Home / بەشی مێژووی كورد / ئیبراھیم پاشای بابان ‏‎ بنیادنەری ئەو شارەی، کە جێگەی گۆڕێکیش لە خاکەکەی نەبوو بە نسیبی

ئیبراھیم پاشای بابان ‏‎ بنیادنەری ئەو شارەی، کە جێگەی گۆڕێکیش لە خاکەکەی نەبوو بە نسیبی

‏‎نووسین و ئامادەکردن: چــرا یـاسین
‏‎ئیبراھیم پاشا کوڕی ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشای بابانە، یەکێکە لە میرە ھەرە بەناوبانگەکانی میرنیشینی بابان، دوای ئەوەی «مەحموود پاشا» لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی لادەبرێت، ‏‎«ئیبراھیم پاشا» لە ساڵی (١٧٨٣ز) دێتە سەر دەسەڵات و فەرمانڕەوایی میرنیشینی بابان دەکات. ‏‎«ئیبراھیم پاشا» پیاوێکی تێگەیشتوو و ھێمن و ڕەوشتجوان بوو، کەسێکی دووربین و شارەزاییەکی باشی لە کاروباری بەڕێوەبردندا ھەبوو، و بایەخێکی زۆری بە زانایان داوە، وە ھەروەھا ‏‎ھەوڵێکی تەواوی داوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی میرنیشینەکە ‏‎و توانیویەتی سنووری فەرمانڕەوایەتیەکەی خۆی فراوان بکات بۆ ناوچەکانی قەسری شیرن و خانەقین. ‏‎ماوەی دەسەڵاتی ئیبراھیم پاشا کە نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت، بە شێوازێکی پچڕ پچڕ بووە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا سێ جار بۆتە میری بابان و لادراوە، ئەوەش لە ئەنجامی ململانێی ناوەخۆیی و دستتێوەردانی ھێزی دەرەکی لە کاروباری میرنیشنی بابان. ‏‎لە دیارترین ئەو کارانەی ئیبراھیم پاشا کە بۆ میرنیشینەکە ئەنجامی داوە دروستکردنی پایتەختێکی نوێ بوو کە ئەویش شاری سلێمانی بوو لە ساڵی(١٧٨٤)، ‏‎کە لە دوای قەڵاچۆڵان شاری سلێمانی پێنجەم و کۆتا پایتەختی ئەو میرنیشینە بووە، سەرەڕای ئەوەی قەڵاچۆڵان بۆ ماوەیەی درێژ پایتەختی ئەم میرنیشینە بوو بەڵام دواجار بە چەند فاکتەرێکی سیاسی و کارگێڕی بوونە پاڵنەر بۆ دروستکردنی پایتەختێکی نوێ لە گرنگترین ھۆکارەکانیش وەکو ھۆکاری ستراتیجی کە بۆ زامنکردنی ئاسایشی میرنیشینە و دوورخستنەوەی پایتەخت لە ھەڕەشەی دەرەکی، کە قەڵاچۆلان نزیک بوو لە سنووری ئێران، بەڵام شوێنی شاری سلێمانی دورتر بوو لە ئێران. ‏‎
وە ھەروەھا ھۆکاری کارگێڕی کە بەو پێیەی کە میرنیشنەکە پێویستی بە دامودەزگای نوێ و فراوانتر ھەبوو، ھەروەھا دەبوو پاشا لە شوێنێکی گونجاوەوە دەسەڵاتەکانی بەکار بھێنێت، و ببێت بە ناوەندێکی کارگێڕی بۆ ھەڵسوڕانی کاروباری میرنیشینەکە، ئەمەش لە شوێنی سلێمانی بەدی دەکرا. ‏‎ھۆکارێکی تر ھۆکاری ئابووری بوو لە ڕووی کشتوکاڵیەوە ناوچەکە ناوچەیەکی لەبار بوو بۆ کشتوکاڵ کردن و زەوی بە پیت و ئاوی پێویستی ھەبوو، و سلێمانیەو سەردەمەدا سەر ڕێگای بازرگانی تاران و بەغدا و ئەستەمبۆڵ بوو. ‏‎لە ھەمان کاتدا ھۆکاری دیکەش ھەبوون کە پاڵنەر بوون لەوانە لە وە ھەروەھا ئیبراھیم پاشا بە دروستکردنی شاری سلێمانی دەیویست ناوێکی مێژوویی بۆخۆی تۆمار بکات، وە ھەروەھا لە شوێنی شاری سلێمانی قەڵایەک ھەبوو کە مەحموود پاشای مامی بنیادی نابوو ئەمەش ھاندرێک بوو تاوەکو شاری سلێمانی دروست بکات، ھەندێ مێژوونووسان باس لەوەش دەکەن کە ھۆکارێکی تریش دەکەن کە ئەویش ھۆکارێکی کۆمەڵایەتیە بۆ خۆ نزیککردنەوەی «ئیبراھیم پاشا» لە خاتوو «ملکە»ی کوێخاژنی گوندی مەڵکەندی بوو. ‏‎سەبارەت بە ناوی سلێمانی چەند ‏‎بیروبۆچونێک ھەیە دەربارەی ناونانی شاری سلێمانی لە لایەن ئیبراھیم پاشاوە لەوانە:
‏‎* بۆچونێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئیبراھیم پاشا ناوی ئەوم شارەی بە ناوی سلێمان پاشای کوڕیەوە ناوناوە.
‏‎* بۆچوونێکی تر ناوی سلێمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمان پاشای والی دەوڵەتی عوسمانی لە بەغدا، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەھێز لە نێوانیاندا ھەبوو، ئیبراھیم پاشا ھەمیشە ڕێزی لێدەگرت و بە دەم داواکارییەکانیەوە دەچوو، ھەر والی سلێمان پاشاش بوو کە ئیبراھیم پاشای کردە میری میرنیشینی بابان، بۆیە بەشێک لە مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەم بۆچوونە.
‏‎* بۆچوونێکی تر ناوی سلێمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنگوستیلەیەک کە لە کاتی کارکردن لە دروستکردنی شارەکە کە لەلایەن کرێکارەکانەوە دەدۆزرێتەوە و ناوی «سلێمان»ی لەسەر ھەڵکەنراوە.
‏‎* بۆچونێکی تر پێی وایە کە ئیبراھیم پاشا ناوی شارەکەی بە ناوی باپیرە گەورەی خۆیانەوە «سلێمان پاشای گەورە»وە ناوناوە.
‏‎* بۆچوونێکی دیکە دەڵێت ناوی سلێمانی لە ناوی «سیلۆنا» وە ھاتووە کە شارێکی مێژوویی کۆنە. ‏‎ئیبراھیم پاشا دوای ئەوەی شاری سلێمانی دروستکرد، گرنگیەکی زۆری بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا ئەوەبوو سەرایەکی دروستکرد و لە دەورووبەری سەراکەشدا چەندین مزگەوت و خانوو و گەرماو و خان و بازاڕی دروستکرد، لەگەڵ باڵەخانەی میری و بەڕێوەبردنی وڵات، ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا کە لەدوای چەند ساڵێکی کەم شاری سلێمانی بە شێوەیەکی خێرا فراوان بوو و بە جۆرێک گەشەی کرد و دانیشتوانی ڕوو لە زیادبوون دابوون، جیا لە کورد چەندین پێکھاتەی جیاوازی وەک «ئاشوور و ئەرمەن و جوولەکە» تێیدا نیشتەجێبوون ‏‎سلێمانی بووە ناوەندێکی گرنگی جوڵانەوەی سیاسی و فەرھەنگی لە مێژووی نوێی کوردیدا ‏‎لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی مزگەوتێکیان دروستکرد و ناویاننا «مزگەوتی گەورە»، کە ئەمە تەنیا مزگەوتی سلێمانی بووە نوێژی ھەینی تێدا کراوە، ئەم مزگەوتە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند و گەورەی تێدابوو کە چەندین مامۆستای زانا و تێگەیشتوو دەرسیان تێدا وتووەتەوە، دواتریش چەندین کەسی شارەزا و لێوەشاوەی تێدا پێگەیشتووە وەکو کەسایەتی شێخ مارفی نۆدی(١١٧٥_١٢٥٤).
‏‎لەو ساوە شاری سلێمانی بوو بە ناوەندێکی گرنگی گەشەکردنی لایەنی ڕۆشنبیری و فەرھەنگی و بیری نەتەوەیی و ڕۆڵێکی کارای ھەبوو لە دروستکردنی چین و توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردەواری، کە ئەوانیش چینی رۆشنبیران و زانایان و شاعیران بوون وە بوونی خانەقا و فێرگەی ئایینی بەناوبانگ وەکو «خوێندنگای خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی»هەروەها بوونی چاندین زانای ئایینی لە رۆژگاری بابان وەکو «شێخ مارفی نۆدی» وە ھەروەھا بوونی شاعیرانی کارامە و لێھاتووی وەک شاعیرانی قوتابخانەی بابان و سێکوچکەی بابان(نالی،سالم،کوردی) و بوونی چەندین کتێبخانەی بەناوبانگ وەکو «کتێبخانەی گەورەی بابان »، ‏‎ ھەموو ئەمانە ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە و دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە سەردەمی بابانەکان دەستپێکی گەشەسەندنی لایەنی رۆشنبیری و فەرھەنگی ئەو شارەن ھەر ئەمەش وایکردووە لە مێژوودا پێشەنگبن لە مەیدانی ڕۆشنبیری و ئەدەبدا، ھەروەھا چەندین کەسایەتی گرنگی سیاسی و سەربازی و ئەدیب و نووسەر و ھونەرمەند و ھۆنەری بەتوانا بە ئێمە ببەخشن و ببنە جێگای شانازی لە مێژووماندا. ‏‎ھاوکات لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا و بە پێی گۆڕانی بارودۆخی سەردەمەکان شاری سلێمانی و گەورە پیاوان و دانیشتوانی جێپەنجەیان دیارە لە خەباتکردن و وەستانەوە دژی دوژمن ستەم و زۆرداری دژ بە کورد و ھەروەھا پێشڕەو بوونە لە گرنگیدان بە پرسە نەتەوەییەکان و بۆ داواکردنی مافی گەلی کورد ھەر لە زووەوە حەزی ھێنانەدی بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان ھەبووە، بەڵگەشمان بۆ ئەوە، دامەزراندنی یەکەم حکوومەتی کوردی بوو لە لایەن «شێخ مەحموودی حەفید» لەم پێناوەشدا بەردەوام خەباتیان کردووە و قوربانیان داوە، بە تایبەتی لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە کە چەندین نموونەمان لەو شۆڕش و ڕاپەرینانە ھەیە وەکو شۆرش و ڕاپەرینەکانی «شێخ مەحموودی حەفید» و راپەرینی «بەردەرکی سەرا»ی سلێمانی ‏‎دوا بە دوای ھەموو ئەو کار و ئاوەدانکارییە سەرەتاییانەی کە «ئیبراھیم پاشا» پێشکەش بە شاری سلێمانی کرد و کە خۆیشی بنیادنەری بوو، بەڵام ململانێی ناوەخۆیی و خراپی ڕەوشی میرەکانی بابان ڕێگەیان نەدا کە پاشا بە ئارامی لەو شارەدا نیشتەجێ بێت، ئەوەتا ھەر جارەی بە بیاویێک لەلایەن والی دەوڵەتی عوسمانی ناچار دەکرا بە ھاتنە خوارەوە لە دەسەڵات و جێھێشتنی شارەکە. ‏‎ئەفسووس کە میرانی کورد لە مێژوودا بۆ چەندین جار کەوتوونەتە ھەڵە و داوی پیلانی دوژمنانی کورد و بە ئاسانی لە لایەن دوژمنانەوە ھەڵخەڵەتێنراون و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکارھێنراون ‏‎ئیبراھیم پاشاش یەکێ بوو لەو میرە کوردانەی ‏‎ لە لایەن والی دەوڵەتی عوسمانی فریوی خوارد و لە بەرەی دەوڵەتی عوسمانی دژ بە ھاوڵاتی کورد چووە بەرەی شەڕەوە، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە پەیوەندی ئێلی (بلباس) لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی تێکچووبوو،
حکومەتی ئێران داوای ھاوکاری لە دەوڵەتی عوسمانی کرد بۆ لێدانیان، کە ئێلی بلباس بۆ لەوەڕخۆری تا نزیک کۆیە و ھەولێر دەھاتن ‏‎والی ئەمەی بە ھەل زانی و لەشکری کۆکردەوە بۆ سەر بلباسەکان و فرمانیشی بە ئیبراھیم پاشا کرد ئەویش بە لەشکری بابانەوە بچێت بۆ سەرکوتکردنی بلباس. ‏‎لەشکری والی بەغدا بەڕێ کەوتن بۆ ئاڵتون کۆپڕێ و لەوێشەوە بۆ ھەولێر، ئیبراھیم پاشاش گەیشتە سەر بلباسەکان و دەستکەوت و تاڵانی لەگەڵ خۆی برد و لە ھەولێر لەگەڵ والی یەکیان گرتەوە، لە ساڵی (١٨٠٢ز) پاشان والی ھەر لە ھەولێرەوە لەگەڵ لەشکرەکەی ئامادەکاری کرد بۆ ھێرشکردنە سەر ئێزیدییەکانی سنجار و بەرەو موسڵ ڕۆیشتن، ھەڵیان کوتایە سەر سنجار و ئاواییەکانی ئێزیدییەکان و ئەم شەڕەشیان خستبووە قاڵبی شەڕی ئایینی ئیسلام و کافرەوە. ‏‎ئیبراھیم پاشا لە کاتی ئەم شەڕەدا تووشی نەخۆشیەکی گران دەبێت و سەرکردایەتی لەشکری بابان دەسپێرێت بە خالید بەگی برای، ئیبراھیم پاشا بەھۆی نەخۆشیەکە لاواز و نارەحەت ببوو، تا دواجار لە ڕێگادا لە لە موسڵ لە ساڵی «١٨٠٢ز»کۆچی دوایی کرد و لە نەبی یونس نێژرا.
سەرچاوەکان
١/ میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا، نەوشیروان مستەفا ئەمین/١٩٩٨، سلێمانی.
٢/ بابان لە مێژوودا و گەورە پیاوانی بابان لە مێژوودا، جەمال بابان/ ٢٠١٨، سلێمانی.
٣/ مێژووی مێرنیشینە کوردییەکان لە چاخی نوێدا، ئاکۆ بورھان/ ٢٠١٨، ھەولێر.
٤/ شەرەفنامە، شەرەفخانی بەدلیسی/ ١٩٨١، تاران.
٥/ تاریخی سلێمانی، مەحەمەد ئەمین زەکی.
٦/ چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان، سۆران، بۆتان، د کاوس قەفتان/ ١٩٨٥، بەغدا.
٧/ پەیدابوونی میرنیشینی بابان، د.سەعدی عوسمان ھەروتی/ ھەولێر.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …