Home / بەشی مێژووی كورد / سیاسەتی شا عەباسی یەکەم بەرامبەر بە کورد

سیاسەتی شا عەباسی یەکەم بەرامبەر بە کورد

275181283_382782246995312_6547257117298857082_n

ئاریان ئومێد

..
شا عەباسی یەکەم کە لە نێوان ساڵانی (1588-1629) فەرمانڕەوایی ئێرانی کردووە، بە یەکێک لەو شایانەی ئێران دادەنرێ کە بەرامبەر نەتەوەی کورد ستەم و توندوتیژیەکی زۆری بەکارهێناوە کە لە پێش ئەوداو لە دوای ئەویش کەم وێنە بووە، سیاسەتەکانی شاعەباس تەژی بوون لە فروفێڵ و ستەم و زۆرداری بەرامبەر کورد و هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی کورد وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەی بەکاربێنێ، بێ لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی قوربانیدان و زیانەکانیان، هەر کۆمەڵە کوردێکیش دژی ئەم سیاسەتەی شا وەستابنەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و ڕاونان بوونەتەوە، لێرەدا هەوڵەدەین بە چەند نموونەیەک وێنەیەکی سیاسەتەکانی شاعەباس بەرامبەر کورد بخەینە بەرچاو.

1- جیاوازی مەزهەبی کوردەکان، وەک هۆکارێک بۆ کۆمەڵکوژکردنیان: شاعەباس کەسێکی شێعە مەزهەب بوو، دەشیزانی کڕۆکی دەوڵەتەکەی لەسەر پشتی ئەو مەزهەبە وەستاوە، بۆیە هەر لەو میانەیدا هەوڵی سڕینەوەو لاوازکردنی هەر کۆمەڵێکی تری دەدا کە لەگەڵ ئەو مەزهەبەدا کۆک نەبن، لەوانەش کوردە سونەکان، هەندێک لە بۆچونەکان ئەم دژایەتیە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە گوایە شاعەباس شێعەیەکی دەمارگیربووە بۆیە دژایەتی سونەکانی کردووە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە بەم جۆرە نیە، بەڵکوو شاعەباس سیاسەتوانێکی زۆرزان و لێهاتوو بوو، لە کوێدا پێویست بوبێ پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ سونەکاندا بەستووە وەک ئەوەی لەگەڵ سونە بازرگانەکانی دەرەوەی دەوڵەتەکەیدا دەیکرد، وە لە ناوخۆشدا بە چەند مەبەستێکی سەرەکی دژی سونەکان وەستاوە، ئەویش جارێک بۆ ڕاکێشانی سۆزی ئاینی شێعەکان، جارێکیش بۆ ئەوەی ئەو هێزە سونیانە بە شێوەیەک سەرکوت و کۆنتڕۆڵ بکات کە لێیان بێخەمبێ و ترسی ئەوەی نەبێت بچنە پاڵ نەیارێکی وەک دەوڵەتی عوسمانی. لەم چوارچێوەیەشدا نموونەی چەند شەڕو کوشتارێکی کوردەکان زۆر بەرچاوە، لەوانە کۆمەڵکوژی کوردانی قەڵای دمدم کە ئەمیرخانی لەپ زێڕین سەرکردایەتی دەکردن، وە پاشان کۆمەڵکوژکردنی کوردانی موکریی کە قوبادخان سەرکردایەتی دەکردن، بۆ هەموو ئەمانەش یەکێک لە تۆمەت و بیانووە سەرەکیەکانی شاعەباس پەیوەندی و پشتیوانی ئەم کوردانە بوو لە دەوڵەتی عوسمانی سونە مەزهەب. شایەنی باسە شاعەباس کەسێک بوو بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانی سڵی لە شکاندنی هیچ بەهایەکی مرۆیی نەدەکردەوەو خراپترین و قێزەونترین شێوازەکانی فڕۆفێڵی بەکار ئەهێنا، بۆ نموونە تیرۆرکردنی قوبادخانی موکریی و سەد و پەنجا کەس لە هاوەڵانی، کە بە شێوەیەکی زۆر نامەردانە بانگێشتیان دەکات و ئەمانیان پێ دەدا، بەڵام لەگەڵ هاتنیاندا جیایان دەکاتەوەو هەموویان دەکوژێت.

2- ئازایەتی و چاونەترسی کوردەکان، وەک هۆکارێک بۆ ڕاگواستنیان: شاعەباس لەوە تێگەیشتبوو کە کوردەکان کەسانی جەنگاوەر و چاونەترسن، بۆیە لە بەرنامەیدا بوو هەمان سیاسەتی سوڵتان سلێمانی قانونی پەیڕەو بکات کە بریتیبوو لە بەڵغانکردنی کوردەکان، بۆ پاراستنی سنورەکانی. لەم میانەیەشدا دەیان هەزار کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتتر لە ناوچەکانی باکوور بەرەو سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگواست و لە خۆراساندا نیشتەجێی کردن، هەڵبەت بەم کارەش دوو ئامانجی گرنگی دەپێکا یەکەمیان پارێزگاری لە سنورەکانی ڕۆژهەڵات لە هێرشی ئۆزبەکەکان، دووەمیشیان لاوازکردنی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیانداو نیشتەجێ کردنی تورکە قزڵباشەکان لە جێگەیاندا بە تایبەت قزڵباشەکانی ‌ئەفشار. لە نموونەی ئەو ڕاگواستنانەش، ڕاگواستنی کوردان بۆ دەروبەری تاران و وارمین لە ساڵی 1596، وە هەر دووساڵ دواتر ڕاگواستنی (40) هەزار خێزانی کورد بۆ خۆراسان، ڕاگواستنی دوو هۆزی گەورەی کوردی وەک (زەعفەرانلو، شادیلوو) وە دواتر بەگژداکردنیان لەگەڵ ئۆزبەکەکاندا کە ئەنجامەکەی تێکشکاندنی ئۆزبەک و ڕاوەدونانیان بوو. وە دواتریش بە درێژایی سەردەمی شاعەباس ئەم کۆچپێکردنە بەردەوام دەبێ و بەهۆی ئەم سیاسەتەشەوە کوردێکی زۆر لە خاکی خۆیانەوە ڕاگوێزران و لە خۆراساندا نیشتەجێ کران.

3- پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەرم بەرامبەر میرە بەهێزەکانی کورد، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەکارهێنانیان: شاعەباس بۆ هەستانەوەی دەوڵەتە لاوازەکەی سەفەوی هەموو ڕێگایەکی دەگرتە بەر، تا شەڕ جێی بگرتایە ملی بۆ ئاشتی نەدەدا، بەڵام ئەگەر بیزانیایە دووژمنەکەی بەهێزە، سڵی لەهەر سازش و سەرشۆڕیەک نەدەکردەوەو بە سیاسەتی نەرم و پڕ فروفێڵ نەیارەکانی تەفرە دەدا و لە کۆتاییدا تەواوی هێزو توانایانی کۆنتڕۆڵ دەکرد. یەکێک لەو میرنشین و دەسەڵاتە گەورانەی کورد لەودەمەدا کەوتە بەر ئەم سیاسەتە پڕ فێڵ و تەڵەکەیەی شاعەباس، میرنشینی ئەردەڵان بوو، شا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ملکەچکردنی (هەڵۆخان ۱٥٨٨-۱٦۱٦)ی میری ئەردەڵان زیاتر لە جارێک لەشکرکشێی گەورە دەکاتە سەر میرنشینەکەی، بەڵام جگە لە شکست هیچی تری دەستگیر نابێ، ئەمەش بەهۆی ئەو قەڵا پتەوانەبوو کە بەدەست هەڵۆخانەوە بوو، بە تایبەت قەڵای پاڵنگان کە دامودەزگاو بنکەی سەرەکی هەڵۆخانی تێدابوو. شا عەباس دوای ئەوەی زانی ناتوانێ بەهێز مل بە میری ئەردەڵان کەچ بکات دەکەوێتە فڕوفێڵ و نوێنەرو دیاری دەنێرێتە لای هەڵۆخان، ئەمەش کار لە هەڵۆخان دەکات و خان ئەحمەد خانی کوڕی بە دەست و دیاریەوە دەنێرێت بۆلای شا، ئەویش پێشوازیەکی زۆر باش لە خان ئەحمەد دەکات و لە کۆشکەکەی خۆیدا نیشتەجێی دەکات، تەنانەت خوشکەکەی خۆی (کڵاوزەر-زرین کلاه)ی لێ مارەدەکات. شاعەباس بە زۆرزانی و فڕوفێڵی تایبەتی خۆی دەتوانێ خان ئەحمەد تەفرە بدات و بەڵێنی ئەوەی لێ وەربگرێ کە لە کاتی گەڕانەوەدا هەڵۆخان بۆ دەرباری شا بنێرێت، خانیش بەڵێنەکەی خۆی دەباتە سەر. وە لە جێی هەڵۆخانی باوکیدا دەکرێ بە میری ئەردەڵان و شا دەسەڵاتێکی فراوانی پێدەبەخشێ، ئەمەش وادەکات لە دواتردا ببێتە داردەستێکی باش بۆ شاعەباس تا لە لەشکرکێشیەکانی بەدیوی ڕۆژئاواو دەوڵەتی عوسمانیدا هاوکاری بکات و خان ئەحمەد خانیش بە هۆی ئەو کاریگەریە زۆرەی کە شا عەباس لەسەری هەیبوو، بێ فەرمانی ناکات و لە داگیرکردنی ناوچەکانی شارەزورو ڕەواندوز و موسڵ و تەنانەت بۆ داگیرکردنی شاری بەغداش یارمەتیدەرێکی زۆر کارای شاعەباس دەبێت.

سەرچاوەکان:

. 1- عبداللە ئەحمەد عبدڵللە، شاعەباسی گەورە و سیاسەتی بەرامبەر بە کورد.

. 2- د.محمد سوهەیل تەقوش، مێژووی دەوڵەتی سەفەوی، وەرگێڕانی سالار محمد.

. 3- نەجم سەنگاوی، کوردستان و سەرکردە و شۆڕشەکانی 1169-1994.

. 4- عەلی نەقی ئەلحوسەینی، مێژووی 641ساڵەی ئەردەڵان، وەرگێڕانی ئاسۆس هەردی.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …