Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / کتێبخانە بەناوبانگەکان لە شارستانیەتی ئیسلامی

کتێبخانە بەناوبانگەکان لە شارستانیەتی ئیسلامی

ىىىىىىىى

نووسین و ئامادەکردن: چـــرا یـاســـین

شارستانیەت بریتییە لە کۆمەڵێک دەستکەوت کە مرۆڤ بە دەستی ھێناون لە بواری ھزر و ڕۆشنبیری و ئاوەدانکاری و ھونەر و دەستکەوتی زانستی لە ڕێگای دروستبوونی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەرێنی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، کە تێهەڵکێش بەیەك و بە بنەماکانی نێو کۆمەڵگا دەبن، و دەبێتە ھۆی سەقامگیری ئابووری و بەرەوپێشچوونی ڕێگاکانی زیادکردنی داھات و گەشەکردنی، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی بوژانەوەی ژینگەی مرۆڤ. ‎مێژووی مرۆڤایەتی چەندین شارستانیەت ‎لە خۆ دەگرێت، کە ھەر یەکێکیان تایبەتن بە گەل و نەتەوەیەکی جیاواز ، لە سەرەتادا دروست بوونە و دواتر قۆناغ بە قۆناغ گەشەی کردووە، و زۆرجار دەکرێ دریاردە شارستانیەتەکانیش لەنێوان گەلاندا ئاڵوگۆڕیان پێ کرابێت بە لێوەرگرتن و کارتێکردن. ‎شارستانیەتی ئیسلامیش یەکێکە لەو شارستانیەتە گەورە و فراوانانە کە مێژوو بەخۆیەوە دیوە، ‎ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەو ئاینەیە کە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانیەوە ھەمیشە ھانی خەڵکی داوە لەسەر خوێندن و نووسین، بۆیە دەبینین ھەر لە ماوەی حوکمی ئیسلامدا ھەر زوو شارستانییەتێکی گەورە دروست دەبێت و کە دەبێتە خاوەنی فەرھەنگێکی دەوڵەمەند و خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی جیاواز و تایبەت، کە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت، وە ھەروەھا چەندین زانای گەورە و ناوداری وەک (فارابی، ئیبن سینا، خەواریزمی، ئیدریسی.. ھتد) ‎تێدا ھەڵدەکەوێت، کە دەبنە سەر مەشق و پێشەنگ لە داھێنان و دەستکەوتی جۆراو جۆر لە زانستە جیاوازەکانی وەک(بیرکاری، پزیشکی، ئەندازیاری، فەلسەفە، گەردوناسی، جوگرافیا، سروشتزانی، جوڵەزانی،زیندەوەرزانی..ھتد.)، ‎کە گەیشتە پلەیەکی ئەوەندە بەرز کە بوونە ھۆی کارکردنە سەر شارستانیەتەکانی تری دوای خۆیان و فاکتەرێکی سەرەکی بەرەوپێش بردنیان بوون. ‎کاربەدەستان و بەڕێوبەرانی وڵات لە چاخە ئیسلامیەکاندا گرنگیەکی زۆریان بە زانست و زانایان داھێنان و دۆزینەوە و نووسینی پەرتووک، کاری وەرگێڕان داوە.

‎کتێبخانەکان لە شارستانیەتی ئیسلامیدا دوو جۆری سەرەکی بوون «کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانە تایبەتییەکان» ‎کتێبخانە گشتیەکان لە لایەن خەلیفە و ئەمیرەکان و زانایە دەوڵەمەندەکانووە بنیاد دەنران، و بینای تایبەتیان بۆ دروست دەکرا کە زۆر جار دەکران بە ھاوپێچی مزگەوتەکان و قوتابخانە گەورەکان، ‎کتێبخانە گشتییەکان چەندین فەرمانبەریان ھەبووە کە لێپرسراوێکیان ھەبووە ھەمیشە، یەکێک بووە لە ناسراوترین زانایانی سەردەمی خۆی، ھەروەھا کەسانێک ھەبوون کە کتێبیان دەدا بە خوێنەران و وەرگێریشی تێدا ھەبوو کە کتێبە نا عەرەبیەکانیان وەردەگێڕدرا سەر زمانی عەرەبی. ‎کتێبخانە تایبەتەکانیش ژمارەیان زۆر زۆر بوو، کە لە ھەمووشار و شارۆچکەیەکی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھانی ئیسلامیدا بڵاوبوون، بە دەگمەن زانا ھەبووە کە کتێبخانەیەکی تایبەتی نەبووبێت. ‎کتێبخانە گشتیەکان ‎یەکەم: کتێبخانەی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس ‎کاتێ سەیری مێژووی موسڵمانان دەکەین لە ئەندەلوسدا، دەبینین کتێب و کتێبخانەکان ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕاوە لە پێشکەوتن و بەرەو پێشبردنی ژیانی خەڵکیدا، بایەخێکی زۆری پێدراوە ‎کە «مقدسی» لە وەسفی ھەندێ کتێبخانەکاندا دەڵێت: ‎”کتێبخانەکان باخچەیان تێدا ھەبوو، ئاو بە ناوەڕاستیدا دەڕۆیشت و دابەشی چەندان ژوور کرابوون کە ھەر ژوورە و بابەت و سەرچاوەی زانستیان تێدابوو، وە ناو ژوورەکانیش فەرشی سووری لێ ڕاخرابوو” ‎ئیبن حەزمی ئەندەلوسی لە وەسفی کتێبخانەی ئومەوی ئەندەلوسدا نووسیویەتی: ‎ئەم کتێبخانەیە یەکجار گەورە و بەربڵاو بوو، بە تایبەت لە دەورانی حوکمی خەلیفە (موستەنسر)دا زیاتر فروان کرا و بە تەنیا ناوی ئەو نووسەرانی کە کتێبیان ھەبوو لەم کتێبخانەیەدا لە ٢٢٠٠ کاغەزدا ناوەکانیان جێ ببۆوە، کە ئەمەش بەڵگەی گەورەیی کتێبخانەکان بە گرنگیدانی فەرمانڕەواکان بووە بە زانست و زانیاری، ئەگەر باس لە گەورەیی کتێبخانەکانی تر بکەین، ئەوا تەنیا لە یەک کتێبخانەدا کە لەلایەن خەلیفە (موستەنسر)ەوە دروستکرا، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کتێبی تێدا بوو لە ھەموو زانستە جۆراوجۆرەکاندا، ‎ئەمە جیا لەوەی کە لە شاری قورتوبە نزیکەی ٢٧ کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان ھەبوو. ‎دووەم:کتێبخانەی خەلیفە فاتمیەکان لە قاھیرە ‎ئەم کتێبخانەیە زۆر سەرسوڕھێنەر بووە، چەندین کتێبی نایابی لە خۆ گرتبوو، ژمارەی کتێبەکانی وەک زۆرێک مێژوونووسان دەڵێن دەگەیشتە ٢ ملیۆن کتێب، لەگەڵ ئەمەشدا المقریزی بۆ ئەوە دەچێت کە ملیۆنێ و نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کتێب بووبێت. ‎سێیەم : بیت الحکمە ‎مێژووی دامەزراندی «بیت الحکمە» دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عەباسی، لە شاری بەغدای پایتەختی دەوڵەتی عەباسی ‎خەلیفە «ھاڕون الرەشید» بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی بیت حکمە دادەنرێت دواتریش خەلیفە «مأمون»زیاتر گرنگی پێدا و بەھێزی کردو گەیشتە لوتکە، لە ماوەی فەرمانرەوایەتیەکەیدا کە نزیکەی بیست ساڵ دەبوو، بایەخێکی زۆری بە فەرھەنگی ئیسلامی دا، و ھەروەھا ‎ھەولێکی زۆریدا کە لە پاڵ دەوڵەمەندکردنی گەنجینەی زانستی ئیسلامی زانستی بیانیش کۆ بکاتەوە، بۆیە فەرمانی کرد بە کڕینی کتێبە یۆنانییەکان لە ئاسیای بچووک.

‎ئەم کتێبخانەیە بە گەورەترین ناوەندی زانستی دادەنرێت لە مێژووی ئیسلامیدا، زیاتر لە زانکۆیەک یەکەم کتێبخانە و بە یەکەم زانکۆی ئیسلامی دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی زانایان بۆ خوێندنەوە و نووسین تێدا کۆ دەبوونەوە لە زانستە جیاوازەکانی وەک پزیشکی، فەلسەفە.. ھتد، وە ھەروەھا بە ھۆی ھەمەڕەنگی سەرچاوەکانی و گرانبەھایی سەرچاوەکانی مێژوونووسان بیت حکمە بە زانکۆیەکی گەورە دادەنێن و کتێبخانەکەشی بەشێکی بیت حکمە بوو . ‎چوارەم: کتێبخانەی دار الحکمە ‎ئەم کتێبخانەیە لە قاھیرە بوو «حاکم بأمر اللە»ی خەلیفەی فاتمی دروستی کرد، لە (١٠ی جەماددی دووەمی ٣٩٥ک) کرایەوە، ئەوەندە کتێبی تێدا کۆکردەوە کە ھیچ پاشایەکی پێش ئەو بەو جۆرە کۆی نەردبۆوە، بە شێوەیەک کە ٤٠ خیزانەی لەخۆ دەگرت ھەر یەک لەو خیزانانەش سەرووی ھەزار کتێبی تێدابووە. ‎پێنجەم: کتێبخانەی الحکم ‎ئەم کتێبخانەیە ھی کاربەدەستێکی ئومەوی بوو لە ئەندەلوس، لەو پەڕی گەورەییو فرووانیدا بووە و ژماری کتێبەکانی وەک ئاماژەی پێ دەکرێ دەگەیشتە ٤٠٠ _ ٦٠٠ ھەزار بەرگە کتێب، ئەم کتێبخانەیە چەندین پێڕستی ورد و ڕێکخراوی ھەبوو لە نێویشیدا پێرستی تایبەت بە دیوانەکانی شیعری لە کتێبخانەکە دەگەیشتە ٤٤ بەرگ. ‎شەشەم: کتێبخانەی بنی عمار ‎ئەم کتێبخانەیە لە تەرابلوس بوو، نموونەیەکی گەورەیی و مەزنی بووە، بە چەندەھا خەتخۆش و نووسەدەوەی تێدا بووە کە کتێبیان لەبەر دەگرتەوە دەکرد بە دەست، و ئەم نووسەرەوانە ببوون بە دوو بەش لە شەو و ڕۆژدا دەگۆران تاوەکو کاری لەبەرگرتنەوەی کتێب نەوەستێت.

‎کتێبخانە تایبەتەکان

‎یەکەم: کتێبخانەی الفتح بن خاقان ‎کتێبخانەیەکی زۆر فراوان بووە، کاری کۆکردنەوەی کتێبەکانی سپارد بە پیاوێکی ھەرە باشی سەردەمی خۆی لە ئەدەب و زانستدا بە ناوی «علی بن یحیی المنجم»، بە تایبەت لە بواری مەعریفە و حیکمەتدا کە لە ھیچ کتێبخانەیەکی دیکەدا ھاوشێوەی نەبوو. ‎

دووەم: کتێبخانەی إبن الخشاب ‎لە ساڵی (٥٦٧ک) مردووە، یەکێکە لە زاناترین کەسایەتییەکان بووە، لە نەحوەدا و ھەروەھا لە بوارەکانی فەرموودە و مەنتیق و فەلسەفەشدا، زۆر خولیای کتێب و کۆکردنەوەیان بووە.

‎سێیەم: کتێبخانەی جمال الدین القفطي ‎لە ساڵی (٦٤٦ک) مردووە، کتێبێکی ئەوەندە زۆری کۆکردبۆوە، بە جۆرێک لە شوێنە دوورەکانەوە بۆیان دەھێنا، خۆشەویستیەکی زۆری ھەبوو بۆ کتێب و کۆکردنەوەی کتێب و ژیانی خۆی تەرخان کردبوو لەو بوارە، تەنانەت ژنیشی نەھێنا تاوەکو ماڵ و منداڵ سەرقاڵی نەکەن، لە دوا ساتەکانی ژیانیدا وەسیەتی کرد کە کتێبخانەکەی بۆ الناصر کە نرخەکەی گەیشتە ٥٠ ھەزار دینار.

‎چوارەم: کتێبخانەی الموفق بن المطران الديمشقي ‎لە ساڵی ٥٨٧ک مردووە، ھینەتێکی گەورەی ھەبووە لە کۆکردنەوەی کتێبدا، کاتێک کۆچی دوایی کرد لە دۆڵابەکانیدا نزیکەی دە ھەزار کتێبی لە بواری پزیشکی و بوارەکانی دیکەدا ھەبوو لە خزمەتیدا سێ نووسەر ھەبوون کە بەردەوام کتێبیان بۆی دەنووسییەوە و ئەویش لە بەرامبەردا مووچە و ڕۆزی پێ دەدان. ‎

پێنجەم: کتێبخانەی بنو جرادە العلماء ‎ئەم کتێبخانەیەش لە شاری حەلەب بوو، کە خاوەنەکەی ناوی «أبو الحسین بن ابی جرادە» بوو، ‎لە ساڵی (٥٤٨ک) مردووە. ‎بە خەتی خۆی سێ دۆڵابی لە کتێبە نایابەکان بۆخۆی نووسیەوە و ھەروەھا دۆڵابێکی بۆ باوکی و دانەیەکی دیکەشی بۆ کوڕەکانی نووسیەوە.

لە نووسینی ئەم بابەتە، و ئەو سەرچاوانەی سوودم لێیان وەرگرتووە بۆ دیاریکردنی کتێبخانەکان بریتین لە:

‎یەکەم: مێژووی دەوڵەتی عەباسی، لە نووسینی د. کامەران علی فتح اللە ‎٢٠١٩ / چاپخانەی رۆژھەڵات.

‎دووەم: پزیشکی و پزیشکێنی لە شارتانیەتی ئیسلامیدا،لە نووسینی جیھاد نوری تۆفیق ‎٢٠١٧/ ھەولێر. ‎

سێیەم: ڕۆڵی زانایانی موسڵمان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا، لە نووسینی د. کاوە فەرەج سەعدون ‎٢٠٠٧/ سلێمانی.

‎چوارەم: مێژووی گەلانی موسڵمان، لە نووسینی کارل برۆکلمان/ وەرگێرانی عومەر عەلی غەفوور ‎٢٠١٧/ تاران.

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …