Home / مێژووى جیهان / ئەفسانەی شاماران

ئەفسانەی شاماران

محەمەد حیجازی
لەماڵی خۆتان، دراوسێ یان خزمێکتان، یان لە ماڵی داپیرەت تابلۆی مارێکت بینیوە کە سەرەکەی ژنێکە  بەسەر دیوارەوە یان بەسەر بوراق ( دۆلابی کۆنی جلوبەرگ) کە بە تایبەتی لە گەندەکان و گەڕەکە کۆنەکانی شارەکان دا بووە؟ بە دڵنیاییەوە کەم کەس هەیە نەیبینێت، بەڵام زۆربەشمان ئەو پرسیارەم لا دروست بووە کە
ئەمە دیمەنی چیە؟
لە کوێیوە هاتووە؟
چیرۆکەکەی چیە؟
ئەفسانەیە یان راستی ؟
یان تێکەلەکەیەکە لە هەردووکیان؟
ئەم دیمەنە گوزارەیە لە چی؟
بۆچی ژن بە جەستەی مارێکەوە؟

ئەمانە هەموو پرسیاری گرنگن بۆ ڕوونکردنەوەی راستیەک کە سەرەتا بە پرسیار دەست پێبکات و پاشان  نیوەکەی تری راستیەکەی بە لێکۆڵینەوە و وەڵامدانەوەی لانی کەمی ئەو پرسیارانە دەستپێبکات. میتۆلۆژی یان ئەفسانەگەری بۆ ئاشکراکردنی راستیەکانی مێژوو زۆر زانیاری بنەڕەتی تێدایە. لە مێژووی ژن دا هەندێ چیرۆکی میتۆلۆژی راستیەکانی ژن دەخەنەڕوو. یەک لەو میتۆلۆژیانە شامارانە. ئەو میتۆلۆژیانە بەشێوەیەکی باش نیشانی دەدات کە ژن چۆن هەموو شتێکیان خولقاند، بناغەی زانست، راستی، باشی چۆن لەلایەن ژنانەوە ئافرێندران.
سەرەتا با بزانین چی لەسەر ئەم دیمەنە وتراوە کە زار بە زار و بە شێوەی جیاواز گوازراوەتەوە:
ڕۆژێک کوڕێک لەگەل دایکی و هاورێکانی دەچنە دەرەوەی شار. کوڕەکە ناوی تامەسپ دەبێت. کوڕی خێزانێکی هەژار دەبێت و کاری داربڕینەوە دەکات. لەو گەشتەیان دا بیرێک دەبینن کە مێشهەنگێکی زۆری بەدەورەوە دەبێت هاورێکانی رازی دەکەن کە بچێتە ناو بیرەکەوە بۆ ئەوەی کە هەنگوینیان بۆ بینێت. تامەسپ دەچێتە ناو بیرەکەوە و سەتلیان بۆ پڕ دەکات لە هەنگوین و بە پەت رایدەکێشن. کاتێ دەبینن هەنگوینەکە زۆرە پەتەکە دەبڕن و تامەسپ لە ناو بیرکەدا عاسی دەبێت. کاتێ دەزانێ کە هاورێکانی هەڵیانخەڵەتاندووە و ناپاکیان بەرامبەر کردووە و لە هاتنە دەرەوە بێ هیوا دەبێت، کونێک لە دیواری بیرەکەدا دەدۆزێتەوە و بە چەقۆکەی کونەکە گەورە دەکات و لەو کونەوە دەچێتە شارێکەوە. کە شاری شای مارەکان – شامارانە. کاتێ شاژن دەزانێ کەسێکی نامۆ کەوتۆتە ناو شارەکەیانەوە ناڕەحەت دەبێت. بە پاسەوانەکانی دەلێت “ ئەو کەسە یەکسەر بگرن و بێننە لای“. ئەویش کاتێ دەزانێ کە دەیانەوێ بیگرن و گومانی لەو دەبێ دەبێت کە ئەگەری کوشتنی هەیە، زۆر هەوڵ دەدات خۆی نەدا بە دەستەوە و داوای ئەوە دەکات کە لێی ببورن.

کاتێ شاماران تێدەگات کە نیازی ئەو کوڕە خراپ نیە و لەلایەن هاورێیکانیەوە خەڵەتێنراوە، شاماران پێی دەلێ: “ مردنت بە دەست منە بەڵام وێرای ئەوەش ناتکوژم. لە کۆشکەکەی من دا دەمێنیتەوە“. کوڕەکە چەند ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان بیری دایکی دەکات و داوا دەکات کە بگەڕێتەوە ماڵ. شاماران سەرەتا نایەوێ رەوانەی بکاتەوە. شارامان پێی دەلێ “ باشە بچۆ. بەڵام ئەو پیاوەی کە دەیەوێ من بکوژێت داوای ئاشکراکردنی جێگەکەی من لە تۆ دەکات، دەبێ تۆ جێی منی بۆ ئاشكرا نەکەی. لەبەردەم خەڵکی تردا خۆت نەشۆی، بە بەرکەوتنی ئاو پێستەکەت وەک مار کاژ هەڵدەدات و خەڵک پێت دەزانن کە لەگەڵ من بویت“. کوڕەکە بەڵێن دەدات کە وشیار بێت و ماڵئاوایی دەکات. پاشان سوار پشتی مارێک دەبێت و خۆی لە ماڵەکەی خۆیان دا دەبینێتەوە. کە تامەسپ دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵکەکەی خۆی بۆ چەندین ساڵ ئەو نهێنیە لە خەڵک دەشارێتەوە. ڕۆژێک پادشای شار توشی نەخۆشیەکی کوشندە دەبێت. هیچ پزیشک و حەکیمێک ناتوانێ چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. لە جێیەکی دوورەوە سیحربازێک هاتووە و بەلێنی داوە کە پاشا چاک بکاتەوە. بەپێی زانایی خۆی سەری شاماران دەرمانی نەخۆشیەکەی پادشایە. بە هەموو هێزی پاشاوە دەیەوێت سەری شاماران بگرێت. سیحربازی زانا دەزانێ ئەو کەسانەی کە لە مارەوە نزیکن نیشانەیەک بە جەستەیانەوە هەیە. بۆ ئەوەش سیحرباز داوا دەکات پادشا فەرمان بدات کە سەیری جەستەی هەموو دانیشتوانی گوند بکرێت.
کاتێ سەیری جەستەی هەموو خەڵکی گوند دەکەن و سەر دێتە سەر تامەسپ، لە جەستەیەوە دیارە کە لە نزیکەوە دانوسانی لەگەڵ شاماران کردووە. لەبەرئەوەی کە خاڵی رەش لە سەر هەموو جەستەی هەیە. ئەوەش دەبێتە نیشانەی ئەوەی کە کوڕەکە جێگەی شاماران دەزانێت. دەست بە لێپرسینەوەی دەکرێت، کوڕەکە هەموو شتێک نالێت و دانی بە راستی شاماران دا نانێت بەڵام سیحرباز دەست لە یەخەی ناکاتەوە. رۆژێک کوڕەکە دەچێتە سەر بیرەکەی یەکەم جار و لەگەڵ شاماران یەک دەبینن. ئەو روداوانەی هەموو پێدەلێت. شاماران دەلێت: “باشە، بەو واتایە دێت کە کاتی مردنی من هاتووە. ئەوانە سەری منیان دەوێت. بە تایبەتی ژەهری سەری منیان دەوێت. بۆ ئەوەی کە ژەهری سەری من نەکەوێتە دەستی ئەو سیحربازە چەندین ساڵە لە ژێر زەوی دا خۆدەشارمەوە. بەڵام دیارە جێی منیان زانیوە. من تۆ دەناسم بۆ ئەوەش نهێنی خۆم بە تۆ دەلێم. تۆ من بکوژە و سەری من ببڕە. بیبە بۆ سیحرباز و پادشا. سیحرباز سەری من دەکولێنێ، پەرداخێک ئاوی لێ دەردێنێت، پاشان جارێکی دەیکوڵێنی پەرداخێکی تریشی لێ دەردێنێت و جارێکی تریش پەرداخی سێیەمی لێ دەردێنێت. پەرداخی یەکەم دەداتە تۆ کە ژەهری تێدایە، ئەوەی دووەم شفایە و دەیداتە پادشا. ئەوەی سێیەم زانستە خۆی دەیخواتەوە. تۆ کارێک بکە کە پەرداخی سێیەم تۆ بیخۆیتەوە و ئەوەی یەکەمیش بدە بەسیحرباز. بەو پێیە دەبیتە خاوەنی زانست.

تامەسپ هەموو قسەکانی شاماران پێک دێنیت. سیحرباز ئاوەکەی پەرداخی یەکەم دەخواتەوە و دەمرێت. پادشا چاک دەبێتەوە و، کورەکەش هەموو زانستی جیهان لە خۆی دا کۆدەکاتەوە. هەندێ سەرچاوەی تر پێی وایە کە “ وەزیرێکی پادشا کەسێکی پیاو خراپە، دەڵێت تەنها چارەسەر خواردنی گۆشتی شامارانە.هەر بۆیە وەزیر فەرمان دەدات بە هەموان کە بچنە ناو حەوزی ئاوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ شوێنی شاماران دەزانێ. وەزیر لەم هەوڵەی مەبەستی لەوە نیە خزمەتی پادشا بکات، بەڵکو بەهۆی خواردنی شامارانەوە دەخوازێت هەموو نهێنی و زانینی جیهانی دەستبکەوێت، سەرەتا تامەسپ نایەوێت کە بچێتە ناو حەوزەکەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێت نهێنیەکەی شاماران بپارێزێت. بەڵام چارەی نامێنێت و سەربازەکان هەڵیدەدەنە ناو ئاوەکە و پێستی تامەسپ دەبێت بە کاژی مار و دەستبەجێ نهێنیەکەی ئاشکرا دەبێت. دوای ئەوە سەربازەکان دەستگیری دەکەن و ئەشکەنجەی دەکەن بۆ ئەوەی شوێنی شامارانیان پێ بلێ. تامەسپ نایەوێت نهێنیەکانیان پێ بڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا ناچاردەکرێت کە شوێنەکە ئاشکرا بکات، پاسەوانەکانی پادشا دەچن بۆ ناو بیرەکە و شاماران لەوێ دەگرن. کاتێک کە تامەسپ شاماران دەبینێت، هەست بە شەرمەزاریەکی زۆر دەکات، بەڵام شاماران پێی دەڵێت کە لۆمەی خۆی نەکات و هەڵەی ئەو نەبووە.

شاماران پیلانێک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی کە نهێنی و زاناییەکەی بدات بە تامەسپ. شاماران لە کۆشکی پاشادا ڕایدەگەیەنێت “هەرکەس کلکم بخوات ئەوا هەموو نهێنی و زاناییەک وەردەگرێت و ئەوەی کە لەشم بخوات چاکدەبێتەوە و ئەوەی سەرم بخوات دەستبەجێ دەمرێت. دوای ئەوەی کە وەزیر ئەوەی گوێ لیدەبێت، شاماران دەکاتە سێ بەشەوە و فەرمان دەدات کە ئەو سێ بەشە بکوڵێنرێت. کاتێک کە گۆشتەکە دەکوڵێت، وەزیرەکە کلکی دەخوات، تامەسپ کە خۆی بە تاوانبار دەزانێت بەرامبەر بەشاماران و دەیەوێت بمرێت، لە سەرەکەی دەخوات و پادشاش بۆ چاکبوونەوە لە لەشەکەی دەخوات.

بەپێی پیلانەکەی شاماران وەزیر دەمرێت، پادشا چاک دەبێتەوە و تامەسپ زانایی و نهێنیەکانی شاماران وەردەگرێت“. تامەسپ بۆ ئەوەی کە ئەو زانستەش بگوازێتەوە بۆ دوای خۆی لە بەردەم رووباری دیجلە دادەنیشێت و دەست بە نوسین دەکات. کاتێ نوسینی خۆی تەواو دەکات بایەکی زۆر بەهێز هەڵی کردووە و هەموو کاغەزەکانی بردووە و کەوتۆتە ناو ئاوەوە. تاکە کاغەزێکی لە دەستی دا ماوەتەوە ئەو زانستەیە کە بۆ رۆژی ئەمرۆ گوازراوەتەوە.

خاک _ پشکۆ کامەران

1312122020_3.

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …