فەرمییەكانییەوە لە مووسڵ و كەركووك و سلێمانیدا، زۆر جار لە هەڵەبجە دوور دەكەوتەوە.
ئیدی بەو هۆیانەوە، خانم بووبە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی هەڵەبجە و ئەو شوێنانەی سەر بە ئەوێ بوون (هەورامان و پێنجوێن و شارەزوور…) و لەسەر ڕێبازی وەسمان پاشای مێردی گەلێك دەسكەوت و پێشكەوتنی شارستانی و ئابووریی لەوێ وەدیهێنا. ئەوەبوو دوو خانووی قەشەنگ و نایابی لەسەر شێوەی (سنە) دروستكرد كە لە سەرتاپای سلێمانیدا بێ هاوتا بوون .
هەروەها ڕێگای بازرگانیی لەگەڵ سنە (پایتەختی ئەردەڵانی جاران) و شارەكانی دەراوسێدا بە واڵایی هێشتەوە و، بازاڕێكی ڕازاوەی بنیاتنا كە لە چوار ڕێز دوكانی گومەزیدار پێكهاتبوو، بۆیە بازرگانی لە شاردا گەشەی كرد و پەرەی سەند. هەمیسان خانم بەندیخانەیەكی نوێ و دادگایەكی لە شاردا دامەزراند و خۆی بوو بە دادوەری دادگاكە. ئەمە وێڕای چاندنی چەند باغچە و دارگەلێكی زل و خۆشسێبەر لە هەڵەبجە و دوروبەریدا .
جگە لەمانە، شاری هەڵەبجە لەسایەی خانم و وەسمان پاشای مێردیدا و تاهیربەگ و ئەحمەد موختار بەگی كوڕانیاندا، گەلێك بینا و دامەزراوی گرنگی دیكەی بەخۆوە بینی وەك، قوتابخانە و مزگەوت و گەرماو… هتد .
بەو شێوە هەڵەبجە لە گوندێكی پشتگوێخراوەوە بووبە شارێكی گەشاوە و پێشكەوتوو، ئەمەش بووبە مایەی حەسوودی كاربەدەستە عوسمانییەكان كە ویستیان لە ڕێگەی دامەزراندنی هێڵی پێوەندیی (تەلەگراف)ەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر شاردا بسەپێنن. بەڵام دانیشتوانی هەڵەبجە هەر زوو ئەو هێڵەیان بڕی ،
بەوەش ناڕەزایی خۆیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی عوسمانییەكان بەسەر شارەكەیاندا دەربڕی. خانم – یش لەلایەن خۆیەوە ئامۆژگاریی كاربەدەستانی عوسمانیی كرد كە نەكەن هێڵەكە چاك بكەنەوە، چونكە خەڵكی ناوچەكەی خێرا دەیبڕنەوە!
بەگشتی خانم خاوەنی خەسڵەتگەلێكی بەرز و دەسەڵات و شكۆ و سامی تایبەتی خۆی بوو. ئەمە وێڕای ئەوەی خولیا و زەوقێكی ئەدەبی و هونەری و بیناسازیی بەرز و توانایەكی بازرگانی و ئابووریی سەیری شك دەبرد .
ئەمانەش بەگشتی وایانكرد، خانم مایەی بایەخ و سەرسامیی خەڵكانێكی زۆری ئەو سەردەمەبێت بەگشت چین و توێژ و پلە و پایە فەرمی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكانیانەوە، نەخاسمە توێژەر و ڕۆژهەڵاتناسەكان كە مەتحی كەسایەتی و بەهرەمەندی و لێهاتوویی و سەخاوەت و دەسەڵاتی ئەم زاتەیان كردووە.
محەمەد ئەمین زەكی بەگ ئاماژەی بە هەڵكەوتوویی و هۆشیاری خانم و كاریگەریی لەسەر مێردەكەی و عێلەكەی و تێكڕا ناوچەكەدا كردووە، هەروەها بەبایەخەوە ئاماژەی بەتوانای خانم لە بواری شارستانی و بیناسازی و كاروباری فەرمی و كۆمەڵایەتی و خێڵەكیدا داوە.
ئەدمۆندزیش باسی لەوە كردووە كە گشت دەسەڵاتی وەسمان پاشا، لە پاش مردنی، كەوتووەتە دەستی خانمی ژنی كە لە ڕاستیدا شاژنی (تاج پێ نەدراوی) شارەزوور بووە. ئینگلیزەكانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی هیندیی ( خان بە هادوور )یان پێ بەخشیووە.