Home / بەشی مێژووی كورد / لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان، بەدرۆخستنەوەی چەواشەکاریەکان ؟

لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان، بەدرۆخستنەوەی چەواشەکاریەکان ؟

موسته‌فا باهر

لە٢٤ تەمموزی ئەمساڵدا، ٩٩ ساڵ تێپەری بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا. بەو بۆنەیەوە کۆمەڵێ پارتی سیاسی ، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، ئەکادیمی لە لۆزان، لەو هۆڵەی کە پەیماننامەکەی تیا واژۆ کرابوو، کۆنفرانسێکیان ئەنجام دا. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کەسانێك خۆیان بە چەپ دەزانن، بەڵام دژی لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەرن، ئەو دژایەتیە وایلیکردن ڕاستیەکان چەواشەبکەن و هۆی دروست نەبونی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان یاخود گۆڕینی پەیماننامەی سیڤەر بۆ لۆزان، بخەنە ئەستۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو خودی لینین. بۆیە لێرەدا بە پێوسیتم زانی لەو بارەیەوە ئەگەر بە کورتیش بێت
کۆمەڵیک زانیاری بخەمە ڕوو. پەیماننامەی سیڤەر: ئەم پەیماننامەیە لە نیوان دەوڵەتی (تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرمنستان، بەلجیکا، پۆلەندا، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، پورتوگال، چیکۆسلۆفاکیا ، ئەمریکا) لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا لەسیڤەر لە فەرەنسا
واژۆکرا."شەریف پاشا" وەک نوێنەری کوردا بەشدار بوو. ئەم پەیماننامەیە لە ١٣ بەش و ٤٣٣ بەند پێک هاتبوو، لە بەندی ٣ دا مادەکانی (٦٤،٦٣،٦٢) ڕاستەوخۆ باسی کوردو ئایندەی کوردەکانی کردوە و باسی ئەنجامدانی راپرسیەك دەکات لە ناوچە کوردنیشینەکاندا سەبارەت بە سەربەخۆ بوون یاخود مانەوە لەگەڵ تورکیادا. "مستەفا کەمال ئەتاتورک" پێش واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر، لەلایەن سوڵتانی عوسمانیەوە دەکرێت بە فەرماندەی سوپای ئەنادۆل. دوای ئەوەی دەستبەکاردەبێت لەوناوچەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک لە فەرماندی سەربازی دژی داگیرکاری بەریتانیا و یۆنان
دەوەستنەوە . "کەمال ئەتاتورک" نامە دەنێرێت بۆ هەموو سەرۆک هۆزە کوردەکان و داوایان لێدەکات کە پەیوەست بن بەسوپاکەیەوە، بۆئەوەی بە هێزی هەموان سوپای کافران لە وڵات دەربکەن. لەهەمان نامەشدا بەڵێنی بە کوردەکان دابوو ئەگەر بتوانین هەموومان پێکەوە وڵاتەکەمان لە کافران پاک بکەینەوە، ئێمە سەربەخۆیی دەدەین بە کوردەکان. نامەکان هەمووی بە سۆزێکی دینیەوە نوسرابوون. تیایدا دەڵێت "شەڕکردن دژی کافرەکان جیهادە و پێویستە هەموو موسوڵمانێک لەم جیهادەدا بەشداری بکات". هەربۆیە بەشێکی هەرە زۆری هۆزە کوردەکان پشتیوانی خۆیان بۆ کمال ئەتاتورک دەربڕی. لەوکاتەدا "شێخ محمودی حەفید" لە سلیمانی، یەکێک بوو لە ڕابەرە هەرە بەناو بانگە کوردەکان. پشتیوانی خۆی بۆ کەمالیەکان
دەربڕی و دژی ئینگلیزەکان جەنگی راگەیاند. لەدوای واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر، کەمال ئەتاتورک ڕازی نەبوو بەو پەیماننامەیەو دژی وەستایەوە. بەردەوام بوو لەهێڕشکردنە سەر ئینگلیز و یۆنانیەکان. هەمیشە نامەی دەنارد بۆ هۆزو سەرکردە کوردەکان بەناوی جیهادەوە هانی دەدان بۆ بەشداری لەجەنگدا. کەمالیەکان بەهاوکاری هۆزە کوردەکان توانیان شارۆچکەی ڕەواندز بگرن و ئۆزدەمیر کە فەرماندەی سوپاکە بوو، کرا بە بەرپرس و حوکمڕانی ناوچەکە. بەشێک لە هۆزە کوردیەکان لە ساڵی ١٩١٩ تا ساڵی ١٩٢٢لەناوچەی سلیمانی و دەوروبەری بەرپرسە ئینگلیزەکانیان دەکوشت و دەچون پەیوەست دەبوون بەکەمالیەکانەوە لە ڕەواندز. ئینگلیزەکان بەباشیان زانی شێخ محمود، لە دوای شەڕی دەربەندی بازیان بەدیلی کەوتبوە دەستیان، بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، بۆئەوەی کوردەکان دژی تورکەکان بجەنگن. لەساڵی ١٩٢٢شیخ محمودیان لە هندستانەوە هێنایەوە بۆ سلیمانی و حکومەتێکیان
بۆ دروستکرد. داوایان لێکرد دژی تورکەکان بجەنگێت، بەڵام شێخ محمود و بەشێکی زۆری هۆزە کوردیەکان بۆ شەڕکردن لە گەڵ کافراندا دووبارە پشتی کەمال ئەتاتورکیان گرت. شێخ محمود نوێنەری تایبەتی خۆی کە "ڕەفیق حیلمی "بوو نارد بۆ ئەنکەرە بۆلای کەمالیەکان. ئینگلیزەکانیش "سمکۆی شکاک"کە یەکێک بوو لە ڕابەرانی کورد لە ئێران و پەیوەندی خۆشبوو لەگەڵ ئینگلیزەکان، ناردە لای شێخ محمود تا دووری خاتەوە لە تورکەکان. سمکۆ بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەسلیمانی بوو، بەڵام لەکارەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو. شێخ لەوکاتانەدا بەردەوام هاوکاری ئۆزدەمیریان دەکرد لە ڕەواندز. هەربۆیە ئۆزدەمیر بەهاوکاری کوردەکان توانی شاری ڕانیەو کۆیە داگیر بکات. بەکورتی کوردەکان بوون بە گەورەترین پاڵپشتی کەمال ئەتاتورک و سەرسەخترین دوژمنی ئینگلیزەکان . لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەدەسەڵات گەیشتنی بەلشەفیەکان، پرسی کۆتایی هاتن بە جەنگی ئیمپریالیستی یەکەم یەکێك بوو لە پرسە سیاسیە هەرە سەرەکیەکان چ لە پەیوەند بە خەڵکی ڕوسیاوەو چ لە پەیوەند بە دەسەڵاتی حکومەتی کرێکاریەوە لە روسیا. خواستی وەستاندنی شەڕ یەکێك بوو لە خوستەکانی خەڵکی ڕوسیاو هۆکاری سەرەکی بەرپابوونی شۆرشی شوباتی ١٩١٧.
لینین وبەلشەفیەکان بەڵێناین دابوو کە هەرکاتێك ئەوان دەسەڵات بگرن کۆتایی بەو جەنگە دەهێنن. ئەگەرچی دەسەڵاتەی حکومەتی کاتی بۆرژوازی کۆتایی بەجەنگ نەهێنا، بەڵام کاتێك بەلشەفیەکان دەسەڵاتیان گرت دەستبەجێ هەنگاویان بەو ئاقارەدا هەڵگرت. ئەوەبوو لە مانگی ئازاری ١٩١٨ لە بریست –لیتۆفسک، حکومەتی سۆڤیەت بەڕابەری بەلشەفیەکان و لینین پەیماننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئەلمانیاو نەمساو تورکیا واژۆکرد. پەیماننامەکەش لەمێژوودا بە پەیماننامەی "برست- لیتۆفسک" دەناسرێت. لینین ئەم پەیماننامەیە بە پەیماننامەیەکی ناچاری و تاڵانکاری ناودەبات و بەناچاری بەشێك لە خاکی یەکێتی سۆڤیەت دەدرێت بە ئەڵمانیا.. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە بێجگە لە بەجێگەیاندنی خواستێکی سەرجەم خەڵکی ڕوسیا کە کۆتایی هینا بە جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بوو، هاوکات پاراستنی حکومەتی کرێکاری بوو لە فەوتان کە هەم دووچاری جەنگێکی ناوخۆیی کرابوو، هەم سوپای ٢١ دەوڵەتی سەرمایەداری لەناویاندا بەریتانیا و ئەمریکاو فەرەنساو ژاپۆن و یۆنان و…. پەلاماری دەوڵەتی سوڤیەتیان دابوو، بەشێك لە خاکی سۆڤیەتیان داگیرکردبوو. یۆنان بە ١٠٠ سەد هەزار سەباز بەشداری کردبوو لەدژی حکومەتی کرێکاری و بەشێک لە خاکی سۆڤیەتی داگیرکردبوو لەوانە ناوچەی ستراتیژی دۆرگەی قەرەم(کرێما). لەوکاتەشدا کەمال ئەتاتورك و هێزەکەی دژی بەریتانیاو یۆنان لەجەنگدا بوو. کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ١٩٢٠ نوێنەری خۆی "بەکرسامی" دەنێرێت بۆ مۆسکۆ. پاش گفتوگۆکردن، هەردولا ڕێکدەکەون کە هاوکاری یەکتر بکەن بەرامبەر بە دوژمنی هاوبەشیان. هەر لەوکۆبونەوەیەدا ڕوسیا بەڵینی کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی دەدات بە کەمالیەکان. لە ١٦ ئازاری ١٩٢١ لە مۆسکۆ پەیماننامەیەک بەناوی پەیماننامەی مۆسکۆ واژۆ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە پەیماننامەی برست – لیتۆفسک کە لەسالی١٩١٨ لەگەڵ دەولەتی عوسمانی واژۆیان کردبوو. دوای ئەوەی کەمالیەکان توانیان سوپای یۆنان لە وڵات بکەنەدەرەوە و سولتانی عوسمانی لەکاربخەن و شکست بەهەموو هێرشەکانی سوپای هاوپەیمانان بێنن، حکومەتێکیان لە ئەنکەرە دروستکرد و ڕێکەوتننامەی سیڤەریان ڕەتکردەوە کە لە لایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە واژۆکرابوو. بڕیار درا سەر لەنوێ لە شاری لوزان دانوسان لە نێوان تورکیا و دەوڵەتانی هاوپەیماننان بکرێت. ئەم دانوسانە پەیماننامەی لۆزانی لێکەوتەوە.

پەیماننامەی لۆزان : دانوسان لە نێوان بەریتانیاو یۆنان لەلایەک و تورکیا لەلایەکی ترەوە لەساڵی ١٩٢٢ دەستیپێکرد. کۆمەڵێک دەوڵەتیش وەک چاودێر ئامادەبوون. "یوسف زیا پاشا" کە ئەوکات نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی بوو لە سوید، وەکو کوردێک بەشداربوو، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد. بەڵام "عیسمەت ئینۆنۆ" سەرۆکی وەفدی تورکیا ئامادە نەبوو هیچ تەنازولێک بکات، هەربۆیە کۆبونەوەکان پەکی کەوت. موستەفا کەمال ئەتاتۆرک دوو کوردی تری دەستنیشان کرد "برنج زاده فەوزی بەگ و زولفو زاده زولفو" وەکو نوێنەری کورد. ئەمانە ڕازیبون بەوەی کە کورد لە گەڵ برا تورکەکانیان پێکەوە لە تورکیا بژین. ڕازیبوون کە عیسمەت ئینۆنۆ (کە سەرۆکی وەفدی تورکیا بوو) بەناوی تورک و کوردەوە قسە بکات. هەروەها لەناو پەڕلەمانی تورکیاوە لە ئەنکەرە "حسن خەیری" سەرۆکی کوتلەی کوردی بە پۆشاکی کوردیەوە چوە ناوپەڕلەمان و لەوێ وتارێکی داو تیایدا دەیووت" کوردو تورک بران و ئێمە دەمانەوێت لەناو یەک وڵاتدا بژین سەربەخۆیمان ناوێت." نوینەری کوردەکان لە پەرلەمانی ئەنکەرە ٧٢ کەس بوون، هیچیان داوای سەربەخۆیان نەدەکرد. ئەوانەشی کە داوای سەربەخۆیان دەکرد بە نەفام باسیان دەکردن.

بەم شێوەیە کەمال ئەتاتورک لەڕێگای کۆمەڵێك پەڕلەمانتاری کوردەوە ئەو پەیامەی گەیاندە بەشداربوانی کۆنگرەی لۆزان، کە ئەوەتا کوردەکانن نایانەوێت سەربەخۆ بن. سەرەنجام لە ٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣ لە سویسرا لە شاری لۆزان پەیماننامەکە واژۆکرا، کە لە ١٤٣ مادە پیكهاتوە و هیچ مادەیەکی تیا نەبوو لە بەرژەوەندی کورد بێت. بەمشێوەیە کوردەکان هیچ دەستکەوتێکیان لەم پەیماننامەیە دەست نەکەوت.
ئەگەر سەیریکی ئەم مێژووە بکەین، دەبینین بەلشەفیەکان و خودی لینین نە لەپەیماننامەی سیڤەر و نە لە پەیماننامەی لۆزاندا هیچ دەورێکیان نەبوە. بەڵام لەو کاتەدا کە دەوڵەتانی رۆژاوا کە بە بەرەی هاوپەیمان ناودەبران، خەریکی بەشکردنی ناوچە کوردیەکان بوون بەسەر (تورکیا ،عێراق ، سوریا و ئێران)دا، بەلشەفیەکان مافی سەربەخۆییان دا بەو خەڵکە کوردزمانەی کە لەژی-ێر دەسەڵاتی حکومەتی کرێکاریدا دەژیان و لە ٧ تەمموزی ١٩٢٣ دا دەوڵەتی کوردستانی سوور ڕاگەیاندرا. لێرەوە دەردەکەوێ کە ئەو بانگەشەیەی هەندێ کەسی بەناو چەپ دژی لینین و حکومەتی سۆڤیەتی دەیکەن هیچ بنەمایەکی مێژوویی و ڕاستەقینەی نیەو لە هەڵبەستنی درۆیەکی سیاسی زیاتر نیە. لەوکاتەدا خودی سەرکردەو بەناو نوێنەرانی کورد پشتیوانیان لە ئەتاتورک کردوەولەو کاتەدا هیچ شەڕێکیان لەگەڵیدا نەبوە. رێکەوتنی نێوان حکومەتی سۆڤەیتی و تورکیاش هیچ پەیوەندی بە پرسی کردەوە نەبوە، بەڵکو رێکەوتنێك بوە لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا بەرامبەر بە دەوڵەت و هێزێك کە دژی هەردوولا جەنگی بەرپاکردوە ئەویش دەوڵەتی یۆنان بووە. هەروەها بۆ کۆتایی هێنا، بە پەیمان نامەی بریست – لیتۆفسک کە عوسمانیەکان واژاۆیان لەسەر کردبوو لە جێگای ئەو پەیمان نامەی مۆسکۆ لەگەڵ کمالیەکان واژۆکرا.

٦ ئابی ٢٠٢٢

سەرچاوەکان:
١/ چیم دی یاداشتی ئەحمەد خواجە بەرگی ١ بۆ ٤
٢/ یاداشتی ڕەفیق حلمی
٣/ کورد تورک عەرەب/ یاداشتی سیسیل جۆن ئیدمۆندس

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …