Home / بەشی مێژووی كورد / میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا (لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە) – دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا. (بەشی دووەم)

میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا (لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە) – دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا. (بەشی دووەم)

ماڵپەڕی ئاوێنە، ٨ی ١ی ٢٠٢٢
توێژینەوەی: مەتین ئەتماکا*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
سەدەکانی هەژدەهەم و نیوەی یەکەمی نۆزدەهەم: لە
ئیمپراتۆرییەتەوە بۆ هاوپەیمانیی هەرێمی
لە پەیماننامەی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩وە تا ساڵانی ١٧٢٠کان شەڕ و ململانێیەکی گەورە لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ڕووینەداوە. لە میانەی ئەم سەردەمەدا، عوسمانییەکان بەزۆری چاویان خستبووە سەر جەنگی بەڵکان و یاخیبوونەکان لە ناو ئیمپراتۆرییەتدا. ئەستەمبووڵ وەک عادەت داوای یارمەتیی هێزە کوردییەکانی کرد لە ماوەی یاخیبوونێکدا لە قەوقاز و ئازەربایجان یان عێراق. بۆ نموونە، میری بادینان مامی نارد بۆ لای قوباد بەگ، لەگەڵ هێزیکی سەربازی کە پێکهاتبوو لە ١٦ هەزار جەنگاوەر، بۆ چوونە پاڵ لەشکرکێشییەکی عوسمانی بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینێک لە بەسرە لە ساڵی ١٧٠٠دا (سەعدی، ٢٠١٧: ٨٣).
سەفەوییەکان ماوەیەکی داڕووخانی ڕێژەییان بەخۆیانەوە بینی لەم سەردەمەدا. لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا، پێش ئەوەی نادرشا (١٧٣٦ – ١٧٤٧) شوێنی شاکانی سەفەوی بگرێتەوە، کە بنەماڵەی ئەفشاریی دامەزراندووە، عوسمانییەکان ویستیان ڕۆژاوای ئێران داگیر بکەن. ئەوان دوڕی ئەحمەد ئەفەندییان ناردە ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەربازیی سەفەوییەکان و پاش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ١٧٢١دا گەشتەکەی تەواوکرد، ڕاپۆرتێکی وردی ئامادەکرد لە سەر دەرباری سەفەوی و هێزە سەربازییەکانیان و کۆمەڵگە (دوڕی ئەحمەد ئەفەندی، ١٨٢٠). هەر کە سوڵتان ئەحمەدی سێهەم و سەرۆک وەزیرەکەی (سەدری ئەعزەم – و)، داماد ئیبراهیم، ڕاپۆرتەکەیان خوێندەوە بڕیاریاندا کەوا کەشەکە گەییوە و لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ دژ بە ئێران. شەڕ لە سێ بەرەوە دەستی پێکرد: قەوقاز و ئازەربایجان و عێراق. سوپای عوسمانی، بە فەرماندەیی ئەحمەد پاشای والی بەغدا، لە بەرەی عێراقەوە پێشڕەویی کرد و کرماشانی داگیر کرد. بۆ فراوانکردنی زیاتری سنووری ڕۆژهەڵات، عوسمانییەکان پشتیان بە هێزە کوردییەکان بەستبوو بە فەرماندەیی خان ئەحمەد پاشای سەرکردەی ئیمارەتی بابان (زەکی، ١٩٣٩: ٥٤ – ٥٥). بەو پێیە، عوسمانییەکان توانییان لە تەمووزی ١٧٣١دا هەمەدان بگرن. پاش ئەوەی نادرشا ئەسفەهانی زەوتکرد و شای گۆڕی بە کوڕە ساوا تەمەن ‌هەشت مانگەکەی لە ئابی ١٧٣٢دا، داوای ئەو خاکەی کرد کە دەست عوسمانییەکان کەوتبوو و جاڕی جەنگی دا و لەشکری کردە سەر بەغدا، بەڵام عوسمانییەکان لەم دووەم جەنگەشدا سەرکەوتن (ڤاکانوڤیس سوبحی محەمەد ئەفەندی، ٢٠٠٧: ١٠٢ – ١٠٣، ١٨٨ – ١٩٢).
لە ساڵی ١٧٣٦دا، نادرشا تەخت و تاجی سەفەوییەکانی گرت و هێز و سیاسەتی خۆی چڕکردەوە بەرەو ڕۆژئاوا و بە هەمان شێوەش بەرەو ڕۆژهەلاتی ئێران. لە سەرەتای حوکمیەوە تا کۆچی دوایی لە حوزێرانی ساڵی ١٧٤٧دا، زنجیرەیەک جەنگی دژ بە عوسمانییەکان بەرپاکرد٤٥. لە ماوەی ئەم جەنگانەدا، هەندێ لەو ناوچانەی کە سەر بە میرە کوردەکان بوون بۆ چەندین جار ئەمدەست و ئەودەستیان کرد. لە ناو ئەو ناوچانەدا، میرنشینی ئەردەڵان لەلایەن عوسمانییەکان و ئەفشارییەکانەوە لەوانیتر زیاتر داگیرکرا. لەپاڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا ئیمارەتەکانی موکری و بابان و شارەزووریش ناوچەکانی ئەردەڵانییەکانیان داگیر کردووە (سەواقیب و موزەفەری، ١٩٣٩ / ٢٠١٥: ٩٧ – ١٢٠).
هەڵبەت عوسمانییەکان دەبێت پلانیان هەبووبێت بۆ مانەوە لە کوردستانی ئێراندا بۆ ماوەیەک، چونکە تۆماریان بۆ زەویوزارەکانی ئەردەڵان، کرماشان، ورمێ، مهاباد، خۆی و ماکۆ ئامادەکردبوو لە کۆتایی ١٧٢٠کاندا (ئوێزگودنلی، ٢٠٠٣: ٨٧ – ٩٣؛ ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤/ ١٨٠ – ١٨٢، ١٩٣). عوسمانییەکان ئەردەڵان و کرماشان و هەمەدانیان وەک ئەیالەت ڕێکخستبوو. بەپێی ئەم ڕێکخستنە نوێیە، نەخشە دانرابوو بۆ ئەردەلان کە وەک گەورەترین ویلایەت دابەش بکرێتە سەر حەوت ناوچەدا ( لیوا یان سەنجەق)٤٦. لەگەڵ ئەم پلان و تۆمارکردنەشدا، عوسمانییەکان بڕیاریاندا کە لە شوباتی ١٧٣٢دا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بکەن و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران کشانەوە، بە ئەردەڵانیشەوە (ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤ / ٢٢٢). لە ئەنجامی ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان و مووسڵ بەر لێدانی یەک لە دوای یەکی لەشکرکێشییەکانی نادرشا کەوتن. بە ماوەیەکی کەم لەپێش کۆچی دوایی نادرشادا، ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی تەئکیدی لە سنووری ساڵی ١٦٣٩ کردەوە لە نێوان عوسمانییەکان و ئەفشارییەکاندا. بەهەرحاڵ، ماوەکانی ئاشتی، بەگشتی بۆ ماوەی دوور و درێژ بەردەوام نەبوو (فەتاح و کاسۆ، ٢٠٠٩: ١٢٦).
دەسبەجێ لەدوای تێرۆرکردنی نادرشا کەریم خانی زەند هاتە سەر تەخت و تا ئاستێکی بەرچاو ئێرانی ئارام و سەقامگیر کردەوە و پاشان لەشکرکێشییەکی دەستپێکرد و خاک و ناوچەکانی ئەردەڵانی کردە ئامانج لەپێش زستانی ١٧٤٩دا. حەسەن عەلیی میری کورد خۆی بەباشی ئامادە نەکردبوو بۆیە ویستی کێشە و قەیرانەکە بە ڕێگەی دیبلۆماسی چارەسەر بکات، بەڵام نەیتوانی قەناعەت بە کەریم خان بکات و سەنەندەجی پایتەختی لە لایەن سوپای ئێرانەوە تاڵانکرا و سووتێنرا (پێڕی، ٢٠٠٦: ٢٥، ١٠٢ – ١٠٣). دەسەڵاتدار و سەرۆکە کوردەکان هەرگیز پلە و پایەیەکی باڵایان نەدرایە، وەک والی یان حاکمی گشتی، لە دابەشکردنی کارگێڕیی بنەماڵەی زەنددا. پلە و پۆستەکانی میراتگری دەبوو ڕەزامەندیی شاهانەی لەسەر بوایە و کەریم خانیش بە پێویستی نەدەزانی ڕەزامەندیی لەسەر حوکمڕانی ئەوانە دەرببڕێت کە لە ڕێگەی میراتگرییەوە دەسەڵات بداتەوە بەوانەی کە لە چاوەڕوانیدا ڕیزیان بەستبوو لەو ڕێگەیەوە بەریان بکەوێت و مڵکەکانیان بۆ بگوێزرێتەوە.
ڕکابەریی نێوان ئەردەڵان لە سایەی حوکمی زەندییەکاندا و میرنشینی بابان (کە لە ئێستادا سلێمانی و دەوروپشتەکەیەتی لە عێراقدا)، کە بەشێک بوو لە بەغدای عوسمانی، بەهانە و پاساوی دەستێوەردانی نوێی دابووە دەستەوە. هەردوو میرنشینەکە “پەیوەندیی ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوای نەریتیی کولتووری و خزمایەتییان لەنێواندا بوو کە بە سنووری باکوور – باشوور کرابوونە دوو لەتەوە” لە نێوان دوو مەملەکەتدا کە بە فەرمی لە ژێر حوکمی هەردوو زنجیرە بنەماڵەی عوسمانی و ئێرانیدا بوون (پێڕی، ٢٠٠٦: ١٠٣). ناکۆکی و ڕکابەریی ئەردەڵان و بابان باڵ دەکێشێت بەسەر ڕوخساری سیاسیی کوردستاندا تاوەکوو چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم. بەو پێیە، ناوەندێتیی هێز و دەسەڵاتی کورد کەوتە ئەوەی زیاتر بەرەو باشووری دەریاچەی وان و باکووری عێراق بچێت٤٧. هاوشێوەی کۆتاییەکانی سەدەی شانزەهەم، عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە ڕێگەی ئەم دوو میرنشینەوە هەر ماوە نا ماوەیەک جەنگی بەوەکالەتیان هەڵدەگیرساند. لە سەرەتای شەڕ و ململانێدا، دەبوو حەسەن عەلی خان پاشەکشە بکات بۆ سنە لە بەرانبەر هێرشیکدا کە سەلیم پاشای حاکمی بابان ئەنجامی دابوو. سەرباری هاوکاریی هەردوو ئیمارەتی بابان و ئەردەڵان لەگەڵ ڕکابەری قاجاریدا دژ بە کەریم خان بەڵام سەرکەوتنی ئەم ڕکابەرە قاجارییە دەرفەتێکی بۆ نەهێشتنەوە لە ملکەچییان بەولاوە بۆ زەندییەکان. بابانییەکان تا دەهات زیاتر دەکەوتنە ژێر کاریگەریی میرە کوردە ئەردەلانییەکانی مێمڵ و ڕکابەریان تا ساڵی ١٧٧٤. دواجار، عومەر پاشای والیی بەغدا بڕیاریدا ئەم بارودۆخە پێچەوانە بکاتەوە و عوکمرانی میرنشینەکە بگۆڕێت بە کەسێکی تری هەمان بنەماڵە. هێزیکی هاوبەشی کورد و زەندییەکان هێرشیان کردە سەر بەگدا بۆ سەپاندنەوەی حوکمی ئێران لە میرنشینی باباندا بەڵام شکستیان هێنا و نەیانتوانی ئەم ئەرکە ئەنجام بدەن. بۆ ساڵی دواتر، کەریم خان لە دوو قۆڵەوە هێرشێکی تری دەستپێکرد، لە قۆڵی شەتتولعەرەب و خاکی بابانەوە. هیرشی سوپای زەند لە سێ لاوە بوو بە هۆی شکانی هێزەکانی عوسمانی و بابان. بەم جۆرە میرنشینی بابان گەڕایەوە سەر دۆخی جارانی (پێڕی، 2006:
لە ماوەی ئەم سەردەمەدا، دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە عێراقی عوسمانیدا بووبوون بە نیمچە سەربەخۆ تا ئەو ڕادەیەی کەوا ئەو والییانەی لە ئەستەمبووڵەوە دەنێردران بۆ بەغدا و مووسڵ، هەر وەک سیمبۆڵێک دەمانەوە. لە ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٨٣١، زنجیرە بنەماڵەی مەملووکەکان (کە بە عەرەبی واتای کۆیلە یان سەر بە گەورە و ئاغاکان دەگەیەنێت)، کە وەک کۆیلەی مەسیحی لە چۆرجیاوە هێنرابوون و کرابوونە موسڵمان، حوکمی بەغدایان دەکرد و پاشان بەسرە و دواتریش کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان مووسڵیشی گرتەوە (ئەمانە زیاتر بە منداڵی لە کەسوکاریان زەوت دەکران لە لایەن حوکمڕانە عوسمانییەکانەوە – و). مەملووکەکان هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵیان لەگەل بابانەکان بەستبوو، چونکە میرنشینی بابان پشکێکی بەرچاوی بودجەی بەغدای دابین دەکرد. لە ماوەی دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، ئیمارەتی بابان لە ژێر حوکمی عەبدولڕەحمان پاشادا (لە ١٧٨٩ تا ١٨١٣ حوکمی کردووە) زۆر بەهێزتر بووە لە حوکمڕانە مەملووکەکانی بەغدا و میرە کوردەکانی تری کوردستانی عوسمانی و تەنانەت نازناوی عەبدولڕەحمان پاشا بە “مەلیک دانەر” ڕۆیشتبوو لەسۆنگەی ڕۆڵیەوە لە دانانی سەرکردەکانی مەملووک بەسەر بەغداوە (لۆنگریگ، ١٩٢٥: ٢٢٦، ٢٣١ – ٢٣٢). هەروەها داواشی لە سوڵتان کردبوو کە ویلایەتی بەغدای پێ بسپێرێت و لەبەرانبەردا ئەمیش یاخیبوونی وەهابییەکانی لە عێراقدا بۆ دادەمرکێنێتەوە و حوکم و دەسەلاتی عوسمانی دەگێڕێتەوە بۆ حەڵەب، دیاربەکر، ڕەقە و هەندێ ویلایەت و ناوچەی تر کە یاخیبووان هێرشیان دەکردەسەر. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی کردبوو کە ساڵانە ٣٠ هەزار قورۆش وەک باج بدات و ئەم بڕە پارەیەش لەوە زیاتر بوو کە مەملووکەکان دەیاندا٤٨. عەبدولڕەحمان پاشا هێرشی کردە سەر بەغدا، کەرکووک، سنە و کۆیسنجەق و لە سەر حیسابی ئیمارەتە کوردەکانی تر سنووری ئیمارەتەکەی خۆی بەرەو باکوور و خۆرهەڵات فراوانکرد (ئەتماکا، ٢٠١٣: ٥٣).
عەبدولڕەحمان پاشا سوودی لەو ڕکابەرییە بینی کە لەنێوان عوسمانییەکان و بنەماڵەی قاجاری تازە دەرکەوتوودا بوو لە ئێران و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریدەهێنا (١٧٩٤ – ١٩٢٥). لە کاتی ناکۆکی و ململانێی لەگەڵ حوکمڕانە مەملووکەکاندا، داوای یارمەتی و هاوکاریی لە فەتح عەلی شای حاکمی دووەمی قاجاری کرد (١٧٩٧ – ١٨٣٤). چونکە پاش ئەوەی شەڕێکی دژ بە عەلی پاشای والیی بەغدا دۆڕاند پەنای بردە بەر ئێران و فەتح عەلی شا بەگەرمی پێشوازیی لێکرد و دواتر فشاری خستە سەر عەلی پاشا کە جارێکی تر عەبدولڕەحمان دانێتەوە بە حوکمڕانی میرنشینی بابان٤٩. فەتح عەلی شا لەجیاتیی ئەوەی شەڕ هەڵبگیرسێنێت و خاکی عوسمانی داگیر بکات، بڕیاری دا پەیوەندیی باش و توندوتۆڵ لەگەل میر بهێڵێتەوە بە مەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی بەغدا. لەولاشەوە پاشا ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەردوو دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەقۆستەوە و چەندین جار ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی دەگۆڕی لەنێوان هەردوو هێزەکەدا بۆ مسۆگەر کردنی مانەوەی سیاسیی خۆی. عوسمانییەکان خاک و وڵاتی بابانیان (کە لە نامە و نووسراوکاریی فەرمیدا بە “کوردستان” ناویان دەبرد) بە دەروازەی عێراق و ڕووبەری گەورەی زەوی و خاکی ئیمپراتۆرییەت دادەنا٥٠. لێرەوە بابی عالی پێگەی عەبدولڕەحمانی بەوپەڕی هەستەوەر و ناسک دادەنا بۆ سەلامەتیی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت. بایەخدانی عوسمانییەکان بە عەبدولڕەحمان بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵیەوە بووە بە شا و حاکمی ئێرانییەوە لە کرماشان.
هەڵبەت شاکانی قاجار بەردەوام دەستوەردانیان دەکرد لە کاروباری ناوخۆی کوردستانی عوسمانیدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. ئەم جۆرە دەستێوەردانەش بەردەوام شەڕ و ناکۆکیی لێدەکەوتەوە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا. دوو لەو شەڕ و ناکۆکییانە، کە یەکێکیان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٢٠کاندا و ئەویتریان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠کاندا، مۆرکردنی دوو ڕێککەوتننامەیان لێکەوتەوە لە ئەرزڕووم. یەکەم ڕێککەوتننامە لە ساڵی ١٨٢٣دا ئیمزا کرا و وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەکە، ئێران ڕازیبوو کە دەستوەردان نەکات لە سیاسەتی کوردستانی عوسمانیدا. عوسمانییەکان نەیانویست حاکمی بابان بێتە ناو دانوستانەکانی ئاشتییەوە لەبەرئەوەی بابی عالی وایدادەنا کە بابانەکان “ئەڵقەی پێکەوەبەستنەوەی نێوان دوو دەوڵەتن و پەیوەندییان بە جەنگەوە نیە”. بەو پێیە، ڕاپۆرتەکە ئەوەی لەخۆگرتووە کە مەسەلەی ئیمارەتی بابان پێویستە “لە هەلومەرجی ئاشتی دووربخرێتەوە”٥١. ڕێککەوتننامەکە ئێرانی نەوەستاند لەوەی کەوا کاریگەریی خۆی پیادە بکات لە ڕێگەی میرەوە و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ناکۆکی و ململانێی زیاتر کە دواجار بە پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم کۆتاییهات لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٧دا. یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکە بارودۆخی سلێمانیی پایتەختی ئیمارەتی بابان و چەند ناوچەیەکی کوردیی سەر سنوور بوو. نوێنەری ئێران داوای هەندێ شوێن و ناوچەی دەکرد لە وان و بایەزید و سلێمانی. کاتێ کە عوسمانییەکان ئەم جۆرە داواکارییانەیان قبووڵ نەکرد، ئێران ئەو مەرجەی هێنایە پێشەوە کە پێکەوە کار بکەن بۆ دانانی حوکمڕانەکانی بابان و باج و پووشانە وەربگرن لە خێڵەکانی ئیمارەتەکە لەبری بەکارهێنانی هاوینەهەوارەکان لە بەری ئێراندا بۆ لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان. عوسمانییەکان تێکڕا هەموو ئەم داواکارییانەیان ڕەتکردەوە و بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامەی پێشترەوە ئەمجارەیان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ دان بەوەدا بنرێت کەوا خاک و وڵاتی بابان بەشێک بێت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (ئەتەش، ٢٠١٣: ٩٢؛ ئایکون، ١٩٩٥: ٣٩ – ٤١). دوابەدوای پەیماننامەی ١٨٤٧، عوسمانییەکان حاکمی بابانیان گۆڕی بە بەڕێوەبەرێکی نوێ کە هەڵبژاردەی خۆیان بوو. ئەمەش نەخشە و پلانی ئێرانی کۆتایی پێهێنا لە داواکردنی میرنشینەکەدا.
ئەنجام
لەگەڵ مۆرکردنی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧دا هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکانیان لە پێگەکانی خۆیان لادا و خاک و ناوچەکانیان تێکەڵ بە ئیدارەی ناوەندی کرد. بۆ ئەم مەبەستەش، عوسمانییەکان جەنگێکی دە ساڵەیان هەڵگیرساند دژ بە سەردار و حوکمڕانە کوردەکان لە میرنشینەکانی بۆتان، سۆران، بابان، بادینان، هەکاری و موکس. لەکۆتاییدا عوسمانییەکان شکستیان پێهێنان و لە ناوەندەوە کەسانی کارگێڕییان بۆ ئەم ئیمارەتانە دامەزراند. دوو دەیە دواتر ئێرانیش شوێنپێی عوسمانییەکانی هەڵگرت و هەمان کاری جێبەجێ کرد و ئەنجام دوا ئەندامی بنەماڵەی ئەردەڵانی لە سنە دەرکرد. بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا کە سنوورەکان دیاری کران و سیستەمیکی سیاسیی جێگرەوە لە کوردستاندا هاتە ئاراوە بەڵام خێڵە کوردەکان بەردەوام پەیوەندیی نزیک و توندوتۆڵیان هەبوو لەگەڵ برا و هاوخوێنەکانیان لەودیوی سنوورەوە٥٢. هەروەها کوردە سونییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بەردەوام لە ژێر کاریگەریی پرۆپاگەندەی پان – ئیسلامیزمی عوسمانییەکاندا بوون لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، لەکاتێکدا کە ئێران پەیوەندیی باشی هێشتەوە لەگەڵ خێڵەکان و ئاغاکانیان، کەوا سنوورە نوێکان دابەشی کردبوون (هەریس، ١٨٩٦: ٢٨٥ – ٢٨٧).
لە پاش ئیمزاکردنی پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم، هەدوو لای عوسمانی و ئێران خۆیان بەدوور گرت لە هەر شەڕێکی گەورە و لێرە بەدواوە ئێران لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆجییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبوو بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، گرژی و توندوتیژییەکی کەم هەر بەردەوام بوو لە دەیەکانی دواتردا. کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە هەر بە دابەشکراوی مایەوە بە هۆی جوگراگیاکەیەوە و ناوبەناو ناکۆکیی بچڕبچڕ بەرپا دەبوو بە هۆی خێڵە کوردەکان و گۆڕانکاریی بەردەوام لە ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و سیاسیی ناوچە کوردییەکانی هەردوو دەوڵەتەکەدا. سنوورەکان لە گەلێ شوێندا هەروا بە گۆترەکاری دروستکرابوون و ناکۆکییە سنوورییەکان تەنها دەسکارییەکی کەم و سووکیان لە کات و سەردەمەکانی دواتردا. خاک و ناوچەکانی کورد هەر بە “ناوچەی دابڕاو” مابوونەوە لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کاتێ کە بۆ دواجار هێڵێکی سنوور کێشرایەوە بە یارمەتی و هاوکاریی کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی. سەرباری نیاز و مەبەستی عوسمانییەکان لەوەی کە سنووری ڕۆژهەڵات بکەنە ناوچەیەکی سنووری، بەڵام خاک و ناوچە کوردییەکان هەر بە “ناوچەیەکی مۆلەقی پەڕینەوە و شەڕوشۆڕی ئیدارەی ئیمپراتۆری مایەوە و ناوچەیەکی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کولتووری لەگەڵ ژینگەیەکی سرووشتیی سەختدا” (فوکارۆ، ٢٠١٢: ٢٣٧).
هەر لە هاتنی عوسمانی و سەفەوییەکانەوە بۆ کوردستان تا لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، سەرۆک و سەردارانی کورد بەشێوەیەکی چالاک و کارا تێکەل بە سیاسەتەکانی ناوچەیی و ئەمبەر و ئەوبەری سنوور بووبوون. ئامرازەکانی دەسەڵاتە سیاسییەکان بەپێی کات و سەردەمەکان دەگۆڕان بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هەمان ناوەرۆک مانەوە. هەندێ جار سەرۆکە کوردەکان کەمترین زەحمەت و سەرچاوەیان بەکاردەهێنا بۆ دەستەبەر کردنی زۆربەی دەسکەوتەکان و لە کات و ساتەکانی تردا، هەموو پیاوەکانی خۆیان و سامانیان تەرخان دەکرد ئەگەر سەرکەوتنی ئاشکرایان بەدی بکردایە لە شەڕ و ململانێدا. پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافیی “سوودبەخشیان” گۆڕا بۆ هەڵکەوتەیەکی “بێسوود” لە نێوان هەردوو ڕێککەوتننامەکەی ئەرزڕوومدا. وەک ئەنجامێکی ئەم ڕێککەوتننامانە، عوسمانییەکان بۆ یەکەمجار دانیان بە ئێراندا نا وەک وڵات و میللەتێکی جیا لەودوای جیهانی ئیسلامی. ئەمەش وادەگەیەنێت کە عوسمانییەکان ئێرانیان یەکسان بەخۆیان دانا لە هەلومەرجی سەربەخۆییدا. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی عوسمانیدا جارێکی تر سیاسەتی عوسمانیی داڕشتەوە لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا. ئەمەش هەندێ دەرەنجامی هەمیشەیی لێکەوتەوە لە سەر قەوارە سیاسییەکانی کورد. لەکۆتاییدا، هەردوو دەوڵەت بڕیاریاندا پێکەوە دژ بە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی کورد بکەونە کار. تەنها بەم هەماهەنگییە توانییان لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان بەدیبێنن.
سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد
ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
چاپی یەکەم: ٢٠٢١، لاپەرە ٤٥ – ٧٢
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج – لەندەن
Negotiating Political Power in the Early Modern Middle East Kurdish Emirates between the Ottoman Empire and Iranian
Dynasties (Sixteenth to Nineteenth Centuries)
Metin Atmaca
Negotiating Political Power in the Early Modern Middle East
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS
Edited by:
HAMIT BOZARSLAN
Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES
The Open University
VELI YADIRGI
School of Oriental and African Studies, University of London.
* مەتین ئەتماکا (بەكالۆريۆس، زانکۆی ئەنقەرە، 1999 ؛ ماجستێر، زانکۆی تەكساس لە ئۆستن، 2006؛ دكتۆرا، زانکۆی فرايبورگ، 2013). پرۆفیسۆری هاوکارە لە بەشی مێژووی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنقەرە. زۆرێک لە وتاری مۆنۆگرافی و پێداچوونەوەی کتێبی بڵاوکردووەتەوە لە سەر مێژووی عەرەبی عوسمانی و مایکرۆهیستۆری لەسەر توێژینەوەکانی عوسمانی، میرنشینە کوردییەکان و بە شێوەیەکی سەرەکی وێناکردنی کورد لە مێژووسازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردووەتەوە لە گۆڤارە انستی و ئەکادیمییەکانی وەک توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle Eastern Studies و تێڕوانینی تورکیا Insight Turkey و بیبلۆگرافیای ئۆکسفۆردی ئۆنلاین Oxford Bibliographies Online و گۆڤاری مێژووی جیهان Journal of World History و دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا Ab Imperio وتوێژینەوە کوردییەکان. کتێبێکی بە ناونیشانی هاوکاری کردن لە زاگرۆلۆجی و کوردۆلۆجیدا: نامە و نووسراوکاریی ڤی. ئێف. مینۆرسکی و سی. جەی. ئێدمۆندس (١٩٢٨ – ١٩٦٥) (بریڵ) لەگەڵ گینادی کورین لە داهاتوودا بڵاودەبێتەوە.
Contributions to Zagrology and Kurdology: V. F. Minorsky and C. J. Edmonds Correspondence (1928 – 1965) (Brill).
پەراوێز
١ بۆ گەیشتنی سەفەوییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ عوسمانییەکان، بڕوانە: عەللوش (١٩٨٣)، باک – گرامۆنت (١٩٧٥: ٦٨ – ٨٨) و ماکڵاکڵان (٢٠٠٠: ٤٠١ – ٤٠٣).
٢ من بەگ (بە تورکی بەی) و ئەمیر (بە کوردی میر، ئومەرا بۆ کۆی ئەمیر)م بەکارهێناوە.
لێرەدا میر و ئەمیریش وەک ئاماژەیەک هاتووە بۆ سەرۆک یان سەرکردەی بنەماڵە کوردە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکان. ئاغا (بە هەردوک کوردی و تورکی) لە دۆخ و سیاقی سیاسیی کورددا ئیشارەتە بۆ سەرۆکێکی خێڵەکی.
٣ بەپێی کتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، یەکەمجار تەنها سێ سەرۆکی کورد نەگیرابوون، کە ئەوانیش: عەلی بەگی ساسۆن، ئەمیر شامحەمەدی شیروان (شیرڤی) و غازی قران (یوسف بەگیێ برادۆست (شەرەف، ١٨٦٠: ١٩١ – ١٩٣، ٢٣٢، ٢٩٧). شەرەفخان لە شوێنێکی تری کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە تەنها عەلی بەگ ئەمیر شامحەمەد نەگیرابوون (شەرەف، ١٨٦٠: ٤١١).
٤ سەرەڕای لەسەرەتادا گرتنی سەرۆکە کوردەکان لەلایەن شائیسماعیلەوە و سزادانی قورسی هەندێ لە سەرۆکە کوردەکانی تر لەوانەی پاڵپشتیی عوسمانییەکانیان کردبوو، یاماگوچی باس لەوە دەکات کەوا جیاوازیی زۆر نەبووە لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا سەبارەت بە سیاسەتیان لەبەرانبەر کورددا، چونکە هەردوو لایان دانیان بە مافی میراتگریدا ناوە بۆ حوکمران و دەسەڵاتدارە کوردەکان (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٠).
5 TSMA (Topkapı Sarayı Müzesi Ar¸sivi), e.8333 – 1, in Genç (2019: 307).واتە ئەرشیفی مۆزەخانەی کۆشکی تۆپقاپی
٦ لەکاتێکدا کە ئەو بە کوردستاندا دەگەڕا، هەندێ جەردەی کورد ڕێگەیان پێگرتووە لەوانە هاوکاریی شایان دەکرد. ئەو بەوە ناوزەدی کربوون کە ئەوانە بوون کەوا “کڵاوی قزڵباشیان لەسەرکردبوو”. دەبێ ئیدریس زۆر تووڕە و نیگەران بووبێت لەم جەردەیی و ڕووتکردنەوەیە چونکە هیچ دەرفەتێکی بەزایە نەدەدا کە لەم بارەیەوە بنووسێت بۆ سوڵتان و پێدەچێ وەک بەشێک لە پرۆپاگەندە بەکاریهێنابێت لەکاتێکدا کەوا لەدژی سەفەوییەکان کاری دەکرد
.(TSMA, e. 8333/2, in Genç, 2019: 309 – 10)
7 Idris-i Bidlisi’s travel and outreach among the Kurdish emirates and tribes was not easy as he was constantly followed by the shah’s spies.
٧ گەشتی ئیدریسی بەدلیسی و پەیوەندی کردنی بە میرنشین و خێڵە کوردەکانەوە کارێکی ئاسان نەبوو چونکە بەردەوام لە لایەن سیخوڕەکانی شاوە چاودێری دەکرا (ئیدریسی بەدلیسی، الحق المبین فی شرح رسالة الحق الیقین …
(İdris-i Bidlîsî, Hakku’l-Mubîn fi şerhirisaleti’l-hakki’l-yakîn, vr. 7b, in Genç, 2019: 309)
8 TSMA, e.8333- 1, in Genç (2019: 307).
9 TSMA, e. 1019, in Genç (2019: 313).
10 İdris – i Bidlîsî, Salīmshā hnā ma, 133a, in Markiewicz (2019: 127). In Haydar Çelebi’s Ruznâme the date for the conquest of Amid’s fortress is recorded as 22 October 1515 (Ferîdûn Ahmed Bey, 1858: 1/470).
لە روزنامەی حەیدەر چەلەبیدا مێژووی گرتنی قەڵای ئامەد تۆمار کراوە کە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ١٥١٥یە …
١١ بەگوێرەی روزنامەکەی حەیدەر چەلەبی، نەجات گۆیونج مەزەندەی ئەوە دەکات کە ماردین لە ڕۆژێکی ئۆکتۆبەری ١٥١٥دا گیراوە (گۆیونج، ١٩٩١: ١٩).
١٢ بێجگە لەمە، هەندێ کەسایەتی و توێژەری ئاینیی کورد کە بەدوای کار و پیشەدا گەڕاون لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بۆ نموونە، لە ماوەی یەکەم دەیەی سەدەی شانزەهەمدا، کوردێکی مەقسوود بە یاوەریی مامی/ خاڵی وەک کرێگرتەیەکی عوسمانی چووە بۆ هەنگاریا. لە پاش مردنی مامی بڕیاریداوە لەگەڵ عەلی پاشادا بەشداریی حەملەیەکی سەربازیی تر بکات و دواتر لە سوڵتان داوای علوفەی کردووە (هەقی ئالیک یان کرێی سەربازی). چیرۆکەکەی مەقسوود لە ئەرشیفی مۆزەخانەی کۆشکی تۆپقاپیدا ئەوە دەردەخات کەوا کوردەکان وا تەماشای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییان کردووە لەو سەردەمەدا کە خاکێک بوو بۆ کار دۆزینەوە و پەیداکردنی بژێوی.
(TSMA, e. 753/42 (6062/1), 7 Safer 918 (26 Nisan 1512)
١٣ ئوزوون حەسەن (١٤٥٧ – ١٤٧٨)، سەرکردەیەکی زۆر دەرکەوتووی ئاق قۆینلوو بووە مەیلی بە لای بولدوقانی خێڵی ئێگیل و زیرکی خێڵی تەرجیلەوە بووە لەکاتێکدا کە هەڵوێستێکی زۆر دوژمنکارانەی بووە لەگەڵ ئەییووبییەکانی حەسنکێفا و مالکیشییەکانی چەمیشگەزەک (وودس، ١٩٩٩: ٩١ – ٩٢).
١٤ بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی یەکەم پێکهاتەی ئیداری کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دامەزراوە لە دیاربەکر، بڕوانە گۆیونچ (١٩٦٩).
١٥ بەپێی ئەو ڕووپێوییە کادسترۆیەی لە ١٥١٨دا تەواو بووە، ئامەد، ماردین، عەرەبکیر، کیغڵ، خەرپووت، ئەرهانی، سێڤەرک، ڕوها (شانلی ئورفە)، ئاقچەقەڵا، جەرمک، سنجار، چەمشگەزەک، بە ناوچە یان قەزای ئاسایی پۆلێن کراون. لەمانە تەنها چەمشگەزەک وەک پایتەختێکی میراتیی بەگێکی کورد وەرگیراوە چونکە ڕاستەوخۆ یارمەتیی سوپای عوسمانی داوە لە لەشکرکێشییەکەی سەر ئامەددا (TT.d.64, in Markiewicz, 2019: 130).
١٦ هەرچەندە شەرەفخان ئەم قسە و باسەی لەسەر حوکمڕانانی ئامەد کردووە، بەڵام ئەمە یاسا و ڕێسایەک بووە کەوا زۆربەی بەگە کوردەکان پەیڕەوییان کردووە (شەرەف، ١٨٦٠: ١٩٢).
١٧ شەرەفخانی بەدلیسی جەختی لەسەر پابەندبوونی کورد کردووە بە سوننی و شافیعییەوە و بۆ ئەویش بوون بە ڕەعییەتێکی عوسمانی لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسلامی سوننیدا پێناسە دەکرێت، بەتایبەتی لە ناو حوکمڕانە کوردەکاندا(شەرەف، ١٨٦٠: ١٤، ٣٦؛ شەرەفەددین بەدلیسی، ٢٠٠٥: ٣٦).
١٨ ئەرشیفی سەرۆکایەتیی دەوڵەت – تۆمارە گرنگەکان ژمارە (٣٢)، مەرسوومەکانی ژمارە ١٦٨، ١٨٥، ٥١٤ و ٥٤٣ (مارت – نۆڤەمبەر ١٥٧٨). پۆش وا باس دەکات کە نزیکەی حەفتا ساڵی خایاندووە بۆ ئەم بنەماڵەیەی بەدلیس بۆ ئەوەی حوکمیان دەستپێبکەنەوە (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٥ – ٢٠٦).
١٩ ئەسکەندەر بەگ، نووسەر ومێژوونووسێکی دەرباری شای ئێران بووە لە سەردەمی حوکمی شا عەباسی یەکەمدا، کە جەخت لە مەیلی خێڵە کوردەکان دەکاتەوە لە گۆڕینی لایەندا لە کاتی ململانێ لەگەڵ عوسمانییەکاندا (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٦٥؛ میرزا شوکروڵڵا سەنەندەجی، ١٣٦٦/ ١٩٨٧: ٩٦فف). بە هۆی ئەم لایەن گۆڕینەوە، زۆرێک لە سەرچاوەکان سەرکۆنەیان دەکەن کە بێبارن. ئێرانییەکام لەم سەردەمەدا بەردەوام کوردیان بە “شەیتان تەبیعەت”، “لاسار”، “بەدفەساڵ” و “ناپاک” ناودەبرد (کێمپفەر، ١٩٧٧: ٨٨).
٢٠ بۆ کورتە باسێکی میراتی عوسمانی لە عێراق لە سەرەتای سەردەمی نوێدا، بڕوانە (١٩٨٧: ١٧ – ٢٩).
٢١ ئەم مەرسوومە، کە ستراتیجی حوکمی عوسمانی بۆ کوردستان دادەنێت بۆ سێ سەدەی دواتر، بە هەمان شێوە دەچێتە وردەکاریی یاسا و ڕێسای میراتگری لە باوکەوە بۆ کوڕ و ئیمتیازە ئیدارییەکانیان (TSMA, e.11696) بۆ وەرگێڕانێکی ئینگلیزیی فەرمانەکە بڕوانە (ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤: ٥٣ – ٥٤).
٢٢ حاجی شێخ بابان لە مێژووی ڕووداوەکانی ئێران و لە مێژووی ڕووداوەکانی عوسمانیی حەسەن ڕووملوو (١٩٣١: ٣٨٢ – ٣٨٣) و لوتفی پاشا (١٣٤١/ ١٩٢٥: ٣٨٣.
٢٣ یاماگوجی خێڵەکانی بانە و لوڕی بچووک دەتە سەر لیستەکە (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٢).
٢٤ بێجگە لەم دوو تاقمە، یاماگوچی وایبۆدەچێت کە تاقمێکی سێهەمی دەسەڵاتدار و حوکمرانە کوردەکان کە پێکهاتبوون لە حوکمڕان و میرەکانی دەوروبەری دیاربەکر و وردە وردە تێکەڵ بە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بووبوون لە پاش دروستکردنی ویلایەتەکە لە ساڵی ١٥١٥دا. هەر کە ناوچەکانیان لە دەست سەفەوییەکان دەرهێنرا و مافی میراتگرییان بۆ سەلمێنرا، ئەم حوکمڕانانە دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان بۆ عوسمانییەکان دەربڕی (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١١ – ١١٣).
25 BOA, A.DVN, I/52, in Posch (2003: 208).
٢٦ ئەردەڵانییەکان، کە ناوچەکانی خۆیان لە سنە و شارەزووردا فراوان کردبوو، نموونەی باشن بۆ ئەوەی کە چۆن عوسمانییەکان و سەفەوییەکان جەنگی بەوەکالەتیان بەرپاکردبوو دژ بە یەکتر و هەوڵیاندەدا سنووری ناوچەکانیان فراوان بکەن. ناوچەکانی ئەردەڵانییەکان دوو برا حوکمیان دەکرد کە (بیگە بەگ و سوهراب) بوون، یەکێکیان لە شارەزوور و ئەویتریان لە سنە. لە ڕێگەی هەل وەرگرتن و قۆستنەوەی دۆخی ڕکابەری و ڕق لە نێوان ئەم دوو برایەدا لە نیوەی دووەمی سەدەی شانزەدا، عوسمانییەکان دەستیانگرت بە سەر شارەزووردا و سەفەوییەکانیش داوای ئەردەڵانیان دەکرد. سنووری نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەت بە ئەنجامی ئەو شەڕانە دیاری دەکرا کە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە یان خێزان لە سالەکانی دواتردا. وردەکاریی زیاتر لە سەر مێژووی ئەردەڵانییەکان لە سەدەی شانزەدا لە یاداشتەکانی مەئمووندایە، کە لە پارماکسزئۆغڵوو بڵاوکراوەتەوە (١٩٧٣: ١٩٢ – ٢٣٠ و ١ ئە – ٤٥ بێ).
٢٧ لەبارەی تێڕوانینی عوسمانییەکانەوە بۆ پەیماننامەکە، بڕوانە شاهین (٢٠١٣: ١٢٧ – ١٣٦).
٢٨ لەو کەسانەی کە بە ئەمیرولئومەرا دانران، خەلیل بەگی پازوکی لە دەورانی شائیسماعیلی یەکەمدا، ئەمیر شەرەف لە سەردەمی تەهماسبدا و شەرەفخانی بەدلیسی، دانەری کتێبی مێژوویی شەرەفنامە، پاش ئەوەی شائیسماعیلی دووەم (١٥٧٦ – ١٥٧٧) هاتە سەر دەسەڵات (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٨ – ١١٩).
٢٩ عەلی خانی زەنگەنە، کە سەر بە خێڵی بەناوبانگی زەنگەنە بوو، گەیشتە پایەی سەرۆک وەزیر لە ماوەی حوکمی شا سولەیماندا (ماتهی، ١٩٩٤: ٧٧ – ٩٨).
٣٠ هەروەها بڕوانە هەمان سەرچاوە (کوتوکئۆغڵوو، ١٩٩٣: ٥٣ – ٨٢) بۆ باسوخواسێکی ورد لەبارەی جەنگەوە. جیۆڤانی میشێڵ، کونسوڵینیشتەجێی ڤینیسیا لە حەڵەب تا ساڵی ١٥٨٧، ڕوون و ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کەوا عوسمانییەکان کە جەنگیان دژ بە ئێران جەنگیان بەرپا کردووە نەک لە بەر مەسەلەی ئاسایی باوەڕبووبێت بەڵکوو بەسانایی لەبەر فراوانکردنی سنووری خاکەکەیان بوو
(Bibliotecada Ajuda, Lisbon, 46 – 10 – X, ‘Relazione delle successi della Guerra fra il Turco e Persiano all anno 1577 al 1587’, fols. 299v – 300, in Matthee, 2014: 12).
٣١ بۆ گفتوگۆ لەبارەی ڕەگەزەکانی ئاین لە جەنگەکاندا لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا، بڕوانە هێس (٢٠١٣: ١٩٩ – ٢٠٤).
٣٢ ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندە لەبارەی شانۆکانی شەڕی دمدمەوە. کوردەکان وا مامەڵە لەگەڵ ئەم ململانێیەدا دەکەن وەک خەباتێک لەدژی دەسەلاتی داگیرکەری بێگانە و گۆرانییە میللییەکانیان وا وێنای خەڵکە کوژراو و سەربڕاوەکە دەکەن وەک شەهید لە جەنگێکی پیرۆزدا (غەزا) (حەسنپوور، ١٩٩٥: ٤٠٤ – ٤٠٥). لەبارەی گۆرانییە میللییەکان و نۆتە مۆسییقییەکانیانەوە لە سەر ئەو شەڕە، بڕوانە جەلیلۆڤ (١٩٦٧: ٥ – ٢٦، ٣٧ – ٣٩، ٢٠٦).
33 Topçular Kâtibi, Tevârîh-i Âl-i Osmân تەواریخی عالیی عوسمانی , fol. 241b -242b, 265a, Vienna: Österreichische Nationalbibliothek Ms, Mxt 130, in Murphey (2003: 162).
٣٤ عەزیز ئەفەندی تێبینیی ئەوە دەکات کە پاش ئەوەی حاکمی ویلایەتەکان دەستیان دایە گەندەڵی و کەوتنە پارە کێشانەوە لە بەگە کوردەکان، هێزەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە بۆ تەنها ٦٠٠ یان ٧٠٠ پیاو لە سەرەتای ١٦٣٠دا (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤ – ١٥).
٣٥ پێش ئەوەی بەغدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیانە، عوسمانییەکان ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و ویلایەتی مووسڵیان بەکاردەهێنا وەک مەڵبەندی جووڵەی سەربازی دژ بە سەفەوییەکان.
٣٦ هەروەها عەزیز ئەفەندیش لە ڕاپۆرتەکەیدا ویستوویەتی سەرنجی سوڵتان ڕابکێشێت بۆ ئەو لەشکرکێشییەی بە فەرماندەیی بەگە کوردەکان ئەنجامدرا (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤).
٣٧ بۆ وردەکاریی زیاتری ڕێککەوتننامەکە ، بڕوانە نیعمە مستەفا ئەفەندی (١٢٨١/ ١٨٦٤ – ١٨٦٥: ٣/ ٤٠٦ – ٤١٠).
٣٨ ئەولیا چەلەبی، کە بە ناوچەکەدا گەڕاوە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا، وەک “قەڵایەکی قایم” (سەددی سەدید) باس لە کوردستان دەکات (ئەولیا چەلەبی، ٢٠٠٥: ٤/ ٢١ئە).
٣٩ عەزیز ئەفەندی ئەوەشی دەخاتەسەر کەوا عوسمانییەکان “قەرزاری” بە کوردەکان بوون بۆ ئەو خزمەتەی کە بە سنوورەکانیان کردووە. بەو پێیە ئەو وایبۆدەچێت کە “پێچەونەی ئەو بڕیارە باڵا دادوەرییە، هیچ کەس بۆی نیە داوای تاقە ئاقچەیەک یان دەنکە دانەوێڵەیەک بکات لە فەرماندە کوردەکان” (عەزیز ئەفەندەی، ١٩٨٥: ١٧). بۆ ڕێکخستنی کارگێڕیی ویلایەتی دیاربەکر لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا، بروانە ڤان بروونەسن (١٩٨٨: ١٣ – ٢٨).
٤٠ توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ئابووریی سیاسیی کوردستان ئەوە دەخاتەڕوو کەوا لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا توانا و دەسەلاتی بەگلەربەگی زیادی کرد و سەربەخۆیی حوکمرانە کوردەکان لە دیاربەکر وردە وردە بەرەو داخوران دوچوو (یادرگی، ٢٠١٧: ٧٥ – ٧٦).
٤١ بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر تێگەیشتنی کاتب چەلەبی بۆ کوردستان ، بڕوانە ئەتماکا(٢٠١٨: ٨٢ – ٨٤). هەروەها بروانە کاری داهاتووم (ئەتماکا، ٢٠٢١).
٤٢ بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە، نەعیمە وایبۆچووە کە “خاک و وڵاتی کوردستان” (مەمالیکی کوردستان) وەک هەرێم یان ناوچەیەک گەورەترە لەوەی کە ئەولیا چەلەبی وەسفی کردووە، بە خستنەسەری ئەرزڕووم و ڕوحا (ئورفە). هەروەها ئەو دانیشتووانی کوردی سیواسیشی تۆمار کردووە (نەعیمە مستەفا ئەفەندی، ٢٠٠٧: ٢/٥٥٠، ٨٩٩).
٤٣ وادیارە ئەولیا چەلەبی زیادەڕۆیی کردووە لە ژمارەی سەربازاندا، کە بێ بەڵگە جەختی لەسەر کردبووەوە (ئەولیا چەلەبی، ٢٠٠٥: ٤/٣٧٢ بێ).
٤٤ عەمادییە حوکمێکی لەڕادەبەدەری لە مەنلەکەتی کوردستاندا هەیە … لە ویلایەتەکەیدا مڵکایەتی و دەرەبەگایەتی نیە ئەفسەر و فەرماندە نیە، چاودێر و پاسەوانی قەڵا یان سەرپەرشتیی حوکمڕانان نیە. هەر کەسە و خۆی پاشا و حوکمرانی زەوی و خاکی خۆیەتی) ئەولیا چەلەبی ، ٢٠٠٥: ٤/٣٧٧بێ). وردەکاریی زیاتری ئیمارەتی بادینان دەستدەکەون لە سەعدی (٢٠١٧)، ئەلدەمەلوجی (١٩٥٢)، ئەلعەبباسی (١٩٦٩) و ئەلعەززاوی (١٩٤٩).
٤٥ لەبارەی ڕێککەوتننامەکانی جەنگ و ئاشتی لە نێوان ئەفشاری و عوسمانییەکان، بڕوانە تەکەر (١٩٩٦: ١٦ – ٣٧) و ئۆڵسن (٢٠١٧).
٤٦ سنە (سەنەندەج)، میهرەبان (مەریوان)، ئەڤرومان (ئەورامان)، جەڤانڕود (جوانڕۆ)، بانێ (بانە)، سەکیز (سەقز) و ئەفشار وەک لیوا ڕێکخرانەوە لە ژێر ڕکێفی ویلایەتی ئەردەڵاندا
(Tahrir Defteri (TD), no. 1066 (c. 1726 – 27), in Özgüdenli, 2003: 90 – 2).
٤٧ لەبارەی سەرهەڵدان و ڕکابەریی بابانەکان لە کوردستان لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا، بڕوانە فەسڵی یەکەم لە ئەتماکا (٢٠١٣). لەبارەی بەرزونزمیی دەسەلاتی سیاسییەوە لە ناو میرنشینە کوردییەکاندا، بڕوانە کاری داهاتووم (ئەتماکا، ٢٠٢١).
48 BOA, Hatt-ı Humayun (HAT), 20880-F (17 Rebiülâhir 1225/22 April 1810).
خەتی هومایۆن (خەت) …. بۆ وەرگێڕانی ئینگلیزیی نامەکەی عەبدولڕەحمان پاشا بۆ سەرۆک وەزیران (سەدری ئەعزەم – و) یوسف پاشا، بڕوان ئەتماکا (٢٠١٣: ٥٥).
49 BOA, HAT, 20880 – F.
٥٠ ڕاپۆرتێک لەسەر عەبدولڕەحمان پاشا و خاک و ناوچەکانی بابان، کە لەلایەن عەلی پاشای والیی بەغداوە ئامادە کراوە، باس لەوە دەکات کە “کوردستان (واتە بردنەوەی) عێراق و عێراق واتە بردنەوەی ئەنەدۆڵ.
BOA, HAT, 6671 – B (undated – probably May or June 1806).
٥١ BOA, HAT, 37113 (٢٩ی زیلحەججە ١٢٣٩/٢٥ی ئابی١٨٢٤). بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی هەردوو ڕێککەوتننامەکەوە، بڕوانە ماستەرس ( ١٩٩١: ٣ – ١٥) و ئاکیون (١٩٩٥).
٥٢ بۆ سێنتراڵیزە کردنی ئیمارەتە کوردییەکان و ئەنجام و لێکەوتەکانی، بڕوانە ئەتماکا (٢٠١٩: ٥١٩ – ٥٣٩).
بیبلۆگرافی Bibliography
Archival Sources سەرچاوە ئەرشیفییەکان
Cumhurba¸skanlıgı Devlet Ar¸sivleri Ba¸skanlıgı/Directorate of Presidential State Archive, Ankara and Istanbul (BOA, formerly Ba¸sbakanlık Osmanlı Ar¸sivi/Prime Ministry Ottoman Archive)
بەڕێوەبەرێتیی ئەرشیفی سەرۆکایەتیی دەوڵەت، ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ (پێشتر ئەرشیفی عوسمانیی سەرۆکایەتیی وەزیران).
Hatt-ı Humayun (HAT) خەتی هومایۆن – خەت
Mühimme Defteri (MD) تۆمارە گرنگەکان
Topkapı Sarayı Müzesi Ar¸sivi, Istanbul (TSMA, Topkapı Palace Museum Archives) مۆزەخانەی ئەرشیفی کۆشکی تۆپقاپی
Primary Sources سەرچاوە سەرەتاییەکان
Aynı Ali Efendi (1280/1863 64). Kavânîni Âli Osman der Hülâsai Mezâmini Defter-i Dîvân. Istanbul: Tasvîri Efkâr Matbaası.
قەوانینی عالیی عوسمانی دەر خولاسەی مەزامینی دەفتەری دیوان …
Aziz Efendi (1985). Kanûnnâmei Sultânî Li ʿAzîz Efendi: Aziz Efendi’s Book of Sultanic Laws and Regulations: An Agenda for Reform by a Seventeenth Century Ottoman Statesman, ed. And trans. R. Murphey. Sources of Oriental Languages and Literatures 9. Cambridge, MA: Harvard University Press.
کتێبی یاسا سوڵتانییەکان و ڕێکخستنیان: ئەجێندایەک بۆ چاکسازی لە لایەن پیاوێکی دەوڵەتی عوسمانیی سەدەی حەڤدەهەمەوە …
Dürri Ahmed Efendi (1820). Sefâretnâmei Iran (Relation de Dourry Effendi ambassadeur de la Porte Ottomane près la cour de Perse). Paris: C. Motte.
سەفارەتنامەی ئێران (پەیوەندیی دوڕی ئەفەندیی باڵوێزی بابی عالیی عوسمانی بە دەرباری فارسییەوە)….
Eskandar Beg (1978). History of Shah Abbas the Great (Tarıke ʿA lamaraye ʿAbbası). Vol. 2, trans. R. M. Savory. Boulder, CO: Westview.
مێژووی شا عەباسی گەورە (تاریخی عالەم ئارای عەبباسی)…
Evliyâ Çelebi (2005). Evliyâ Çelebi Seyahatnâmesi, Vol. 4., ed. S. A. Kahraman and Y. D. Istanbul: Yapı Kredi Yayınları.
سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی …
Ferîdûn Ahmed Bey ([1849] 1858). Mün¸seâtü’sSelâtîn. 2 Vols. Istanbul: Takvîmhânei Âmire. مونشەئەتول سەڵاتین…
Harris, W. B. (1896). Batum to Baghdad: Via Tiflis, Tabriz and Persian Kurdistan. London: W. Blackwood.
لە باتوومەوە بۆ بەغدا: بەسەر تەفلیس و تەبرێز و کوردستانی ئێراندا …
Hasan Rumlu (1931). A Chronicle of the Early Safawıs Being the Ahsanu’tTawarıkh of Hasani Rumlu. Vol. 1, ed. and trans. C. Seddon. Baroda: Oriental Institute of Baroda.
مێژووی ڕووداوەکانی سەرەتای سەفەوییەکان وەک چۆن هاتووە لە ئەحسەنولتەواریخی حەسەنی ڕووملیدا …
İdrisi Bidlîsî (2001). Selim Şahnâ me, شاهنامەی سەلیمed. H. Kırlangıç. Ankara: Kü ltü r Bakanlığ ı Yayınları.
Kâtib Çelebi (1287/1870). Fezlekei Tevâ rih.فەزلەکەی تاریخ (فذلکة التاریخ) Vol. 2. Istanbul: Ceridei Havadis Matbaası.
Kâtib Çelebi (2007). Cihannüma. جیهاننوماVol. 1., ed. F. Sarıcao˘glu. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.
Lütfi Pa¸sa (1341/1925). Tevarihi Al-i Osman, تارتخی عالیی عوسمان ed. A. Bey and M. Serhan Tay¸si. Istanbul: Matbaai Amire.
Mirza Shukrullah Sanandaji (Fakhr alKuttab) (1366/1987). Tuhfahi nasiri dar tarikh va jugrafiyayi Kurdistan, ed. H. A. Tabibi. Tehran.
توحفەیی ناسری دەر تاریخ و جوغرافیایی کوردستان …
Naʿîmâ Mustafa Efendi (1281/1864 65). Târihi Naʿîmâ تاریخی نەعیمە . Vols 2 3. Istanbul: Matbaaı Âmire.
Naʿîmâ Mustafa Efendi (2007). Târihi Naʿîmâ. Vol. 2, ed. M. I · p¸sirli. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی مێژوویی تورکی
Parmaksızoglu (1973). Kuzey Irak’ta Osmanlı Hakimiyetinin Kurulu¸su ve Memun Bey’in Hatıraları. Belleten, 37 (146), 192 230 and 1a 45b.
سەپاندنی هەژموونی عوسمانی بەسەر باکووری عێراقدا و یاداشتەکانی مەئموون بەگ …
Scheref (1860). Scherefnameh ou Histoire des Kourdes. Vol. 1, ed. and trans. V. Véliaminof Zernof. St. Petersburg: Académie Impériale des Sciences. شەرەفنامە یان مێژووی نەتەوەی کورد…
Sharaf alDîn Bitlîsî (2005). The Sharafnâma or the History of the Kurdish Nation. Vol. 1, ed. and trans. M. R. Izady. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers. شەرەفنامە یان مێژووی نەتەوەی کورد…
Vak’anüvis Subhî Mehmed Efendi (2007). Subhî Tarihi, سوبحی تاریخی ed. M. Aydıner. Istanbul: Kitabevi Yayınları.
Secondary Sources سەرچاوە لاوەکییەکان
al ʿAbbâsî (1969). Imârat Bahdinan al ʿAbbâsiyya. Mosul.
إمارة بهدینان العباسیة …
Allouche, A. (1983). The Origins and Development of the Ottoman Safavid Conflict, 906 962/1500 1555. Berlin: Klaus Schwarz Verlag.
ڕەگ و پەرەسە ندنی شەڕ و ململانێی عوسمانی – سەفەوی ….
Ate¸s, S. (2013). Ottoman Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843 1914. New York: Cambridge University Press.
ناوچە سنوورییەکانی عوسمانی و ئێران: داڕشتنی سنوور ١٨٤٣ – ١٩١٤ …
Atmaca, M. (2013). Politics of alliance and rivalry on the Ottoman Iranian frontier: The Babans (1500 1851). Unpublished PhD thesis, Albert Ludwig University of Freiburg.
سیاسەتی هاوپەیمانی و ڕکابەری لەسەر سنووری عوسمانی – ئێران. بابانەکان (١٥٠٠ – ١٨٥١). تێزێکی دکتۆرای بڵاونەکراوە …
Atmaca, M. (2018). Change and continuity in the perception of the Kurdish lands in European and Ottoman sources. The Journal of Mesopotamian Studies, 3 (1), 77 93.
گۆڕانکاری و بەردەوامی لە تێگەیشتنی ناوچە کوردییەکان لە سەرچاوە ئەوروپی و عوسمانییەکاندا …
Atmaca, M. (2019). Resistance to centralization in the Ottoman periphery: The Kurdish Baban and Bohtan emirates. Middle Eastern Studies, 55 (4), 519 39.
بەرهەڵستیی بەناوەندی کردنی ناوچە پەڕ و چێوەکانیدەولەتی عوسمانی: میرنشینە کوردییەکانی بابان و بۆتان ….
Atmaca, M. (2021). ‘Land of the Kurds’ or ‘Land of the Rocks’? Changing perceptions of Kurdistan in European and Ottoman sources. In F. M. Göçek and A. Alemdaroglu (eds), Kurds in Dark Times: New Insights on Race/Ethnicity, Violence, and Resistance (pp. 10 30). Syracuse, NY: Syracuse University Press.
“خاک و وڵاتی کوردەکان” یان “خاک و وڵاتی بەردەڵان”؟ گۆڕانی تێگەیشتن لەبارەی کوردستانەوە لە سەرچاوە ئەوروپی و عوسمانییەکاندا… لە کتێبی .. کورد لە ڕۆژگارە تاریکەکاندا: ڕۆشنایی نوێ لەسەر ڕەگەز/ ئیتنیک، توندوتیژی و بەرگری …
Aykun, I. (1995). Erzurum Konferansı (1823 1847) ve Osmanlı İran Hudut Antla¸sması. Unpublished PhD thesis, Atatürk University.
کۆنفرانسی ئەرزڕووم (١٨٢٣ – ١٨٤٧) و پەیماننامەی سنووری عوسمانلی – ئێران. تێزێکی دکتۆرای بلاونەکراوە …
Al ʿAzzâwî (1949). Tarikh al ʿIrâq bayn Ihtilâlayn. Vol. 4. Baghdad: Sharikat al Tijâra wal Tibâʿa al Mahduda.
العزاوی (عباس)، تأتیخ العراق بین إحتلالین…
Bacqué Grammont, J. L. (1975). Etudes turcoSafavides, I. Notes sur le blocus du commere Iranien par Selim 1er. Turcica, 6, 68 88.
توێژینەوەکانی تورکی – سەفەوی، تێبینی لەسەر سەپاندنی ئابڵووقەی سەر ئێران لە سەردەمی سەلیمی یەکەمدا …
Barkan, Ö. L. (1953 1954). H. 933 934 (M. 1527 1528) Malî Yılına Ait Bir Bütçe Örne˘gi. Istanbul Üniversitesi Iktisat Fakültesi Mecmuası, 14 (5), 251 329. نموونە لەسەر بودجەی ساڵی دارایی (کۆمەڵەی فاکوڵتیی ئابووریی زانکۆی ئەستەمبووڵ)…
Barthold, W. (1984). A Historical Geography of Iran, trans. S. Soucek. Princeton, NJ: Princeton University Press.جوگرافیای مێژوویی ئێران…
al Damalûjî (1952). lmârat Bahdinan al Kurdiyya aw Imârat al ʿImâdiyya. Mosul: al Ittihâd al Jadîda.
إمارة بهدینان الکردیة أو إمارة العمادیة …
Dzhalilov, O. D. (1967). Kurdskiy geroicheskiy epos ‘Zlatorukiy Khan’. Moscow.”خانی لەپ زێڕین” داستانی قارەمانێتیی کورد…
Fattah, H. M. and Caso, F. (2009). A Brief History of Iraq. New York: Infobase Publishing. کورتە مێژوویەکی عێراق…
Fuccaro, N. (2012). The Ottoman frontier in Kurdistan in the sixteenth and seventeenth centuries. In C. Woodhead (ed.), The Ottoman World (pp. 237 250). London: Routledge.
سنووری عوسمانی لە کوردستاندا لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا… لە کتێبی .. جیهانی عوسمانی ….
Genç, V. (2019). Acem’den Rum’a Bir Bürokrat ve Tarihçi: Idris i Bidlîsî (1457 1520). Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.
بیرۆکرات و مێژوونووسی فارس و ڕۆم (عوسمانی – و): ئیدریسی بەدلیسی (١٤٥٧ – ١٥٢٠) … لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی مێژوویی تورکی …
Göyünç, N. (1969). Diyarbekir Beylerbeyiligi’nin Ilk Idari Taksimatı. IÜ Edebiyat Fakültesi Tarih Dergisi, 13, 23 34.
بەگلەربەگیی دیاربەکر و دابەشکردنی کارگێڕیی یەکەم (گۆڤاری کۆڵێجی ئادابی زانکۆی IU بۆ مێژوو).
Göyünç, N. (1991). XVI. Yüzyılda Mardin Sancağı. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları. سەنجەقی ماردین لە سەدەی نۆزدەدا… (گۆڤاری کۆمەڵەی مێژووی تورکی) …
Hassanpour, A. (1995). Dimdim. Encyclopaedia Iranica, 7, Fasc. 4, 404 5.
Hess, M. R. (2013). Schreiben des Antagonismus: Dimensionen des osmanischsafavidischen Konfliktes in Staatskorrespondenz um 1600. Aachen: Shaker.
Kaempfer, E. (1977). Am Hofe des persischen Grosskönigs 1684 1685, ed. and trans. W. Hinz. Tübingen: H. Erdmann.
Kütüko˘glu, B. (1993). Osmanlı Iran Siyasi Münasebetleri (1578 1612). Istanbul: Istanbul Fetih Cemiyeti. بۆنە سیاسییەکانی عوسمانلی ئێران…
Longrigg, S. (1925). Four Centuries of Modern Iraq. Oxford: Oxford University Press.چوار سەدە لە مێژووی نوێی عێراق…
Markiewicz, C. (2019). The Crisis of Kingship in Late Medieval Islam: Persian Emigres and the Making of Ottoman Sovereignty. Cambridge: Cambridge University Press.
قەیرانی مەلەکییەت لە دوادوایی سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامدا: پەنابەرەکانی ئێران و دروستبوونی دەسەلاتی ئیسلامی…
Masters, B. (1991). The treaties of Erzurum (1823 and 1847) and the changing status of Iranians in the Ottoman Empire. Iranian Studies, 24 (1), 3 15.
پەیماننامەکانی ئەرزڕووم (١٨٢٣ و ١٨٤٧) و گۆڕانی بارودۆخی ئێرانییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا…
Matthee, R. (1994). Administrative stability and change in late 17th century Iran: The case of Shaykh ʿAli Khan Zanganah (1669 1689). International Journal of Middle East Studies, 26 (1), 77 98.
سەقامگیری و گۆڕانی ئیداری لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەی ئێراندا: مەسەلەی شێخ عەلی خانی زەنگەنە (١٦٦٩ – ١٦٨٩).
Matthee, R. (2014). The Ottoman Safavid War of 986 998/1578 1590: Motive and Causes.International Journal of Turkish Studies, 20 (1 2), 1 20.جەنگی عوسمانی – سەفەوی (١٥٧٨ – ١٥٩٠): پاڵنەر و هۆکارەکان …
McLachlan, K. (2000). Boundaries with the Ottoman Empire. Encyclopaedia Iranica, 4, Fasc. 4, 401 403.
سنوورەکان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا …
Murphey, R. (1987). The Ottoman centuries in Iraq: Legacy or aftermath? A survey study of Mesopotamian hydrology and Ottoman irrigation projects. Journal of Turkish Studies, 11, 17 29.
سەدەکانی عوسمانی لە عێراقدا: میراتی یان پاش کارەسات؟ لێکۆڵینەوەیەکی ڕووپێویی هایردرۆلۆجی لە میسۆپۆتامیادا و پرۆژەکانی ئاودێریی عوسمانی …
Murphey, R. (1993). Süleyman’s eastern policy. In H. Inalcık and C. Kafadar (eds), Süleymân the Second and His Time (pp. 229 48). Istanbul: ISIS.
سیاسەتی سولەیمان لە ڕۆژهەڵاتدا.. لە کتێبی .. سولەیمانی دووەم و سەردەمەکەی..
Murphey, R. (2003). The resumption of Ottoman Safavid border conflict,
1603 – 1638: Effects of border destabilization on the evolution of state – tribe
relations. In I. Schneider (ed.), Mitteilungen des SFB ‘Differenz und
Integration’ 5: Militär und Staatlichkeit (pp. 151 – 70). Halle/Saale:
Orientwissenschaftliches Zentrum der Martin- Luther – Universtät Halle – Wittenberg.
دەستپێکردنەوەی شەڕ و ململانێی سنووری عوسمانی – سەفەوی، ١٦٠٣ – ١٦٣٨: کاریگەرییەکانی ناسەقامگیریی سنوور لە سەر پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی دەوڵەت و خێڵ .. لە کتێبی .. نامەکانی جیاوازی و تەواوکاریی سوپا و دەوڵەت (سەنتەری مارتن لووسەر بۆ توێژینەوەکانی ڕۆژهەلات – زانکۆی هالی – ساڵ، ویتنبێرگ …
Olson, R. W. (2017). The Siege of Mosul and Ottoman – Persian Relations, 1718 1743. London: Routledge.
گەمارۆدانی مووسڵ و پەیوەندیەکانی عوسمانی و وڵاتی فارس …
Özgüdenli, O. (2003). Osmanlı Iranı I: BatıIran ve Azerbaycan Tarihi Hakkında Osmanlı Tahrîr Kayıtları: Co˘grafî ve Idarî Taksimat. A.Ü. Dil ve Tarih Co˘grafya Fakültesi Tarih Ara¸stırmaları Dergisi, 22 (34), 83 106.
عوسمانلی و ئێران: لەبارەی ڕۆژئاوای ئێران و ئازەربایجانەوە، مافی مێژوویی عوسمانی لە کۆنووسەکاندا….
Özoğlu, H. (2004). Kurdish Notables and the Ottoman State. Albany, NY: State University of New York Press.
کەسایەتی و ناودارانی کورد لە دەوڵەتی عوسمانیدا …
Perry, J. (2006). Karim Khan Zand. Oxford: Oneworld Publications.
Posch, W. (2003). What is a frontier? Mapping Kurdistan between Ottoman and Safavids. In E. M. Jeremias (ed.), Irano Turkic Cultural Contacts in the 11th 17th Centuries (pp. 203 15). Piliscsaba: The Avicenna Institute of Middle Eastern Studies.
سنوور چیە؟ نەخشەکێسانی کوردستان لە نێوان عوسمانی و سەفەویدا.. لە کتێبی .. پەیوەندییە کولتوورییەکانی ئێران و تورکیا لە سەدەی یانزەوە بۆ سەدەی حەڤدە…
Saadi, S. A. (2017). Behdinan Kürt Emrili˘gi. Unpublished PhD thesis, Dicle University.میرنشینی بەهدینانی کوردی.. نامەی دکتۆرای بڵاونەکراوە…
Sawaqeb, J. and Muzaffari, P. (1393/2015). Ouwza e Siyasi – ye Kordestan az morg – e Nader ta awakher e Zandiya (Salhay – e 1160 1200 q.). Falsafa e Ilmi, 114 (24), 97 120.
بارودۆخی سیاسیی کوردستان لە مەرگی نادرەوە تا کۆتایی سەردەمی زەندی …
Sinclair, T. (2009). Administration and fortification in the Van region under Ottoman rule in the sixteenth century. In A. C. S. Peacock (ed.), The Frontiers of the Ottoman World (pp. 211 25). Oxford: Oxford University Press.
بەڕێوەبردن و قایمکاری لە ناوچەی واندا لە ژێر سایەی حوکمی عوسمانی لە سەدەی شانزەدا.. لە کتێبی .. سوورەکانی جیهانی عوسمانی …
¸Sahin, K. (2013). Empire and Power in the Reign of Süleyman: Narrating the Sixteenth Century Ottoman World. Cambridge: Cambridge University Press.
ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵات لە سەردەمی حوکمی سولەیماندا: گێڕانەوە و بەسەرهاتی سەەی شانزەی جیهانی عوسمانی …
Tucker, E. (1996). The peace negotiations of 1736: A conceptual turning point in Ottoman Persian relations. Turkish Studies Association Bulletin, 20 (1), 16 37.
دانوستانی ئاشتیی ساڵی ١٧٣٦: خاڵێکی وەرچەرخانی چەمک و تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی عوسمانی و ئێراندا ….
Uzunçarsılı, I. H. (1995). Osmanlı Tarihi. مێژووی عوسمانی 4 Vols. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları. van Bruinessen, M. (1988). The Ottoman conquest of Diyarbekir and the administrative organisation of the province into the 16th and 17th centuries. داگیرکردن دیاربەکر لەلایەن عوسمانییەکانەوە و ڕێکخستنی کارگێڕی لە ویلایەتەکەدا لە سەدەکانی ١٦ و ١٧دا. In M. van Bruinessen and H. Boeschoten (eds), Evliya Çelebi in Diyarbekir (pp. 13 28). Leiden: Brill.لە کتێبی .. ئەولیا چەلەبی لە دیاربەکر
Woods, J. E. (1999). The Aqquyunlu: Clan, Confederation, Empire. Salt Lake City, UT: University of Utah Press.
ئاق قۆینلوو: عەشیرەت، کۆنفیدراسیۆن، ئیمپراتۆرییەت …
Yadirgi, V. (2017). Political Economy of the Kurds in Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Cambridge: Cambridge University Press.
ئابووریی سیاسیی کوردەکان لە تورکیادا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا
Yamaguchi, A. (2012). Shāh Tahmāsp’s Kurdish policy. Studia Iranica, 41 (1), 101 32.سیاسەتی شاتەهماسپ سەبارەت بە کورد ….
Zeki, M. E. (1939). Tarixi Silêmanî û welatê le devreyê zor Kadimewe ta Evvelê ihtilal (1918 m.). Baghdad: al Najâh.
زەکی، محەمەد ئەمین، تاریخی سلێمانی و وڵاتی لە دەورەی زۆر قەدیمەوە تا ئەووەڵی ئیحتیلال…

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …