Home / ناوداران / گرامشی، فەیلەسوفێکی شۆڕشگێر

گرامشی، فەیلەسوفێکی شۆڕشگێر

ئەنتۆنیۆ گرامشی

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئیتالیا خاوەنی شارستانییەتێکی زۆر گەورەیە، لانکەی زۆرێک لە فەیلەسوف و زانا و هونەرمەندی مەزنی جیهانە، کە جێ پەنچەیان بەسەر مێژووی مرۆڤایەتییەوە دیارە، یەکێکیش لەو فەیلەسوف و کەسایەتییە مەزنانەش ئەنتۆنیۆ گرامشییە.  ئەم پیاوە مەزنە لە یەک کاتدا، فەیلەسوف، شۆڕشگێڕ، رۆژنامەنووس، نووسەر و چالاکوانێکی مەدەنی ئێجگار گەورە بووە. داکۆکیکارێکی مەزن بووە لە مافی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە هەمووشی گرنگتر شۆڕشگێڕێکی مەزن بووە لە دژی رژێمی فاشیستی ئیتالیا، هەر لە پێناوی ئەم بەها جوانانەشدا زیاتر لە دە ساڵ  زیندانیکراوە دواجاریش کاتێک ئازاد کرا، هێندە ئازار و ئەشكەنجەیاندابوو، گیانی پاکی لەدەستداوە.

کاتێک دادوەرەکە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرد رایگەیاند: ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەم عەقڵەمان راگرت.” بەڵام وەکو نووسەرێکی ئەڵمانی دەڵێت: ئەو عەقڵە نەک هەر رانەگیرا، بەڵکو هەتاوەکو ئێستاش  چالاکە.

گرامشی خاوەنی دیدگایەکی ئێجگار تایبەتە و تیۆری خۆی هەیە لە بارەی  کەلتور، رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەروەها بۆچوونێکی رەخنەگرانەی هەیە بەرامبەر  بە تێڕوانینی خۆرئاوایی بۆ جیهان و کە خۆی لە فیکری سەنتڕاڵیزمی خۆرئاوایی دەبینێتەوە. جگە لە کۆمەڵێک تێڕوانینی تایبەتی لە بارەی یەکێتی سۆڤیەت، فاشیزم، سیستمی سەرمایەداری، پارتی شۆڕشگێر، خەباتی مەدەنی و سیاسیی، دەوڵەت،  ئەدەب و  هونەر، کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر.

لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ژیان و فیکری ئەم کەڵە فەیلەسوفە و  کەمێک بە خوێنەرانی ئازیزی کوردی ئاشنا بکەم.

منداڵێکی هەژار

Antonio Gramsci ئەنتۆنیۆ گرامشی لە 22 یانوەری 1891 لە دوورگەی سەردینیای ئیتالیا لەدایک بووەو لە 27 ئەپریلی 1937 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا کۆچی دواییکردووە. ئەنتۆنیۆ  سەر بە کەمە نەتەوەی  Arbëresh ئاربیرێش کە کەمە نەتەوەیەکی ئەلبانین لە باشووری ئیتالیا دەژین. لە بنەچەدا بنەماڵەی گرامشی خەڵکی ئیتالیا نین و لە ئەلبانیاوە هاتوون، باپیرە گەورەی بە خۆیی بنەماڵەکەیەوە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ئەلبانیای بەجێهێشتووە هاتوون بۆ شاری ناپۆلی باشووری ئیتالیا. ناوی گرامشیش لە ناوی شاری ” Gramsci گرامش” ی ئەلبانییەوە هاتووە، کە شارۆچکەیەکی بچووکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەلبانیاوە.

گرامشی لە تەمەنی 3 ساڵیدا بە دەستی  کچە خزمەتکارێکییانەوە دەکەوێتە خوارەوەو پشتی ئازاری زۆری پێ دەگات و ئەمەش هەتا کۆتایی ژیانی کاریگەری گەورەی بەسەر جەستەیەوە بەجێهێشت. بەهۆی ئەمەوە تووشی پشتئێشەی زۆر بووە، لەبەرئەوە نەیتوانییوە زۆر یاری لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیدا بکات. پاشانیش وایکردووە کە لە رووی گەشەی جەستەییەوە زۆر پێشنەکەوێت و باڵا کورت و پشت کۆم بێت.

لە رووی ئابووریشەوە سەرەتا رەوشی ژیانیان ئاساییی بووە، باوکی کارمەندێکی ئاساییی حکومی بووە، بەڵام  پاشئەوەی ساڵی 1898 باوکی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پۆستی حکومی لە کارەکەی لا دەبرێت و زیندانی دەکرێت، رەوشی بنەماڵەکەیان لە روویی داراییەوە تێکدەچێت.   هەرئەمەش وا دەکات کە لە رەوشێکی زۆر خراپی داراییدا خوێندن تەواو بکات، پاشان  بۆ تەواوکردنی خوێندنی  زانکۆ، بەرەو شاری تورینۆی باکووری ئیتالیا دەڕوات و لێرەشەوە تێکەڵی ژیانی سیاسیی و فکرییی  ئیتالیا و ئەوروپا دەبێت.

سەرەتای تێکەڵبوون لەگەڵ سیاسەت و فیکردا

ساڵی 1921 لەرێگەی ستێپێندیۆمێکەوە” دەستگیرۆییەکی خوێندنەوە” دەتوانێت لە زانکۆی تورینۆ بەشی ئاداب بخوێنێت. ئەمەش دەرگایەکی گەورەی فیکریی و سیاسیی و رۆشنبیریی بەرووی گرامشی گەنجدا دەکاتەوە. هەرچەندە وەکو خۆی پاشتر باسی دەکات، لە رووی بژێوییی ژیانەوە، زۆر رەوشی ژیانی خراپ بووەو هەژاریی و برسێتی زۆری چەشتووە. بەڵام زانکۆ و شاری تۆرینۆ دەرگایەکی فراوانی جمووجۆڵی سیاسیی و رۆژنامەگەریی و فیکری بۆ دەکەنەوە.

لەو ساڵانەدا لە تەواوی ئیتالیادا بزووتنەوەی کرێکاریی و چەپەکان زۆر بەهێزبوون، گرامشی زوو تێکەڵی ئەم بزووتنەوەیە بوو. لە ساڵی 1917 لە ئیتالیاش راپەرینی گەورەی کرێکاری دەستیپێکرد، لە شارەکانی باکووردا بزووتنەوەی شورایی لە ناو کارگەکان دروستبوو، کە گرامشی زۆر داکۆکی لێدەکرد. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە لێرەش هاوشێوەی روسیا، شۆڕشێكی کرێکاری روو دەدات و کۆتایی بە سیستمی سەرمایەداری دەهێنرێت و سیستمی سۆشیالیستی هاوشێوەی روسیا دروست دەکرێت، بەڵام وا دەرنەچوو.

گرامشی لە ساڵی 1919 دەبێتە سەرنووسەری  رۆژنامەی سیستمی نوێOrdine Nuovo، لێرەدا زیاتر داکۆکی لە مافی کرێکاران دەکات و بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی خۆی دەخاتەڕوو. پاشان دەچێتە ناو ریزەکانی پارتی سۆشیالیستی ئیتالیا، دواتریش لە ساڵی 1921 دەبێتە ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا وەکو سکرتێری گشتی حزبیش هەڵدەبژێرێت.

بۆچوونە فیکرییەکانی

بۆئەوەی لە فیکر و فەلسەفەی گرامشی تێبگەین، هەردوو رەگەزی ” کات و شوێن” هاوکاری باشـمان دەکەن. ئەو لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ژیاوە، ئیتالیاش یەکێك بووە لە زلهێزەکانی ئەوکاتی جیهان و کاریگەری گەورەی بەسەر ئەوروپا و جیهانیشەوە هەبووە. لەوکاتەشدا جیهان بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەیناڵاند، زلهێزەکانی جیهان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. بیری سۆشیالیزم و چەپگەرایی لە تەواوی ئەوروپا و جیهاندا زاڵ بووە، لە بەرامبەریشدا فیکری فاشیزم و ناسیۆنالیزم و تۆتالیتاریزم زۆر بەهێز بوو، لە ئیتالیا فاشیزمەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، لە روسیاش بۆلشەفییەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست و سیستمی سۆشیالیستیان دامەزراند بوو. ئیتالیاش خۆی لەناو گێژاوێکی گەورەدا دەبینییەوە،  هێزە چەپ و راستڕەوەکان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. هەموو ئەمانە کاریگەری گەورەیان بەسەر فیکر و دونیابینی گرامشیی هەبووە.

ئەو جگە لە جمووجۆڵی سیاسیی، لە بواری نووسین  و فیکر و فەلسەفیشدا، داهێنانی گەورەی کردووە.  بەشێکی زۆری  فیکر و فەلسەفەکەشی لە زینداندا نووسیوە کە بە  ‘ دەفتەرەکانی زیندان” ناودەبرێن و خۆیان لە 32 دەفتەر دەبیننەوە نزیکەی 3 هەزار لاپەڕەن. لەم دەفتەرانەدا باسی کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگی کردووە لەوانە” رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەژموونی دەوڵەت و کەلتووری سەرمایەداری، رەخنە لە فیکری سەنتڕالیزمی کەلتووری ئەوروپی. سیستمی دەوڵەت، کۆمەڵی مەدەنی،  خەباتی سەندیکایی، دژایەتیکردنی فیکری فاشیزم، شۆڕشی روسیا، کێشەکانی  ئیتالیا و ئەوروپا. مەسەلەی شۆرش و خەباتی چینایەتی،،، ” کۆمەڵێک مەسەلەی تر.

لێرەدا هەوڵ دەدەم، تیشکێک بخەمە سەر بۆچوونە فیکرییەکانی ئەم کەڵە نووسەرە.

خەبات لە دژی فاشیزم

بەشێکی گرنگی خەباتی سیاسی گرامشی بریتییە لە  خەبات لە دژی سیستم  و فیکری فاشیزم، ئەو چ بە قەڵەم یان بە چالاکی مەدەنی دژی رژێمی فاشیزمی مۆسۆلۆینی دەوەستێتەوە، بۆیە لە ساڵی 1924 بۆ 1926 چەندجارێک دەستگیر دەکرێت پاشانیش لە ساڵی 1926 بە تەواوەتی زیندانی دەکرێت و هەتاوەکو ساڵی 1937 لە زیندانی فاشیستەکان دەبێت. لە زیندانیش زۆر ئەشکەنجە دەدرێت، هەربۆیە کاتێکیش ئازادی دەکەن، لە پاش ماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لە دەستدەدات.

ئەو لەرێگەی نووسینەکانییەوە، دڕندەیی و نامرۆیی فیکری فاشیزمی خستۆتەڕوو،بەشێک لەکارە فیکرییەکانی بۆ دژایەتیکردنی فیکری فاشیستی تەرخانکردووە.  لەهەمانکاتیشدا پێشبینی بەو کارەساتە گەورانە کردووە کە رووبەڕوی ئیتالیا دەبێتەوە بەهۆی رژێمی فاشیستی ئیتالییەوەو بەسەرۆکایەتی مۆسۆلینی.

 دوو جۆر رۆشنبیر

گرامشی پێناسەیەکی تایبەتی بۆ رۆشنبیر کردووە کە تاڕادەیەک جیاوازە لە بۆچوونی فەیلەسوفانی پێش خۆی. لەهەمانکاتیشدا هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە پێناسە گرنگەکان دادەنرێت کە بۆ رۆشنبیر کرابێت. بە بڕوای  گرامشی دوو جۆر رۆشنبیر هەیە، یەکەمیان رۆشنبیری  تەقلیدیی،  ئەمەش ئەو جۆرە رۆشنبیرانە دەگرێتەوە، کە خۆیان لە جەماوەری گشتی خەڵکی بەدوور دەگرن و زیاتر خۆیان بە نوخبەیەک دادەنێن و بە چاوێکی کەمەوە سەیری ئەوانی تر دەکەن و خۆیان لە قەرەی کێشەکانی ناو کۆمەڵ نادەن.

جۆری دووەمی رۆشنبیر ئەوانەیە، کە گرامشی ناوی ” رۆشنبیری ئۆرگانی” لێناون. ئەمانە ئەو رۆشنبیرانە دەگرێتەوە کە خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەکەیان دادەنێن و هەڵگری ئازار و مەینتەییەکانی گەلەکەیانن و داکۆکی لەمافەکانیان دەکەن. لەهەمانکاتیشدا ئەو رۆشنبیرانە دەبنە رابەری بزووتنەوە جەماوەریی و شۆڕشگێڕییەکان و هەوڵی رێکخستنی خەڵکی دەدەن، لە هەمووشی گرنگتر هەوڵ دەدەن چینی جووتیار و کرێکاران لە یەکتری نزیک بکەنەوە. هەروەها ئەرکی سەرەکیشیان هۆشیارکردنەوەو رۆشنبیرکردنی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت و هەوڵدان بۆ دژایەتییکردنی هەژموونی کەلتووری سەرمایەداریە.

لەمەدا گرامشی پێی وایە کە رۆشنبیری ئۆرگانی دەبێت وەکو سەربازێک لە دژی هەژموونی سەرمایەداری بوەستێتەوەو نەهێڵێت ئەو هەژموونە بەسەر تەواوی خەڵکیدا بسەپێت، کە زۆرجاریش ئەم هەژموونە لە رێگەی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکانەوە دەبێت.  بۆیە ئەو پێی وایە دەبێت رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی بەهێز بکرێت لەمەشدا رۆشنبیر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

هەژموونگەرایی کەلتوری

خاڵێکی گرنگی تری فیکری گرامشی پەیوەندی بە مەسەلەی هەژموونگەرایی کەلتوری بەگشتی و  سەرمایەداریی بەتایبەتی هەیە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە گرامشی باسیکردووە پێشتر بیرمەندانی تری چەپ  بەو شێوەیە گرگنگیان پێ نەداوە.   مەسەلەی هەژموونگەراییش دەبێتە خاڵێکی سەرەکی بیرکردنەوەیی و پانتایی باش لە کار و بەرهەمەکانی بۆ تەرخان دەکات. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی هەژموونگەرایی لەرێگەی گرامشییەوە، دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفەی جیهان و  لەپاش ئەو کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی جیهان خۆیان پێوەی خەریک دەکەن و شڕۆڤەی دەکەن.

چەمکی هەژموونگەرایی بەشێکی زۆری کارەکانی گرامشی داگیرکردووەو هیچ فەیلەسوفێک بەو شێوە چڕوپڕییە قسەی لەمبارەوە نەکردووە، بەتایبەتی هەژموونی کەلتوری. ئەمەش رێگەی بۆ زۆر فەیلەسوفی تری جیهان کردەوە، کە لەمبارەیەوە کار بکەن ، بۆ نموونە ئێدوارد سەعید لە کتێبەکانی “خۆرهەڵاتناسیی،  ئیمپریالیزم و کەلتور”، لە ژێر کاریگەری تێزەکانی گرامشی ئەم کتێبانەی نووسیوە، کە بە یەکێک لە کارە گرنگەکانی  ئێدوارد سەعید دادەنرێت.

 گرامشی پێی وایە کە سەرمایەداری توانییوەتی تاڕادەیەکی زۆر هەژموونی کەلتوری خۆی بەسەر تەواوی چین  و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. هەربۆیە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەم هەژموونە داوا دەکات کە  گرنگی زۆر بە رۆشنبیرکردنی چینی کرێکار و جووتیار بدرێت، ئەمەش ئەرکی سەرەکی رۆشنبیرە کە ئەو بە رۆشنبیری ئۆرگانی ناوی دەبات، لە پاشانیش ئەرکی پارتێکی شۆڕشگێرییە. جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتاکانی شۆڕشی روسیدا زۆر باوەڕی بە یەکێتی سۆڤیەتیی بوو، پێی وابوو کە ئەم شۆڕشە توانیوویەتی چینێکی کرێکاری  رۆشبنبیر و هۆشیاری روسی پێ بگەیەنێت، هەرچەندە پاشان بۆچوونی دەگۆڕێت.

فیکری سەنتڕاڵیزمی ئەوروپی

خاڵێکی گرنگی تری تێڕوانینی گرامشی پەیوەندی بە رەخنەگرتنە لە فیکری خۆرئاوایی، کە ئەمەش یەکێکە لە داهێنانە فیکرییە گەورەکانی.  ئەو پێی وایە ئەو فیکرە باوەی کە ئەوروپا بە سەنتڕاڵی جیهان دادەنێت و تەواوی کەلتورەکانی جیهانیش بە چاوێکی کەمەوە سەیر دەکات، بۆچوونێکی تەواو هەڵەیە، چونکە کەلتور و شارستانییەکانی تری جیهانیش، هیچیان لە کەلتور و شارستانی ئەوروپا کەمتر نییە و پێویستە رێزیش لەوان بگیرێت، چونکە رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانی مرۆڤایەتی هەبووە. گرامشی یەکەمین کەس بووە کە بەو شێوە راستەوخۆییە ئەم رەخنەیە لە فیکری خۆرئاوایی باو بگرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورە بووە.   ئەو رەخنانەی گرامشیش دەرگایەکی زۆر باشی کردەوە بۆ زۆر فەیلەسوفی تری ئەوروپایی، کە گرنگی بە کەلتورەکانی تری جیهان بددەن یەکێکیش لەوانە فەیلسوفی ناوداری فەرەنسی لیڤی شتراوس، کە بە یەکێک لە باوکەکانی رەوتی بونیاتگەراکان دادەنرێت، راستە ئەو لە رووی فیکرییەوە دوورە لە گرامشی  و بەرەی راستی هەڵبژاردووە، بەڵام لەمبارەیەوە ستایشی تێڕوانییەکانی گرامشی دەکات. جگەلەوەش کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی تری خۆرئاوایی هەمان رێچکەی ئەویان گرتووە لە پێش هەموویانەوە” جۆمسکی و ئێدراورد سەعید، رۆبێرت کۆکس”.

دەوڵەت و کۆمەڵی مەدەنی

گرامشی پێی وابوو کە دەوڵەت ئامڕازێکە بۆ سەرکووتکردنی خەڵکی، لەمەشدا تاڕادەیەک بۆچوونی لە ئەنارشیستەکانەوە نزیک بوو بەتایبەتی ” باکۆنین”، هەربۆیە زۆر دژی چەمکی تەقلیدی دەوڵەت بوو، کە تەنها خۆی لە هێزە ڕەقەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە.

گرامشی دەسەڵات دەکات بە دوو بەشەوە . یەکەمیان ناوی لێناوە” کۆمەڵی سیاسی” کە خۆی لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە لە پێش هەموویانەوە” پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان، زیندان، سوپا، یاسا” کە ئەمەش زیاتر دەوڵەتی ستەمکار دەگرێتەوە، لێرەدا دەوڵەت رۆڵێکی خراپ لەناو کۆمەڵگەدا دەبینێت و بەرەو دواکەوتن و کارەساتی دەبات.

 دووەمیان ” کۆمەڵی مەدەنی” کە ئەمەش زیاتر هێزە سیاسیی و ئابوورییەکان دەگرێتەوە. لێرەدا بە پێچەوانەی کۆمەڵی سیاسییەوە، دەبێت لە رێگەی رەزامەندییەوە خەڵکی بۆلای خۆت رابکێشێت.  لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە، ئەوە کۆمەڵی مەدەنییە کە دەتوانێت رێگە لە ستەمی دەوڵەتی بگرێت و نەهێڵێت دەوڵەت لەلایەن چینێکەوە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی تر بەکاربهێنرێت. هەربۆیە هەمیشە داکۆکی لە کۆمەڵی مەدەنی دەکرد، کە ئەمەش زیاتر لە پارتی سیاسیی شۆڕشگێر و  سەندیکاکان و چالاکی مەدەنیی و سیاسی دەگرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وابوو ئەوە پارتی شۆڕشگێرە کە دەتوانێت ببێتە رێگر لە ستەمی دەوڵەتیی و دیکتاتۆریی، هەرئەویشە  دەتوانێت چینی کرێکاران و  جووتیاران رزگار بکات و شۆڕش بکات، بەڵام لەمەشدا دووبارە پانتایی زۆری بۆ دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینی ناو حزب داناوە. گرامشی دژی ئەو فۆرمە حزبیە بوو،  کە ستالین پێڕەوی دەکرد، کە زیاتر فۆرمێکی دیکتاتۆری بوو.

گرامشی  و فیکری مارکسیی

گرامشی یەکێکە لە فەیلەسوف و بیرمەندە مەزنەکانی چەپی ئیتالیا و جیهان. ئەو خاوەنی رێچکەی فیکری خۆی بوو، بە هەموو شێوەیەک دژی دۆگماتیزم و پەرستنی شەخسی بوو تەنانەت مارکسیش. لە ساڵی 1918 وتارێک لەمبارەیەوە دەنووسێت و دەڵێت: مارکس شایستەی پەرستن نییە، ئەو مەسیح نییە. هەروەها بەشێکی زۆری فیکر و فەلسەفەکەشی قابیلی گۆڕانکارییە جگە لە رستە بەناوبانگەکەی نەبێت ” ئەی کرێکارانی جیهان یەک بگرن”،جگە لەمە هەموو فیکری مارکسی شایستەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و رەخنەی لێ بگیڕێت.

ئەو فیکری مارکسی بەسەر سێ بەشدا دابەشکردبوو: 1/ ئابووری سیاسی. 2/ زانستی سیاسیی.3/ فەلسەفە.

رەخنە لە یەکێتیی سۆڤیەت

سەرەتا گرامشی یەکێک بووە لە هەوادارە سەرسەختەکانی شۆڕشی روسیی و پارتی بۆلشەفی روسیا، لەهەمانکاتیشدا لینینیش بە فیکری گرامشی سەرسام بووە. لە هاوینی ساڵی 1920 لەکاتی کۆنگرەی دووەمی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سێهەمدا، گرامشی راپۆرتێکی بەناوی ” لەپێناو نوێکردنەوەی پارتی سۆشیالیستی” نووسی. کاتێک لینین راپۆرتەکەی بینی، زۆر بەلایەوە باشبوو، زۆریش پشتگیری بۆچوونەکانی گرامشی کردووە.  بەڵام پاشان بە نەمانی لینین، گرامشی بۆچوونی گۆڕا، بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ستالین. ئەو پێی وایە ستالین هەموو کۆمەڵی مەدەنی لەناوبردووەو تەنها پشت بە کۆمەڵی سیاسی دەبەستێت کە خۆی لە هێزی رەقی دەوڵەت دەبینێتەوە کە ئەوانیش ” دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان، پۆلیس، سوپا،یاسا و داگا” دەبینێتەوە. لەهەمانکاتیشدا هیچ بوارێکی بۆ کاری کۆمەڵی مەدەنی نەهێشتۆتەوە. هەر ئەم رەخنانەشی وایکرد کە تۆمەتی ترۆتسکیزمی بخرێتە پاڵ.

دەرەنجام

گرامشی  دووبارە پێناسەیەکی نوێی بۆ رۆڵی رۆشنبیر و پەیوندی بە کۆمەڵگەوە کردەوە، ئەو لەیەککاتدا کەسێکی سیاسەتمەدار، بیرمەند، چالاکوانێکی سیاسیی و مەدەنیی بوو، هیچ سنوورێکی بۆ چالاکییە فیکرییەکانی دانەنا و خۆی لەناو کتێبخانەیەکدا زیندانی نەکرد. هەروەها ئەو توانی لە رێگەی رەخنەکانییەوە لە فیکری سەنتڕالیزمی خۆرئاوایی و هەژموونگەرایی، دەرگا  بۆ زۆر فەیلەسوف و بیرمەندی تر بکاتەوە کە لەسەر هەمان رێچکە، داهێنانی باش بکەن.  لە هەمووشی گرنگتر  ئەوەیە، ئێمە لە ژیانی گرامشی فێری ئەوە دەبین، کە  چەندە رژێمەکان دیکتاتۆر و ستەمکار  بن، بەڵام ناتوانن فیکر و فەلسەفە لەناوبەرن.

بەدڵنیاییەوە گرامشی یەکێكە لە فەیلەسوفە دیارەکانی جیهان و کاریگەری تیۆرییەکانی بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە. قسەکردنیش لەبارەی ئەم کەڵە فەیلەسوفەی جیهانەوە، زۆری دەوێت، من تەنها پێناسەیەکی خێرام بۆ فیکر و خەبات و ژیانی کردووە، بەو هیوایەی لە داهاتوودا شتی زیاتری لەبارەوە بنووسم.

سەرچاوەکان:

1/ سيار الجميل. مفهوم المثقف عند غرامشي. /www.almadasupplements.net

2/ سعد محمد رحيم.غرامشي والهيمنة الثقافية. /www.almadasupplements.net

3/ مصطفى شلش. غرامشي في زمن المظاهرات. /www.almadasupplements.net

4/ . . www.marx21.de.ANTONIO GRAMSCI: DAS HIRN FUNKTIONIERTE WEITER

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …