دکتۆر قاسملو
دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملو لە شەوی یەلدا ی ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی رێکەوتی ٢٢\١٢\١٩٣٠ زایینی لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەکی خانەدان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی، سەرەتا لە ورمێو دواتر لە تاران تەواوکرد.
ھێشتا زۆر منداڵ بووە کە لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکان دا ئاشنا بووەو بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکی دا جووڵاوە. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی”دا پاش باسی سەفەری ٣٠ کەس لە کوردەکان بۆ باکۆ لەسەر بانگھێشتنی دەوڵەتی شوورەوی-سۆڤێتی جاران-، دەنووسێ :”ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی راکێشا بووم. بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لەبیرە کە لە باکۆ ھاتەوە چەندین تا قەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارە سۆڤیتییەکان قەندو تفەنگو شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت. قەند بە تایبەتی زۆر بە نرخ بوو، چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەمو گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانمو ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کە بابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکۆ حەقو ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە راستو رەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێ ھات؟”
عەبدولرەحمان قاسملو ساڵی ١٩٤٥ تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەستپێکرد. کۆتایی ساڵی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان لە مەھاباد رووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٩٤٨ بۆ درێژەپێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەرانسا. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقەکردن لە شا لە زانکۆی تاران (٢٥ی رێبەندانی ١٩٤٨) کە بوو بەھۆی لە نێوچوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێران دا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێکھات کە لەوێ دا عەبدولرەحمان قاسملو بە درێژی لە دژی شاو رێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ حەمە رەزا شا نارد. ئەم کارە بوو بە ھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکومەتی فەرانسا بۆ سەر قاسملو. سەرئەنجام ناچاربوو پاریس بە جێھێڵێتو وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی“ یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران” چوو بۆ پراگ پایتەختی چیکوسڵۆڤاکی. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەرانسە بوو، بە ھاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد” کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا”یان دامەزراند.
لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو. ساڵی ١٩٥١ بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم رێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوەو کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانیی لاواندا لە شاری بووداپێست پایتەختی مەجارستان بەشدار بوو.
ساڵی ١٩٥٢ لە سەردەمی حکومەتی میللیی دوکتور موسەدیق دا عەبدولرەحمان قاسملو دوای ئەوەی لە زانکۆی پڕاگدا لیسانسی زانستە کۆمەڵایەتیو سیاسییەکانی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لە نێوان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو حزبی توودەی ئێران دا ھاوپەیمانیی ھەبوو. قاسملو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران ھاتەوە مەھابادو لەوێ بەرپرسایەتیی کاری حزبی لەئەستۆگرت.
پاش کودەتای شوومی ٢٨ی گەڵاوێژی ١٩٥٣ ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوەو بەنھێنی لە تارانو لە کوردستان خەریکی کاری حزبی بێت. لەو ماوەیەدا عەبدولرەحمان قاسملو سەرپەرستیی رۆژنامەی “کوردستان” ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بە نھێنی لـێدەرچوو. ھەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسیارێتیی ئەو پێکھات.
قاسملو پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی لە ئێرانو بەتایبەتی لە کوردستان، ساڵی ١٩٥٧ جارێکی دیکە چۆوە چیکوسڵۆڤاکی، ساڵی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی عێراقو بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان، قاسملو لەگەڵ چەند ئەندامی دیکەی حزبی ھەوڵیاندا لە رێگەی عێراقەوە رێکخراوەکانی حزب زیندووبکەنەوە. ساڵی ١٩٦٠ عەبدولرەحمان قاسملوو بە دەستووری دەوڵەتی عێراق لەو ولاتە دەرکراو گەڕایەوە بۆ پڕاگ.
ساڵی ١٩٦٢ قاسملو لە زانکۆی پڕاگ دکتۆرای لە زانستی ئابووریی دا وەرگرتو ھەتا ساڵی ١٩٧٠ لە زانکۆی پڕاگ وانەی “ئابووریی سەرمایەداریو ئابووریی سۆسیالیستیو تیۆریی ھەڵدانی ئابووریی” ی دەوتەوە. لەو ماوەیەدا دکتۆر قاسملو چەندین کتێبو نامیلکەی لە سەر گیرو گرفتە ئابوورییو کۆمەڵایەتیو سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بە ناوبانگتر کتێبی “کوردستانو کورد”ە. ئەم کتێبە لە یەکەمجار بە زمانی چیکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی ئینگلیزی، سڵۆڤاکی، لەھێستانی، عەرەبیو کوردیو فارسیو ھیندیو چەند بەشیشی بە فەرەنسیی چاپو بڵاوکراوەتەوە. دکتۆر قاسملو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، فەرەنسی، ئینگلیزی، چیکیو رووسی بە باشی دەزانیو بە زۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانیو زمانە سلاڤییەکان تا رادەیەک ئاشنا بوو. ساڵی ١٩٧٠ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازارو رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستانو دەوڵەتی ئەو عێراق دەرفەتی تێکۆشانی سیاسی لە کوردستانی ئێران زیاتر بوو. لەو کاتەدا دکتۆر قاسملو لە ئورووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاریی چەند کەس لە ھاوکارانی نزیکی ئەرکی زیندووکردنەوەی رێکخراوەکانی حزبی دێموکراتی لەئەستۆ گرت.
لە کۆنفرانسی سێیەمی حزب دا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٩٧١ گیرا، دکتۆر قاسملو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیو پاشان بە سکرتێری گشتیی حزبی دێموکراتی کوردستان ھەڵبژێردراو لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حزب دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵبژێرایەوە.
تێکڕا بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەک رێبەرێکی کارزانو شارەزا لە پلەی یەکەمی بەرپرسیارێتی دا کاروباری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-ی لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی خەباتی ئەم حزبەدا بەڕێوەبرد.
دکتۆر قاسملو رۆژی ٢٢ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٨ بەرامبەر بە (١٣\٧\١٩٨٩) لە کاتێک دا بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتبوو، شەھیدکرا.
Check Also
ڕۆڵی زانستی، كۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری بنەماڵەی مەلا ئەفەندی و موفتی لە هەولێر، ڕەشاد موفتی بە نموونە
مەغدید حاجی هەردوو بنەماڵەی مەلا فەندی )1869 – 1942(و ڕەشاد موفتی )1912-1992( دەگەڕێنەوە …