Home / بەشی مێژووی كورد / شۆڕشی گەورەی کوردانی ئیلام ناسراو بە شۆڕشی (ڕەنو).

شۆڕشی گەورەی کوردانی ئیلام ناسراو بە شۆڕشی (ڕەنو).

 

 

 ددددددددد

نووسینی

Hussain Melkîşanî Bilbas

کورد لە سەدەی بیستەمدا تەنیا لە بازنەی سەرهەڵدان – شکست – سەرهەڵدان دا خولاوەتەوە. سەدەیەک پڕاوپڕ لە سەرهەڵدان و شکست و سەرهەڵدانەوە. هەرچەندە ئەم سەدەیە لە روانگەیەکەوە وەک سەدەی ڕزگاریی گەلانی بندەست دەناسرێت و زۆربەی گەلانی ژێردەستەی جیهان توانیان لەم سەدەیەدا سەربەخۆیی و ئازادیی خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام کورد بە گشتی تەنیا خەریکی ئەزموونکردنەوەی ئەزموونکراوەکان بوو و نەیتوانی ستاتۆیەک بۆ خۆی دەستەبەر بکات. بە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەی دەیان سەرهەڵدانی خوێناوی دەبینرێت کە تاکە دەرەنجامی کوشت و کوشتاری خەڵک بووە. یەک لەو ڕاپەرینە گەورە و بەرفراوانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەرینی ڕنووی ئیلامە.

ڕاپەڕینی ڕنوو ڕاپەڕینێکی گەورە و بەرفراوان بوو کە سەرانسەری خێڵەکانی ئیلام و ناوچەکەی گرتەوە و حکوومەتی ئەو کاتی ئێرانی تووشی شڵەژان کرد بە چەشنێک کە لەشکرێکی گەورەی بە فەرماندەیی ژەنەراڵ ڕەزمئارا بۆ سەرکوتی ئەم ڕاپەڕینە ڕەوانەی ئیلام کرا.  شا محەمەدی یاری لە هۆزی تیرەی مەلەکشای بڵباس و میر ئاکنه بەیی و میر ئەمیر بەگ لە هۆزی سەرایلوەند مەلەکشای بڵباس، کە سەرکردایەتیی ئەم ڕاپەڕینەیان لە ئەستۆ بوو، پیاوانێک بوون لە ناو خەڵکی خۆشەویست بوون کە توانیان سەرەڕای تەنگ و چەڵەمەکان، خەڵکی ناوچەکە بۆ ڕاپەڕین لە دژی دیکتاتۆری و زیندووکردنەوەی شوناسی خۆیان لە دەوری یەک کۆ کەنەوە. لە ڕاستیدا شا محەمەد و ئاکنە بەیی و ئەمیر بەگ وەک چەندەها لە ڕێبەرانی دیاری ئیلام و لوڕستان و کرماشان دێنە ئەژمار کە پاش چەندین ساڵ لە بندەستی و هەژاری خەڵکی ناوچەکە، سەریان هەڵداوە و یەکێک لە  هێماکانی خۆڕاگریی گەلی کورد لە ئیلام لە دژی دیکتاتۆرییەتی ڕەزاشا بوون.

پارێزگای ئیلام  ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٩٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و حەشیمەتەکەی نزیک بە ٨٠٠ هەزار کەس دەبێت و لە ٩ قەزا پێکهاتووە و کەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. زمانی خەڵکی ئیلام کوردییە کە بە کوردیی باشوور بەناوبانگە.

ڕاپەڕینی ڕنوو قۆناغێکی دیارە لە مێژووی پڕ تەنگ و چەڵەمەی ئیلامدا، ئەم ڕووداوە کە بە هاوکاری و یەکێتیی خێڵ و عەشیرەتە کوردییەکان هاتە ئاراوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری قارەمانی و جەنگاوەریی کوردانی ئیلامە.

ڕووخانی پاشایەتی قاجار و هاتنە سەر حوکمی ڕەزاخان لە ڕاستیدا تێکچوونی میرنشینەکانی وەک میرنشینی ئیلام و خووزستانی بە دواوە بوو. ڕەزاخان بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، سوپایەکی گەورەی دامەزراندا و پەرەی پێدا، ویلایەتەکانی ناچار بە پێملبوون کرد و دەسەڵاتی دەوڵەتی بە دەستەوە گرت و پارلەمانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی. هەروەها بە پشت بەستن بە هێزی سوپا، سەرهەڵدانی سمایل ئاغای سمکۆی سەرکوت کرد و هەر بە پشت بەستن بە زۆر و توندوتیژی، عەشیرەتەکانی بەختیاری و لوڕەکانی پێملی دەسەڵاتەکەی خۆی کرد و چەکی لێداماڵین.

ڕەزا خان بە توندی لە دژی حکومەتە خۆجێیەکان و دەسەڵاتی میرایەتی بوو و ئامانجی ئەوە بوو ئەم چەشنە حکومەتانە لە ناو ببات و خۆی لە ناوەندی هەموو بڕیارەکاندا بێت و بۆ ئەمەش پشتی بە سوپایەکی پڕچەک و چۆڵ دەبەست و توانی زۆربەی سەرهەڵدانەکان سەرکوت بکات. لە ماوەیەکی کورتدا توانی بەشێک لەم ئامانجانە بەدی بهێنێت و دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات.

لەم سەردەمەدا غوڵامڕەزاخان کوڕی حسێن قوڵی خان حاکمی ئیلام بوو کە بە وتەی بەشێک لە گەشتیارە ڕۆژئاواییەکان زیاتر لە بیست هەزار هێزی چەکداری هەبوو و تەنانەت کوڕەکانی جارجارە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی عوسمانی. تا ئەوکاتەی کە ڕەزاخان بە نامەیەک داوای لە غوڵامڕەزاخان کرد بۆ هەندێک ڕوونکردنەوە بچێتە تاران. غوڵامڕەزاخان سەرپێچیی لەم فەرمانە کرد و ڕەزاخان بە ناچار سالار ئەشرەفی زەنگەنەی ناردە لای میر، بەڵام ئەویش هیچ دەسکەوتێکی نەبوو و بە دەستی بەتاڵی گەڕایەوە تاران. غوڵامڕەزاخان کە دەیزانی سەردەمی دەسەڵاتەکەی گەیشتووەتە کۆتایی، بڕیاری دا بچێتە عێراق.

دوای ئەوەی حکومەتی نیوەسەربەخۆی ئیلام لە ناو چوو، بواری هاتنی هێزە حکومییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ ئیلام ڕەخسا و یەکەم گرووپ بە فەرماندەیی ژەنەراڵ محەمەد سادق کۆپاڵ، عەمید عەلی ئەکبەر درەخشانی بەرپرسی ماڵی و چەندین ئەفسەر و زیاتر لە ١٥٠ سەرباز هاتنە ناو حسێن ئاوا (ناوەندی ئیلامی ئێستا) و قەڵای میریان کردە ناوەندی نیشتەجێ بوون و فەرماندەیی خۆیان. بەپێی هەندێک سەرچاوە و بەڵگەنامە کە لە ناوەندی بەڵگە مێژوویی و دیپلۆماسییەکاندا دۆزراوەتەوە، هەندێک پێکدادانیش لەو کاتەدا ڕووی دا.

ژەنەراڵ کۆپاڵ دەستی دایە ڕێک و پێک کردنی کاروبارەکان بۆ ئەوەی بتوانێ بەسەر تەواو ناوچەکەدا زاڵ ببێت و فەرمانە حکومییەکان جێبەجێ بکات. جێبەجێ کردنی یاسای چەک کردن و داماڵینی چەک لە عەشیرەتەکان یەکێک لە هۆکارەکانی تێکهەڵچوونی کورد لەگەڵ حکومەتی پەهلەوی بوو. چونکە خەڵکی کورد لەو سەردەمانەدا بەردەوام چەکیان هەبوو و چەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و هەبوونی عەشیرەت و خێڵەکان بوو و خەڵکی کورد ئامادە نەبوون بە ئاسانی چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵات بکەن. جگە لەمەش بڵاو بوونەوەی هەندێک دەنگۆ لەمەڕ داماڵینی سەرپۆش و قەدەغەکردنی جل و بەرگی کوردی، خەڵکی بە حکومەتی نوێ بێ متمانە کردبوو. هەروەها ئاکنجی کردنی خێڵ و عەشیرەتەکان کە لە کوردستان و لوڕستان دەستی پێکردبوو، تووشماڵ (سەرکردەکانی خێڵ لە ناوچەی ئیلام بە تووشماڵ دەناسرێن) و گەورەکانی ئیلامی ترساندبوو.

نزیکەی ساڵێک پاش هاتنی نوێنەرانی حکوومەت بۆ ناوچەی ئیلام، خەڵک هەستیان دەکرد کە یاسا نوێیەکان، هەڵاوێرکار و پاوانخوازانەیە و تەنیا بۆ سنووردار کردنی مافەکانی خەڵکە و هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک بە دواوە نییە.

لە حوزەیرانی ١٩٢٨دا هەندێک گرژی و پێکدادان لە نێوان جوتیاران و پۆلیسدا ڕووی دا کە لێکەوتەکەی کوژرانی کەسێک لە خێڵی شوان و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە بوو. دوابەدوای ئەوە ژەنەراڵ کۆپاڵ هەندێک فەرمانی دیکەی دەرکرد کە توندتر لە سزاکانی والی ئیلام بوو و ئەمەش بووە هۆی سەرپێچی خەڵکی کورد لە حکوومەت و نوێنەرەکانی لە حسێن ئاوا. حسێن ئاوا ناوی پێشووی شاری ئیلامی ئێستایە.

ڕەزاخان کە برەوی بە نەتەوەگەرایی توندڕەوی فارس دەدا، فەرمانی دا جل و بەرگی خەڵکی کورد لە ناوچەی ئیلام قەدەغە بکرێت و قات و کڵاوی پەهلەوی شوێنی بگرێتەوە. خەڵکی مەلەکشایی بڵباس و گەورەکانی خێڵ کە لە سەردەمی میرانی ئیلامدا دەستێکی باڵایان لە ئازادیخوازی و بەرەنگابوونەوەی زوڵم و زۆرداری هەبوو، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ مهەم قەیسی و شامحەمەد و میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و چەندین کەسی باوەڕپێکراو کە هەموویان لە سەرکردەکانی مەلەکشایی بڵباس بوون دەستیان بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە کرد. میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ سرایلوند و شامحەمەد لای خەڵکی ملکیشانی بڵباس  پیاوانێکی بەڕێز و خۆشەویست و خاوەن پێگەیەکی تایبەت بوون.

میر ئاکنە بەیی نەوەی میری میران دۆست موحەمەد ناسراو بە میر (دۆستەک – دوسگە) و میر ئەمیر بەگ و شامحەمەدی یاری :

میر ئاکنە بەیی و میر ئەمر بەگ و شامحەمەدی یاری ناسراو بە (شامگە ڕەزاخان) لە پیاوچاکان و سەرکردەکانی خێڵی مەلەکشایی بڵباس بوون کە مێژوویەکی درەشاوەیان لە بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشان لە دژی عەرەب و عوسمانیدا هەبووە.  میر ئاکنە بەی و میر ئەمیر بەگ و شامحەمەد  لەگەڵ کەسانی دیکەی وەک میرزا شامحەمەد خوسرەوی و چەندین میری دیکە، داوایان لە حاکمی سەربازی کرد کە ڕەفتارێکی دادپەروەرانەتری لەگەڵ خەڵکی چەوساوەی کورد هەبێ، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەوانەوە، ژەنەراڵ کۆپاڵ لە نامەیەکی هەڕەشەئامێزدا داوای لێیان کرد کە دەست وەرنەدەنە کاروباری حکوومی. دەقی نامەکە بەمجۆرە بوو:

“ئێستا ئێوە کوردی بەڕبەڕ ( وەحشی) واتان لێهاتووە بۆ ژەنەراڵێکی سوپا کە سەرجەم پلەکانی پێشکەوتنی بە باشترین شێوە بڕیوە و بە ساڵان ئەزموونی بەشداریی لە حکومەتدا هەیە، دیاری دەکەن کە چ بکا و چ نەکا؟!

ئەم دژکردەوەی ژەنەڕال کۆپاڵ و ئەفسەرەکانی دیکە بووە هۆی ئەوەی سەرکردەکانی ئیلام لە بەرانبەر ڕژێمی نوێدا هەڵوێستێکی جیاوازتر وەربگرن و بکەونە بیری شۆڕشێکی گشتگیر. لە لایەکەوە میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و شا محەمەدی یاری خەریکی ئامادەکاریی بوون بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە سەربازییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە غوڵامڕەزاخان لە عێراقەوە لەگەڵ سەردار ڕەشیدی کوردستانی کەوتە پەیوەندی دروستکردن و بواری هاوکاریی دوو لایەنەی ڕەخساند و ڕاپەڕینی تازە سەرهەڵداوی ئیلامی تا کرماشان و سنە پەرە پێدا.

غوڵامڕەزا خانی ئەبووقەدارە دواتر داوای لە سەرکردەکانی خێڵی بیرانوەندی لوڕستان کرد بۆ ئەوەی شانبەشانی ئیلامییەکان هێرش بکەنە سەر سوپای تاران و هێزێک بنێرنە ئیلام تاوەکوو میر دوای گەڕانەوە بۆ ئیلام هەموو یارمەتییەک بخاتە خزمەت بیرانوەندەکان. لەم کاتەدا شۆڕشی کوردان گەیشتبووە لووتکە و لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدان و ڕاپەرینی کوردان تەشەنەی دەسەند.

بەڵگەنامەیەکی حکومی بەمشێوەیە باسی ڕاپەڕینی عەشیرەتە کوردییەکانی ئەو سەردەمە دەکات:

“لەم دواییانەدا بیستراوە بەشێک لە عەشیرەتە لوڕەکانی وەک جووکی و سەگوەند لەگەڵ میری ئیلام لێکیان کردووە و هەروەها میر لەگەڵ سەردار ڕەشیدی کوردستانی دانیشتنێکیان هەبووە و بڕیاریان داوە حکومەتی لوڕستان و ئیلام و کوردستان بە دەستەوە بگرن و ناوچەکە تووشی ئاڵۆزی و بشێوی بکەن…

بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی دیکە سەبارەت بە ڕاپەرینی ئیلام، باس لەوە کراوە کە هەندێک لە تووشماڵەکانی(میرانی) ئیلام، کەسانی جێی متمانەی خۆیان ناردووەتە عێراق بۆ دیدار لەگەڵ کوڕی ئەبووقەدارە و سەبارەت بە سەرهەڵدان هەندێک دانوستانیان کردووە و بڕیاریان داوە لە ناکاو هێرش بکەنە سەر کارمەندانی دەوڵەت و چەکیان بکەن و لە ئیلام دەریان بکەن. جگە لەمەش خێڵ و عەشیرەتەکانی ئیلام بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان لە عەرەبەکان کڕیوە بۆ ئەوەی لە شەڕدا کەڵکی لیوەرگرن…

میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و شامحەمەد کە ئاگاداری چەک کردنی عەشیرەت و لابردنی سەرپۆش و ئاکنجی کردنی خێڵەکان و بەرنامەکانی دیکە حکوومەت بوون، هەوڵیان دا تا بە یەکگرتوویی خێڵەکانی ئیلام، هێرش بکەنە سەر حسێن ئاوا و دوای ئەوەی دەستیان بە سەر دام و دەزگا حکومییەکاندا گرت، خۆیان حکومەتێک دامەزرێنن. وەک نوسەری گەورەی مەلەکشایی ئیلام عەباس محەمەدزادە لە کتێبی سەرهەڵدانی ئیلام لە سەردەمی رەزاشادا باسی دەکات: ” لەڕاستیدا بیرۆکەی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی خەڵکیی سەربەخۆ لە هزرێکی ڕۆشنبیرانە و ساکارەوە سەرچاوەی دەگرت و میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و شا محەمەد لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە چونکە عەشیرەتەکانی ئیلام وڵاتپارێز و نیشتمانپەرەوەرن و بەهێزترین خێڵەکانی ناوچەکەن و سەرۆک خێڵ و تووشماڵەکانی هەرگیز نەبوونەتە داردەستی بێگانە، دەبێ خۆیان بەڕێوەبەرایەتیی حکومەت لە ئەستۆ بگرن و یەکێک لە ڕێبەرەکانیان لە جێی ئەبووقەددارە دابنێن.

بە وتەی هەندێک لە مەزنەکانی ئەو سەردەمە، میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و شا محەمەدی یاری مەلەکشای بڵباس ئەگەر بیانتوانیبایە لایەنگرانیان بە قەناعەت بگەیەنن و دەسەڵاتی ئیلام بەدەستەوە بگرن، ئامانجی دواییان ئەوە بوو کە سەرانسەری ئێران بگرنە دەست و تەنیا بە حکوومەتی ئیلام ڕازی نەدەبوون.

میرانی ملکیشانی بڵباس بە پشتبەستن بە خێڵەکەی خۆیان کە گەورەترین خێڵی ناوچەی ئیلام بوو هەوڵیان دا یەکگرتووییەک لە نێوانیاندا دروست بکەن و هێزێکی چەکدار بۆ ڕاپەڕین دەستەبەر بکەن. هەر بۆیە لە میوانییەکدا زیاتر لە بیست سەرکردەی خێڵی مەلەکشایی بڵباس بانگهێشت کردن و بیرۆکەکانی خۆیان لەگەڵ دابەش کردن. دەگێڕنەوە کە ئەم سەرکردانە بە گەرمی پێشوازییان لە بیرۆکەکانی میر ئاکنە بەی و میر ئەمی بەگ و شا محەمەد کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداربوون لە ڕاپەڕیندا دەربڕی و سوێندی وەفادارییان بۆ خوارد، تەنها چەند کەیخوایەک بە ناوی (فەرامەرز ئەسەدی و نامدار و شاواز لە تیرەی خمیس گرزالدینوند) نەبن کە پشتگیریان نکردن.

سەرەنجام دوای ڕاوێژ لە نێوان میرانی مەلەکشایی بڵباس شا محەمەدی یاری وەک سەرۆکی هێزەکانی ڕاپەڕین، خەڵکی مەلەکشایی بڵباس چەندین ڕۆژ شایی و گۆڤەندیان گێڕا و دروشمی؛ “ئەنار و گوڵ ژە باخان     شا محەمەد  ژە جی ڕەزاخان”یان وتەوە.

دوای ئەوەی سەرکردەکانی خێڵی مەلەکشایی بڵباس بڕیاریان دا هێرش بکەنە سەر حسێن ئاوا، بە دزییەوە هەوڵی دابینکردنی چەک و تەقەمەنییان دا و هێرشیان کردە سەرچەندین بنکەی سنووریی هێزەکانی حکوومەت و چەکیان کردن.

بەساڵاچووان  دەگێڕنەوە کە هێزەکانی میر ئاکنە بەیی و میر ئەمیر بەگ و شا محەمەد چەک و چۆڵیان کەم بوو، هەر بۆیە هەندێک چەکیان لە خانەقین و باشووری کوردستان لە لایەن ئەحمەد بارزانی یەوە کۆ کردەوە، هاوکات لەگەڵ چەکدارکردنی هێزەکانی شا محەمەد، عەلیقولی خانی سارمولسەڵتەنە (کوڕی ئەبوو قەدارە) کە جێگری ژەنەڕال کۆپاڵ بوو و بە فەرمانی حکوومەت بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانی خێڵە کوردەکان لە دێلوڕان، دووسەد تفەنگی پێدرابوو، هاتە نێو ڕیزی هێزەکانی شۆڕش و لەگەڵ تووشماڵ و سەرکردەکانی دیکە بەرەوە حسێن ئاوا ڕێیان گرتە بەر.

لە ئەنجامدا دوای چەندین ڕۆژ شەڕ و پێکدادانی قورس، حسێن ئاوا کەوتە دەستی شۆڕشگێران و شا محەمەد لە ناو ‌خەڵکدا وتارێکی گەرم و ئاگرینی دا. خەڵک دوای ئەم سەرکەوتنە هێندە بڕوای بە خۆی قایم و پتەو بوو کە بیری لە هێرش کردنە سەر شائاباد و کرماشان و ناوچەکانی دیکە دەکردەوە و دەستیان بە هەڕەشە و گوڕەشە کرد. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە خێڵەکانی کرماشان لە هاوکاری ڕاپەڕین پاشگەز ببنەوە.

لە حاڵیکدا گەمارۆدانی ناوەندە سەربازییەکان بەردەوام بوو و شۆڕشگێڕان دەیانزانی سوپای حکومەت بۆ سەرکوت لە لای باکوور و ڕێگەی کرماشان و ئەیوانەوە دێن، بە هێزێکی زۆرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە سوپا بەرەو شائاباد و کرماشان کەوتنە ڕێ و یەک لە ئامانجەکانیش ئەوە بوو کە خێڵەکانی دیکەی ناوچەکە بکەنە هاوپەیمانی خۆیان. شۆڕشگێران لە دۆڵی بەناوبانگی ڕنوو (ئەم دۆڵە هەر لە دێر زەمانەوە لەژێر دەسەڵاتی میرانی مەلەکشایی بڵباس بووە وەک میر کوخالە بەگی گەورە و میر کاکا کاتورە بەگ)کە ڕێگەیەکی سەخت و ئەستەمی هەبوو جێگیر بوون و سێسەد کەس لە باشترین جەنگاوەرەکان بەرەو کرماشان کەوتنە ڕێ و لە ناوچەی چوارملە لەگەڵ سەربازانی حکومەت کەوتنە شەڕەوە.

بەڵام سوپا بڕیاری دابوو کە لەشکرێک لە خوڕەم ئاوا و لەشکرێک لە کرماشانەوە بە فەرماندەیی حاجی عەلی ڕەزمئارا کە دواتر بووە وەزیری جەنگ بە  چەکی قورسەوە بۆ سەرکوتی شۆڕش و سزادانی سەرکردەی خێڵەکان بنێرێت. هەوڵی سەرەکی سوپا ئەوە بوو شۆڕشگێران لە کوێستانەکان دوور بخاتەوە و پەلکێشی دەشتاییەکانیان بکات. چونکە باش دەیانزانی کە کورد لە ناوچە شاخاوییەکاندا زۆر جەنگاوەرانەتر شەڕ دەکات و لەوانەیە تێکشکاندیان کارێکی ئاسان نەبێت.

سەرۆکایەتی شۆڕش هیوایان ئەوە بوو دوای سەرکەوتن بە سەر سوپا و دەستخستنی چەکی زیاتر، هێزەکانیان ڕەوانەی ناوچەکانی دیکە بکەن، بەڵام چەکی قورسی سوپا ترسێکی زۆری خستە دڵی خێڵەکان و ئەم هیوایەی سەرکردایەتی کردە بڵقی سەر ئاو.

هێزەکانی سوپا پاش چەندین ڕۆژ گەیشتنە ئەیوان و جێگیر بوون و هێزی بەکرێگیراویان لە ڕیزی پێشەوەی جەبهەی شەڕ جێگیر کرد و لە کۆتاییدا پاش مانگێک شەڕی قورس لە حسێن ئاوا و ڕنوو و کوژران و بریندار بوونی گەلێک لە سەرهەڵدراوان و کەمبوونی چەک و تەقەمەنی و دابەزینی مۆڕاڵی جەنگاوەران بە هۆی بۆردوومانەکانەوە، هێزی شۆڕش تووشی یەکەم شکستی خۆی هات. لە سەر داوای سەرکردەکان بەشێک لە تایفە و عەشیرەتەکانی بەشداربووی شەڕ بەرەو شاخەکانی مانیشت و کەبیرکێو و دینارکێو و باخی شا کشانەوە.

هێزە خێڵەکییەکان پاش یەک مانگ لە داگیرکردنی حسێن ئاوا و نزیکەی مانگێک شەڕ لە ناوچەکانی ڕنوو و مانیشت و شکستهێنان لە بەرانبەر سوپای حکوومەتدا، بەرەو چەند شوێنێکی جیاواز پاشەکشێیان کرد.

هەر وەک هەمیشە و لە هەموو سەرهەڵدان و شۆڕشەکاندا ڕووی داوە، ئەمجارەش هێزەکانی حکوومەت بە تەماح خستنە بەر سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان و خوڵقاندنی دووبەرەکی بوونە شۆڕشەکەیان تووشی لاوازی و شکستهێنان کرد. ڕەزا خان بە ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی و لە پێناو نانەوەی دووبەرەکی  لە نێو خەڵکدا، توانی تا ڕادەیەک پێکدادانەکان کەم بکاتەوە و بەمجۆرەش لە ماوەیەکی کورتدا بواری تێکشکاندنی شۆڕشەکەی ئیلام بڕەخسێنێ.

دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی و لاوازبوونی شۆڕش و هەڕەشە و تەماح وەبەر نانی تووشماڵان و سەرکردەکانی هۆزەکانی ئیلام، حەوت سەرکردەی ئیلامی دووانیان لە زیندانی کرماشان و پێنجیان لە شوێنی ئێستەی قایمقامییەتی ئیلام گولە باران کران و ژمارەیەکی زۆریش لە زیندانەکانی کرماشان و خوڕەم ئاوا و کۆشکی قاجاری تاران زیندانی کران و تا دوو ساڵ دواتریش شوێنپێی ئەو سەرکردانەی شۆڕشیان هەڵگرتبوو لە ناو خاکی عێراقدا بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن یان تیرۆریان بکەن، لە ئەنجامدا ژەنەڕال کۆپاڵ بە تەلەگرافێک کۆتایی هاتنی ئەم شۆڕشەی بە تاران ڕاگەیاند.

سەبارەت بە لێبوردنی گشتیی ڕاگەیەنراو، هەندێک جیاوازی لە ئارادا بوو. لێبوردنی گشتی کوڕی ئەبووقەدارە و کەسانی نزیکی ئەوی نەدەگرتەوە و بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە ئێران و ئەگەر بشگەڕابانەوە، لە دەرەوەی ئیلام ئاکنجی دەکران بۆ ئەوەی نەتوانن جارێکی دی لە حکومەت هەنگاو بنێن. هەروەها میر ئاکنە بەی و میر ئەمیر بەگ و شا محەمەدی یاری کە لە سەر داوای سەرکردەکان ڕوویان کردبووە عێراق، سەرەنجام فەرماندەکانی سوپای تاران داوایان لێکردن بگەڕێنەوە ئیلام و پێشوازییان لێکردن و ناردرانە ئەرکەوازی مەلەکشایی بڵباس و بەمچەشنەش کۆتاییەکی ئاشتییانە بووە ئەنجامی شەڕی ڕنوو و سەرهەڵدانی ئیلام. ڕەزمئارا دواتر لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیبووی بۆیە لەگەڵ شا محەمەد و میرانی دیکەی مەلەکشایی بلباس وەها بە نەرمی ڕەفتار کرا، چونکە خەڵکی ئیلام و مەلەکشایی دوای گوللەبارانی حەوت سەرکردەکەکەی شۆڕشەکەیان،  داخ لە دڵ بوون لە حکوومەت و ئەمەش بۆ دروستکردنی متمانەی خەڵک بە حکوومەت ئەنجام درا.

 بێ‌گومان سەرهەڵدانی ئیلام ئاڵقەی ونبووی زنجیرە سەرهەڵدانەکانی کورد لە دژی حکوومەتی پەهلەوییە کە کەمتر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە.

سەرهەڵدانێک کە لە خوارترین خاڵی باشوورەوە واتا دێلوڕان تا خێڵەکانی مەلەکشایی بڵباس و خەزەڵ و ئەرکەوازی و دێباڵایی و شوان و عەلی شێروان و هتد تێیدا بەشدار بوون و شانبەشانی یەک لە دژی بەرنامە سەپێنراوەکانی حکوومەت سەریان هەڵدا.

خێڵەکانی ئیلام:

خێڵەکانی ئیلام بریتین لە مەلەکشایی بڵباس، ئەرکەوازی، شوان، کورد عەلی، زەڕین ئاوا، خەزەڵ، عالی بەیگی، دێباڵایی، عەلی شێروان، پیران، مۆریک، کوردی زەڕین ئاوا و دێلوڕان و هتد.

خێڵی مەلەکشایی بڵباس گەورەترین خێڵی ئیلامە کە لە ٣٥ تایفە پێکهاتووە. سەرۆکی خێڵ بە تووشماڵ(میر) بەناوبانگە. سەرپەرشتی تایفەکان لە ئەستۆی کەیخوایە… هەر تایفەیەک بۆ چەند بنەماڵە دابەش دەبێت. بنەماڵە بچووکترین یەکەی هەر خێڵێکە.

خێڵی ئەرکەوازی بریتییە لە ٩ تایفە کە نیشتەجێی ناوچەی چوارن وبەشێکی زۆری تایفەکانیان مەلەکشایی بڵباسن. هەر تایفەیەک لە یەک تا پێنج هۆز پێک دێت.

خێڵی شوان بریتییە لە ٩ تایفە و ٢١ هۆز کە نیشتەجێی زەڕین ئاوای نێوان ئەرکەوازی و ئاودانانن.

خێڵی میشخاس لە چوار تایفە پێک دێت.

خێڵی بۆڵی مەلەکشایی بڵباس لە دوو تایفەی مزەفەروەند و گورگەوەند پێکهاتووە.

خێڵی کوردی زەڕین ئاوا لە ١٦ تایفە پێکهاتووە و خێڵی شێروان لە دوو تایفەی شێروان و زەنگوان و خێڵی خەزەلی مەلەکشایی بلباسی لە تایفەکانی شەمسیوەند، مەرشەوەند، قوڵیوەند و خێرەوەند پێکهاتووە.

سەرچاوەکان:

(1)مێژووى كورد و كوردستان،شێخ محمد مەردوخى كوردستانى،وەرگێرانى،زانەر محمد،ل88-94-120-121.

[2] تاريخ قبائل و أنساب فلكلور تراث قومي،نجم سلمان مهدي الفيلي،راجعة جرجيس فتح الله،ص164.

[3] كورد له سەفەرنامەكاندا،كوردەكانى ئێران،لەسەردەمى سەفەوييەوە تا كۆتايى بەهلەوى،فەرامەرز ئاغا بەيگى،ل41.

[4]اشمیت، رودیگر (ویراستار). راهنمای زبان‌های ایرانی، جلد دوم. چاپ دوم، ترجمه آرمان بختیاری، حسن رضایی بیغ‌آبادی و دیگران. تهران: انتشارات ققنوس، 1387، ص542-544.

[5] رستم رفعتی. انساب شهری و عشایری استان ایلام. ایلام: انتشارات برگ آذین، 1386. ص 335.

[6]ایلام و تمدن دیرینهٔ آن. ایرج افشار سیستانی. تهران: سازمان چاپ و انتشارات وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، 1380. ص375.

(7)هۆزەكانى كورد،نووسينى،ئى. جەى. ئار،هينرى فيڵد،وەرگێرانى و ئاماده كرندى،حسێن احمد جاف،ل19-26-27-38-54-55-56-59-68-71-72-74-78-79.

(8)فيلد،هنرى،مردم شناسى ايران، ترجمەى عبدالله فريار، بى جا، از انتشارات كتابخانەى ابن سينا،صص298-299

(9)صید محمد درخشنده. دیوالا از ادوار کهن تا عصر پهلوی. ایلام: انتشارات مؤلف، ۱۳۹۴، ص ۱۳۹.

[10]عباس محمدزاده، قیام ایلام در عصر رضا شاه. ایلام: انتشارات زانا: 1389، ص81.

[11]عباس محمدزاده، قیام ایلام در عصر رضا شاه. ایلام: انتشارات زانا: 1389. ص 105.

دجججججججججج

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …