Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / حکایەتی زاواکان لەکۆشکی دەسەڵاتدا

حکایەتی زاواکان لەکۆشکی دەسەڵاتدا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە ماوەی پێشوودا خۆشم نازانم چۆن بوو، کۆمەڵێک حکایەتی سەیرو سەمەرەم لەبارەی کۆشکەکانی دەسەڵات لا کۆبووەوە. دیارە هەموویان بەیەک جار نا، بگرە لە هەر کتێبە و شتێکم دەستدەکەوت، پاشان فکرەی ئەوەم بە خەیاڵدا هات، کە هەوڵی زیاتر بددەم و هەموویان لە داهاتوودا لە پرۆژەی کتێبێکدا کۆبکەمەوە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم ئەم حکایەتانانە یان ئەم وتارانەی کە بە نیازم بەش بەش بیانووسم، هەر هەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکانی پەیوەندییان بە کۆشكی دەسەڵاتەوە هەیە. هەر لە دێر زەمانەوە دەسەڵاتداران خاوەنی کۆشكێکی تایبەت بوون، لەناو ئەم کۆشكانەشدا حوکمی وڵات کراوە، پیلان بۆ دوژمنان دانراوە، جەنگ بەرپا کراوە. لەپەنا ئەمەشدا، هەر لەناو ئەندامانی کۆشکیشدا،ململانێ و جەنگێکی گەورەو شاراوە هەبووە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کۆشكی دەسەڵات، پڕیەتی لە حکایەتی ” خۆشەویستی، خیانەت، پیلاندانان، خوێن ڕشتن” کاتێکیش ئاماژە بە کۆشكی دەسەڵات دەکرێت، کەمتر حکایەتی باشی لە بارەوە گێراوەتەوە.
من لەم نووسینەمدا هەوڵ دەدەم باسی ” زاواکان، شۆڕشگێران،کۆشکە گەورەکانی دەسەڵاتی جیهان، نووسەران و بیرمەندان، رۆژنامەنووسان، ژنانی سەرۆک ” دەکەم. هیوادارم لە رێگەی ئەم نووسینەوە، کەمێک باسی لایەنە ناشیرینەکانی کۆشكی دەسەڵاتیش بکەم، کە بەداخەوە زۆربەی خەڵکی خەونی پێوە دەبینێت.

زاواکان لە کۆشکی دەسەڵات
هەمووکاتێک کە سەرۆکی وڵات کەسێکی دیکتاتۆر بوو، ئەندامانی بنەماڵەکەشی بە ژن، کوڕ، کچ، ئەوانیش دەسەڵات پەیدا دەکەن. مەسەلەی دەسەڵاتی بەهێزی کوڕی سەرۆک، زۆرن لە مێژوودا، بەڵام من باسی چەند حکایەتێک دەکەم، کە پەیوەندیان بە زاواکانەوە هەیە. زۆرجار مێردی کچی سەرۆکیش، لەناو کۆشكی دەسەڵاتدا، رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لەم وتارەدا باسی چەند نموونەیەک دەکەم کە تاڕادەیەک لەناو مێژوویی سیاسی جیهاندا، رۆڵی بەرچاویان هەبووە، هەندێکیشیان لەئێستادا رۆڵیان هەیە، ئەوانیش: کۆنت گلاسیۆ شیانۆ زاواکەی مۆسۆلینی سەرۆکی ئیتالیا و باوکی فاشیزم، ئەشرەف مەروان زاوای جەمال عەبدولناسر سەرۆکی پێشووی میسر، حوسێن کامیل زاوای سەدام حوسێن سەرۆکی پێشووی عیراق، بیرات ئەلبیرقی زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و جارید کۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەم.

زاوا خائینەکەی مۆسۆلینی

یەکێک لەو حکایەتە سەیرانە زاواکەی مۆسۆلینییە، بینتۆ مۆسۆلینی لە ساڵی 1922 ەوە هەتاوەکو ساڵی 1944 سەرۆکی ئیتالیا بوو، هەروەها بە باوکی فکری فاشیزمی ئەوروپا دەژمێرێت و یەکێکیش بوو لە دیکتاتۆرە دڕندەکانی جیهان. لە ساڵی 1930 کۆنت گلاسیۆ شیانۆ ئادای کچی مۆسۆلینی هێنا. شیانۆ لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی هەرێمی تۆسکانای باکووری ئیتالی لەدایک بووە، پێشتریش لە بواری دیپلۆماتیدا کاریکرد بوو و ماوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئیتالیا لە چین و بەرازیل کاریکرد بوو، بەڵام پاشان کاتێک ساڵی 1930 ئادای کچی مۆسۆلینی دەهێنیت، لە لووتکەی دەسەڵات نزیک دەبێتەوەو دەبێتە جێگای متمانەی مۆسۆلینی و لە ساڵی 1936 هەتاوەکو 1943 پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا دەگرێتە ئەستۆ و دەبێتە دەمڕاستی مۆسۆلینی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها لەناوخۆشدا رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت.
لە 23 تەموزی ساڵی 1943 دا کاتێک ئەنجومەنی باڵای پارتی فاشیزم بڕیار دەدات مۆسۆلینی لەسەر کورسی دەسەلات لابدات، شیانۆش دەنگ دەدات بە لابردنی خەزوری، ئەمەش دەبێتە مایەی نیگەرانی گەورە لای مۆسۆلینی، لە وێدا مۆسۆلینی رستە ناودارەکەی دەڵێت:
تەنانەت تۆش شیانۆ دەنگ بەلابردنی منت داوە؟!. شیانۆش لە وەڵامدا دەڵێت: جەنابی مۆسۆلنی ئێستا کاتی قسەی زل و باق بریق نییە، خۆ تۆ یۆلیۆسی قەیسەر نیت و منیش بروتس، تۆ بەهۆی سیاسەتی پشتگیریکردنی هیتلەرەوە ، وڵاتت بەرەو کارەساتی گەورە بردووە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە وازبهێنێت، تاوەکو بتوانین لە رێگەی دانستوانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکان، ئیتالیا لە جەنگێکی ماڵویران رزگار بکەین.
بەڵام پاشان هیتلەر سووپا دەنێریت بۆ ئیتالیا و مۆسۆلینیش رزگار دەکات، یەکسەر تەواوی ئەنجومەنی باڵای پارتی فاشیزم لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەڵمانییەوە ” گیستاپۆ” دەگیرێن و دەخرێنە زیندانەوەو دادگایی دەکرێن.
ئەمجارەیان ئادای کچی مۆسۆلینی دەچێت لە باوکی دەپاڕێتەوە کە مێردەکەی نەکوژێت، باوکی بەڵێنی پێدەدات کە لێیخۆشبێت و نەیکوژێت، بەڵام هیتلەر رازی نابێت و بڕیاری گوولەبارانکردنی بۆ دەردەکات و دەیکوژێت.
لە پاش گوولەبارانکردنی شیانۆ، ئادای کچی مۆسۆلینی زۆر نیگەران و دڵگران دەبێت و دژی باوکی دەوەستێتەوە. جێگەی ئاماژەیە ئەو دادگا مێژوویەش لە شاری فیرۆنای باکووری ئیتالیا ئەنجامدرا، ئەو شارەی کە شکسپیر دەیکاتە مەیدانی شانۆگەری رۆمیۆ و جولێت. ئەم داداگایەش لە مێژووی ئیتالیادا گرنگی خۆی هەیە.

زاواکەی ناسر
حکایەتێکی تر کە مایەی سەرنجم بوو ئەشرەف مەروانی زاوای جەمال عەبدول ناسری سەرۆکی پێشووی میسرە. لە ماوەی پێشوودا حکایەتی ئەشرەف مەروان لەناو میسر و دەرەوەشدا بۆتە مایەی گرنگی پێدانی میدیاکان، بەتایبەتی لە پاش ئەوەی ئارون بیرگمان بەرپرسی دۆسێی میسر لە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی” موساد” لە ساڵی 1973 کتێبێکی لەبارەی ئەشرەف مەروانەوە نووسیی تێیدا باسی لەوەکردووە کە لە ساڵی 1973 دا، نەخشە پلانی سەربازی میسری داوە بە موسادی ئیسرائیلی. هەرچەندە هەتاوەکو ئەمڕۆش کەس نازانێت ئایا ئەشرەف مەروان سیخوری ئیسرائیلی بووە یان سیخووری دوو لایەنە بووە، چونکە لەناو میسردا هێشتا لە لایەن دەزگای سەربازییەوە ، کە بەهێزترین رۆڵی لەناو دەوڵەتی میسردا هەیە، بەرێزەوە باسی ئەشرەف مەروان دەکرێت.
ئەشرەف مەروان مێردی مونا کچە خۆشەویستەکەی جەمال عەبدول ناسر بوو کە لە ساڵی 1954 ەو ەهەتاوەکو ساڵی 1970 سەرۆکی میسر بوو. ئەشرەف مەروان لە ساڵی 1944 لەدایک بووەو ساڵی 1965 بەکالۆریۆسی لە بەشی زانستەکان لە زانکۆی قاهیرە هێناوە، پاشتریش لە بەریتانیا دکتۆرای هێناوە. دواتریش وەکو ئەفسەر لە سووپای میسریدا کاریکردووە. لەسەردەمی ناسردا، دەسەڵاتێکی باڵای هەبوو بەتایبەتی لە رووی گەشەپێدانی چەکی سەربازی میسری و راوێژکارێکی نزیکی ناسر بوو. ئەمیش لە کۆشكی ناسردا خاوەنی بڕیاڕ بوو.
لەپاش مردنی ناسریش هەر لە کۆشکی سەرۆکایەتی مایەوەو بوو بە راوێژکاری سەرۆک ئەنوەر سادات. لەساڵی 1975 هەتاوەکو 1979 سەرۆکی دەزگای پیشەشازی سەربازی میسری بوو، لە ساڵی 1983 ەوە هەتاوەکو ساڵی 1987بوو بە باڵیۆزی میسر لە بەریتانیا. دواتریش هەر لە بەریتانیا مایەوەو خەریکی بازرگانی بوو لە ساڵانی نەوتەکاندا،بوو بە یەکێک لە ملیاردلێرە گەورەکانی میسر. بەڵام لە ساڵی 2007 دا لە شووقەکەی خۆی ، لە نهۆمی حەوتەوە کەوتە خوارەوەو یەک راست گیانی لە دەستدا. پاشانیش تەرمەکەی برایەوە میسر و بەشێوەیەکی شایستە بە خاک سپێراو حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر، ئامادەی بە خاک سپاردنەکەی بوو.
بەڵام پاشتر لەناو میدیای میسریی و عەرەبیدا قسەوباسی زۆر لە بارەی سیخوریی ئەشرەف مەروان دەکرێت، رۆژنامەی تایمزیش لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەشرەف مەروان لە ساڵی 1969 ەوە سیخوری بۆ ئیسرائیل کردووە. رۆژنامەنووسی ناوداری مسیریش محەمەد حەسەنێن هەیکلیش لە زۆر شوێندا نیگەرانی خۆی لە ئەشرەف مەروان دەربڕیوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم حکایەتەدا، ئەشڕفە مەروان سیخوری بۆ ئیسرائیل کردووە، لە کاتێکدا جەمال عەبدول ناسر بە باوکی عروبە و دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێت.

زاواکەی سەدام حسێن
هەموومان دەزانین کە سەدام حسێن کەسێکی دیکتاتۆر و ملهوڕ بوو، لە کۆشکی سەدامیشدا زۆر کەم کەس جێگەی دەبوویەوەو یان دەبوونە جێگەی متمانەی سەدام، یەکێکیش لەو کەسانەی کە بوونە مایەی متمانەی سەدام ” حسێن کامیل” بوو، کە خزمی نزیکی سەدام بوو، هەروەها ماوەیەکی زۆر پاسەوانی شەخسی سەدام بوو، پاشان سەدام هێندە متمانەی پێ بوو، کە کچەکەی خۆی پێدا و کچێکی تریشی دا بە براکەی حسێن کامیل.
حسێن کامیل لە ساڵی 1954 لە دایک بووەو ئامۆزای سەدام حسێن بووە، بە پێی هەندێک سەرچاوە بێت، پێشتر نائیب عەریف بووە لە سوپای عیراقیدا، بەڵام پاش ئەوەی سەدام حسێن ساڵی 1979 دەسەڵات دەگرێتە دەست، لە سەدام نزیک دەبێتەوەو دەبێتە پاسەوانی تایبەتی سەدام، پاشان دەبێتە جێگەی متمانەی سەدام و ساڵی 1983 رەغدی کچی سەدام دەخوازێت.
پاشان حسێن کامیل لە لووتکەی دەسەڵات نزیک دەبێتەوەو دەکرێتە ئەمینداری گشتی لە وەزارەتی پیشەشازی سەربازی و پاشتریش دەبێتە وەزیری پیشەشازی سەربازی، کە گرنگترین وەزارەتی عیراق بووە، هەروەها دەبێتە سەرپەرشتیاری گشتی چەکی ئەتۆمیی و کیمایایی عیراق. ئەوەی جێگەی سەرنجە حسێن کامیلیش وەکو ئەشرەف مەروان، دەبێتە سەرۆک و بڕیاردەری پیشەشازی سەربازیی و کیماییی وڵات.
حسێن کامیل لە پاش ئەوەی سەدام ساڵی 1989 سزای عودەی کوڕی دەدات، هێندەی تر دەسەڵاتی بەهێزتر دەبێت بەتایبەتی رۆڵی سەرەکی دەبێت لەناو سووپا و کەرتی ئابووریی و پیشەشازیی عیراق.
حسێن کامیل پاشئەوەی سەدام لە ساڵانی نەوتەکاندا دەسەڵات و پارەی نامێنێت بیر لە خیانەتکردن دەکاتەوە ئەوە بوو لە ساڵی 1995 و عیراق بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئوردون داوای مافی پەنابەری سیاسی دەکات، لە ئوردونەوە دژایەتی سەدام دەکات و دواتریش هەموو نەخشە و پلانە سەربازییەکانی سووپای عیراق و کۆمەڵێک نهێنی تری سەدام دەداتە دوژمنانی سەدام لە پێش هەمووشیانەوە ئەمریکا و سعودیە.
حسێن کامیل وای دانابوو کە ئەو دەبێتە دەمڕاستی ئۆپۆزسیۆنی عیراق و لەدەرەوەی وڵاتەوە دەتوانێت سەدام برووخێنێت ، بەڵام هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، ئامادە نەبوون باوەڕ بە حسێن کامیل بکەن و کاری لەگەڵدا بکەن.
کاتێک سەیریکرد کە خەونەکانی نایەنە دیی و ئەمریکاش زۆر گرنگی پێ نەدا، تووشی بێئومێدی دەبێت،پاشان هەڵەیەکی گەورە تر دەکات، چونکە باوەڕ بەسەدام دەکات و وەعدی شەرەف لە سەدام وەردەگرێت کە لێیخۆشبووە، لەبەرئەوە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە عیراق، لە سەرەتای ساڵی 1996 دا لەگەڵ براکەیی و هەردوو کچەکەی سەدام دەگەڕێتەوە عیراق و لە 23 شوباتدا، لە لایەن عودەی سەدام حسێنەوە دەکوژرێت، دیارە حکایەتی زۆریش لەبارەی چۆنێتی کوشتنی حسێن کامیلەوە هەیە، کە هەرهەموویان ترسناکیی و دڕندەیی رژێمی سەدام حسێن پیشان دەدەن.
بە دڵناییەوە حکایەتی حسێن کامیلیش لە حکایەتی زاواکەی مۆسۆلینی و ئەشرەف مەروانەوە نزیکە، ئەمیش بووە قووربانی کۆشكی دەسەڵات.

زاواکەی ئەردۆغان
هەمیشە لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا زاوا ڕۆڵی لە ناو کۆشكی پاشاکاندا هەبووە ، بە جۆرێک زۆرجار وەکو دەمڕاستی سوڵتان وابوون، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە مستەفا کەمالی باوکی فاشیزمی تورکی، سەرەتا ویستوویەتی ببێتە زاوای یەکێک لە میرەکانی کۆشكی سوڵتان.
لە ئێستاشدا کە ئەردۆغان خەون بە دەوڵەتی عوسمانییەوە دەبینێت،دووبارە دەیەوێت فەرهەنگی دەوڵەتە نەخۆشەکە زیندوو بکاتەوە. لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا لە تەواوی میدیاکانی تورکیا و تاڕادەیەکیش جیهاندا، باسی بیرات ئەلبیرقی مێردی ئیسرای کچی ئەردۆغان دەکرێت و لە زۆر دۆسێی تایبەت و نهێنیدا باسی دەکرێت.
بیرات لە ساڵی 1978 لە ئەستەنبوڵ لە دایک بووەو باوکی رۆژنامەنووس بووەو پاشانیش بۆتە ئەندامێکی چالاکی پارتی رەفای ئیسلامی. بیرات بەشی کارگێڕی لە تورکیا و پاشانیش لە ئەمریکا خوێندووە. لە ساڵی 2007 وە هەتاوەکو ساڵی 2013 دەبێتە بەرێوبەری کۆمەڵە کۆمپانیای چالیک، کە بریتین لە کۆمەڵێک کۆمپانیای هەمەجۆر و لە زۆر بواری جیاواز دا کار دەکەن. جگە لەوەش خاوەنی کۆمەڵێک دەزگای میدیاییە لە وانە رۆژنامەی ” سەباح و تۆڕی میدیاییA-haber هەبەر ترک”
ساڵی 2004 ئیسرای کچی ئەردۆغان دەهێنێت، پاشان وەکو دەڵێن دەبێتە ئەندامێکی ئەکتیفی حاشیەی ئەردۆغان و لە ساڵی 2015 هەتاوەکو 2018 دەبێتە وەزیری نەوت وسامانە سروشتییەکانی تورکیا. پاشان لە ساڵی 2018 ە بووە وەزیری دارایی تورکیا.
ناوی بیرات لە زۆر شوێندا بە خراپی دێت و ساڵی 2016 دا کە کاتی بڵاوبوونەوەی ” لاپەڕەکانی پەنەما”، ناوی بیرات و بنەماڵەکەی هاتووە کە خەریکی پارە سپیکردنەوەن، هەرچەندە بیرات دژی ئەم تۆمەتە وەستایەوە. زۆر جاریش میدیاکان وەکو سندوقی رەشی ئەردۆغان دایدەنێن و زۆر مەلەفی نهێنی و تایبەت ئەم دەیبات بەڕێوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە مەلەفی نەوت و گازی ناوچەکەوە هەیە.
لە ئێستاشدا لە هەندێک میدیای ئەمریکیدا ناوی بەوە هاتووە، کە بیرات کلیلی پەیوەندی نهێنی و شاراوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغانە، تەنانەت هەندێک لەو باوەڕەدان کە ئەم پیاوە رۆڵی سەرەکی هەبووە لەو پەیوەندییە تایبەتەی ئەردۆغان و ترەمپ، بەتایبەتی لەم ماوەیەی پێشوودا کە گرژی کەوتە نیوان ئەمریکا و تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئیس 400 و رۆژئاوا کوردستانەوە. دەگووترێت بیرات لەگەڵ جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ، پێکەوە ئەم کێشەیان چارەسەر کردووە، ئەم دوو زاوایە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە نزیکردنەوەو دروستکردنی پەیوەندی نهێنی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ. دیارە کۆشنەری زاوای ترەمپیش خاوەنی حکایەتی خۆیەتی کە دواتر باسی لێوە دەکەم.
هەرچەندە لە ماوەی پێشوودا ناوی بیرات زۆر بە خراپی رۆیشتووە بەتایبەتی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە رەخنەی توند لە سیاسەتە ئابوورییەکانی دەگیرێت. هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا ئەردۆغان زاواکەی سزا نەداوەو هەتاوەکو ئێستاش بیرات ئەلبیرق، رۆڵی بەرچاوی لەناو کۆشک و سیاسەتی ئەردۆغاندا هەیە.

زاوا خۆشەویستەکەی ترەمپ
ئەمریکا وڵاتێکی دیومکراسی و لە هەماکاتیشدا دەستوورییە،واتە دەبێت سەرۆک ملکەچی دەستوور و یاسا بێت، دەوڵەتیش لەسەر بنەمای دیومکراتی دامەزراوە نەک لەسەر بنەمای بنەماڵە و عەشیرەت،هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند بنەماڵەیەکی سیاسی لە ئەمریکا دروست بوون، وەکو بنەماڵەی ” بوش، کەنەدی، کلینتۆن” فرانسیس فۆکۆیاما فەیلەسووفی ناسراوی ئەمریکا، ئەمە بە دیاردەیەکی ترسناک بۆسەر سیستەمی دیموکراسی ئەمریکا دادەنێت.
بەهەرحاڵ لە سەردەمی هیچ سەرۆکێکی ئەمریکیدا، ئەندامانی خێزانەکەی جگە لە ژنەکەی، منداڵەکانی رۆڵی وایان نەبووە، بەڵام لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ، ئەمریکا و سیستەمەکەی بەقۆناغێکی جیاواز و ناجێگیردا تێدەپەڕێت.
هەرلەپاش هاتنە سەرکاری، ناوی جارید کۆشنەری مێردی کچی دۆناڵد ترەمپ هاتە ناو باس، لە ئێستاشدا ئەم پیاوە رۆڵی بەرچاوی لە هەموو نەخش و پلانەکانی سەرۆک ترەمپدا هەیە.
جارید کۆشنەر لە ساڵی 1981 دا لەدایک بووە، بنەماڵەی کۆشنەر ، یەکێکن لە بنەماڵە دەوڵەمەندکانی ئەمریکا و خاوەنی کۆمەڵێک کۆمپانیای هەمجۆرن کە لە بواری بیناسازی و بازرگانی گشتیدا کار دەکەن، هەروەها خاوەنی کۆمەڵێک دەزگای میدیاییشن لەوانە گرووپی میدیایی Observer Media Group
لە رووی ئاینیشەوە بنەماڵەی کۆشنەر جوولەکەن و بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ روسیای سپی و لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، باپیرەی کۆشنەر یەکێک بووە لە خەباتگێڕە جوولەکان کە لە ریزەکانی ” بیلنسکی پارتیزان” خەباتی لە دژی نازیەت کردووە، پاشان لە ساڵی 1949 ەوە لە رێگەی ئیتالیاوە هاتوونەتە ئەمریکا.
لەرووی خوێندنەوە کۆشنەر ساڵی 2003 لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە سۆسیۆلۆجی هێناوە، جێگەی ئاماژەیە باوکی کۆشنەر لەو ساڵەدا بڕی 2.5 ملیۆن دۆلاری پێشکەشی ئەم زانکۆ ناودارەی ئەمریکا کردووە. پاشانیش ساڵی 2007 لە زانکۆی نیویۆرک بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری یاسادا هێناوە. پاشتریش باوکی بڕی 3 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاری بەخشییە ئەم زانکۆیە. ساڵی2009 ئیڤانکای کچە نازدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەهێنێت و سێ منداڵی هەیە.

گەیشتن بە کۆشكی سپی
هەر لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ەوە، کۆشنەر رۆڵی سەرەکی هەبوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، تەنانەت زۆرێک لە میدیاکان ، ئەویان بە ئەڵقەی نهێنی نێوان ترەمپ و پوتین دادەنا، هەربۆیە پاشان کۆنگرێسی ئەمریکا بانگهێشتی کۆشنەری کرد و لەو تاوانەی کۆڵیەوە.
لەئێستادا کۆشنەر راوێژکاری تایبەتی سەرۆک ترەمپە، هەروەها بەرپرسی دۆسێی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناڤینە.

پردی پەیوەندی نهێنی ترەمپ و ئەردۆغان
لە ماوەی پێشوودا زۆرێک لە میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە پەیوەندی نهێنی ترەمپ و ئەردۆغان کرد، پێیان وایە، کە پردی نهێنی ئەم پەیوەندییە تایبەتە، هەردوو زاواکەی سەرۆکن” کۆشنەر و ئەلبیراق”. هەندێکیش بە هۆکاری رازیبوونی ترەمپ بە لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستانی دادەنێن.
لە ناوی گێتی عەرەبیشدا کۆشنەر ناوێکی بەدی هەیە، چونکە بە عەرابی ” سەفقەی سەدە”ی دادەنێن،کەبریتییە لە کۆمەڵێک پێشنیاز لە بارەی پرۆسەی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، کە تێیدا کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی بۆ ئیسرائیل هەیە و دژی مافەکانی فەلەستینیەکانە. ئەوەی جێگەی سەرنجیشە لە ماوەی پێشوودا ترەمپ کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل داوە لەوانە” ئیعتراف کردن بە قودس پایتەختی ئسیرائیل، ئیعترافکردن بە جۆلان بەشێک لەخاکی ئیسرائیل”.
لە ئێستاشدا کۆشنەرت بۆتە کلیلی کردنەوەی دەرگاکانی کۆشكی سپی و سەرۆکەکەی، رۆڵێکی بەرچاویشی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەکیەوە هەیە، کەسیش نازانێت تا چەندی تر رۆڵی ئەم پیاوە بەردەوام دەبێت.

دواقسە
دیارە هەندێک لەو کەسایەتییانەی کە باسمکردن، کۆتایی ژیانیان زۆر خراپ بووە بە کوشتن یان لە سێدارەدان تەواو بووە، هەندێکیشیان هێشتا لە ژیاندا ماون و رۆڵیان هەیە. بەڵام حکایەتەکانی کۆشك بەمانە تەواو نابێت، لە بەشی داهاتوودا باسی شۆڕشگێرەکان دەکەین، ئەمانیش کوشتن و زیندانیکردن و دوورخستنەوە لە دەسەڵات، سیمای هاوبەشیان دەبێت.
سەرچاوەکان :
1/ / Kushner hat (k)einen Plan für die Palästinenser. www.dw.de
2/ www.fr.de Jared Kushner: Donald Trumps Schwiegersohn für alle Fälle
3/ Berat Albayrak. https://www.munzinger.de/search/start.jsp
4/ نجم عبد الكريم. مقارنة مثيرة وعجيبة بين صدام حسين وموسوليني.رۆژنامەی الشرق الاوسط. الاثنيـن 22 رجـب 1423 هـ 30 سبتمبر 2002 العدد 8707
5/ الجاسوس الذي سقط على الأرض. سایتی سبوتنیک. عربي. 14.04.2019
6/ conte-di-cortelazzo-galeazzo-ciano. https://www.biolex.ios-regensburg.de

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …