Home / بەشی مێژووی كورد / ناسیۆنالیزمی کوردی لەتورکیادا 1898-2018

ناسیۆنالیزمی کوردی لەتورکیادا 1898-2018

مەسعوود یەغەن

 پرۆفیسۆر لە بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی ستانبووڵ شەهر/ تورکیا

           لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

هەرچەندە مشتومڕێکی زۆر و ئاشکرا هەیە سەبارەت بە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی (باجەڵان، ٢٠١٦؛ حەسەنپوور، ٢٠٠٣؛ کڵەین، ٢٠٠٧؛ ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤؛ وەلی، ٢٠٠٣)، دەرکردنی ڕۆژنامەی ” کوردستان” لە ساڵی ١٨٩٨دا دەکرێ و ەک مێژوویەکی سیمبۆڵی دابنرێت بۆ لەدایکبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی. یەکەمجار ڕۆژنامەکە بە کوردی لە ساڵانی (١٨٩٨ – ١٩٠٢)، مانگی دوو جار دەردەچوو لە قاهیرە و یەکەم ڕۆژنامە بە کوردی دامەزرا و ژمارەیەکی کەمی خوێندەواری کورد بەڕێوەیان دەبرد کە هەندێکیان بەشێک بوون لە بەرهەڵستکاری ملهوڕ و تاکڕەوان لەو دەمەدا، کە لەلایەن جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقییەوە سەرۆکایەتیی دەکرا (کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن، CUP).

  ڕۆژنامەی ” کوردستان” کە لە ئەستەمبووڵ قەدەغە بوو، ئەو وتار و بابەتە نووسینانەی بڵاو دەکردەوە کە دژ بەو ستەم و نادادییە بوون کەوا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەرپا دەکرا و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کوردستاندا. ڕۆژنامەکە بە بڵاوکردنەوەی وتار و بابەت لە سەر زمان و مێژوو و شیعری کوردی کەوا گوزارشیان لە هەست و سۆزی نەتەوەیی دەکرد و ئارگومێنت لەسەر ئەوە دەکات کەوا “دەربڕینی سیستماتیکیی هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی کوردی عوسمانییە لەبارەی مەسەلەکانی دەوڵەت و نەتەوەوە” (باجەڵان، ٢٠١٦: ١٤٧). لەکاتێکدا کە ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی کورد کە بۆ ڕۆژنامەی کوردستانیان دەنووسی ئەجێندایەکی جوداخوازییان نەبوو، بەڵام ئەوان بەزۆری کوردیان لەگەڵ ئەرمەنەکان بەراورد دەکرد و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ئەوان وەک نەتەوەیەکی جیاکار وینای کورد دەکەن. بەکورتی، کەواتە رۆژنامەی  ” کوردستان” بیر و ئایدیای نەتەوەی کورد و کوردستانی بڵاو دەکردەوە و بە دەرکردنی ڕۆژنامەکە لە ساڵی ١٨٩٨دا دەکرێت بە ڕووداوێک دابنرێت وەک سیمبۆڵی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی.

  لە بواری گێڕانەوەی ڕژێمی دەستووریدا، شۆڕشی تورکە لاوەکان لە ساڵی ١٩٠٨دا نەک تەنها حوکمی ڕەهای کۆتایی پێهێنا بەڵکوو عوسمانیزمی بووژاندەوە و دەستووری عوسمانیی ساڵی ١٨٧٦یشی زیندوو کردەوە و بەو پێیەی کە عوسمانییەکان بە جۆراوجۆری و جیاوازییان لە شوناسی ئاینی و ئیتنیکیدا هاووڵاتیی یەکسانن.  پاڵپشتی کردنی کۆمەڵگە ناموسڵمان و ناتورکەکان بۆ شۆڕشی ١٩٠٨ بوو بە هۆی دەرکەوتنی ڕکابەرێکی ئیتنیکی لە کایەی گشتی و لە بواری بڵاوکردنەوەدا. بەو پێیە تا ڕادەیەک هەموو گرووپە ئیتنیکی و ئاینییە سەرەکییەکان لە ناو ئیمپراتۆرییەتدا کۆمەڵە و ڕێکخراوی خۆیان دروستکرد و گۆڤار و ڕۆژنامەیان بە زمانی خۆیان دەردەکرد. بێگومان کوردیش چوونە پاڵ ئەم شەپۆلەی بووژانەوەی ئیتنیکی.

  کۆمەڵێک لە کەسایەتی و خوێندەوارانی کورد لەوانەی کە لە ئەستەمبووڵ دەژیان لە سێپتەمبەری ساڵی ١٩٠٨دا کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردیان دروستکرد (کورد تەعاون وە تەرەققی جەمعییەتی Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti، KTTC)، کە یەکەم ڕێکخراوی یاسایی کورد بوو. سەید عەبدولقادر، ئەمین عالیی بەدرخان، شەریف پاشا و داماد موشیر ئەحمەد زولکیفل پاشا لە نێو دامەزرێنەرانیدا بوون و هەر هەموویان لە کەسایەتی و پیاوماقووڵ و ڕۆشنبیران و بیرۆکراتەکانی نیشتەجێی ئەستەمبووڵ بوون کە لە کاتێکی دواتردا هەندێ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی ساڵانی داهاتوودا (مالمیسانج، ١٩٩٩: ٢٣ – ٢٤). ئەم کۆمەڵەیە KTTC  کە لە لایەن سەید عەبدولقادرەوە سەرۆکایەتی دەکرا بە شێوەیەکی سەرەکی  عوسمانی و دەستوور مەشرەب بوو، کە لە بنەڕەتدا خۆی لە سەروو سیاسەتەوە    دەبینییەوە و شوناسی عوسمانیچێتی و بۆ هەموو عوسمانییەکان بوو بە کوردیشەوە و ئامانجی بڵاو کردنەوەی ژیانی دەستووری بوو لە ناو کورددا (تونایا، ١٩٨٨: ٤٠٩ – ٤١٣). بەهەرحاڵ، ئەو بابەتە نووسینانەی بڵاو دەکرانەوە لە هەفتەنامەی کۆمەڵەدا، کە ناوی “کورد تەعاون وە تەرەققی غەزەتەسی  Kürt Teavün ve Terakki Gazetesi ” ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کەوا کۆمەڵە، لەکاتێکدا کە عوسمانی و دەستوور مەشرەبیش بوو، بەڵام لە خەیاڵدانی خۆیدا وا کوردی وێنا دەکرد کە نەتەوە و “ئوممەتێک” بێت و بەو پێیە ئەجێندایەکی نەتەوەییشی هەبوو، ئەگەرچی لاوازیش بوو (مالمیسانج، ١٩٩٩: ١١٧ – ١٨٧). کەواتە حاڵەتی کورد کە لەگەڵ ئەوی تورک و ئەلبانی و ئەرمەن و نەستۆریدا باس و گفتۆگۆی لەسەر دەکرا ئەوەی دەردەخست کەوا نووسینی مونەوەر یان ڕووناکبیرانی کورد لە ڕۆژنامەکەی کۆمەڵەدا وێنای کوردبوونی یان کوردایەتیی وەک شوناسێکی نەتەوەیی جیاواز دەکرد لەکاتێکدا کە عوسمانیبوونی وەک شوناسێکی سەروو سیاسەت دەناسی. بە هەمان شێوە گفتوگۆ کردن لە سەر ئایدیای خوێندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژنامەکەی کۆمەڵەدا ئەوە دەردەخات کەوا مونەوەرانی کورد لەو کاتەدا ئەجێندایەکی نەتەوەییشیان بووە، ئەگەرچی لاوازیش بووە.

  بەهەرحاڵ، یاخیبوونە شکستخواردووەکەی دژ بە کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن CUP لە مارتی 1909دا، کە لەلایەن میانڕەوە عوسمانییەکانەوە بەرپا کرا و پاشان بوو بە هۆی جڵەو کردنی ئازادییە مەدەنییەکان، بە چالاکیی کۆمەڵە “نەتەوەییەکانیشەوە” (باجەڵان، ٢٠١٦: ١٥٢). لەگەڵ ئەوەشدا، مل پێوەنانی ئیتتیحادییەکان (CUP) بەرەو ملهوڕی و تاکڕەوی، هەر ناتوانێت “ڕابوونی کورد” کۆتایی پێ بێنێت (دومان، ٢٠١٠). تاقمێک کوردی خوێندکاری زانکۆ لە ئەستەمبووڵ کۆمەلەی خوێندکارانی هێڤییان دامەزراند (کورد تەلەبە – هێڤی جەمعییەتی Kürt Talebe – Hêvi Cemiyeti) لە ئابی ١٩١٢دا (باجەڵان، ٢٠١٣؛ ماڵمیسانج، ٢٠٠٢). ئامانجەکانی هێڤیش بە شێوەیەکی بەرچاو هاوشێوەی ئەوانەی کۆمەلەی “کورد تەعاون و تەرەقی” بوون. هێڤیش وا وێنای کوردی دەکرد کە هاووڵاتیی عوسمانین بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی جیاوە و “کارکردن بۆ خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی کوردی” کردبووە ئامانجی سەرەکیی خۆی (جەلیل، ٢٠٠١: ٧٥). بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە، هێڤی پێشنیازی دروستکردنی قوتابخانەی کردووە لە کوردستاندا بۆ ئەوەی کورد بەهرەمەند ببن لە زانست و هونەر و پەرەپێدانی ئەدەب و زمانی کوردیدا. هێڤی گۆڤارێکی مانگانەی دەردەکرد بە ناوی “ڕۆژی کورد”ەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن دوو کەسایەتی برای دانیشتووی ئەستەمبووڵەوە دامەزرابوو و بەڕێوەدەبرا (باجەڵان، ٢٠١٦: ١٤٥)، کە دواتر لە ساڵی ١٩١٣دا ناوەکەی گۆڕا بۆ “هەتاوی کورد”. ئەو نووسینانەی کە لە ڕۆژی کورد و هەتاوی کورددا بڵاو دەبوونەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوانەی لە دەوری هێڤی کۆبووبوونەوە لەو کوردانە پێکدەهاتن کە خاوەنی ئەجێندایەکی چاکسازی و نەتەوەیی بوون  Kürdoloji Çalısmaları Grubu) گرووپی توێژینەوەکانی کورد، ٢٠١٣). بە هەمان شێوە ئەمانیش وەک ئەوانیتری پێش خۆیان، کوردەکانی هێڤی هەر بە عوسمانیی دڵسۆز مانەوە و هیچ ئەجێندایەکی جوداخوازییان نەبوو. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەیسەلمێنێت کەوا نزیکەی هەموو کوردەکانی هێڤی لە ڕیزی سوپای عوسمانیدا شەڕیان کردووە لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەڵام هێڤی خۆی وەک کۆمەڵە نەمایەوە لەپاش دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی یەکەم.

  ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە شێوەیەکی کۆتایی لە ساڵی ١٩١٨دا بوو بە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاری لە ئەقڵییەت و بیرکردنەوەی خەڵکە نەتەوەییەکانی کورد لەو کاتەدا. ئەو کوردانەی کە بە دڵسۆزی عوسمانی مابوونەوە وا ئێستا بە لای ئایدیا و بۆچوونی کوردستانێکدا شکاندوویانەتەوە کە کورد خۆی حوکمی بکات و لێرە بەدواوە خوێندەواران و کەسایەتییەکانی کورد لە ئەستەمبووڵ بوون بە ناسیۆنالیست و کاریان بۆ کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆ دەکرد (ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤). ئەم گۆڕانکارییە لە بیر و بۆچوونی مونەوەران و کەسایەتییە کوردەکانی ئەستەمبووڵدا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوت لە ڕۆژنامەی” ژین”ی نیو مانگیدا کە بە کوردی و تورکی دەردەچوو، هەروەها لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی پێشکەوتنی کوردستاندا (کوردستان تەعالیی جەمعییەتی Kürdistan Teali Cemiyeti KTC -). ڕۆژنامەی “ژین”، کە ساڵی ١٩١٨ لە لایەن مونەوەرانی کوردی دانیشتووی ئەستەمبووڵەوە دەردەکرا و بەڕێوەدەبرا بوو بە پێگە و شوێنێک بۆ دەربڕینی ئەو بیر و ئایدیایانەی ئاماژەیان بە لاوازبوونی عوسمانیزم دەکرد لە لایەن ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی کوردەوە (بۆزئەرسەلان، ١٩٨٥). وا ئێستا کورد بانگهێشت دەکرێن لە لایەن نووسەرانی وەک عەبدوڵا جەودەتەوە، کەوا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە یان کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی CUP) و عوسمانی پەرستێکی تەواو بوو، بۆ ئەوەی بیر لە داهاتووی کورد بکەنەوە لەبەر ڕۆشنایی پرەنسیپەکانی ویڵسن (مەبەست چواردە بەندەکەی سەرۆکی ئەو سەردەمەی ئەمریکایە – وەرگێڕ).

  چالاکییەکانی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستانیش KTC، کە لە دیسەمبەری ١٩١٨دا خانەدان و کەسایەتییە کوردەکانی دانیشتووی ئەستەمبووڵ دایانمەزراندبوو و بەڕێوەیان دەبرد بە ئامانجی فەرمیی “دابینکردنی بەرژەوەندی و گەشەکردنی گشتی بۆ کورد” و هەروەها ئاشکرا کردنی ئەوەی کەوا بیر و ئەقڵییەتی کەسایەتییەکانی کورد گۆڕاوە (گوێڵداش، ١٩٩١: ٢٤٩). لەپێناوی دەستەبەر کردنی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی بۆ کورد، بەرپرس و کاربەدەستانی KTC دانوستانیان لەسەر پرۆژەی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی دەستپێکرد لەگەڵ بیرۆکراتە عوسمانییەکان و بەرپرس و کاربەدەستانی پارتی ئازادی و هاوپەیمانی (حوڕییەت و ئیتیلاف فیرقەسی                              Itilaf Fırkası – HIP ve Hürriyet)، کە حیزبی حوکمڕان بوو لەو سەردەمەدا(گوێڵداش، ١٩٩١: ١٥) و دیپلۆماتەکانی کە لە ئەستەمبووڵ بوون (یەغەن، ٢٠١٢: ٨٥ – ٨٨). بێجگە لەوە، لەکاتێکدا کەوا گرووپێک لە بەرپرسانی KTC پاڵپشتیی ئۆتۆنۆمییان دەکرد لە کوردستانی عوسمانیدا گرووپێکی تر لە بەرپرسانی کۆمەڵە پشتگیریی ئایدیایەکی سەربەخۆییان دەکرد بۆ کوردستان. ئەوجا لەکاتێکدا کە سەید عەبدولقادری سەرۆکی کۆمەڵەکە و ئەو گرووپەی کە ئەو ڕابەرایەتیی دەکردن داکۆکییان لە ئۆتۆنۆمی دەکرد بۆ کورد، بەڵام لە لایەن ئەمین عالی بەدرخانی جێگری سەرۆک و  دەستە و تاقمێکی تری سەر بەمەوە بەرهەڵستی دەکرا و خۆی و شوێنکەوتووانی کاریان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد (ئوێزئۆغلوو، ٢٠٠٤: ٨٧ – ١٢٠). کەسێکی تری بنەمالەی بەدرخان، کە عەبدولڕەزاق بەدرخانی ئامۆزای ئامۆزای ئەمین عالی بوو، لە سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کەوتبووە هەوڵدان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر ماندێتی ڕووسیادا (ڕەینۆڵدز، ٢٠١١). هەروەها شەریف پاشاش، کە پێشتر باڵیۆزی عوسمانی بوو لە ستۆکهۆڵم، کاری بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس لە ساڵی ١٩١٩دا (ئەڵەکۆم، ١٩٩٨ ئە).  بەو پێیەی کەوا کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان KTC ، لقی لە نۆزدە شاری کورددا هەبوو و بەڵگە بوو بۆ ئەوەی کەوا گۆڕانکاری لە هزر و ئەقڵییەتی دەستەبژێری کورددا لە ئەستەمبووڵ دەنگدانەوەی خۆی هەبوو لە کوردستان.

  بەهەرحاڵ، لەکاتێکدا کە خوێندەواران و کەسایەتییە کوردەکانی دانیشتووی ئەستەمبووڵ هەوڵیان دەدا بۆ کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆی ژێر ماندێتی بەریتانیا گەلێ لەو کەسایەتی و سەرۆکە کوردانەی لە کوردستان دادەنیشتن بە شێوەیەکی سەرەکی پشتگیریی ئەو بزووتنەوەیەیان دەکرد کە لە لایەن مستەفا کەمالەوە سەرکردایەتی دەکرا. پێدەچێت یەکێک لەو هۆکارە زۆرانەی شکستخواردنی کورد بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی، ئەم ناکۆکی و ناڕێکییەی نێوان دەستەبژێری کورد بووبێت لەو سەردەمەدا لەبەر هەندێ هۆکار. یەکەمیان، دەستەبژێری کوردی نیشتەجێی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی لەو کەسانە پێکدەهات کە بوون بە خاوەنی سامان و دەسەڵات لە کوردستاندا لە سایەی لابردنی نەوەی خانەدانە کوردەکانی نیشتەجێیی ئەستەمبووڵ لە سەر دەسەڵات. دووەم، بزووتنەوەی کەمالی بە سەرکەوتنەوە توانی ئەو مەترسییە قەبە بکات کەوا دەستەبژێری دانیشتووی کوردستان هەیبوو لەوەی کەوا هاوپەیمانان بەنیازن دەوڵەتێکی ئەرمەنی دروست بکەن لەو ناوچە و ویلایەتانەدا کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە١. سێهەم، کەمالییەکان بەڵێنی پێدانی ئۆتۆنۆمییان دابوو بە کورد لە حاڵەتیکدا ئەگەر خەبات و تێکۆشانی ئەمان بۆ مانەوەی یەکێتیی دەوڵەتی عوسمانی سەربگرێت٢.

  لەکاتێکدا کە ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو بە هۆی گۆڕینی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ ئەو فۆرمەی کەوا ڕۆشنبیران و خانەدانانی کورد لە هەوڵ و کۆششدان بۆ داواکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەندێ ناسیۆنالیستی سیاسیش بەدوای ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆییدا دەگەڕێن، بەڵام بناغەی دەوڵەتی تورکی وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە هیچ مافێکی     کولتووری و سیاسی نادات بە کورد و ئەمە سەری کێشایەوە بۆ وەرچەخانێکی گەورەتر لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. ئەوجا لەم سۆنگەیەوە ناسیۆنالیستە کوردەکان پەنایان بردە بەر پێکهێنان و بەکارهێنانی ڕێکخراوی نهێنی و بەکارهێنانی توندوتیژی وەک ئامرازێکی سەرەکیی شەڕکردن لەپێناوی ئایدیاڵەکانیاندا. دووەم، وەک ئەوەی کە ئەستەمبووڵ چیتر بە شوێنێکی ئارام نەمایەوە بۆ هیچ جۆرە بەرهەڵستکارییەک بەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیشەوە، بەشێوەیەکی ڕێژەیی کوردستانی دوورەدەست کە بەئاسانی پێی ناگەیت بوو بە چەقی کار و چالاکیی ناسیۆنالیزمی کوردی. سێهەم، کاربەدەست و خانەدانانی نیشتەجێی کوردستان چوونە پاڵ ڕووناکبیران و خانەدانانی کوردی جێگیری ئەستەمبووڵ و وایان لەوانە کرد کە ڕابەرایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن زیاتر جۆراوجۆربن. بەکورتی بناغەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا گۆڕانکارییەکی بەرپا کرد لە هۆکار و ئامراز و فەزای ناسیۆنالیزمی کوردیدا.

 هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئاشکرا و لەبەرچاون لە شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٢٥دا. ئەو شۆڕشەی کە لە لایەن شێخ سەعیدی سەر بە ڕێبازی نەقشبەندی و پیاوانی خێڵەکیی کوردیشەوە کە جووڵاندن و جۆشدانی بەرپا کرا، هەر زوو لە لایەن سوپای تورکیاوە تێکشکێنرا (ئۆڵسن، ١٩٨٩). لەڕاستیدا کە شۆڕشەکە نە لە لایەن کوردی شارەکانەوە پاڵپشتی کرا و هەروەها بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیێتیش کوردستانی سەربەخۆیان پێ باش نەبوو، کە لەو هۆکارە بنەڕتییانە بوون کە وایانکرد شۆڕشگێڕەکان سەرکەوتوو نەبن٣.

   شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٢٥ لەلایەن ڕێکخراوی نهێنیی ئازادییەوە نەخشە و پلانی بۆ کێشرابوو کە لەلایەن تاقمێک ئەفسەری کوردەوە لە سوپای تورکیادا، سیاسەتمەدارانی کورد، شێخەکان و خاوەن مڵکەکەکانی کە لە کوردستان نیشتەجێ بوون سەرپەرشتی و سەرەوکاریی دەکرا (سەڤەر، ٢٠١٨). بەهەرحاڵ، لەکاتێکدا کە ئازادی بە شێوەیەکی لە لایەن ئەفسەران و ڕووناکبیرانی بیر و ئاوەز سێکولاری کوردەوە دامەزرابوو و بەڕێوەدەبرا، بە دوای پشتیوانیی سەرکردە خێڵەکی و ئاینییەکانی کورددا دەگەڕا و تا ڕادەیەک مسۆگەریشی کردبوون. بەڵگەنامەیەک لە ئەرشیفی بەریتانیدا ئەوە دەردەخات کەوا زۆرێک لە سەرۆکە خێڵەکییەکان و شێخەکان لە ناو ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا بوون (یەغەن، ٢٠١٢: ١٦٣ – ١٦٧).  ئازادی لە هەوڵدانیدا بۆ دابینکردنی پشتگیریی عەشیرەتە کوردەکانی ئەمڕۆی ئێران و عێراق، پێدەچێت سوور بووبێت لە سەر بەرنامەکەی خۆی، کە ئەویش دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو لە سەر خاک و قەڵەمڕەوی عوسمانی و ئێران.

  هەرچەندە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ تێکشکێنرا و کەسایەتیی سەرکردەکانی هەردوک ئازادی و شۆڕشەکە لەسێدارە دران، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی لە فۆرمی بەرگریی چەکدارانەدا بە سەرکردایەتیی ڕێکخراوێکی نهێنی کاری بۆ نموونەی باڵای بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد و بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو. لەو شۆڕشگێڕانەی کە دەرباز بوون، هەندێکیان کشانەوە بۆ ئەو شوێنانەی کوردستان کەوا کەس پێی نەدەگەیشت و هەندێکی تریشیان پەنایان بردە بەر سووریای ژێر ماندێتی فەرەنسا. لەکاتێکدا کە ئەوانەی کشابوونەوە بۆ چیاکانی کوردستان ناوبەناو دەکەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە لەگەڵ هێزەکانی تورکیادا و هەندێک لەوانەش کە پەنایان دابووە بەر سووریا ڕیکخراوی خۆیبوونی نهێنییان دروستکرد (واتە سەربەخۆیی) لە بەیرووت (ئەلەکۆم، ١٩٩٨ بێ). لە پاش ماوەیەک، ئەم دوو گرووپە لە ساڵی ١٩٢٦دا دەستیانکرد بە شەڕ و پێکدادانی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی تورکیا و شۆڕشگێڕانی عەشیرەتە کوردییەکان لە باکووری دەریاچەی وانەوە. بە فەرماندەیی ئیحسان نووری پاشا، کە ئەفسەرێکی سوپای عوسمانیی جاران و ئەندامێکی خۆیبوون بوو، پێکدادانەکانی دەوروپشتی چیای ئاگری بوون بە شۆڕشێک، کە لە دواجاردا ساڵی ١٩٣٠ شکستی خوارد، بە هۆی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکیا و یارمەتیدانی سوپای ئێران و بە پاڵپشتیی بەکارهێنانی قورسی هێزی ئاسمانیی تورکیا (سویفانداغ، ٢٠١٢؛ ئوڵوگانا، ٢٠١٢). شکستی شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٣٠دا کۆتایی بە یەکەم قۆناخی ناسیۆنالیزمی کوردیی هێنا.

  وەک گێڕانەوەی پێشوو ڕوونیدەکاتەوە، کەوا ئامانجەکان و ئامرازەکان و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ ئەم یەکەم قۆناخە هەر هەموویان گۆڕانکارییان بەسەرداهات لە ١٨٩٨وە بۆ ١٩٣٠. لەکاتێکدا کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوانەی ڕۆژنامەی ” کوردستان”یان دەردەکرد و ئەوانەش کەوا “کوردستان تەعاون وە تەرەقی جەمعییەسی KTTC”یان بەڕێوەدەبرد کەوا    کورد و کوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتورییەوە پەرەسەندنی بەخۆوە بینیبوو، هەروەها سیستەمێکی دەستووری و سیاسی لە ئیمپراتۆرییەتدا هەبوو، هەمان ئەو کوردانە دەستیان بە کار کردبوو بە ئامانجی دەستەبەر کردنی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆ لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم. بە هەمان شێوە کوردە نەتەوەییەکانی ئەم یەکەم قۆناخە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆژنامە و کۆمەڵە و ڕێکخراوی یاساییان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان بە درێژایی ئەو دوو دەیەی دوای دەرکردنی ڕۆژنامەی             ” کوردستان” و ئەوجا کەوتنە بەکارهێنانی هۆکار و ئامرازەکانی ڕێکخراوە نهێنییەکان و شۆڕش و یاخیبوونی چەکداری لە ساڵانی ١٩٢٠کاندا. هەروەها لەکاتێکدا کە ناسیۆنالیزمی کوردی دەرکەوت و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەستەمبووڵ و ناوەندی شارە کوردییەکان و دێهاتی کورد و دەرەوە گۆڕان بۆ فەزا و ڕووبەری تایبەت بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم.

  لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتێکدا کە ئامانجەکان و ئامرازەکان و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە گۆڕان، بەڵام بریکارانی ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هەر بە هاوشێوەیی مانەوە لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ – ١٩٣٠دا و کارێکی بەجێیە کە ئەم سێ دەیە بە یەک ماوەی یەکگرتوو دابنرێت لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لە نێو ئەوانەدا کە ئازادی و خۆیبوونیان بەڕێوەبردووە بە درێژایی ساڵانی ١٩٢٠کان، گەلێکیان هاوکارییان کردووە لە ڕۆژنامە و کۆمەڵە کوردییەکاندا لە دوای ساڵانی ١٩٠٨دا. بە واتایەکی تر، ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەم سێ دەیەیە لە لایەن چەند سەد کەسایەتی و خوێندەوارێکی کوردەوە ڕابەرایەتی و پێشەنگی دەکرا، کە زۆربەیان بەشێک بوون لە بیرۆکراسی و ئینتەلێجێنتسیای ئەو سەردەمەی عوسمانی.

1958 – 1980

   کوردەکان بۆ ماوەی سێ دەیە کپ و بێدەنگ بوون لەپاش دوا سەرکوت کردنی شۆڕشی ١٩٣٠یان و ئەمەش وایبردە زەینەوە کە ناسیۆنالیزمی کوردی چیتر نەما و ئەسپەردەی ڕابوردوو کرا. بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠کانەوە، ئەو ناسیۆنالیزمە بۆ جارێکیتر سەری هەڵدایەوە، ئەگەرچی بە گۆڕانکارییەکیش لە هەموو پێکهێنەرەکانیدا. کاتێ کە ناسیۆنالیزمی کوردی سەرلەنوێ لە ١٩٦٠کاندا دەرکەوتەوە، ئەو کاتە بریکارە ڕابەرەکانی و ئەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ دەدان و ئەو گوتارانەی پەنجەی لەگەڵیاندا نەرم کردبوو و ئەو ئامرازانەی بەکاریدەهێنان و ئەو فەزا و ڕووبەرانەی تێیاندا دەرکەوتن هەر هەموو گۆڕابوون.

  ئەو شیکارییەی چاو بە ڕابوردووشدا دەگێڕێتەوە ئەوە دەردەخات  کە ئەوە لێکگرێدانی دوو هۆکاری بنیادی و ڕووداوە لەناکاوەکانە کە وایانکرد ناسیۆنالیزمی کوردی بژێتەوە و توانای گەڕانەوەی هەبێت. هۆکاری بنیادی و بنەڕەتی ئەوە بوو کەوا دەوڵەتی تورکیا لە دووەم چارەکی سەدەی بیستەمدا ئەو توانایە نەبوو کە کوردە تورکی زمانەکان بکاتە هاووڵاتییەکی “لەبار و گونجاو” لە ڕێگەی ئاوێتە کردن و تواندنەوەوە (ئەسیمیلاسیۆن). بەو پێیەی کە کورد زۆر بوون و لە بەشی ڕۆژهەڵاتی تورکیادا چڕبووبوونەوە و هەروەها بەو پێیەش کە ئامرازەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا بەشی تواندنەوەی کۆمەڵگەیەکی غەیرە تورکی نەدەکرد بەم قەبارەیە و ئەمەش ئەو ڕاستییەی دەرخست کەوا زۆربەی زۆری کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیادا بەردەوام بوون لەسەر ئەوەی کە شوناسێکی جیایان هەبێت سەرباری ئەو قەدەغە دوور و درێژەی کە خرابووە سەر زمان و ناسنامەی کورد. بە واتایەکی تر، ئەو ڕاستییەی کە وایکرد لە شوناسی کوردی بمێنێتەوە سەرباری چەندین دەیەی دوور و درێژی بەتورک کردن و داماڵین لە کوردبوون و ئەمەش زەمینەیەکی لەباری دروست کرد بۆ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و بوو بە سترۆکتووری بنەڕەتیی فاکتەری گەڕانەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە. فاکتەری دووەمیش ئەوەیە کە یادەوەریی ئەوەی کە کوردە نەتەوەییەکان لەپێش ساڵانی ١٩٣٠کاندا کردیان هێشتا هەر زیندوو بوو. چونکە شۆڕشەکانی کوردی ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٣٠ و بەدوایاندا ئەو دڕندایەتییەی دەوڵەت دەرهەق بە کورد کردی هەموو بۆ نەوەی نوێ دەگوێزرانەوە و بە شێوەی زارەکی بەزۆری و یادەوەریی نەتەوەیی بەردەوام لەگەڵیاندا بوو. فاکتەری سێهەم لە هەمان سیاقدا دەستکردن بە سیستەمێکی دیموکراتیی فرەحیزبی و بە شارستانی بوونی خێرای تورکیا لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا. لاوازبوونی ستەم و دڵڕەقیی دەوڵەت لە شار و دێهاتی کورد لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا و بە لێشاو کۆچکردنی خەڵک بۆ شارەکان ژینگەیەکی زیاتر لیبراڵ و کۆمەڵایەتی و سیاسیی دروستکرد بۆ پەیوەندی و تێکەڵبوونی کوردەکان. ئەمەش هەمان ئەو ژینگەیەیە کە دەرفەتی بۆ گەنجی کورد ڕەخساند زیاتر دەستی ڕابگات بە خوێندنی زانکۆیی لە ناوەندی شارەکاندا و لەوێ تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوولاتییە کوردەکانیان زیادی کرد و بەرکەوتەیان پەیدا کرد لەگەڵ بیر و ئایدیا نوێکانی وەک دیموکراسی و سۆشیالیزم. هەڵبەت ئەم فاکتەرە بونیادییانە ڕووداوی تریشی دەچنە پاڵ، وەک شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق و دەرکردنی دەستووری ساڵی ١٩٦١ لە تورکیا. مەسەلەکەش گەیشتە ترۆپک بە داننان بە کوردی عێراقدا وەک یەکێک لە دوو گەلەکەی ئەو وڵاتە و بەمەش خولیا و ئاواتە نەتەوەییەکانی پێشوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا نوێبووەوە. بێگومان ئەمەش ژینگەیەکی لیبراڵی هێنایە ئاراوە کە تێیدا ئایدیای چەپڕەوی برەوی سەند و فەرهەنگێکی نوێی دا بە کوردەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییەکانیان. ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو ئەو هۆکار و ڕووداوانە بوو کە وایکرد ئەگەری سەرهەڵدانەوە و گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەهێز بێت و لە هەمان کاتیشدا نوێبوونەوەیەکی دروستکرد لە بریکار و ئامانج و فەرهەنگ و ئامراز و فەزا و ڕووبەرەکانیدا.

  دوو یاداشت (عەنتەر، ١٩٩٠؛ ئیکینجی، ٢٠١٠؛ کوتلەی، ١٩٩٨؛ میرئۆغڵوو، ٢٠٠٥) ئاماژە بە ڕەگ و ڕیشە بەراییەکانی سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن کە لەم دووەم قۆناخەدا ڕەنگە لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و هزری و ڕۆشنبیرییەکانی گرووپێکی خوێندکارانی زانکۆیی کورددا خۆی بدۆزێتەوە لە ئەستەمبووڵ و ئەنقەرەدا (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣). بەهەرحاڵ، لەپاش بەینێک، ڕابەر و پێشەنگانی ئەم نەوە نوێیەی ناسیۆنالیزمی کوردی بە پێگە و هەڵوێستێکی سیاسی خۆیان ئاشکرا کرد. لە ١٤ی نیسانی ١٩٥٩دا، ١٠٢ خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئەستەمبووڵ، بە برووسکەیەکەک ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە عاسم ئێرەنی نوێنەری پارتی گەلی کۆماری، لەسۆنگەی وتاردانێکیەوە لە پەرلەماندا لەبارەی کوشتاری تورکمانەکانی عێراقەوە و داوای ئەوەی کردووە کە لە بەرانبەر ئەوەدا تۆڵە لە کوردەکانی تورکیا بکرێتەوە (چاملیبێڵ، ٢٠٠٧: ١٦). لە ڕووداوێکی تری هەمان ساڵدا، مووسا عەنتەر چامە شیعرێکی بڵاو کردەوە بە ناوی کیمیل لە ڕۆژنامەی ” ئیلەری یورتدا”، کە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی بوو و لە دیاربەکر دەردەچوو. پاشان مووسا عەنتەر و عەبدولڕەحمان ئێفەم دۆڵاک، کە خاوەنی ڕۆژنامەکە بوو، هەردوکیان لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٥٠دا خرانە زیندانەوە بە هۆی ئەو “سکانداڵەوە” کە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ڕۆژنامەگەریدا ورووژاندی. لەدوای ئەمە لە دیسەمبەری ١٩٥٩دا پەنجا کوردی تر لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا گیران. کوودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٦٠یش شەپۆلێکی گەورەتری گرتن و ڕاوەدوونانی بەدوادا هات بۆ بەربەست دانان لە ڕێی گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کە ٤٨٥ کوردی پاشخان تەواو جیاواز لە یەکەم ڕۆژەکانی کوودەتاکەدا لە کەمپێکی سەربازیدا بەند کران (چیچەک، ٢٠١٠).

بەڵام ئەم زنجیرە یەک لە دوای یەکەی بەندکردن بەری بە گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی نەگرت، کە بەتایبەتی لەم قۆناخەدا لە چالاکییە کولتووری و هزرییەکانی نەوەیەکی نوێی دەستەبژێری کورددا بەرجەستە بووبوو، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە قوتابیانی زانکۆ و خەڵکی پرۆفێشناڵ پێکهاتبوون. بەپێچەوانەوە، ئەو هەڵبژاردنەی کە لە ساڵی ١٩٦١دا کرا ئەوەی سەلماند کە ئەم نەوە نوێیەی دەستەبژێری کورد و داواکارییەکانی لەلایەن جەماوەری کوردەوە ئامێزی بۆ کرایەوە.  پاش ئەوەی تاکەکانی نەوەی گەنجانی کاریگەری کورد چوونە ناو پارتی تورکیای نوێوە                                                                                                                      Türkiye Partisi, YTP) Yeni) ، ئەم پارتە  ١.٣٨ لە سەدی دەنگەکانی بردەوە لەو ویلایەتانەی چڕیی دانیشتووانی کوردیان تێدایە (یوکسەڵ، ٢٠٠٧). ئەم پشتگیرییە گەورەیەی YTP ئەوەی دەرخست کەوا فۆرمێک لە ناسیۆنالیزم لەگەڵ هەست کردنێک بە شوناسی خود لە ناو کورددا گەشەی کردووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بەڵگە و ئاماژەی ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر دەرکەوتن. لە ساڵی ١٩٦٥دا، گرووپێک خەڵکی پرۆفێشناڵی نیشتەجیی شارە کوردییەکان حیزبێکی نهێنییان دامەزراند بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا Türkiye Kürdistan Demokrat Partisi (TKDP) و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کەوا کورد گەلێکە و شایستەی مافە کولتووری و سیاسییەکانێتی لە تورکیادا (ئێپۆزدەمير، 2005).

  گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠کان و سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کاندا لەو فۆرم و ڕووداوانەدا کە لە سەرەوە باس کران ئەوە دەردەخات کە ڕەگەز و ئامانج و فەرهەنگ و ئامراز و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی هەموو گۆڕاون. بە چاوگێڕانێک بە پرۆفایلی ئەو کەسانەی کە تێکەڵی ئەو ڕووداوانە بوون کە لەسەرەوە باسمان کردن بەڵگە و ئاماژەی ئەوەمان دەداتێ کەوا نەوەیەکی نوێی دەستەبژێری کورد بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێوە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیی ناسیۆنالیزمی کورد دەکات لەم قۆناخە نوێیەدا٤. ئەوانەی کە ڕابەرایەتیی ساڵانی بەرایی قۆناخی دووەمی ناسیۆنالیزمی کوردییان دەکرد بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی پرۆفێشناڵی ناوەڕاستی تەمەن بوون لەگەڵ پاشخانێکی دەستەبژێری نەریتی و قوتابیانی کوردی زانکۆدا. لە لایەکی تریشەوە، ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەم قۆناخە، بێجگە لە ئەندامانی TDKP، تەواو سادە بوون لە ڕووی ئامانجیانەوە. لەکاتێکدا ئەوەی کە ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەم ساڵانە کردوویانە سنوورداری ئەو چالاکییانەن کە جەختیان لە ناسنامەی کورد کردووەتەوە و گەلێکیشیان ئەجێندایەکی دیاریکراویان نەبووە لەوە بەولاوە کە داوای جێبەجێ کردنی یەکسانیی هاووڵاتیبوونیان کردووە بۆ کورد. سەبارەت  بە ئامرازە بەکارهاتووەکان، ناسیۆنالیزمی کوردی لە کەرەستە و ئامرازەکانی ناتوندوتیژدا بەرجەستە بووە چەشنی ڕۆژنامەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان و پارتە سیاسییەکان. دواجار، ناسیۆنالیزمی کوردی جارێکیتر لە شارە کوردی یان تورکییە سەرەکییەکاندا دەرکەوتەوە وەک دیاربەکر و ئەنقەرە ئەستەمبووڵ.

  بەهەرحاڵ، زۆربەی ئەو کوردانەی کە داواکاریی نەتەوەییان هەبوو هەر زوو بە شێوەیەکی سەرەکی بوون بە سۆشیالیست و داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد کەوتنە ئەوەی لە ڕوانگە و فەرهەنگی چەپڕەوییەوە دەربکەون. لەواقیعدا، لە ناوەڕاستی ١٩٦٠کانەوە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوو بە بەشێکی بنەڕەتی لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی پەرەسەندوو لە تورکیادا. ئاوێتەبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەگەڵ بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە تورکیادا وەرچەرخانێکی گەورە و بەرچاوی بەرپا کرد نەک تەنها لە زمانی ناسیۆنالیزمی کوردی و شوناسی سیاسیی نەتەوەییەکانی کورددا، بەڵکوو لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەوانەشدا کە سەرکردایەتیی خەبات و تێکۆشانیان لەئەستۆ گرتبوو لەپێناو داواکارییە نەتەوەییەکانی کورددا. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠کاندا، قوتابییە کوردەکانی زانکۆ و نەوەی گەنجی کوردە پرۆفێشناڵەکانی وەک پارێزەر و دکتۆر سەرکردایەتیی خەباتیان دەکرد لەپێناوی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورددا و  لە دوادوایی ساڵانی ١٩٥٠کان و سەرەتای ١٩٦٠کاندا، کەسانی پرۆفێشناڵی تەمەن ناوەنجی بە باکگراوندێکی دەستەبژێری نەریتییەوە ناکارا بوون.

يۆن (واتە ئاڕاستە – و)، کە گۆڤارێکی کاریگەری چەپەکان بوو لەو سەردەمەدا، یەکەم پێگە بوو کە کوردە سۆشیالیستەکانی داواکاریی نەتەوەییان هەبوو و لێیەوە دەنگیان دەبیسترا. بۆ نموونە، سەعید قرمزیتۆپراک (١٩٦٣)، لە گۆڤاری یۆندا سەرکۆنەی سیاسەتەکانی تواندنەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئازادی زمانی کوردی دەکرد. هەر لەو سەروبەندەدا، پارتی کرێکارانی تورکیا       Türkiye I¸sçi Partisi (TIP)، کە ساڵی ١٩٦١ دامەزراوە، مەسەلەی جیاکاریی ئیتنیکی و دواکەوتوویی و گەشە نەکردنی لە ڕۆژهەڵاتی تورکیادا خستە پێشەوەی بەرنامە سیاسییەکەی. ئەمەش کوردی زیاتر ڕاکێشا بەرەو ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیستی، بە ئاستێک کە تا ناوەڕاستی ١٩٦٠کان، ژمارەیەکی هێجگار زۆری کورد گوزارش لە داواکارییە ئابووری و کولتوورییەکانیان دەکەن لە دووتوێی گوتاری    چەپەوە و لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی تورکیادا. تێهەڵکێش بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ سۆشیالیزم و بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە تورکیادا ڕوون و ئاشکرایە و بە شێوەیەکی تایبەتی لە هەڵبژاردنی ساڵی  ١٩٦٥ و کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٩٦٧ی ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوت. ئەو پشتگیرییەی کە لە پارتی کرێکارانی تورکیا کرا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٦٥دا لە شارە کوردنشینەکانی وەک دیاربەکر و تونجەلی و ئاغری زیاتر بوو لە دوو هێندەی تێکڕا پشکی ئەم حیزبە. گرنگی پێدانی ڕوو لە زیادی کوردەکان بە بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە تورکیادا جارێکیتر سەلمێنرایەوە لەو خۆپێشاندانە جەماوەرییانەدا کە لە لایەن پارتی کرێکارانی تورکیاوە ڕێکخرابوو لە شەش شاری کورد لە ساڵی ١٩٦٧دا و جەماوەرێکی زۆری کورد ئامادەی بوون و بەو دروشمانە هاواریان دەکرد کە سەرکۆنەی تواندنەوەی کولتووری و دواکەوتنی ئابوورییان دەکرد. کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەی سەلماند کەوا زۆرێک لە کوردەکان دڵبەند و کەمەندکێشی ئەو گوتارە سۆشیالیستییە بوون کە بەدەم داواکارییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردەوە دەچوو (بێشکچی، ١٩٩٢؛ گویندۆغان، ٢٠١١).

  هەردوو مەسەلەی یۆن و پارتی کرێکارانی تورکیا ئاماژە بۆ چەند ڕاستییەکی گرنگ دەکات پەیوەست بە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا. یەکەم، داواکارییەکانی ناسیۆنالیستی کورد لەم دەیەیەدا زۆر سادە و ساکار بووە چەشنی دانپیانان بە شوناسی کورد و چاککردنی باری کۆمەڵایەتی – ئابووری لە ڕۆژهەڵات. دووەم، ئەم داواکارییانە لە ڕێگەی فەرهەنگێکی چەپەوە گوزارشی لێوە دەکرا. سێهەم، کورد بەم داواکارییە سادە و هاکەزاییەوە بەکۆمەڵ تێهەڵکێشی بزووتنەوەی سۆشیالیستیی تورکی بووە. چوارەم، کورد داواکارییە نەتەوەییەکانیان لە ڕێگەی هۆکارە یاسایی و ناتوندوتیژەکانەوە دەربڕیوە وەک ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆبوونەوەی جەماوەری و حیزبە سیاسییەکانەوە.

  بەهەرحاڵ، تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠کان، بێجگە لە دووەم، هەر چوار خاسییەتەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک خۆیان مابوونەوە. لەکاتێکدا کە داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد هێشتا هەر بە فەرهەنگێکی چەپڕەوانە گوزارشی لێوە دەکرا بەڵام هێشتا هەر لە چوارچێوەی دانپیاناندا بوون بە شوناسی کوردی. لە پاڵ ئەوەشدا، سۆشیالیستە کوردەکان کەوا ئێستا بوون بە خاوەنی مەسەلە نەتەوەییەکە بەو لایەدا دەیانشکاندەوە کە لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی تورکی دابماڵێن و ڕێکخراوی خۆیان هەبێت. دواجار، لەکاتێکدا کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی لەو کاتەدا هێشتا هەر  کەرەستە و ئامرازە    یاسایی و ناتوندوتیژەکانی بەکاردەهێنا، بەڵام کاری نایاسایی و توندوتیژی بووبوونە بەشێک لە کەرەستەی یەدەکی.

  بە کاریگەریی لینینیزم لە لایەک و بە هەڵکشانی خەبات و تێکۆشانی بەرهەڵستی کردنی جیهانیی دژە کۆڵۆنیاڵی و دژە ئیمپریالیستی لە لایەکی ترەوە، بەشێکی زۆری سۆشیالیستەکانی تورک و کورد لەناکاو بوون بە کەسانی ڕادیکاڵ و هەوڵی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵانەیان دەدا لە تورکیادا. هەر زووش نەوەی گەنجی سۆشیالیستەکانی تورکیا ڕیزەکانی پارتی کاری تورکییان TIP بەجێهێشت و ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان و ڕێکخراوی نایاساییان دامەزراند بە ئامانجی جێبەجێ کردنی شۆڕشێکی نیشتمانی – دیموکراتی لە تورکیادا. بە هەمان شێوە کوردە سۆشیالیستەکانیش، کە بە “ڕۆژهەڵاتییەکان” دەناسران، کەوتنە دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان، چەشنی ڕێکخراوی Devrimci Do˘gu Kültür Ocaklar – DDKO (واتە ئاگردانە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات). کوردە سۆشیالیستەکانی ئەو کاتە، وابەستە بەو ئایدیاوە کە کوردستان کۆڵۆنییە، هیچ کاتێ قایل نەبوون بە داواکارییەکانی کورد سەبارەت بەوەی کە نابێت تواندنەوە (ئاسمیلە) و سەرکوت کردن هەبێت، بەڵکوو لەگەڵ بەڵێنەکانی پارتی کرێکارانی تورکیادا TIP بوون بۆ دابینکردنی هاووڵاتی بوونی یەکسان بۆ کورد.

  بەهەرحاڵ، دەستێوەردانی سەربازیی ساڵی ١٩٧١ هەر زوو هەردوک سۆشیالیستەکانی تورک و کوردی ڕاماڵی و وا ئێستا هەردوو لایان بە گەرموگوڕترەوە گەڕاونەتەوە بۆ سیاسەتی تورکیای ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠کان، ئەگەرچی بە ڕێکخراوی کەرت و پەرت و دابەشبووشەوە. جیاوازی و ناکۆکی لەسەر مەسەلەی ئاخۆ کوردستان کۆڵۆنیی تورکیا بووە، دوا کەرتبوونی لێکەوتەوە لە نێوان بزووتنەوە سۆشیالیستەکانی تورک و کورددا (یەغەن، ٢٠١٦ ئە). لەکۆتاییدا و بە باوەڕی سەردەمی ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠کان ناسیۆنالیزمی کوردی فۆرمی شەڕکردنی لەئەستۆ گرت لە شۆڕشێکی دژە کۆڵۆنیاڵیدا و ئەمەش لەو ڕێکخراوە کوردییە سۆشیالیستییانەدا بەرجەستە بوو کە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە شارە کوردییەکاندا داکوتابوو. هەر زووش ڕێکخراوە سۆشیالیستییەکانی کوردی سەر بە یەکێتیی سۆڤیێت و چین و نێوان هەردوو لا، چ بە یاسایی و چ بە نهێنی بوون بە بکەر و ئەکتەری گرنگ و بەرچاو لە ژیانی گشتی و سیاسیی گەلێ لە شارە کوردنشینەکاندا. لە نێو ئەم حیزب و ڕێکخراوانەدا سەرەکییەکانیان ئەمانە بوون: پارتییا سۆشیالیستا کوردستان PSK) )،  دێڤریمچی دۆغو کوردلەر دێرنێکلەری DDKD -Devrimci Dogu Kültür Dernekleri (واتە کولتووری شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات)، ڕزگاری و کاوە. ئەمانە هەموو هەوڵ و تێكۆشانێکیان بە ئاڕاستەی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو، بێجگە لە PSK کە هەوڵی فیدراڵیزمی دەدا. ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەگیان لە ناو قوتابیان و مامۆستایان کەسانی پرۆفێشناڵدا داکوتابوو وەک پارێزەر و ئەندازیار و دکتۆر. ئەم ڕێکخراوانە خێرا پشتگیرییەکی جەماوەرییان دەستەبەر کرد لە لایەن جووتیارانی هەژارەوە لە گوندەکاندا و هەروەها لە لایەن بۆرجوازییەتی بچووکی شارەکانیشەوە.

  لەکاتێکدا کە ڕێکخراوەکانی ئەو سەردەمە کە بەگشتی کەرتێکی یاسایی و نهێنییان هەبوو و لەکاتێکدا کە بەتەواوی بێچەکیش نەبوون، بەڵام لە پرەنسیپدا خەباتی ئاشتییانە و بێچەکیان بە لاوە پەسەندتر بوو. نزیکەی هەموو ئەم ڕێکخراوانە ئامرازەکانی وەک خۆپێشاندانی جەماوەری، کۆبوونەوە، گۆڤار و ڕۆژنامە، لافیتە و نامیلکەیان بەکاردەهێنا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان (گوینەش، ٢٠١٢: ٦٥ – ٨٠). لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا کاتێکی زۆر تێنەپەڕیبوو بەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا کە خۆی لە بەرەوڕووی مەسەلەیەکی تەواو نوێ و ئەکتەرێکی نوێ بوونەوە و ئەویش کێشەی خەباتی چەکداری و پەکەکە بوو (ئوێزجان، ٢٠٠٦: ١٠١ – ١٠٢). پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەک ڕێکخراوێک کە درک پێکردن و بەکارهێنانی خەباتی چەکدرایی بە ئامرازێکی سەرەکیی تێکۆشانی سیاسی دەزانی لەپڕ خۆی کرد بە ناو سیاسەتی کوردیدا. ئەوجا هەر زوو لەپاش بەکارهێنانی توندوتیژییەکی سەرومڕ لەدژی ئەندامانی ڕێکخراوە سۆشیالیستییە ڕکابەرەکان و خاوەن مڵکە زەویدارەکانی هاوپەیمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیدا، پەکەکە جەنگاوەرێکی زۆری هێنایە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە جووتیارە بێ زەوییەکان و ئەو خوێندکارە کوردانەی پاشخانێکی هەژارییان هەبوو و بەم ڕەنگە بوو بە ڕێکخراوێکی پێشەنگ لە زۆرێکی شار و شارۆچکە کوردییەکاندا (یەغەن، ٢٠١٦ بێ).  

  بەهەرحاڵ، کوودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، بەبێ زەحمەتییەکی ئەوتۆ، هەموو ڕێکخراوە سۆشیالیستییە کوردییە یاسایی و نایاساییەکانی ڕاماڵی، بە پەکەکەشەوە. پاش چەند ساڵێکی کەم لە کوودەتاکە، هەزاران کەس لە سۆشیالیستە کوردەکان و هەوادارانیان خرابوونە زیندانەوە و هەزارانی تریش لە وڵات هەڵاتبوون و سەرکوت کردنێکی سیاسیی بێ ئامانیش لە سەرانسەری کوردستاندا جێبەجێ کرا. لێرەوە ئیتر دووەم قۆناخی ناسیۆنالیزمی کوردی کۆتایی پێهات.

  دێڕەکانی پێشەوە لەسەر ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٨٠دا ئیشارەت بە سێ ڕاستی دەکەن سەبارەت بە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی. یەکەم، کاتێ ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠کاندا جارێکیتر دەرکەوتەوە، ئەوە رەگەز و بریکارەکانی، ئامانجەکانی، فەرهەنگی، ئامرازەکانی و  فەزا و ڕووبەری هەر هەموو جیاواز بوون لەوانی قۆناخی یەکەمی ناسیۆنالیزمی کوردی. دووەم، رەگەز و بریکارەکان، ئامانجەکان، فەرهەنگ، ئامرازەکان و  فەزا و ڕووبەری ناسیۆنالیزمی کوردی تووشی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ماوەی ئەم قۆناخی دووەمەدا. سێهەم، زۆربەی ئامرازەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم قۆناخەدا وەک خۆیان مانەوە.

  با بگەڕێینەوە بۆ پێشەوە، ڕوون و ئاشکرا دیارە کەوا کاتێ ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆتایی ١٩٥٠کاندا دەرکەوتەوە، ئەوە خانەدان و ڕۆشنبیرانی یەکەم چواریەکی سەدەی بیستەم لە لایەن کەسانی پرۆفێشناڵی تەمەن ناوەڕاستەوە جێگەیان گیرایەوە، ئەوانەی کە پاشخانێکی دەستەبژێری نەریتییان هەبوو لەگەڵ قوتابیانی کوردی زانکۆدا و ئامانج بنیاتنانی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆ بوو، هەروەها بە ئامانجی پاراستنی شوناسی کورد و فەرهەنگی ڕیفۆرمیزم و دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکساندا و ئامرازی شۆڕش بە ناڕەزایی دەربڕینی یاسایی و فەزا و ڕووبەری دێهات لەگەڵ چەند ناوەندێکی کەمی شارەکانی وەک ئەستەمبووڵ و ئەنقەرە و دیاربەکر. بەهەرحاڵ، ڕەگەز و بریکار و ئامانج و فەرهەنگ و فەزا و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی هەندێک گۆڕانکاریی جۆراوجۆر و گرنگی بەسەردا هاتبوو لە ماوەی قۆناخی دووەمدا. ئەگەر لە سەرەتاوە دەست پێبکەین، کەسانی پرۆفێشناڵ بە پاشخانێکی نەریتیی دەستەبژێرەوە، کە دواتر کەسانی هەژار و ڕووت و ڕەجاڵی کورد لە شارە کوردییەکان و دێهات چوونە پاڵیان٥.

  بە هەمان شێوە، ئامانجی پاراستنی شوناسی کوردی گۆڕان بە ئامانجی دامەزراندنی کوردستان و کوردێکی دیموکرات و سۆشیالیست. بەو ڕەنگە، ئەوانی خەباتی چینایەتی، دژە کۆڵۆنیالیزم و مافی دیاری کردنی چارەنووسی  گەلان گۆڕان بە فەرهەنگی دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان. دواجار، لەکاتێکدا کە شارە گەورەکانی تورکیا وەک ئەستەمبووڵ و ئەنقەرە بەردەوام بوون لە جێکردنەوەی کوردە نەتەوەییەکان، ئەوە ناوەندی شارە کوردییەکان بوون بە شوێن و ڕێی لەباری ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا. لەولاشەوە، لە کاتی گونجاودا، ناسیۆنالیزمی کوردی بەزۆری بەو لایەدا    مایەوە و  شکاندیەوە کە ئامرازە ناتوندوتیژەکان بەکاربێنێت بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجەکانی. هەرچەندە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەو کاتەدا بە تەواوی لە چەکداری دانەماڵرابوو، بەڵام تێکۆشانی چەکداریی بەکارنەدەهێنا وەک ئامرازێکی سەرەکیی خۆی. لەکاتێکدا کەوا کوردە نەتەوەییەکان لەو کاتەدا بە هیچ شێوەیەک بانگەشەکاری ئاشتی نەبوون، بەڵکوو خەباتی چەکداری کە ئامرازی سەرەکیی قۆناخی سێهەمی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو، تەنها لە ئاسۆی قۆناخی دووەمی ئەو ناسیۆنالیزمەدا بوو کاتێ کە کوودەتای ساڵی ١٩٨٠ کۆتایی پێهێنا.

1984 – 1999

  لە ناو ڕێکخراوە سۆشیالیستییەکانی کورددا لە نێوەی دووەمی ساڵانی ١٩٧٠کاندا، تەنها پەکەکە توانی بەشێک لە جەنگاوەرەکانی بپارێزێت لە دڕندەیی کوودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠. لەکاتێکدا کادرانی سەرکردە و جەنگاوەرانی ڕێکخراوە کوردییە سۆشیالیستییەکانی تر، پەکەکەی لێ بترازێ، یان ئەوەیە پەنایان بردە بەر ئەوروپا یان کۆڵیاندا و وازیانهێنا لە خەبات کردن، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان و ژمارەیەکی کەمی جەنگاوەران چەند مانگێک لە پێش کوودەتاکەدا لە تورکیا هەڵاتن و پەناگەیەکی ئارامیان بۆ پەکەکە دابینکرد لە دۆڵی بیقاعی ژێر کۆنترۆڵی سووریادا بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی ڕێکخراوەکە. ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە سووریا و لوبنان کۆبووبوونەوە و ساڵی ١٩٨٢ کۆنگرەیەکی حیزبەکەیان بەست لە کەمپێکی فەلەستینییەکاندا لە سووریا و بڕیاریاندا شەڕی گەریلایی دەستپێبکەن لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا.

  کاردانەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ شەڕی گەریلایی پەکەکە پەیڕەوی کردنی ئەوپەڕی توندڕەوی بوو لە داپڵۆسین و سەرکوت کردنی هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی لە دێهاتی کورددا. بەڵام ئەم هەوڵ و پەلەقاژەیە بۆ لەناوبردنی پەکەکە سەری کێشایەوە بۆ پەرەسەندنی پاڵپشتی کردنی. بە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠کان، پەکەکە لە چیاکاندا ڕەگی خۆی    داکوتابوو و بووبوو بە ڕێکخراوێکی گەریلایی بە دەیان هەزار جەنگاوەرەوە. ڕەگ داکوتانی پەکەکە و گەشەکردنی لەناکاوی ئاماژە و بەڵگە بوون بۆ ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی جارێكیتر گەڕاوەتەوە، ئەگەرچی بە نوێبوونەوەیەکی ترەوە بوو لە زۆرێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانیدا.

  دەبێ بگوترێ کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی وا ئێستا بە فۆرمی خەباتی چەکداری گەڕاوەتەوە. بەهەرحاڵ، نەک هەر تەنها کەرەستە و ئامرازەکان، بەڵکو   ڕووبەر و بریکارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیشی لەگەڵدا گۆڕابوو. پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە ناوەڕاستی ١٩٧٠کاندا لە پایتەختی تورکیا لەدایکبووە و لە نیوەی دووەمی ١٩٧٠کاندا ڕەگی خۆی لە شارە کوردییەکاندا داکوتابوو، وەرچەرخا بۆ ڕێکخراوێکی سەربازیی بنکە چیایی لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا. ئەگەر بە واتایەکی تر بیڵێین، لەکاتێکدا کە ناسیۆنالیزمی کوردیی کۆتایی ١٩٧٠کان بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارە کوردییەکاندا خۆی چەسپاندبوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ بەملاوە شاخەکانی کوردستانی تورکیا و عێراق بوون بە فەزا و ڕووبەری نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی. بە هەمان شێوە، ڕەگەز و بریکارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردییش گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەکاتێکدا کە کوردە سۆشیالیستە نموونەییەکانی کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠کان (کە خاوەنی مەسەلەیەکی نەتەوەییش بوون) هەر قوتابیانی نێرینەی زانکۆکان بوون، کەچی لە ساڵی ١٩٨٩وە ئەوانەی لە ڕیزەکانی پەکەکەدا دەجەنگان بە شێوەیەکی سەرەکی گەنجی کوردی نێر و مێی گوندەکان بوون کە ستەم و سەرکوت کردنی ڕژێمی سەربازییان لەسەر بوو. دوا گۆڕانکاری لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم ساڵانەدا ئەوە بوو کە پەکەکە بە تاقە ڕێکخراوی کوردی مایەوە لە مەیداندا و وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هاتنی دیفاکتۆی   کەرت و پەرت بوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد٦. لەگەڵ ئەوەشدا و سەرباری ئەوەی ئامرازەکان و بریکارەکان و فەزا و ڕووبەری ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوەڕاستی ١٩٧٠کانەوە تا کۆتایی ١٩٨٠کان گۆڕابوو، بەڵام ئامانج و فەرهەنگی نەگۆرابوو. ناسیۆنالیزمی کوردیی قۆناخی سێهەم وا ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی لە پەکەکەدا بەرجەستە دەبێت، کە هێشتا خەبات دەکات لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا و تا ئێستاش موفرەداتێکی (ڤۆکابولەری) هەمەچیزەی خوازراو بەکاردێنێت لە گوتارەکانی سۆشیالیزم و ئەنتی – کۆڵۆنیالیزم.

  دەوڵەتی تورک کەرەستە و ئامرازی نوێی بەکارهێنا بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ بەرفراوان بوونی خەباتی چەکداریی پەکەکە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کانەوە. لە دەسپێکی ساڵی ١٩٨٩وە دەوڵەتی تورکیا کەوتە چۆڵ کردن یان سووتاندنی ئەو گوندانەیە کە باوەڕی وابوو پاڵپشتیی لۆجستیک بۆ پەکەکە دابین دەکەن و ستەمی لە کوردە مەدەنییەکانی دانیشتووی شارەکان دەکرد کەوا گومانی ئەوەی لێیان هەبوو کە سەر بە پەکەکەن یان هاوسۆزن لەگەڵیدا. سەرباری ئەم ستەم و داپڵۆسینەش، پەکەکە توانی لەو ژمارە جەنگاوەرانە زیاتر بێنێتە ڕیزەکانیەوە کە لەو ساڵانەدا دەکوژران یان بە دیل دەگیران. بێجگە لەوەش، پەکەکە توانی پەل بکوتێ بۆ ناو شارەکانیش و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کاندا پەکەکە توانی جەماوەری کورد لە شارۆچکەکانی کوردستاندا بجووڵێنێت و ڕاپەڕینی ناو شار بەرپا بکات کە بە “سەرهەڵدان” دەناسرا و ئەمەش بەڵگە بوو کەوا پەکەکە گەمەکەرێکی گەورەیە نەک هەر لە ڕووی سەربازییەوە بەڵکوو لە هەل و مەرجی سیاسیشدا و نەک هەر تەنها لە دێهاتدا بەڵکوو لە فەزای شارەکانیشدا.

  پەکەکە کەوتە بەکارهێنانی هەندێک ئامرازی نوێ بۆ کاروباری جەنگیی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت ڕابەرایەتیی جەماوەر بکات کە لە سەرەتای ١٩٩٠کانەوە کاریان لەگەڵ دەکات. یەکەم، سیاسییە پرۆفێشناڵەکان و ئەو خەڵکە مەدەنییەی پەکەکە بۆ لای خۆی ڕایکێشابوون کۆنترۆڵی پارتی کاری خەڵکیان کردبوو (Halkın Emek Partisi, (HEP، کەوا ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن گرووپێک   سیاسی و ڕۆشنبیری چەپڕەوەوە دامەزرابوو. دووەم، ئەو کوردە مەدەنیانەی پەکەکە لە تورکیا و ئەوروپا ڕایکێشابوون بۆ ڕیزەکانی خۆی چەندین کۆمەڵەی یاساییان دروستکردبوو کەوا کاریان بۆ بڵاوکردنەوەی مەسەلە نەتەوەییەکانی کورد دەکرد. سێهەم، ئەو کوردانەی کە ئەندام بوون لە پەکەکەدا یان لێیەوە نزیکبوون، ڕۆژنامەی ڕۆژانە و هەفتانەیان دەردەکرد لە هەردوک تورکیا و ئەوروپا و مێد تیڤییان دامەزراندبوو، کە تەلەفزیۆنێکی فەزایی بوو و لە ڕێگەی سەتەلایت یان مانگە دەستکردەکانی ئەوروپییەوە بەرنامەکانی خۆی پەخش دەکرد. ئیزافە کردنی ئەم ئامرازە نوێیانە بۆ کەرەستەکەی پەکەکە وای لێکرد ببێتە کۆمەڵگەیەکی زەبەلاحی سیاسی کە چەندین حیزبی سیاسیی یاسایی و ڕێکخراوی ناحکوومی و ماس- میدیا لەخۆ بگرێت. هەروەها بە هۆی نموونەی باڵای پەکەکەوە خولیا و ئاواتە نەتەوەییەکانی ڕەگی خۆیان داکوتا لە ناو کوردەکاندا لە تورکیا و کوردستان و ئەوروپادا بە هۆی ئەم نوێکردنەوەی کەرەستە و زەخیرەی پەکەکەوە. بەو پێیە، لە سەرەتای ١٩٩٠کاندا، پەکەکە بوو بە “کۆمەلگە حیزبێکی” نیمچە کراوەی زەبەلاح (ئەککایا و جۆنگەردەن، ٢٠١١)، کە بووبووە جێمتمانەی جەماوەری کورد لە کوردستان و تورکیا و ئەوروپا. بەکورتی، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کاندا، ئەو کەرەستانەی خرابووە ژێر دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد جارێکی تر گۆڕانکارییان بەسەردا هات. خەباتی چەکداری لە ئێستادا بووە بە هاوەڵی ئەم جۆرە کەرەستانە چەشنی حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ماس – میدیا.

  گەشەکردنی لەناکاوی پاڵپشتیی جەماوەر بۆ پەکەکە گۆڕانکارییەکی لێ کەوتەوە بۆ ڕەگەز و بریکارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵانی ١٩٩٠کانیشدا. لەکاتێکدا کە ئەو کوردانەی چوونە ڕیزەکانی پەکەکەوە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا بە شێوەیەکی سەرەکی گەنجە کوردەکانی دێهات بوون کە خوێندەوارییەکی کەمیان هەبوو، گەلێ کوردی قوتابیی زانکۆ لە شارەکانی کوردستان و تورکیا و ئەوروپاوە لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا چوونە ڕیزەکانی پەکەکەوە (وێسترهایم، ٢٠١٠: ٥٩). لە هەمان کاتدا، کۆمەڵە یاساییەکان و پارتە سیاسییەکان و ماس – میدیای ژێر چاودێریی پەکەکە هەر هەموو بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەلایەن کوردی شارستانییەوە بەڕێوەدەبران کە پاشخانێکی چینی ناوەڕاستیان هەبوو. بەکورتی، لەکاتێکدا کە هەژار و بێ دەرامەتەکانی کوردستان و جووتیارە ڕاگوێزراوەکانی ساڵانی ١٩٩٠کان بەتایبەتی بەردوام بوون لە سەر ئەوەی کە بەوزەترین هاندەر و بزوێنەری ناسیۆنالیزمی کوردی بن، وا ئێستا دەستە و تاقمی چینی دەوڵەمەند و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەی کوردی هاتووەتە پاڵیان.

ساڵانی ١٩٩٠کان گۆڕانکارییەکی لەگەڵ خۆی هێناوە لە فەزا و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیشدا. لە ناوەڕاستی ١٩٩٠کاندا، ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕووبەری جۆراوجۆردا ڕەگی داکوتابوو. لەکاتێکدا کە شاخەکانی کوردستان بەردەوام پێگەی تایبەت و بەئیمتیازی ناسیۆنالیزمی کوردی بوون، بەڵام شارە کوردییەکان و شارەکانی کەنار دەریای تورکیا و شارە ئەوروپییەکانیش بوون بە پێگە و شوێنی ناسیۆنالیزمی کوردی.

  لەلایەکی ترەوە، وەک چۆن پەکەکە بوو بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی بە دەسەڵاتێکی ڕوو لە زیاد بە سەر جەماوەری کوردەوە لە تورکیادا، دەوڵەتی تورکیاش کەوتە گۆڕینی ڕەفتاری خۆی لە مامەڵە کردنیدا لەگەڵ خولیا نەتەوەییەکانی کورددا. لە پاش پەیڕەوی کردنی ماوەی حەفتا ساڵی سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن (تواندنەوە) و سەرکوت کردن، دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کاندا کەوتە ڕەچاو کردنی بەکارهێنانی ئامراز و کەرەستەی دانپیانان. پەکەکە پێشوازیی کرد لەم ئیشارەتانەی پێداچوونەوە و لە ساڵی ١٩٩٣دا ئاگربەسی ڕاگەیاند. لەو کاتەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە ئاشکرا و بە نهێنی، دانوستان لەگەڵ دەوڵەتدا بوو بە ئامرازێکی تری هەگبەی    کەرەستە و زەخیرەی پەکەکە. بێجگە لەو ئیشارەتانەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دران کەوا دەکرێ سیاسەتێکی دانپیانان جێبەجێ بکرێت، ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت و دەرکەوتنی “نیزامی نوێی جیهانی” کە ئێستا بەدناوە پێداچوونەوەی ئایدیۆلۆجیا و بەرنامەی پەکەکەی ورووژاند. عەبدوڵا ئۆجەلان، کە بەتوندی سۆشیالیزمی ڕاستەقینەی سەرکۆنە کرد، ئەوەی پاراست کەوا سۆشیالیزم دەبێ لەگەڵ دید و بۆچوونی دیموکراتی و فرەیی (پلووراڵی) و ژینگەدا دەربکەوێت (ئۆجەلان، ١٩٩٥: ٥٣ – ٧٦، ١٩٩٨: ٣٠). لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠کاندا، پەکەکە وازیهێنا لە ئامانجی بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆش و وائێستا هەوڵ بۆ “پێکەوەژیان” دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠کانەوە چیتر جوداخواز نیە و ئامادەیە بچێتە ململانێیەکی ناچەکدارییەوە (ئوێزجان، ٢٠٠٦: ١٠٤٩).

  کەواتە بەکورتی، پەکەکە و پاشانیش ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠کان بۆ ناوەڕاستی ١٩٩٠کان بەرەوڕووی وەرچەرخانێکی گەورە بووەتەوە. هەموو پێکهاتە سەرەکییەکان لەم دە ساڵەدا جارێکیتر گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لەکاتێکدا کە ناسیۆنالیزمی کوردی جارێکیتر لەسەر دەستی دەستەیەک لە گەریلای پیاو دەرکەوتەوە، ناسیۆنالیستە کوردەکانی ساڵانی ناوەڕاستی ١٩٩٠کان زیاتر جۆراوجۆر بوون وەک لەخۆگرتنی گەریلا نێر و مێیەکان بە پاشخانی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرەوە، لە جووتیاری کوردی هەژارەوە بۆ چینی ناوەڕاسی شارستانی. هەروەها ئامراز و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە کاتی گونجاودا دەگۆڕان. لەکاتێکدا کە خەباتی چەکداری ئامرازی سەرەکیی یەکەم ساڵەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی قۆناخی دووەم بوو، بڕێکی لە ئەژمار نەهاتووی کەرەستە و ئامرازی یاسایی و نایاسایی، توندوتیژ و ناتوندوتیژ، لە ژێر دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بوو لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠کاندا. بە هەمان شێوەش، بەپێچەوانەی ئەوەی کە ئەو ناسیۆنالیزمە لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کاندا تەنها لە دێهاتی کورددا ڕەگی داکوتابوو، بەڵام لە ناوەڕاستی ١٩٩٠کاندا لە گەلێ فەزا و ڕووبەردا دەبینرا و لە شاخەکانەوە درێژ دەبووەوە بۆ شارە کوردی و تورکی و ئەوروپییەکان. دواجاریش، ئامانجی ساڵانی بەرایی ١٩٨٠کان سەبارەت بە بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ بەو ئامانجە جێی گیرایەوە کەوا تورک و کورد پێکەوە دەژین و فەرهەنگی سۆشیالیستی و دژە کۆڵۆنیاڵی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ فەرهەنگی فرەیی و پێکەوەژیاندا.

  سێهەم قۆناخ لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بە گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە کۆتایی پێهات، وەک باس دەکرێت بە هۆی ئۆپەراسیۆنێکی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکاوە (CIA) بووە (یەتکین، ٢٠٠٤). ئۆجەلان، پاش ئەوەی ڕادەستی تورکیا کرا و لەوێ زیندانی کرا، پێشنیازی نوێکردنەوەی ئامانج و ئامرازەکانی پەکەکەی کرد. ئەو ئێستا لە پێداچوونەوەی ئەوەدایە کە بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێت بەو ئامانجە جێی بگیرێتەوە کە تورکیا بکرێت بە کۆمارێکی دیموکراتی و ئامرازی خەباتی چەکداری بە تێکۆشانی سیاسی بگۆڕدرێت. هەر زوو لە پاش ئەم گەڕانەوەیەی ئۆجەلان، پەکەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠دا کۆنگرەیەکی بەست و بێ هیچ بەرهەڵستییەک چووە سەر ئەم ڕێبازە نوێیەی ئەو. ئەوجا پەکەکە، پاش ئەوەی کە بە کردەوە جەنگاوەرەکانی کشاندەوە بۆ عێراق، خەباتی چەکداریی ڕاگرت و بەمەش قۆناخی سێهەمی ناسیۆنالیزمی کوردی تەواو بوو.

1999 – 2015

  ناسیۆنالیزمی کوردی لەپاش دوو دەیە لە یەکەم شکستخواردنیەوە لە ساڵی ١٩٣٠دا جارێکیتر دەرکەوتەوە و تەنها چەند ساڵێکی کەمیش لە دووەم شکستیەوە لە ساڵی ١٩٨٠دا. بەهەرحاڵ، شکستی ساڵی ١٩٩٩، گەڕێکی تری دەرکەوتنەوەی بەدوادا نەهات، چونکە بە سانایی لەبەر ئەوەی ئەمجارەیان بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەرباز بوو. هەرچەندە سەری بزووتنەوەکە گیرا و بەند کرا، بەڵام پەکەکە، کە کشابووەوە بۆ عێراق و لە هەمووشی گرنگتر جێگرەوەی HEP، پارتی گەلی دیموکراتی (DEHAP) نیوەی دەنگی دەنگدەرانی شارە کوردییەکانی بردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢دا و ئەمەش بەڵگە بوو و بە ئاشکرا دەریخست کە مەسەلەی نەتەوەیی کورد زیندووە وەک ساڵانی ١٩٩٠کان.

بەهەرحاڵ، لەکاتێکدا کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە دوای ساڵی ١٩٩٩ دەربازی بوو، گرتنی ئۆجەلان بوو بە هۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە ئامانجەکاندا و دواتریش لە فەرهەنگ و ئامرازەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا و ئەمە وایکرد ساڵی ١٩٩٩ ببێتە ساتەوەختێک کە تێیدا سێهەم قۆناخی ناسیۆنالیزمی کوردی تەواو ببێت و قۆناخی چوارەم دەست پێبکات. ئۆجەلان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی کرد کە لە پێناوی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆدا خەباتی دەکرد، وا ئێستا بەرهەڵستیی ئایدیای دەوڵەت دەکات بەتەواوی. ئەو ئەم هەڵوێستەی دژە دەوڵەتی پەرەپێداوە و چەسپاندوویەتی لە پێشنیاز کردنی دیموکراتیی کۆنفیدراڵیدا کە لە بەرنامەی پۆست نەتەوە و دژە دەوڵەتدا رایگەیاندووە و پێکەوە بیرۆکەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و ئۆتۆنۆمی و فرەیی و فێمینیزم و ژینگەی ئاوێتە کردووە. ئۆجەلان، بە ئیلهام وەرگرتنی سەرەکی لە کتێبەکەی موڕای بووکچین “ئیکۆلۆجیی ئازادی                         of Freedom Ecology The” ئەم ڕێبازە نوێیەی خۆی پەرەپێدا لە ڕێگەی هێنانەوەی تێرم و دەستەواژەکانی گەلی دیموکراتی، نوێگەریی دیموکراتی و ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی و تاد. لەگەڵ بەردەوام بوونی گفتوگۆدا، تێرمی ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی بۆ ئیشارەتدان بە حیکمەتی تورکیا بەکاردێت و تێرمی دیموکراتیی کۆنفیدراڵی بۆ حیکمەتی ناوچەکە و تێرمی دیموکراتیی نوێگەری بۆ حیکمەتی جیهانی لە بەرنامە نوێکەی ئۆجەلاندا.

  جێی سەرنج و لەسەروەستانە ئەم خێرا قبووڵ کردنەی گەشتە تیۆرییەکەی ئۆجەلان و پێشنیازەکانی لەلایەن تەواوی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردییەوە. پەکەکە، جێگرەوەی دەهەپەDEHAP ، Demokratik Toplum Partisi (پارتیی کۆمەڵگەی دیموکراتی DTP) و هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە یاساییەکان یان نهێنییەکان و دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە پەکەکە پێشوازییان لە ئامانجەکانی کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتی و ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی کرد. بە چوونە سەر ئایدیای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک ئامانجی سەرەکی، وایکرد کەوا پەکەکە دەستپێشخەری بکات لە دامەزراندنی کۆمیون و ئەنجومەنەکانی ژنان و گەنجان و جووتیاران لە گوندەکان و گەڕەکەکانی شارە کوردییەکاندا لەگەڵ بۆچوونێک بۆ بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزم لە کوردستاندا. هەر لەو ماوەیەشدا، پەکەکە گەڕایەوە بۆ خەباتی چەکداری لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بەڵام بە بێ بووژاندنەوەی ئامانجی بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ. بەڵکوو لەجیاتیدا، پەکەکە ئێستا دەستیکردووە بە چەسپاندنی پێشنیازەکانی ئۆجەلان لەبارەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و ئۆتۆنۆمیی دیموکراتییەوە.

  بەگشتی، وەرچەرخانێکی تری ڕادیکاڵی لە ساڵانی یەکەمی هەزارەی نوێدا ڕوویداوە لە ئامانج و فەرهەنگی پەکەکەدا و بەو پێیە لە ناسیۆنالیزمی کوردیشدا. پارتی کرێکارانی کوردستان، کەوا شەڕی بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد لە سەرەتای دروستبوونیەوە، وا ئێستا بە دوای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و ئۆتۆنۆمیی دیموکراتیدا دەگەڕێت بۆ کورد. لەکاتێکدا کەوا پەکەکە لە واقیعدا ساڵی ١٩٩٣ وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند لە ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆ و لە ساڵانی ٢٠٠٠کانیشدا ئەم بیرۆکەیەی تەواو سەرکۆنە کرد و نەک تەنها بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەڵکوو هەر بیرۆکەی دەوڵەت خۆیشی سەرکۆنە کرد و بە شتێکی نزم و دزێوی دانا. هەر بە هەمان شێوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش لەسەر فەرهەنگی خەباتی چینایەتی و دژە کۆڵۆنیاڵیزم بوو، بەڵام لە ناوەڕاستی ١٩٩٠کانەوە کەوتە بەکارهێنانی فەرهەنگی دیموکراسیی ڕادیکاڵی.

  گۆڕان لە ئامانج و فەرهەنگی ناسیۆنالیزمی کوردیدا گۆڕانی لە ئامانج و پێکهاتەی تری ئەو ناسیۆنالیزمەی بەدوادا هات. لەکاتێکدا کەوا پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٤دا خەباتی چەکداریی دەستپێکردەوە، بەڵام ئەم خەباتە نەبوو بە ئامرازی ژمارە یەکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە هەزارەی نوێدا. لەجیاتیی ئەوە ئۆجەلان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد سیاسەت کردنیان لە سەر شەقام و لە ناو پەرلەمان و لە ئیدارە ناوخۆییەکاندا خستە پێشەوە لەم قۆناخە نوێیەدا. بە هەمان شێوەش، دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ڕووی دەم کردنە گشت خەڵکی تورکیا بوون بە ئامرازی نوێی ئەم قۆناخە.

  هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بوون بە هۆی بەرفراوانی و گشتگیریی پەکەکە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. دەتەپە DTP و جێگرەوەکەی، Barıs ve Demokrasi Partisi (پارتی ئاشتی و دیموکراسی، بەدەپە BDP)، دەیان کورسییان بردەوە لە هەردوو هەڵبژاردنی نیشتمانیی ساڵانی 2007 و 2011دا. دەتەپە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بردەوە لە هەشت شار و پەنجا و یەک شارۆچکەی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩دا. شەرعییەتی زیاتر وا ئێستا بەرفراوان بووە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد هەندێ هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە بۆ ئەوەی گشتگیرتر بێت. بە دیدگایەکی غەیرە نەتەوەیی، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد کەوتە مامەڵە کردن لەگەڵ لەگەڵ خەڵکی گشتیی تورک و کورددا بە زاراوەسازییەکی دیموکراتیی    ڕادیکاڵ و شکۆ دانان بۆ خود- حکوومەتی و فرەیی و یەکسانیی جەندەر و تاد. بۆ سەلماندنی ئەم سیاسەتی گشتگیرییە، لە ساڵی ٢٠١٤دا حیزبێکی نوێ جێگەی بەدەپەی گرتەوە بە ناوی پارتی گەلانی دیموکراتی                       Demokratik Partisi Halkların (HDP) هەدەپە، کە لە بنەرەتدا لە لایەن ئەندامانی بزووتنەوەی کوردی پێکەوە لەگەڵ چەپەکانی تورکیادا دامەزراوە وەک ڕێکخراوێکی چەتر کە بە تەواوی جەخت لە سەر بەرنامەی دیموکراتیی ڕادیکاڵ دەکاتەوە. لەپاش نزیکەی چوار دەیە و پێکەوە دامەزراندنی هەدەپە، ناسیۆنالیستەکانی کورد و چەپەکانی تورکیا کەوتنە کارکردن پێکەوە لەژێر چەتری دیموکراسیی ڕادیکاڵدا.

  لە بەشەرعییەت کردنی زیاتر و بەرفراوانی و گشتگیریدا، وەرچەرخان لە بەرنامە و ئایدیۆلۆجیا و ئامرازەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە فەزا و بریکارەکانیدا دەنگیدایەوە. لە کۆتایی یەکەم دەیەی هەزارەی نوێدا هەردوک ڕووبەر و بریکارەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد زۆر جۆراوجۆرتر بوون لەوەی ساڵانی ١٩٩٠کان. ئەگەر بۆ پێشەوە بگەڕێینەوە، چیتر دیمەشق و  دۆڵی بیقاع بە پێگەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نەمانەوە لە پاش گرتنی ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩دا، کەوا بەدوایدا قەدەغە کردنی پەکەکە و داخستنی بنکە و بارەگاکانی هات لە سووریادا، لە لایەن ڕژێمی ئەو وڵاتەوە. بەو پێیە، تەواوی باڵی سەربازی بزووتنەوەکە لە چیاکانی عێراق و تورکیادا بڵاو کرانەوە و دەستیان بەسەر ئەو شاخانەدا گرت وەک شوێنێکی تایبەت و جیاکار بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چیاکان هەر چەقی فەزا و ڕووبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نەبوون لەم چوارەم قۆناخەدا. سەرکەوتنە بێوێنەکانی DTP و BDP  لە هەڵبژاردنە گشتی و ناوخۆییەکاندا وایان لە شارەوانییەکان و پەرلەمان کرد کە ببنە دوو پێگەی ستراتیجیی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی. بەم جۆرە، ئێستا ناسیۆنالیزمی کوردی وایلێهاتووە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ خەڵکی گشتیدا بکات لە تورکیادا لە پێگە ستراتیجییەکانی وەک پەرلەمان و ئیدارە ناوخۆییەکاندا. لەپاڵ ئەمەدا، ئێستا وا ناسیۆنالیزمی کوردی دەنگێکی بەهێزی هەیە لە شەقامی شارەکانی هەردوک تورک و کورددا. شەقامی شارەکان و مێزگردەکان (پانێڵەکان) و کۆنفرانسەکان و چالاکییەکانی تری لەم چەشنە کە لە لایەن ڕێکخراوانی ناحکوومی لەئەژمار نەهاتووەوە (NGO) ئێستا بوون بە ڕووبەر و فەزای دەنگی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد و لەم قۆناخی چوارەمەدا دەبیسترێت. دواجار، سووریا وەک یەکێک لە پێگە و ڕووبەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم قۆناخەدا گەڕاوەتەوە، ئەگەرچی ئەمجارەیان لە فۆرمێکی نوێدایە. یەکەم، شەڕی ناوخۆ لە سووریادا زەمینەیەکی ڕەخساندووە بۆ حیزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە، وەک (پارتییا یەکێتییا دیموکرات، پەیەدە PYD و یەکینەیێن پاراستنا گەل، یەپەگە YPG) بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچە کورنشینەکان و وایکردووە پەکەکە ئەکتەرێکی بەرچاوی نیمچە دەوڵەت بێت لە سووریادا و لە بەر چاوی گشتیی نێودەوڵەتیشدا. دووەم، گەمارۆدانی شاری کوردنشینی کۆبانێ لە لایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعشەوە) بۆ ماوەیەکی دوور و درێژی چەندین مانگ و گێڕانەوەی گەلێ تەرمی جەنگاوەرانی پەکەکە لە سووریاوە، مانایەکی تایبەتی بەخشییە کوردستانی سووریا (ڕۆژاڤا) بۆ ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیادا.

  لە کات و ساتی گونجاودا، چەندین بەشی نوێی هاووڵاتییانی کورد لە تورکیادا چوونە پاڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، کە ئەزموونی وەرچەرخانێکی بەرچاوی کردبوو لە هەل و مەرجی ئامانجەکانی و موفرەدات و ئامرازەکانیدا. لەکاتێکدا کەوا جەنگاوەرانی (گەریلاکانی) پەکەکە، هەژار و بێدەرامەتەکانی کوردستان، چالاکوانانی حیزب، خۆبەخشانی ئێن جی ئۆکان، کەسانی پرۆفێشناڵی پاشخان چینی ناوەند و دیاسپۆراکانی ئەوروپا بریتی بوون لە بریکارە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە قۆناخی چوارەمدا و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٥دا هاتبوونە ڕیزەوە و ئەو کوردانە بوون کە پێشوازییان لە ڕەوتی نوێی بزووتنەوەی کورد دەکرد. ئەو پاڵپشتییە بەرچاوەی دەنگدەرانی ڕۆژاوای تورکیا بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاشی کاندیدای هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣دا و بۆ پارتی گەلانی دیموکراتی (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی نیشتمانیی ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژە بەوە دەدا کەوا ڕێگەی نوێی سەنگی مەحەک لەلایەن هەندێ بەشی کۆمەڵگەی تورکیشەوە پشتگیریی دەکرێت.

  پاش ئەوەی کوردەکان شەرعییەت و گشتگیری و بەرفراوانییان زیاتر بوو، بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی چووە پرۆسەیەکی دانوستانەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دەستی پێکرد. بە ئامانجی چەک داماڵینی پەکەکە لە بەرانبەر پرۆگرامێکی ڕیفۆرمدا، کە ناوەرۆکەکەی نەچەسپیبوو، دانوستانەکە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کە لە شوباتی ٢٠١٥دا وەستا. ئەوجا هەر زوو لە پاش هەرەسهێنانی دانوستانەکە لە بەهاری ساڵی ٢٠١٥دا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا دەستی پێکردەوە (یەغەن، ٢٠١٥). دواتر دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی پڕ توندوتیژیی دڕندانەی دەستپێکرد و تەنها هەر جەنگاوەرانی پەکەکەی لە چیاکاندا نەکردبووە ئامانج، بەڵکوو ئەو میلیشیا گەنجانەش کەوا لە ناو شار و شارۆچکەکاندا سەنگەریان لێدابوو و ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەش کە لەو شوێنانەدا دەژیان شەڕ و پێکدادانیان تێدابوو. ئەم گەڕی شەڕە بۆ چەندین مانگ بەردەوام بوو، ئەنجامەکەی وا کەوتەوە گەریلاکانی پەکەکە و میلیشیاکانی ناو شار تێکبشکێن و پەکەکە لە شاخەکانیشدا شکستی هێنا. هاوزەمان دەوڵەتی تورکیا شاڵاوێکی دڕندانەی سەرکوت کردنی دەسپێکرد و لقی مەدەنیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی کردە ئامانج. هەردوو هاوسەرۆکی هەدپە، نوێنەرانی پەرلەمان، سەرۆک شارەوانییەکان، چالاکوانان، کەسانی سەر بە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و هەزاران کەسی تر دەسگیر کران و خرانە زیندانەوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد جارێکیتر شکستیخوارد. بەڵام سەرەڕای ئەم شکستەش، پەیەدە و یەپەگەی سەر بە پەکەکە و ماندێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆنترۆڵی سێیەکی خاکی سووریایان کردبوو، هەروەها هەدەپە بەربەستی دە لە سەدی تێپەڕاند لەو هەڵبژاردنەدا کە لە حوزێرانی ٢٠١٨دا بەڕێوەچوو، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی هەردوک ماونەتەوە.

  ئەم دۆخی “شکستخواردوو بەڵام دەربازبووە”ی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە وایکردووە ئاسان نەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت ئاخۆ ساڵی ٢٠١٥ ئەو ساتەوەختە بوو کە قۆناخی چوارەمی ناسیۆنالیزمی کوردی کۆتایی پێهاتووە و قۆناخی پێنجەم دەستیپێکردووە. بەهەرحاڵ، بە مەزەندەی من مەسەلەکە کاتێکی زۆر نابات بۆ بینینی وەرچەرخانێکی تر لە ئامانجەکانی بەلای کەمەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا و ئەمەش وا دەگەیەنێت کەوا قۆناخی پێنجەمی ناسیۆنالیزمی کوردی یان دەستی پێکردووە یان بەڕێگاوەیە.

سەرچاوە:

مێژووی کامبریجی کورد (کۆمەڵێك توێژەر)

 ئامادەکردنی: حەمید بۆز ئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

لەندەن – چاپی زانکۆی کامبریج – ٢٠٢١ ، لاپەڕە  ٣١١ – ٣٣٢

ناوی باس: ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا، ١٨٩٨ – ٢٠١٨

نووسینی: مەسعوود یەغەن

The Cambridge History of THE KURDS

Editted by :Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes and Veli Yadrgi

Kurdish Nationalism in Turkey, 1898 – 2018

Mesut Yeg˘en

* مەسعوود یەغەن پرۆفیسۆرە لە بەشی کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆجیی) زانکۆی ستانبووڵ شەهر، بڕوانامەی بەکەلۆریۆس و ماجستێری سۆسیۆلۆجیی لە زانکۆی تەکنیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرتووە و دکتۆراشی هەر لە هەمان بوار بەدەستهێناوە لە زانکۆی ئێسسێکس (بەریتانیا). لە بەشی کۆمەڵناسیی هەردوو زانکۆی ئەنەدۆڵ و تەکنیکیی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست موحازەرەی وتووەتەوە. توێژینەوە و بڵاوکراوەکانی لەسەر مەسەلەی کورد، ناسیۆنالیزمی تورکی، سیاسەتی تورکیا و هاووڵاتیبوون لە تورکیادا چڕبووەتەوە. موحەڕیرە لە گۆڤاری “مێژووی کورد  Kürt Tarihi”دا، کە گۆڤارێکی وەرزییە و بە هەردوو زمانی     تورکی و کوردی دەردەچێت.  

                  

پەراوێز:

١  لە ڕۆژانە یاداشتەکانی مێجەر نۆئێل دا وادەردەکەوێت کەوا کەمالییەکان قەناعەتیان بە عەشیرەتە کوردەکان کردووە کەوا بەریتانییەکان سەر بر ئەرمەنەکانن و پشگیریی ئەوان دەکەن (یەغەن، ٢٠١٢: ٨٠).

٢  دروستکردنیحکوومەتێکی ناوخۆیی لەو خاک و ناوچانەی کوردیان تێدا نیشتەجێیە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و کۆمەڵەی نیشتمانییەوە لە ئەنقەرە وەک بەشێک لە “سیاسەتەکەی کوردستانی” پێناسە کراوە لە ساڵی ١٩٢٠دا (ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا، ١٩٨٥: ٥٥٠ – ٥٥١). (Türkiye Büyük Millet Meclisi, 1985: 550 – 1)

٣  تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوک بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیێت، کە دوو زلهێزی ئەو دەمە بوون، کوردستانێکی سەربەخۆیان وا داناوە کە ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەوان لە ناوچەکەدا.  بۆ بەڵگەنامە بەریتانییەکان، بڕوانە یەغەن (٢٠١٢: ٢١٧) و بۆ هەڵوێستی یەکێتیی سۆڤیێت، بڕوانە پەرینچەک (١٩٩٤: ١٥).

٤ بۆ پرۆفایلی کۆمەڵایەتیی ئەم خەڵکانە، بڕوانە بۆزئەرسەلان (٢٠١٣)، چیچەک (٢٠١٠)، ئێپۆزدەمیر (٢٠٠٥)، کوتلەی (١٩٩٤) و یوکسەل (٢٠٠٧).

٥  نیکۆڵ ف. واتس (٢٠٠٧: ٥٣) پێناسەی ئەم گۆڕانکارییە دەکات لە ناو بریکارەکاندا وەک جێگرتنەوەی سەرکردە نەریتییەکانی کورد لەگەڵ “نەوەیەکی گەنجی دژە دەستەبژێری کورد” کە ” کورد وا پێناسە دەکەن کە ڕێگەی رادیکاڵیی نوێیان گرتووەتەبەر و دەستیان داوەتە شێوازی نوێی ئەکتیڤیزمی سیاسی”. ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕەگەزەکانی بەرگریی کورددا، (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣، ٢٠١٤) مشتومڕی ئەوە دەکات کەوا لە زۆر بەشی جیهاندا دەنگیداوەتەوە، لە نێویشیاندا کوردستانی عێراق و ئێران

٦ لەڕاستیدا، پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە پەکەکە بووە بە تەنها ڕێکخراوی گرنگ و بەرچاوی کورد لە مەیداندا و ڕەوتی دوای ١٩٨٤ی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکرێ بە پێی بنەمای ڕەوت و مەودای چالاکییەکانی پەکەکە هەڵبسەنگێندرێن. چونکە پەکەکە بووەتە ئەکتەری سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە، شیکردنەوەی من بۆ قۆناخی دوای ١٩٨٤ ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کارەنم لە سەر پەکەکە دەبەستێت (یەغەن، ٢٠١٦ بێ).

Bibliography  بیبلۆگرافی                                                                   

Akkaya, A. H. and Jongerden, J. (2011). The PKK in the 2000s: Continuity through breaks? In M. Casier and J. Jongerden (eds), Nationalisms and Politics in Turkey: Political Islam, Kemalism and the Kurdish Issue (pp. 143 62). London: Routledge.

پەکەکە لە ساڵانی ٢٠٠٠کاندا: بەردەوامی لە میانەی پشوودانەوە ….

لە کتێبی، ناسیۆنالیزم و سیاسەت لە تورکیادا: ئیسلامی سیاسی، کەمالیزم و مەسەلەی کورد….

Alakom, R. (1998a). Serif Pasa. Bir Kürt Diplomatının Fırtınalı Yılları. Istanbul: Avesta.

شەریف پاشا: ساڵە پڕ لە ڕووداوە هەژێنەرەکانی دیپلۆماتکارێکی کورد…

Alakom, R. (1998b). Hoybûn Örgütü ve A˘grı Ayaklanması. Istanbul: Avesta. ڕێکخراوی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری داغ…    

Anter, M. (1990). Hatıralarım. Istanbul: Doz Yayınları. یاداشتەکان …                                                          

Bajalan, D. R. (2013). Between conformism and separatism: A Kurdish students’ association in Istanbul, 1912 to 1914. Middle Eastern Studies, 49 (5), 805 23.

لەنێوان ملکەچی و جوداخوازیدا: کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەستەمبووڵ ….

Bajalan, D. R. (2016). Princes, pashas and patriots: The Kurdish intelligentsia, the Ottoman Empire and the national question (1908 1914). British Journal of Middle Eastern Studies, 43.

(2). http://dx.doi.org/10.1080/13530194.2016.1138639.

میر و پاشا و نیشتمانپەروەران: ڕووناکبیرانی کورد و ئیمپراتۆرییەتی    عوسمانی و مەسەلەی نەتەوەیی (١٩٠٨ – ١٩١٤)…..

Besikçi,I . (1992). Do˘gu Mitinglerinin Analizi (1967). Ankara: Yurt Kitap Yayın. شیکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵات….            

Bozarslan, H. (2013). 49‘lar’ anıları üzerine tarihsel sosyolojik okuma notları ve bazı hipotezler. Tarih ve Toplum Yeni Yaklasımlar, 16, 127  43.

سەرنج و خوێندنەوەیەکی میژوویی – کۆمەڵایەتی و هەندێک گریمانە لەبارەی یادەوەریی ٤٩کانەوە.

Bozarslan, H. (2014). Kürdistan tarihinde 1979 1990 dönemi. Kürt Tarihi, 11, 10 15.

سەردەمێک لە مێژووی کوردستان (١٩٧٩ – ١٩٩٠) ….

Bozarslan,M. E. (ed.) (1985). Jîn. Kovara Kurdî Tirkî KürdçeTürkçe Dergi. Uppsala: Wesanhana Deng.

“ژین”، گۆڤارێکی کوردی –  تورکی …..

Çamlıbel, Y. (2007). 49’lar Davası. Ankara: Algıyayın.

مەسەلەی ٤٩کان…..

Celil, C. (2001). Kürt Aydınlanması. Istanbul: vesta.                 ڕووناکبیریی کورد…

Çiçek, N. (2010). Sivas Kampı 27 Mayıs’ın Öteki Yüzü. Istanbul: Lagin Yayınları.

کەمپی سیڤاس، لاکەی تری ٢٧ی مایس ….

Duman, G. (2010). The formations of the Kurdish movement(s) 1908 1914: Exploring the footprints of Kurdish nationalism. Unpublished MA thesis, Bo˘gaziçi University.

پێکهاتەی بزووتنەوەی کورد ١٩٠٨ – ١٩١٤: دۆزینەوەی ئاسەواریناسیۆنالیزمی کوردی (تێزی ماستەری چاپ نەکراو) ….

Ekinci, T. Z. (2010). Lice’den Paris’e Anılarım. Istanbul: Iletisim. یادەوەرییەکانم لە ئەسپێوە بۆ پاریس….                                                      

Epözdemir, S. (2005). Türkiye Kürdistan Demokrat Partisi 1968/235 Antalya Davası Savunması. Istanbul: Peri Yayınları.

پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا.. مەسەلەی بەرگری لە ئەنتالیا….

Göldas,I . (1991). Kürdistan Teali Cemiyeti. Istanbul: Doz Yayınları. کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان                                                                

Gündo gan, A. Z. (2011). Space, state making and contentious Kurdish politics in the ‘East’ of Turkey: The case of Eastern Meetings 1967. Journal of Balkan and Near Eastern Studies, 13 (4), 389 416.

فەزا و دەوڵەتسازی و سیاسەتی مشتومڕ ئامێزی کوردی لە “ڕۆژهەڵاتی” تورکیادا: کێشەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵات لە ١٩٦٧دا….

Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London and New York: Routledge.

بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا: لە ناڕەزایی دەربڕینەوە بۆ بەرگری کردن….

Hassanpour, A. (2003). The making of Kurdish identity: Pre   twentieth century historical and literary discourses. In A. Vali (ed.), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (pp. 106  62). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

بنیاتنانی شوناسی کورد: مێژوویپێس سەدەی بیستەم و گوتارە ئەدەبییەکان …. لە کتێبی .. بابەتگەلێک لەبارەی ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە …

Kırmız ıtoprak, S. (1963). Dogu meselesinde yanılsamalar. Yön, 63, 12. وەهمەکان لە مەسەلەی ڕۆژهەڵاتدا…                    

Klein, J. (2007). Kurdish nationalists and non nationalist Kurdists: Rethinking minority nationalism and the dissolution of the Ottoman Empire, 1908 –1909. Nations and Nationalism, 13 (1), 135 53.

کوردە نەتەوەیی و نانەتەوەییەکان: پێداچوونەوە بە ناسیۆنالیزمی کەمینە و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ….

Kurdistan. Yekemîn Rojnameya bi Kurdî [1898 1902] (2018). Diyarbakır: Wesanên J&J. کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەیە بەکوردی

Kürdoloji Çalısmaları Grubu (ed.) (2013). Di Sedsaliya wê de/Yüzüncü Yılında Rojî Kurd 1913. Istanbul: Wesanên Enstîtuya Kurdî ya Stenbolê.

یادی سەد ساڵەی “ڕۆژی کورد” …. گرووپی توێژینەوە کوردییەکان

Kutlay, N. (1994). 49’lar Dosyası. Istanbul: Fırat Yayıları

مەسەلەی ٤٩کان ….

Kutlay, N. (1998). Anılarım. Istanbul: Avesta. یادەوەرییەکانم 

Malmîsanij (1999). Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti ve Gazetesi. Istanbul: Avesta

غەزەتەی کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردان

Malmîsanij (2002). Kürt Talebe Hêvî Cemiyeti. Istanbul: Avesta.

تەلەبەی کورد کۆمەڵەی هێڤی …                                            

Miro˘glu, O. (2005). Canip Yıldırım’la Söyle¸si Hevsel Bahçesinde Bir Dut A˘gacı . Istanbul: Iletisim.

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جانیب یڵدرم: دارتوویەک لە باخچەی هەڤسەڵدا

Öcalan, A. (1995). PKK 5. Kongresine Sunulan Politik Rapor. Köln: Wesanên Serxwebûn.

docs.google.com/file/d/0B4HO5r4WOpdzbTZ6S0JNSExPLWs/edit.

ڕاپۆرتێکی سیاسی پێشکەشی کۆنگرەی پێنجی پەکەکە کراوە ….

Öcalan, A. (1998). Sosyalizmde Israr Insan Olmakta Isrardır. Köln: Wesanên Serxwebûn.

سووربوون لەسەر سۆشیالیزم و سووربوون لەسەر ئەوەی مرۆڤ بیت …

Olson, R. (1989). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880 1925. Austin, TX: University of Texas Press.

سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و شۆڕشەکەی شێخ سەعید،…..

Özcan, A. K. (2006). Turkey’s Kurds: A Theoretical Analysis of the PKK and Abdullah Öcalan. London: Routledge.

کوردەکانی تورکیا: شیکردنەوەیەکی تیۆرییانە بۆ پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان ….

Özoglu, H. (2004). Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. New York: SUNY Press.

خانەدانانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی:  پەرەسەندنی شوناسەکان، ڕکابەریی دڵسۆزی و گۆڕانکاریی سنوورەکان ….

Özoglu, H. (2011). Does Kurdish nationalism have a navel? In A. Kadıoglu and F. Keyman (eds), Symbiotic Antagonisms: Competing Nationalisms in Turkey (pp. 199 222). Salt Lake

        City, UT: The University of Utah Press.

ئاخۆ ناسیۆنالیزمی کوردی ناوکی هەیە؟ … لە کتێبی  … ململانیی دژەکان:  ڕکابەریی ناسیۆنالیزمەکان لە تورکیادا ….

Perinçek, D. (ed.) (1994). Komintern Belgelerinde Türkiye 3. Kürt Sorunu. Istanbul: Kaynak Yayınları.

مەسەلەی کوردی تورکیا لە بەڵگەنامەکانی کۆمینتێرندا ….

Reynolds, M. (2011). Abdürrezzak Bedirhan: Ottoman Kurd and Russophile in the twilight of empire. Kritika: Explorations in Russian and Eurasian History, 12 (2), 411 50.

عەبولڕەزاق بەدرخان: کوردی عوسمانی و هاوسۆزیی ڕووسیا لە ئاسۆی ئیمپراتۆرییەتدا… لە گۆڤاری کریتیکا: دۆزینەوەکان لە مێژووی رووسیا و ئۆراسیادا…

Sever, T. (2018). 1925 Hareketi Azadî Cemiyeti. Istanbul: Nûbihar. کۆمەڵەی حەرەکەتی ئازادی….                               

Süphanda˘g, K. (2012). Hamidiye Alayları A˘grı Kürt Direnisi ve Zilan Katliamı. Istanbul: Peri Yayınları.

فەوجەکانی حەمیدییە و بەرگریی کورد و کوشتارەکەی زیلان ….

Tunaya, T. Z. (1988). Türkiye’de Siyasi Partiler I. Istanbul: Hürriyet Vakfı Yayınları.    پارتە سیاسییەکانی تورکیا…                                                   

Türkiye Büyük Millet Meclisi (1985). Gizli Celse Zabıtları. Vol. 3. Ankara: Is Bankası Yayınları.

ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا.. کۆنووسی دانیشتنە نهێنییەکان…

Ulugana, S. (2012). Agrı Kürt Direnisi ve Zilan Katliamı (1926  1931). Istanbul: Peri Yayınları.

بەرگریی کورد لە ئاگری و کوشتارەکی زیلان …

Vali, A. (2003). Genealogies of the Kurds: Constructions of nation and national identity in Kurdish historical writing. In A. Vali (ed.), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (pp. 58 105). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

بنچینەی جینیالۆجیی کورد: بنیاتنانی نەتەوە و شوناسی نەتەوەیی لە نووسینە مێژووییەکانی کورددا. لە کتێبەکەی عەباس وەلی: بابەتگەلێک لەسەر بنەچەی ناسیۆنالیزمی کوردی…                                        

Watts, N. F. (2007). Silence and voice: Turkish policies and Kurdish resistance in the mid 20th century. In M. M. A. Ahmed and M. M. Gunter (eds), The Evolution of Kurdish

       Nationalism (pp. 52 – 77). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

Westrheim, K. (2010). Da˘gları seçmek: alternatif bir kimlik projesi olarak PKK. Toplum ve Kuram, 4, 39 68.

بێدەنگی و دەنگ هەڵبڕین: سیاسەتەکانی تورکیا و بەرگریی کورد لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا. لە کتێبی …. پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی ….

Yegen, M. (2012). Ingiliz Belgelerinde Kürdistan. Ankara: Dipnot Yayınları. کوردستان لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا…      

Yegen, M. (2015). The Kurdish peace process in Turkey: Genesis, evolution and prospects. In S. A. Düzgit et al. (eds), Global Turkey in Europe III: Democracy, Trade and the Kurdish

        Question in Turkey –  EU Relations (pp. 157-  84). Rome:  

        Edizioni Nuova Cultura.

پرۆسەی ئاشتیی کورد لە تورکیادا: سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاسۆی دواڕۆژ. لە کتێبی …. جیهانی تورکیا لە ئەورپا: دیموکراسی و بازرگانی و مەسەلەی کورد لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپادا….

Yegen, M. (2016a). The Turkish left and the Kurdish question. Journal of Balkan and Near Eastern Studies, 18 (2), 157  76.

چەپی تورکیا ومەسەلەی کورد ….

Yegen, M. (2016b). Armed struggle to peace negotiations: Independent Kurdistan to democratic autonomy, or the PKK in context. Middle East Critique, 25 (4), 365 – 83.

لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ دانوستانی ئاشتی: کوردستانی سەربەخۆ بۆ ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی، یان پەکەکە لە سیاقدا …

Yetkin, M. (2004). Kurt Kapanı. Istanbul: Remzi Kitabevi.

تەڵەی گورگ …..

Yüksel, M. (2007). An unintended consequence of modernization in Turkey: Nationalist reactions from its periphery. Unpublished PhD thesis, Middle East Technical University.

ئەنجامێکی بێ مەبەستی مۆدێرنیزە لە تورکیادا: کاردانەوەی ناسیۆنالیستی لە چواردەوریەوە (تێزێکی دکتۆرای بڵاونەکراوە)…

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …