تایبه‌ت به‌ناوه‌ندی میلله‌ت بۆ توێژینه‌وه
نوسینی: ئه‌ركان ئه‌حمه‌د جاف، ماسته‌ر له مێژوو
ێشه‌كی:
شۆڕشی ئیسلامی ئێران له ساڵی 1979 به ڕیبه‌رایه‌تی (ئیمام خومه‌ینی)، بووه هۆی ڕوخاندنی سیستمی میراتی بنه‌ماڵه‌یی پادشایی 2500 ساڵه‌ی ئێران، به‌یه‌كێك له روداوه گرنگه‌كانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو داده‌نرێت.
محمد ڕه‌زا شا، دووه‌م پادشای بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وییه كه دوای دورخستنه‌وه‌ی ڕه‌زاشای باوكی له ئێران، لایه‌ن به‌ریتانیه‌كانه‌وه له ساڵی 1941، له‌ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا ده‌بێته شای ئێران([1])، له‌سه‌ره‌تادا باسی له‌وه ده‌كرد كه هه‌ڵه‌كانی باوكی دوباره ناكاته‌وه، هه‌ربۆیه له‌سه‌ره‌تاكانی فه‌رمانڕه‌واییدا، تاڕاده‌یه‌ك مه‌ودای ئازادیه‌كان له ئێران فراوان ده‌بێت.
به‌ڵام دوای ئه‌نجامدانی كوده‌تای 19 ئابی 1953 و كه‌نار خستنی دوكتۆر محمد مصدق و دروستكردنی كابینه‌ی نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی فه‌زلوڵای زاهیدی و گه‌ڕانه‌وه‌ی محمد ڕه‌زا شا بۆ ئێران، هێدی هێدی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری خۆی جیگیر ده‌كات. به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی هه‌ژاری و ناڕه‌زایی خه‌ڵك فراوان ده‌بێت و تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه له‌ساڵی 1979، كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بهێنرێت([2]).
له‌م تویژینه‌وه‌یه دا هه‌وڵ دراوه كه باس له پێگه و ده‌سه‌ڵاتی محمد ڕه‌زاشا له سه‌روبه‌ندی ساڵی 1978، دواتر فراوان بوونی خۆپیشاندانه‌كان و توند بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌ری ئیمام خومه‌ینی له سه‌ركردایه‌تی كردنی شۆڕشی ئێران، تا سه‌ركه‌وتنی له 11 شوباتی 1979، بكرێت. توێژینه‌وه‌كه به‌گشتی له پێشه‌كی و پێنج ته‌وه‌ر و ده‌ره‌نجام پێكهاتووه، كه تیایاندا، باس له گرنگترین ڕوداوه‌كان و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی شۆڕش و فراوانبوونی ناره‌زایه‌تیه‌كان كراوه.
دیارترینی ئه‌و ڕوداوانه‌ش بریتین له: سه‌ردانی كارته‌ری سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا بۆ تاران، بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی سوكایه‌تی ئامێز به ئێمام خومه‌ینی له ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات، سوتاندنی سینه‌ما ركس له ئابادان، بوون به سه‌رۆك وه‌زیرانی شه‌ریف ئیمامی و هه‌وڵدانی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و نزیك بوونه‌وه له پیاوانی ئاینی، كۆچی دوایی مصطفی، كوڕی ئیمام خومه‌یه‌نی له شاری نه‌جه‌ف و تاوانباركردنی ده‌زگای ساواك، ڕوداوی كوشتاری مه‌یدانی ژاڵه، ده‌ركردنی ئیمام خومه‌ینی له عێراق و ڕۆشتنی بۆ فه‌ره‌نسا، سه‌رۆك وه‌زیرانی شاپور به‌ختیار و جێهێشتنی ئێران له‌لایه‌ن محمد ڕه‌زاشا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمام خومه‌ینی بۆ ئێران و سه‌ركه‌وتنی شۆڕش.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
حكومه‌تی شاهنشاهی له سه‌روبه‌ندی ساڵی 1978 دا.
سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ناڕه‌زایه‌تی و چه‌ندین خۆپیشاندانی نێوچه‌یی، به‌ڵام محمد ڕه‌زاشای ئێران، له ڕه‌وشێكی تاڕاده‌یه‌ك ئارام‌دا، پێده‌نێته ساڵی نوێی 1978. ده‌زگا سیخوڕیه‌كانی ئێران، هه‌واڵی ئارامی و جێگیری سیاسی ئه‌و وڵاته‌یان به پادشای وڵات ده‌گه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسكردن له ڕودانی شۆڕش له‌ئارادا نه‌بوو، هیچكه‌س له ئێران‌دا پێشبینی ڕودانی شۆڕشی نه‌ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به وته‌ی حسین فیردوست: (باسكردنی روخانی شا وه‌ك به‌زم و گاڵته‌كردن سه‌یر ده‌كرا)( [3]).
ئه‌مه له كاتێكد بوو كه له‌ساڵی 1976، نوسه‌رێكی جوله‌كه به نێوی (پاول ئی. ئێردمان/ Paul E. Erdman) كتێبێك به زمانی ئینگلیزی، به ناونیشانی (هه‌ره‌سی 1979/// the Crash of 1979) ده‌نوسێت، تیایدا پێشبینی ڕوخانی شای له ساڵی 1979 كردبوو([4]).
له‌هه‌مان كاتیش‌دا په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا له‌وپه‌ڕی باشیدا بوو، ته‌نانه‌ت شه‌ش هه‌فته دوای سه‌ردانی شای ئێران بۆ ئه‌مریكا، جیمی كارته‌ری سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا، كه ته‌نها له‌ماوه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی محمد ڕه‌زاشا دا، كارته‌ر هه‌شته‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتبوو، له سه‌فه‌رێكدا بۆ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی، له 31/ 12/ 1977 خۆی ده‌گه‌یه‌نێته تاران و بۆ شه‌وی گۆڕینی ساڵ، ده‌بێته میوانی شای ئێران([5]).
كارته‌ر له كۆشكی نیاوه‌ران له‌شاری تاران پێشوازی لێده‌كرێت و له‌یه‌كه‌م وتاریدا به بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی 1978، ڕو له‌شای ئێران ده‌كات و ده‌ڵێت: (….. به هۆی لێهاتویی و فه‌رمانڕه‌وایی بێوێنه‌یی شاهنشا، ئێران بووه‌ته دورگه‌یه‌كی ئارام له نێو شڵهژاوترین ناوچه‌ی دونیا، خاوه‌ن شكۆ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی (كاریزمایی) جه‌نابتان و ئه‌و ڕێزوخۆشهویستیهی جه‌نابتانه كه له نێو گه‌له‌كه‌ت هه‌تانه…)([6]). به‌ڵام زۆرناخایهنێت كه ناڕه‌زاییه‌كان به توندی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و شه‌قام و زانكۆ و بازاڕ و ناوه‌نده ئایینیه‌كان ده‌بنه مه‌یدانی ململانێكان و ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت تا كۆتایی هێنان به سیستمی میرایه‌تی پاشایه‌تی له ئێران.
ته‌وه‌ری دووه‌م:
كاردانه‌وه‌كان به‌رامبه‌ر ده‌ركه‌وتنی ئایه‌توڵا خومه‌ینی وه‌ك ڕێبه‌ری شۆڕش و وه‌رگرتنی نازناوی ئیمام.
خومه‌ینی، ناوی (روح الله)یه و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ساداتی ئاینی خوراسانه و باپیره‌گه‌وره‌ی (دین علی شا) كۆچی كردووه بۆ كشمیر و هیند و باپیری به (سه‌ید ئه‌حمه‌د هیندی) ناوبانگی ده‌ركردووه، دوای ته‌واوكردنی خوێندنی ئاینی له نه‌جه‌ف، وه‌ك مامۆستا ده‌چێته ناوچه‌ی (خومه‌ین) له ئێران و له‌وێ هاوسه‌رگیری ده‌كات و دوای سێ كچ، كوڕێكی به نێوی (مصطفی) له‌دایك ده‌بێت و دواتر نازناوی (خومه‌ینی) وه‌رده‌گرێت([7]).
روح الله، له 20 جه‌مادی دوه‌می 1320كۆچی دێته دونیا و بچوكترین منداڵی مصطفی ده‌بێت و كاتێك ته‌مه‌نی 4 مانگ و 22 رۆژ ده‌بێت، باوكی كۆچی دوایی ده‌كات([8]). دواتر ده‌خرێته بهرخویندنی ئاینی و دوای ته‌واو كردنیشی له حه‌وزه‌ی ئایینی شاری قوم ده‌بێته مامۆستا‌و وه‌ك پیاوێكی ئاینی ناوبانگ ده‌رده‌كات([9])، له‌وماوه‌یه‌دا به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه گرتن له كاره‌كانی حكومه‌ت و شای ئێران، چه‌ندجارێك ده‌ستگیر ده‌كرێت، سه‌ره‌نجام حكومه‌ت سزای دورخستنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كات و له 4 نوامبه‌ر 1964 (13 ئابان 1343) جارێكی دیكه ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌گوێزرێته‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی میهراباد و له‌وه‌ێوه ڕه‌وانه‌ی وڵاتی توركیا ده‌كرێت([10]).
پاش ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له توركیا، به‌چه‌ند مه‌به‌ست و هۆكارێك ڕه‌وانه‌ی شاری نه‌جه‌ف ده‌كرێت([11]) كه دیارترینیان بریتین له: دابڕینی ئیمام خومه‌ینی له خه‌ڵكی ئێران وسه‌رقاڵ كردنی به كاروباری ئایینی وونكردنی له نێو پیاوانی ئایینی دیاری عه‌ره‌ب زمانی شیعه له‌نه‌جه‌ف، نه‌بوونی ئازادی و به‌رته‌سكی چالاكی سیاسی له عێراق، بارودۆخی مه‌زهه‌بی نه‌جه‌ف كه پیاوانی ئاینی ئه‌و حه‌وزه‌یه بڕوایان به جیاكردنه‌وه‌ی دین له سیایه‌ت هه‌بوو، فه‌رمانڕه‌وای سونه و لاوازی پێگه‌ی شیعه له‌عێراق([12]). به‌ڵام ئه‌م بۆچوونانه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و له‌وێ ده‌ست به وانه وتنه‌وه ده‌كاته‌وه و تیۆریای حكومه‌تی ئیسلامی (ویلایه‌تی ڕه‌های فقیه) گه‌ڵاڵه ده‌كات([13])، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی سه‌ڵته‌نه‌تی به ناشه‌رعی و خۆسه‌پێن داده‌نێت([14])، ئیدی له‌وكاته به‌دواوه وتاره‌كانی به‌شێوه‌ی ده‌نگی ده‌گیردرێن و به كاسێت ده‌برێنه‌وه ئێران و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌زهه‌بی ئێرانی دروستده‌كه‌ن([15])، هه‌ربۆیه نه‌وشیروان مصطفی له‌یاداشته‌كانیدا، به (شۆڕش به‌هۆی شریته‌وه) باسی لێوه ده‌كات([16]).
له‌ڕاستیدا مردنی له‌ناكاو و گوماناوی (مصطفی خومه‌ینی) كوڕی ئیمام خومه‌ینی له 23- 10- 1977 (1ئابان 1356) له‌شاری نه‌جه‌ف([17])، كه خه‌ڵكی ده‌زگای (ساواك)یان به بكوژ ده‌زانی، خاڵی وه‌رچه‌رخانی توندبوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و به‌هێزبوونی پێگه‌و ناوبانگی ئیمام خومه‌ینی بوو، هه‌ربۆیه له‌ڕۆژی به‌خاك سپاردنیدا له شاری نه‌جه‌ف، له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ردرێت و توندوتیژی فراوانی لێده‌كه‌وێته‌وه([18]) و 70 كه‌س له خۆپیشانده‌ران ده‌كوژرێن و هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وانیش له ئێران ئه‌سپه‌رده‌ی خاك ده‌كرێن([19]).
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له ئێران به ته‌واوی فراوان ده‌بن و له‌زۆربه‌ی شاره‌كان پرسه‌ی بۆ داده‌نرێت و خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداری ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی حكومه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه و له رێگه‌ی ساواك و ده‌زگا و هێزه‌كانی شاره‌وانیه‌وه هێرش ده‌كرێته سه‌ر پرسه‌گێران و بڵاوه‌یان پێده‌كرێت و پرسه‌كان داده‌خه‌ن([20]). یه‌كێك له دیاترین پرسه‌كان له شاری تاران له مزگه‌وتی ئه‌ره‌ك له 30- 10- 1977 (8 ئابان 1356) ده‌بێت، كه تیایدا حسن ڕوحانی (سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای ئێران) وتارێكی توند پێشكه‌ش ده‌كات([21])، بۆ یه‌كه‌م جار وشه‌ی ئیمام بۆ (ڕوح الله خومه‌ینی) به‌كار ده‌هینێت و له‌وكاته‌وه نازناوی (ئیمام)(*) ی پێده‌درێت و به‌ته‌واویی له نێوخۆی ئێران و بگره دونیاش، وه‌ك ڕێبه‌ری ناڕازی و خۆپیشانده‌رانی دژه حكومه‌ت و شا، ده‌ناسرێت([22]).
هه‌ربۆیه حكومه‌تی ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵی شكاندنی شكۆی ئیمام خومه‌ینی ده‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ڕیگه‌ی دهستهودایرهكهی خۆیه‌وه، وتارێك به ناوی خوازراوی (احمد رشیدی مطلق) و به‌ناونیشانی (ایران و استعمار سرخ و سیا(**)/ ئێران و داگیرگه‌ری سور و ڕه‌ش) له ڕۆژنامه‌ی (اطلاعات)، ژماره (15506)ی ڕۆژی 7- 1- 1978 ( 17 دی 1356)، بڵاوده‌كاته‌وه، كه سه‌راپا جوێن بوو به ئیمام خومه‌ینی و بزوتنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی، كه تیایدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئیمام خومه‌ینی به كه‌سێكی هیندی و بێگانه به‌ئێران ده‌زانی، به خیانه‌تكار و دارده‌ستی بێگانه‌ش باسیكردبوو([23]). ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی فراوان و دوو ڕۆژ دواتر بازاڕ و دوكانه‌كان داده‌خرێن و له‌شاری قوم خۆپیشاندانی فراوان ئه‌نجام ده‌درێت و ژماره‌یه‌كی زۆری خۆپیشاندران ده‌ستگیر و ده‌كوژرێن([24])، خۆپیشانده‌ران هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر نوسینگه‌كانی ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات له شاری قوم و شاره‌كانی دیكه و له هه‌ندێك شاریش نوسینگه‌كان ده‌سوتێنن([25]). هه‌ربۆیه هه‌ندێك كه‌س بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره به یه‌كه‌م تروسكایی شۆڕشی ئیسلامی ناو ده‌به‌ن([26]).
به‌هۆی كوشتاری شاری قوم، ئیمام خومه‌ینی له شاری نه‌جه‌ف به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه و به‌خێرایی له ته‌واوی شاره‌كانی ئێران‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه و تیایدا شای ئێرانی به (شازاده‌ی بێ ئه‌قل، ناپیاو و ناپاك، یاخی، پیس، گڵاو…) ناوده‌بات و داوا له خه‌ڵكی ئێران و پیاوانی ئاینی ده‌كات بێده‌نگ نه‌بن و مژده‌ی كۆتایی هاتنی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی بۆ خه‌ڵكی ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت([27]). هه‌رچه‌ند ساواك له ڕاپۆرتێكیدا بۆ شا، ژماره‌ی خوێندكارانی خوێندنگه ئاینیه‌كان به 350 هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كات و تیایدا باس هه‌ژمونی فراوانی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له نێو ده‌زگا دینیه‌كاندا ده‌كات، به‌ڵام محمد ڕه‌زاشا هیچ نرخێك بۆ هه‌ژمونی پیاوانی ئاینی دانانێت و به‌بێ باكانه له ناڕه‌زاییه‌كانی ده‌ڕوانی([28]).
رۆژی 19 شوبات 1978 (29 به‌همه‌ن 1356)، به بۆنه‌ی یادی چله‌ی خۆپیشاندان و كوژراوانی شاری قوم، دیارترینی پیاوانی ئاینی وه‌ك: گوڵپایگانی، مه‌رعه‌شی نه‌جه‌فی، شه‌ریعه‌تمه‌داری، كه له پله‌ی ئایه‌توڵا و مه‌رجه‌عی ته‌قلید (فقیه) بوون، به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه و داوای ڕاگه‌یاندنی پرسه و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ده‌كه‌ن([29]).
له شاری ته‌برێز كه زادگای خودی شه‌ریعه‌تمه‌داری بوو([30])، خۆپیشاندانی به‌رفراوان ڕێكده‌خرێت و په‌یكه‌ری شا ده‌شكێنن و چه‌ندین دوكانی مه‌شروب فرۆشی و سینه‌ما ده‌سوتێنن([31])، ته‌نانه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كی حیزبی (ڕستاخیز) و چه‌ندین هوتێل و داموده‌زگای حكومی و بنكه‌ی پۆلیس و چه‌ند بانكێك ده‌گرن و خۆپیشاندانه‌كه توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته هۆی كوژران و بریندار بوونی چه‌ندین كه‌س([32]).
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی روداوه‌كه، ئیمام خومه‌ینی به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه و تیایدا، سه‌ره‌ڕای هاندانی زیاتری خه‌ڵك بۆ به‌رده‌وامی و فراوانكردانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی كه‌س و كاری كوژراو و برینداره‌كان ده‌كات و له‌به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: (محمدڕهزای په‌هله‌وی و باوكی ڕوڕه‌شی، ڕوی ته‌واوی فه‌رمانڕه‌وا سهركوتكارهكانیان سپی كردووه)([33]). به‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تیه‌كان فراوانتر ده‌بن و ته‌واوی شاره‌گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌گرێته‌وه.
ته‌وه‌ری سێیه‌م:
سوتاندنی سینه‌ما (ركس)ی ئابادان و فراونبونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان(28 مرداد 1357/ 19 ئابی 1978).
به‌هاتنی نه‌ورۆزی ساڵی 1978 كه هاوكات بوو به سه‌ره‌تای ساڵی نوێی كۆچی هه‌تاوی له‌ئێران (1- 1- 1357)، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان تا ده‌هات فراوانتر ده‌بوون، محمد ڕه‌زاشا هه‌وڵی ده‌دا له ڕێگه‌ی گۆڕینی هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كان و ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، مه‌ودای ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كه‌م بكاته‌وه و سه‌ره‌نجام كۆنترۆڵی بكات، هه‌ربۆیه له 19- 7- 1978 (28 تیر 1357) نه‌صیری سه‌رۆكی ده‌زگای ساواك له‌كار ده‌خات و جێگره‌كه‌ی (ناصر مقدم) له شوێنی داده‌نێت([34]). له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، پێشتر له 7- 8- 1977 (16 مورداد 1356) یش ئهمیرعهباسی هوه‌یدا كه نزیكه‌ی سیانزه ساڵ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی له ئه‌ستۆ بوو، ناچار ده‌كات ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه([35]) و له‌هه‌مان رۆژیش جه‌مشید ئاموزگار سكرتێری حیزبی (ڕه‌ستاخیز) ڕاده‌سپێرێت كه كابینه‌ی نوێ پێكبهێنێت([36]).
ئه‌مه‌له‌كاتێكدا بوو كه گۆڤاری (اخبار)ی ئه‌مریكی له ژماره‌ی ڕۆژی 26- 6- 1978 (5 تیر 1357)، چاوپێكه‌وتنێكی شای ئێرانی به ناونیشانی (كه‌س ناتوانێت من سه‌رنگون بكات، من هێزم هه‌یه) بڵاو كردبوویه‌وه كه تیایدا شای ئێران ده‌بێژێت: (… كه‌س ناتوانێت من سه‌رنگون بكات، من خاوه‌نی پشتیوانی هیزێكی 700 هه‌زار چه‌كدار و ژماره‌یه‌كی زۆر كرێكارم،…… من هێزم هه‌یه و نه‌یاره‌كانم هه‌رگیز ناتوانن ڕوبه‌ڕوی هێزه‌كه‌ی من ببنه‌وه)([37]).
ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له ئابی 1978 كه هاوكات بوو به مانگی ڕه‌مه‌زان، فراوان ده‌بن و خۆپیشانده‌ران سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و له‌شاری ئه‌سفه‌هان توند‌و تیژی لێده‌كه‌وێته‌وه و چه‌ندین هوتێل و سینه‌ما و بانك و داموده‌زگای حكومی ده‌سوتێنرێن و ده‌بێته هۆی كوژران و بریندار بوونی ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر([38]). ئه‌مه‌ش به هه‌ڵوێستی توندی ئیمام خومه‌نی ڕوبه‌ڕو ده‌بێته‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌كیدا، ئه‌و كاره‌ی حكومه‌ت ئیدانه ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: (… تا حكومه‌تی ئه‌م سته‌مكاره [محمد ڕه‌زاشا] به‌رده‌وام بێت، كاره‌سات دوای كاره‌سات، موصیبه‌ت دوای موصیبه‌ت، ڕوداو دوای ڕوداو به‌رده‌وام ده‌بێت)([39]).
ئاموزگار له 16 ئابی 1978 له چه‌ندین شار حكومی سه‌ربازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و به‌مه‌ش خۆپیشاندانه‌كان فراوان ده‌بن و پێكدادانی توند له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه چه‌كداره‌كان و ڕوده‌دات و له 19 ئاب به‌سوتاندنی سینه‌ما ڕكس له شاری ئابادان، كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه و تیایدا ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ده‌سوتێن و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن(***). هه‌رچه‌نده حكومه‌ت هه‌وڵی زۆری‌دا ئه‌م ڕوداوه بخاته ئه‌ستۆی پیاوانی ئایینی، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابێت([40])، به‌ڵكو له به‌رامبه‌ردا خه‌ڵك ده‌زگای سیخوڕی ساواكی ئێرانی به سوتاندنی سینه‌ماكه تاوانبار ده‌كه‌ن و كاره‌ساته‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی حكومه‌ت([41]). بۆڕۆژی دواتر به‌شدار بووانی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی كوژراوه‌كان، خۆپیشاندانی به‌رفراوان ئه‌نجام ده‌درێت و به ئاشكرا چه‌ندین دروشمی دژی شا، وه‌ك (مردن بۆ شا، شا ده‌بێت بڕوات) ده‌ڵێنه‌وه([42])، ئه‌م ڕوداوه‌ش ده‌بێته هۆی فراوانبوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و شا به ناچاری له 27 ئابی 1978 (5 شه‌هریوه‌ر1357)، ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی ئاموزگار له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی و سكرتێری حیزبی ڕه‌ستاخیز په‌سه‌ند ده‌كات([43]).
ته‌وه‌ری چواره‌م:
كابینه‌ی شه‌ریف ئیمامی و ئاڵۆزبوونی ڕوداوه‌كان دوای (27 اوت 1978/ 5 شه‌هریوه‌ر 1357).
دوای ڕوداوی سوتاندنی سینه‌ما ڕكسی ئابادان و توند بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، محمد ڕه‌زا شا به‌مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، نامه‌ی ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی (ئاموزگار) په‌سه‌ند ده‌كات و به‌فشاری ئه‌مریكا له 27 ئابی 1978 (5 شه‌هریوه‌ر1357) جه‌عفه‌ر شه‌ریف ئیمامی ڕاده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ([44])، ئیمامی به مه‌به‌ستی ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، دروشمی كابینه‌كه‌ی به (ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی) ڕاده‌گه‌یه‌نێت و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی ده‌ستور و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕێزگرتن له دروشمه ئاینیه‌كان ده‌دات([45]).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی نزیك بوونه‌وه له پیاوانی ئایینی ده‌دات و به‌مه‌به‌ستی ڕازی كردنیشیان، چه‌ند كارێك ئه‌نجام ده‌دات، وه‌ك: گۆڕینی ڕۆژ ژمێری ئێران له شاهنشایی بۆ كۆچی هه‌تاوی، داخستنی چه‌ندین گازینۆ و قومارخانه‌كان([46])، لابردنی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان و دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی([47])، ئازادكردنی گیراوه مه‌زهه‌بیه‌كان، بڕینی هاوكاریه‌كانی حیزبی ڕه‌ستاخیز، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای له هه‌ندێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی كرد كه بۆ ماوه‌یه‌ك ئێران به جێبهێڵن…هتد([48])، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی خۆی و حكومه‌تی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیمام خومه‌ینی بۆ ئێران و پێشوازی لێكردنی ده‌رده‌بڕێت([49]). هه‌ربۆیه فه‌ره‌ح په‌هله‌وی شاژنی ئێران، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت به یه‌كه‌م پاشه‌كشه‌ی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ڕادیكاڵی ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌دات([50]).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیمام خومه‌ینی، ده‌سته‌یه‌ك ده‌نێرێت بۆ شاری نه‌جه‌ف و له‌و ڕۆژانه‌دا ڕۆژنامه‌كانی ئیتلاعات و كه‌یهان دوای چه‌ندین ساڵ، وێنه‌ی ئیمام خومه‌ینی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌كه‌یان چاپ ده‌كه‌ن و تیراژی ملیۆنی لێ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و تیایدا باس له ڕۆشتنی ئه‌و ده‌سته‌یه بۆ شاری نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن([51]). به‌ڵام ئیمام خومه‌ینی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ئه‌مه به فێڵی شه‌یتانیی محمدڕهزاشا ناوده‌بات و له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا له گه‌لانی ئێران ده‌كات كه به‌رده‌وام بن له ناڕه‌زایه‌تیه‌كان([52]).
هه‌ربۆیه سه‌ره‌ڕای هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه و به‌رده‌وای باری نائاسایی، به‌ڵام ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵك له تاران و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌رده‌وام ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له ڕۆژی 2 ئه‌یلول 1978، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان([53]) به ئیمامه‌تی دوكتۆر موفهتیح له شاری تاران كۆده‌بنه‌وه و دواتر خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن و تا ڕۆژی 7 ئه‌یلول 1978 به‌رده‌وام ده‌بێت. بریار ده‌درێت كه به‌یانی ڕۆژی دواتر كه هاوكات ده‌بێت به ڕۆژی هه‌ینی، له مه‌یدانی ژاڵه كۆببنه‌وه و خۆپیشاندانی به‌رفراوان ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو كه شه‌ریف ئیمامی باری نائاسایی و هه‌موجۆره كۆبوونه‌وه‌یك له‌تاران و له‌هه‌مان كاتیش‌دا حكومه‌تی سه‌ربازی له تاران و چه‌ند شارێكی دیكه ڕاگه‌یاندبوو، به‌ڵام خه‌ڵك به‌بێ گوێدانه هۆشداریه‌كانی حكومه‌ت، خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هێزی چه‌كداریش له مه‌یدانی ژاڵه ئاماده ده‌بیت و توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه([54]) و نزیكه‌ی 3 تا 5 هه‌زار كه‌س ده‌كوژرێن([55]). یان به وته‌ی ڕۆژنامه‌نوسێكی ئه‌وروپی كه ده‌نوسێت: (له‌و ڕۆژه‌دا هه‌لیكۆپته‌ره‌كان له‌دوای خۆیان كێوێك ته‌رمیان به‌جێهێشت)([56]). بۆیه له‌دوای وتاره‌كه‌ی ڕه‌شیدی مطلق، ئه‌م ڕوداوه به دووه‌م زه‌نگی پڕمه‌ترسی بۆ شا و سه‌ڵته‌نه‌تی شاهنشاهی دێته هه‌ژمار، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ده‌كرێت كه ئیدی دوای ئه‌و دو ڕوداوه، خه‌نده و خۆشی له ڕوخساری شا نه‌ده‌بینرا([57]).
ئه‌مه‌له كاتێكدایه كه فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (میشێل فۆكۆ) كه ئه‌وكات له ئێران بووه و كاری بۆ ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیتاڵی كردووه، باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و ڕۆژه نزیكه‌ی (4000) كه‌س كوژراون، به‌ڵام حكومه‌ت ناوی 87 كوژراوی له ته‌واوی شاردا نوسیوه([58]). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لایه‌نگران و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ژماره‌ی قوربانیه‌كان زۆر له‌وه به كه‌متر ده‌زانن و له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌رده‌شێری زاهیدی كه ماوه‌یه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی شاهنشایی و دواتر باڵوێزی ئێران له ئه‌مریكا و له‌هه‌مان كاتدا زاوای شا بووه، له یاداشته‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌م كوشتاره ده‌ره‌نجامی بڕیاری هه‌ڵه‌ی حكومه‌ت بووه و تیایدا 130 كه‌س كوژراوه([59]). وه‌هه‌روه‌ها ئه‌شره‌فی خوشكی شا له‌یاداشته‌كانیدا باس له كوشتنی 85 كوژراو و 200 بریندار ده‌كات([60])، هه‌رچۆنێك بێت، ژماره‌یه‌كی زۆر خۆپیشانده‌ر ده‌كوژرێن وبریندار ده‌بن و له‌و كاته به‌داواوه و له‌مێژوی ئێران‌دا ئهڕۆژه به هه‌ینی ڕش ده‌ناسرێت([61]).
ئه‌م ڕوداوه به هه‌ڵوێستی توندی ئیمام خومه‌ینی ڕوبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌كدا ته‌واوی ڕوداوه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی شا و داوا له خه‌ڵك ده‌كات كه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان به‌رده‌وام بن و له‌هه‌مان كاتیش‌دا داوا له ته‌واوی پیاوانی ئایینی ده‌كات كه ببنه پێشه‌نگی خه‌ڵك و رێبه‌ری و ڕینوێنی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵك بكه‌ن([62]).
دوای ڕودانی كوشتاری هه‌ینی ڕه‌ش و به‌یاننامه‌ی ئیمام خومه‌ینی، خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان ته‌واوی شاره‌كانی ئێران ده‌گرێته‌وه و كرێكارانی كارگه و پاڵاوگه و به‌نده‌ره‌كان مانده‌گرن([63]) و به‌رهه‌م و پاڵاوتنی نه‌وت به‌ته‌واوی كه‌مده‌كات([64]). به‌ڕاده‌یه‌ك كه به‌رهه‌می نه‌وت له پێنج ملیۆن و نیو به‌رمیلی ڕۆژانه كه‌مده‌كات بۆ 100 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه و به‌ته‌واوی ئابوری ئێران ئیفلیج ده‌بێت([65]).
دوای ئه‌وه‌ی شه‌ریف ئیمامی و شای ئێران له ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ خومه‌ینی شكست دێنن و په‌ی به‌وه ده‌به‌ن كه ناتوانن كاریگه‌ری وتار و به‌یاننامه‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن كه له سنوره‌كانی ئێران دوری بخه‌نه‌وه([66]) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باڵوێزی ئێران له عێراق داوا له ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كات كه یان ئیمام خومه‌ینی بێده‌نگ بكه‌ن، یان له وڵاته‌كه‌یان ده‌ری بكه‌ن([67]). بۆیه خودی ئیمام خومه‌ینی ده‌ڵیت: (له‌نێوان بێده‌نگ بوون و هیجره‌ت كردن‌دا، هیجره‌تم هه‌ڵبژارد)([68]).
سه‌ره‌تا بریار وایه كه ئیمام خومه‌ینی له‌ڕێگه‌ی وڵاتی (كوێت)وه‌وه بڕوات بۆ سوریا([69])، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر سنوری كوێت ڕێگه‌ی پێناده‌ن، دواجار بڕیاری ڕۆشتن بۆ فه‌ره‌نسا ده‌دات([70]) و سه‌ره‌نجام له پێش نیوه‌ڕۆی 6- 10- 1978 (15 مهر 1357) بهفڕۆكهیهكی عێراقی سه‌فه‌ری وڵاتی فه‌ره‌نسا ده‌كات([71]) و هه‌ریه‌ك له سه‌ید ئه‌حمه‌دی كوڕی، د. ئیبراهیم یه‌زدی، فیرده‌وسی پور و ئیملائی هاوڕێیه‌تی ده‌كه‌ن([72]) و دواتر له ناوچه‌یه‌كی نزیك پاریس به‌ناوی (نوفل لوشاتو) نیشته‌جێ ده‌بێت([73]).
شیاوی باسه كه حكومه‌تی فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر داوای شا و حكومه‌تی ئێران ڕازی به وه‌رگرتنی ئیمام خومه‌ینی ده‌بێت، ئه‌م داوایه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه شای ئێران پێی وابوو ئیمام خومه‌ینی له ئه‌وروپادا ون ده‌بێت و ئیدی به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگی به ئێران ناگات و به‌هاوكاری ئه‌مریكا ده‌توانرێت كۆنترۆڵ بكرێت([74]). به‌ڵام ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی شا و به‌رپرسانی ئێرانی ده‌بێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیمام خومه‌ینی كۆتایی دێت([75])، به‌ڕاده‌یه‌ك كه وه‌ك چۆن ئه‌شره‌ف په‌هله‌وی ده‌ڵێت: (بازاری وتاردانی دژی شا گه‌رمتر بوو)([76]) ، هه‌رچه‌نده دواتر ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی فه‌ڕه‌نساوه هه‌وڵی زۆر ده‌دات تا ئیمام خومه‌ینی له‌به‌رامبه‌ر كابینه‌كه‌ی به‌ختیار بێده‌نگ بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابن([77]). هه‌ربۆیه فه‌ڕه‌نسا ده‌بێت به ناوه‌ندی ڕیبه‌ری كردنی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران([78]).
پیته‌ر گالبرایت له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئیمام خومه‌ینی له‌و شوێنه دوره‌وه له فه‌ره‌نسا، به‌شێوه‌یه‌ك ڕێبه‌رایه‌تی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی دژی شای له ئێران ده‌كرد، كه هه‌رگیز له ده‌وڵه‌تێكی پۆلیسی وه‌كو عێراقدا توانای ئه‌و كاره‌ی نه‌ده‌بوو([79]). هه‌روه‌ها محمد حسنین هه‌یكه‌ل باس له‌وه‌ده‌كات كه كاتێ ئیمام خومه‌ینی له نوفل لوشاتو بووه، زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌به‌رده‌م كامێراكاندا بووه و ڕۆژانه 4 یا 5 چاوپێكه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی هه‌بووه([80]).
به‌گشتی ئیمام خومه‌ینی له ماوه‌ی 118 ڕۆژ كه له فه‌ره‌نسا نیشته‌جێ بوو، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی چالاكی دژی شا بوو كه بریتی بوون له 40 په‌یام و ڕاگه‌یه‌ندراو، 65 وتار، 27 نامه، 117 چاوپێكه‌وتن([81])، كه كۆتایی ته‌واوی چاوپێكه‌وتنه‌كانیشی ده‌یوت: (شا ده‌بێت بڕوات!!!)([82]).
خاڵی وه‌رچه‌رخان له بزوتنه‌وه‌ی دژی شا و به‌هێزبوونی به‌ره‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، بریتی بوو له ڕیكه‌وتنی جه‌بهه‌ی میلی و ئیمام خومه‌ینی، ئه‌وه‌ش له دوای ئه‌وه هات كه دوكتۆر كه‌ریمی سه‌نجابی ڕیبه‌ری باڵای جه‌بهه‌ی میلی، دوای مانگێك له گه‌یشتنی ئیمام خومه‌ینی بۆ فه‌ره‌نسا، له 5- 11- 1978 (14 ئابان 1357) سه‌ردانی ده‌كات و ڕێكه‌وتنێكی سێ ماده‌یی له‌گه‌ڵ واژۆ ده‌كات كه تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی شاهنشاهی له ئێران ده‌سه‌ڵاتێكی ناشه‌رعیه و نابێت هیچ لایه‌كیان حكومه‌تی له‌گه‌ڵ پێك بهێنن([83])، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌سه‌ر حكومه‌تی دوای شا ڕیكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تیكی نیشتیمانی له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره ئیسلامی و دیموكراسی و سه‌ربه‌خۆ له ڕیگه‌ی ده‌نگدانی گشتیه‌وه پێك بهێنن([84]).
ئه‌م ڕیكه‌وتنه به گورزێكی كوشنده داده‌نرێت كه به‌ر حكومه‌تی شای ئێران ده‌كه‌وێت، هه‌ربۆیه دوای بێ‌ئومێد بوون له شه‌ریف ئیمامی له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی ئێران، له‌دوای 68 ڕۆژ ئیمامی ناچار به ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه ده‌كات و حكومه‌تێكی سه‌ربازی به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌راڵ غوڵامڕه‌زا ئیزهاری له 6- 11- 1978 (15 ابان 1357) پێك ده‌هێنێت([85]).
ته‌وه‌ری پێنجه‌م:
حكومه‌تی به‌ختیار و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له (11 شوباتی 1979/ 22به‌همه‌ن 1357)
دوای نا‌ئومێد بوونی محمد ره‌زا شا له ئیمامی و دامه‌زراندنی كابینه‌ی سه‌ربازی له‌لایه‌ن جه‌نه‌رال ئیزهاری، له‌هه‌مان ڕۆژدا شا له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات و دان به هه‌ڵه‌كانی ڕابردوی خۆی و ئیداره‌دانی وڵات‌دا ده‌نێت وسوێند ده‌خوات كه ئیدی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دوباره نه‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشانده‌ران ڕاده‌گه‌یه‌نێت و باس له‌وه ده‌كات كه په‌یامی شۆڕش و ناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌وانی بیستووه و به‌ڵێنی چاكسازی ڕیشه‌یی و له‌ڕیشه ده‌رهێنانی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران ده‌دات([86]). له‌به‌رامبه‌ریشدا ئیمام خومه‌ینی ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌گه‌ر شای ئێران په‌یامی خۆپیشانده‌رانی بیستووه، ئه‌وا پێویسته به‌زوترین ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و بڕواته به‌رده‌م دادگایه‌كی ئیسلامی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هوشداری به هه‌مو لایه‌نه‌كان ده‌دات كه كه‌س به‌شداری كابینه‌ی ئیزهاری نه‌كات و به‌شدار بووان به خیانه‌تكار و دوژمنی گه‌ل ناوده‌بات([87]). زۆری پێناچێت كه ئیزهاری ته‌ندروستی تێكده‌چێت و دوچاری جه‌ڵده ده‌بێت([88]). هه‌رچه‌نده فیردوستی به‌رپرسی باڵای ساواك، ئه‌م نه‌خۆشیه به فێڵی خودی ئیزهاری ده‌زانێت و پێی وایه به‌مه‌به‌ستی خۆ ده‌ربازكردن خۆی نه‌خۆش خستووه([89]).
ئیدی ڕۆژ له دوای ڕۆژ ڕه‌وشی شاره‌كانی ئێران به‌ته‌واوی ڕوله توندبوون ده‌كات و خۆپیشاندانه‌كان و مانگرتنه‌كان فراوانتر ده‌بن و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كان و كارمه‌ندانی حكومی مانده‌گرن، كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی نیشتیمانی سهفهركانی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، دوكان و بانك و زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌كان داده‌خرێن و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تی سه‌ربازیه‌وه به‌ڕیوه ده‌برێت([90])، مانگرتنی كرێكارانی نه‌وت ده‌گاته ڕاده‌یه‌ك كه هه‌نارده‌ی نه‌وت ڕابگیرێت([91]).
ئیمام خومه‌ینی به‌یاننامه‌ی دژی حكومه‌تی سه‌ربازی ده‌رده‌كات و دژایه‌تی خۆی بۆ حكومه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نیت و له به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ی له 15- 11- 1978 (24 ئابان 1357)، مانگرتنی فه‌رمانبه‌رانی كۆمپانیای نه‌وت به‌رز دهنرخینێت و هوشداریش ده‌داته ئه‌مریكا كه فشاره‌كانی بێ ئه‌نجام ده‌بێت، هه‌روه‌ها داواش له ئه‌مریكا ده‌كات كه چیدی پشتی شا نه‌گرێت([92]). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له 29- 12- 1978 (8 دی 1357) جارێكی دیكه فه‌رمانێكی نوێ ده‌رده‌كات و به‌و پێیه‌ش ڕێگه به كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وت ده‌دات كه به‌پێی پێویستی ناوخۆ نه‌وت به‌رهه‌م بهێنرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌ندازیار مه‌هدی بازرگان ڕاده‌سپێرێت كه لیژنه‌یه‌ك دروست بكات و بڕواته خوزستان و سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت بكات به مه‌رجی ئه‌وه‌ی كه: 1- سه‌رباز و هێزه چه‌كداره‌كان له كێڵگه نه‌وتیه‌كان بڕۆنه ده‌ره‌وه. 2- نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی، ته‌نها به پێی پێویستی ناوخۆ به‌هه‌م بهێنرێت و هه‌نارده كردن ڕابگیرێت. 3- له‌شكر و هێزه چه‌كداریه‌كانی دیكه بڕی نه‌وتی به‌رهه‌م هێنراوی ناوخۆیی پاوان نه‌كه‌ن و بۆ پێویستی گشتی به‌كار بهێنرێت([93]).
ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی ئابوری ئێرانی ئیفلیج كرد و بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به ته‌واوی له ده‌ستی حكومه‌ت و شا ده‌رده‌چێت، هه‌ربۆیه شا ده‌كه‌وێته بیری ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی پێك بهینێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا له چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی نیشتیمانی و بێلایه‌نی وه‌ك: دوكتۆر ئه‌مینی، ئه‌ندازیار مه‌هدی بازرگان، دوكتۆر كه‌ریم سه‌نجابی و دوكتۆر غوڵامحسه‌ین صدیقی ده‌كات كه حكومه‌تی نیشتیمانی پێك بهێنن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان به بیانویه‌ك داواكه‌ی شا ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه([94]). به‌م شێوه‌یه سه‌ره‌نجامی ئه‌م قه‌یران له دوای قه‌یرانانه ده‌گۆڕیت بۆ شۆڕشێك كه كۆتایی به فه‌رمانڕه‌وایی شاهشاهی له ئێران ده‌هێنێت([95]).
سه‌ره‌نجام محمد ڕه‌زاشا داوا له شاپور به‌ختیار كه ئه‌ندامی جه‌بهه‌ی میلی بوو ده‌كات كه حكومه‌ت پێك بهینیت و ئه‌ویش به‌چه‌ند مه‌رجێك قبوڵی ده‌كات كه بریتین له: 1- ئازادی چاپه‌مه‌نی. 2- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ساواك. 3- ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی. 4- گواستنه‌وه‌ی موڵك و دارایی ڕیكخراوی (دامه‌زراوه) په‌هله‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت. 5- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیژنه‌ی چاودێری شاهنشاهی كه وه‌ك حكومه‌ت له نێو حكومه‌ت، ده‌ستی وه‌رده‌دایه ته‌واوی كاره‌كانی حكومه‌ت. 6- خۆی مافی دیاریكردنی ته‌واوی وه‌زیره‌كانی هه‌بێت. 7- شا سه‌فه‌ر بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران([96]). كه له ڕاستیدا فه‌ره‌حی شاژنی ئێران هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌زگای سیخوڕی ساواك به زه‌بری كۆتایی ده‌زانێت كه له په‌یكه‌ری ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران درابێت([97]).
ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو كه دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه به ته‌واوی ئاڵۆز ده‌بێت، سولیڤانی باڵوێزی ئه‌مریكا له تاران سه‌ردانی شا ده‌كات و داوای لێده‌كات ئێران به‌جێ بهێڵێت([98])، له‌و كاته‌دا سه‌یرێكی كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستی ده‌كات و به شا ده‌ڵێت: (ئێسته ئێران به‌جێ بهێڵیت، باشتره له‌وه‌ی كه كاتژمێرێكی دیكه دوابكه‌ویت)([99]). له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به وته‌ی فه‌ره‌حی هاوسه‌ری شا، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا داوا له شا ده‌كه‌ن كه حكومه‌ت ڕاده‌ستی شاپور به‌ختیار بكات و ئێران به‌جێ بهێڵێت([100]).
سهرنجام و به‌ناچاری، محمد ڕه‌زاشا به مه‌رجه‌كانی به‌ختیار ڕازی ده‌بێت و له 30- 12- 1978 (9 دی 1357) فه‌رمانی بون به سه‌رۆك وه‌زیرانی بۆ ده‌رده‌كات([101]) و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خێرای جه‌بهه‌ی میلی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و به‌پێی فه‌رمانێك له ڕۆژی شه‌ممه ڕیكه‌وتی 9 دی 1357 شاپور به‌ختیار له ڕیزه‌كانی خۆی ده‌رده‌كات([102])، به‌ڵام به‌ختیار له‌كاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و له 6- 1- 1979 كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پێك ده‌هینێت و له وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له 11- 1- 1979، كه وێنه‌یه‌كی د. مصدق ڕیبه‌ری پێشوی جه‌بهه‌ی میلی له‌پشت سه‌ره‌وه هه‌ڵواسیبوو، چه‌ندین بڕیار ده‌دات له‌وانه، ئه‌نجامدانی چاكسازی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌تی سه‌ربازی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ساواك، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داراییه‌كانی دامه‌زراوه‌ی په‌هله‌وی …هتد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه ئیمام خومه‌ینی (گاندی ئێران) ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه ئێران([103]). هاوكات ئاماده‌یی خۆشی ده‌رده‌بڕێت كه بڕوات بۆ فه‌ڕنسا و گفتوگۆله‌گه‌ڵ ئیمام خومه‌ینی بكات، به‌ڵام ئیمام خومه‌ینی به مه‌رجی ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه ئاماده‌بوو پێشوازی لێبكات([104]).
ئیمام خومه‌ینی ڕۆژێك دوای پێكهێنانی كابینه‌ی شاپور به‌ختیار، ڕاگه‌یه‌ندراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه و تیایدا حكومه‌تی به‌ختیار به نایاسایی و خائین و دارده‌ستی بێگانه ناوده‌بات و له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕوات و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی به حه‌رام ده‌زانێت([105])، وه هه‌روه‌ها به پێی فه‌رمانێك له 12- 1- 1979 (22 دی 1357)، (شورای انقلاب اسلامی/ ئه‌نجومه‌نی شۆڕشی ئیسلامی) داده‌مه‌زرێنێت و ڕیكاره‌كانی چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌ت دیاری ده‌كات([106]).
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ئاشكرا ده‌بن كه بریتی بوون له: (به‌نی صدر، بازرگان، یه‌زدی، قطب زاده، به‌هه‌شتی، مطهری، رفسنجانی و باهونه‌ر)([107]). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌فسنجانی له یاداشته‌كانیدا ناوی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌ك (دوكتۆر سه‌حابی، موسوی ئه‌رده‌بیلی) ده‌بات و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه دواتر چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌ك، دوكتۆر شه‌یبانی، تیمسار قه‌ره‌نی و موهه‌ندیس سه‌حابی، بوون به‌ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه و ئیدی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دكرد([108]).
محمدڕهزاشا له 16- 1- 1979 به‌چاوی گریانه‌وه و بهسهفهرێكی بێ گه‌ڕانه‌وه ئێران به‌جێده‌هێڵێت([109]) و له لایه‌ن ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسه باڵاكانی وڵات و و ئه‌ندامانی كابینه‌ی نوێیه‌كه‌ی به‌ختیاره‌وه ماڵ ئاوایی لێده‌كرێت([110])، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دڵخۆش بوونی خه‌ڵك و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ده‌رژێنه سه‌رشه‌قامه‌كان([111])، ڕۆژی 22- 1- 1979 (2 به‌همه‌ن1357)، نوسینه‌گه‌ی ئیمام خومه‌ینی له نۆفل لوشاتۆ ی فه‌ره‌نساوه، ئاماده‌یی ئیمام خومه‌ینی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت([112]). ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی نیگه‌رانی ئه‌مریكا([113]).
سه‌ره‌نجام و دوای چه‌ند ڕۆژ داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی مهرابادی تاران له‌لایه‌ن شاپور به‌ختیار، ئیمام خومه‌ینی له‌گه‌ڵ 150 ڕۆژنامه‌نوسی بیانی له ڕۆژی 1 شوباتی 1979 (12 به‌همن 1357) به فڕۆكه‌ی ژماره 747ی كۆمپانیای (ئێرفرانس) فه‌ره‌نسی ده‌گاته‌وه شاری تاران([114]) و له‌لایه‌ن زیاتر له 3 ملیۆن كه‌س پێشوازی لێ ده‌كرێت([115]) و دواتر له‌وێوه و له‌نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ردا ده‌ڕواته به‌هه‌شتی زه‌هرا([116]) و له وتارێكیدا بڕیاری خه‌بات دژی حكومه‌تی به‌ختیار و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت([117]) و دواتر له‌ڕۆژی 11شوبات (22به‌همه‌ن) شۆڕش به ته‌واوی سه‌ركه‌وتنی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت([118]).
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه كاتێك به‌دیهات كه (عه‌باس قه‌ره‌باغی) سوپاسالاری ئێران بێلایه‌نی سوپا له كێشه نێوخۆیی و سیاسیه‌كانی ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت([119])، ئه‌مه‌ش له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵای هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران به به‌شدای 27 كه‌س له فه‌رمانده باڵاكان و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی شاهنشاهی، له ڕۆژی 11 شوبات 1979 (22 به‌همه‌ن 1357) بێلایه‌نی هێزه چه‌كداره‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نن و ڕاگه‌یه‌ندراوێك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و تیایدا هاتووه كه: (له‌شكری ئێران ئه‌ركی پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و سنوره‌كانی وڵاتی له‌سه‌رشانه و تا ئێستا هه‌وڵی داوه كه به‌پشتیوانی حكومه‌تی یاسایی وڵات، ئه‌ركی خۆی به باشترین شێوه ڕاپه‌ڕێنێت. به سه‌رنجدان له گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی وڵات، ئه‌نجومه‌نی باڵای له‌شكر له كاتژمێر 10:30ی ڕۆژی 22 به‌همه‌ن 1357كۆبونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامداو به‌مه‌به‌ستی ڕێگری له ڕژاندنی خوێن و سه‌رهه‌ڵدانی ئاشوب، به‌كۆی ده‌نگ بڕیاری بێلایه‌نی خۆی له ململانێ سیاسیه‌كانی ئێستای وڵات ڕاده‌گه‌یه‌نێت و فه‌رمان به یه‌كه سه‌ربازیه‌كان كراوه كه بگه‌ڕێنه‌وه باره‌گاكانی خۆیان. له‌شكری ئێران هه‌میشه و به‌رده‌وام پشتیوانی گه‌لی نه‌جیب و به‌شه‌ره‌فی ئێران بووه و به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێنیت و به‌ته‌واوی توانامانه‌وه پشتیوانی له داواكاری مافه‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین)([120]). به‌م شێوه‌یه دوای ڕاگه‌یاندنی بێلایه‌نی هێزه چه‌كداره‌كان، له دوای نیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژدا، شۆڕش له‌ڕیگه‌ی ڕادیۆ تارانه‌وه دوایین هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نیت([121]) و به كۆتایی هاتنی كابینه‌ی 37 ڕۆژه‌ی شاپور به‌ختیار، ته‌مه‌نی 2500 ساڵه‌ی سیستمی میراتی شاهنشاهی له ئێران ده‌پێچرێته‌وه([122]).
ده‌ره‌نجام:
له ئه‌نجامی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه:
به‌رز بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی له ئێران دژی رژێمی میراتی پاشایه‌تی له‌و وڵاته، قۆناغ به قۆناغ بووه و تیایدا پیاوانی ئاینی ڕۆڵێكی باڵایان هه‌بووه له كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و به‌رز كردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی و به‌مه‌ش له ساڵی 1978 به‌دواوه، قۆناغه‌كانی خێراتر بوون و هێدی هێدی به لوتكه ده‌گات، تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه كۆتایی به ڕژێمی پاشایه‌تی بهێنرێت.
گرنگی نه‌دان به ڕۆڵ و پێگه‌ی پیاوانی ئاینی له لایه‌ن خودی شا و بهرپرسهباڵاكانی دیكه‌ی ئێران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجاریش كاردهگهیشته ئه‌وه‌ی كه سوكایه‌تیان پێبكرێت، چاپكردنی وتاری (استعمار سرخ و سیا) باشترین نمونه‌یه كه تیایدا قسةى ناشرين به خودی ئیمام خومه‌ینی درابوو، ئه‌مه‌ش بوویه هۆی نێگه‌ران كردنی پیاوانی ئاینی و فراوان بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له شاره‌زایانی مێژوی ئێران به یه‌كه‌م پریشكی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئێران ناوی ده‌به‌ن. كه ئیدی له‌وكاته به دواوه كه‌سایه‌تی ئیمام خومه‌ینی وه‌ك ڕێبه‌ری شۆڕش له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ناوبانگی ده‌ركرد.
بێباوه‌ڕ بوونی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌لای خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت له ڕوداوه‌كانی وه‌ك سوتاندنی سنهما ڕكسی ئابادان و مردنی مصطفی ی كوڕی ئیمام خومه‌ینی و كوشتنی خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ژاڵه، كه حكومه‌ت هه‌رچه‌نده خۆی به بێ‌تاوان ده‌رده‌خست، به‌ڵام له شه‌قامی ئێرانی‌دا به تاكه تاوانبار ده‌ناسرا، هه‌ربۆیه خه‌ڵكی به‌گشتی به‌شداری پرسه‌ی كوژراوانی مه‌یدانی ژاڵه و كوڕی ئێمام خومه‌ینی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له ئێرانیش پرسه بۆ مصطفی خومه‌ینی داده‌نێن و هه‌ر له یه‌كێك له‌و پرسانه‌دا، بۆ یه‌كه‌مجار نازناوی ئیمام به خودی ئیمام خومه‌ینی ده‌به‌خشرێت و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دروستكردنی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی خۆپیشانده‌ران ده‌بێت.
هه‌روه‌ها بوونی كه‌سایه‌تی كاریزمایی و خاوه‌ن بڕیاریی ئیمام خومه‌ینی وه‌ك سه‌ركرده‌ی ناڕه‌زاییه‌كان، به‌تایبه‌ت دوای سه‌فه‌ر كردنی بۆ فه‌ڕه‌نسا، كه ئیدی له‌گه‌ڵ جه‌بهه‌ی میلی ڕێكهتننامه واژۆ ده‌كات و له‌وێوه په‌یام و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێته ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێكه‌ڵكردنی بابه‌ته سیاسیه‌كان به پرسه دینیه‌كانه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی وه‌ك فه‌توا ده‌رده‌كرد و تیایدا هه‌مو جۆره هاوكاریكردنێكی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و سیستمی پاشایه‌تی له ئێران به حه‌رام داده‌نا.
به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (1)
ڕاگه‌یه‌ندراوی د. كه‌ریم سه‌نجابی، سه‌رۆكی جه‌بهه‌ی میلی ئێران
سه‌رچاوه:
غلامرضا نجاتی (سرهنگ): تاریخ بیست و پنج ساله ایران (از كودتا تا انقلاب)، مؤسسه خدمات فرهنگی رسا، چاپ نهم، تهران، 1390، ص1131.
به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (2)
په‌یامی ئایه‌توڵا خومه‌ینی بۆ موهه‌ندیس مه‌هدی بازرگان، ده‌رباره‌ی دابینكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی ناوخۆ
سه‌رچاوه:
غلامرضا نجاتی (سرهنگ): تاریخ بیست و پنج ساله ایران (از كودتا تا انقلاب)، مؤسسه خدمات فرهنگی رسا، چاپ نهم، تهران، 1390، ص1138.
به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (3)
ڕاگه‌یه‌ندراوی جه‌بهه‌ی میلی، به‌مه‌به‌ستی دورخستنه‌وه‌ی د. شاپور به‌ختیار له ڕیزه‌كانی خۆی
سه‌رچاوه:
غلامرضا نجاتی (سرهنگ): تاریخ بیست و پنج ساله ایران (از كودتا تا انقلاب)، مؤسسه خدمات فرهنگی رسا، چاپ نهم، تهران، 1390، ص1138.
سه‌رچاوه:
[1]. اشرف پهلوی: خاطرات اشرف پهلوی، بهكوشش پژمان ازادفدا، انتشارات به افرین، چاپ چهارم، تهران، 1390، ل78.
[2]. حسین فردوست: ظهور و سقوط سلطنت پهلوی (خاطرات ارتشبد سابق حسین فردوست)، ویراسته، عبدالله شهبازی، انتشارات اطلاعات، مؤسسه مطالعات و پژوهشهای سیاسی، جلد اول، چاپ بیست و هشتم، تهران، 1388، ص 563.
[3]. حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل564.
[4] . محمود طلوعی: داستان انقلاب، نشر علم، چاپخانه مهارت، چاپ ششم، تهران، 1384، ص244.
[5] . غلامرضا نجاتی: تاریخ بیست و پنج ساله ایران (از كودتا تا انقلاب)، مؤسسه خدمات فرهنگی رسا، چاپ نهم، تهران، 1390، ص618؛ ماورین زونیس: شكست شاهانه (روان‌شناسی سخصیت شاه)، ترجمه، عباس مخبر، انتشارات طرح ن‌و، چاپ و صحافی سازمان چاپ و انتشارات وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، چاپ دوم، تهران، 1370، ل305.
[6]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ص290.
[7]. محسن بهشتی سرشت (دكتر): زمانه و زندگی امام خمینی، انتشارات پژوهشكده امام خمینی و انقلاب اسلامی، چاپ مؤسسه چاپ و نشر عروج، چاپ اول، تهران، 1391، ص36- 37؛ سجاد راعی گلوجه: بازتاب و پیامدهای رحلت اسرار امیز مصطفی خمینی به روایت اسناد، مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ و صحافی چاپخانه مركز اسناد و انقلاب اسلامی، چاپ دوم، تهران، 1391، ل17.
[8]. سجاد راعی گلوجه: بازتاب و پیامدهای رحلت اسرار امیز مصطفی خمینی به روایت اسناد، مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ و صحافی چاپخانه مركز اسناد و انقلاب اسلامی، چاپ دوم، تهران، 1391، ل18؛ محسن بهشتی سرشت: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل46.
[9]. سجاد راعی گلوجه: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل36- 37.
[10]. محمود طلوعی: دوایین شای ئێران (نهینی گه‌لێك له ژیان و ڕۆژگاری محمد ڕه‌زاشای په‌هله‌وی)، و، ئه‌ركان ئه‌حمه‌د جاف، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013، ل339؛ محمدهادی فلاح زاده: جمهوری اسلامی ایران، اشنایی با كشورهای اسلامی (4)، انتشارات مؤسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر ایران، چاپ و صحافی باقری، چاپ دوم، تهران 1386، ل65.
[11]. پیتراوری و… دیگران: تاریخ ایران كمبریج دوره پهلوی (قسمت دوم )، ترجمه، دكتر تیمور قادری، انتشارات مهتاب- ابفام، جلد هفتم، چاپ اول، تهران، 1388، ل117؛ محمدهادی فلاح زاده: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل65.
[12]. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه: اكبر فلاحی: تاریخ شفاهی زندگی و مبارزات امام خمینی در نجف، انتشارات مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ و صحافی چاپخانه مركز اسناد و انقلاب اسلامی، چاپ اول، تهران، 1390، ل23- 30؛ سجاد راعی گلوجه: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل43.
[13]. اكبر فلاحی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل 148.
[14]. احمد علی مسعود انصاری: سرگذشت خاندان پهلوی در دوران اوارگی (خاطرات احمد علی مسعود انصاری)، مؤسسه مطالعات و پژوهشهای سیاسی، چاپ هفتم، تهران، 1388، ل112؛ فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: نهێنیه‌كانی شا و فه‌ره‌ح، و، مه‌جید مارابی، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2011، ل482.
[15]. پیتراوری و… دیگران: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل117.
[16]. نه‌وشیروان مصطفی ئه‌مین: له كه‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ (دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق 1975- 1978)، به‌رلین، 1997، ل35.
[17]. اسمیه چانو: التاج الایرانی، نشر مكتبه مدبولی، الطبعه الاولی، بیروت- لبنان، 1987، ص122؛ محمدهادی فلاح زاده: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل66؛ اكبر فلاحی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل244.
[18]. حسن روحانی (دكتر): خاطرات دكتر حسن روحانی، انتشارات مركز اسناد انقلاب اسلامی، جلد اول، چاپ و صحافی چاپخانه مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ اول، تهران، 1388، ل413؛ اسمیه چانو: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل122.
[19]. اسمیه چانو: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل122.
[20]. فریده دیبا: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل386.
[21]. سجاد راعی گلوجه: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل58- 59؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل414.
*. حسن ڕوحانی له وتاره‌كه‌یدا ژیانی روح الله خومه‌ینی به‌راورد ده‌كات به ژیانی حه‌زره‌تی ئیبراهیم و دواتر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ردوكیان كوڕی خۆیان له ئاواره‌ییدا كردووه‌ته قوربانی، هه‌ربۆیه به خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌تی (124)ی سوره‌تی (البقره) كه به حه‌زره‌تی ئیبراهیم ده‌فه‌رموێت (انی جاعلك للناس اماما)، باس له‌وه ده‌كات كه گه‌لی ئێرانیش (روح الله خومه‌ینی)ی به ئیمامی خۆیان ده‌زانن و بۆیه ده‌ڵیت (ئیمام خومه‌ینی)، ئیدی له‌وكاته‌وه به ئیمام خومه‌ینی ده‌ناسرێت و ناو ده‌برێت، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ته‌واوی وتاره‌كه، بڕوانه: حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 669- 689.
[22]. اكبر فلاحی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل251؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل417.
**. ده‌رباره‌ی نوسین و نوسه‌ری ئه‌م وتاره چه‌ند بۆچونێكی جیاواز هه‌یه. فه‌ریده‌ی دیبا، دایكی فه‌ره‌ح و خه‌سوی شا لهوباروهڕهدایه كه له لایه‌ن (ئه‌میر عه‌باسی هوه‌یدا)وه نوسراوه، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه، فریده دیبا: فریده دیبا: دخترم فرح (خاطرات فریده دیبا مادر فرح پهلوی)، ترجمه، الهه رئیس فیروز، انتشارات به افرین، چاپ شانزدهم، تهران، 1390، ل385- 387؛ هه‌روه‌ها داریوش هومایون، وه‌زیری ئیتلاعاتی ئه‌وكات، له چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی (بی بی سی) باس له‌وه ده‌كات كه به‌بێ ئاگاداری خودی شا، كه‌س ناتوانێت شتی له‌و جۆره بنوسێت و بڵاوی بكاته‌وه. بڕوانه: محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل303؛ ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه داریوش له یاداشته‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌م وتاره به فه‌رمانی شا و له نوسینگه‌ی هوه‌یدا، ئاماده كراوه، بڕوانه: غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل624؛ به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه له‌و بڕوایه‌دان كه په‌رویز نیكخوا نوسه‌ری ئه‌م وتاره‌یه و نابراویش دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له‌سه‌ر هه‌مان تۆمه‌ت له‌سێداره درا، بڕوانه: محمود طلوعی: داستان…، ل284.
[23]. امال كامل السبكی (دوكتۆر): مێژووی سیاسی ئێران له نێوان دوو شۆڕشدا (1906- 1979)، و، شه‌ماڵ ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013، ل294؛ یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران مدرن، ترجمه، محمد ابراهیم فتاحی ولیلایی، نشر نی، چاپ و صحافی علی، چاپ نهم، تهران، 1392، ل282.
[24]. یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران مدرن، ترجمه، محمد ابراهیم فتاحی ولیلایی، نشر نی، چاپ و صحافی علی، چاپ نهم، تهران، 1392، ل282؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل575؛ پیتراوری و… دیگران: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل130.
[25]. مظفر شاهدی: مظفر شاهدی: حزب رستاخیز؛ اشتباه بزرگ، مؤسسه مطالعات و پژوهشهای سیاسی، جلد دوم، چاپ اول، تهران، 1382، ل331؛ فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل424.
[26]. ماورین زونیس: شكست شاهانه (روان‌شناسی سخصیت شاه)، ترجمه، عباس مخبر، انتشارات طرح ن‌و، چاپ و صحافی سازمان چاپ و انتشارات وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، چاپ دوم، تهران، 1370، ل441؛ احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111.
[27]. محمود طلوعی: دواین شا…، ل372.
[28]. حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل567.
[29]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل311.
[30]. یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران…..، ل283.
[31]. فریده دیبا: دخترم فرح (خاطرات فریده دیبا مادر فرح پهلوی)، ترجمه، الهه رئیس فیروز، انتشارات به افرین، چاپ شانزدهم، تهران، 1390، ل339؛ رابرت هایزر: مأموریت در تهران (خاطرات ژنرال هایزر)، ترجمه. علی اكبر عبدالرشیدی، انتشارات اطلاعات، چاپ و صحافی مؤسسه اطلاعات، چاپ ششم، تهران، 1389، ل135.
[32]. یراوند ابراهامیان: ایران بین دو انقلاب (درامدی بر جامعه شناسی سیاسی ایران)، ترجمه، احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی ولیلایی، نشر نی، چاپ غزال، چاپ سیزدهم، تهران، 1387، ل625؛ امال كامل السبكی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل296.
[33]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل311.
[34]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل639.
[35]. محمود طلوعی: داستان…، ل263.
[36]. ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل227؛ محمود طلوعی: دواین شا…، ل369.
[37]. محمود طلوعی: داستان…، ل310.
[38]. حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل453؛ محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل312.
[39]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل313.
***. له‌باره‌ی ژماره‌ی سوتاوهكانهوه، بۆچوونی جیاواز هه‌یه، ئه‌شره‌فی خوشكی شا له یاداشته‌كانیدا به (477)كه‌س باسی ده‌كات. بڕوانه: اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل293؛ غوڵامره‌زا نه‌جاتی به (277) كه‌س باسی ده‌كات. بڕوانه: غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل640؛ ابراهامیان و روحانی له نوسنهكانیاندا ئاماژه به (400) كه‌س ده‌كه‌ن. بڕوانه: یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران…..، ل284؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل452.
[40]. عه‌بباسی میلانی: مه‌ته‌ڵۆكه‌ی هوه‌یدا، و، عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چاپی یه‌كه‌م، كوردستان، 2010، ل496.
[41]. یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران…..، ل284؛ عه‌بباسی میلانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل496.
[42]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل633.
[43]. پیتراوری و… دیگران: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 348؛ محمود طلوعی: دواین شا…، ل372.
[44]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل293؛ پیتراوری و… دیگران: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل349.
[45]. حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل452؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل579.
[46]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل118؛ اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل293؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل579.
[47]. عه‌بباسی میلانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل490.
[48]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل634.
[49]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل314؛ محمود طلوعی: داستان…، ل318.
[50]. فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: نهێنیه‌كانی شا و فه‌ره‌ح، و، مه‌جید مارابی، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2011، ل451.
[51]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل120.
[52]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل314.
[53]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل119؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل455.
[54]. حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل455؛ محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل316؛ ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل451.
[55]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل316.
[56]. وه‌رگیراوه له: یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل636.
[57]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل149.
[58]. یراوند: ابراهامیان تاریخ ایران…..، ل285.
[59]. اردشیر زاهدی: اردشیر زاهدی و رازهای ناگفته سلسله پهلوی، به كوشش، سعید قانعی، انتشارات مهتاب، چاپ دوم، تهران، 1381، ص23.
[60]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل296.
[61]. عه‌بباسی میلانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل495؛ اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل296؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل456.
[62]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و: ل317.
[63]. امال كامل السبكی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل309؛ یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل638.
[64]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل317؛ یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل638.
[65]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل301.
[66]. محمود طلوعی: دواین شا…، ل373.
[67]. امال كامل السبكی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل316.
[68]. اسمیه چانو: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل126.
[69]. حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل461؛ اكبر فلاحی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل258- 260.
[70]. بڕوانه، اكبر فلاحی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل258- 260.
[71]. محمدهادی فلاح زاده: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل66.
[72]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 324.
[73]. حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل462.
[74]. حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل569.
[75]. پیتراوری و… دیگران: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل365؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل584.
[76]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل292.
[77]. رابرت هایزر: مأموریت در تهران (خاطرات ژنرال هایزر)، ترجمه. علی اكبر عبدالرشیدی، انتشارات اطلاعات، چاپ و صحافی مؤسسه اطلاعات، چاپ ششم، تهران، 1389، ل102.
[78]. بڕوانه: نورالدبن كیانوری: خاطرات نورالدین كیانوری 1294- 1378، انتشارات اطلاعات، چاپ و صحافی مؤسسه اطلاعات، چاپ چهارم، تهران، 1388، ل493.
[79]. پیتر گالبرایت: پایان عراق، چگونه بی كفایتی امریكا جنگ نافرجامی رقم زد؟، ترجمه. محمد زمان راستگو، فرج الله ایزدی، مؤسسه فرهنگی هنری و انتشارات مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپخانه مركز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ اول، تهران، 1392، ص32.
[80]. نه‌وشیروان مصطفی ئه‌مین: په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن (دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق 1979- 1983)، به‌رلین، 1997، ل20.
[81]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل353- 355.
[82]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل703.
[83]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل641؛ حسن روحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل471.
[84]. بۆ دیتنی ده‌قی ته‌واوی ڕیكهوتننامهكه بڕوانه: به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (1).
[85]. اسمیه جانو: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل126؛ ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل229.
[86]. عه‌بباسی میلانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 498؛ محمود طلوعی: دواین شا…، ل375؛ هه‌روه‌ها بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌قی وتاره‌كه‌ی شا بڕوانه: محمود طلوعی: داستان…، ل344- 346.
[87]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل641.
[88]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل123؛ فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل498؛ ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل453.
[89]. حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل570.
[90]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل697؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل18.
[91]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل645؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل18.
[92]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل366.
[93]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل368. بۆدیتنی ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه بڕوانه: به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (2).
[94]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل787- 796؛ فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل496- 497؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل590- 591.
[95]. ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل170.
[96]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل805.
[97]. فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل468.
[98]. اشرف پهلوی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل148؛ اردشیر زاهدی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل31؛ فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل495؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل28.
[99]. اردشیر زاهدی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل31.
[100]. فریده دیبا: دخترم فرح، ل397.
[101]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل647.
[102]. بۆ دیتنی ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه، بڕوانه: به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره (3).
[103]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل382؛ یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل647.
[104]. هاشمی رفسنجانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل328- 329؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل223.
[105]. رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 231؛ هه‌روه‌ها بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه بڕوانه: غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل806- 807.
[106]. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه بڕوانه: محمود طلوعی: داستان…، ل429- 431.
[107]. یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل651.
[108]. هاشمی رفسنجانی: دوران مبارزه (كارنامه و خاطرات هاشمی رفسنجانی، خاطرات، تصویرها، گاه شمار)، به اهتمام، مهندس محسن هاشمی، نشر معارف انقلاب، چاپ غزال، چاپ سوم، تهران، 1386، ل323.
[109]. فریده دیبا: سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل398- 399؛ احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل163؛ محمود طلوعی: دواین شا…، ل376؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل135.
[110]. ماورین زونیس: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل107.
[111]. عه‌بباسی میلانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل511.
[112]. محسن بهشتی سرشت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل388- 391.
[113]. رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل117.
[114]. غلامرضا نجاتی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، 921- 922.
[115]. یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران…..، ل287.
[116]. هاشمی رفسنجانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل332؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل267.
[117]. اسمیه چانو: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل153؛ رابرت هایزر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل267.
[118]. نورالدبن كیانوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل502؛ محمدهادی فلاح زاده: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل66.
[119]. فه‌ره‌ح په‌هله‌وی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل416.
[120]. هادی نخعی؛ یكتا حسین: پیدایش نظام جدید (بحرانهای داخلی و تولد نیروهای مسلح انقلاب 21 بهمن 1357 تا 16 اردیبهشت 1358، روزشمار جنگ ایران و عراق- زمینه‌سازی، مركز اسناد و تحقیقات دفاع مقدس، كتاب اول، چاپ قلم اذین، چاپ سوم، تهران، 1391، ص 58.
[121]. یراوند ابراهامیان: تاریخ ایران…..، ل288؛ یراوند ابراهامیان: ایران بین…، ل652.
[122]. احمد علی مسعود انصاری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل154؛ حسین فردوست: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل604.