Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچی سەلاحەدینی ئەیوبی جێی شانازی نەبێت بۆ کورد؟

بۆچی سەلاحەدینی ئەیوبی جێی شانازی نەبێت بۆ کورد؟

شێرکۆی هەژار موکریانی
دەوری هەزار ساڵ پێش سایکس و پیکۆ، ئەوروپایی هێرشیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌هێنا بۆ سەربڕینی ئەوانەی لەژێر ئاڵای پاپای جێگرەوەی مەسیحدا نەبوون.
من لە کتێبێکمدا: لە دنیای دانتێ و دەوروبەری و چەند باسێکی کلیسا و ئەدەبیاتی ئیتالی”دا، دەقی وشەکانی فەرماندەیەکی ئەو هێرشبەرانەی ئەوروپام لە ئارشیفی خۆیان وەرگرتووە کە: Radulf von Kaen لە
راپۆرتەکەیدا بۆ پاپا دەڵێت: “لە مەعەررە، سەربازەکانمان ژن و پیاوانی کافرەکانیان (مەبەست: غەیرە مەسیحی) لە مەنجەڵدا کوڵاندن و، منداڵانیشیان بە شیشەوە کردن و برژایاندیانن”.
مەعەررە (معرة النعمان”ی سووریا) ٤١ ساڵ پێش ئەوە گەورەترین رۆشنبیری هەموو سەردەمان ” أبو العلاء المعري”ی تێدا نێژرابوو، ئەو وەحشییانە ئاوایان بەسەر دەهێنا، ئەوانە سایکس و پیکۆ نەبوون هەر بۆ نەوت وڵاتان پارچە پارچە بکەن، ئەوانە منداڵیان دەکردن بە کەباب؛ مسوڵمان و جوو و سەربە هەر ئاینێک، تەنانەت ئەو مەسیحییانەش کە جێی قەبووڵی پاپا نەبوون، ئەوانە هەموویان، لای ئەو ئەوروپاییە دڕندانە “دوژمنی مەسیح بوون” و، وا سزا دەدران.
پادشایەک لە عەشیرەتی رەوادیی کورد، پێشی پێ گرتن، هەموو ئەو قەومانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەموو دین و مەزهەب و رەنگی پێست و نەژاد و جنسەوە، وەکو یەک، بە خوێنی سەربازانی خۆی پاراستنی و، پادشایانی ئەو دوژمنە دڕندانەشی کە گرت، ویستی دەرسی ئینسانیەت و ئەخلاق و شەڕافەتیان بداتێت، لەگەڵیاندا ئەوپەڕی باش بوو و، دیلەکان بە پادشایانیشیانەوە بەڕێزەوە ناردرانەوە ماڵی خۆیان.
بەوە ڕەنگە نەیتوانیبێت ئەوروپایی جینایەتکاری سەدەی بیستەم بە ناوی سایکس و پیکۆ فێری ئینسانیەت و ئەخلاق بکات (سیاسەت دڕندەییەو ئینسانیەت شوێنی تێدا نابێتەوە) بەڵام ئەدەبیاتی ئەوروپای مەمنوون کرد، بە ئەدەبیاتی کلیساشەوە پێیان هەڵگوت ” سالادینی مەزن”.
من دوو لە چیرۆکەکانی “بۆکاچۆ”م بۆ ئەوە وەرگێڕاون و لە باسی “دانتێ”شدا کە چۆن رێزی لە سەلاحەدین گرتووە.
سەلاحەدین هەموو ئازادییەکی فەرهەنگی و دینیی داوە بە خەڵکی قەڵەمڕەوی.
“موسی بن میمون”ی پژیشکی (جوو) کە لە ئیسپانیا لە دەستی مسوڵمانانی سەختگری ئامازیغی (الموحدون) رایکرد و چوو بوو بە پژیشکی سەلاحەدین، تاقە کەسێکە لە مێژووی هەزار ساڵی (جوو)دا کە پادشایەک پشتی گرتبێت بە دڵی خۆی کتێبی خۆی بە عیبری بنووسێت و، ئەوانە لەسەر حیسابی سەلاحەدین نووسراونەتەوە و بڵاوکراونەتەوە، ئێستا قەومی جوو و ئیسرائیل شوێنێکی زۆر تایبەتیان بۆ ئەوە هەیە ( لە قاهیرەش کەنیشتیکی هەیە (בית כנסת הרמב”ם ).
سەلاحەدین، قەڵەمڕەویی بە گەورەیی ئەوەی شارلمان هەبوو، بەڵام بە پێچەوانەی شارلمان خەڵكی لەسەر ئاین سەر نەدەبڕی: هەموو، هەر هەموو قەومانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هێرشی ئەوروپاییان کە بە کەباب و شورباوگۆشت و نازانمچیی بیانخۆن دەپاراست.
ئەوە لە سەرووی ئاستی کورد و عارەب و ئیدییەوە بوو، ئەوە پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە هێرشیکی ئەوروپایی وەحشی.
ئەگەر ئەوە لە عەشیرەتی رەواد‌ی کورد بێت و، هەموو دنیا شانازیی پێوە بکات، بۆچی کوردەکە خۆی شانازیی پێوە نەکات؟
ئێمە شانازی بە کاک “بیرکار کۆچەر” دەکەین و، هەقی خۆمانە، ئەو دەتوانێت چیمان بۆ بکات هیچ، خۆ فەقیرە چیمان بۆ بکات.
ئەی شارلمانێکی کورد بەڵام بە نموونەی ئینسانیەت و بە مێژوو دروست‌کردن کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هێرشی وەحشیگەری پاراستووە بۆچی جێی شانازی نەبێت؟
ئەوجا، ئەو تورکیایەی کە هەیە، بە “سەلجووقییەکانەوە” دەستی پێ‌کردووە، شوێنێکی تورکیایان بە مووچە وەرگرتووە و، وا شکاوەتەوە کە دوایی ئەولادی ئەوانە کردوویانە بە تورکیا.
بەڵام ئەو دەوڵەتەی کە پێغەمبەری ئیسلام دایمەزراند، دوای چەند سەدەیەک بوو بە (عوسمانیی تورکی-‌ زمان) و (سەفەویی فارسی- زمان)، خۆ خەتای پێغەمبەر لەوەدا چیە؟
عارەب پێی‌ بڵێن: ئەو دینە چی بوو هێنات کە سوننە و شیعەی لێ دروست بوو و کەوتینە بەر دەستی تورک و فارس؟
خۆ با ئەولادی ئەو و سەحابەکەی وەکو ئەولادی سەلجووق وایان بۆ عارەب بشکاندایەتەوە کە ببوا بە دەوڵەتێکی گەورەی عارەب نەک بچنە ژێر دەستی فارس و تورکەوە و ئەوجا ژێر دەستی سایکس و پیکۆ.
“جرجی زیدان” لە “صلاح‌الدین الأیوبی”دا دەڵێت: خەڵکی میسر لە ژێر حوکمی “کوردەکانی” سەلاحەدیندا هەستیان بە بێدەسەڵاتیی خۆیان کردووە، ئێ با ئەولادی ئەویش وەکو ئەوانەی سەلجووقییەکان توانیبایان درێژەی پێ بدەن، سەلاحەدین لەدوای خۆی چێ بکات.
سەلاحەدین “رواق الأکراد”ی لە ” الأزهر” دامەزراندووە، هەژار جارێک چووەتە لایان، بە پارەی ئەوقاف بورسی خوێندن هەر بە کورد دەدەن، کێ لە کوێی رابردوو وای بۆ هاونەژادی کردووە؟
کورد فیز بەسەر فارسەوە لێ دەدەن کە مامۆستا هەژاری ئێمە “القانون في الطب”ی بۆ کردوون بە فارسی، کەچی سەلاحەدین کە ئەو دەورە جیهانییەی هەبووە لە خۆمان دوور دەخەینەوەو دەیدەینە دەست داگیرکەرەکانمان تا ئەوان بۆ مەبەستی خۆیان کەڵکی لێ ببینن…

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …