Home / بەشی مێژووی كورد / سمکۆ لەدوو دیداری مێژویی سەیردا

سمکۆ لەدوو دیداری مێژویی سەیردا

ئا: ئاسۆ ئازاد

یەکەم/  لەگەڵ مار شیمۆن
مارشەمعون ،ڕابەرایەتی دینی وسیاسی ئاسورییەکان ( نەستورییەکان) وکەسایەتیەکی ناسراوی ناوچەی وجیهانی بوو، سەرپەرشتی کۆچێکی بەلێشاوی ئاسوریەکانی لە  هەکارییەوە بۆ ورمێ کرد،لەترسی سوپای عوسمانی وپاشەکشەی سوپای ڕووس لەناوچەکە و ،لەو وەختەشدا ئەمان ببونە پاشکۆیان وخۆیان پیاهەڵواسیبوون،لەم کۆچەشدا دەیان  کەسیان لێ کوژراو،ئەوانیش بێڕەحمانە دەیان ئاوای کوردو تورکیان تاڵان وقەتڵ وعام کرد.

کاتێکیش هاتنە خاکی ئێرانەوە،سوپای ڕووس ویستیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی جەبهەیی ولاوازی و شڵەژانی سوپاکەیان سودیان لێببینن ،بۆئەمەش چەند دەستەومیلیشیایان بۆ دروست کردن لەوناوچە سنوریانە وچاوپۆشیان لەڕەفتاریان کرد،بەجۆرێک کە ئەم  گروپانە، هیچ حسابێکیان بۆدەسەڵاتی ئێران وبەرپرسانی ورمێ وتەبرێز  نەدەکرد.

بەهۆی ئەو هەلومەرجە خراپەی جەنگ هێنابوویە کایەوە و ،تەقینەوەی ناکۆکی خوێناوی (مەزهەبی ونەتەوەیی) وهاتنی چەندین گروپی ئەرمەنی خەڵکی قەفقاس بۆ تاڵانی لەئاواییەکانی ناوچەکەو،حەزی تۆڵەکردنەوە لەخەڵک ، شەڕێکی سەختی خوێناوی لەنێوان [ئاسورییەکان ئاوارەکان/ وعەجەم  ( ئێلە تورکمان وئازەریە شیعەکانی) خەڵکی ئازەربایجان] هاتەکایەوە.

کورد سەرەتا تەرەفی ڕاستەوخۆ نەبوو لەم شەڕە خوێناوییە، بەڵام ئاسوریەکان کەئاوارەبوون و خاوەن میلیشیاو دەسەڵاتداربوون، بۆ ڕاگرتنی باڵانسیان بەرامبەر عەجەم ،کەخەڵکی ناوچەکەو ژمارەیان یەکجار زۆربوو ،هەوڵیاندا کورد بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بۆ ئەم مەبەستە مارشیمۆن داوای دیدار لەگەڵ سمکۆ دەکات.

پێکەوە قەرار ئەدەن لە شاری سەڵماس یەک ببینن، لەوکات وشوێنەی کەدیاریان کردبوو،( ۳-۳-۱۹۱۸)مارشیمۆن بە تەنتەنە وشکۆوەو بەنزیکەی ١٤٠ سوارەی هەڵبژاردەی ئاسورییەوە ئەگاتە جێ،
دوای دانیشتن مارشیمۆن ئەمە بە سمکۆ ئەڵێت : ” ئەم سەر زەمینەی کە ئێستا ناوی کوردستانە نیشتیمانی ئێمەمانان بو،بەڵام جیاوازی لەدین دا ئێمەی لەیەکتر کرد،ئێستا ئەبێت ببینە هاودەستی یەکتری وئەم سەر زەمینە بگرینە دەست”.

دوای تەواوبونی قەول وقەراروسمکۆش بەڕووخۆشی بەڵێنی پێ ئەدات،بەڵام دوای پشت هەڵکردنی وڕۆیشتنی، سمکۆ لەدواوە ئەیداتە بەر دەمانچەو ئەیکوژێت، ودەستە نهێنیەکەشی نزیکەی هەموو پاسەوانەکانی مارشیمۆن ئەکوژن.

ئەمکارەی سمکۆی لەڕەفتاری جوامێرانەی کورد دووربوو،کێشەی گەورە بۆ خۆی وکورد وەک نەتەوە دروست ئەکات،دواتریش بەجۆرێک پەشیمانە لەم کارەیی،

پاڵنەرەکانی  سمکۆ لەم تیرۆرکردنەدا ڕای جیاوازی لەسەرە:

/ هەنێک ئەڵێن:  بۆ ئەوە بوو کە ئاسورییەکان چاویان بڕی بوە زەوی کورد ودەیانویست دەوڵەتی لەسەر دروست بکەن،بەکوشتنی کەسی یەکەمیان، پیلانەکە پوچەڵ کرایەوە.

/بۆچونێکی تر ئەڵێت: ئەمکارەی بۆ ئینگلیزەکان کردووە بەپارە ،بۆ ئەوەی بەتیاچونی مارشیمۆن  – ئاغا بگرس بێتە پێشەوە.

/ڕایەکی تر ئەڵێت:  ئەمەی لەسەر داوای والی ئازەربایجان (ئێران) کردووە ،بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتاری خەڵکی ورمێ، لەئاسورییەکان،کەخۆشی ( سمکۆ) لەدیدارەکەی لەگەڵ مستەفا پاشا یاموڵکی دا دانی پیائەنێت.

لەکاتێکدا  عەجەمەکانیش بۆ چەندین سەدە ودەیانجار کوشتاری هۆزە کوردەکانی ناوچەکەیان کردوەو لەئاواییەکانی ئەوناوچانە دەریان کردوون، والیە عەجەمەکانیش  باپیرە گەورەو برا گەورەکەی سمکۆیان کوشت بوو،هەروەها چەندان جار بێبەڵێنێ ودرۆیان لەگەڵ خۆشی کردبوو،هەردوای کەتنەکەش والی ئازەربایجان کەلەملاوە بەڵێنی بەسمکۆ داوەو هانیداوە ،لەلایەکی تریشەوە ١٠٠٠ چەکدار ئەنێرێت بۆ مینای شەرەفخان لەسەر دەریاچەی ورمێ ،تا لەوێوە پەلاماری سمکۆ بدەن ،بەم پیلانە زیرەکانەش شەڕەکە لەنێوان عەجەم وئاسورییەوە ئەگوازرێتەوە بۆشەڕی کوردو ئاسوری.


دووەم / لەگەڵ ڕەزاخانی پەهلەوی

ڕەزاخان دوای ئەوەی بو بەسەرداری سوپاو وەزیری جەنگ لە ساڵی١٩٢٤ سەردانێکی ئازەربایجانی کرد،ئەوسا عەبدوڵا خانی ئەمیر طهماسبی فەرماندەی لەشکری باکوری ڕۆژاوای ئێران بو، لەوکاتەشدا دەوڵەت بەناو لەسمکۆ خۆش ببو، لەو سەردانەشدا ڕەزاخان وسمکۆ لەشاری سەڵماس یەکتریان بینی.

نوسەرێکی ئێرانی لەزمانی هاوسەفەرێکی ڕەزاخانەوە ،ئەم چیرۆکی یەک بینینە ئاوا ئەگێڕێتەوە:

“لەماوەی چەند ڕۆژێکدا فەرماندەی لەشکر بەو پەڕی خۆشیەوە ،کەوتە پیشاندانی پێشکەوتن وئیسڵاحات و باشیەکانی زەمانی خۆی، سەرۆکی عەشیرەتەکانی بانگ کردە خزمەت ،ویستی لەناویشیاندا ئیسماعیل ئاغای ناسراو بەسمکۆ بەسەرداری سوپا( ڕەزاخان) بگەیەنێت.

لەبەرئەمە عەبدوڵاخان لەپێشدا تەلگرافی بۆ سمکۆ کرد کەلە سەڵماس ئامادە بێت، تا بەخزمەتی حەضرەتی ئەشرەف بگات
،سمکۆش لەگەڵ ٨٠٠ نەفەری سواری کورد هەمو بە جلوبەرگی قەشەنگ ومەوهیبی کوردییەوە،بەچەکداری ڕیزیان بەست بۆچاوەڕوانی گەیشتنی فەرماندەی گشتی لەشکر.

ڕەزاخان کاتێ گەیشتە جێ و ژمارەی هاوڕێکانی خۆی،کە تەنها ئەوانەی ناو دوو ئۆتۆمبیل بون ،بینی و دیمەنی ٨٠٠ سواری کوردی چەکداریشی لەپشت سەری ئیسماعیل ئاغاوە دی و سەیریشی کرد سەربازخانەکە چۆڵە، بێ ئەندازە ترساو هەقیشی نەبو.

مەگەر ئەمە هەمان سمایل ئاغا نیە کە٤٠٠ ژاندارمی بەچەرمەسەری کوشت؟ مەگەر ئەمە ئەو مرۆڤە ترسناکانە نین ،کەبێڕەحمانە خەنجەرەکانی کەمەریان دەرئەکێشاو ورگیان ئەدڕی وسەریان ئەپەڕاند؟ بەخەیاڵیدا هات کە ئەم فەرماندەمانە چی گەوجێکە ،کەوا من وخۆیشی بەدەست بەستراوی خستە داوی ئەم جانەوەرانە، کەتەنیا یەک فەرمانی سمکۆیان بەسە تا، لەت و پەتمان بکەن.

لەگەڵ ترسی زۆردا دیسان ڕەزاخان ،وەک هەمیشە ڕۆڵی خۆی بەباشی گێڕاو پەشۆکانی دەرنەخست،تەنیا چەند کەسێکی نزیکی هەستیان پێکرد، کاتێکیش سمکۆ لەئەسپەکەی دابەزی وبەشێوازی خۆیان سڵاوی لە ڕەزاخان کرد، ڕەزاش بەئەنقەست گوێی نەدایەو بەلوت بەرزییەکەوە
وەڵامێکی ساردی دایەوەو ڕووی کردە سەربازخانەکە.

کاتێکیش ئەچێتە سەربازخانەکە،ئەفسەرەکەی ئەوێ بەڕێزێکەوە سڵاولە ڕەزاخان ئەکان،کەچی بەهۆی توڕەییەوە گوێی پێنادات ولەحیرسا شەلاقەکەی دەستی ئەشکێ، هەمو ئامادەبوانیش بەسەرسامییەوەکە ڕاوەستابون وکەس لەهۆی ئەم ڕەفتارەی ڕەزا تێناگات.

ئەوماڵەی کە شەو بۆ ڕەزایان ئامادەکردبوو،تێیدا نەنوست وتا بەیانی لەناو ژوورەکەیدا هاتوچۆی ئەکرد، ناهەقیشی نەبو،تەنانەت سمکۆش لەدوایدا ،لەگێلێتی خۆی سەری سوڕمابو وئەسەفی خواردبو کەچۆن ڕەزاو هاوڕێکانی وەک باڵندەی کەساس کەوتبونە دەستی، و سودی لەئیقباڵی خۆی وەرنەگرتووە.

سمکۆ ئەم قسانە کاتێک ئەکات ،کە لە دوایدا ئەچێ بۆ شەڕی لەشکری باکوری ڕۆژاوا وتویەتی : من ئیحتیمالی زۆردائەنێم لەم شەڕەدا بەشکاوی لەناوبچم ،ئەمەش چارەنوسی منەو مەحکومم بەلەناوچون ،چونکە کاتی خۆی ئەم توانی هەمویان تەخت بکەم ،بەڵام نەم کرد و شەقم لەبەختی خۆم هەڵدا.

لەکۆتایی سەردانە تەشریفاتیەکەی وبەخشینی خەڵات وبەرات وگەڕانەوەی ڕەزا،کاتێک بەئەندازەی پێویست لەسمکۆ دوور ئەکەوێتەوە،لە قاوەخانەیەک لائەدات وهەناسەیەکی قوڵ هەڵئەکێشێت وبەزمانی حاڵی ئەڵێت : عەجەب توشی تەڵەیەک بوین،ئەم بەرپرسە گەمژە چۆن ئێمەی خستە تالوکەوەو ،ئەوەندەی نەمابو بەخۆڕایی تیابچین…بیحەمدیلا بەخێر تێپەڕی” .

سەرچاوە / کورد وعەجەم مێژوی سیاسی کوردەکانی ئێران،
نەوشیروان مستەفا ئەمین.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …