Home / بەشی مێژووی كورد / لەبارەی کتێبی (کوردلەر)ەوە.. (دۆزینەوەی ساختەکارییەکی گەورەی مێژوویی دەرهەق بە کورد)

لەبارەی کتێبی (کوردلەر)ەوە.. (دۆزینەوەی ساختەکارییەکی گەورەی مێژوویی دەرهەق بە کورد)

جەواد خەلیل 

  لە ساڵی 1918  لە ئەستەنبوڵ کتێبێک  لەسەر کورد بە زمانی تورکی عوسمانی بڵاودەکرێتەوە، بە ناونیشانی (کردلر: تاريخی و اجتماعی تدقیقات)       واتا(كوردەکان:خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) و لەسەر بەرگی کتێبەکەیش نووسراوە: (نوسەری ئەم کتێبە( دکتۆر فریچ) ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانییە لە ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتیی لە بەرلین و  لە لایەن” بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ کاروباری عەشایەر و کۆچەران/ سەر بە وەزارەتی ناوخۆ”ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی عوسمانی).  لە ساڵی 2014 ئەم کتێبە جارێکی تر لە تورکیا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی تورکی نوێ. ئەوەی جێی سەرنجە لە هیچ کامێک لەو چاپێلا ناوی وەڕگێڕ نەنووسراوە و تەنها ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە نووسراوە!

✮ دکتۆر فریچ کێیە؟

ئەو کەسەی ناوی لەسەربەرگی ئەو کتێبە نووسراوە و گوایە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانیە و ناوی (دکتۆر فریچ)ە، لە ڕاستیدا نە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەڵمان و نە لە ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتی بەرلین کتێبێکی لەو جۆرەو نووسەرێک بەو ناوەوە هەبووە و تێکڕای ئەمانە درۆ و هەڵبەستراوی کەسێکی دیکەن، کە بە پلان و بە مەبەست پەنای بۆ ئەم ناوە ساختەیە بردووە.

‌✮ هەڵوێستی ڕۆشنبیر و منەوەرانی کورد لە سەر ئەم کتێبە چی بوو؟

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ڕۆشنبیر و خوێندەوار و منەوەرانی کوردی  ئەو سەردەمە کە ئاگایان لە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە بوو، لەبری ڕەخنەلێگرتن و  دۆزینەوەی مەبەستە  سەرەکیەکەی پشت ئەم کتێبە، کەوتنە پیاهەڵدان و ئاماژەکردن پێی وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ لە سەر کورد.
(کامەران بەدرخان) یەکێک بوو لەوانەی زۆر بە گرنگییەوە باسی دەکرد، بەو پێیەی یەکەمین جار بوو لە لایەن دەزگایەکی فەرمی دەوڵەتی عوسمانییەوە کتێبێک بە تایبەتی لە سەر کورد بنووسرێت!

مێژوونووسی ناسراوی کورد (محەمەد ئەمین زەکی بەگ)یش لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا (خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) ئاماژەی بەم کتێبە و نووسەرەکەیشی کردووە و سوودی لێ وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی (دکتۆر فریچ)ی بە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی ناوبردووە کە گرنگی بە مێژووی کورد داوە و تەنانەت لە وەرگێڕانە عەرەبیەکەی (محمد عەلی عەونی)دا ئەم ڕۆژهەڵاتناسە ساختە و دروستکراوە بە عەلامە ناوی بردراوە!

✮ کەواتە ئەگەر دکتۆر ڤریج بوونی نەبووە لە ڕاستیدا، ئەی کێ ئەم کتێبەی نووسیوە و بۆچی نووسیویەتی؟

ئەم کتێبە لە لایەن کابرایەکی ئەلبانییەوە نووسراوە بە ناوی (ناجی ئیسماعیل‌) کە لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا وەکو وەرگێڕ کاری کردووە، ئەو خۆی لە یەکێک لە کتێبەکانیدا و دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 12 کتێبی نووسیوە و نەیوێراوە ناوی خۆی بنووسێ و ناچار بووە کە ناوی ئەوروپییەکان بخاتە سەر بەرگەکەی و وایدابنێ کە ئەوانە ڕۆژهەڵاتناسەکان نووسیویانن و ئەمیش وەرگێڕانی بۆ کردووە، تەنانەت لەوانەیشی کە دەبووا ناوی وەرگێڕی لەسەر دابنرایە بە ناوی خوازراوی (هابیل ئادەم)ەوە بڵاوی دەکردنەوە.

✮ ناجی ئیسماعیل(هابیل ئادەم) بیانووی بۆ ئەم کارەی دوو هۆکاری سەرەکی بووە، کە خۆی دانی پێدا ناوە و دەڵێت:

یەکەم: ئەگەر وام نەکردایە، دەوڵەتی عوسمانی بیروڕاکانی منیان قبوڵ نەدەبوو، ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی نەدەدا، بەڵام کە دەیانزانی هی ڕۆژهەڵاتناسەکانە ڕێگایان پێ دەدام وەکو وەرگێڕان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەمان بیروڕا بڵاوبکەمەوە.

دووەم: بەم ڕێگایە خۆمم لە لێپرسینەوەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی دەپاراست و نەیاندەتوانی لە سەر بۆچوونەکانم سزام بدەن چونکە ئەوە قسەی ڕۆژهەڵاتناسەکانە و من تەنها وەرم گێڕاوە.

ناجی ئیسماعیل یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی کە لە پێناوی بە دەستخستنی پارەیەکی زۆر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ خەڵک و ڕای گشتی بە هەڵەدا بردووە و فریوی داون، یەکێکیشە لەو کەسانەی برەوێکی زۆری بە تێزی تورک بۆ مێژوو داوە.

ناجی زۆر کاری ساختەکردنی دیکەی ئەنجامداوە و دوای کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر لە ئەستەنبوڵەوە سەرپەرشتی گروپێکی دوانزە کەسی کردووە کە لە بری خۆی هەستاون بە گۆڕینی ڕاستییە مێژووییەکان و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەیشی خستۆتە ژێر هەژموونی خۆیەوە.

✮ ناجی ئیسماعیل(هبیل ئادەم) کتێبەکەی چۆن نووسیوە و باسی چی کردووە؟

ئەم نووسەرە ساختەکارە، بەشی هەرە زۆری زانیارییەکانی نێو کتێبەکەی لە (شەرەفنامە)ی (شەرەفخانی بەدلیسی)ەوە وەرگرتووە و لە فارسیەوە وەریگێڕاونەتە سەر کوردی و ئەو بەشانەشی کە تایبەتن بە ڕەچەڵەکی کورد بە پشت بەستن بە سیاسەتی ئیتیحادییەکان و بە تورکیکردنی هەموو شتێک، هەوڵیداوە بیسەلمێنێ کە نەتەوەیەک نیە لە سەر زەوی بە ناوی کورد و تەنانەت زمانەکەشیان زمانێکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو تەنها 300 وشەیان هەیە و گرێدراوی زمانی تورکین.

ناجی ئیسماعیل لەم کتێبەدا بە شێوازێکی زۆر دوژمنکارانە دژی کلتور و ژیان و بیرکردنەوەی ئینسانی کورد دەنووسێت و دەیەوێ لە ڕێیەوە شوناس و شکۆی کورد تێک بشکێنێ و حاشا لە بوونیشیان بکات، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دەبینین چۆن دەوڵەتێکی وەکو تورکیا بە درێژایی چەندین دەیە ئەم کتێبەی کردۆتە نەخشەڕێگای خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد و خزمەتکردنی سیاسەتی بەتورک کردنی هەموو شتێک و لە ڕێی ئەم کتێبەوە لە کورد و ڕەچەڵەک و زمانەکەی ڕوانیوە.

✮ دوای سەدەیەک ڕاستکردنەوە و ئاشکرابوون..!

ئەم کتێبە لەم دواییانەدا لە لایەن چەند لێکۆڵەرێکەوە ساختەبوونەکەی ئاشکراکرا، بەڵام بۆ ئێمەی کورد هێشتا هەر کتێبێکی ڕاستەقینە بوو، خۆشبەختانە(دکتۆر جەبارقادر) لە نوێترین کتێبیدا بە ناونیشانی (کردلەری دکتۆرفریچ.کتێبێکی هەڵبەستراو و نوسەرێکی خەیاڵکرد)  کە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لەو کتێبە هەڵبەستراوە، پەردە لەسەر ئەو درۆ لە مێژینەیەی تورک هەڵدەماڵێ و ئەو ساختەکارییە مێژووییە ئاشکرا دەکا و ساغی دەکاتەوە. ئەمەی دکتۆر کردوویەتی کارێکی ئێجگار مەزنە، خۆزگە لێکۆڵەران و مێژوونووسانی دیکەی کورد هەندێک بەرهەمی دیکەی وەهایان دەبوو، مێژووی ئێمە پڕە لە ساختەکاری و زۆریشی لە لایەن نەتەوە دراوسێکانمانەوە نووسراون و بە تەواوی ڕاستییەکانیان شێواندووە و ئێمەش وەکو خۆی وەرمان گرتوون.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …