Home / بەشی مێژووی كورد / ڕەچەڵەک و ناکۆکییەکانیان مێژووی بارزان لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا بڵاوكرایەوە

ڕەچەڵەک و ناکۆکییەکانیان مێژووی بارزان لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا بڵاوكرایەوە

ناس كورد-
چەند ڕۆژی ڕابردوو كتێبی “مێژووی بارزان له‌ شێخ عبدولسلامی یه‌كه‌م تا كۆتایی ژیانی شێخ عبدولسلامی دووه‌م له‌ ژێر رۆشنایی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا” لە نووسینی دیدار عوسمان لە قۆناغی دكتۆرای بەشی مێژوو بڵاوكرایەوە، ئەمەی خوارەوە گوزەرێكە بەناوەڕۆكی ئەو كتێبە بەڵگەنامەییەدا. 

وێستگە بەراییەكانی مێژووی بارزان 

یه‌كێك له‌ وێستگه‌كانی مێژووی كورد كه‌ تا ئه‌‌مرۆش  زۆر به‌ڵێڵی و نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ به‌راییه‌كانی دامه‌زراندنی  مێژووی بارزانه‌، له‌ ڕاستیدا‌ بارزان گوزارشته‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی جوگرافی ،نه‌ك عه‌شیره‌تێك، میژووه‌كه‌ی بۆچه‌ند هه‌زار ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌چه‌ند ده‌قێكی مێخی سه‌رده‌می ئاشورییه‌كان ئاماژه‌ به‌ ناوی بارزان كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا بارزانیه‌كان خۆیان به‌به‌شێك له‌ عه‌شیره‌تی زێباریه‌كان زانیووه‌، كه‌ له‌ دوو به‌یته‌ هۆنراوه‌ی شێخ عبدولسلامی یه‌كه‌م ئاماژه‌ی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ قۆناغه‌كانی دواتر ئه‌م ناوه‌یان به‌سیفه‌تی عه‌شیره‌ت به‌سه‌ردا بڕاوه و جیا بوونەتەوە‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی توانیان رابه‌رایه‌تی قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كان و به‌شێك له‌ مێژووی سیاسی كورد بكه‌ن‌. ئه‌م نا رۆشنیه‌ی مێژووی بارزانیش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌رێته‌وه ، كه‌ گرینگتریان بریتیه‌ له‌ تۆمارنه‌كردنی سه‌ره‌تاكانی سه‌هه‌ڵدانی شێخانی بارزان له‌لایه‌ن ئه‌م بنه‌ماڵه‌وه‌. یه‌كه‌م كه‌سێك كه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م و نووسین له‌ بارزانیه‌كان شێخ عبدولسلامی یه‌كه‌مه‌، واته‌ باوكی شێخ موحمه‌د بارزان و باپیری مه‌لا موسته‌فا. به‌ڵام زیاتر  به‌رهه‌مه‌كانی له‌ بواری ئه‌ده‌ب و هۆنراوه‌ نووسین دا بووه‌، تاقه‌ په‌رتوكێكیشی له‌ ساڵێ 1843ز  له‌ باره‌ی  شرح والعقائد نوسیووه‌.

Barzani: The Legend - barzani kurdistan Kurdish national leader Mustafa  Barzani

بزوتنەوەی مەهدی لەناو بارزانییەكان

بابه‌تی پرسی مه‌هدی بوون لای شێخانی بارزان له‌م په‌رتوكه‌ بابه‌تێكی گه‌رمه‌ و قسه‌ی زۆری له‌ سه‌ركراوه‌، دوو سه‌رچاوه‌‌ هه‌ن كه‌ سه‌ره‌تای چۆنیه‌تی تێۆری سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆكه‌ی مه‌هدی بوون لای بارزانی وروژاندووه‌‌، ئه‌وانیش په‌رتووكی (بازیل نكیتین و كورد) ، كه‌ نووسه‌ر واته‌ بازل نكیتین نوسیویه‌تی، له‌گه‌ڵ په‌رتووكی (په‌نجه‌كان یه‌كتر ده‌شكێنن )نووسه‌ر نه‌وشیروان موسته‌فایه،‌ كه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌ ئه‌ویش سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی له‌ ئۆسمان سه‌بری وه‌رگرتووه‌. به‌ووردی چیرۆكی هه‌ردوو نووسه‌ره‌كه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو  له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندن و سه‌رنج و كه‌م كوڕییه‌كانی نێو خودی ده‌قه‌كان ، له‌ پاشان به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی عوسمانی وه‌ك دادوه‌ر ئه‌م باسه‌ی‌ یه‌كلای كردۆته‌وه‌.

me_ga.php?id=3973

ڕەچەڵەكی بارزانییەكان

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ی بارزانیه‌كان هه‌یه‌ ، له‌ كتێبه‌كه‌ سێ بۆچوون خراوه‌ته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌. كه‌ ڕه‌نگه‌ دروسترین بۆچوون ئه‌وه‌ بێت،‌ كه‌ یه‌كێك له‌ باپیره‌ گه‌وره‌ی بارزانیه‌كان  مه‌سعوود ناوێك  له‌ پاشماوه‌ی میرانی ئامێدی ڕوو له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات، له‌ گوندی بارزان بنه‌وبارگه‌ی داده‌مه‌زرێنێت . كاته‌كانی به‌خوا په‌رستی به‌سه‌ر ده‌بات.  دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ مزگه‌وت خه‌ریكی وئامۆژگاری ده‌بێت . ده‌چێته‌ دڵی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌وێ  و كێشه‌و سكاڵای نێوان خۆیان بۆ لای ئه‌و ده‌به‌ن ، دواتر  كچێكی پێده‌ده‌ن و ئیتر رشته‌ی هۆزی بارزان له‌م پیاوه‌وه‌‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، شێخانی بارزان هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵابوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی به‌ ئاسانی وه‌رده‌گرن، هاوكات ته‌كیه‌ی بارزان سه‌ر‌چاوه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی ئیرشادی له‌ ته‌كیه‌ی نه‌هرییه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌‌، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی  چه‌ند شێخێكی بێ هێز  له‌ نه‌هری، وای كرد بیرۆكه‌ی  بوون به‌ خه‌لیفه‌ ئه‌ندێشه‌ی شێخ عبدولسلامی یه‌كه‌م داگیر بكا، كه‌ ئه‌م شه‌ریعه‌ت پێدانه‌ش ته‌نها ده‌بوایه‌ له‌ رێگای شێخانی نه‌هرییه‌وه‌ بێت. چونكه‌ كاتێك سه‌ید ته‌های شه‌مزینان كه‌ له‌لایه‌ن مه‌ولانا  خالید مۆڵه‌تی وانه‌ ووتنه‌وه‌و و ئیرشادی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وه‌رگرتبوو. ئاماده‌ نابن ئه‌م پایه‌ به‌ شێخانی بارزان بده‌ن. به‌مه‌ش سه‌رده‌مێكی پڕ له‌ ملمڵانێی نێوان ئه‌م دوو عه‌شیره‌ته‌ تا ڕاده‌ی هێرش و ‌یه‌كتر كوشتن سه‌رهه‌ڵده‌دات!.كه‌ هاوكات یه‌ك خاوه‌نی یه‌ك ته‌ریقه‌ت بوون .

عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ و دەرەبەگ

شێخ عبدولسلام به‌هۆی ئه‌و ئاكاره‌  به‌رزو په‌سه‌ندانه‌ی هه‌یبوو، چووه‌ دڵی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تا دا ده‌ستی كرد به‌ ڕاماڵین و گۆرینی كلتور و ڕه‌وشته‌ خراپ و بزوێوه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و كات، به‌مه‌ش موریدێكی زۆر په‌یدا ده‌كات، رۆژ له‌ رۆژ شوێنكه‌وتووانی ڕوو له‌ هه‌ڵكشان ده‌بن، به‌‌مه‌ش شێخانی نه‌هری و به‌ تایبه‌ت شێخ عوبیدوڵڵا زۆر قه‌ڵس ده‌كات ، هێنده‌ی تر ململانێی نێوان ئه‌م دوو عه‌شیره‌ته‌ تۆختر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام شێخ عبدولسلام مه‌رگ زۆر مه‌ودای پێ نادات له‌ ساڵی 1872ز  و كۆچی دوای ده‌كات . به‌ مردنی ئه‌و شێخ موحمه‌دی بارزان وه‌ك جێنشین  و  شوێنگره‌وه‌ی  باوكی له‌ ته‌كیه‌ی بارزان دیاریكرا.

شێخ موحمه‌د، یه‌كه‌م شێخی بارزانه‌ كه‌ بنه‌مای سه‌ربازی و ئایینی له‌ خۆیدا كۆكردبوویه‌وه‌، درێژه‌ی به‌ چاكسازی ئایینی باوكی دا، به‌ڵام له‌ به‌رگێكی سیاسی ، تیۆری به‌گژدا چوونه‌وه‌ی شێخ و ده‌ره‌به‌گه‌ مشه‌خۆره‌كانی زیاتر تۆخ كرده‌وه‌، به‌مه‌ش دوژمنێكی زۆری بۆ په‌یدا بوو، ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقه‌ دۆستی بۆخۆی نه‌هێشته‌وه‌، سه‌رده‌مه‌كه‌ی به‌ ماوه‌یه‌كی  پڕ له‌ ركابه‌ری و ململانێی نێوان هۆزه‌كان داده‌نرێت ، به‌جۆرێك هیچ هۆزێك له‌ ناوچه‌ی بادینان نامێنێت شه‌ڕی له‌گه‌ڵیان نه‌كردبێت.

شێخ موحەممەد بارزانی

شێخ موحمه‌د بارزانی له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا زۆر شه‌ڕو ململانێی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی و عه‌شیره‌ته‌كان بینی، و به‌جۆرێك تا مردنی له‌ دوژمنداری كردنی نه‌یارانی به‌هیچ جۆرێك سڵی نه‌كردۆته‌وه‌‌، له‌ كوێی پێویستی بكردایه‌ نه‌رمی ده‌نواند و ئه‌گه‌ر پێویست بووایه‌ هێزی به‌كار ده‌هێنا. هه‌ندێ جاریش په‌نای بۆ ئاشتی و رێكه‌وتن ده‌برد. له‌سه‌ره‌تاكانی خه‌باتی له‌ دژی نه‌هرییه‌كان ، شێخ موحمه‌دی بارزان ده‌ستی ئاشتی و هاوكاری بۆ شێخ عوبیدوڵڵا درێژ و كرد و له‌ شه‌وێكی تاریك خۆیی به‌ ته‌كیه‌ی نه‌هری دا كرد، داوای عه‌فووی لێی كرد، به‌مه‌ش تا ئه‌و كاته‌ی شێخ عوبیدڵڵا له‌ نه‌هری  ئاماده‌گی هه‌بوو، بێ فه‌رمانی نه‌كرد، له‌ دوای شۆرشی نه‌هری 1880ز .دورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبیدوڵڵا بۆ حیجاز، موحمه‌د صدیق كوڕی  ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی  باوكی ، ئه‌و به‌سروشتی خۆی پیاوێكی شه‌ڕانی و قین له‌ دڵبوو !حه‌زی نه‌ده‌كرد هیچ كه‌س له‌ به‌رامبه‌ر فه‌رمانه‌كانی ده‌نگی نا‌ره‌زای هه‌ڵبرێت ،  ئاماده‌نه‌بوو كه‌س غه‌یری خۆی خه‌لیفه‌ بێ، ئه‌مه‌ش به‌ دڵی شێخ موحمه‌دی بارزان نابێت ، ده‌كه‌ونه‌ ململانێیه‌كی سه‌خت و چه‌ندین جار هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پێگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كتر و به‌جۆرێك ئاگری شه‌ڕ گه‌وره‌ ده‌بێت، ناچار ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌كه‌وێته‌ نێوانگیری كردنییان، به‌ڵام به‌هۆی پێشه‌لكردنی ئه‌م دوولایه‌نه‌، هیچ كات پابه‌ند نابن به‌ ئاگر به‌ست و تا ئه‌وه‌ی جارێك شێخ موحمه‌دی بارزان له‌ نه‌هری به‌ پیلانێك ده‌كه‌وێته‌ زیندان ، گوندی بارزان به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیه‌كی هۆزه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نه‌هرییه‌كان داگیر ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی زیاده‌ڕه‌وی شێخ موحمه‌د صدیق له‌ له‌شكر كێشی و بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ ئێران ، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌یه‌وێت سنورێك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دابنێت، هانی شێخ موحمه‌دی بارزان ده‌دا كه‌ پێگه‌ی هێزه‌كانی نه‌هری له‌و ناوچه‌ نه‌هڵێت ، به‌مه‌ش بارزانیه‌كان توانیان هێزه‌كانی نه‌هری له‌ بادینان به‌ته‌واوی نه‌هێڵن و تا سنوری ناوچه‌ی هه‌كاری ڕاویان بنێن.

سه‌باره‌ت به‌ ململانێی شێخ موحمه‌د له‌گه‌ڵ سورچیه‌كان ( بجێل) ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای كێشه‌كه له‌ نێوان سورچی و عه‌شیره‌تی گۆران ‌ به‌ رووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست پێده‌كات ، داوا له‌ شێخ موحمه‌د ده‌كرێت كه‌ نێوه‌نگیریان  بكات، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئاشوبه‌كه‌ سه‌ر ده‌كێشێت بۆ  دوژمنایه‌تی نێوان سورچی و بارزان ، به‌مه‌ش مه‌ڵبه‌ندی بجێل خۆی له‌به‌رده‌م هێرشی هێزی بارزان ده‌بنێته‌وه‌، كوشتارێكی زۆر له‌ نێوانیان رووده‌دات، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌وێته‌ نێوه‌نگیریان .

كێشەی بارزان و زێبار

زێباریه‌كان له‌دوای نه‌هرییه‌كان به‌ گه‌وره‌ترین نه‌یاری بارزان داده‌نرێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تا عه‌شیره‌تی بارزان خۆیان به‌ به‌شێك له‌ زێبار ‌زانیووه‌، به‌ڵام له‌ دواتره‌ شێخ موحمه‌د توانی ببێته‌ خاوه‌ن موردێكی زۆر نفوزی خۆیی زیاد بكات، ئه‌مه‌ش لای زێباریه‌كان مایه‌ی قبوڵكردن نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ره‌تادا كه‌وتنه‌ پیلانگێری له‌ شێخ عبدولسلام و دواتر شێخ موحمه‌دی كوڕی. هوڵی ناشرینی كردنیان له‌به‌ر چاوی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌دا.

Masoud Barzani and Mustafa Barzani his Father during the Kurdish Revolution  ... | Turkey history, Kurdistan, History
شێخانی بارزان هه‌وڵی دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یاخیان له‌ دژی دره‌به‌گه‌كانی زێبار داوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بابه‌تی پێدانی باج و سه‌رانه‌ كه‌ ئه‌ركی خه‌ڵكی جوتیار و ره‌نجبه‌رانی زیاتر قورس كردبوو، ئه‌م كاره‌ به‌ دڵی ئاغاكانی زێبار نه‌بوو، بۆیه‌ ململانێی نێوان بارزان و زێبار تۆختر بوویه‌وه‌، تا  كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی شێخ موحمه‌د له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆستی رزگاری بێت ، دواجار رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی سه‌ربازی و چه‌كداری  لێكه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش شێخ موحمه‌د جاری جیهادی دژ به‌ فه‌تاح ئاغای زێبار دا، ده‌وڵه‌تی عوسمانی شه‌ری ناوخۆی هۆزه‌كانی پێخۆش بوو! چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا هاوسه‌نگی هێز رابگرێت به‌تایبه‌ت زێباریه‌كان كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ خاوه‌ن زه‌وی و نفوزێكی زۆر بوون ، هه‌میش ده‌یویست ئه‌م هۆزانه‌ زیاتر به‌ ململانێی نێو خۆی خه‌ریك بكات دوژمنكاری له‌ نێوانیان به‌رده‌وام بێت. له‌كۆتاییدا شێخ موحمه‌د به‌ هۆی تۆخكردنه‌وه‌ی رووحی به‌رگری كردن له‌ شۆرشی جوتیاره‌كان به‌رامبه‌ر زۆری باج و سه‌رانه‌ی زێباریه‌كان، توانی زاڵبێت به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی زێباریه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بێهێز بكات.

شێخ موحمه‌د له‌ مه‌رگ نزیك ده‌بویه‌وه‌ له‌ دوای ساڵی 1902ز توانی به‌ته‌واوی شكست به‌ دوژمنه‌كانی بهێنێت، و هیچ كه‌س زادی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری نه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ رێكخستنی هۆزه‌كانی سنوری بارزان و گرینگی زیاتری به‌ كاروباری ته‌كیه‌ و موریده‌كانی دا. له‌ كۆتای ساڵی 1904 كۆچی دوای ده‌كات .

The Long March of the '500' Peshmerga and... | Rudaw.net

سەردەمی عەبدولسەلامی دووەم

شێخ عبدولسلامی دووه‌م كه‌ میراتگری شێخایه‌تی له‌ باوكی واته‌ شێخ موحمه‌د بۆ مابوویه‌وه‌، ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی. توانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی بارزان فراوان تر بكات، و بزوتنه‌وه‌ی بارزان پێی ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێیه‌وه‌. له‌ دوای راپه‌رینی شێخ عوبیدوڵای نه‌هری جولانه‌وه‌كه‌ی به‌دووه‌م راپه‌رینی نه‌ته‌وه‌ی داده‌نرێـت، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رچی شه‌ڕی چه‌ككداری و ململانێی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی له‌ پێناو بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌. له‌سه‌ره‌تای راپه‌رینه‌كه‌ی شێخ عبدولسلام زۆر هه‌وڵیدا میران و سه‌ردارانی كورد له‌سه‌ر كۆده‌نگیه‌كی ناوچه‌ی و له‌سه‌ر بنه‌مایی  نه‌ته‌وه‌ی كۆبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ساڵانی 1908 له‌ ناوچه‌ی بادینان ده‌ستی كرد به‌ كۆنفراسێك و هه‌موو پیاو ماقوڵ و شێخ و ئاغاكانی كۆكردوه‌، هه‌ر له‌وێ كۆده‌نگ بوون له‌سه‌ر نووسنی یاداشتێك بۆ باب و العالی  خاڵه‌كانی ئه‌م بروسكه‌یه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ چه‌ند بابه‌تێكی ئایینی ونه‌ته‌وه‌ی ، كه‌ زیاتر بواری چاكسازی و خزمه‌تگوزاری له‌ خۆ گرتبوو، له‌ ساتی گه‌یشتنی ئه‌م بروسكه‌یه،‌ ده‌وڵه‌ت له‌ بڕی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیجابی بۆ داواكارییه‌كه‌یان، به‌ڵكو ئه‌مه‌ی به‌یاخی بوون لێكدایه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ زووی كه‌وته‌ گۆڕینی به‌رپرسی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی وویه‌لا‌تی موسڵ. والیه‌كی به‌ناوی فازل داغستانی دامه‌زراند، وه‌ك ده‌گوترێت ئه‌و خه‌ڵكی داغستان بوو له ‌نه‌وه‌ی شێخ شاملی داغستانی بوو ، به‌ڵام زۆر خۆشنوده‌ نه‌بوو به‌ شێخ عبدولسلام. به‌رده‌وام داوای ملكه‌چی لێده‌كرد، شێخ به‌ سروشت پیاوێكی خاوه‌ن نه‌فسیه‌ت به‌رز بوو، كه‌متر ملی بۆ داوای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی ده‌دا ، چه‌ندین شه‌ڕی چه‌كداری له‌ نێوان موریده‌كانی بارزان و سه‌ر‌بازانی ده‌وڵه‌ت به‌رپا بوو. تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی چیای پێرس هێزه‌كانی بارزان ده‌شكێن و بارزان به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن فازل پاشا ده‌گیرێت، كوشتارێكی زۆری تیا ده‌كرێت ، شێخ عبدولسلام په‌ڕاگه‌نده‌ی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌بێت. به‌ڵام له‌ به‌ختی شێخ كه‌سایه‌تیه‌كی كاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌ ئه‌ندام ده‌بێت له‌ پارتی حورییه‌ت و ئیتلاف، به‌ناوی سه‌فوه‌ت به‌گ ده‌بێـته‌ شه‌فاعه‌تكاری لای ده‌وڵه‌ت. هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا هیچ زانیاریه‌ك لایه‌ن مێژوو نوسان سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوردبوونی ئه‌م پیاوه‌ ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌یه‌كێك له‌ دۆسته‌ به‌ئه‌مه‌كه‌كانی كورد هه‌ژمارده‌كرێـت ،  زۆر دڵسۆزی شێخ عبدولسلام بووه‌، به‌رده‌وام ئامۆژگاری باشی كردووه‌، له‌ مه‌ترسیه‌كان شێخی پاراستووه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئینگلیزه‌كان زۆر پشتیوانی و هاوكاری شێخ عبدولسلامیان ده‌كرد، میسیۆنێرێكی وه‌كو ویگرام له‌ په‌رتوكه‌كه‌ی زۆر سه‌رسامی خۆی به‌كه‌سایه‌تی شێخ ده‌ربڕیووه‌، ئه‌مه‌ش وای له‌ شێخ عبدولسلام كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح و نه‌ستوریه‌كان ئه‌و ناوچانه‌ به‌باشی هه‌ڵسوكه‌وت بكات ، له‌و ماوه‌یه‌دا شێخ عبدولسلام توانی دووباره‌ كاروباری ناوچه‌كه‌ رێك بخاته‌وه‌ بارزان سه‌ر له‌نوێ ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ ، زیاتر له‌ ژێر ئامۆژگارییه‌كانی سه‌فوه‌ت به‌گ كاری ده‌كرد، به‌ڵام فازل داغستانی سوڕ بوو له‌سه‌ر ملكه‌چی زیاتری بارزانیه‌كان، به‌مه‌ش بۆ جاری دووه‌م شه‌نسی خۆی به‌رامبه‌ر موریده‌كانی شێخ عبدولسلام تاقی كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌خت یاوه‌ری نه‌بوو ، له‌شه‌ڕی (سه‌ری باز ) به‌ خراپی شكا، به‌مه‌ش سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت، روو له‌ شاری به‌غدا ده‌كات و تا مردن نه‌گه‌رایه‌وه‌، شێخ عبدولسلام له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی حورییه‌ت و ئیتلاف نێوانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت خۆش ده‌بێت، تا ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نگی باڵقان 1913ز به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ نیازی به‌شداری كردنی ده‌بێت  و له‌ نامه‌یه‌كی كه‌ بۆ باب والعالی ناردووه‌ ئه‌سه‌فی ئه‌وه‌ ده‌كێشێت كه‌ چۆن له‌و جه‌نگه‌ پیرۆزه‌ دواكه‌وتووه‌. تا دواجار به‌هۆی نزیكی له‌ ده‌وڵه‌ت نیشانه‌ی سێه‌می مه‌جدی پێده‌درێت، به‌ڵام له‌ شانسی شێخ عبدولسلام  له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێك ئینقیلاب له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی رووده‌دات ، تا دواجا ر ئیتیحادییه‌كان دووباره‌ كوده‌تا به‌سه‌ر پارتی ئیتلاف ده‌كه‌ن و ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ سه‌ر حوكم‌، سه‌رانی پارتی حورییه‌ت هه‌ندێكیان تیرۆر ده‌كرێن و ئه‌وه‌شی شانسی مانه‌وه‌ی ژیانی ده‌بێت له‌ ترسی مه‌رگ ڕاده‌كات، سه‌فوه‌ت به‌گ له‌ كاربه‌ده‌‌ستێك ده‌بێته‌ كه‌سێكی ڕاكردوو له‌ ترسی حكومه‌ت و په‌نا بۆ ناوچه‌ی بارزان دێنێت، شێخ عبدولسلام ئه‌مه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانێ تا پاداشتی چاكه‌كه‌ی بداته‌وه،‌ و لای خۆی دڵده‌ی ده‌دات رێزێكی زۆری لێده‌گرێت، ئیتیحادییه‌كان داوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی سه‌فوه‌ت به‌گ ده‌كه‌ن، به‌ڵام شێخ عبدولسلام ئاماده‌ نابێت خیانه‌ت له‌ خانه‌ خوێكه‌ی خۆی بكات، به‌مه‌ش دووباره‌ كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌‌ نێوان ده‌وڵه‌ت و عه‌شیره‌تی بارزان.

ئیتیحادییه‌كان له‌ دیاربه‌كره‌ وه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورد به‌ناوی سلێمان نه‌زیف ده‌نێرن وه‌كو والی موسڵ ده‌ست‌به‌كار ده‌بێت، سلێمان  داوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی شێخ یان شه‌ڕكردن ده‌كات، به‌ڵام شێخ عبدولسلام ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ملكه‌چی ده‌وڵه‌ت بێت، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕو ململانێی نێوانیان توشی شكست دێت، بارزان داگیر ده‌كرێت، شێخ  و به‌ خۆی و چه‌ند موریدێكی بۆ ئێران ڕا‌ده‌كه‌ن. ئه‌و ماوه‌ی له‌ ئێران ده‌بێت، په‌یوه‌ندیه‌كانی فراوان له‌گه‌ڵ  سمكۆی شكاك و عبدولره‌زاق به‌درخان و رووسه‌كان ده‌به‌ستێت. روسه‌كان نیازیان نیه‌ هیچی بۆ بكه‌ن و به‌رده‌وام داوای دان به‌خۆ داگرتنیان له‌ شێخ ده‌كرد، تا ئه‌وه‌ی له‌ بۆسه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ریش سپیه‌كی هۆزی شكاك، شێخ عبدولسلام و چه‌ند موردێكی ده‌سگیر ده‌كرێن و بۆ موسل ده‌نێردرێن، هه‌رچه‌نده‌ شێخ عبدولسلام زۆر  هه‌وڵیدا كه‌ سولێمان نه‌زیف به‌ پێدانی فیدیه‌ وماڵ رازی بكات، به‌ڵام بێ سوود بوو، له‌ 29 تشرینی دووه‌م 1914 ز خۆی چه‌ند هاوه‌ڵێكی تری  له‌ شاری موسڵ له‌ سێداره‌دران.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …