Home / بەشی مێژووی كورد / کێشەی کورد ئەوەیە کە مێژوو وەک چیرۆک ئەگێڕێتەوە نەک وەک بابەتێکی سودوەرگرتن

کێشەی کورد ئەوەیە کە مێژوو وەک چیرۆک ئەگێڕێتەوە نەک وەک بابەتێکی سودوەرگرتن

مێژوو:
بریتییە لەگێڕانەوەو نووسینەوەی ئەوەی لەرابردووا ڕوویاوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، لێکدانەوەو شرۆڤەکردن‌و بەستنەوەی بەکات‌و سەردەمی خۆیەوە، بەراوردکردنی لەگەڵ ئێستا‌و پێشبینیکردن بۆ داهاتوو، هەر لێکۆڵینەوەو قسەکردنێک لەسەر مێژوو بەهزرو بیرکردنەوە بنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت.

لەڕوانگەی پێناسەی مێژووەوە کە شرۆڤەو لێکدانەوەی سەردەمی خۆیەتی‌و بەستنەوەی بەئێستاوەو پێشبینیکردن بۆ داهاتووش، بۆیە بەگرنگی ئەزانم هەندێ ڕووداوی مێژوویی‌و بەڵێن‌و پەیماننامەی وابەستە بەکوردەوە بەبیری خوێنەر بەگشتی‌و بڕیاربەدەستان بەتایبەتی بهێنمەوە چونکە ڕەوشی هەنووکەی هەرێم ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بۆتەوە کە ئەکرێ بەگەڕانەوە بۆ مێژوو سود وەربگیرێ بەر بەشکست بگیرێ.

ئەم بەڵێن و پەیماننامە جیاواز و شەڕەی نا وخۆییانە ڕاستە لەیەک کاتا ڕوویان نەیاوە بەڵام گرێدراوی یەکترین، ئەگەر کورد زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ یەکێک لەم ڕووداوانەیا بکردایە و لەبەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبهێنایە، دوورنیە ببوایە بەهۆکاری سەرکەوتنی کورد و شکستی لایەنی بەرامبەر لە ڕووداوەکانی دواتر.

کێشەی کورد ئەوەیە کە مێژوو وەک چیرۆک ئەگێڕێتەوە،  نەک وەک بابەتێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن و لێکۆڵینەوە و شیکارکردن. جێگای شەرمەزاری و نەنگییە کە کوردستان ئەو هەموو زانکۆیەی تیایە بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێکیان کارێكی وایان نەکردووە کە ببێتە هەوێنێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن لە ڕووداوە مێژوویەکان، تا ئێستا هیچ بەشێک نیە کە تایبەتمەندبێت بە کۆکردنەوە و بەداواداچوون و لێکدانەوەو بەستنەوە و لێکچواندنی ڕووداوە مێژوویەکان، کە ئەمە وەک ئاو هەوا بۆ میلەتێکی پەڕاگەندەو پەرش و بڵاو دابەشکراوی وەک کورد پێویستە.

ئەوەی گرنگە لەم ڕێکەوتننامانە ئەوەیە بەشێکینا تا ئێستاش ئەگەرچی ناوی ناهێنرێ بەڵام بەکردار بەکارن و کورد ڕۆژانە باجەکەی ئەیا و تا ئێستاش ئەو سنورە دەستکردەی بۆی کێشراوە وەک فاکت، بەجۆرێک چەسپیوەو بەسەر کوردا سەلمێنراوە کە زۆربەی خودی سەرکردە سیاسی و دەسەڵاتدارانی حیزبی و بەشێک لە ڕۆشنبرانیش زیاتر لە داگیرکەرەکان جەختی لەسەرئەکەنەوەو پانەبدن پێوەی، نمونەی ئەو سنورە توندوتۆڵەی کە لەنێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستانا هەیە، تا کار گەشتە ئەوەی کە لەباشور چاڵ “خندق” هەڵکەنرێ و ڕێگەنیرێ پێداویستی بگاتە ڕۆژئاوا لەسەردەمی شەڕی مان و نەمانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ داعش “تورکیا”. لەوەش ئازاربەخشتر ئەوەیە کە لە باشوری کوردستان بە کوردانی پارچەکانی تر ئەوترێت “ئاوارە” کە ئەمەیان شەرمەزارییەکی زۆرە بۆ هەر کوردێک ئەو دەستەواژەیە بەرامبەر کورد لە هەر پارچەیەکیتری کوردستان بەکاربهێنێ و وەک خاون ماڵ نەیناسێنێ.

سی ساڵە سوپای تورکی موسڵمانی دراوسێمان خەڵکەکەمان ڕەشە کوژو خاکمان داگیرئەکات و بە بەرنامە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و مێدیای کوردی باشورەوە کلتورمان بن کۆڵ ئەکات، ئاسایشی خاک وخۆراک و خێزانیمانی خستۆتە مەترسیەوە، خەڵکی دڵسۆز هاوار ئەکات کەچی لەپای دڵسۆزی تۆمەتباریش ئەکرێن، وەک ئەوەی سی ساڵە تورک سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەی بوژاندبێتەوە،کەچی تازە باس لەبڕینەوەی دار ئەکرێت.

ئێستا ئێمە لەدۆخێکاین کاتێک ئێران ئاوت لێئەگرێتەوە و هاوکاری هێزە میلیشیاکانی عێراق ئەکات %٥١ی خاکەکەت داگیربکەنەوە دوای ئازادکردنیان لەدەستی داعش و تورکە مەنگۆلییەکانیش کە لەسەر خاکی یۆنان و کوردستان وڵاتێکیان بەناوی تورکیاوە بۆخۆیان بەداگیرکاری دروست کردووە، هەم ئاو لێئەگرێتەوە و هەم دارەکانت ئەبڕێتەوە و هەم ڕاستەوخۆ بەهێز بەشێکی خاکی باشوری کوردستان داگیرئەکات و بە داگیرکردنی باوکور تێرناخوات.

سوریا لەگەڵ ئەوەی لەلێواری فەوتان و لەناوچوون گەڕایەوە بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران بەڵام هەرگیز دانی بە کوردستانی بوونی ڕۆئاوای کوردستانا نەنا و بگرە لەوەش خراپتر کوردانی ڕۆژئاوا لەسەر خاک و وڵات ماڵی خۆیان بە ئاوارە ئەژمارەئەکات و بەردەوام لەپلانگێڕیایە بۆ پەلامردانی ڕۆژئاوا ئەگەر قەمتەری ئەمریکای لەدەما نەبێت، ئەمە جگە لە بەناو ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوری کە لە کۆمەڵێک لایەنی ڕادیکاڵی ئیسلامی تیرۆریست پێکهاتوون خۆیان هەڵاوەتە باوەشی سوڵتانی تیرۆر “ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” سەرۆکی بەناو وڵاتی تورکیای مەنگۆلی کە تا ئەو شوێنەی بۆیان کرابێ دەستیان نەپاراستووە لە داگیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بمونەی ئەفرین و سەرێکانی و گردەسپی و مەنجب.

عێراقیش بەو پەڕاگەندەی و بێ سەروبەرییەی خۆیەوە لەڕێی هێزە میلیشیاکانیەوە بەجۆرێک دەستی کردووە بە تەعریب کردنی باشوری کوردستان کە هەرگیز پێشتر لەسەردەمەی بەعس و حکومەتەکانی تریشا شتی وا ڕووینەیاوە، بەجۆرێک ئێستا ٪٢٠ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان عەرەبن، ساڵانێک لەمەوبەر کورد ٪٧٠ی دانیشتوانی کەرکوکی پێکئەهێنا، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ کەمتر لە %٤٠ی ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە.

ئێراق بابلی بوو ئێستا عەرەبیە.
میسرو سۆدانیەکان لەناو عەرەبا توێنرانەوە.
مەغریب وڵاتی ئەمازیغی بوو ئێستا ئەمازیغی کەمینەیەکی کەمن و عەرەب خاوەن ماڵە.
ئاسیای بچوک ئەو شوێنەی پێیئەوترێ تورکیا خاکی کورد و یۆنانییەکان بوو بەڵام ئێستا یۆناییەکان کەمینەن و تورک نەک زۆرینەن بەڵکو چاویان لە یۆنانستانیشە داگیریبکەن.

عەرەب مناڵیان زۆرتر ئەبێت بەراورد بە کورد، لەکاتێکا لە ئێستایا ڕێژەی ٪٢٠ی دانیشتوانی هەرێم پێکبهێنن ئەوا بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ئەبن بە ٪٥٠ و بەرەوژوور.

بەپێی یاسا بۆیان هەیە موڵک بکڕن، هەرواشیان کردووە خانوبەرە و زەویەکی زۆریان کڕیوە بەتایبەتی لە هەولێر.

بیرمان نەچێ ئەوەی تاپۆی بەدەستەوەبێ خاوەن ماڵە بۆیە چەند ساڵێکیتر پێویست ناکا هیچ کەسێک بەرد بگرێتە عەرەبەکان لە کوردستان وەک ئەوەی لە فەلەستین ڕووئەیا چونکە ئەوان بەپارە ئیکڕن و ئەوە کورد خۆیەتی وەک فەلەستینیەکان ماڵ و زەوی خۆی ئەفرۆشێ.

تورک بەهاروهاجی و داگیرکاری لەلایەکیترەوە وەک مخۆرکە ڕۆژانە خاکی زیاتری کوردستان داگیرئەکەن.

ئەگەر دەسەڵاتی کوردی سیاسەتێکی گونجاو نەگرێتەبەر وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە بەلانسی ڕێژەی نەتەوە و خانەخوێ ڕانەگرێ ئەوا پاش چەن ساڵێکیتر عەرەب لەڕێی وەچەخستنەوەی زۆر و ماڵ زەوی کڕین و تورکیش لەڕێی داگیرکارییەوە شتێکی وانامێنێ لە خاکی کوردستان بەگشتی و باشور بەتایبەتی.

لەوانەیە بابەتەکە کەمێک دوورو درێژبێت کە خوێنەری کورد زیاتر ئارەزووی بابەتی کورتن بەڵام لە مێژووا شتێک نیە بانوی کورتبڕی، مێژوو ئەگەر وەک خۆی نەینوسیتەوە ئەوا ئەشێوێنرێ. “هەتا هەزار پەڕە نەخوێنیتەوە، بۆت نیە بای تەنها پەڕەیەک لەسەر مێژوو ئاخاوتن هەبێ”.

گرنگی کۆکردنەوەی ئەم پەیماننامانە و شەڕی براکوژییە لە دوو توێی چەند پەڕەیەکا و وەک وتارێک لەوەیەیایە کە تاکی کوردی خوێنەر بەئەسانی بتوانێ بەڕیزبەندی یەک لە دوای یەک ڕێکەوتن و شەڕە ناوخۆییەکان بخوێنێتەوە و توشی سەرلێشێوان و تێکەڵکردنی بابەتەکان نەبێ.

لێرەبەدواوە کەمتر ڕاوبۆچوونی بەندەی تیایە و زۆرتر بەڵگەننامە و ڕووداوە مێژوویەکانم داناوەتەوە.

په‌یماننامه‌ی ڕێکخستنی سنور:
(قه‌سری شیرین یان زه‌هاو) کە لە ڕێکه‌وتی (17_5/ئایار_1639) له ‌نێوان ده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌کان و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران واژۆ کراوە، لە سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم (1623_1640ز) سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و شا سەفی (1629_1642ز) شای ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران.

کوردستان هەمیشە شوێنی ململانێی عوسمانی و سەفەویەكان بووە، بە درێژایی سەدەی شانزەی زاینی. تا ئەو كاتەی سولتان سولەیمانی قانونی (1566 مردووە) توانی هەرێمە كوردیەكان ببچڕێت بۆ خۆی و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خزمەتانەی كە كورد بە دەوڵەتی عوسمانییان كردووە لە كاتی شەڕیان لەگەڵ سەفەویەكان، عوسمانیەكان جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەرییان یاوە بەكوردەكان، شەرەفخانی بەدلیسی لە كتێبی “شەرەفنامە”یا باس لەوە ئەكات میرنشینە كوردیەكان لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیا خۆیان بەڕێوەبردووە، بەشی خۆرئاوای ڕوباری فورات و بەشی رۆژهەڵاتی مورادسۆ *لقێكی سەرەكی ڕوباری فوراتە لەناو باكووری كوردستان* میرنشینە كوردیەكان فەرمانڕەوایەتییان كردووە، میرە كوردەكان لەبەرامبەر ئەوەیا گوێڕایەڵی خۆیان بۆ سوڵتانەكان دەرئەبڕی و دیاریی تایبەتیان بۆ ئەبردن و وەك سوپایەكی یەدەگیش لە خزمەتی سوپای عوسمانیا بوون.

دوای ململانێیەكی زۆری نێوان هەردوو سوپای سەفەوی و عوسمانی، سوڵتان مورادی چوارەم و شا عەباسی سەفەوی لە ساڵی 1409 كۆچی و 1639 زاینی توانییان سنورەكانیان لەیەكتری جیابكەنەوەو هەردووكیان پێكەوە ڕێكەوتنامەی “ڕێكخستەنەكانی سنوور” واژۆ بكەن و كوردستانیان لەنێوانیانا كرد بە دوو بەشەوە، بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی نێوانیان بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان بەر ئێرانی سەفەوی كەوت و بە شەكانی تری باكورو باشوور و رۆژئاوا بەر دەوڵەتی عوسمانی كەوت.

ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ:
ساڵێک لە دوای بەرپابوونی شەڕی یەکەمی جیھانی بەدیاریکراوی لە نۆڤێمبەری ساڵی ١٩١٥ نوێنەری بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیای قەیسەری گفتوگۆیان کرد لەسەر دابەشکردنی خاکی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەتایبەتی ئەوخاکەی ئەکەوێتە نیوان دەریای سپی ناوەڕاست و وڵاتی ئێران . ئەوەبوو لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٦ رێکەوتنێکی نھێنی واژۆکرا ، لەنێوان فرانسوا جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرنسا و مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا، بەئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی رووسیای قەیسەری، ھەر بۆیەش ئەو رێککەوتننامەیەش بەناوی کورتکراوەی ھەردوو نوێنەرەکەی فەرەنسا و بەریتانیا ناونرا سایکس- بیکۆ ناونرا.

ئەو رێککەوتننامەیە زۆری نەبرد نھێنییەکەی لەدەستدا ئەویش بەئاشکراکردنی لەلایەن شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا ساڵی ١٩١٧، بەوەی زۆربەی ئەرشیفە نھێنییەکانی دەوڵەتی رووسیا کەوتە بەردەست حکومەتی بەلشەفی رووسیا.
رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ لە چەند خاڵێک پێکھاتووە:

١.فەرەنسا باشووری تورکیای لێوار دەریای سپی ناوەڕاستی کەوتە بەردەست ، کەبەناوچەی شین “بلۆ” ناسرا.
“Blue Zone”
٢.باکوری سوریاو لوبنان و لیوای موسڵ واتە باشووری کوردستان  لەژێر قەڵەمڕەوی فەرەنسا بێت پاش ئەوەی حکومەتێکی عەرەبی لێپێک ئەھێنێ،
کە ناسێنرا بەناوچەی A
٣. بەریتانیاش خوارووی شام و ئوردن بیابانی رۆژئاوای عێراقی ئێستای لەبەردەست بێ ، پاش دانانی حکومەتێکی عەرەبی کە ناسێنرا بە بەناوچەB.
٤. ویلایەتی بەغدا و بەسرا و بەکویتیشەوە راستەوخۆ لەلایەن بەریتانیاوە حوکم بکرێ کە بە ناسێنرا  بەناوچەی
Red Zone.
٥.ئەرمەنستانی (تورکیا!) و کوردستانی باکور لەژێر قەڵەمڕەوی رووسیا بێت.
٦.فەڵەستین وەک ناوچەیەکی نێو دەوڵەتی بێت.
٧.بەندەری حەیفا و عەکا لەژێردەستی بەریتانیابێ بۆ فەرەنسیەکانیش ئازاد بێ.
٨.بەندەری ئەسکەندەروونە لەژێردەستی فەرەنسییەکان بێ و بۆ رووس و بەریتانییەکان ئازاد بێ.

ئەو ڕێککەوتننامەیە ھەرای زۆری نایەوە، بۆیە ساڵی ١٩٢٠ رێیکەوتننامەیەکی تری بەخۆوەدی بەناوی” ڕێیکەوتننامەی سان ڕیمۆ”، کە لەناوەڕۆکدا ھەمان ڕێککەوتننامەی پێشوو بوو، ئەوەش تورکیای نوێی ئەتاتورکی ھێنایە سەر ھێڵی نارەزایی، بۆیە کۆمەڵەی گەلان لەسالی ١٩٢٢ ھەوڵییا رێککەوتتنامەیەکی نێو دەوڵەتی نوێ بێنتە کایەوە بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، ئەویش لەساڵی ١٩٢٣ رێککەوتننامەی لۆزان ھاتە کایەوە و واژۆکرا کە زۆرێک لە گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی تورکیا کرا.

لیوای ئەسکەندەروونە بۆ تورکیا و موسڵ بۆ بە بەریتانیا و رووسیاش لەڕێککەوتننامەکە کشایەوە، بەهۆی ئەوەی جۆری حکومەتەکە گۆڕرا.

بەگوێرە ئەوڕێککەوتننامەیە باشووری کوردستان و رٶژئاوای کوردستان ئەکەوتنە بەردەست فەرەنسا، زۆربەی خاکی باکوری کوردستانیش ئەکەوتە بەردەست رووسیا، رۆژھەڵاتیش لەدەرەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو.

ئەم رێککەوتنەی کە لەنێوان مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا و جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرەنسادا بەسترا بەچاودێری ڕوسیای قەیسەری،کە تیایا خاک و نەتەوەی کوردی بەسەر چوارپارچەیا دابەشکرا، کە بووە هۆی ئەوەی تا ئێستا کورد لە کیانی سەربەخۆ و یەکپارچەیی خۆی بێبەش بێت.

کۆنفرانسی(پەیماننامە) سان ڕیمۆ:
کە لە ئیتالیا لە ١٩٢٠ز بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەستکەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەئەکران.

لەسان ڕیمۆ ئەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیا بڕیار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بەن. لێرەیا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی “مەندەیت”یان داهێنا و فەلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ. بەریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسایا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ و ٢٥ نیسانا دانوسان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجاما ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی ئەیا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بەریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.

هەر لەو کاتەیا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا).

پەیمانی سیڤەر:
ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/اب/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركرا، وە لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە، كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران .

ئەم پەیمانە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو، لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو،  بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دائەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات، هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد ئەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ.

دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كەتایبەت بوون بەكورد:
62–ئەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات، ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە ئەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت.

ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بات ئەوا نوێنەرەكان ئەتووانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاوتوێی ئەم بابەتە بكەن، باسیش لەپاراستنی مافی ئاشوریەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە.

63–حكومەتی توركیا مل كەچ ئەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی ( 62 ) باس كراوە، ئەبێت لەماوەی سێ مانگا لەدوای دەركردنی بڕیارەكە جێ بەجێیان بكات.

64–تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا ئەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەنجومەنیش دانی بەوەیانا كەئەوان ئەتوانن سەربەخۆ بژین، ئەوا حكومەتی توركیا ئەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت، ئەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت، مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا ئەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان، ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە.

تێبینی/ لەبەندەكانی ئەو پەیماننامەیە سەرەتا ئاماژەكردنێكە بەحوكمیزاتی تەنها بۆ كوردەكانی باكوور، نەوەك بۆ هەموو كوردەكانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران، ئەوەش بەئاشكرا شەرعیەتدانە بە دابەشكردنی كوردستان وە لەدوای جەنگیش بەئاشكرا دەركەوت كەوا چۆن مافەڕەواكانی گەلی كورد پێشێل كراوە، زیاتر بەشی باشووری كوردستان كەوتۆتە بەر هەڕەشەی داگیركەران، هەر بۆیەش ئەم پەیماننامەیە بەم شێوەیە بەستراوە چونكە بەرژەوەندیەكانی بریتانیا لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ وایئەخواست.

پەیمانی لۆزان: بکوژەکەی سیڤەر
پەیمانی لۆزان ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ لە نێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، سلواڤینیا و توركیا دوای کۆنگرەیەک لە شاری لۆزان لە سویس بەسترا بوو واژۆکرا.کۆنگرەکە لە مانگی تشرینی دوومی ١٩٢٢دا دەستی پێکرد و لە ٣٠ی کانوونی دوەمی ١٩٢٣دا لەبەر نەگەشتنە ئەنجام بڵاوەی لێکرا، دواتر دیسان دەستی پیکردەوە و لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژۆکرا. لە لۆزان سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیارییکرا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەرا کرا، کە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو.

ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەکردنەکە لە شاتۆ دوڕومینی شاری لۆزان ئیمزاکرا، سەرکردە بەشداربووەکان لە ئو ڕاقی “شاتۆ دو ئوشی مابوونەوە و تابلۆیەکی ڕێکەوتننامەکە لە لۆبی ئوتێلەکەیا تا ئێستاش ھەڵواسراوە.

مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بەستنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیای کەمالی، بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سێڤر بگرێتەوە، ئەو پەیمانەی کە نە تورکیای کەمالی و نە ھاوپەیمانان ناوەڕۆکیان جێبەجێ کردبوو، لەم کۆنگرەیەیا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستمی ئیمتیازی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە مەسەلەی کورد و کێشە ڕەواکەییاو نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سێڤر بێتە دی.

سەرکردە بەشداربوەکان:
٭ عیسمەت ئینۆنۆ- تورکیا
٭ لۆرد کورزون- بەریتانیا
٭ ئەلیفتھیرۆس ڤێنیزێلۆس – یۆنان
چاودێرەکان: جۆزەف گروو، نوێنەری ئەمریکا لە سویسرا.

بەهۆى ئەوەى کورد نەیتوانى ببێتە خاوەنى هێز و بە یەکگرتوویى مامەڵە بکات و سوود لە پەیمانی سیڤەر وەربگرێت، فشارەکانى تورکە کەمالییەکان سەریگرت و لە پەیماننامەى لۆزانا خەونەکانی کورد لەگۆڕنران.

لۆزان، ئەو پەیمانەی خەونی سەربەخۆیی کوردی تیایا لەباربرا و کوردی بێبەشکرد لە ماف و ئازادییەکانی، ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو پەیمانەیا تێپەڕئەبێت، کە تورکیا ئەیەوێت پێش گەیشتنی بە ١٠٠ ساڵ ئەو ڕێککەوتنە بکاتە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ ئەو شوێنانەی کە بە بەشێک لە خاکی عوسمانیی کۆنی ئەزانێت، ساڵی ٢٠١٥ لە ساڵیادی واژۆکردنی پەیمانی لۆزانا، هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردەوە.

میساقی میللی:
لەدوای کۆنگرەکانی ئەرزڕوم و سیواس لە ئابی ١٩٢٠، بزووتنەوەی کەمالییەکان بڕوانامەی میساقی میلییان دەرکرد، وەک پەیڕەوپڕۆگرامی بزووتنەوەکە، “میپاق”ەکە لە ٦ ماددە پێکهاتووە و ئەوەی تایبەتە بەکێشەی ولایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانی ماددەی یەکەمە، کە ئەڵێت:

(ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکەیان زۆرینە عەرەبن پێویستە بە ڕاپرسی چارەنووسیان دیاری بکەن، ئەو ناوچانەش دانیشتوانەکەیان زۆرینە تورکن بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیای گەورە).

ئەردۆگان چەندینجار لەگوتارەکانیا ئەڵێت: ئێمە نەوەی عوسمانیەکانین. هەروەک لە ساڵی ٢٠١١دا کە پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆگان لە گوتاری سەرکەوتندا گووتی “بەو ئەندازەی ئیستانبول سەرکەوتووە سەرایڤۆش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئیزمیر سەرکەوتووە بەیروتیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئەنقەرە سەرکەوتووە دیمەشقیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی دیاربەکر سەرکەوتووە رامەڵاو نابلوس وقودس و غەزە سەرکەوتوون، سەرکەوتنی تورکیا مانای سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقازو بەڵقان و ئەوروپایە”

لەپشتی ئەم لێکچواندنانەوە خواست و ویستی فراوانخوازی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بەسەر هەموو ئەو شوێنانەیا دەرئەکەوێت کە پێشتر لە سنووری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیا بوون.

لەدوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیایا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ئەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەیا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كوردا وەكو نەتەوەیەك، هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیایا.

ئاشکرایە کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ئەبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی یەکەمی هەڵهێنا کە گۆڕینی دەستووری تورکیا بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش بە خەیاڵی خۆی هەنگاوی یەکەمە بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی. پەلکێشانی بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و بۆ لیبیا و بۆ سوریاو چەندبارەکردنەوەی خواست و ویستی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ ژیر سایەی دەوڵەتی تورک بەشێکن لەو خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان کە زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە سوڵتان بوونی خۆی نیشان ئەیات.

ڕێکەوتننامەی جەزائیر:
لە ساڵی‌ ١٩٧٤ حکومەتی عێراقی ھەڵمەتێکی شەڕەنگێزی نوێی دژی‌ کورد دەستپێکرد‌و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران دایماڵین. عێراق بە ئێرانی راگەیاند کە خواستەکانی ئێران بەدیئەھێنێت بەمەرجێک یارمەتی  بۆ کورد راگرێت.

بەمیانگیریی سەرۆکی جەزائیر، ھۆری بۆمدین، ئێران و عێراق گەیشتنە رێکەوتنێکی گشتگیر لە ئازاری ١٩٧٥دا کە بە رێکەوتننامەی جەزائیر بەناوبانگە. ئەم رێکەوتننامەیە وایکرد کورد بەبێ‌ یارمەتی بمێننەوە ‌و تاران یارمەتییەکانی بزووتنەوەی کوردی نەیات.

بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕش و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیشی ئاوارەی ئێران بوون. ژمارەیەکی زۆریش خۆیان بەدەستەوەیا‌و شۆڕشەکە دوای چەند رۆژێک کۆتایی ھات. لە ئەنجامی ئەمەیا حکومەتی عێراقی بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانتر بەسەر ناوچەکانی باشوری کوردستان لەچاو پانزە ساڵی پێشووترا، وە بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بپارێزێت، دەستی بە پلانی بە عەرەبکردن کرد ئەویش بە ھێنانی خەڵکی عەرەب بۆ ناوچە نەوتییەکانی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکووک و دەور‌وبەری. دوای رێکەوتننامەکەی جەزائیر، ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە لەلایەن حکومەتەوە گیرانە بەر دژی‌ کوردو سەرەنجام بووە ھۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان سوپای عێراق ‌و چەکدارانی کورد. لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩، ٦٠٠ دێی کوردی خاپوور کران و نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزران.

ڕوودانی شەڕە ناوخۆییەکانی باشوری کوردستان لەنێوان ۱۹٦٤بۆ ۲۰۰۰ز:
لەسەدەی بیستەمیشا مێژووی کورد سەرڕێژە لە شەڕی براکوژی وەک مێژووی باوی کورد، لەو سەدەیەیا لە کاتێکا چەندین گەل و نەتەوەی بچوک کە لەمێژووا ناویان نەبوو دەوڵەتی خۆیان دروستکرد، بەڵام کورد لەبەر شەڕی ناوخۆیی فریای هیچ نەکەوت، وە هیچ هێزێکی چەکداری کورد نییە لە سەدەی بیستەما شەڕی هێزێکی دیکەی کوردی نەکردبێت.

مشتێک لەخەرواری شەڕی ئابڕوتکێنی ناوخۆی:
٭لە شەستەکانا پارتی و حزبی شیوعی شەڕی یەکتریان کرد، لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٠ باڵی مەکتەب سیاسی پارتی و باڵی مەلایی شەڕی خوێناویان لە دژی یەکتر کرد.

٭لە کۆتایی شەستەکانا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت، یان بە دیلکراوی رادەستی ئێرانیان کردنەوە.

٭ لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ەوە تا کۆتاییەکانی ١٩٧٨ لە ناوچەکانی بادینان و هەکاری باکوری کوردستان چەندین شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان یەکێتی و سەرکردایەتی کاتی پارتیدا ( قیادە مۆقتە ) رووییاو زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.

٭لە هەشتاکانا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی سەرکردایەتی کاتی پارتی بە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕێکی قورسیان لە دژی حزبی دیموکرات کرد و بەسەدان کەس لە هەردوولایان کوژران.

٭لەناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقا یەکێتی و پارتی تا ساڵی ١٩٨٦ لە شەڕێکی قورسا بوون لەگەڵ یەکترا.

٭شەڕی نێوان یەکێتی و حزبی سۆسیالیستیش لە ئابی ١٩٨١ دەستی پێکرد و تا مانگی نیسانی ١٩٨٦ بەردەوام بوو.

٭ شەڕی یەکێتی و حزبی شیوعیش لە ١٩٨١دەستی پێکرد و تا ١٩٨٦ بەردەوام بوو.

٭ شەڕی نێوان یەکێتی و پاسۆکیش هەر لە ساڵی ١٩٨١وە دەستی پێکرد و تا ١٩٨٦ بەردەوام بوو.

٭لە ساڵی ١٩٩٣ یەکێتی و پارتی شەڕی پەکەکەیان کرد و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.

٭ هەر بە درێژایی نەوەدەکان جارێک پارتی و جارێکیش یەکێتی بە جیا شەڕی پەکەکەیان ئەکرد.

٭لە کۆتاییەکانی ١٩٩٣ و سەرەتای ١٩٩٤ شەڕی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو.

٭لە مانگی ئایاری ١٩٩٤ خوێناویترین شەڕی ناوخۆیی لە مێژووی کوردا لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد، لەم شەڕەیا حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکا یارمەتی یەکێتیانا، حزبوڵای کوردستانیش یارمەتی پارتی ئەیا، لە شەڕەکەیا ئێران یارمەتی یەکێتی ئەیا و تورکیا و عێراقیش یارمەتی پارتیان ئەیا، ئەو شەڕە دوای چوار ساڵ و کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا رۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ بە ناوبژیوانی ئەمەریکا کۆتایی هات.

٭سەدەی ٢١یش بە شەڕی براکوژی دەست پێکرد، یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠دا شەڕێکی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجاما و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.

٭ بەداخەوە لە ئێستایاو لە ۲۰۲۰زدا دیسانەوە بە فیتی داگیرکەرانی کوردستان شەڕی نێوخۆی ئەگەرێکی نزیک و چاوەڕوانکراوە. ئومێدەکەم وانە لە مێژوو وەرگیرابێ و هەڵەی ئابڕوتکێنی لەوجۆرە نەکەن.

دوای چوارساڵ لەشەڕی براکوژی مێزی گفتوکرا بەچارەسەر:
کاتی خۆی لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی ١٩٩٤ – ١٩٩٨ز مەسعود بەرزانی ووتی ، “دەستەکانی خۆم ئەبڕمەوە جاریکی تر تەوقە لەگەڵ مام جەلالا بکەم و کۆببمەوە لەگەڵییا.

کەچی دوای چوار ساڵ لەبرا کوژی و شەهید بوونی زیاتر لە ١٠هەزار و سەرنگوم بوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسیتر، ناچار بوون دەست بخەنە ناودەستی یەک و شەڕی براکوژی ڕاگرن ، وە بێبەری بوونی خۆشیان ڕاگەیاند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیا.

ڕێکەوتننامەی واشنتۆن:
ئەو ڕێکەوتننامەیە بوو لە ١٧- ٩- ١٩٩٨ز دا، لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مسعود بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی مام جەلال و بەنێوەندگیری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ( خانم مادلین ئۆلبرایت ) لەواشنتۆن مۆرکرا ، دواتر ئەم ڕێکەوتنە نەشەڕ نە ئاشتی لێکەتەوە تا چەند ساڵێک.

بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام:
لەجەنگی چاڵدێراندا١٥١٤ز، لەپاش گەڕانەوەی سوڵتان سەلیم یەکەم(١٥١٢-١٥٢٠ز) و تێک شکانــدنی سەفەویەکان، دایکی لەسوڵتان ئەپرسێت کــوڕم چیت کرد؟

سوڵتان: دیــوارێکم لەنێوان ئێمەو سەفەویدا لەگۆشت وخوێن دروست کردووە.

دایکی: کوڕم چـــۆن؟
کوردەکانم کردۆتە پەرشینی سنوری قەڵەم ڕەویەکەم، لــەهەر لایەکیان بکوژرێت دووژمنێک کەمتر.
ساڵی (سەفەربەر) ناوچەی موکریان لەلایەن سوپای ڕووسەوە داگیرکرا بوو، منیش چونکو ڕوسی و فارسی و تورکیم ئەزانی، لای فەرماندەی ڕووس کرام بەوەرگێڕ “دیلماج” “مترجم” ڕۆژێک ئەفسەرێکی عوسمانی گیرابوو لێی دەکۆڵرایـەوە و من قسەکانیم وەرئەگێڕا.
فەرماندە لێیپرسی: هێزی سەرەکی ئێوە چەندە و لە کوێیە؟
ئەفسەرە تورکەکە وتی: ئێمە لێرە هێزمان نییە، تەنیا چەند ئەفسەر و جەندرمەین و هەندێ مەلای پیاوی خۆمانمان لەگەڵایە، هاتووین بەناوی ئیسلامەتی و غەزای کافران کوردەکانی ئەم ناوچەیە بورووژێنین و بە گژ ئێوەیانا بکەین، تا بتوانین پێشی پێشکەوتنتان بگرین، ئەم ورووژاندنەش بۆ ئێمە لەقسە بەولاوە هیچی تێناچێت.
فەرماندە ڕووسەکە وتی: ئەی بیر لەوەناکەوە کە ئەم خەڵکە بەبێ چەک ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە ڕابگرن، دواتر خۆیان تیائەچن؟
ئەفسەری تورک ڕاستەو ڕاست وتی: ئەمە بۆ ئێمە بایەخی نییە، “ئێوە دووژمنن و کوردەکانیش نەیارن”، لە هەر لایەک بکوژرێ سوودی ئێمەی تیایە!

ئەوکاتەی شێخ مەحمودی حەفید لەژێر کاریگەری عاتیفەی عوسمانیا خەڵکی ڕەش وڕوتی کوردوستانی گڕئەیاو ئەیبردن لەشوعەبیە ناوەڕاست وباشوری عێراق بەناوی جیهادەوە بە کوشتی ئەیان، لەکوردوستانیش عوسمانیەکان کەوتبووە ڕاو ڕووت وتو تاڵانی ماڵ وناموسی کورد.

لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی ئەوە “ئوزدەمیر” بوو بەڕیشێکی پان و تەزبیحێکەوە، مستەفاکەمال ئەتاتورک ناردبویە باکورو باشوری کوردوستان بەناوی گەڕانەوەی خەلافەت و دینەوە شێخ و ناودارانی کوردی فریو ئەیا.

دەمێک بوو (حسن کوڕی شەریفی مەککە وهێندری مەکماهۆن) بەریتانیا نامەگۆڕینەوەیان هەبوو، ڕێکەوتبوون لەسەر ڕادەست کردنی هەردوو قبیلەی موسڵمان و دەرپەڕاندنی سوپای خەلافەتی ئیسلامی لەخاکی نیشتمانی عەرەبا.

لەسلێمانی کەڵە شاعیری هەڵکەوتوو “پیرەمێرد” ئامۆژگاری شێخ محمود ئەکات، کەوا تورکەکان دووژمنێکی ئەزمون کراوی ماوەبەسەرچوون، ئەوە ڕاستییەکەیە باشترە لەگەڵ ئینگلیزەکانا ڕێکبکەویت، لەپاداشتی ئەم ڕاوێژ و ئامۆژگارییە بەفیتی دەربارو دابەستەکانی دەووری شێخ، پیرەمێرد بەناپاک وەسف ئەکرێت و فەرمانی گرتنی بۆدەرئەچێت، پیرەمێرد هەڵەیەت بۆ قەرەداخ، لەدواییا کاتێک شێخ لەواقیعەکە تێدەگات کار لەکار ترازاوە!

سامانی وەستا بەکر
سوید – ستۆکهۆڵم
2021-6-14

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …