Home / بەشی مێژووی كورد / جووڵانەوەی کورد و کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، 1880 – 1923

جووڵانەوەی کورد و کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، 1880 – 1923

د. ژین  باجەڵان*/ یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە بەشی مێژووی  زانکۆی ویلایەتی میسووری/ ئەمریکا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

پێشەکی

 بە زۆری مێژوونووسانی پرسی کورد شوێن ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەگێڕنەوە بۆ شۆڕشی ساڵی ١٨٨٠ی شێخ عوبەیدوڵڵا (ئەتەش، ٢٠١٤: ٧٣٥ – ٧٩٨؛ جوەیدە، ٢٠٠٦: ٧٥ – ١٠١؛ ئۆڵسن، ١٩٨٩: ٢ – ٧؛ سولەیمانی، ٢٠١٦ ئە: ١٥٧ – ٢١٦). پۆلێنکردنی ئەم شۆڕشە وەک پاڵنەرێک لەلایەن ناسیۆنالیزمەوە بە شێوەیەکی ڕەها و گشتگیر قبووڵکراوە. ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەوان مشتومڕی ئەوە دەکەن کەوا ئەم خاسییەتە بەرهەمی سەرلەنوێ وێناکردنە بە گەڕانەوە بۆ دواوە و لەجیاتیدا جەختکردنەوەیە لە سەر سروشتی خێڵگەرایی و ئاینیی ڕاپەڕینەکە (ماکدوواڵ، ١٩٩٧: ٥٣؛ ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤: ٧٦ – ٧٧؛ پیستۆر – حاتەم، ٢٠٠٢: ١٩ – ٣٠). بەڵام شێخ عوبەیدوڵڵا هیچ کاتێ بە دوای هێشتنەوە یان بەرفراوان کردنی ئیمتیازە فیوداڵەکانی کە هەن لە بەرانبەر سێنتراڵیزە کردنی حکوومەتی ئیمپراتۆریدا وەک میرەکانی  نەوەیەکی پێشتری شۆڕش یان یاخیبوونەکە، چەشنی ئەحمەد پاشای بابان لە سلێمانی و بەدرخان بەگی جزیرەی بۆتان، هەیانبوو لە ساڵانی ١٨٤٠کاندا. ئەو ئامانجێکی بەربڵاوتری هەبوو، ئەویش بەدیاریکراوی ڕووخاندنی ئەو سیستەمە سیاسییە بوو کە لە ناوچەکەدا هەبوو لە ڕێگەی یەکخستنی هەردوک کوردستانی عوسمانی و ئێرانی لە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیدا. لەوەش گرنگتر ئەو شەرعییەتێکی دابوو بە خولیا و ئاواتە سیاسییەکانی بە گەڕانەوە بۆ ئیدیۆمی نەتەوەسازیی کورد. لە نامەیەکیدا بۆ میسیۆنێرێکی ئەمریکی، کە فرەجار بە نموونە       دەهێنرێتەوە و ڕایدەگەیەنێت کەوا “نەتەوەی کورد لە زیاد لە پێنجسەد هەزار خێزان پێکدێت و گەلێکی جیایە و ئاینیان و داب و نەریتیان    جیاوازە و… ئێمە گەلێکی جیاین و دەمانەوێت کاروباری خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت” (بڕوانە ماکدوواڵ، ١٩٩٧: ٥٣؛  ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤: ٧٥).

 لەکۆتاییدا شێخ عوبەیدوڵڵا سەرنەکەوت لە بچڕاندن و جیاکردنەوەی دەوڵەتێکی کوردی لە سەر سنووری عوسمانی –  قاجاردا. بە دوای هێرشێکی شکستخواردوودا بۆ کوردستانی ئێران، کە ترۆپکی گەیشتە گەمارۆدانی شاری ورمێ، ئەو هێزەی کە قاجارەکان لە تەبرێزەوە ناردیان توانی کوردەکان دەرپەڕێنێت. شێخ بە شکستخواردوویی لە سنوورەوە گەڕایەوە بۆ بنکە و قایمکارییەکانی خۆی لە ناوچەی هەکاریی ژێر ڕکێفی عوسمانی و لەوێش دواجار لە هاوینی ١٨٨١دا خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی عوسمانی کرد. پاشان دوورخرایەوە، یەکەمجار بۆ ئەستەمبووڵ و دوای ساڵێک لە هەوڵێکی شکستخواردووش بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی نێردرا بۆ مەککە و لەوێ لە ساڵی ١٨٨٣دا کۆچی دوایی کرد. بەڵام وەک دەبلیو. جی. ئابۆتی کونسوڵی بەریتانی لە تەبرێز، لە گەرماوگەرمی خۆڕادەستکردنی شێخدا سەرنجی داوە کە سەرباری شکستەکەشی “ئەگەری ئەوە هەیە دواتر لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، کەوا چی دەبێ بکرێت لە کوردستاندا؟”١ بۆ بیرهێنانەوە،  هەڵسەنگاندنەکەی ئابۆت ئەوەی سەلماند کە پێشبینیکەر بێت، چونکە ئەگەرچی شۆڕشەکە سەردەمێکی خێرای ڕانەگەیاند بۆ هەوڵێکی بەردەوامی بەرگریی نەتەوەیی چ بۆ حوکمی عوسمانی یان حوکمی قاجار، بەڵام مژدەدەری سەردەمێکی نوێی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی کوردی بوو، کە مۆرکی گەشەکردنی لەسەرخۆی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد و سەرهەڵدانی “مەسەلەی کوردی” پێوە بوو.

  ئەم بەشە تاوتوێی نزیکەی نیو سەدە دەکات لە هەڵگیرسانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵاوە لە سەرەتای ساڵانی ١٨٨٠کانەوە بۆ هەرەسهێنان و دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەرەتای ١٩٢٠کانەوە، کە زێدی زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم قۆناخە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە مێژووی “مەسەلەی کورددا”، چون بوو بە مایەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی “نەتەوەیی کورد” کەوا ڕوو لە زیاد چالاک بوو، کە بزووتنەوەیەک بوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا سەری هەڵدا.

   سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا و ئەمریکا لە دوایی سەدەی     هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو لەسەر ئیپراتۆرییەتی عوسمانی. لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، ناسیۆنالیزم لەنێوان گەلانی زۆرینە کریستیانی بەڵکاندا ئاسانکاریی کرد بۆ وەرچەرخانی ناوچەکە بەرەو تێکەڵەیەک لە دەوڵەتی نەتەوەیی، کە بریتی بوون لەمانە: یۆنان (١٨٢٩)، سربیا (١٨٧٨)، مۆنتێنیگرۆ (١٨٧٨)، ڕۆمانیا (١٨٧٨)، بوڵگاریا (١٩٠٨) و ئەلبانیا (١٩١٣). بە هاتنی ساڵی ١٩١٤، یاخیبوون و جەنگ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی بچووک کردبووەوە بۆ ناوچەیەکی بچووک و بەرتەسکی چواردەوری ئەستەمبووڵی پایتەخت، کە ڕۆژگارێک بەشێکی بەرفراوانی ئەوروپای داگیر کردبوو. بەڵام بەشە ئاسیاییەکەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی تاڕادەیەک وەک خۆی مابووەوە تا کاتی شکستە کارەساتبارەکەی ئیمپراتۆرییەت لە ساڵی ١٩١٨، لە ئەنجامی جەنگی جیهانیی یەکەمدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە سیاسەتی ناسیۆنالیستی بۆ یەکەمجار لە ناو دانیشتووانە کریستیانەکەی ئیمپراتۆرییەتدا دەرکەوت لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە، بەڵام ئەوانەی ئیددیعایان دەکرد کە بە ناوی گەلە جۆراوجۆرە موسڵمانەکانی عوسمانییەوە قسە دەکەن – بە تورک و عەرەب و ئەلبان و کوردەوە – دەسکەوتیان لە هەڵکشاندا بوو.

  زۆرێک لەو مێژووە کۆنەی پەیوەستە بە سەردەمی ئەم دواییانەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە مەبەستێکی ناسیۆنالیستی لەخۆ دەگرێت سەبارەت بە خواست و ئارەزووی بڕیاری چارەی خۆ نووسینی نەتەوەیی لە فۆرمی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا وەک ئەنجامێکی حەتمیی گەشەکردنی هۆشیاریی نیشتمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو گریمانەیە هەڵەیە کەوا هەڵکشانی هۆشیاریی نەتەوەیی ڕاستەوخۆ ببەسترێت بە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی جوداخوازەوە. لەڕاستیدا، زانیاری و لێکۆڵینەوەی نوێ    ئاڵۆزی و سرووشتی تەمومژاویی ئەو شوناسانەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست دەردەخەن (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٦؛ دێرماتۆسیان، ٢٠١٤؛ ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە). لەکاتێکدا کە دەگونجێت بە شێوەیەکی گشتی پێناسەی گەشەکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد بکەین لە میانەی ئەم سەردەمەدا، لە ناو نەوەی یەکەمی چالاکوانە کوردەکاندا، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو لە بیر و بۆچووندا سەبارەت بە چۆنیەتیی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد.

  هەندێ کەسی وەک ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی و شاعیر حاجی قادری کۆیی و عەبدولڕەزاق بەدرخانی ئەریستۆکراتی یاخی و سەر بە ڕووس بە هەمان شێوەی شێخ عوبەیدوڵڵا، داهاتووی سەربەخۆیی نەتەوەییان وێنا دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە هاوچەرخەکانیان و لەنێویاندا پێشەنگ و ڕابەرانی چالاکیی کورد، ڕێگەیەکی تریان گرتەبەر و لەجیاتیی سەربەخۆیی، کەسایەتییەکانی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان، کە لە ساڵی ١٨٩٨دا یەکەم ڕۆژنامەی کوردییان دامەزراند و هەروەها شێخ عەبدولقادر ئەفەندیی کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا، کە ڕۆڵێکی گەورە و سەرەکییان لە چالاکیی کوردیدا دوای شۆڕشی دەستووریی ساڵی ١٩٠٨، دەیانویست چالاکیی کوردی لە لە ناو چوارچێوەی سیاسەتێکی فرەڕەگەزیی عوسمانیدا ببەنە پێشەوە کە پرەنسیپە دەستوورییەکان بەڕێوەیببات. تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی چووبووە دوا حاڵەتی سەرەمەرگیەوە، بەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، جووڵانەوەی کورد هەر بە دابەشکراوی مابووەوە لە نێوان بەرەی سەر بە عوسمانی و بەرەی نەتەوەیی جوداخوازدا، کە شێخ عەبدولقادر ئەفەندی هەوڵی دەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بهێڵێتەوە، لەکاتێکدا کە ئەوانیتر و بە شێوەیەکی زیاتر بەرچاویش ئەمین عالیی بەدرخان دڵگەرمی سەربەخۆیی تەواو بوو. بەم پێیە، پێویستە گێڕانەوەیەکی مەبەستداری ئەو سەردەمە بدرێتە دواوە کە هەڵکشانی هۆشیاریی نەتەوەیی وادەبینێت هاوشانی نیشانەی پەرەسەندنی خواست و ئارەزووی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورد بووبێت. لەبریی ئەوە، پێویستە هەردوو ڕای جیاوازی ڕەگداکوتاو ببینین لە ناو بەرایی جووڵانەوەی کورددا بسەلمێنین و هەوڵ بدەین بۆ تێگەیشتنی ئەوەی کە توخمە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کورد چۆن بەو ڕێگە جیاوازانە مامەڵەیان لەگەڵ “مەسەلەی کورددا” کردووە.

  لە هەمان کاتدا، ئەوەی کە گرنگ بێت خۆدوور گرتنە لە بەرپابوونەوەی ڕکابەرییە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکانە کە لە سەردەمە مێژووییە یەک لە دوای قۆناخە بەراییەکاندا دەرکەوتن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای سەردەمی ئیمپراتۆرییەتدا، ناسیۆنالیزمی کوردی بەزۆری لە کاردانەوەی “ناسیۆنالیزمە فەرمییەکانی” تورکیا و عێراق و سووریا و ئێراندا پەرەیسەندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتێکدا کە جەمسەربەندیی ئیتنۆنەتەوەیی بەدڵنیاییەوە فاکتەرێکی دوژمنایەتی بوو لە کۆتایی چەرخی ئیمپراتۆرییەتدا و دژایەتی و ڕقەبەرایەتی کە دواتر بوون بە مۆرکی پەیوەندیی نێوان کوردە نەتەوەییەکان و هاوشێوە تورک و عەرەب و فارسەکانیان زۆر بە کەمی دەردەکەوت. ڕاستییەکەی، شوناسی سیاسیی کوردە عوسمانییەکان فرەجار بەتەواوی ئاڵۆز بوو. سەبارەت بە گەلێ لە موسڵمانە عوسمانییەکان و لەنێویاندا کوردیش، ئیسلام و هەستی هاوبەش بە نیشتمانی بوونی عوسمانی ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی دروستکردبوو بۆ ناسینالیزمی “ئیتنیکی”. بۆ نموونە، لە نووسینێکیدا ساڵی ١٩٠٨، بابان زادە ئیسماعیل حەققی، کە ئەندام پەرلەمانێکی عوسمانی و چالاکوانێکی کوردی دەرکەوتوو بووە، ڕایدەگەیەنێت کە ناسنامەی کورد “پێش هەموو شتێک ئیسلامییە” و پاشان عوسمانی و تەنها “بە پلەی سێهەم کوردییە”٢.

  لەواقیعدا، بەزۆری پەیوەندیی ئاڵۆزی کورد لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەرمەنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا کەوا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە لە پێکهێنانی ڕێچکەی بەرایی چالاکیی کورددا. بەهەرحاڵ، ئەمەش دیسان لە خۆیدا پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو. هەندێ لە چالاکوانانی وەک میقداد میدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان ستایشی شۆڕشگێڕە ئەرمەنییەکانیان کردووە بۆ هەوڵ و کۆششیان لەپێناوی برەودان بە “پێکەوەژیانی ئاشتییانە” (سەرکیسیان، ١٩٩٤: ٢٩ – ٣٠). لە بەرانبەردا، عەبدولڕەزاق بەدرخان هەوڵی داوە گەمە لە سەر مەترسییەکانی کورد بکات لە “سەرکەوتنی ئەرمەنە دەوڵەمەندەکان بەڵام بێ مۆراڵەکان” بۆ جووڵاندن و جۆشدانی خێڵە ناوخۆییەکان بۆ مەسەلەی نەتەوەیی٣.

  بەو پێیە، پێویستە لە سەر بزووتنەوەی کوردی لە ماوەی دوادوایی ئیمبراتۆرییەتدا وا تەماشای نەکرێت کە بەسانایی “زەمینە خۆشکەرێکە” بۆ سەردەمە مێژووییەکانی دواتر، بەڵکو وەک وەک بزووتنەوەیەک تێی بڕوانرێت کە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک هەل و مەرج پێکهاتووە بەتەواوی جیاوازن لەوانەی لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەرکەوتن.

“باوکی کوردان”: سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم  و مەسەلەی کورد، 1880 – 1908

  لە دیدی کاربەدەستانی عوسمانییەوە، ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا سروشتێکی توند و ناجێگیری “مەسەلەی کوردی” دەرخست بۆ ئەو سیستەم و ڕێسایەی کە لە سەر سنووری عوسمانی و قاجاردا هەبوو. هەر لەو ڕووەوە لە پایزی ١٨٨٠دا بەرپرسێکی عوسمانی هۆشداریی داوە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەش کەوا لەشکرکێشیی یەکەمجاری شێخ ئاڕاستەی ئێرانییەکان کراوە و ئامانجی “حکوومەتێکی نوێ بووە بۆ کوردەکان” و “بە هۆی ئیتنیکیانەوە ( قەومییەتیانەوە) بەشداریی ئەم خەڵکەی خۆمان کە لەسەر سنوورن لە جووڵانەوەکەیدا کارێکی سرووشتییە”٤. بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، یاخیبوونەکە خاسییەتێکی تایفەگەریی بەهێزی لەخۆگرتبوو لەگەڵ بەرپاکردنی کاری توندوتیژیی لە ئێراندا کەوا کوردە سوننەکانی هان دەدا دژ بە شیعە ئێرانییەکان (واتە تورکە ئازەری و فارسەکان). بەڵام شێخ ڕەخنەشی لە هاونیشتمانییە سوننەکانیشی دەگرت، کە تورکە عوسمانییەکان بوون. ئەوجا هەر لەسەرەتای جەنگی ڕووسیا و عوسمانییەوە لە ١٨٧٧ – ١٨٨٨دا، شێخ عوبەیدوڵڵا کتێبی “مەسنەوی”یەکەی خۆی نووسی، کە تێیدا ستایشی کوردان دەکات بەو پێیەی جەنگاوەری دڵگەرمی ئیسلامن و سەرکۆنەی “ڕوومی” (واتە تورکە عوسمانییەکان) دەکات کەوا گیانی جیهاد و دڵگەرمیی ئاینییان نییە (سولەیمانی، ٢٠١٦ بێ). ڕاستییەکەی، کاتێ کە شێخ دای بەسەر ئێراندا، پرسیاری شەرعییەتی ئیددیعای عوسمانییەکانی لا دروستبوو بە مافیان لە خەلافەتدا و مەحکوومی کردن بەوەی “دەسبەرداری یاسای ئیسلام بوون” و “دانیان بە یاسای کافردا ناوە” (ئەڤێریانۆڤ، ٢٠١٠: ١٨٨ – ١٨٩).

  ئەم جۆرە کینە و ڕقەبەرایەتییە پەرەسەندنی ناڕەزایی لێکەوتەوە دژ بە ڕیفۆرمەکانی چاکسازیی “تەنزیماتی” ئەو سەردەمە (١٨٣٩ – ١٨٧٦). لەلایەکەوە گەلێ لە کوردەکان وردە وردە ڕزگاربوونی یاسایی کۆمەڵگە ناموسڵمانەکانیان وەک هەڕەشەیەک دەبینی بۆ باڵادەستیی نەریتیی ئیسلامی لە ناو ئیمپراتۆرییەتدا. لە لایەکی تریشەوە سیاسەتی سەنتراڵیزە کردنی عوسمانی سەری کێشایەوە بۆ بەسەرباز گرتنی زۆرەملێ و زیاد کردنی باج و حوکمڕانیی ستەمکاری. بۆ زۆرێک لە کورد و بەتایبەتی ئەوانەی کە لە ناوچەکانی دێهاتدا دەژیان، یەکەم ئەزموونیان لە “هاووڵاتیبوونی” عوسمانیدا جۆرێک بوو لە زیادبوونی بەرپرسیارێتی و پابەندی بێ زیادبوونێکی گونجاو لە خزمەتگوزاری و مافدا (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٤). جیاوازیی ڕوو لە زیادی هێز و توانا لە نێوان ئەستەمبووڵ و هێزە گەورەکانی ئەوروپادا ڕوون و ئاشکرا دەرکەوت لە شکستە کارەساتبارەکەی ئیمپراتۆرییەتدا لە جەنگی ڕووسیا – عوسمانیی  ١٨٧٧ – ١٨٨٨ و تەنها بوو بە هۆی توندبوونەوەی ئەم گرژییانە.

  گرژی و ئاڵۆزیی ناو کوردەکان تاقە تەحەدا نەبوو بۆ دەسەڵاتی ئەستەمبووڵ لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (لە ١٨٧٦ – ١٩٠٩ حوکمڕانیی کردووە)، کە لە دەسپێکی جەنگ لەگەڵ ڕووسیادا هاتە سەر حوکم، بەرەوڕووی زیادبوونی گرژی بووەوە لەگەڵ ئەرمەنیشدا. لە ساڵی ١٨٧٨دا، نەرسیس ڤارجابێدیانی پاتریارکی ئەرمەن سەرکەوتووانە توانی فشار بکات و بڕگەیەک لە پەیماننامەی بەرلیندا چەسپ بکات کە حکوومەتی عوسمانی پابەند بکات بە جێبەجێ کردنی “ئەو چاکسازی و ڕیفۆرمانەی پێداویستییە ناوخۆییەکان دەیخوازن لەو ویلایەتانەدا کە ئەرمەنیان تێدا نیشتەجێیە و ئارامی و ئاسایشیان زەمانەت بکرێت دژ بە چەرکەس و کوردەکان” (هورۆڤیتز، ١٩٧٩: ٤١٤). لەکۆتاییدا، سوڵتان توانی هەوڵ و کۆششەکانی چاکسازی پەک بخات. بەهەرحاڵ، تووڕەیی و ناڕەزایی ئەرمەنەکان هەر بەردەوام بوو و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ پێکهێنانی چەندین ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانەی سەربازی و کەوتنە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی عوسمانیدا و تا دەهات زیادی دەکرد. ئەنجام مەسەلەکە تەقییەوە و دۆخەکە ئاڵۆزی و پشێوی لێکەوتەوە و بوو بە هۆی شەپۆلێک  کوشت و کوشتار دژ بە کۆمەڵگەی ئەرمەنی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٩٠کاندا. ئەم توندوتیژییە سەرنجێکی نێودەوڵەتیی گەورەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بوو بە سەرچاوەی نیگەرانییەکی زۆر لای دەسەڵاتدارانی عوسمانی. وەک دیپلۆماتێکی بەریتانی تێبینیی کردووە کەوا “بیانییەکان وەک چۆن پێشتر باسیان لە بوڵگاریا دەکرد ئێستا ئاوها باس لە ئەرمینیا دەکەن. تورکەکان باوەڕیان وایە کە نیازێکی ڕوون و ئاشکرا هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەوەی کە ماوەتەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دامەزراندنی مەملەکەتێکی ئەرمەنی” (ئیلیۆت، ١٩٠٠: ٤٠١).

  لەئەنجامدا، هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی هەڵوێستی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی دیاری کرد بەرانبەر بە کورد. ئەم سیاسەتە بە کردەوە وا کەوتەوە کە وەک زەروورەتێک بە لای کورددا دایشکێنێتەوە و بەتایبەتتریش سەرۆک هۆزە بەهێزەکانی کورد و بیانکات بەگژ ئەرمەنەکاندا. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٨٨٩دا کەسایەتییەکی ئاینیی کورد لە ناوچەی مووشدا، بە ناوی حاجی مووسا، کچێکی گەنجی ئەرمەنی فڕاندبوو و دەستدرێژیی کردبووە سەر و بەزۆریش کردبووی بە ئیسلام. ئەم مەسەلەی ناڕەزایی و تووڕەییەکی نێودەوڵەتیی گەورەی بەرپاکرد و لە کۆتاییدا فشاری دیپلۆماسی ناچاری کرد كچەکە بگێڕێتەوە بۆ خێزانەکەی. بەڵام لە پاش دادگایی کردنی لە ئەستەمبووڵ، دادگایەکی عوسمانی حاجی مووسای بە بێتاوان بەردا و ئەمەش تووڕەیی ئەرمەنەکان و پشتیوانەکانی ورووژاند (دێرنگڵ، ٢٠١٢: ٢٢٤ – ٢٢٦).

  ڕەنگە شۆرەتدارترین نموونەی لایەنداریی سیاسەتی سوڵتان عەبدولحەمید بۆ کورد پێکهێنانی فەوجە سووکەکانی سوارەی حەمیدی بووبێت (حەمیدییە خەفیف سوڤاری ئاڵایلەری) لە نێوان ١٨٩٠ و ١٨٩٢دا. فەوجەکانی سوارەی حەمیدی، کە بە چاولێکەریی قەوزاقەکانی ڕووسیا درووستکران، بەشێوەیەکی بنەڕەتی خێڵە کوردەکانی بۆ ناونووس دەکرا. ئەم ناوەشی لەسەر ڕێز و شەرەفی سوڵتان لێنرا و خرایە ژێر فەرماندەیی موشیر (فیڵدمارشاڵ) زەکی پاشاوە، کە ژنبرای سوڵتان و فەرماندەیی گشتیی لەشکری چوارەمیشی پێسپێردرابوو کەوا بنکە و بارەگای لە ئەرزنجان بوو (ئەڤێریانۆڤ، ٢٠١٠: ١٩٧ – ٢٢٤؛ کڵەین، ٢٠٠٢: ٣٢ – ٥٦؛ کۆدامان، ١٩٨٣: ٣٦ – ٨١). ئەم دەزگایە بەدناوییەکی نێودەوڵەتی پەیداکرد بە هۆکاری تێوەگلانی هۆزەکانی سوارەی حەمیدی لە ئازاردان و کوشتوبڕی ئەرمەنەکاندا. لە دەڤەری ئەرجیش، هێنری فینیس بلۆس لینچی گەڕیدەی بەریتانی سەرنجی تێوەگلانی حەیدەرانلی و ئادامانلی دابوو لە سوارەی حەمیدیدا کە “یاساشکێنیی گشتیی” لێکەوتبووەوە و تاوان بەرپا دەکرا دژ بە ئەرمەنەکان “بە بەرچاوی قایمقامەوە” (لینچ، ١٩٠١: ٢٦). هۆزەکانی حەمیدییە بەتایبەتی زۆر بەقورسی تێوەگلابوون لە توندوتیژیی ساڵانی ناوەڕاستی ١٨٩٠کاندا، بەڵام ڕژێم بەدەگمەن سزای ئەو پیاوانەی خێڵە کوردەکانی دەدا کە بەرپرسیار بوون لە بەرپا کردنی توندوتیژی دژ بە ئەرمەنەکان. سەرەڕای ئەوەش، شتێکی ئەوتۆی نەکرد بۆ ڕێگرتن لەوەی کە خێڵە حەمیدییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەست زەوی و زاری جووتیارە ئەرمەنەکاندا بگرن و ئەمەش ئاسانکاریی کرد بۆ قەبە بوونی باری ئابووریی سەرۆک خێڵەکان (ئەستۆریان، ٢٠١١: ٥٥ – ٨١؛ کڵەین، ٢٠٠٢: ٢٥٦ – ٣٠٤). ئەم جۆرە سیاسەتە بوو بە هۆکاری ئەوەی کەوا چالاکوانەکانی ئەرمەن سوارەی حەمیدییە وەک بەشێک لە “سیاسەتێکی چەسپاو” ببینن و داڕێژراوە بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە ئەرمەنیان تێدا نیشتەجی بوون بۆ زەمانەت کردنی ئەوەی کە هیچ ناوچەیەک زۆرینەی ئەرمەنی تێدا نەبێت و ئەمەش بۆچوونیکە کە هەندێ مێژوونووسی دواتر پەسەندیان کرد و هاوبەش بوون لەم بۆچوونەدا (ئەستۆريان، 2011: ٦٣ – ٦٥؛ بێدیکیان، ١٩١٢: ١٧ – ١٨؛ کێڤۆرکیان، ١٩٩٥: ٣١ – ٣٢).

  هەرچەندە بەدڵنیاییەوە مەسەلەی ئەرمەنی فاکتەرێکی گرنگە لە   سیاسەتی حەمیدی لە ویلایەتە کوردنشینەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، بەڵام تەنها فاکتەر نەبوو. دەستوپێوەندێکی پلە و پایە بەرزی   بیرۆکراتەکان و ئەفسەرە سەربازییەکان سوڵتانیان ناچار کرد دەستوور و پەرلەمانێک ببەخشێتە ئیمپراتۆرییەت. ئەم یەکەم قۆناخەی حوکمی دەستووری کورتخایەن بوو و لە ساڵی ١٩٧٧دا، لەژێر پەردەی جەنگدا، سوڵتانی نوێ توانی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و دەستووری هەڵپەسارد. لە شوێنی ڕژێمێکی دەستووری ئۆتۆکراسییەک بنیاتنرا. لەپێناو بەهێزکردنی ئەم نیزامە سیاسییە نوێیەدا و دەستەبەر کردنی پاڵپشتی لە ناو موسڵمانانی عوسمانیدا، سوڵتان عەبدولحەمید لەو عوسمانیزمە دوورکەوتەوە کەوا لیبراڵییەتی سەردەمی تەنزیمات ئیلهامبەخشی بوو، بە ئاڕاستەی دەوڵەتێکی بنەما نیشتمانی کە مۆرک و کاراکتەری ئیسلامیی ئیمپراتۆرییەتەکە زیاتر دەربخات (دێرینگل، ١٩٩٨). دواتر ڕژێم ئەمە بەدیدێنێت نەک تەنها لە ڕێگەی پرۆپاگەندە و خوێندن و فێرکردنەوە بەڵکو لە ڕێگەی بەرژەوەندییە مادییەکانیشەوە بۆ ناودار و خانەدانانی ویلایەتەکان، چەشنی سەرۆک هۆز و کەسایەتییە ئاینییە کوردەکانەوە، کەوا چاکسازییەکانی تەنزیمات دووریخستبوونەوە و کەناری خستبوون. بەو پێیە، کارێکی هەڵە دەبێت ئەگەر تەماشای نەخشە و پلانەکانی وەک حەمیدییە بکەن بەتەنها لە چاوی پەیوەندیی نێوان تایفە و کۆمیونیتییەکانەوە. یەکێک لە ناودارترین و بەهێزترین فەرماندەکانی حەمیدییەی ئەو سەردەمە، کە ئیبراهیم پاشای میللی بوو، پەیوەندییەکی گەرمی هەبوو لەگەڵ کریستیانەکانی ناوخۆدا و داڵدەی ژمارەیەکی زۆری لە ئەرمەنەکان دابوو لە ویرانشەهری پایتەختی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیدا لە ماوەی توندوتیژییەکەی ساڵانی ناوەڕاستی ١٨٩٠کاندا. لەڕاستیشدا ڕکابەر و ناحەزە سەرەکییەکانی ئیبراهیم پاشا خێڵە عەرەبەکانی بیابانی سووریا و دەستە و تاقمی خانەدانە موسڵمانەکانی دیاربەکر بوون (جۆنگەردەن، ٢٠١٢: ٥٥ – ٨٤). لەگەڵ ئەوەشدا، وەک کاربەدەستێکی تووڕەی عوسمانی باسی دەکات، کەوا سکاڵاکان “زیانێکی ئەوتۆی بە دەسەڵات و کاریگەریی ئەو نەگەیاند و لەو شکۆ و ڕێزەشی کەم نەکردەوە کە لەلایەن ئەستەمبووڵەوە هەیبوو (تەپەیڕان، ١٩٩٨: ٤٥٠). بێجگە لەوەش، هەر تەنها فەرماندەکانی نەبوون کە لە سایەی چاودێری و پارێزگاریی سوڵتاندا سوودمەند بوو. چونکە لە ناحیە کوردییەکانی ویلایەتی مووسڵدا، کە فەوجەکانی سوارەی حەمیدییەیان تێدا دانەمەزرابوو، سوڵتان پەیوەندیی نزیک و توندوتۆڵی دامەزراندبوو لەگەڵ کەسایەتییە ئاینیییەکاندا. ئەم پەیوەندییە شێخ سەعیدی بەرزنجیشی دەگرتەوە، کە لە ڕێگەی     زەبروزەنگ و تۆقاندنی خەڵکەوە و بە دەست لەپشتدانی سوڵتان وەک حوکمڕانێکی دیفاکتۆی سلێمانی دەرکەوتبوو و تا ڕادەیەکی گەورە کاربەدەستانی عوسمانیی تووشی ترس و بێزاری کردبوو (چەتینسایە، ١٩٩٩: ١٥٥ – ١٥٨. بەکورتی، فەوجەکانی حەمیدییە بەشێکیان لە سیاسەتێکی بەرفراوانتر پێکهێنابوو، کە بەدوای گرێدانی سوود و بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی سەرۆک خێڵە کوردەکاندا دەگەڕان بەو ئۆتۆکراتییەتەوە، بۆ دروستکردنی سترۆکتوورێکی هاوتەریبی کۆنترۆڵ کردن، بە سەربەخۆ لە بیرۆکراتییەتی نیزامی و سوپا و ئەو دەزگا و دامەزراوانەی کە سوڵتان وەک ئەگەری ناوەندەکانی بەرهەڵستکاریی دەستووریی تێی دەڕوانین (ڤان بروونەسن، ٢٠٠٢: ١٧٤).

*  ئەم هەڵوێستی داشکاندنەی سوڵتان بە لای کورددا نازناوی “باوکی کوردی” بە باڵادا بڕیبوو (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٨٦). بەهەرحاڵ، لەکاتێکدا کو بێگومان کەسایەتییکی میللی لە ناو ڕەگەزە بەهێز و دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم میللی بوونە بە ڕەهایی گشتگیر بووە. لە بەر هۆیەک، سیاسەتەکانی ڕژێم مەیلیان بەو لایەوە بوو کە دەستەبژێری شێخ و ئاغاکانی دێهات کە باڵادەست بوون و کۆنترۆڵی ژیانی خێڵە کوردەکانیان کردبوو، کە بەزۆری لەسەر حیسابی دەستەبژێرە شارستانییەکان لە شار و شارۆچکەکانی ناوچەکەدا.  ئەمەش بوو بەهۆی ناڕەزاییەکی گەورە لە نێوان کەسایەتی و خانەدانانی ناوچە شارستانییەکانی کوردستاندا. بۆ نموونە، لە نامەیەکی ساڵی ١٨٩٩دا کە لە ڕۆژنامەی ” کوردستان”دا، خانەدانانی دیاربەکر سکاڵای ئەوەیان دەکرد کەوا ئەو بەرپرس و کاربەدەستانەی دەنێردران بۆ ناوچەکە “ستەمکارن و هیج هەستێکی دادپەروەرییان لا نییە”٥. بەرفراوانبوونی کاریگەریی ئیبراهیم پاشای میللی، کە مایەی پەسەندی و دڵبەندیی سوڵتان بوو، بەتایبەتی سەرچاوەی بێزاری و ناڕەزایی بوو، کە لە ساڵی ١٩٠٥ و پاشانیش جارێکیتر لە ساڵی ١٩٠٧دا ناڕەزایی گشتیی ورووژاند (هانیئۆغڵوو، ٢٠٠١: ١٠٦ – ١٠٧؛ جۆنگەردەن، ٢٠١٢: ٧٦ – ٧٧). لەگەل ئەوەشدا، هەرچەندە ئەم چەشنە ناڕەزاییانە شیاوی سەرنجدانن بەڵام نەچوونەتە چوارچێوەی تێرمە ناسیۆنالیستییەکانەوە.

  لەگەڵ ئەوەشدا، چارەکە سەدەیەک لە نێوان کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٣ و شۆڕشی دەستووریی ساڵی ١٩٠٨ بەڵگە و شایەتی  پەیدابوونێکە بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی کورد. ئەمەش زیادبوونێک دەگرێتەوە لە بایەخدانی زانستی بە زمان و کولتوور و مێژووی کورد. ساڵی ١٨٩٤ یەکەم قامووسی کوردی – تورکی لەلایەن شێخ یوسف زیائەدین پاشاوە بڵاوکرایەوە “الهدیة الحمیدیة فی اللغة الکردیة” (زیائەدین، ١٨٩٤/ ١٨٩٥) و لە ساڵی ١٩٠٠دا کۆمەڵێک لە زانایانی ئاینی کۆمەڵەیەکیان دروستکرد بە ناوی کۆمەڵەی نیاز و مەبەستی بەهێزی کوردستان (کوردستان عەزمی قەویی جەمعییەتی)، کە ڕێکخراوێکە بارەگای لە میسر بووە و بڵاوکردنەوەی کار و بەرهەمی لە بارەی ئەدەب و مێژووی کوردەوە لەئەستۆ گرتووە (ماڵمیسانج، ١٩٨٦: ٤٤ – ٤٥، ٢٠١٠: ١٥ – ٢١). ئەمە سەرەتای ئەوە بوو کە مێژوونووسێکی ناوداری کورد بەشێوەیەکی گونجاو ناوی “ڕۆشنگەریی کوردی” لێ نابوو (جەلیل، ٢٠٠٠).

هەر کاری زانستی و توێژینەوە تاقە ڕەگەزی ئەم جووڵانەوەیە نەبوو. بەڵکوو ئاشکراترین دیاردەی سیاسیی تازە چەکەرەکردوو شوناسی نیشتمانی بوو. ڕەنگە دەربڕینی ڕاشکاوانەتر بۆ ئەمە لە کارەکەی شاعیری خەیاڵیی حاجی قادری کۆییدا بێت. کۆیی هەرچەندە خوێندنەکەی نەریتی و ئاینی بووە بەڵام زۆر سەرسام بووە بە زانستە نوێکان و شارستانییەتی ئەوروپی. لە هەمان کاتیشدا زۆر خەفەتی بۆ دواکەوتوویی کۆمەڵگەکەی خۆی   دەخوارد و بەتایبەتی کەمیی ئەو بابەتانەی کە بە زمانی کوردی نووسراون. ئەو بە ئاخ هەڵکێشانەوە دەیگوت “ئەگەر تەنها کتێب و تۆمار و مێژوو و نامەکان بە زمانی کوردی بنووسرایەن، ئەو دەمە مەلا و زاناکانمان، میرەکانمان و پاشاکانمان هەر ناوبانگیان دەمایەوە و بۆ هەتا هەتایە جیاکار و ناسراو دەبوون” (کۆیی، ٢٠٠٤: ٦٠). ئەو لە ڕەخنە کردنی شێخەکانی کوردستاندا زۆر پێی دادەگرت و بەوە سەرکۆنەی دەکردن کە “خەڵک فێری تەمەڵی دەکەن … پارە و سامان کۆدەکەنەوە و زەویوزار قۆرخ دەکەن و خۆیان بە سیمبۆڵیزم و شکاندنی خود و هیوا و ئاوات خواستنەوە خەریک دەکەن”، کەچی زانستی ئەوروپا “گەیشتووەتە مەحاڵ” (کۆیی، ٢٠٠٤: ١٠٤). هەروەها کۆیی ڕای خۆی لەسەر ڕووخانی میرەکانی کوردستان دەردەبڕێت، چەشنی بابان و بەدرخانییەکان، کە بە سەرکردەی ڕاستەقینەی گەل و نەتەوەی دەزانیین (قەوم و میللەت)، (کۆیی، ٢٠٠٤: ١٢٤) و داخی هەڵدەکێشا بۆ بەسەرچوونی ڕۆژگارێک “کە کورد تێیدا ئازاد و سەربەخۆ بوون” (کۆیی، ٢٠٠٤: ١١). ئەو بەم ڕەنگە داوای لە کورد دەکرد شوێن پێی گەلە کریستیانەکانی بەڵکان هەڵبگرن، کە حوکمی عوسمانییان ڕووخاند و بوون بە “دەوڵەت” و هەروەها بوون بە خاوەنی سوپا و ئاڵا و جەنەراڵ و دەستەی ئەرکانی جەنگیی خۆیان” (کۆیی، ٢٠٠٤: ٨٥).

میقداد میدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان، هەردوو موحەڕیڕی    ” کوردستانی” یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، (کە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکیی عوسمانی بڵاو دەبووەوە)، جێی سەرسامیی حاجی قادری کۆیی    بوون٦ و هاوبەشی ترس و نیگەرانییەکانی بوون سەبارەت بە دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردی. میقداد میدحەت بەدرخان، کە لە ساڵی ١٨٩٨دا ڕۆژنامەکەی لە میسری ژێر ڕکێفی بەریتانیادا دامەزراند، ڕایدەگەیەنێت کە “مەبەست لە دامەزراندنی ئەم ڕۆژنامە کوردییە و بڵاو کردنەوەی هاندانی کوردە بەرەو فێربوونی زانست و هونەر”٧. عەبدولڕەحمان بەدرخانیش، کە دەرکردنی ڕۆژنامەکەی لە ژمارە شەش بەملاوە لەئەستۆ گرت، خەفەت بۆ ئەوە دەخوات کەوا کورد “هیچ نازانن لەبارەی مێژووی کوردستانەوە”٨ و هاوکارێکی تریش سکاڵای ئەوە دەکات کەوا کورد “نموونەیەکی نایابی مرۆڤایەتی بوون کەچی پەککەوتەی دەستی زانست و هونەر و سەنعەتن”٩. ڕۆژنامەکە ستایشیکی زۆری ئەوانە دەکات کە بەشدار بوون لە پێشخستنی زمان و کولتووری کوردیدا، بە شێخ یوسف زیائەدین پاشای قامووس دانەریشەوە١٠ و تەنانەت مارتن هارتمانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانیشەوە، کە عەبدولڕەحمان هیوای ئەوەی پێبوو ئەم بایەخدانەی بە زمانی کوردی “ببێتە شتێک کەوا کورد خۆیان لێیەوە فێرببن”١١.

  ڕۆژنامەی ” کوردستان” مامەڵەی لەگەڵ پرسە سیاسییەکانیشدا دەکرد و وردە وردە تا دەهات ڕەخنەی زیاتر دەگرت لە ڕژێمی حەمیدی. عەبدولڕەحمان بەدرخان بەتایبەتی ڕەخنەی لە سوارەی حەمیدییە دەگرت و لە وتارێکیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن دەپرسێ کە ئاخۆ “کەسێکی تر هەیە جگە لە سوارەی حەمیدی کوردستانی خستبێتە بەر     زۆلم و ستەم کەوا سوڵتان چەکداری کردوون و ناوی ئەویان هەڵگرتووە؟١٢” لە نووسینێکی تریدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “وەک هەر داهێنانێکی سوڵتان، فەوجەکانی حەمیدییە بۆ مەبەستێکی خراپ دروستبووە”١٣. بەهەرحاڵ، ڕۆژنامەکە بەئاشکرا مەراقی جوداخوازیی کۆیی ڕەتکردووەتەوە. عەبدولڕەحمان بەدرخان ڕایگەیاندووە کە “هەموو موسڵمانێک حەز لە بەردەوامیی دەوڵەتی عوسمانی دەکات و …. تەندروستیی دەوڵەت تەندروستیی ئێمەیە و نەمانی دەوڵەت نەمانی ئێمەیە”١٤.

  ئاڕاستەی عوسمانیی ڕۆژنامەی کوردستان ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کەوا برایانی بەدرخان تەنها نەوەی بنەماڵەیەکی کاریگەری کەسایەتی و خانەدانەکانی کورد نەبوون بەڵکوو ئەندامیش بوون لە چینێکی چەکەرەکردووی ڕووناکبیران و پرۆفێشناڵی کوردی عوسمانی. بەدرێژایی سەدەی نۆزدە، بەرفراوانبوون و نوێبوونەی دەزگای بیرۆکراتیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی گەشەکردنی بەردەوامی سوپایەک لە بیرۆکرات و ئەفسەران و کاربەدەستان بە پێویست زانراوە. ئەمە لە ڕێگەی خولقاندنی سیستەمێکی مۆدێرنی خوێندن و فێرکردنی دەوڵەتەوە بەدیهاتووە کە پێکهاتنی دەستەبژێرێکی حوکمڕانی لێکەوتەوە کە ئاشنا بوون بە زمانە ئەوروپییەکان و زانست و داهێنانی تەکنۆلۆجی و تەوژمە فکرییەکان. چینی حوکمڕانی نوێ بریتی بوون لە موسڵمانە عوسمانییەکانی کە پاشخانێکی ئیتنیکیی جیاواز و جۆراوجۆریان هەبوو. ئەمەش ژمارەیەکی زۆری کوردی گرتەوە. ڕاستییەکەشی، سوڵتان عەبدولحەمید دەسەڵاتێکی زۆر بەرفراوانی پەیداکرد بەپێی سیاسەتێک، کە لە سەردەمی تەنزیماتەوە دەستیپێکردبوو، بۆ تێکەڵ کردنی بنەماڵە ئەرستۆکراتەکانی کورد لە ناو چینی حوکمڕانی ئیمپراتۆرییەتدا. سوڵتان چەند کەسێکی سەر بە بنەماڵەی بابانی لە دەوڵەتدا بەرز کردەوە و پۆستی باڵای پێسپاردن، لەوانە کورد سەعید پاشا وەک وەزیری دەرەوە و دواتریش وەک سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت. هەروەها ئەندامگەلێکی بنەماڵەی بەدرخانیش هەمان ئیمتیازیان پێدرا. بۆ نموونە، میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان سوودیان لە هاوکاری و چاودێریی دەوڵەتی عوسمانی وەرگرت و لە خوێندنگەی باڵای دەستەبژێری ئیمپراتۆری لە ئەستەمبووڵ خوێندنیان تەواوکرد و پاشان پۆستی باڵایان وەرگرت لە دام و دەزگای دادوەریی عوسمانی و وەزارەتی فێرکردن و خوێندن، بەدوای یەکدا١٥. لەڕاستیدا، لە هەمووی خراپتر و دزێوتر ئاسانکاریی سوڵتان بوو بۆ بەدرخانییەکان کاتێ کە بنەماڵەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی لەبەر چاوی سوڵتان کەوت و لە ساڵی ١٩٠٦دا دوورخرانەوە بۆ تەرابلوس و مەسەلەکە هەڵڵایەکی زۆری بەرپاکرد لە ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنیدا١٦.

  پاشان کاتێ کە ئەندامانی کوردی چینی نوێی حوکمڕان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا کەوتنە بەرهەڵستی کردنی ڕژێمی سوڵتان عەبدولحەمید، ئەوان ئەوەیان وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی دەستووریی بەرفراوانتر کرد، کە بەزۆری ئەوروپییەکان وەک “تورکە لاوەکان”  ئاماژەیان پێدەکرد. لەگەڵ ئەم ناوەشدا، بزووتنەوەی “تورکە لاوەکان” هەموو ئەو ڕەعییەتە پاشخان ئیتنیکی و ئاینییە جۆراوجۆر و جیاوازانەی دەگرتەوە کە ڕووخاندنی حوکمی تاکڕەوانە و گێڕانەوەی دەستووری ١٨٧٦یان لەئەستۆ گرتبوو. بێجگە لەوەش، لەکاتێکدا کە هەندێ لە چالاکوانانی بەرهەڵستکاری کێش کرابوون بۆ بیر و ئایدیای تورکی، بەگشتی دەستوورییەکان بە پابەندبوونی کۆسمۆپۆلیتیی عوسمانی مابوونەوە، کە لەسەر پرەنسیپی یەکێتیی ڕەگەزەکانی ئیتنیکی و ئاینی بنیاتنرابوو (ئیتتیحادی عەناسر). بێگومان کورد ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە لە بزووتنەوەی دەستووریدا. لە ساڵی ١٨٨٩دا دوو قوتابیی کوردی کۆڵێجی پزیشکی، کە هەردوو دکتۆر عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سکۆتی بوون (هانیئۆغڵوو، ١٩٩٥، ٧١)، لە نێو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکێتیی عوسمانیدا بوون (ئیتتیحادی عوسمانی جەمعییەتی)، کەوا گرووپێک بوو پاشان پەرەیسەند بۆ بۆ گرووپی بەرهەڵستکاری سەرەکیی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن CUP یان (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی). هەر کە بەرهەڵستکاریی دەستووری پتر خۆی کۆکردەوە و هێزی پەیداکرد، کەسایەتیی گشتیی کاریگەری تری چەشنی شێخ عەبدولقادر ئەفەندیی کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا و محەمەد شەریف پاشای کوڕی کورد سەعید پاشا چوونە ناو ڕیزەکانی “تورکە لاوەکانەوە”.  تەنانەت بنەماڵەی بەدرخانیش لە چاودێر و خاوەن چاکەیان هەڵگەڕانەوە و لەدژی وەستانەوە و لەوانە عەبدولڕەحمان بەدرخانی موحەڕیڕی ڕۆژنامەی  ” کوردستانیش”.

  لە واقیعدا، ڕۆژنامەی کوردستان بە ڕابەرایەتیی عەبدولڕەحمان بەدرخان، لە لایەن عەبدوڵا جەودەتەوە پاڵپشتی و هاوکاری دەکرا، کە چاپخانەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەڕێوەدەبرد لە جنێڤ (ماڵمیسانج، ١٩٨٦: ١٥؛ ئوناڵ، ٢٠٠٨: ٧٠ – ٧٣). هەروەها عەبدولڕەحمان بەدرخان لە ساڵی ١٩٠٢دا ئامادەی کۆنگرەی لیبراڵە عوسمانییەکان بوو و لایەنی تاقمی “سەنتراڵیستی” ئەحمەد ڕەزای گرت دوای ئەوەی کە دابەشبوون ڕوویدا لە ناو ئامادەبووانی کۆنگرەکەدا١٧. بەم ڕەنگە، بە پێی دەستەواژە سیاسییەکان، وا تەماشای ڕۆژنامەی کوردستان دەکرا کە ئۆرگانێکی ئۆپۆزسیۆنی دەستووری بێت، ئەگەرچی ئاڕاستەی جەماوەری کوردیش دەکرا. هێڵی دەرکردنی ڕۆژنامەکە جوداخوازیی ڕەتکردەوە و داوای گێڕانەوەی حوکمی دەستووریی دەکرد. وەک موحەڕیڕی ” کوردستان” لە نووسینێکی ساڵی ١٩٠٢دا ڕایدەگەیەنێت کەوا “دەستووری عوسمانی چارەسەری هەموو [مەسەلەکانە]. کاتێ کە ئەم دەستوورە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت ئەوە خەڵک بەئاگا دێنەوە لە مافەکانیان و نەفرەتی ئیمپراتۆرێکی ملهوڕ و تاکڕەو و دەستوپێوەندەکەی نامێنێت”١٨.

  لای ڕۆژنامەی کوردستان مەسەلەی کورد پەیوەست بوو بە خوێندن و گەشەکردن و خراپیی ئیدارەدانەوە و ئەمانە کێشەگەلێک بوون چارەسەر دەکران بە لابردنی تاکڕەویی سوڵتانی و دامەزراندنی سیستەمی دەستووری. دواجار و پاش ئەوەی چوار ساڵ بەردەوام بوو ڕۆژنامەی کوردستان لە دەرچوون وەستا و کۆتایی هات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێ وا باس لە پێکهاتەی ئایدیۆلۆجیی ڕۆژنامەکە بکرێت کەوا عوسمانی بوو بەڵام بە ڕەنگێکی کوردی، کە وەک هێزێکی سیاسیی کاریگەر مایەوە لە ناو دەستەبژێری  ڕووناکبیران و پرۆفێشناڵەکانی کورددا، کە لە گەرماوگەرمی دوای شۆڕشی دەستووریی ١٩٠٨دا گەیشتە ترۆپک.

“دڵسۆزانی عوسمانی” و “نەتەوەییەکان”: شۆڕشی دەستووری و هەڵکشانی بزووتنەوەی کوردی، ١٩٠٨ – ١٩١٤

  لە تەمووزی ١٩٠٨دا، یاخیبوونێک لە بەڵکاندا بە سەرکردایەتیی ئەو ئەفسەرانەی پەیوەندییان بە کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتنەوەCUP  هەبوو ملهوڕە پیرەکەی ئیمپراتۆرییەتیان ناچار کرد دەستوور بگێڕێتەوە و داوای هەڵبژاردن بکات بۆ پەرلەمانێکی نوێ. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم توانی تا نیسانی ساڵی ١٩٠٩ لەسەر تەخت بمێنێتەوە، تا شۆڕشە پێچەوانە شکستخواردووەکەی ئەو ساڵە، کە تێیدا هێزی ئۆتۆکراتیی ئیمپراتۆری شکا و سوڵتان محەممەدی پێنجەمی جێگرەوەکەی (کە لە ١٩٠٩ تا ١٩١٨ حوکمی کرد) تاڕادەیەکی گەورە کەسایەتییەکی هێمایی و ئاهەنگسازی بوو.

  بەڵام، سەرەڕای خواست و ئاواتی شۆڕشگێران و هەوادارانیان، گەڕانەوەی حوکمی دەستووری لەپاش زیاد لە سێ دەیەی حوکمی ڕەها و تاکڕەوی مژدەدەری سەردەمێکی نوێی سەقامگیری و ئارامی نەبوو. بەڵکوو لەجیاتیدا دە ساڵی دوای شۆڕش سەردەمی پەرەسەندنی ململانێ و پشێوی بوو. لە وڵاتدا، کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن یەکەمجار دوودڵ بوو کە دەسەڵات لەئەستۆ بگرێت، پاشان ڕێگە نەدان بە ئۆپۆزسیۆن تا دەهات زیادی دەکرد و بەدوای کوودەتاکەی کانوونی دووەمی ١٩١٣دا بە دیفاکتۆ حوکمی یەک حیزبی سەپاند.

  هەروەها ڕژێمی نوێ بەرەوەڕووی هەڵکشانی کەش و بارێكی ناحەزانە و دوژمنکارانەی نێودەوڵەتی بووەوە.  ساڵی ١٩١١، ئیتالیا سەرکەوتووانە شاری تەرابلوسی دوا سەنگەری ئیمپراتۆرییەتی داگیر کرد لە باکووری ئەفریقادا. ساڵێک دواتر، ئیمپراتۆرییەت تووشی سەرشۆڕییەکی گەورەتر بوو، کاتێ کە هاوپەیمانییەکی هێزەکانی بەڵکان – کە بریتی بوو لە یۆنان و بوڵگاریا و ڕۆمانیا و سربیا و مۆنتێنێگرۆ – بەسەرکەوتوویی عوسمانییەکانیان دەرپەڕاندا لە بەشی زۆری ئەوەی کە مابووەوە لە هەرێمەکانی ئەوروپای ئیمپراتۆرییەتەکەیان. بەو پێیە، لە سەروبەندی دەسپێکی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، مەسەلەک هەر ئەوە نەبوو کە دەوڵەتی عوسمانی تووشی لەقبوون و پشێوییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێئامان بووبێتەوە، بەڵکوو بەردەوامیشی تادەهات زیاتر دەبوو بە جێگەی پرسیار.

  هەروەها ئەم سەردەمەش قۆناخێکی ناسک بوو بۆ پەرەسەندنی مەسەلەی کورد، لەگەڵ سوود وەرگرتنی سەرکردە کوردەکان لەو کرانەوە ڕێژەییەی بەدوای شۆڕشەکەدا هات بۆ خۆڕێکخستن و فشار و لۆبی کردن و هاندان و ورووژاندنی مافەکانی کورد. لە سەردەمی عەبدولحەمیددا، ڕوخسار و ڕواڵەتی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد تا ڕادەیەکی زۆر بچڕبچڕ بوو و بنەمایەکی ڕێکخراوی پتەوی نەبوو. لەبەرانبەردا، ساڵانی نێوان شۆڕشی دەستووری لە تەمووزی ١٩٠٨ و بەشدار بوونی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەم لە ئۆکتۆبەری ١٩١٤دا لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی کوردی چالاک و ڕێکخراوی برەوسەندووی بەخۆوە بینی. بەهەرحاڵ، چالاکوانە کوردەکان هەر بە پەرتی و دابەشبوون مانەوە لە نێوان ئەو “دڵسۆزانەدا”، کە هەوڵی پەرەپێدان و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی کوردیان دەدا لە چوارچێوەیەکی دەستووریی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و تاقمیکی گەشەکردووی “نەتەوەییەکاندا”، کەوا هەوڵ و کۆششی خۆیان چڕکردبووەوە بۆ جیابوونەوەی نەتەوەی کورد لەم داگیرکەرە زەبەلاحە نەخۆشە.

   وەک زۆرێک لە ئەندامانی چینی حوکمڕانی کۆسمۆپۆڵیتیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی گەورە ڕووناکبیران و پرۆفێشناڵەکانی کوردی عوسمانی پێشوازییان لە کەوتنی حوکمی ئۆتۆکراتی کرد. ڕیفۆرمخوازی ئایینی سەعیدی کوردی (نوورسی) ڕایگەیاند کەوا نیزامی نوێی دەستووری “وەک پەرجوو – مۆعجیزە” لەدایکبووە (نوورسی، ٢٠٠٧: ٤٢٠)، لەکاتێکدا کە دکتۆر عەبدوڵا جەودەت ڕایگەیاند کەوا شۆڕش “فێستیڤاڵێکی ئازادییە” و داوای لە هەموو هاووڵاتییان کرد “یەکتر لەئامێز بگرن” (بەیراک، ١٩٩٤: ١٤ – ١٨)١٩. هەڵوێستی لەم چەشنە ڕەنگە مایەی سەرسوڕمان نەبێت، بە هۆی ئەو ڕۆڵەوە کەوا کەسایەتییەکانی وەک عەبدوڵا جەودەت گێڕاویانە لە بەرهەڵستی کردنی ئۆتۆکراسیدا. بێجگە لەوەش، ژمارەیەک لەو کوردە باڵادەستانەی پەیوەست بوون بە ئۆپۆزسیۆنەوە، ئێستا لە نزیکەوە پەیوەندییان کردووە بەو ڕژێمەوە کە کۆمەڵەی ئیتتیحاد و تەرەقی پشتگیریی دەکرد. محەمەد شەریف پاشا بوو بە سەرۆکی لقی CUP لە پانگاڵتی (تونایا، ٢٠٠٧: ٢٥٣)، لەکاتێکدا کە شێخ عەبدولقادر کرا بە ئەندامی ئەنجومەنی پیاوماقووڵان لە پەرلەمانی عوسمانیدا٢٠.  لە ڕاستیدا، بابان زادە ئیسماعیل حەققی، کە بەرهەڵستی کردنی بۆ حوکمی تاکڕەوی بوو بە هۆی دەرکردنی لە کۆڵێجی خزمەتی مەدەنی و – بوو بە هاوکارێکی ڕێکوپێک لە ڕۆژنامە ڕۆژانەکەی CUP دا تانن (واتە دەنگدانەوە – سەدا)  و بۆ پەرلەمانیش هەڵبژێڕدرا لەسەر نوێنەرایەتیی بەغدا لەسەر پاڵێوراوانی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتنCUP٢١.

  بەهەرحاڵ، پابەندبوون بە نیزامی دەستوورییەوە و بەشداربوون لە سیاسەتی عوسمانیدا بایەخدانی بە مەسەلەی کورد دوور نەخستەوە. لەڕاستیدا، ئەستەمبووڵ وەک شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی ٣٠ هەزار کورد وەک خاڵێکی بنەڕەتی خزمەتی شەپۆلێکی نوێی چالاکیی کوردی کرد. لە ماوەی ساڵی یەکەمی حوکمی دەستووریدا، ژمارەیەک لەو ڕۆژنامانەی کورد سەرەوکاریی دەکردن چاپ و بڵاوکرانەوە (یان داوای مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان کردبوو) لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتدا، لەنێویاندا ڤێرژنێکی بووژێنراوەی ڕۆژنامەی کوردستان، شەرق ڤە کوردستان (واتە ڕۆژهەڵات و کوردستان) و ڕۆژنامەیەکی سەعیدی کوردی بە ناوی ماریفەت ڤە ئیتتیحادی ئەکراد (واتە زیرەکی و یەکگرتنی کوردان). بەرچاوترین پەرەسەندن پێکهێنانی کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردان (کورد تەعاون وە تەرەققی جەمعییەتی    Kürd Teavün ve Terakki – KTTC)  بوو لە ئەیلوولی ١٩٠٨دا. هەرچەندە ئەم کۆمەڵەیە ماوەی کەمتر لە ساڵێک بە چالاکی مایەوە بەڵام سپۆنسۆری دوو بڵاوکراوەی کرد بە ناوەکانی کورد و ڕۆژنامەی کورد بۆ هاوکاری و پێشکەوتن

(Kürd  و Terakki Gazetesi  Kürd Teavün ve)،  بێجگە لە وەرگرتنی ئەندام لە سەرانسەری کوردستانی عوسمانیدا. هەردوک شێخ عەبدولقادر و بابان زادە ئیسماعیل حەققی بە تەواوی سەنگی خۆیانەوە بەشدارییان لەم ڕێکخراوەدا کردبوو، یەکەمیان وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە و دووەمیش وەک هاوکار و پاڵپشتی بڵاوکراوەکانی. هەروەها کەسایەتیی گشتی و ناوداری تری کورد بوون بە ئەندام تێیدا و لەوانە سەعیدی کوردی و ئەمین عالی بەدرخانی پارێزەر کەسایەتیی دیاری بنەماڵەی بەدرخان.

  لە هەل و مەرجی تێگەیشتنی بۆ ئەو کێشە و مەسەلانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی دەبێتەوە، KTTC تا ئاستیکی گەورە بە گونجاوی مایەوە لەگەڵ ئەو دید و بۆچوونانەی  لە ڕۆژنامەی  “کوردستان”دا گوزارشی لێوە دەکرا لە پێش دە ساڵدا. وتار و نووسینەکانی ناو بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکە فۆکەسی دەخستە سەر بابەتگەلی وەک خوێندن و نووسینێکیش هانی خوێنەرانی دەدا بۆ “کردنەوەی قوتابخانە و هەوڵدان بۆ ئەوەی منداڵەکانت لەبارەی زانستەوە فێرببن”٢٢. سەعيدی كوردی جەختی لەسەر پێویستیی بڵاوکردنەوەی هەردوک “زانستی ئاینی” و هەروەها “ئەو زانستانەی پێویستن بۆ شارستانییەت” لە ناو خێڵە کوردەکاندا٢٣. بە هەمان شێوە پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووریش جێی بایەخی بڵاوکراوەکانی KTTC بوون، لەگەڵ بابەتێکدا کە بانگەشەی بۆ کاروباری گشتی و نیشتەجێ کردنی خێڵە کۆچەرەکان بۆ ڕزگار کردنیان لە “پیسی و پشێوی” و گۆرانکاری و وەرچەرخان لە سامانی ئابووریی میزۆپۆتامیادا٢٤. نووسەرێک بە وردی و بایەخەوە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بۆ KTTC کورتکردووەتەوە و سەرنجی داوە کەوا کوردەکان”خەڵکێکی (قەومێکی) بەڕێز و دڵسۆز و بەتوانان”، بەڵام ئەم خەسڵەتان کەمتر بەکاردەهێنن ئەگەر “خوێندن و فێربوون یان هونەریان نەبێت” و هەروەها بازرگانییش “لە ناویاندا دەگمەن بوو”٢٥.

  هەروەها، بە ڕێگەیەکی هاوشێوەی ڕۆژنامەی کوردستان، KTTC  چارەسەری مەسەلەی کوردی لە دەستوورییەتدا دەبینی. لەواقیعدا،  پەیڕەوی ئەم ڕێکخراوە پابەندی کردووە بە ناساندنی دەستوور بەو کوردانەی زانیارییان لە سەر نەبووە و هەروەها بەرگری کردن لە حکوومەتی دەستووری و پەرلەمان، کە بە چەسپاندنی بنەڕەتیی “ڕێچکەی ئاین و پێشکەوتن” وەسفی کردووە (تونايا، 2007: 435). بەم پێیە KTTC ڕژیمی نوێی لەئامێزگرت و ڕایگەیاند کەوا پاڵپشتیی لە هەموو ئەو توخم و ڕەگەزانە دەکات کە لە ناو ئەو بەرنامە سیاسییەدایە و لە لایەن CUP وە بڵاوکراوەتەوە و “جەخت لە تەندروستیی باش و پێشکەوتن دەکاتەوە لە نیشتمانی [عوسمانیدا]26. وەک نووسەرێک دەڵێ “سوپاس بۆ هەوڵ و کۆششی CUP هەموو دەرد و مەینەتییەکانی تاکڕەوی کە ئێمە گرفتاریان بووبووین بەسەرچوون و نەمان”٢٧.

  بەهەرحاڵ، هەموو کورد دڵگەرم نەبوون بۆ شۆڕشەکە. لە ویلایەتە کوردنشینەکاندا، کاردانەوەی خەڵکە لۆکاڵەکە بۆ گەڕانەوەی حوکمی دەستووری تێکەڵە بوو. بۆ هەندێک، وەک بەرزنجی زادە عارف، کە    خانەدان و کەسایەتییەکی خەڵکی دیاربەکر بوو کە ڕابەرایەتیی ناڕەزایی و پرۆتێستەکانی دژە حکوومەتی دەکرد، شۆڕش دەرفەتێک بوو. ئەو بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەمەش پێگەیەک بوو کە لە دوای مردنی لە ساڵی ١٩٠٩دا گوێزرایەوە بۆ کوڕەکەی. هەڵبەت بۆ ئەوانی تریش، بەتایبەتی سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەبوو لەگەڵ کۆشکدا شۆڕش هۆکاری نادڵنیایی بوو. لە ماوەی ساڵێکی کەوتنی حوکمی ئۆتۆکراتیدا، دووکەسایەتی گەورە لە دیارترین هەواداری ڕژێمی حەمیدی، کە ئیبراهیم پاشای میللی و شێخ سەعیدی بەرزنجی بوون، مردن. بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بڵێین، شۆڕش پرسیارگەلێکی هێنایە پێشەوە پەیوەست بەو ئیمتیازانەی کە بە خێڵ و هۆزەکانی حەمیدییە بڕابوون و هەروەها کێشەی ئەو زەویوزارانەی کە پیاوانی خێڵە کوردەکان لە جووتیارە ئەرمەنەکان زەوتیان کردبوو.

  ئەم ترس و نیگەرانییە ڕوون و ئاشکرا لە هەڵوێستی تەمومژاویی   ئەندامان و کەسانی سەر بە KTTC لە بەرانبەر ڕژێمە نوێکەدا. لە دیسەمبەری ١٩٠٨دا، ئاهەنگێک ساز کرا بە بۆنەی کردنەوەی لقێکی ڕێکخراوەکەوە لە دیاربەکر و لەدواییدا گەیشتە ئەوەی کە وا بەشداربووان “بچنە مزگەوتەوە و سوێند بخۆن کە دڵسۆز بن بۆ “شەریعەتی موحەممەد” یان بۆ یاسای ئیسلام و بۆ پادشا”٢٨. لە شاری وان جێگری قونسوڵی بەریتانی وا باسی ئەندام و لایەنگرانی ناوخۆی کۆمەلەی تەعاون و تەرەققیی کوردی KTTC دەکرد کە لەو ئاغا کوردانە پێکهاتووە کەوا ناوبانگیان بە خراپە ڕۆیشتووە و جووتیاری باجی دەیەک و سولفەچی (لێرەدا پێموایە بە هەڵە نووسراوە پیاوانی ئاینی و ڕەنگە مەبەستەکە زیاتر سوود و سەلەم خۆر بووبێت و لە نووسەر تێکچووبێت – وەرگێڕ) و ئەوانەن کە لە دەسکەوتی ناڕەوایان دەترسن لە سایەی ڕژێمی نوێدا”٢٩.  ئاڕاستەی دژە دەستووری KTTC لە بەدلیس ڕوونتر بوو. لە ڕاستیدا کەسانی سەر بەو ڕێکخراوە بەئاشکرا پێشوازییان کرد لە شۆڕشە پێچەوانەکەی نیسانی ١٩٠٩ و خۆشحاڵییان دەربڕی و ئەمەش بوو بە هۆکاری سەرکوت کردنی ڕێکخراوەکە کاتێ کە  CUPگەڕایەوە بۆ دەسەڵات٣٠. لەکاتێکدا کە سەرکردایەتیی KTTC  لە ئەستەمبووڵ پێشوازییان لە سیستەمی نوێ کرد بەڵام ئەوانەی لە نیاز و مەبەستی شۆڕشەکە دەترسان لە بەر هۆکاری ئایدیۆلۆجی و مادی زاڵ بوون بەسەر ئەندامێتیی ڕێکخراوەکە لە ویلایەتەکاندا (کڵەین، ٢٠٠٧: ١٤١). بەکورتی، ڕێکخراوەکە دوو تاقمی جیاوازی لەخۆگرتبوو لە بزووتنەوەی کوردیی تازە دەرکەوتوودا، کە بیتی بوون لە تاقمی سەر بە دەستوور لە ئەستەمبووڵ و تاقمی دژە دەستوور لە ویلایەتەکاندا.

   سەبارەت بە چالاکوانە کوردەکان لە پایتەختدا، ماوەی نێوان تەمووزی ١٩٠٨ و نیسانی ١٩٠٩ لووتکەی گەشبینیی عوسمانیزمی کورد بوو. بەدوای ئەوەدا، پەرەسەندنی بزووتنەوەکە لە پایتەخت کەوتە ناو دۆخ و سیاقی جیاوازی و ناکۆکیی سیاسی و قەیرانی نێودەوڵەتی و شاڵاوی دەسەڵاتخوازییەوە. بۆ نموونە، دوابەدوای سەرکوت کردن و دامرکاندنەوەی شۆڕشی پێچەوانەی ساڵی ١٩٠٩، حکوومەتەکەی کە CUP پشتیوانی لێدەکرد کۆت و پێوەندی نوێی خستە سەر “یانە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکان”، کە قەدەغە بوو تێکەڵ بە کاروباری سیاسی ببن.

  لەگەڵ ئەوەشدا، چالاکیی کورد لە پایتەخت هەر بەردەوام بوو. ساڵی ١٩١٠ کۆمەڵێک کەسایەتیی گشتی و دەرکەوتووی کورد، لەوانە ئەمین عالیی بەدرخان، سەعیدی کوردی، میقداد میدحەت بەدرخان، عەبدولڕەحمان بەدرخان و دکتۆر عەبدوڵا جەودەت، لەپاڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورددا، کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی فێربوون و خوێندنیان دروستکرد (کورد نەشر مەعاریف جەمعییەتی  Kürd Nesr  –  I Maarif Cemiyeti – KNMC)٣١. ئامانجی ڕێکخراوەکە پەرەپێدانی خوێندن و فێرکردن بوو لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا “کەوا لە ناو هەموو ڕۆڵەکانی نیشتمانی [عوسمانیدا] بێبەشترین خەڵکن لە خێر و چاکەی خوێندن” (تونایا، ٢٠٠٩: ٢٤٤). لێرە بەدواوە کۆمەڵەکە قوتابخانەیەکی نموونەیی لە ئەستەمبووڵ دروستکرد بە ناوی قوتابخانەی دەستووریی کوردی (کورد مەشرووتییەت مەکتەبی)، بە ئیدارەدانی عەبدولڕەحمان بەدرخان٣٢. لە چوارچێوەنانی عوسمانیی ئەم پرۆژەیە وایکرد کە تەنانەت پاڵپشت و یارمەتیدانی حکوومەتیش دەستەبەر بکات بە هۆی ئیسماعیل حەققی بابان زادەوە کە لە بەهاری ١٩١١دا بۆ ماوەیەکی کورت پۆستی وەزیری خوێندنی گشتیی پێسپێردرابوو (ماڵمیسانج، ٢٠٠٩: ٨٦). بەڵام، بە پێی باس و گێڕانەوەیەک، لەکۆتاییدا ئەم ڕێکخراوە بوو بە قوربانیی گومان کردنی ڕوو لە زیادی CUP سەبارەت بە چالاکی نواندنی ناو کەمینە ناتورکەکان و ئەنجام ناچار بە داخستن کرا٣٣.

  هەروەها پەرەسەندنی دەستەگەری و دابەشبوون کۆسپ و تەگەرەی دروستکردبوو بۆ چالاکیی کورد. لە لایەکەوە، ڕکابەریی خێزانیی نێوان بەدرخانییەکان و مورید و شوێنکەوتووانی شێخ عەبدولقادر کۆمەلەی تەعاون و تەرەقیی کوردی فەوتاند (سلۆپی، ١٩٩١:٢٨). لە لایەکی تریشەوە، توندبوونەوەی ناکۆکی و دابەشبوون لە نێوان کۆمیتەی یەکگرتن و   پێشکەوتن –  CUPو بەرهەڵستکاریی “لیبراڵی” دیسان کاری کردە سەر دابەشبوونی زیاتری نێوان دەستەبژێری کوردی عوسمانی. هەندی لە کەسایەتییەکان، لەوانە ئیسماعیل حەققی بابان زادە، شێخ عەبدولقادر ئەفەندی و سەعیدی کوردی بە دڵسۆزی مانەوە بۆ CUP، بەڵام ئەوانیتر چوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆن. بۆ نموونە، لە نیسانی ١٩١٢دا، حەسەن بەدرخان کە ئەندامێکی خانەوادەی بەدرخانییەکان بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا لە شاری سیرت و لەسەر لیستی ئۆپۆزسیۆن و لە ئەنجامدا CUP تانەی لێدا و لێی هەڵگەڕایەوە٣٤. لە ڕاستیدا محەمەد شەریف پاشا ڕۆڵێکی پێشەنگانەی بینی لە دژایەتی کردنی چالاکییەکانی CUPدا و پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩١٤دا ئەم ڕێکخراوە هەولی تێرۆرکردنی دا لە ئیمپراتۆرییەت هەڵهات و لە پاریس چووە پاڵ ئۆپۆزسیۆن٣٥.

  سەرباری ناکۆکی و دابەشبوونەکان، چالاکیی کورد لە پایتەخت هەر بەردەوام بوو، ئەگەرچی ئەم جارەیان نەوەیەکی نوی سەرەوکاریی دەکرد. لە ئابی١٩١٢دا، گرووپێکی بچووکی قوتابیی کۆڵێجی کشتوکاڵی ئەستەمبووڵ، ڕێکخراوێکی نوێی کوردییان دروستکرد بە ناوی (کۆمەڵەی ‘هیوای’ قوتابییانی کورد –  کورد تەلەبە ‘هێڤی’ جەمعییەتی) و بە زۆری هەر بە “هێڤی” ناودەبرا. ئەم ڕێکخراوە نوێیە مۆڵەتی فەرمیی لە حکوومەت وەرگرت و لە کار و چالاکییەکانیدا چووەپێش و نزیکەی دووسەد ئەندامی تۆمار کرد (ئەکرەم، ١٩٩٢: ٢٠). ڕێکخراوەکە تا پاییزی ١٩١٤ بە چالاکی مایەوە، تا ئەو کاتەی حکوومەتی عوسمانی زۆربەی ئەندامانی بە سەرباز گرتن و خرانە ڕیزی سوپاوە (بێگومان بۆ بەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم کە خەڵک ڕەشبگیر دەکران و بۆ جەنگ دەنێردران و ئەمە بە سەفەربەرلک ناوی دەرکردبوو – وەرگێڕ). ڕێکخراوەکە لە نێوان ئابی ١٩١٢ و ئەیلوولی ١٩١٤دا، سی گۆڤاری دەرکردکە ئەمانە بوون: ڕۆژێ کورد، هەتاوێ کورد و یەکبوون. بێجگە لەوەش ڕۆژنامەی “بانگێ کورد”ی دەرکرد کە بارەگاکەی لە بەغدا بوو٣٦. هەروەها ڕێکخراوەکە مەڵبەندێکی ڕاوێژی یاسایی دامەزراند بۆ هەژارانی ئەستەمبووڵ٣٧، بێجگە لە ڕێکخستن و هەماهەنگیی لە ناو ئەو خوێندکارە کوردانەدا کە لە لۆزان دەیانخوێند.

  لە هەندێ ڕووەوە هێڤی ڕادیکاڵ بوو ئەگەر بەراورد بکرێت بەوانی پێش خۆی، چونکە گفتوگۆکانی بە کایە و بواری نوێدا دەبرد، لەوانە چاکسازیی زەوی و زار٣٨، مافی ئافرەتان٣٩ و چاکسازی لە ئەلفبێدا٤٠. زیاد لەوەش کۆمەڵەکە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی بەوە وەسف دەکرد کە “بووە بە ئەرکی سەرشانی لاوانی کورد”٤١. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت بۆ ئەم چالاکوانە گەنجە کوردانەش مەسەلەی کورد بە شێوەیەکی سەرەکی هەر بە پرسێکی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و خوێندن و فێرکردن مابووەوە٤٢. ئەوان لانی کەم بەئاشکرا بە پابەندی مابوونەوە بۆ بەردەوامبوونی حوکمی عوسمانی. وەک چۆن لە بابەتە نووسینێکدا هاتووە کەوا “نیازی بەرز و پاکیان” بەسانایی بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگەی کوردە لەپێناوی “خزمەت و خۆبەختکردنە بۆ خەلافەتی باڵا و پایەبڵندیی سەڵتەنەت”٤٣.

  بەهەرحاڵ، لە ویلایەتەکاندا ناڕەزایی کورد تا دەهات هەر زیادی دەکرد. لە ساڵی ١٩١٠دا هێزی سوارەی حەمیدی سەرلەنوێ ڕێکخرایەوە لە ژێر ناوی “فەوجەکانی سوارەی سووکی عەشیرەتدا” (عەشیرەت خەفیف سوڤاری ئاڵایلەری)، بەڵام گەلێ لەو ئیمتیازانەیان لەدەستدا کە جاران هەیانبوو لە سایەی ڕژێمە کۆنەکەدا (کڵەین، ٢٠٠٢: ٢١٧ – ٢٣١). چارەنووسی ئەو زەوییانەی ئەرمەن کە لە لایەن خێڵە کوردەکانەوە زەوت کرابوو بەردەوام سەرچاوەی ئاژاوە و نیگەرانی بوو. یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان لە ساڵی ١٩١٠دا بە داخێکی زۆرەوە لای سەعیدی کوردی سکاڵای خۆی دەکات کاتێ کە دەڵێ، “ئەرمەنەکان بوون بە ئاغا و ئیمەش بە کڵۆڵی ماینەوە” (نوورسی، ٢٠٠٧: ٤٤٢). سەرباری ئەم لێژبوونەوە دراماتیکییە، بەڵێنەکانی حکوومەت بۆ گێڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکان هیچیان لێ شین نەبوو. ڕاستییەکەی، دوابەدوای کوودەتاکەی ساڵی ١٩١٣، سیاسەتی عوسمانی گۆڕا لە ستراتیجییەتی دواخستن و دەستی دەستی پێکردنی کێشەکانەوە بۆ ئەوە کە بە ڕەهایی پابەند نەبێت بە هیچ شتێکەوە (پۆلاتێڵ، ٢٠١٥: ١٦٩ – ١٨٣). هەڵبەت شکستی سەربازیی لە بەڵکاندا بایەخدانی ئەوروپییەکانی بە مەسەلە ئەرمەنی بووژاندەوە و ئەمە لە شوباتی ١٩١٤دا سەریکێشایەوە بۆ ملکەچبوونی عوسمانی بۆ ئیدارەدانی ئەوروپی بۆ ئەوەی کە پێی دەوترا “شەش ویلایەتەکە” یان (ویلایاتی ستتە) کە بریتی بوون لە: وان، ئەرزڕووم، مەعموورەتولعەزیز، بەدلیس، دیاربەکر و سیواس – لە پاڵ ویلایەتی تەرابزۆنیشدا (هێلەر، ١٩٨٠: ٣ – ٢٦؛ کالیگیان، ٢٠٠٩: ٢٠١ – ٢٢٩). ئەوجا سەرلەنوێ حاڵەتێکی ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێ هاتە ئاراوە.

  جێگری قونسوڵی بەریتانی لە وان، ساڵی ١٩١٤ دەنووسێت کەوا سەرنجی داوە کە شتیکی کەم کراوە بۆ “چاککردنی دۆخی مادیی” لە ناوچە کوردنشینەکاندا، لەکاتێکدا کە “باج وەرگرتن قورستر و بە دڵڕەقانەتر کۆدەکرێتەوە وەک لەوەی لە سەردەمی ڕژیمی کۆندا بەڕێوە دەچوو”. لەهەمان کاتدا، وەک ئەو دەڵی لە دەمی شۆڕشەوە “ئەو سیاسەتە بەردەوامی نەبووە” و ئەنجامەکەشی کەوا کوردەکان “بە دوودڵی و گومانەوە”٤٤ دەڕواننە ڕژێمی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن CUP. شکستی عوسمانییەکان لە باکووری ئەفریقا و بەڵکاندا تەنها بوو بە هۆی هەڵکشان و توندبوونەوەی ئەم ناحەزی و دوژمنایەتییانە وەک چۆن گەلێ لە پیاوانی عەشیرەتە کوردەکان ئەم شکست و زیانانەیان بە حوکم و سزای خواوەند دەزانی بۆ سەر تورکە لاوە “کافرەکان” (سەفراستیان، ١٩٤٨: ٧٢). ئەم چاڵەی نێوان حکوومەت و خێڵە کوردەکان، کە تا دەهات زیاتر قووڵ دەبووەوە، ئاسانکاریی دەکرد بۆ ورووژاندن و ڕوودانی ڕاپەڕینێکی سیاسیی نەتەوەییدا. سەید عەلی  هیزان بڵاوکراوەی پەخش دەکرد و ڕایدەگەیاند  کە سیرت و وان و بەدلیس خاک و مڵکی کوردن ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە: ٦٠)، لەکاتێکدا کە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و نوور محەمەدی دهۆک داوانامەیەکیان بەرزکرەوە و داوای ئۆتۆنۆمیی کولتووری و کارگێڕییان کردبوو بۆ پێنج ناوچەی کوردنشینی ویلایەتی مووسڵ (ماکدوواڵ، ١٩٩٧: ٩٨).

  هەڵبەت هەوڵ و کۆششی زیاتر ڕێکخراو و سیستماتیک هەبوو بۆ یەکخستنی کورد دژ بە دەسەڵاتداران. بە هاتنی مانگی نیسانی ١٩١٣، هەندێ کەسایەتیی بنەماڵەی بەدرخان، لەوانە حوسێن کەنعان پاشای بەدرخان، یوسف کامیل بەدرخان و حەسەن بەدرخانی نوێنەری پەرلەمانی لەکارخراوی سیرت، پشتگیرییەکی خێڵەکیی گەورەیان دەستەبەر کردبوو لە ناوچەکانی دەوروبەری جزیرەی بۆتان کە زێد و نیشتمانی باوباپیرانیان بوو٤٥ و بانگەشەیان بۆ کوردەکان دەکرد “کە ڕاپەڕن و شۆڕش بەرپا بکەن بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەییان”٤٦. بەڵام کوشتنی حوسێن پاشا لە ئابی ١٩١٣دا کۆتایی هێنا بە نەخشە و پلانی بەرپاکردنی ڕاپەڕینێک و هەرچۆنێک بوو حەسەن بەدرخان لە ناوچەکەدا مایەوە و کەوتە کۆکردنەوەی چەک و چۆڵ و بانگەشە کردن بۆ ئەوەی سەربەخۆییەکی کارگێڕیی گەورەتر بدرێتە کورد، بە مافی بەکارهێنانی باجی ناوخۆیشەوە و کاربەدەستانی ناوچەکەشی بەتەواوی زمانی کوردی بزانن٤٧.

  بەهەرحاڵ، ئامانجی کەسایەتییکی تری بنەماڵەی بەدرخان ڕادیکاڵتر بوو، کە ئەویش عەبدولڕەزاق بەدرخان بوو. هەڵبەت بە هۆی کردەوەکانی ئەمەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٠٦دا بنەماڵەکەیان بە شێوەیەکی دراماتیکی کەوت و بێبەری کرا لە دەسەڵات و ئیمتیازەکانی. ئەمەش بە هۆی تێوەگلانی بوو لە کوشتنی ڕیزوان پاشای حاکمی ئەستەمبووڵدا. وەک ئەنجامیش، دوابەدوای شۆڕش، کەسنای سەر بە بنەماڵەکەیان لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو، بەڵام ئەم تا ساڵی ١٩١٠ لە زینداندا مایەوە (بەدرخان، ٢٠٠٠: ١٨ – ١٩). لە پاش بەربوونی لە بەندیخانە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبووڵ و لەدواییشدا چوو بۆ تەفلیسی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا و لەوێ بەتەمای دۆزینەوەی پشتگیری بوو بۆ خولیا و ئاواتە سیاسییەکانی (بەدرخان، ٢٠٠٠: ٢٥).

  ئەم خولیا و ئاواتانە بە تەنها بریتی نەبوو لە دەستەبەر کردنی ئۆتۆنۆمی لە عوسمانییەکان بەڵکوو بەتەواوی جیاکردنەوەی کوردستان بوو لە ئیمپراتۆرییەت. لەو ساڵانەی پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، عەبدولڕەزاق بەدرخان بەردەوام کاری بۆ بنیاتنانی جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕی دەکرد. لە مایسی ١٩١٢دا، ئیرشادی دامەزراند (واتە ڕێنمایی ڕاست)، کە بەهیوا بوو چوارچێوەی ڕێکخستنێک گەڵاڵە بکات کە لە ڕێگەیەوە خێڵە کوردەکان یەکبگرن و بنەمای شۆڕشێکی گشتی دابڕێژێت. ڕێکخراوەکە بەنیاز بوو میلیشیایەکی بەهێز بنیات بنێت لە حەفتا هەزار کەس و کۆمیتەی نهێنییان دروستکرد لە وان و دیاربەکر و ئورفە و ئەو شوێنانەی تریش کە کوردیان تێدا نیشتەجێن. هەروەها عەبدولڕەزاق بەدرخان لە پێویستیی دابینکردنی پاڵپشتی دەرەکی تێگەیشتبوو و هەر لەبەر ئەوەش ڕووی لە ڕووسیا بوو (ئاکگویل، ١٩٩٥: ٢٨ – ٢٩). خەیرەدین بەرازی، کە جێگری سەرۆکی    ئیرشاد و کاپتنی پێشتری جەندرمە بوو، تەنانەت پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە کوردستان بچێتە سەر ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا هاوشێوەی میرنشینە جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانیا (ڕەینۆڵدز، ٢٠١١ ئە: ٦٠). کاربەدەستانی ڕووسیا، وەک پەرۆشییەک بۆ نەهێشتنی دەسەڵات و کاریگەریی عوسمانی لە ناو کورددا، هاوکاریی عەبدولڕەزاق بەدرخانیان دەکرد، پارێزگارییان بۆ دابین کردبوو لەگەڵ پێدانی چەک و جبەخانەدا٤٨. بەهەرحاڵ، لە ئەیلوولی ١٩١٣دا، دەسەڵاتدارانی عوسمانی خەیرەدین بەرازییان کوشت و ئەمەش بوو بەهۆی هەرەسهێنانی ڕێکخراوەکە (ئاکگویل، ١٩٩٥: ٢٨ – ٢٩؛ بەدرخان، ٢٠٠٠: ٣٥).

  سەرباری ئەم شکستەش، عەبدولڕەزاق بەدرخان هەر بەردەوام بوو لە سەر چالاکییەکانی، ئەگەرچی گۆڕانکاریشی کردبوو لە هەندێکیاندا. دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بواریان پێدابوو لە شاری خۆی جموجووڵ بکات، کە شارێکی کوردیی ئێران بوو. ئەمیش لە دوای ئاژاوە و پشێوییەکانی ساڵی ١٩٠٦ شۆڕشی دەستووریی ئێران داگیری کرد (واتە شۆڕشی مەشرووتەی ئێران – و). لەوێ عەبدولڕەزاق ڕێکخراوی گەهاندنی دروستکرد (واتە پێگەیاندن/ فریاکەوتن)، کە ڕێکخراو یان کۆمەڵەیەکی پێخوێندن و فێرکردن بوو، کەوا لە ئۆکتۆبەری ١٩١٣دا قوتابخانەیەکی کوردیی لەو شارەدا کردەوە (جەلیل، ٢٠٠٨: ٨٥ – ٩١). هەرچەندە خوێندن لە قوتابخانەکە بە کوردی بوو بەڵام زمان و ئەدەبی ڕووسی و یاساشی تێدا دەخوێنرا (ئەحمەد، ١٩٩٤: ٦١؛ جەلیل، ٢٠٠٠: ١٢٧ – ١٣٢، ٢٠٠٨: ٨١ – ٨٥؛ ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ بێ: ٤٣٥ – ٤٣٧). بەپێچەوانەی ڕۆشنگەریی کوردییەوە لە ئەستەمبووڵ کە چاککردنی خوێندن و فێرکردنی کوردی لەوەدا دەبینی کە گرێدراوی هەوڵدانێکی بەرفراوانترە بۆ ڕزگارکردنی ئیمپراتۆرییەت، عەبدولڕەزاق بەدرخان دەیویست ڕۆشنگەریی کوردی بچێتە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی    ڕووسیاوە و ئەمەش بچڕانی پەیوەندی لێدەکەوێتەوە لەگەڵ سیستەمی عوسمانیدا.

  بەهەرحاڵ، لەگەڵ ڕەزامەندی دەربڕینی ئەستەمبووڵ بۆ کۆنترۆڵی ئەوروپی بەسەر “شەش ویلایەتەکەدا” لە سەرەتای ساڵی ١٩١٤دا و   مەترسی و نگەرانیی کورد لە ئەگەری هەڵکشانی هەژموونی ئەرمەن، بۆیە عەبدولڕەزاق دوو هێندە کردەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کوردستان. بۆ بەدبەختیی عەبدولڕەزق بەدرخان، دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە مانگی مارتدا مەلا سەلیمی بریکاریان گرت، کە ئەندامێکی دامەزرێنەری ئیرشاد بوو، بەهەمان شێوە سەید عەلیی هیزانیش کە شوێنکەوتەی بوو٤٩. ئەمەش سۆڕشێکی نەخشە بۆکێشراوی زوو بەرپاکرد و مەلا سەلیم و هاوپەیمانانی دایان بەسەر بەدلیسدا و پێش هەموو ئەوانیتر گەیشتنە شوێنی مەبەست. لە سەرەتای نیساندا هێزەکانی حکوومەت یاخیبووەکانیان کەرت و پەرت کرد و مەلا سەلیم ناچار بوو پەنا بباتە بەر قونسوڵییەتی ڕووسیا. عەبدولڕەزاق و هاوپەیمانەکانی لە ڕووسیا بوون و بەو جۆرە نەیانتوانی شتێکی ئەوتۆ بکەن بۆ پشتگیریی ڕاپەڕینەکە (ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە: ٨٠).

   بەڵام، حکوومەتی عوسمانی لە کاردانەوەیەکی توند و دڵڕەقانەدا، کە پانزە کەسی لە سەرکردەکانی یاخیبوونەکە ئیعدام کرد و لەنێویشیاندا سەید عەلی، “حەپەسان و تۆقینی” لە ناو کوردەکاندا بەرپاکرد بە هۆی ئەو ڕاستییەوە کەوا حکوومەت “سزای مەرگی سەپاندووە بەسەر پیاوانێکدا کە خاوەن ڕێزی زۆر و پێگەی بەرز بوون جۆری شێخەکان”٥٠. ناڕەزایی و تووڕەیی بەدرێژایی هاوینی ١٩١٤ بەردەوام بوو، لەولاشەوە عەبدولڕەزاق و هەوادارانی هەوڵیاندا لەسێدارەدانی سەید عەلی و هاوەڵانی بەکاربێنن بۆ “ورووژاندنی هەستی تۆڵەکردنەوە” لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا (ئایدۆغان، ٢٠٠٥: ١٨٧).

بە تێکڕایی، لەکاتێکدا کە “نەتەوەییەکانی” عەبدولڕەزق بەدرخان بە هیچ جۆرێک لە پێگەیەکی باڵادەستدا نەبوون لە کوردستاندا لە سەروەختی سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هێز و دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر ناوچەکەدا پێدەچوو بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد فشەڵ و لاواز    بووبێت و بە پلەی یەکەم پشتی بە تۆقاندن و توندوتیژی دەبەست.

جەنگ و جینۆساید و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەت: شەڕ لە سەر   کوردستان و ڕێگە بەرەو لۆزان، ١٩١٤ – ١٩٢٣

  لە هاوینی ١٩١٤دا، جووڵانەوەی کورد لە دوو دەستە و تاقمی جیا پێکدەهات. لە ئەستەمبووڵ، دەستەبژێرە کوردە عوسمانییەکە تا ڕادەیەکی زۆر بە پابەندی بەردەوامبوونی حوکمی عوسمانی مایەوە، هەرچەندە هەڵوێستەکان لە بەرانبەر کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتنداCUP  زۆر ئاڵۆزتر بوون لەوەی کە لە شەش ساڵی پێشتردا هەیانبوو. بەڵام بەپێچەوانەوە لە سەرانسەری کوردستانی عوسمانیدا، ناڕەزایی و تووڕەیی لەبەرانبەرCUP دا مۆرک و ڕوخسارێکی نەتەوەیی وەرگرتبوو و تا دەهات زیادی دەکرد، ئەمەش ڕاستییەک بوو کە عەبدولڕەزق بەدرخان و پشتیوانە ڕووسەکانی هەوڵی بەکارهێنانیان دەدا. بەڵام هەڵایسانی جەنگی جیهانیی یەکەم و بەشداربوونی عوسمانییەکان لە جەنگ و لەپاڵ ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانیان لە ئۆکتۆبەری ١٩١٤دا کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو لەسەر ڕەوتی هەردوک جووڵانەوەی کورد و بەگشتیش کۆمەڵگەی کوردی.

  کاریگەریی ڕاستەوخۆ ئەوە بوو کەوا کوردستانی عوسمانی بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ڕووسیای قەیسەری. لە زستانی ساڵی 1914/١٩15دا، ئەنوەر پاشای وەزیری جەنگی عوسمانی هێرشێکی دەستپێکرد لە قەوقازی ڕووسیادا، ئەمەش هێرشێک بوو بە کارەسات شکایەوە لە ساری قامیشدا. شکستی عوسمانی دەرفەتی دەسپێشخەریی بۆ ڕووسیا ڕەخساند کە بە درێژایی ساڵی دواتر هێزەکانی ڕووسیا بەقووڵی چوونە ناو کوردستانی عوسمانییەوە. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٦دا، ڕووسیا ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە خاکی عوسمانیی گرت بە هەردوو شاری وان و ئەرزڕوومەوە. لە شوباتی ١٩١٦دا، ڕووسەکان شاری بەدلیسیشیان گرت کە بایەخێکی ستراتیجیی هەبوو، هەرچەندە هێزێک بە فەرماندەیی مستەفا کەمال (ئەتاتورکی) دواتر سەرکۆمار، توانی لە هاویندا بیگرێتەوە لەگەڵ شارۆچکەی مووشی نزیکیدا. لەگەل ئەوەشدا بە شێوەیەکی گشتی، دۆخی سەربازی بۆ عوسمانییەکان بە ترسناک و ئازاربەخش مایەوە (ماکمیکن، ٢٠١٦: ٢٧٧ – ٢٨٣، ٣١١؛ ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە: ١٣٤ – ١٣٨).

  هەڵبەت جەنگ  هەر بەتەنها ناوچەکانی کوردنشینی نەگرتەوە، بەڵکو بەشێکی گرنگ و بەرچاوی سوپای عوسمانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەتدا لە کورد پێکهاتبوو بە تایبەتی لە لەشکرەکانی سێهەم و چوارەمدا کە بەشێک بوون لە فەیلەقەکانی نۆ و دە و یانزە و دوانزەی سوپای عوسمانیدا. هەروەها سەرۆک هۆزەکانی کورد هێزی نانیزامییان دابین کردبوو بۆ شەڕکردن لە هەردوک بەرەی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕووسەکان و بەرەی میسۆپۆتامیا دژ بە بەریتانییەکان (ئەحمەد، ١٩٩٤: ٩٠؛ زەکی، ٢٠١١: ٢٣٩ – ٢٤٠). زەرەر و زیانەکان هێجگار گەورە بوون و لە ڕاستیدا، محەمەد ئەمین زەکی بەگ، کە ئەفسەرێکی پێشووی عوسمانی و مێژوونووسێکی سەربازی بوو، مەزەندەی ئەوە دەکات کە نزیکەی سێسەد هەزار کورد گیانیان لەدەستداوە لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا (زەکی، ٢٠١١: ٢٤٠).

  سەرەڕای ئەو شکست و کارەساتانەی تووشی سوپای عوسمانی هات، جەنگ دەرفەتێکیشی دا بە CUP بۆ “چارەسەری” مەسەلەی ئەرمەنی بە شێوەیەکی هەمیشەیی. ئەم جەنگە بە شێوەیەکی زۆر دیاریکراو پەردەپۆشێکی دروستکرد بۆ لەناوبردنی ئەرمەنە عوسمانییەکان، کە سەرکردەکانی CUP  بە هەڕەشەیان دەبینین بۆ سەر بوون و مانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. سەرەتا لە گەرماوگەرمی پاش شکستی عوسمانی لە ساری قامیشدا ئەندامە سەرەکییەکانی  CUPو شۆرەتدارترینیان تەڵعەت پاشای وەزیری ناوخۆ و دکتۆر بەهادین شاکری بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عوسمانی، کەوتنە ئامادەکردنی پلانێکی ڕوو لە هەڵکشانی جینۆساید کە بریتی بوو لە ڕاگواستن و ئەتک کردن و کۆمەڵکوژی (ئاکچەم، ٢٠١٢، ٢٠١٨؛ ڕۆگان، ٢٠١٥: ١٥٩ – ١٨٤؛ سەنی، گوێجەک و نەیمارک، ٢٠١١).  ئەنجامەکەشی، وەک یەکێک لە توێژەرە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە تێبینیی دەکات “مردن یان کوشتنی زیاد لە یەک ملیۆن کەس بوو” (ئاکچەم، ٢٠١٨: ٢).

  کوردێکی زۆر لەم شاڵاوی توندوتیژییەدا بەشدار بوون. لە حوزێرانی ساڵی ١٩١٥دا کوردەکانی ئەرزنجان گەڕەکە ئەرمەن نشینەکانی ئەو شارەیان تاڵان کرد (ئونگۆر و پۆڵاتێڵ، ٢٠١٣: ٧٠)، هەمان مانگ خەڵکێکی    بێسەروبەر و شڕەخۆر لە دیاربەکر کە پێکهاتبوون لە چەکدار و میلیشیای ناوخۆ و گوندنشینە کوردەکان ئەرمەنەکانی ئەو شارەیان سەربڕی و ئەتک کرد و تەرمەکانیان لە ناو شار و دەوروبەریدا بەجێهێشتن بۆ ئەوەی بۆگەن بکەن (ئونگۆر، ٢٠١٥: ٢٥٣ – ٢٥٤). هەڵبەت توندوتیژیی کوردەکان بەڕەهایی گشتگیر نەبوو، چونکە لەهەمان کاتدا کوردگەلێکی موسڵمان هەبوون دەراوسێ ئەرمەنە کریستیانەکانیان لە توندوتیژی دەپاراست. بەو هۆیەوە، بەهادین شاکر ئاگادارییەکی دەرکرد و هەڕەشەی کردبوو کەوا هەر کەسێک لەوانەی ئەرمەن دەپارێزن و دەیانشارنەوە لەسێدارە دەدرێن و    ماڵ و خانووشیان دەسووتێنرێت (ئاکچەم، ٢٠١٨: ١٦). لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ کورد داواکارییەکانی حکوومەتیان پشتگوێخست. ڕاستییەکەی لە دوای کۆتایی جەنگ، هیزەکانی بەریتانیا لە حەڵەب، پێشوازییان لە وەفدێکی شێخ و (سەرۆک خێڵەکانی – و) کورد کرد کە داوایان لە ئەوروپییەکان کردبوو بەرپرسیارێتیی ئەو پەنابەرە ئەرمەنانە لەئەستۆ بگرن کە ئەمان حەشاریانداون (کیلینگ، ١٩٢٤: ٢٠٩ – ٢١٠).

  لەهەمان کاتدا، کوردەکان لە هەندێ کاتدا کرابوونە ئامانجی توندوتیژی، بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩١٦دا هێزەکانی ڕووسیا بە هاوپەیمانیی لەگەڵ خۆبەخشە ئەرمەنەکاندا شارۆچکەی ڕەواندزیان گرت و کەوتنە کوشتن و تاڵان کردنی خەڵکەکەی (هەی، ٢٠٠٨: ١٣٧ – ١٣٨). لەولاشەوە، دانیشتووانی کورد لەلایەن حکوومەتی عوسمانیشەوە بەر توندوتیژی دەکەوتن. لە جەنگەکانی بەڵکان بەملاوە سەرکردایەتییCUP   بەشێوەیەکی ڕوو لە زیاد بەرەوە سیاسەتی “نەتەوەیی بوون” دەڕۆیشت و بە دیاریکراویش بەتورککردن. لەکاتێکدا کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو جۆرە سیاسەتانە خەڵکە ناموسڵمانەکانی دەگرتەوە، بەڵام وا دژ بە دانیشتووانە موسڵمانە غەیرە تورکەکانیش ئاڕاستە دەکرێت چەشنی کوردەکان. بەم دۆخ و سیاقە بێت، جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەشێکی پێکدەهێنا لە سیاسەتێکی بەرفراوانتر بۆ نەخشە کێشانەوەی دیمۆگرافی. ئەم سیاسەتانە ئامانجیان یەکەم بەهێزکردنی کاراکتەری تورکیی ئیمپراتۆرییەت بوو کە چەق و ناوجەرگەی ئەنەدۆڵ بوو لەگەڵ بەرفراوان کردنی نیشتەجێبوونی تورک لە ناوچەکانی وەک کوردستاندا (ئولکەر، ٢٠٠٥: ٦١٣ – ٦٣٦).

  لە ساڵی ١٩١٦دا، کە هێشتا کاتێکی زۆر تێنەپەڕیبوو بە سەر ڕاماڵینی ئەرمەنەکاندا، ئیدارەی کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتنCUP مەرسوومێکی دەرکردووە لەبارەی نیشتەجێ کردن و پەنابەرانەوە، ڕوون و ئاشکرا باس لە جیاوازی کردنی نێوان کورد و تورک دەکات. ئەو عەشیرەتە کوردانەی لە شەڕ هەڵاتوون دەبێ چەک بکرێن و کۆمەڵ کۆمەڵ دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵە و ژمارەیان لە سێسەد کەس تێپەڕ نەکات و بنێردرێن بۆ ناوچەکانی نیشتەجێ کردن لە ناوەڕاستی ئەنەدۆڵدا. گرووپە خێڵەکییەکان دەبوو  پەرش و بڵاو بکرانایەتەوە لە ناوچەکاندا و دەبوو لە پێنج لە سەدی دانیشتووانی ئەو ناوچانە زیاتر پێکنەهێنن و لە شێخ و مەلا و سەرۆک عەشیرەتەکانیان جیا بکرێنەوە. سەرباری ئەوەش و بەپێچەوانەی کۆمەڵگەکانی تورکەوە، حکوومەت هیچ مۆڵەتیکی بە کوردەکان نەدەدا کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی زێدی ڕەسەنی خۆیان (ئاکچەم، ٢٠١٨: ٤٠ – ٤٨؛ بۆزکورت، ٢٠١٤: ٨٢٣ – ٨٣٧؛ دوندار، ٢٠٠٨: ٤٠٩ – ٤١٩). مەبەست لەمە ڕوون بوو، کە ئەویش کەمکردنەوە یان تەنک کردنی کورد بوو لە ویلایەتە ڕۆژهەڵاتەکانی ئیمپراتۆرییەتدا، لەهەمان کاتیشدا ئەسیمیلە کردن یان تواندنەوەی کورد بوو بە کەرت و پەرت کردنیان بۆ گرووپی بچووک بچووک و نیشتەجێ کردنیان لەو شوێن و ناوچانەدا کە تورک تێیاندا زۆرینەن.

  بێجگە لەو پشێوی و شڵەژان و شیرازە تێکچوونە بێئامانەی کە تووشی کۆمەڵگەی کوردی هات، دیسان جەنگیش بوو بە هۆی تێکدان و شێواندنی چالاکیی کورد. سەرباری پەرەسەندنی ئەو هەموو گرژی و ئاڵۆزییەی لە سیاسەتەکانی عوسمانیدا و سروشتی ڕوو لە ‌هەڵکشانی CUP، زۆربەی مونەوەرانی دەرکەوتووی باڵی عوسمانی خوازی جووڵانەوەی کوردی بە دڵسۆزی مانەوە بۆ ئیمپراتۆرییەت و گەلێکیشیان بە ئیمتیازەوە خزمەتیان دەکرد لە ناو هێزە چەکدارەکانیدا. بەهەرحاڵ، بۆ عەبدولڕەزاق بەدرخان و کوردە نەتەوەییەکان، جەنگ دەرفەتێک بوو. بەو هیوایەوە کە ڕووسەکان کورد بە لای خۆیاندا ڕابکێشن ڕووسەکان عەبدولڕەزاقیان بە “سوڵتانی عەشیرەتەکان” دامەزراند و چەک و پارەیان پێدا. ئەمیش لای خۆیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و داوا لە کورد دەکات پشتی ڕووسیا بگرن بۆ دەرکردنی “ڕوومی” (واتە تورکەکان) لە کوردستان. کاتێ کە جەنگ چووە پێشەوە و پەرەیسەند، گرژی کەوتە نێوان عەبدولڕەزاق بەدرخان و هەندی کەس و لایەن لە ناو سوپای ڕووسیادا. هەروەها لە نێوان کوردە سەر بە ڕووسەکان و ئەرمەنە سەر بە ڕووسەکاندا ناکۆکی و ململانێ پەیدا بووبوو. بەو پێیە، سوپای ڕووسیاش کەوتە کارکردن بۆ هەڵوەشانەوە و دەرکردنی هاوکارە کورد و ئەرمەنەکانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، عەبدولڕەزاق بەگ پەیوەندییەکی باشی هێشتەوە لەگەڵ ڕووسەکاندا، کە دایاننابوو بە حاکمی ئەرزڕووم، پاش ئەوەی کە کەوتە دەستیان، لەکاتێکدا کەوا کامیل بەدرخان بۆ ماوەیەکی کورت حاکمییەتی بەدلیسی وەرگرتبوو (ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە: ٤٤٦ – ٤٤٨).

  ئەم کار پێسپاردنانە وەک پێدانی هێز و گوڕێک بوو بە نەتەوەییەکان. لە مارتی ١٩١٧دا ڕژێمی تساری (قەیسەری) ڕووخا و لە مانگی نۆڤەمبەری هەر ئەو ساڵەدا بەلشەڤیکەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست و ئەنجامی ئەمەش هەرەسهێنانی سوپای ڕوووسیای لێکەوتەوە. پاشان بە هاوکاریی عەبدولڕەزاق بەدرخان، ئیدارەی نوێی بەلشەڤیک کەوتە هەوڵدان بۆ بناغە داڕشتنی کۆمارێکی سۆڤیێتی بۆ کورد، بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێنا (هێننینگ، ٢٠١٨: ٣٢١). لێرە بەدواوە هێزەکانی عوسمان توانییان زۆربەی ئەو ناوچانە بگرنەوە کە ساڵانی پێشتر لەدەستیاندابوو، لەکۆتاییدا بەرەو ناوچەکانی قەوقازیش پێشرەوییان کرد. لێرەبوو کە لە هاوینی ١٩١٨دا عەبدولڕەزاق بەدرخانیان بە دیل گرت و ئیعدامیان کرد. بەهەرحاڵ، ساتەوەختی سەرکەوتنی عوسمانییەکان کورتخایەن بوو و بەدوایدا هێرش و لەشکرکێشییە سەرکەوتووەکانی بەریتانیا لە سووریا و میسۆپۆتامیا، ئیمپراتۆرییەتی ناچاری خۆبەدەستەوەدان کرد لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ١٩١٨دا و بەم جۆرە جەنگ کۆتایی هات.

   خۆبەدەستەوەدانی عوسمانی و ڕووخانی حکوومەتەکەی “جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی CUP” پەرەیدا بە شەپۆلێکی نوێی جموجووڵ و جۆشخواردنی سیاسیی کورد. بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ئەستەمبووڵ وەک حاڵەتی پێش جەنگ بووەوە بە ناوەندی چالاکیی کوردەکان. لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا، کەسایەتییە گشتی و ناودارەکانی کورد لە پایتەخت ڕێکخراوێکی نوییان دروستکرد بە ناوی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان (Kürdistan Teali Cemiyeti ، KTC) و کە شێخ عەبدولقادر بوو بە سەرۆکی و ئەمین عالیی بەدرخان جێگری سەرۆک. بەهەرحاڵ، بەپێچەوانەی ئەو کەشە گەشبینییەوە کە بەدوای گێڕانەوەی حوکمی دەستووریدا هات لە لای (کوردستان تەعاون و تەرەققی جەمعییەتیKTTC )، کە دە ساڵ لەوەوپێش دامەزرابوو، کۆمەڵەی تەعالی KTC لە دۆخی شکستێکی سەربازی و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریدا دامەزرا. هەروەها ئەمە ماوەیەک بوو کە تێیدا پرەنسیپی مافی چارەنووسی نەتەوەیی لە دووبارە بوونەوەکەی هەردوک لینینی و ویڵسنیدا تا دەهات بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد کار و کردەوەکانی ئاشتی دروستکەرانی گەڵاڵە دەکرد کە لە پاریس کۆبووبوونەوە. بێجگە لەوەش، چواردە خاڵە بەناونگەکەی وودرۆ ویڵسنی سەرۆکی ئەمریکا بەئاشکرا بانگەشەی دەکرد  بۆ ئەو “نەتەوانەی کە ئێستا لە ژێر حوکمی تورکیدان، کەوا دڵنیابن لە ئارامی و ئاسایشێکی بێگومان بۆ ژیانیان و هەل و دەرفەتێکی ڕەهای گەشەکردنی سەربەخۆ بێ هیچ بێزارکردنێک” (تۆڕ، ٢٠٠٢: ٧٨). بە واتای ئەوەی کە پرەنسیپی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش عوسمانی دادەڕێژێتەوە.

  لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت لەم قۆناخە درەنگەشدا، هەڵوێستی کۆمەڵەی تەعالی KTC بەرانبەر بە حوکمی خۆ کردنی کورد تەمومژاوی بوو.      دەستوور و پەیڕەوی ڕێکخراوەکە پابەندی ئەوەی کردبوو کە داکۆکی لە “بەرژەوەندییە گشتییەکانی” کورد بکات، کە دواتر گۆڕا بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کورد و مافە مێژوویی و رەگەزی/ ئیتنیکییەکان (تونایا، ٢٠٠٩: ٢١٥، ٢٢٢). لە کانوونی دووەمی ١٩١٩دا، سەرکردایەتیی KTC پەیوەندییان کرد بە کاربەدەستانی بەریتانیاوە بۆ داواکردنی ئۆتۆنۆمی لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراودا و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەوا “حکوومەتی بەریتانیا بە سوپاسەوە ماف و بەرژەوەندییەکانی (کوردیان) لەئەستۆ گرتووە و یارمەتییان دەدەن لە ڕێگەیاندا بەرەو شارستانییەت و پێشکەوتن”٥١.

سەبارەت بە هەندێ کەسانی ناو KTC ، بە زەروورەت ئەمە ڕێگر نەبوو لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا. بێجگە لەوەش، شێخ عەبدولقادری سەرۆکیKTC  بەردەوام بوو لە ڕۆڵ گێڕانێکی چالاکانە لە سیاسەتی عوسمانیدا، کە لەنێوان مارت و مایسی ١٩١٩دا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت خزمەتی دەکرد. ئەو بەئاشکرا بەردەوام پێی دادەگرت لەسەر ئەوەی کوردەکان بە دڵسۆزی ماونەتەوە بۆ سوڵتانی خەلیفە و ئەوان تەنها هەوڵی فۆرمێکی سنووردار دەدەن بۆ ئۆتۆنۆمییەکی هەرێمایەتی٥٢.

  بەهەرحاڵ، بۆ ئەوانیتر ئامانجەکە سەربەخۆیی تەواو بوو. ڕاستییەکەی لە کۆبوونەوەیەکی گشتیی KTC دا، ململانێ و ناکۆکی دروستبووە لە نێوان شێخ عەبدولقادر، کە داوای بەردەوامیی هەماهەنگیی کردووە لەگەڵ تورکەکان و ئەندامە گەنجەکاندا کە داوایان کردووە “بڕیارێک وەربگیرێت بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان” (دەرسیمی، ١٩٩٦: ١٣١). لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠دا نادیاری و تەمومژی سەرکردایەتیی KTC بەردەوام بوو سەبارەت بە مەسەلەی سەربەخۆیی و ناڕەزایی لە ناو ئەوانەدا کە داکۆکییان لە سیاسەتێکی نەتەوەیی ڕوونتر دەکرد و ئەنجام ترۆپکی ململانێکە بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ڕکابەر شکایەوە بە سەرکردایەتیی ئەمین عالیی بەدرخان و بە ناوی کۆمەڵەی کوردی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی (کورد تەشکیلاتیی ئیجتیماعیی جەمعییەتی i Kürd Teskilat –   içtimaiye Cemiyeti، KTIC).

سەرەڕای ئەم دابەشبوونانە، چالاکوانە کوردەکانی ئەستەمبووڵ بەردەوام بوون لە سەر لۆبی کردن لای هێزە گەورەکان بۆ دانپیانانی مافە نەتەوەییەکانی کورد. چالاکوانە کوردەکان بە شێوەیەکی تایبەتی بایەخیان بە دابین کردنی پاڵپشتیی بەریتانیای مەزن بوو کەوا لە کۆتایی جەنگدا وەک هێزێکی ئیـپراتۆریی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرکەوت. ئەمە تەنها هەر پێشکەش کردنی تکاکاریی نەدەگرتەوە بۆ نوێنەرە بەریتانییەکان لە پایتەختی عوسمانیدا بەڵکوو دابین کردنی نوێنەرایەتیشی دەگرتەوە لە گفتوگۆی ئاشتیی پاریسدا. لێرەوە ئیترKTC  محەمەد شەریف پاشای وەک نوێنەری بەرژەوەندییەکانی کورد لە ئەوروپادا دیاریکرد. محەمەد شەریف پاشاوەت دیپلۆماتی سەرەکیی KTC داواکاریی ناوچە کوردییەکانی لە نامیلکەیەکی ساڵی ١٩١٩دا پێشکەش کرد بە ناونیشانی “یاداشتیک لەبارەی داواکارییەکانی گەلی کوردەوە

Memorandum sur les people kurde”  و کەوتە هەوڵدان بۆ دڵنیاکردنەوەی بەریتانییەکان سەبارەت بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە لایەن کوردەوە٥٣.  لە هەمان کاتیشدا چووە گفتوگۆوە لەگەڵ وەفدی ئەرمەنیدا، کەوا لە نۆڤەمبەری ١٩١٩دا گەیشتە لووتکە بە ڕێککەوتنێک لەبارەی سنووری نێوان کوردستان و ئەرمینیاوە٥٤.

لە مەودایەکی کورتدا، هەوڵ و کۆششی لۆبی کردنی کورد سەرکەوتنی بەدەستهێنا.   لە ئابی ١٩٢٠دا، حکوومەتی عوسمانی پەیماننامەی سیڤەری مۆر کرد، کە چەند بەندێکی پەیوەست بوو بە داهاتووی کوردستانی عوسمانییەوە. لە بەندی ٦٢دا پەیماننامەکە مەسەلەکەی سپاردووەتە کۆمیسیۆنێک لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیاوە دانرابوو بۆ داڕشتنی “ڕەشنووسی پرۆژەیەکی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردیان تێدایە و دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فورات و لای خوارەوەی سنووری باشووری ئەرمینیاوە و … باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و میسۆپۆتامیادا”. هەروەها دەقی بەندی ٦٤یش مەسەلەکە زیاتر ڕووندەکاتەوە و دەڵێ:

“لە ماوەی ساڵێکدا کە ئەم پەیماننامەیە دەچێتە بواری کارپێکردنەوە خەڵکانی کوردی ئەم ناوچانە کە لە بەندی ٦٢دا دەسنیشان کراون بەو جۆرە خۆیان بە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان دەناسێنن کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەم ناوچانە خواست و ئارەزوویانە سەربەخۆیی خۆیان لە تورکیا ڕابگەیەنن و ئەگەر ئەو کاتە ئەنجومەن قەناعەت بکات کە ئەم خەڵکانە توانای سەربەخۆییەکی وایان هەیە ئەوجا راسپاردەی ئەوە دەکات کە پێویستە بیاندرێتێ” (هورێویتز، ١٩٧٩: ٨٢).

شێوەی ئەو ئۆتۆنۆمییەی لە سیڤەردا نەخشەی بۆ کێشرابوو بەدڵنیاییەوە سنووردار بوو چونکە بەسترابوو بە خواست و ئیرادەی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیاوە. بێجگە لەوەش مەودا و ڕووبەری جوگرافیی کوردستان لەوە زۆر زۆر کەمتر بوو کە کوردە نەتەوەییەکان حەزیان لێبوو. دەقی پەیماننامەکە وا داڕێژرابوو کە یەو ویلایەتانەی کوردیان تێدا نیشتەجێیە – تێکڕا بن یان بەش بەش، وەک ئەرزڕووم و وان بەدلیس – لە پرۆژە و پلانی دەوڵەتێکی ئەرمەنیدا بن (هورێویتز، ١٩٧٩: ٨٣)، لەکاتێکدا کە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژاوای فورات، وەک دەرسیم، دەبوو لەژێر دەستی تورکیادا بمێننەوە. بێجگە لەوەش، چارەنووسی ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە ویلایەتی مووسڵ هەر بە ناڕوونی مابووەوە. بەندی ٦٤ تا ڕادەیەک تەمومژ بوو و ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە بەستراوە بە دەستهەڵگرتنی تورکیا لە مافەکانی خۆی لەو ناوچانەدا کە لە بەندی ٦٢دا باسکراون و هیچ ناڕەزاییەک دەرنابڕدرێت لەلایەن دەوڵەتە سەرەکییەکانی هاوپەیمانانەوە لەبارەی هاتنەپاڵی خۆبەخشانە بۆ سەر دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆی لەم چەشنە بۆ ئەو کوردانەی نیشتەجێی ئەو بەسەی کوردستانن کە تا ئێستا لە ناو ویلایەتی مووسڵدان” (هورێویتز، ١٩٧٩: ٨٢).

  بەو پێیە، هەرچەندە ئەو شێوەیەی ئۆتۆنۆمیی کورد کە لە سیڤەردا دەسنیشان کرابوو سنووردار بوو، بەڵام دانپیانانێکی ڕوون و ئاشکرا بوو بەوەی کە کورد کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیین، لای کەمەکەی بۆ ئەگەری حوکمی خۆ کردن. لەگەڵ ئەم دانپیانانەشدا، چالاکوانە کوردەکان نەیانتوانی تەنانەت فۆرمێکی نیوەناچڵیش بۆ دەوڵەتێکی کوردی دابین بکەن. ژمارەیەک لە توێژەران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا دابەشبوونی ناوخۆیی جووڵانەوەی کوردی بەرپرسە لە شکستی چالاکوانە کوردەکان بۆ دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی کورد لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. بەدڵنیاییەوە ڕکابەری و دەستەگەرییەکان بوون بە هۆی تێکشکاندنی هێزی ناسیۆنالیزمی کوردی (کیرشچی و وینڕۆ، ١٩٩٧: ٦٧ – ٨٨؛ ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤: ٨٧ – ١٢٠؛ ستۆهمایەر، ٢٠٠٣: ٥٧ – ٧٤). ڕاستییەکەی کاربەدەست و بەرپرسە ئەوروپییەکان بەزۆری ئەو کەسانەیان ڕەتدەکردەوە کە ئیددیعای بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردییان دەکرد. وەک یەکێک لە کاربەدەستە بەریتانییەکان لە مارتی ١٩٢٠دا سەرنجی داوە کە هیچ کاتێ کەموکورتی لە ڕایەکی کوردیدا نەبوو “بە مانای ڕای گشتیی پتەو و یەکگرتوو … بەشێکی کەم لەو کوردە خوێندەوارانەی دەرەوەی کوردستان کە ئایدیای جوداخوازییان هەڵگرتووە زۆر زیادەڕۆیی دەکەن لە کاریگەری و گرنگیی خۆیاندا”٥٥.

  بەهەرحاڵ، پەیدابوونی بەرگری و بەرهەڵستی کردنی هەوڵەکان بۆ پارچە پارچە کردنی ئەنەدۆڵ، کە هەوڵ و تەقەلای یۆنانیشی دەگرتەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئیزمیر و ناوچە دوورەدەستەکانیشی شان بە شانی نەخشە و پلانەکان دروستکردنی دەوڵەتێکی ئەرمەنیش لە سەر خاکی عوسمانی بوون بە هۆی کۆسپ و تەگەرە لە ڕێی دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردیدا. ئەم بزووتنەوەی بەرگرییەی کەوا کەسانێکی ناو سوپا و چالاکوانەکانی پێشتری کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن CUP، ساڵی ١٩١٩ لە ژێر سەرکردایەتیی مستەفا کەمال (ئەتاتورکدا) یەکیانگرت و دواجار حکوومەتی ئەستەمبووڵیان ڕەتکردەوە، کە پەیماننامەی سیڤەری مۆر کردبوو. ئەوجا لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠دا کەمالییەکان حکوومەتێکی ڕکابەریان دامەزراند ئەنقەرەیان کردە پایتەختی خۆیان و فرەی پێنەچوو دەستیان گرت بە سەر ئەو ویلایەتە کوردنشینانەدا کە لە کۆتایی جەنگدا بە دەستی عوسمانییەکانەوە مابوو.

  بەگشتی، کەمالییەکان کارامە بوون لە جووڵاندن و جۆشدانی گوتاری سیاسیی عوسمانیدا و وا وێنای جووڵانەوەکەیان بکەن کە هەوڵ دەدا بۆ پاراستنی خەلافەت لە لاورگە و مشەخۆرە ناموسڵمانەکان (سولەیمانی، ٢٠١٦ ئە: ٢٥٦ – ٢٦٥). بە دیاریکراوتریش، ئەوان لە ڕۆژهەڵات توانییان ڕای موسڵمانەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن لە ڕێگەی بەرهەڵستی کردنی توندیانەوە بۆ داواکارییە هەرێمایەتییەکانی ئەرمەن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا و جەختیان لەسەر دەکردەوە کە هەرگیز ڕێگە بە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئەرمەنی نادەن لە سەر خاکی کوردە موسڵمانەکان٥٦. ڕێککەوتنی محەمەد شەریف پاشا لەگەڵ وەفدی ئەرمەنیدا بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان کورد و ئەرمەن تەنها خزمەتی بەهێزکردنی پرۆپاگەندەی کەمالییەکانی کرد و کاتێ هەواڵی ئەم ڕێککەوتننامەیە گەیشتە کوردستان سەرۆک خێڵە کوردەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا خێرا کەوتنە سەزەنشت کردنی (ماکدوواڵ، ١٩٩٧: ١٣٣).

  بەکورتی، کەمالییەکان زیرەکانە توانییان یاریی بە ترس و دڵەراوکێی کوردەکان بکەن لە هەڵکشانی هەڕەشەی ئەرمەنەکان لەوەی کە بەشداریی کورد لە شاڵاوە جینۆسایدییەکانی سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە گرێژەنە دەرچووە. ڕاستییەکەی، لە ساڵانی یەکەمی خەبات و ململانێی کەمالیدا، کازم قەرەبەکری فەرماندەی مستەفا کەمال لە ڕۆژهەڵات، باسی لەوە دەکرد کەوا توانوێتی کوردەکان “بپارێزێت” لە ناسیۆنالیزمی کوردی بە وێناکردنی ئەوانەی کە داکۆکی لە دەوڵەتبوونی کورد دەکەن هەوڵی ئەوە دەدەن ” کوردستان بخەنە سەر ئەرمینیا” (قەرەبەکر، ١٩٩٠: ١١٣).

 لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و لە نووسینێکدا مێجەر ئێدوارد نۆئێڵ، کە ئەفسەرێکی بەریتانیی لایەنگری کورد و بە کوردستاندا گەڕابوو، ئەم مەسەلەیە دەسەلماند و تێبینیی ئەوەی کردبوو کە بزووتنەوەی کەمالی “هەوڵی زۆری دەدا بۆ ڕاکێشانی کورد بە لای مەسەلەی نەتەوەییدا لە ڕێگەی پرۆپاگەندەی پان ئیسلامی و دژەکریستیانەوە”. هەروەها مێجەر نۆئێڵ سەرنجی ئەوەشی دابوو کە “ڕێکخراوێک بوونی نییە پرۆپاگەندەی پێچەوانە بکات. چونکە ڕووناکبیرانی کورد، کە زۆرینەی ئەوانە لە وڵاتەکەیان دەرکرابوون، دابڕابوون لە هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ هاووڵاتییەکانی خۆیاندا”٥٧. بە واتایەکی تر، سەرکوت کردنیش دیسان ڕۆڵێکی بەرچاوی خۆی بینی لە پەکخستنی چالاکیی کوردە نەتەوەییەکان. بۆ نموونە، سکاڵانامەیەک لە ئۆکتۆبەری ١٩١٩دا دراوە بە بەریتانییەکان، کەوا بێجگە لە بەریتانییەکان لقی KTC لە سیرت “لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە سەرکوت کراوە” و هەروەها “لە ئورفە دەسەڵاتدارانی تورکیا سوورن لە سەر ئەوەی ڕێگە بە کردنەوەی لقێکی کۆمەڵەی ناوبراو نەدەن لەوێ”٥٨. ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە تا سەروەختی ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە ئابی ١٩٢٠دا، چالاکوانە کوردەکان بە شێوەیەکی کاریگەرانە لە کوردستان دوورخرابوونەوە. گەلێ هەوڵی لەدوای یەک هەبوون بۆ جووڵاندنی دژ بە کەمالییەکان، بەتایبەتی لە ناوچەی قۆچگیریدا، کە لە بەهاری ساڵی ١٩٢١دا، نەتەوەییە کوردەکان ویستیان سوود لە پشێویی دژە کەمالییەکان ببینن. بەڵام هێزەکانی کەمالی توانی بەئاسانی یاخیبوونەکە سەرکوت بکات (سترۆهمایەر، ٢٠٠٣: ٧١ – ٧٢).

  هەروەها بارودۆخێکی جیۆپۆڵەتیکیی بەرفراوانتر هۆکار بوو بۆ تێکشکاندنی پێگەی کوردە نەتەوەییەکان. ئەگەر بە ڕوونتر بڵێین، ئەوە شکستی ڕووسیا بوو کە دژ بە مەسەلەی نەتەوەیی کەوتەوە. ڕێککەوتننامەی نهێنیی ساڵی ١٩١٦ی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا، کە بە ڕێککەوتننامەی سایکس – پیکۆ بەناوبانگە وایدەبینێت کە:

“ناوچەی کوردستان بۆ باشووری وان و بەدلیس لە نێوان مووش، سیرت، ڕێڕەوی دیجلە، جەزیرەی ئیبن عومەر، لووتکەی ئەو شاخانەی دەڕوانێتە سەر ئامێدی و ناوچەی مەرگەوەڕ وازیان لێدەهێنرێت بۆ ڕووسیا و ئەوەی کە لە ناوچەی مەرگەوەڕەوە دەستپێدەکات (هورێویتز، ١٩٧٩: ٦٤).

  بەو پێیە، پاشگەز بوونەوەی ڕووسیا لە جەنگ لە ساڵی ١٩١٧دا زەمانەتی باڵادەستیی عوسمانیی کرد بەسەر زۆربەی خاکی هەرێمی کوردستاندا. لەوەش گرنگتر، لە ساڵانی ڕاستەوخۆی دوای جەنگدا حکوومەتە نوێکەی ڕووسیای بەلشەڤیک سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە ڕووسیا پێچەوانە کردەوە کە چەندین دەیە بوو هەڵوێستی ڕووسیای بەرانبەر بە عوسمانی (ڕەینۆڵدس، ٢٠١١ ئە: ٢٥٥ – ٢٥٩). لە واقیعدا، دوژمنایەتیی بەریتانیا بۆ هەر یەک لە ئەنقەرە و مۆسکۆ تەنها خزمەتی بەوە کرد کەوا “ناسیۆنالیستە تورکەکان و بەلشەڤیکەکەن باوەش بکەن بەیەکتردا (گوێکای، ٢٠٠٧: ٢). لە ئەنجامی ئەوەشدا نەتەوەییە کوردەکان ئەگەری چاودێر و خەمخۆرێکی بەهێزیان لەدەستدا لە ساڵە ناسکەکانی نێوان ١٩١٨ و ١٩٢٣دا.

  لە هەمان کاتیشدا، بەریتانیای مەزن بایەخێکی ئەوتۆی نەدەدا بە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی، چونکە چەقی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی لە ویلایەتە عوسمانییەکانی بەغدا و بەسرە بوو. لە ماوەی جەنگدا هێزەکانی بەریتانیا دوو ئەم ویلایەتەیان داگیر کردبوو و لە دوای کەوتنی بەغداش بەرەو ویلایەتی مووسڵ پێشڕەوییان کرد. لە واقیعدا، هێرشی سەربازیی بەریتانی بۆ سەر میسۆپۆتامیا بەردەوام بوو تەنانەت دوای خۆبەدەستەوەدانی عوسمانیش لە ٣٠ ئۆکتۆبەری ١٩١٨دا و بە گرتنی مووسڵ لە ١٠ی نۆڤەمبەری ١٩١٨دا گەیشتە لووتکە. ئەنجامی ئەمەش، دابەش کردنی دیفاکتۆی کوردستانی عوسمانی بوو بەوەی کە ناوچە کوردنشینەکانی مووسڵ ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا. لە سەرەتاوە بەریتانیا شێخ مەحموودی کوڕی شێخ سەعیدی بەرزنجیی بە حوکمداری شاری سلێمانیی کوردنشین دانا، بەڵام هەوڵ و کۆششی بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی ناکۆکی و ململانێی لێکەوتەوە. لە مایسی ١٩١٩دا هێزەکانی بەریتانیا پێشرەوییان کرد بۆ شارەکە و شێخ مەحموودیان لەسەر حوکم لابرد (ئەسکەندەر، ٢٠٠٠: ١٣٩ – ١٦٣).

هەرچەندە بە پێی هەل و مەرجی ڕێککەوتننامەی سایکس –  پیكۆ، بەریتانیا ڕەزامەند بوو کە مووسڵ لە ژێر کۆنترۆڵی فەرەنسا بێت، بەڵام بەریتانیا لەپێشتر بوو. لەکاتێکدا کە فەرەنسا خێرا داواکاریی خۆی کشاندەوە، کەچی کەمالییەکان بەردەوام پێداگر بوون لە سەر خاوەندارێتیی ویلایەتەکە، تا لە ساڵی ١٩٢٦دا کۆمیسیۆنێکی کۆمەڵەی گەلان بە شێوەیەکی ئاشتییانە مەسەلەکەی چارەسەر کرد. لە بەرانبەر هەوڵ و کۆششی کەمالییەکان بۆ وەرگرتنەوەی مووسڵ، بەریتانییەکان جارێکی تر مەسەلەی حوکمی خۆ کردنی کوردیان ئەزموون کردەوە و لە ساڵی ١٩٢٢دا ڕێگەیان دا شێخ مەحموود وەک حوکمدار بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەهەرحاڵ، ئەمجارەشیان هەوڵەکانی بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی کورد و خۆدانانی بە مەلیکی “مەملەکەتێکی” کوردی یاخیبوونێکی سەرنەکەوتووی تری لێکەوتەوە (ماکدوواڵ،١٩٩٧: ١٥٩ – ١٦٣؛ ئۆڵسن، ١٩٨٩: ٦٠ – ٦٣). لەکۆتاییدا، ئەوە خواست و ئارەزووی بەریتانیا بوو کەوا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر میسۆپۆتامیادا بچەسپێنێت و ئەمەش سیاسەتی “کوردستانی باشووری” لا گەڵاڵە کرد. بەم پێیە، چالاکییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا بەگشتی لە جوغزی ئۆتۆنۆمییەکی سنوورداردا کاری دەکرد و بەو ئاڕاستەیەیدا دەبرد کەوا    مووسڵ و ناوچە کوردییەکانی سەر بە مووسڵ بلکێنێت بە مەملەکەتە تازە دامەزراوەکەی عێراقەوە (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ١٥٣ – ٨٠).

کێشەکانی کورد بۆ بەریتانیا ئەوەی دەگەیاند کەوا پاڵنەرێکی کەمی هەیە  دەست وەربداتە پشت سنوورەکانی ویلایەتی مووسڵ بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەندانەی ئۆتۆنۆمیی کورد کە لە سیڤەردا هاتبوو. بێجگە لەوەش کاربەدەستانی بەریتانیا هەر زوو درکیان بەوە کرد کە حکوومەتەکەی ئەستەمبووڵ لاواز و بێدەسەڵاتە. بەو ڕەنگە، بەریتانیا تا دەهات زیاتر ڕووی لە ناسیۆنالیستەکانی ئەنقەرە دەکرد، کە شکستی بە هەردوک ئەرمینیا (١٩٢٠) و یۆنان (١٩٢٠ – ١٩٢٢) هێنابوو و بووبوو بە حکوومەتی دیفاکتۆی عوسمانی لە ئەنەدۆڵدا. هەر کە ئەنقەرە دانپیانانی دەسەڵات و دیپلۆماتیکی بەدەستهێنا، بەتایبەتی لە فەرەنسای هاوپەیمانی بەریتانیاوە، ئیتر ئەم زیاتر کەوتە هەوڵی دڵ ڕازیکردنی کەمالییەکان وەک بەشێک لە ستراتیجێکی بەرفراوانتر بۆ دابڕینی بەلشەڤیکەکانی ڕووسیا (عەلی، ١٩٩٧: ٥٢١ – ٥٣٤). ئەمەش لە دواجاردا گەیشتە ئاگربەسی مودانیا لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا کە ڕێگەی کردەوە بۆ گەڕێکی نوێی دانوستان. ئەنجامی ئەم دانوستانانە گەیشتن بوو بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ، واتە ڕێککەوتننامەی لۆزان کە لە تەمووزی ١٩٢٣دا مۆرکرا.

ئەم ڕێککەوتننامە نوێیە لە نێوان حکوومەتی کەمالی لە ئەنقەرە و بەریتانیای مەزن جێگەی سیڤەری گرتەوە و سەلماندی کە بوو بە کارەسات بۆ کوردە نەتەوەییەکان. مەسەلەکە هەر ئەوە نەبوو کە لۆزان هیچ ئیشارەتێکی تێدا نەبوو بۆ ئۆتۆنۆمیی کورد، بەڵکو تەنانەت ئیشارەتێکیشی تێدا نەبوو بۆ کورد کە کۆمەڵگەیەکی جیاکارن. پەیماننامەکە حکوومەتی تورکیای پابەند نەکرد بە “زەمانەت کردنی تەواو و پارێزگاریی تەواوی   ژیان و ئازادیی هەموو دانیشتووانی تورکیا بێ جیاوازی لە شوێنی لەدایکبوون، نەتەوە، زمان، ڕەگەز و ئاین”. هەروەها حوکمێکی تێدابوو کەوا ڕادەگەیەنێت:

“هیچ کۆتوبەندێک ناسەپێنرێت بەسەر بەکارهێنانی ئازادانە لەلایەن هەر بەکارهێنانێکی هاووڵاتیی تورکیا بۆ هەر زمانێک لە پەیوەندیی تایبەت، لە بازرگانی، ئاین، رۆژنامەگەری یان هەر جۆرە بڵاوکراوەیەک یان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا. بێجگە لە بوونی زمانی فەرمی، پێویستە ئاسانکاریی گونجاو بکرێت بۆ نەتەوە غەیرە تورکەکانی تورکیا لە بەکارهێنانی  زمانی زارەکیی خۆیان لە دادگاکاندا (هورێویتز، ١٩٧٩: ١٢٢).

  بەهەرحاڵ، حکوومەتی کەمالیی نوێ هەر زوو پاشەکشەی کرد لەم پابەندییانە و کەوتە بەرپاکردنی شەپۆلێک لە سیاسەتی دژە کورد (ماکدوواڵ، ١٩٩٧: ١٩١ – ١٩٢). ڕق و دوژمنایەتیی ڕژێمە نوێکە زۆرێک لە چالاکوانە کوردەکانی ئەستەمبووڵی ئاوارەبوون و تارواگە کرد (سترۆهمایەر، ٢٠٠٣: ٧٤). ڕاستییەکەی گرژیی نێوان کورد و “کۆماری توکیای” نوێ تەنها ئەو کاتە ئاڵۆز بوو پاش ئەوەی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩٢٤دا خەلافەتی هەڵوەشاندەوە، کەوا نەک هەر دوا پاشماوەی ڕژێمی عوسمانی بوو بەڵكوو ئەڵقەیەکی پەیوەندیی سیمبۆڵیکی نێوان کورد و تورک بوو. لە هەمان کاتیشدا بەریتانیای مەزن خواستێکی ئەوتۆی نەبوو ئەم ئەحکام و یاسایانە بە زۆر بسەپێنێت، بەڵکوو کاری لەپێشینەی چارەسەری دۆخی کێشەلەسەری مووسڵ بوو، کە دواجار کۆمیسیۆنی کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٦دا بەخشییە مەملەکەتی عێراق کە بەریتانیای لەپشت بوو (هورێویتز، ١٩٧٩: ١٤٣ – ١٤٦). بەمە دابەشبوونی کوردستانی عوسمانی تەواو بوو و خەڵکی کوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان لە ناو دۆخێکی جیۆپۆڵیتیکی تەواو جیاواز و ڕادیکاڵدا بینییەوە.

ئەنجام

  لە سەرەتای ئەم بەشەدا هەندێ جیاوازیی بەرچاو لە تێرمەکانی ئەو سیاقەی پەیوەندییان بە چالاکیی کوردەوە هەبوو لە سەردەمی دوادوایی ئیمپراتۆرییەت و پاش ئەویشدا تیشکی خراوەتە سەر. لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگە خۆ بپارێزین لە گێڕانەوەی تێلیۆلۆجی یان خوێندنەوەی مێژوو بە شێوەیەکی پارادۆکسییانە و کات بەسەرچوو، کە هەندێ لەو شێوازانەی وا چالاکوانیی کورد دیاری دەکات لە دوا قۆناخی ئیمپراتۆرییەتدا کە لە    چەرخ و سەردەمەکانی دواتریشدا بەهەمان پێودانگ و تێگەیشتن بێت.

یەکەم، ڕەنگە تێبینیی ئەو جیاوازییانە بکرێت کە لە نێوان دەستەبژێرەکانی شارستانییەت و پرۆفێشناڵ و چینی خانەدانان و ناودارانی “نەریتیدا بن”، کە شێخ و ئاغاکانن. لەکاتێکدا کە هەردوو ئەم ڕەگەزانەی مەسەلەی کورد بەزۆری لایەنی مەسەلە نەتەوەییەکەیان گرتووە، لەبەر هۆکاری جیاواز. ڕاستییەکەی، لەم ڕووەوە، سیاسەتی نەتەوایەتی گەلێ جار ڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێوان توخم و ڕەگەزە جیاوازەکانی دەستەبژێری کورددا. ئەمە زۆر ئاشکرا و ڕوونە لە حاڵەتی هەوڵ و کۆششەکانی عەبدولڕەزاق بەدرخاندا بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەک کەوا کوردە ڕووناکبیر و پرۆفێشناڵە تووڕەکانی کۆکردبووەوە لەگەڵ سەرۆک خێڵە لاسار و ئاژاوەگێڕەکاندا. لەڕاستیدا، هەرچەندە ئەمە سەرکەوتوو نەبوو لە مەسەلەی ڕزگاربووندا لە حوکمی عوسمانی، بەڵام ئەم پێکهاتە سیاسییە وێناکردنێکی پێشوەختی شێواز و سترۆکتووری قۆناخی دوای ئیمپراتۆرییەت بوو، هەر لە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعیدەوە تا ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی مەلا مستەفای بارزانی دژ بە بەغدا لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا.

 دووەم، جیاوازی و جۆراوجۆریی ڕا و بۆچوون لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا سەبارەت بە ئامانجەکانی کۆتایی چالاکی و خەباتی کورد و چۆنێتیی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بە باشترین شێوە دیسان بەردەوام بوو بەو پێیەی خاسییەتێکە لە خاسییەتەکانی سیاسەتی کوردی. لەکاتێکدا بەدرێژایی ماوەی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، کوردە چالاکەکان هەوڵی سەربەخۆیی نەتەوەییان داوە، چەشنی حاڵەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەڵام هەموو دەم مەسەلەکە هەر وا نەبووە. چونکە سەرکردە و ڕابەرانی سیاسی و فکریی کورد گەلێ شێوازی ئەگەرئامێز و جۆراوجۆریان هێنایە پێشەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد کەوا کورتیان دەهێنا لە گەیشتنە ئامانجی نەتەوەیی نموونەیی بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی. ئەمەش لە نێوان   فۆرم و شێوەی مافی کولتووری تا ئۆتۆنۆمیی خاک و ناوچەی کوردی دەگرتەوە، شان بە شانی نزیکبوونەوە لە گشتگیریی “پشت نەتەوەیی” چەشنی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” وەک پێشنیاز کراوە لەلایەن بزووتنەوەی کوردیی سووریاوە.

  دواجار، مەسەلەکە وا دەخوازێت کە سەرنجی گرنگیی بارودۆخی نێودەوڵەتی بدەین لە شکڵبەندیی بزووتنەوەی کوردیدا. هەڵبەت بەتەواویی بەرژەوەندی و کاروباری زلهێزەکان و بەتایبەتیش دوابەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، وای هینایە پێشەوە کە دژ بە پێکهێنان و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بێت، بەهەمان شێوەش هەڵوێستی حکوومەتەکانی دوای سەردەمی ئیمپراتۆرییەت. بزووتنەوەکانی کورد لە هەردوک عێراق و سووریا، سەرەڕای بەدەستهێنانی دەسکەوتی گەورە و بەرچاو، بەڵام هێشتا هەر لەژێر کاریگەریی توندی بارودۆخی نێودەوڵەتیدان. لە واقیعدا، لەوانەیە بە هۆی فاکتەری جیۆپۆڵەتیکەوە بێت، کە بایەخدارترینە لە تێگەیشتنی ئەوەی کە بۆچی ئەوانەی کۆششیان کرد و هەوڵیاندا لەپێناوی دروستکردنی دەوڵەتی کورد لە هەردوو قۆناخی ئاخروئۆخری ئیمپراتۆرییەت و پاش کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆرییەتدا لە دواجاردا شکستیان هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا.

سەرچاوە: کورد .. کتێبی  مێژوویی کامبریج

ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

ناوی باس: جووڵانەوەی کورد لە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، ١٨٨٠ – ١٩٢٣، لاپەڕە: ١٠٤ – ١٣٧

نووسینی: د. ژین باجەڵان

The Kurdish Movement and the End of the Ottoman Empire, 1880 – 1923

Djene Rhys Bajalan

THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS

Edited by:

HAMIT BOZARSLAN

Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales

CENGIZ GUNES

The Open University

VELI YADIRGI

School of Oriental and African Studies, University of London.

* د. ژین  باجەڵان، مێژوونووسە و پسپۆرە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و پەرەسەندنی مەسەلەی کورددا. ماستەرێکی  هەیە  لە سیاسەت و مێژوودا لە خوێندنگەی  ئابووریی لەندەن و ماستەرێکی تریش لە مێژوودا لە زانکۆی بیڵگی لە تورکیا و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە توێژینەوە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و لە تورکیا و بەریتانیا و کوردستانی عێراق خوێندوویەتی و کاری کردووە. ئەو لە ئێستادا یاریدەدەری پرۆفیسۆرە لە بەشی مێژووی زانکۆی ویلایەتی میسووری لە ئەمریکا. دکتۆر باجەڵان بابەتی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی وتووەتەوە لە دەزگای جیاجیا و جۆراوجۆر و لەوانە زانکۆی ئۆکسفۆرد، زانکۆی بیلگی لە ئەستەمبووڵ، زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی و هەروەها دانەری کتێبی “کوردە لاوەکان: بزووتنەوەی کورد لەپێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا ١٨٩٨ – ١٩١٤” (٢٠١٠).

  Hareketi  1898 – 1914 Jön Kürtler: Birinci Dünya Sava¸sı’ndan Önce Kürt

لەگەڵ کەسانی تریشدا نووسەری کتێبی: “لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد: ئیمپراتۆرییەت و ئیتنیک و ئیسلام” (٢٠١٥).ئەندامی دەستەی نووسەرانە  لە گۆڤاری توێژینەوەی کوردی    Kurdish Studies  Journal of و لە بڵاوکراوەکانی تری وەکTurkeyscope, Jacobin, OpenDemocracy, Jadaliyya.  ڕا و بۆچوونی  خۆی هەیە لەسەر کاروباری ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  بێجگە لەمانەش توێژینەوەی چڕ و بەربڵاوی هەیە لە هەردوک ئەرشیفی بەریتانی و عوسمانیدا.

پەراوێز:

 NA FO 60/441, Tabriz, 10 August 188

 Babanzade Ismail Hakkı, ‘Kürtler ve Kürdistan’, Kürt Teavün ve Terakki Gazetesi (5 December 1908).کورد و کوردستان – ڕۆژنامەی کورد تەعاون و تەرەقی …

 NA FO 195/2460, Erzurum, 31 October 191

 BOA Y.PRK.ASK 3/72, 19 November 1880.

 ¸S. M, ‘Kaxidek e jî Kurdistanê Hatî’, Kürdistan (1 April 1899).

 Mikdat Midhat Bedirhan, ‘Untitled’, Kürdistan (19 May 1898).

 Mikdat Midhat Bedirhan, ‘¸Sevketlu Azametlu Sultan Abdülhamid – i Sani Hazretlerine Arzıhal-i Abidanemdir’, Kürdistan (2 June 1898).

عەرزەوحاڵی باوباپیرانم بۆ خاوەن شەوکەت و عەزەمەت حەزرەتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم …

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Untitled’, Kürdistan (30 November 1898).

 ¸S. M, ‘Kaxidek e jî Kurdistanê Hatî’, Kürdistan (1 April 1899).

 Mikdat Midhat Bedirhan, ‘Untitled’, Kürdistan (19 May 1898).

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Întîbah’, Kürdistan (1 April 1899).

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Kürtler ve Ermeniler’, Kürdistan                       (14 October 1900).کورد و ئەرمەن…

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Hamidiye Süvari Alayları’, Kürdistan                (14 September 1901). See also Abdurrahman Bedirhan, ‘Alayênê Siwarênê Hemîdî’, Kürdistan (14 September 1901).

فەوجەکانی سوارەی حەمیدی …

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Întîzar’, Kürdistan (6 August 1899).

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Sultan Abdülhamid-i Sani Hazretlerine’, Kürdistan (14 December 1900). See also Malmîsanij (2009: 11, 107 – 13).

 ‘The Fall of the Bedr Khans’, The Times (23 August 1906). See also Edib (1926: 223 – 4) and Alakom (1998: 48 – 54).

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Ahrar – ı Osmaniye Kongresi’, Kürdistan            (14 April 1902).

 Abdurrahman Bedirhan, ‘Kurdistanê de Esasa Nîfaqê’, Kürdistan           (14 March 1902).

 Abdullah Cevdet, ‘Bir Hutbe: Hem¸sehrilerimeوتاردانێک بۆ هاونیشتمانییانم’ (1909), reproduced in Bayrak (1994: 14 – 18).

 ‘Meclis – i Ayan ve Seyyid Abdülkadir Efendi’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (19 December 1908).

 ‘Meclis – i Ayan ve Seyyid Abdülkadir Efendi’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (19 December 1908). See also Mayak (2010: 421).

 Halil Hayali, ‘Weten û Îttîfaqa Kurmanca’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (23 January 1909).

 Said – i Kürdi, ‘Kürtler Neye Muhtaç’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi    (12 December 1908).   کورد چی دەوێ – غەزەتەی کورد تەعاون و تەرەقی

 Ahmed Cemil, ‘Osmanlı Amerikası ve Saadet – i Müstakbele – i A¸sâir’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (5 December 1908).

 Seyyah Ahmed ¸Sevki, ‘Gelî Walatîya’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (12 December 1908).

 Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti, ‘Cemiyetin Beyannamesi’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (5 December 1908).

 Halil Hayali, ‘Weten û Îttîfaqa Kirmanca’, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi (23 January 1909).

 NA FO 195/3317, Beirut, 3 January 1909.

 NA FO 195/2284, Van, 3 November 1908. 30 NA FO 195/3317, Bitlis,      8 June 1909.

 NA FO 195/3317, Bitlis, 8 June 1909.

 BOA DH.MUI· 60/2, 31 January 1910; and BOA DH.MUI, 12 September 1910. See also Tunaya (2009: 224).

 BOAI. MF 15/1328/M -1, 24 January 1910.

 Kürdistan, no. 5 (31 October 1917), reproduced in Malmîsanij           (2009: 90 – 1).

 NA FO 195/2405, Bitlis, 27 May 1912.

 ‘Sherif Pasha Attacked in شەریف پاشا لە پاریس پەلامار درا’, The Times (15 January 1914); and ‘Turk Slain in Paris as He Tries Murder سەربڕینی تورکێک لە پاریس کاتێ کە نیازی بووە کوشتن ئەنجام بدات’,       The New York Times (15 January 1914).

 ‘Bangê Kurd’, Hetawê Kurd (23 May 1914).

 ‘Osmanlı Teshil – i Mesalih Idarehanesi’, Hetawê Kurd (23 May 1914).

ئاسانکاریی بەرژەوەندییەکانی ئیدارەی عوسمانی …

 Hüseyin Sükrü, ‘Arazi Meselesi’, Rojê Kurd (12 September 1913).

 Ergani Madenli, ‘Kürtlerde Kadın Meselesi’, Rojê Kurd (12 September 1913). کورد و مەسەلەی ئافرەت …..

 Temin – i Maarif ve Islah-ı Huruf Cemiyeti, ‘(Temin – i Maarif ve Islah – ı Huruf) Cemiyet – i Muhteremiyesi tarafından varid olmu¸stur: Rojê Kurd Mecmuası Müdiriyet – i Aliyesine’, Rojê Kurd (19 July 1913).

کۆمەڵەی تەئمینی مەعاریف و ئیسڵاحی حرووف، مودیرییەتی موحتەرەمەی گۆڤاری ڕۆژی کورد…

 ‘Gaye, Meslek’, Rojê Kurd (19 June 1913).

 Kürd Talebe Hêvî Cemiyeti, ‘Kürd Talebe Hêvî Cemiyeti’nin Beyannamesidir’, Hetawê Kurd (23 May 1914).                                      بەیاننامەی کۆمەڵەی هێڤیی تەلەبەی کورد

 ‘Hêvî ve Genclik’, Hetawê Kurd (3 July 1914).

  NA FO 195/2458, Van, 14 February 1914.

 NA FO 195/2449, Diyarbakır, 22 April 1913.

 NA FO 195/2449, Van, 4 April 1913.

 NA FO 195/2458, Diyarbakır, 14 May 1914.

 NA FO 195/2405, Erzurum, 5 November 1912.

 NA FO 195/2458, Van, 4 April 1914. See also Akgül (1995: 29).

 NA FO 195/2458, Van, 16 May 1914.

 NA FO 608/95, Constantinople, 2 January 1919.

 Seyyid Abdülkadir, ‘Kürdler ve Osmanlılık’, Ikdam (27 February 1920), reproduced in Goldaş (1991: 282 – 3). See also ‘Leaders in the Turkish Senate Greatly Worried over Kurdish Independence’, Leavenworth Times     (6 March 1920).

 See NA FO 608/95, Paris, 14 February 1919; NA FO 371/4192, Constantinople, 29 June 1919; NA FO 371/5067, Constantinople, 3 February 1920; NA FO 371/5067, Turkey, 1 March 1920.

 NA FO 371/4193, Paris, 20 November 1919.

 NA FO 371/5068, Constantinople, 29 March 1920.

 See ‘¸Sarki Anadolu Türki ile Kürdi tefrik edilemez’, Al – Bayrak                (20 October 1919). لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا تورک و کورد جیاناکرێنەوە

 NA FO 371/4193, London, 18 December 1919.

 NA FO 371/4193, Constantinople, 16 October 1919.

 Bibliography                                                       بیبلۆگرافی

سەرچاوە ئەرشیفییەکان

Başbakanlık Osmanlı Arşivi (BOA), Turkey

ئەرشیفی پارێزراوی عوسمانی لە سەرۆکایەتیی وەزیران – تورکیا

DH.MUI: Dahiliye Nezareti Muhaberat-i Idaresi

ئیدارەی موخابەراتی نەزارەتی داخیلییە

I.MF: Irade Maarif   ئیرادەی مەعاریف

Y.PRK. ASK: Yıldız Perakende Askeri Maruzar Evrakı ئەوراقی مەعرووزەی سەربازی

National Archives (NA), Great Britain

ئەرشیڤی نیشتمانیی بەریتانیای مەزن

FO 60: Foreign Office: Political and Other Departments: General Correspondence before 1906, Persia

وەزارەتی دەرەوە: بەشی سیاسی و بەشەکانی تر، ، وڵاتی فارس (ئێران).

FO 195: Foreign Office: Embassies and Consulates, Turkey (former Ottoman Empire), General Correspondence

وەزارەتی دەرەوە: بالیۆزخانە و کونسوڵخانەکان، تورکیا (ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی پێشوو)

FO 371: Foreign Office: Political Departments: General Correspondence from 1906 to 1966

وەزارەتی دەرەوە: بەشە سیاسییەکان، نامە و نووسراوکاریی گشتیی لە ١٩٠٦ بۆ ١٩٦٦

FO 608: Foreign Office: Peace Conference: British Delegation, Correspondence and Papers.

وەزارەتی دەرەوە: کۆنفرانسی ئاشتی: وەفدی بەریتانی، نووسراوکاری و ئەوراق.

Newspapers

 :Al – Bayrakئەلبەیرەق , Hetawê Kurdهەتاوێ کورد, Leavenworth Timesلیڤنوێرث تایمز, Rojê Kurdڕۆژێ کورد, ¸Sark ve Kürdistan شەرق و کوردستان,The Timesتایمز

Published Newspaper Collections

کۆی ڕۆژنامەکان

Jîn (1919 20). Reprinted with introduction, transliterations and translations into modern Turkish by Mehmet Emin Bozarslan. 5 vols. Uppsala: Deng, 1988.

رۆژنامەی ژین .. سەرلەنوێ جاپکراوەتەوە لەگەڵ پێشەکیدا، وەکوو خۆی گواستنەوە و وەرگێڕانی بۆ زمانی تورکیی نوێ لە لایەن محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلانەوە ….

Kürdistan (1898 1902). Reprinted with introduction, transliterations and translations into modern Turkish by Mehmet Emin Bozarslan. 2 vols. Uppsala: Deng, 1991.

ڕۆژنامەی کوردستان (هەمان ئەوەی پێشوو) …..

Kürd Teavün ve Terakkî Gazetesi (1908 1909). Reprinted with introduction, transliterations and translations into modern Turkish by Mehmet Emin Bozarslan. Uppsala: Deng, 1998.

کورد تەعاون و تەرەقی (هەمان ئەوەی پێشوو) …..

Primary and Secondary Sources

سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان

Ahmad, K. M. (1994). Kurdistan during the First World War. London: Saqi Books.کوردستان لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا…

Akçam, T. (2012). Young Turks’ Crime against Humanity. Princeton, NJ: Princeton University Press. تاوانی تورکە لاوەکان دژ بە مرۆڤایەتی

Akçam, T. (2018). Killing Orders: Talat Pasha’s Telegrams and the Armenian Genocide. Cham: Palgrave Macmillian.

فەرمانەکانی کوشتن: برووسکەکان تەلعەت پاشا و جیینۆسایدی ئەرمەن….

Akgül, S. (1995). Rusya’nın Yürüttü˘gü Dogu Anadolu  Politikası IçindeI Irsad ve Cihandani Cemiyetlerinin Rolü. In  A. Çaycı (ed.), Prof. Abdurrahman Çaycı’ya Armagan (pp. 23 32). Ankara: Hacettepe Üniversitesi.

ڕۆڵی کۆمەلەکانی ئیرشاد و جیهان لە سیاسەتی ڕووسیادا سەبارەت بە ئەنەدۆڵی ناوەڕاستدا …

Alakom, R. (1998). Eski Istanbul Kürtleri. Istanbul: Avesta.

کوردەکانی ئەستەمبووڵی کۆن…

Ali, O. (1997). The Kurds and the Lausanne peace negotiations,    1922 – 1923. Middle Eastern Studies, 33 (3), 521 34.

کورد و دانوستانی ئاشتیی لۆزان ….

Astourian, S. (2011). The silence of the land. In R. G. Suny, F. M. Göçek and N. M. Naimark (eds), A Question of Genocide: Armenians and Turks at the End of the Ottoman Empire (pp. 55 81). New York: Oxford University Press.

پرسێکی جینۆساید: ئەرمەنەکان و تورکەکان لە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا….

نAtes, S. (2014). In the name of caliph and nation: The Sheikh Ubeidullah     Rebellion of 1880 – 1881. Iranian Studies, 47 (5), 735 98. بە ناوی خەلیفە و ئوممەتەوە: شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا ١٨٨٠ ١٨٨١

Averyanov, P. (2010). Osmanlı Iran Rus Savaslarında Kürtler (19. Yüzyıl). Istanbul: Avesta. کورد لە جەنگەکانی عوسمانی و ئێران و ڕووسیادا… Aydın, S. and Verhij, J. (2012). Confusion in the cauldron: Some notes on ethno religious groups, local powers and the Ottoman state in Diyarbekir Province, 1800 –1870. In J. Jongerden and J. Verheij (eds), Social Relations in Ottoman Diyarbekir, 1870 1915 (pp. 15 54). Leiden: Brill.

سەرلێشێوان لە نێو هەرا و هوریادا: چەند سەرنجێک لەسەر گرووپە ئیتنۆ –  ئاینییەکان، هێزە ناوخۆییەکان  و دەوڵەتی عوسمانی لە ویلایەتی داربەکردا، ١٨٠٠ – ١٨٧٠ … لە کتێبی .. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە دیاربەکری عوسمانیدا، ١٨٧٠ – ١٩١٥ ….

Aydo˘gan, E. (2005). Ittihat ve Terakkî’nin Do˘gu Politikası 1908 1918. Istanbul: Ötüken.سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ئیتتیحاد و تەرەقی…

Bayrak M. (1994). AçıkGizli / Resmi Gayrıresmi Kürdoloji Belgeleri. Ankara: Özge. بەڵگەنامەکانی کوردۆلۆجی، نهێنی و کراوە، فەرمی و نافەرمی

Bedickian, S. V. (1912). The Red Sultan’s Soliloquy. Boston, MA: Sherman, French and Company.

خۆ دواندنی سوڵتانی سوور…

 Bedirhan, A. (2000). Otobiyografya. Istanbul: Perî. ژیاننامە.

Bozarslan, H. (2016). The Ottomanism of the Non Turkish groups: The Arabs and the Kurds after 1908. Die Welts des Islam, 56 (3 4), 317 35.

عوسمانیزم و گرووپە ناتورکەکان: عەرەب و کورد لەپاش ساڵی ١٩٠٨.

Bozkurt, S. (2014). The Kurds and settlement policies from the late Ottoman Empire to the early Republican period: Continuities and discontinuities. Iranian Studies, 47 (5),    823   837.

کورد و سیاسەتەکانی نیشتەجێ کردن لە دوادوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ سەرەتای سەردەمی کۆماری: بەردەوامی و بچران….

Celîl, C. (2000). Kürt Aydanlanması. Istanbul: Avesta.

ڕابوونی کورد….

Celîl, C. (2008). Kürt Halk Tarihinden 13 Ilginç Yaprak. Istanbul: Evrensel.  ١٣ پەڕاوی جێ بایەخ لە مێژووی گەلی کورددا

Çetinsaya, G. (1999). II. Abdülhamid Döneminde Kuzey Irak’da Tarikat, A¸siret ve Siyaset. Divan Ilmî Arastırmalar, 7, 153 68.

تایفە و عەشیرەت و سیاسەت لە باکووری عێراق لە سەردەمی عەبدولحەمیددا گۆڤاری دیوان بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی …

Deringil, S. (1998). The WellProtected Domains: Ideology and the Legitimation of Power in the Ottoman Empire, 1876–1909. London: I.B. Tauris.

کایە باش پارێزراوەکان: ئایدیۆلۆجیا و ڕەوایی دان بە دەسەڵات لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، ١٨٧٦ – ١٩٠٩.

Deringil, S. (2012). Conversion and Apostasy in the Late Ottoman Empire. Cambridge: Cambridge University Press.

وەرچەرخان و هەڵگەڕانەوە لە دوادوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا…

Der Matossian, B. (2014). Shattered Dreams of Revolution: From Liberty to Violence in the Late Ottoman Empire. Stanford, CA: Stanford University Press.

خەونە پەرش و بڵاوەکانی شۆڕش: لە ڕزگاربوونەوە بۆ توندوتیژی لە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا…

Dersimi, N. (1996). Kürdistan Tarihinde Dersim. Istanbul: Doz. دەرسیم لە مێژووی کوردستاندا…

Dündar, F. (2008). Modern Türkiyeʼnin Şifresi: Ittihat ve Terakkiʼnin etnisite muhendisliği (1913 – 1918). Istanbulİ

         letişim.یاسای تورکیای نوێ: ئەندازەکاریی ئیتنیکی سەر کۆمیتەی ئیتتیحاد و تەرەقی…

Edib, H. (1926). Memoirs of Halidé Edib. London: John Murray.یاداشتەکانی خالیدە ئەدیب….

Ekrem, C. (1992). Muhtasar Hayatım. Ankara: Beybun.

کورتەی ژیانم ….

Eliot, C. (1900). Turkey in Europe. London: Odysseus.

تورکیا لە ئەوروپادا …

Eskander, S. (2000). Britain’s policy in southern Kurdistan: The formation and the termination of the first Kurdish government, 1918 1919. British Journal of Middle Eastern Studies, 27 (2), 139 163.

سیاسەتی بەریتانیا لە باشووری کوردستاندا: دروستبوون و کۆتایی پێهاتنی یەکەم حکوومەتی کوردی، ١٩١٨ – ١٩١٩ ….

Eskander, S. (2001). Southern Kurdistan under Britain’s Mesopotamian Mandate: From separation to incorporation, 1920 1923. Middle Eastern Studies, 37 (2), 153 80.

باشووری کوردستان لە ژێر ماندێتی بەریتانیا بۆ میسۆپۆتامیا ١٩٢٠ – ١٩٢٣ …

Gökay, B. (2007). A Clash of Empires: Turkey between Russian Bolshevism and British Imperialism, 1918 1923. London: I. B. Tauris.

شەڕ و ململانێی ئیمپراتۆرییەتەکان: تورکیا لە نێوان ڕووسیای بەلشەڤیزم و بەریتانیا ئیمپریالیزمدا….

Goldaş, İ. (1991). Kürdistan Teâli Cemiyeti. Istanbul: Doz.

کوردستان تەعالیی جەمعییەتی ….

Hanioglu, ¸S. (1995). The Young Turks in Opposition. New York: Oxford University Press. تورکە لاوەکان لە ئۆپۆزسیۆندا …

Hanioglu, ¸S. (2001). Preparation for a Revolution: The Young Turks, 1902 1908. New York: Oxford University Press.

ئامادەکاری بۆ شۆڕشێک: تورکە لاوەکان، ١٩٠٢ –  ١٩٠٨

Hay, R. (2008). Iraq and Rupert Hay’s Two Years in Kurdistan. Plymouth: Lexington. عێراق و دوو ساڵی ڕوپەرت هەی لە کوردستان…

Heller, J. (1980). Britain and the Armenian question, 1912 1914: A study in Real politik. Middle Eastern Studies, 16 (1), 3 26.

بەریتانیا و مەسەلەی ئەرمەنی، ١٩١٢ – ١٩١٤: لێکۆڵینەوەیەک لە ڕییەڵ پۆڵەتیک …

Henning, B. (2018). Narratives of the History of the Ottoman Kurdish Bedirhani Family. Bamberg: University of Bamberg Press.

گێڕانەوەی مێژووی بنەماڵەی بەدرخانی کوردی عوسمانی ….

Hurewitz, J. (1979). The Middle East and North Africa in World Politics. Vols 1 and 2. New Haven, CT: Yale University Press.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ….

Jongerden, J. (2012). Elite encounters of the violent kind: Milli Ibrahim Pasa, Ziya Gökalp and political struggle in Diyarbekir at the turn of the 20th century. In J. Jongerden and J. Verheij (eds), Social Relations in Ottoman Diyarbekir, 1870  1915 (pp. 55 84). Leiden: Brill.

دیداری دەستەبژێران لە جۆری توندوتیژ: ئیبراهیم پاشای میللی، زیا گێک ئەلپ و خەباتی سیاسی لە دیاربەکر لە دەسپێکی سەدەی بیستدا. … لە کتێبی … پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە دیاربەکری عوسمانیدا…

Jwaideh, W. (2006). The Kurdish National Movement: Its Origins and Development. Syracuse, NY: Syracuse University Press.

جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد: بنەچە و پەرەسەندنەکانی ….

Kaligian, D. M. (2009). Armenian Organization and Ideology under Ottoman Rule: 1908 1914. New Brunswick, NJ: Transaction Publishers. ڕێکخستن و ئایدیۆلۆجیا لەسایەی حوکمی عوسمانیدا: ١٩٠٨ ١٩١٤

Karabekir, K. (1990). Kazim Karabekir Anlatiyor. Istanbul: Tekin Yayınevi.کازم قەرەبەکر دەگێڕێتەوە…

Keeling, E. H. (1924). Adventures in Turkey and Russia. London: John Murray.سەرکێشییەکان لە تورکیا و ڕووسیادا….

Kévorkian, R. (1995). La formation des régiments de cavalerie Kurde Hamidié: Introduction. Revue d’histoire arménienne contemporaine, 1, 31 44.

پێکهێنانی فەوجەکانی سوارەی حەمیدیی کوردی: پێشەکی. گۆڤاری پێداچوونەوەی مێژووی هاوچەرخی ئەرمەن.

Kiri¸sci, K. and Winrow, G. M. (1997). The Kurdish Question and Turkey: An Example of a Trans state Ethnic Conflict. London: Frank Cass.

مەسەلەی کورد و تورکیا: نموونەیەک بۆ شەڕ و ململانێی ئیتنیکی بەسەر سنووری دەوڵەتاندا …

Klein, J. (2002). Power in the periphery: The Hamidiye Light Cavalry and the struggle for Ottoman Kurdistan, 1890 –1914. Unpublished PhD thesis, Princeton University.

دەسەڵات لە چواردەوردا: سوارەی سووک حەمیدی و هەوڵدان بۆ کوردستانی عوسمانی، ١٨٩٠ – ١٩١٤ …

  Klein, J. (2007). Kurdish nationalists and nonnationalist Kurdists: Rethinking minority nationalism and the dissolution of the Ottoman Empire, 1908 1909. Nations and Nationalism, 12 (1), 135 53.

کوردە نەتەوەیی و نانەتەوەییەکان: سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ناسیۆنالیزمی کەمینە و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی….. لە گۆڤاری نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم …..

Kodaman, B. (1983). ¸Sark Meselesi Isıgı Altında Sultan II. Abdülhamid’in Dogu Anadolu Politikası. Istanbul: Orkun.

مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ لە سیاسەتی حوکمی سوڵتان عەبدولحەمیددا.

Koyî, H. Q. (2004). Dîwanî Hacî Qadir-î Koyî. Stockholm: Nefel. دیوانی حاجی قادری کۆیی….

Lynch, H. F. B. (1901). Armenia: Travels and Studies. London: Longmans.ئەرمینیا: گەشت و لێکۆڵینەوە…

Malmîsanij (1986). Kürt Milliyetçiligi ve Dr. Abdullah Cevdet. Uppsala: Jina Nû. نەتەوە (ناسیۆنالیزمی) کورد و دکتۆر عەبدوڵا جەودەت….

  Malmîsanij (2009). Ilk Kürt Gazetesi Kurdistan’ı yayımlayan Abdurrahman Bedirhan. Istanbul: Vate.

عەبدولڕەحمان بەدرخان و بلاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی ….

Malmîsanij (2010). Diyarbekir’de Kürt Ulusçulugu (1900–1920). Istanbul: Vate.ناسیۆنالیزمی کوردی لە دیاربەکر…

Mayak, F. (2010). Babanzâde Ismail Hakkı’nın Tanin’de Yayımlanmı¸s Makalelerine Göre Osmanlı Devleti ve Dı¸s Politika (1911). Uluslararası Sosyal Ara¸stırmalar Dergisi, 3 (11), 422 37.

بەپێی بابان زادە ئیسماعیل، وتارەکانی حەققی لە رۆژنامەی تانیندا. دەوڵەتی عوسمانی و سیاسەتی دەرەوە …  گۆڤاری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان.

McDowall, D. (1997). A Modern History of the Kurds. London: I. B. Tauris. مێژووی هاوچەرخی کورد…

McMeekin, S. (2016). The Ottoman End Game: War, Revolution, and the Making of the Modern Middle East, 1908 –1923. London: Penguin.

کۆتایی گەمەی عوسمانی: جەنگ، شۆڕش و دروستکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن ….

Nursî, S. (2007). Bediüzzaman Said Nursî’nin I·lk Dönem Eserleri. Istanbul: Söz.

کار و نووسینەکەنی یەکەمجاری بەدیعولزەمان سەعیدی نوورسی ….

Olson, R. (1989). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion. Austin, TX: University of Texas Press.

پەیدابوونی ناسیۆنالیزمی کوردی و شۆڕشەکەی شێخ سەعید ….

نÖzoglu, H. (2004). Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. Albany, NY: State University of New York Press.

کەسایەتییەکانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی: پەرەسەندنی شوناسەکان، ڕکابەریی دڵسۆزییەکان و گۆڕانکاریی سنوورەکان …

PistorHatam, A. (2002). Sheikh Ubaidullah’s revolt and the Kurdish invasion of Iran: Attempts at a new assessment. Journal of Kurdish Studies, 4, 19 30.

یاخیبوونی شێخ عوبەیدوڵڵا و داگیرکاریی کورد لە ئێراندا: هەولەکان لە هەڵسەنگاندنێکی نوێدا ….

 Polatel, M. (2015). Land disputes and reform debates in the eastern provinces. In H. Kieser, K. Öktem and M. Reinkowski (eds), World War I and the End of the Ottomans: From the Balkan Wars to the Armenian Genocide (pp. 169 83). London: I. B. Tauris.

کێشە و ململانێی خاک و مشتومڕی ڕیفۆرم لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا … لە کتێبی … جەنگی جیهانیی یەکەم و کۆتایی عوسمانی: لە جەنگەکانی بەڵکانەوە بۆ جینۆسایدی ئەرمەنەکان …

Provence, M. (2017). The Last Ottoman Generation and the Making of the Modern Middle East. Cambridge: Cambridge University Press.

دوا نەوەی عوسمانی و دروستکردنی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی مۆدێرن…

Reynolds, M. (2011a). Shattered Empires: The Clash and Collapse of the Ottoman and Russian Empires, 1908 1918. Cambridge: Cambridge University Press.

ئیمپرتۆرییەتە کەرت و پەرتەکان: شەڕوشۆڕ  و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانی و ڕووسیا …

Reynolds, M. (2011b). Abdurrezzak Bedirhan: Ottoman Kurd and Russophile in the twilight of empire. Kritika: Exploration in Russian and European History, 12 (2), 411 50.

عەبدولڕەزاق بەدرخان: کوردی عوسمانی و لایەنگری ڕووس لە خۆرئاوابوونی ئیمپراتۆرییەتدا….

Rogan, E. (2015). The Fall of the Ottomans: The Great War in the Middle East. London: Penguin.

کەوتنی عوسمانییەکان: جەنگی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ….

Safrastian, A. (1948). The Kurds and Kurdistan. London: Harvill Press. کوردەکان و کوردستان ….

Sarkisian, Y. (1994). Documents from the history of Armenian Kurdish relations (appeals of Kurdish intellectuals to their compatriots). Acta Kurdica, 1, 29 – 30.

بەڵگەنامە لە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەنەوە (تکاکاریی ڕووناکبیرانی کورد لە هاونیشتمانییەکانی خۆیان) …

Silopi, Z. (1991). Doza Kurdistan: Kürd Milletinin 60 Yıllık Esaretten Kurtulu¸s Sava¸sı Hatiraları. Ankara: Özge.

دۆزا کوردستان: یادەوەرییەکانی جەنگی ڕزگارکردنی گەلی کورد لە کۆیلەیی کە ٦٠ ساڵ بەردەوام بوو.

Soane, E. B. (1914). To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise: With Historical Notices of the Kurdish Tribes and the Chaldeans of Kurdistan. Boston, MA: Small, Maynard and Company.

گەشتێک بۆمیسۆپۆتامیا و کوردستان بە نهێنی: لەگەڵ سەرنجی مێژوویی لەسەر خێڵە کوردەکان و کلدانەکانی کوردستان ….

Soleimani, K. (2016a). Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876 – 1926. New York: Palgrave Macmillan.

ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکابەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا….

Soleimani, K. (2016b). Islamic revivalism and Kurdish nationalism in Sheikh Ubeydullah’s poetic oeuvre. Kurdish Studies, 4 (1), 5 – 24.

ڕابوونی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی کوردی لە هۆنراوەکانی شێخ عوبەیدوڵڵادا….

Strohmeier, M. (2003). Crucial Images in the Presentation of a Kurdish National Identity. Leiden: Brill.

وێنەگەلێکی یەکلاکەرەوە لە بەرجەستەکردنی شوناسێکی نەتەوەیی کورددا …

Suny, R. G., Göcek, F. M. and Naimark, N. (2011). A Question of Genocide: Armenians and Turks at the End of the Ottoman Empire. Oxford: Oxford University Press.

پرسێکی جینۆساید: ئەرمەنەکان و تورکەکان لە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا …

Tepeyran, E. H. (1998). Hatıralar. Istanbul: Pera. یاداشتەکانم…

Torr, J. (2002). American War Library, World War I: Primary Sources. San Diego, CA: Lucent Books.

کتێبخانەی جەنگی ئەمریکی، جەنگی جیهانیی یەکەم: سەرچاوە سەرەکییەکان ….

Tunaya, T. Z. (2007). Türkiye’de Siyasal Partiler: Ikinci Mesrutiyet Dönemi. Vol. 1. Istanbul: Ileti¸sim.

پارتە سیاسییەکانی تورکیا: قۆناخی دەستووریی دووەم ….

Tunaya, T. Z. (2009). Türkiye’de Siyasal Partiler: Mütareke Dönemi. Vol. 2. Istanbul: Iletisim.

پارتە سیاسییەکانی تورکیا: ماوەی ئاگربەس…

Ülker, E. (2005). Contextualising ‘Turkification’: Nationbuilding in the late Ottoman Empire, 1908 – 1918. Nations and Nationalism, 11 (4), 613 36

دۆخ و سیاقسازیی ‘بەتورککردن’: نەتەوەسازی لە دوادوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا….

Ünal, F. II (2008). Me¸srutiyet, Ulusçuluk ve Kürt Ayrılıkçı Hareketi. Dogu Batı, 46, 69 106.

دەستوورییەت و ناسیۆنالیزم و جووڵانەوەی جوداخوازیی کورد… گۆڤاری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا …

Üngor, U.Ü. (2015). Explaining regional variations in the Armenian genocide. In H. Kieser,K. Öktem and M. Reinkowski (eds), World War I and the End of the Ottomans: From the Balkan Wars to the Armenian Genocide (pp. 240 – 61). London: I.B. Tauris.

ڕوونکردنەوەی جیاوازیی ناوچەیی لە جینۆسایدی ئەرمەندا. لە کتێبی…. جەنگی جیهانیی یەکەم و کۆتایی عوسمانی: لە جەنگەکانی بەڵکانەوە بۆ جینۆسایدی ئەرمەن ….

Üngor, U.U. and Polatel, M. (2013). Confiscation and Destruction: The Young Turk Seizure of Armenian Property. London: Bloomsbury.

دەست بەسەرداگرتن و وێرانکردن: دەست بەسەرداگرتنیماڵ و مڵکی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکە لاوەکانەوە ….

van Bruinessen, M. (1992). Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structure of Kurdistan. London: Zed Books.

ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان….

van Bruinessen, M. (2002). Kurds, states, and tribes. In F. Jabar and H. Dawod (eds), Tribes and Power: Nationalism and Ethnicity in the Middle East (pp. 165   83). London: Saqi Books.

کورد و دەوڵەت و خێڵ. لە کتێبی فالح عەبدەلجەبار و هیشام داود: ناسیۆنالیزم و ئیتنیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا….

Zeki, M. E. (2011). Kürtler ve Kürdistan Tarihi. Istanbul: Nûbihar.

کورد و مێژووی کوردستان ….

Ziyaeddin, Y. (1894/1895). Al Hediyyet’ul Hamdiye fi’l – Lugat-il Kurdiye. Istanbul: Saadet. الهدیة الحمیدیة فی اللغة الکردیة…

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …