Home / بەشی مێژووی كورد / ئیسلامی میللی‌و ناسیۆنالیزمی کوردی‌و شۆڕشی دێهات: شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥) (بەشی دووەم و کۆتایی)

ئیسلامی میللی‌و ناسیۆنالیزمی کوردی‌و شۆڕشی دێهات: شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥) (بەشی دووەم و کۆتایی)

توێژینەوەی پرۆفیسۆر: مارتن ڤان بروونەسن
هۆڵەندا – زانکۆی ئوتریخت
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
ئەو ڕۆڵە سیاسییەی کە لە ڕووی نەریتییەوە ئەم شێخانە گێڕایان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕا و قسەی دیاری خۆیان هەبوو لەوەی بچنە پاڵ شۆڕشەکە یان نە. لە ناوچەی مووش کە تێیدا سەرۆک خێڵەکان بەهێزتر بوون لە ناوچەکانی زازا، شێخی سەرەکی لە بنەڕەتدا دەسەڵاتیکی ڕۆحی بوو نەک سیاسی و ڕەتیکردەوە کە بداتە پاڵ شۆڕشەکە. ئەوجا سەرۆک خێڵەکانی مووش و سەرۆکەکانی دەرسیمیش هەر وایانکرد، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرێکیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەگەڵ ئازادی. تۆکەر [1968: 83] ئەمە دەگێڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا ئەو سەرۆکانە خولیای نەتەوەییان زیاتر بوو و ئەو مۆرکە ئاینییە بەهێزەیان پێ پەسەند نەبوو کە شۆڕشەکە وەریگرتبوو لە ژێر سەرکردایەتیی شێخەکاندا. خێلەکانی دەرسیمیش، بەو پێیەی کە عەلەوی بوون، هۆکارێکی بەجێیان نەبوو کە بچنە ناو ئەم جووڵانەوە سوننییە بەهێزەی کە ڕەنگە بەئاسانی دژ بە خۆیشیان ئاڕاستە بکرێت، ئەگەرچی شێخ سەعید نامەی بانگهێشتی ناردبوو بۆ خێڵی هۆرمێکی عەلەوی بۆ ئەوەی بدەنە پاڵی لە شۆڕشەکەدا [فیرات، ١٩٧٠]. دواتر ئەم خێڵانە لای خۆیانەوە دەستیان دایە یاخیبوون.
لەبەر ئەوەی شەرعییەت پێدانی دەسەڵاتی شێخ لە بنەڕەتدا ئاینی بوو، بۆیە هاندانی شێخەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەند بوو بەو هەڕەشە ئاشکرایەی کە لە ئیسلام دەکرێت و پابەندبوونی ئاینیش بۆ بەرگری لێکردنی. ئەوان هۆکارێکی بەجێیان هەبوو بۆ ئەوە کە: تەنانەت ئەگەر ڕیفۆرمی کەمالییەکان مەترسیش نەبێت بۆ سەر هەموو ئیسلام ئەوە هەڕەشە کردن لەسەر هەڵوێستی شێخەکان بۆ خۆی ڕاستییەک بوو. گوندنشینە کوردەکانی بە هێز و گوڕی خۆیانەوە چووبوونە ناو جووڵانەوەکەی ئیسلامەوە، بەڵام قسەی شێخەکان قورساییەکی لە ڕادە بەدەری لەسەریان دروستکردبوو، بۆیە بەئاسانی دوورخرانەوە و بەتایبەتی کاتێ کە شێخەکان زاراوەی پەیوەندیداریان بەکاردەهێنا بە جەنگی پیرۆزەوە (جیهاد). بەو پێیە شێخ سەعید نازناوی “فەرماندەی باوەڕدارانی” (ئەمیرولموئمنین)ی لەخۆی نابوو و ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کەوا هەر جەنگاوەرێکی ئەم شۆڕشە بکوژرێت لای خوا بە شەهید لەقەڵەم دەدرێت و یەکڕاست دەچێتە بەهەشت.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەمارگرژیی ئاینی تاقە هێز نەبوو کەوا جووتیارە یاخیبووەکانی دەجووڵاند. لە ئێلازیغ و شارەکانی تر، دادگاکان و بنکە و بارەگاکانی جەندرمە و عەمبارەکانی فەرمانگەی مۆنۆپۆڵی تووتن تاڵانکران و زیندانییەکان بەردران و لەجیاتی ئاماژە کردن بە تەنها حەز کردن لە تاڵانی، شایەتحاڵان ئیددیعای بوونی جیاوازییەکی توند و هەستەوەر دەکەن لە نێوان نۆرمی نەریتیی خێڵەکی و ئیسلامیدا لە لایەک و سیستەمی دادوەریی دەوڵەتی ئەوروپی بێجگە لە سکاڵای نادادیی ئابووری لەلایەن جووتیارانی تووتن چێنەوە لە لایەکی ترەوە. هەمان دژواریش ڕوون و ئاشکرا دیارە لە دزی و ڕاوڕووتی کۆمەڵایەتیدا کە وەک نەخۆشییەکی درێژخایەنی لێهاتبوو لە ناوچکەدا. زۆرێک لە جەردە و ڕێگرەکان چوونە ناو دستوپێوەندەکەی شێخ سەعیدەوە. کاتێ کە شێخ شەریف هێرشی کردە سەر ئێلازیغ لە فەرماندەیی هێزەکەدا بوو بە هاوشانی یادۆ، کە جەردەیەکی بەناوبانگ بوو و لە بوێریدا تا ڕادەیەک وەک قارەمانێکی میللی تەماشا دەکرا. کاتێ کە هێزی یاخیبووان شكستیهێنا، یەکەی بچووک بچووکی گەریلایی (پارتیزانی) بە چالاکی مانەوە و پەیڕەویی شێوازی چەتەیی و جەردەیی نەریتیی کۆمەڵایەتییان دەکرد لە ناوچەکەدا. فاکتەری سەرەکیی لە ڕەگوڕیشەی ئەم یاخیبوونەدا ململانێی نێوان بیر و ئایدیای سێکولاری ڕۆژاوایی بوو، کە دەوڵەتی نوێی تورکیا پەیڕەویکرد و سەپاندی لەگەڵ سیستەمی بەهای نەریتیی کوردی و فۆرمە میللییەکانی ئیسلامدا. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، کە هەتا ئەو نزیکانە خاڵێکی بەهێزی کۆکەرەوەی هاوبەش بوو کەوا خێڵە کوردەکانی لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا یەکخستبوو، هەستێکی وای لای جووتیارەکان دروستکردبوو کە پەلاماردانێکی سیمبۆڵیی گەورەیە بۆ سەر ئاین و باوەڕیان. شیخە کوردە توندڕەوەکانیش لە ناوچەکانی زازادا ئەم بەها نەریتییانەی ئەوانیان بەرجەستە کردبوو. بێگومان ئەم شێخانە سەرکردەی گونجاو بوون بۆ ڕاگرتنی تەوژمی بێباوەڕی و مۆراڵی دەرەکی و بێگانە و سەرلەنوێ چەسپاندنەوەی دادپەروەریی نەریتی. لە بۆنەکانی تردا و لە شوێنەکانی تری کوردستاندا، سەرکردەی تر ئەم ڕۆڵەیان لەئەستۆگرت و وایکرد کە مۆرکێکی ئاینی بدرێتە ئەو ڕاپەڕینانە بەڵام بە خەسڵەتێکی تاڕادەیەک ناڕوونترەوە. مەسەلەکە بۆ خەڵکی ئاسایی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەوان هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ ئەوە بوو کە دەست بە شوناسی نەریتیی خۆیانەوە بگرن بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئاخۆ جەخت لەسەر بواری ئاینی یان ئیتنیکی دەکرێتەوە.
دەرەنجام
تەریقەتی نەقشبەندی ڕۆڵێکی ڕێکخستنی گرنگی بینیوە لە شۆڕشەکەدا. وا دیارە ئەو ستەمکارییەی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٢٠کاندا بەرانبەر بە کورد کراوە هاوشێوەییەکی بەرچاوی هەبێت لەگەڵ هێزە گەریلاییە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان کرابێت لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا. تەنانەت ئەگەر ڕەچاوی جیاوازیی هەردوو حاڵەتە بکەین ڕوون و ئاشکرایە کەوا کاروباری شۆڕشگێڕە کوردەکان لە سەرەتاوە ڕێکخستن و سەرکەوتنی زیاتر بوو لە هاوشێوە ئەفغانییەکانیان و ڕەنگە ئەم جیاوازییە بە هۆی بوونی تۆڕی نەقشبەندییەوە بووبێت لە حاڵەتی کورددا. لە سێ ڕووەوە ڕۆڵی شێخە کوردەکان یەکلاکەرەوە بوو: یەکەمیان، پێگە و شکۆی ئاینییان کە باوەڕ بوون بە کەرامات و هێزی بانسروشتی لەخۆدەگرت و ئەمەش وایکردبوو کە هاندانیان کاریگەریی زیاتر بێت و بەرپرس بووە لە دڵگەرمیی هەزارەی زۆرێک لە مورید و شوێنکەوتووان. دووەمیان، شێخەکان دەسەڵاتیان لە زیاتر لە خێڵێکدا هەبوو، ئەمەش وایلێکردبوون کە ناوبژی و نێوەندگیریی بکەن لە ناکۆکی و ململانێکاندا و بە ئاسانی ڕیزەکانی شۆڕشگێڕان یەکبخەن. سێهەمیان، تەواوی شێخەکانی شۆڕشەکە دەچنەوە سەر هەمان خەتی تەریقەتی نەقشبەندی و پێشتریش هاوکاری هەبووە لە نێوانیاندا و ئەمەش وایکرد کە لە سەر ڕووبەرێکی گەورەتر هەماهەنگی بکرێت. ئەرک و کاری گرنگی شێخەکان ڕێگرتن بوو لە ناکۆکی و دژایەتیی خێڵەکی بە شێوەیەک کە وا بکات شۆڕش کردن مەحاڵ بێت. حاڵەتێکی هاوشێوە لە جووڵانەوەی سەنووسیی لیبیادا ڕوویدا لە پێش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە [ئیڤانز – پریچارد، ١٩٤٩]. سەنووسییەتیش دیسان تەریقەتێکی سۆفیگەریی میللی و بەربڵاو بوو. لێرە (واتە لیبیا) تۆڕێک لە خەلیفەکانی (جێگرەکانی) شێخی باڵا خێڵە بەدووەکانیان یەکخست لە خەباتێکی هاوبەشی دژە کۆڵۆنیاڵیدا و بنەمای سەربەخۆیی لیبیایان داڕشت. لە کاتێکدا کە لیبییەکان سەرکەوتن بەڵام کوردەکان شکستیان هێنا. هۆکارە دەرەکییەکان و ژینگەی دەوروبەر لە بەرژەوەندیی لیبییەکان بوو، بەڵام هۆکاری گرنگتر هەبوو بۆ شکستی کورد. بە شێوەیەکی عادەتی لەگەڵ بزووتنەوە هەزارییەکاندا، کاری کوردەکان سروشتیکی تەواو سیمبۆڵیی هەبوو و هیچ پلانێکی ستراتیجی نەبوو وێنای هەنگاوەکانی دواتر بکات بەرەو ئامانجی کۆتایی. کاتێ کە شوورەکانی دیاربەکر نەکەوتن چەشنی شوورە تەوراتییەکانی ئەریحا، زۆرێک لە جووتیارە کوردەکان ورەیان ڕووخا و دواتریش هێزی سوپای تورکیا باوەڕ و قەناعەتی تێکشکاندن بە ئەرک و پەیامی خواوەندییان. هەڵبەت بۆ بەرگرییەکی سەرکەوتوو دژ بە دەوڵەتێکی مۆدێرن، وا دیارە ئایدیۆلۆجیا و ڕێکخستنێکی “مۆدێرنتر” مەسەلەیەکی بنەڕەتی بێت و ئەڵتەرناتیڤی تری نەبێت. لە شۆڕشەکانی دواتری کورددا ئەم ڕاستییانە دەرکەوتن.
پەراوێز
بڕوانە ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکان، لەندەن، FO 371 ، 1924: E 11093/11093/65.
ئەمە یەکێکە لەو سەرچاوە هاوچەرخە زۆر کەمانەی سکاڵا و داواکارییەکانی کورد. زۆربەی سەرچاوە کوردییەکان لەم ماوەیەدا نووسراون لە پاش شۆڕشەکە و لەئەنجامی کاری تۆڵەسەندنەوەی تورکیا کە بەدوای شۆڕشدا هات زیانیان پێگەیشتووە. ئەندامانی ئازادی ئەم سکاڵای ستەمانەی خوارەوەیان داڕشتووە:
١- یاسایەکی نوێ لەبارەی کەمینەکانەوە گومان دەورووژێنێت. ئایا حکوومەت بیر لە سەرلەنوێ نیشتەجێ کردنی کوردەکان دەکاتەوە لە ڕۆژاوای تورکیا و کوردیان لە شوێن دابنێت؟
٢- لەگەڵ هەڵوەشانەوەی خەلافەتدا، یەکێک لەو دوا پەیوەندییانە بچڕا کەوا تورک و کورد یەکدەخات.
٣- بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگاکان و قوتابخانەکاندا قەدەغەی خراوەتەسەر. نزیکەی هیچ قوتابخانەیەک نەبووە لە ناو کورددا.
٤- ناوی “كوردستان” لە هەموو کتێبەکانی جوگرافیادا سڕاوەتەوە.
5- تەواوی کاربەدەست و بەرپرسە گەورەکانی حکوومەت لە پارێزگا یان ویلایەتە کوردییەکاندا تورکن. فەرمانبەرە بچووکەکان کورد بوون، بەڵام زۆر بەئاگاییەوە هەڵیانبژاردوون.
٦- هیچ سوودێک لە حکوومەت نەبینراوە لە بەرانبەر ئەو باجانەدا کە دراون.
٧- حکوومەت دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ویلایەتە کوردییەکاندا.
٨- بەردەوام حکوومەت پەیڕەویی سیاسەتی بەگژ یەکتردادانی ئەم عەشیرەتی کردووە دژ بەویتر.
٩- بەردەوام هێرشی سەربازی کراوەتە سەر گوندە کوردنشینەکان و ئاژەڵیان زەوتکراوە و گەندەڵی لە ئاستێکی بەربڵاودا تەشەنەی کردووە پەیوەست بە پسووڵە و پارەدان لەبەرانبەر ناردنی زەخیرە و پێداویستی.
١٠- پلەدارەکانی خوارەوەی کورد لە سوۆادا ستەمیان لێکراوە و بە خراپی مامەڵە کراون و بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵیاندەبژێرن بۆ قورسترین و خراپترین ئەرک و فەرمان.
١١- حکوومەتی تورکی هەوڵی بەکارهێنانی سامانی کانزایی کوردی داوە بە یارمەتیی سەرمایەی ئەڵمانی.
ژێدەر و سەرچاوەکان
Albayrak, Sadık, 1973, Türkiye’de din kavgası [The struggle for religion in Turkey], Istanbul. خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئایندا…
Algar, Hamid, 1976, “The Naqshbandi order: a preliminary survey of its history and significance”, Studia Islamica, 44,123 152.
ڕێبازی نەقشبەندی: ڕووماڵێکی سەرەتایی بۆ بایەخ و مێژووی…
Arfa, Hassan, 1966, The Kurds: a historical and political study, London: Oxford University Press.کوردەکان: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و سیاسی…
Bruinessen, M. M. van, 1978, Agha, Shaikh and State: On the social and political organization of Kurdistan, Ph. D. thesis, Utrecht University.
ئاغا و شێخ و دەوڵەت: لەبارەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە کوردستاندا …
Cemal, Behçet, 1955, Şeyh Sait isyanı [Shaikh Said’s rebellion], Istanbul: Sel yayınları. یاخیبوونی شێخ سەعید…
Chirguh, Bletch, 1930, La question kurde, ses origines et causes, Cairo.
مەسەلەی کورد، ڕەگوڕیشە و هۆکارەکانی ….
Dersimi, M. Nuri, 1952, Kürdistan tarihinde Dersim [Dersim in the history of Kurdistan]. Aleppo.دەرسیم لە مێژووی کوردستاندا…
Evans Pritchard, E. E., 1949, The Sanusi of Cyrenaica, London.
سنووسی لە بەرقەدا…
Fırat, M. Şerif, 1970 (1945), Doğu illeri ve Varto tarihi [History of the Eastern provinces and of Varto), Ankara.مێژووی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات و ڤارتۆ…
Goloğlu, Mahmut, 1972, Devrimler ve tepkileri (1924 1930) [Reforms and the reactions to them, 1924 1930], Ankara.ڕیفۆرم و کاردانەوە لەبەرانبەریدا…
Hobsbawm, Eric, 1959, Primitive rebels: studies in archaic forms of social movement in the 19th and 20th centuries, Manchester.
یاخییە سەرەتاییەکان: لێکۆڵینەوە لە فۆرمە بەسەرچووەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا.
Hourani, A., 1972, “Shaikh Khalid and the Naqshbandi order”, in: Islamic philosophy and the classical tradition, eds. S. M. Stern, A. Hourani and V. Brown, Oxford.
“شێخ خالید و ڕێبازی نەقشبەندی”، لە: فەلسەفە و نەریتی کلاسیکی …
Jwaideh, Wadie,1960, The Kurdish nationalist movement: its origins and development, Ph.D. thesis, Syracuse University.
جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد: بنەماکانی و پەرەسەندنی …
Kısakürek, Necip Fazıl,1977, Son devrin din mazlumları [People oppressed for religion’s sake in the most recent period], Istanbul, 5th impression.ئەو خەڵکەی لەبەر ئاین ستەمیان لێکراوە لەم قۆناخی دواییەدا …
Massacres kurdes en Turquie, Les, Publication de la Ligue nationale kurde Hoyboun, 1928, Cairo.
کوشتنی کوردەکان لە تورکیادا …
Olson, R. W. and W. F. Tucker, 1978, “The Sheikh Sait rebellion in Turkey (1925)”, Die Welt des Islams, N.S. 18, 195211.
یاخیبوونی شێخ سەعید لە تورکیا …..
Silopi, Zinnar, 1969, Doza Kürdüstan. Kürt milletinin 60 senedenberi esaretten kurtuluş savaşı hatiratı [The trail of Kurdistan. Memoirs of 60 years’ struggle to liberate the Kurdish nation from subjection], Beirut.
دادگایی کردن لە کوردستان، یادەوەریی ٦٠ ساڵ، خەبات کردن بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە ژێدەستەیی …
Toker, Metin,1968, Şeyh Sait ve isyanı [Shaikh Said and his rebellion], Ankara .. شێخ سەعید و یاخیبوونەکەی
Wolf, Eric, 1969, Peasant Wars of the twentieth century, New York: Harper & Row.جەنگەکانی جووتیاران لە سەدەی بیستەمدا…
قد تكون صورة ‏‏‏٤‏ أشخاص‏ و‏لحية‏‏

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …