Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / دۆخی ژنان لە چاخی بەردین‌دا

دۆخی ژنان لە چاخی بەردین‌دا

A (2)

نوسینی: ئاندرە میشیل

وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین

کورتە سەرنجێک

لە ماوەی پێشوودا، ژنێک(ماجیدە ڕەجەب)، لە چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دابڕان‌دا، بەشێوەیەکی ئاسایی، هاوشێوەی ئەوانیتر لەو کۆنفرانەسەدا، وەک موخاتەبانی پانێڵەکە، بۆچوونی خۆی دەربڕی و وتی: «کام پیاو، لێرەدا پیاوە، با ئێستا بیدەم بەعەرزدا…». ئەم دەربڕینە وەک بۆمب سەرەتا لە هۆڵەکەدا و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازیدا تەقییەوە و دواتر هەر بەوبۆنەوە لە کەناڵی ڕووداو ئەو ژنە لەسەر ئەو دەبڕینە موقابەلەکرا. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە و قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا… لە نیگای یەکەم‌دا ئەم دەربڕینە وەک تەنز و ساتیر دەرکەوت و هەمووانی خستەپێکەنین. ئەم پێکەنینە هاوشێوەی پێکەنینەکانی تر ئاسایی نەبوو، بەڵکو تانەپێکەنین بوو لە بوونی ژن و مێژووی ژن. لە نیگای دووەم‌دا بەجدی وەرنەگرتنی قسەی ژنە؛ وەک ئەوەی قسەی ژن هەرچییەک بێت، گرنگە نییە. لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا ژن بێ‌زمانە و خاوەنی زمانی خۆی نییە و ئەگەر بیەوێت قسەبکات. دەبێت زمانی پیاو قەرزبکات و خۆی تێیدا دەرببڕێت و هاوکات دەبێت ئاگادار بێت بە زمانی پیاوانە ناکرێت، بوونی ڕەمزی خۆی بەرانبەر پیاو قوتکاتەوە و ئەگەر ئەو کارە بکات دەبێتە مایەی پێکەنین… بوون بە دیاردەی ئەو دەربڕینە ڕەگ‌وڕیشە و پاڵنەرەکەی هێندەی خودی مێژوو کۆنە.

گێردا لێرنەر، مێژووناس، پسپۆڕ و یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی «مێژووی ژنان»، لە بارەی دۆخی مێژوویی ژنانەوە دەڵێت: «بۆ فەهمکردنی دۆخی مێژوویی ژنان، دەبێت ئەوە گریمانە بکەین کە ژنان ڕەگەزێکی زەروری و سەرەکین لە پێکهێنانی کۆمەڵگادا؛ ئەوان بە بەردەوامی لە مێژوودا بکەر و ڕۆڵگێڕ بوون. ژنان لە “مێژووی دروستکراو”دا، ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام لە ناسینی مێژووی خۆیان و لە لێکدانەوەی مێژوو؛ چ مێژووی خۆیان بوو بێت یان مێژووی پیاوان، بەجێ‌ماون. ژنان بەشێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامەڕێژ لە ئافراندنی سیستەمە ڕەمزییەکان، فەلسەفەکان، زانستەکان و یاساکان، بێ‌بەری کراون». ئەم تێڕوانینەی گێردا لێرنەر، بۆ ئەو بەشەی ڕابردووی مرۆڤ کە تۆمارکراوە و دەکەوێتە ناو مێژووەوە ڕاستە و لەو بڕگەدا ژنان لە مێژوودا سڕدراونەتەوە و دەرهێنراون. لەم سۆنگەوە مێژوو، پیاوانە نوسراوەتەوە و ڕۆڵ و بکەرێتی ژنان فەرامۆشدەکرێت. ڕەنگدانەوەی ئەم فەرامۆشکردن و نەنوسینەوە بەتوندی لە سیستەمە ڕەمزییەکانی کۆمەڵگادا ڕەنگدەداتەوە و ئەم دۆخە تا ئاستێک دەکشێت کە ژاک لاکان بڵێت ژن بوونی نییە!. دیارە مەبەست لە بوونی بایۆلۆژی ژن نییە.

لە ڕۆژئاوا بەدیاریکراوی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست بەداوە، ئاوڕی جدی، لەم نەبوونی، بوونە ڕەمزییەی ژنان، لەناو مێژوو و لە هەموو کایەکاندا دەدرێتەوە. ئاوەڕدانەوە لە مێژووی ژنان و بەشداری ژنان لە مێژوو و پێش‌مێژوودا کاری لەسەر دەکرێت و ئەم خەباتە پێشدەکەوێت و دەگوازرێتەوە بۆ ناو زمان و بونیادە زهنی، مادیی دامزراوە کۆمەڵایەتییەکان. لەپەیوەند بە ژنانەوە لە بڕگەی پێش‌مێژوودا، پڕژانەسەر چاخی نیولیتیک خاڵێکی وەرچەرخانە. چاخی نیولیتیک مرۆڤ نیشتەجێبوون و شۆڕشی کشتوکاڵی تێدا بەرپاکردووە و ژنان لەم وەرچەرخانە مەزنەدا، کاریگەریی هاوشێوەی پیاو و بگرە زیاتریشان هەبووە. لە کوردستان ئۆجالان، گرنگی زۆری بە چاخی نیولیتیک و کەلتوری نیولیتیک داوە و بەدووروودرێژی پەڕژاوەتەسەری و شڕۆڤەیکردووە. ئەم وتارەی خوارەوە هێنانەوەبەرباس و ورووژاندنی مێژووی ژنانە کە دەشێت دەروازەی گۆڕانکاری کەلتوری بێت.

                                                                                                                                              وەرگێڕی کوردی

دۆخی ژنان لە کۆمەڵگا ڕاوچییەکانی چاخی بەردینی دێرین‌دا[1]

خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەم کۆمەڵگایانە، پەیوەستبوونی پیاوان و ژنان؛ پەستان و کاریگەرییە ئابوورییەکان، شێوەی ژیان دەستنیشان دەکات. شێوەی [بەرهەمهێنانەوەی] ژیان بەر لە هەموو شت لەسەر ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک و خواردەمەنییەکان بەندە. ژنان بەتایبەت خەریکی کۆکردنەوەی خۆراک و خواردەمەنی دەبن و لەگەڵ پیاوانیشدا بەشدار دەبن لە ڕاوکردندا. نەوەیەک دوای گوردۆن چایڵد، لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو لەمەڕ بڕگەی پێش‌مێژوو لە فەڕەنسا، لێکۆڵینەوەکانی ئەم توێژەرە پشتڕاستدەکەنەوە. مرۆڤەکان لە تەبایی و هارمۆنی تەواودا لەگەڵ سروشت دەژین، بەبێ‌ئەوەی سروشت تێکدەن وەک هۆزەکانی تر. ئامانجی خەڵکانی ڕاوچی جێگیربوونە. ئەم خەڵکانە لەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین، تەبایی و یەکانگیری تەواو لەگەڵیدا بەدەستدەهێنن و هەوڵدەدەن تەنیا بە گوێرەی پێداویستییەکانیان گۆڕانکاری لە سروشتدا بکەن یان دەستکاری بکەن. لەلایەکی تر، ئەم شێوە ژیانە و خۆراک وەرگرتنە، لەسەر بنەڕەتی گۆشت، بۆتە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی نەوە خستنەوەوە، زۆر فراوان نەبن و ژمارەیان بە کەمی بهێڵێتەوە.

نەبوونی جەنگ، ناسەرەوەی پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەم چاخەیە. «بەدرێژایی ئەم بڕگە زۆرە کە زیاتر لە سەد هەزار ساڵ دەخایەنێت، مرۆڤە چەکدارەکانی پێش‌مێژوو، واتە ڕاوچییەکان بەئاشتی ژیاون. لە شوێنی نیشتەجێبوونیاندا کە پاشماوەی خۆراک و ئامێرەکانی ڕاویان لێبەجێماوە، شایەتی ئەوە دەدەن کە ئێسکی ئەو ئاژەڵانەیان بە ئامێری کاریگەر شکاندووە و ڕاویانکردوون و هەروەها ژمارەیەکی زۆری چەک[کە مەبەست لە ئامێرە سەرەتاییەکانی مرۆڤە] لەو شوێنی نیشتەجێبوونیان دۆزراوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە گۆڕەکانیان بەتاڵە لە هەموو نیشانەکانی جەنگ و شەڕ. بێگومان بە ڕێکەوت بەقوڵی برینداربوون؛ وەک شکاوی توندی ئێسقان بەرچاو دەکەوێت، بەڵام هەرگیز ئەو برینانەی کە بەهۆی شتی نوک تیژەوە ڕوویدابێت لەسەر ئێسکەکانیان نەدۆزراونەتەوە».

دۆخی ژنان لەم کۆمەڵگا ڕاوچییە کۆچەرییانەدا، کە لە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە جێگیربوون، ناکرێت لەسە بنەڕەتی لێکۆڵینەوەکانی لێڤی شتراوس لەمەڕ هۆزە ڕاوچییەکان هەڵبسەنگێنرێت. لەبەرئەوەی پێشینەی چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە بۆ دەیان هەزارساڵ پێش دروستبوونی کۆمەڵگا باوکسالارییەکان و بەم پێیەش ئەم بڕگەیە ناکرێت بچێتە ناو ئەو مەودایەی  کە لێڤی شتراوس لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون.

سەرەڕای ئەمانەش، باسکردنی دۆخی ژنان لەلایەن لێڤی شتراوسەوە لەمەڕ ئەم هۆزانە، کەوتۆتە بەر ڕەخنەی لێکۆڵەرە ئەنگلۆسەکسۆنەکان: ئەگەر ژنان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت ئەوا بە هەمان شێوە پیاوەکانیش لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت و ئەوەش تەنیا ژنان نین کە ئاڵوگۆڕدەبن، بەڵکو ژنانیش لە بڕیارە گشتییەکانی هۆزدا ئامادەییان هەیە. بەوپێیەی کە هاوسەرگیری کەرەستەیەکە بۆ پەیوەندی دروستکردن و دواجار یەکگرتن دروستدەکات؛ ئەوا لە بەرانبەردا، دانی ژن بە هۆزێکی تر، بەمانای ئەوە نایەت کە شتێکە و دەدرێت بە کەسێک، بەڵکو ژنانیش وەک پیاوان ئاڵوگۆڕدەبن و بەرانبەر بە خێزان یان هاوسەرەکەیان مافیان دەبێت.

کەواتە ناکرێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی لێڤی شتراوس، لە دابەشبوونی هێز لە نێوان هەر دوو ڕەگەزدا، لە هۆزەکانی سەردەمی چاخی بەردین تێبگەین. مەگەر ئەوەی کە ژنهێنان لە هۆزی دەرەوە بووبێتە ئامرازێک بۆ یەکگرتن و هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزی بێگانەدا و لە ئەنجامدا پەیمانی ئاشتی ببێتە جێگرەوەی جەنگە بەردەوامەکان. بەپێچەوانەوە لێکۆلینەوە لە هێما و وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکان و پەیکەرە بەردینەکان یان ئەو ئێسکە دۆزراوانە لە ماڵەکان یان گۆڕەکانی چاخی بەردینی دێریندا، تایبەتمەندی بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوەی دۆخی ژنانی ئەم چاخە دەستەبەردەکات.

لە ڕوانگەی لورواگورانەوە، یەکەم نیگار و هێما کێشراوەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکان, کە نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ تەمەنیانە، هەڵگری ئاماژەگەلی ڕەگەزی نێر و مێن و کێشانی ئەم نیگار و هێمایانە نزیکەی ٢٠ هەزار ساڵی خایاندووە. بەڵام تەنیا نیگار و هێما ڕەگەزییەکانی ژنان واقیعیانە بووە [و ڕەنگدانەوەی واقیعی سەردەمەکەی خۆی هەڵگرتووە]. هەندێک دەڵێن زاڵی وێنەی ژنانە، کە لە وێنەی مریەم لە وڵاتە کاسۆلیکییەکاندا زۆرترە، دەرخەری پێگەی یەکسانی ژنان نییە. ئەم جۆرە بەڵگەهێنانەوەیە، هەڵگری ئەو جۆرە هۆزسەنتەرییەیە کە پێشتر ئاماژەم پێدا: لە ڕاستیدا ناکرێت ستراکتوری ئایدۆلۆژیی چاخی بەردینی نوێ[2] [یان نیۆلیتیک] کە تێیدا پاکیزەی پیرۆز، سەر بە خوایەکی نێرە، بگشتێنرێت بۆ چاخی بەردینی دێرین.

بەهەمان شێوە کە ئەنسرۆپۆلۆژیستی ئەمەریکی دەڵێت: “پەیوەستی نێوان ئایدۆلۆژیا و هەڵسوکەوت لەلای خەڵکانی یەکسانیخواز، هەمیشە زیاترە لە کۆمەڵگا هیرارکییەکان، ئەو کۆمەڵگایانەی کە نایەکسانی و چەوساندنەوە لە ڕێگەی مەراسیم و ڕیتۆریکی ئاڵۆز و پارادۆکسیکاڵ، بەشێوەیەکی تەواو دەشارێتەوە و پەردەپۆشی دەکات”. نمونەیەکی تری هۆزسەنتەری لە کارەکانی ژیل لاپۆژدا دەبینین کە هێما و نیگارەکانی سەر دیواری ئەشکەوتی لاسکۆ، وەک یەکەم دەرکەوتەی پۆڕنۆگرافیا هەژمار دەکات و لە ڕوانگەی ئەوەوە پۆڕنۆگرافیا، دامەزراوەیەکە کە لەسەر ئاستی زمان و قسەکردن سەبارەت بە سۆزانیگەری و ئالۆگۆڕی پەیوەندیی سێکسی لە ڕێگەی پارەوە دیاری دەکرێت[3]. لەبەرانبەر ڕاڤەیەکی لەو جۆرەدا کە زیاتر دەرخەری حەز و مەیلی زۆری پەیوەندیی سێکسی مرۆڤی سەدەی بیستە، تاوەکو دانیشتوانی ئەشکەوتی لاسکۆ، هیچ کارێک جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین ناکرێت. لەبەرئەوەی نازانین کە چۆن نیگار و هێمای ڕەگەزیی پیاوانە و ژنانە، لەو کۆمەڵگایانەدا کە نامۆبوون بە پەیوەندیی کاڵایی، چۆن دەشێت ئاماژە بن بۆ کڕین و فڕۆشتنی پەیوەندیی سێکسی. بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوەیە هەیە کە بەهۆی نەبوونی [دامەزراوەی] تەندروستییەوە، زۆرێک لە مناڵان و دایکان مردبێتن و ئەمەش بووبێتە هۆی ئەوەی ژنان زیاتر لە کۆمەڵگادا بایەخداربن. دەشێت کەمی ژنان بووبێتە هۆی ئەوەی پێگەیەکی بەرز یان دۆخی هاوشێوەی پیاوانیان هەبووبێت و ئەمە ئەو گریمانەیەیە کە لەلایەن ئەنسرۆپۆلۆژیستە ئەمریکییەکانەوە خراوەتەڕوو.

بەم پێیەش دابەشبوونی کار، لە نێوانی هەردوو ڕەگەزدا، لە کۆمەڵگاکانی چاخی بەردینی دێریندا لەسەر بنەڕەتی هاوکاری بووە(پیاو ڕاودەکات و ژن خواردەمەنی کۆدەکاتەوە و لە ڕاویشدا بەشداری دەکات). شوێنی نیشتەجێبوونیان دوو شوێنی بووە و مناڵەکانیشیان دوو ڕەچەڵەکی بووە. لە گۆڕە دۆزراوەکاندا، بەر پیاوی بەساڵاچوودا کەوتون کە لە گەنجیدا نوقسان بوون یان توشی نەخۆشی جومگەبوون[ و نەیانتوانیوە بەشداریی کاری بەرهەمهێنەر بکەن] ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگا، بەرلەوەی لەسەر چەوساندنەوە بونیاتنرابێت، لەسەر هاوکاری و یارمەتیدانی تاکەکان بونیاتنرابوو. بەهۆی نەبوونی خاوەندارێتیی تایبەت و کەڵەکەبوونەوە، دابەشبوونی کار نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ڕەگەزێک ئەویتریان بچەوسێنێتەوە.

بەلەپێشچاوگرتنی گرنگی ژنان، پەیکەرە دۆزراوەکانی ئەم چاخە درێژخایەنە، ئەو پەیکەرە ژنانەیان کە لە بەرد یان لە عاج دروستکراون و بەڕوونی تایبەتمەندییە ڕەگەزییە جیاکەرەوەکانی تێدا دەبینرێت. ئەوە ڕۆڵی ژنان بووە لە وەچەخستنەوەدا نەک پیاوان، کە خەیاڵی هونەرمەندانی ئەم  چاخەی بە هەردوو ڕەگەزەکەوە وروژاندووە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ژن لەم بڕگەیەدا پێگەیەکی هەبووە کە ئەمڕۆ تەنیا دەشێت لە وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆندا بەرچاو بكەوێت؛ واتە پێگەیەک کە هاوتای پیاو بێت یان لە پیاو زیاتر بێت.

بۆئەوەی بتوانین وێنای ئەو پێگەیە بکەین، ئەوا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ تێبینییەکانی ئەو یەکەم کەسانەی کە هۆزە ڕاوچییەکانیان دۆزییەوە. ئەو هۆزانەی کە بۆ چەندین سەدە [دووربوون لە] داگیرکاری، نەژادپەرستی و ئابووریی بازاڕ و ئێستاش ستراکتورە ڕەسەنەکانیان پرتوکاونین. هەمووان لە دەسەڵاتی ژنان لە هۆزەکانی ئیرۆکوازی سەریان دەسوڕما، ژنان دەیانتوانی عەرزەکانی کڵان[4] کە بەرەنجامی هاوسەرگیری و یەکگرتن بوو، بفڕۆشن و بە هەوەسی خۆیان بەرپرسانی دارایی هۆز بگۆڕن. لەکاتێکدا هاوەڵەپیاوەکانیان ئەو کارانەیان دەکرد کە ژنان لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکاندا دەیان کرد. “لە لەدایکبوونەوە تا مردن هیچ،  ساتێک نەبووە کە پیاو پەیڕەوی لە هێزی ژن نەکردبێت و نەکەوتبێتە ژێر کاریگەری هێزییەوە. هێزێک کە ژن بە هۆی باڵادەستی خۆیەوە لە خێزاندا فراوانی کردووە یان لە کڵاندا بەدەستی هێناوە”. بەوپێیەی کە ژنان خاوەنی سەرەکی شوێنی نیشتەجێبوونن واتە خاوەنی خێمە و هەموو شتەکانی ناوین، ئەوا لەکاتی نەگونجان توانیویانە هاوڵەپیاوەکانیان یان مێردەکانیان دەربکەن. هەڵسوکەوتێک کە لەلایەن یەکەم دۆزەرەوەکانی دونیای تازەوە بە دیکتاتۆری زیرەکانە ناوزەد کرابوو.

دۆخی ژنان لە سەرەتاکانی چاخی بەردینی نوێدا

بەنزیکەی  ١٠ هەزار ساڵ پێش زاین، لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچییەکاندا، یەکەم شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ ڕوویدا، کە تێیدا ڕاوکردن [تایبەت دەبێت بە] پیاوان و  لەگەڵ ئەوەشدا کۆکردنەوەی خۆراک، کشتوکاڵی و باخچەوانی[5] دێتە ئاراوە. ئی بۆڵدینگ وەک گۆردۆن چایڵد و ئەوانی تر، وابیردەکاتەوە کە کشتوکاڵ داهێنانی ژنان بووە.

وردە وردە کە شوێنی نیشتەجێبوون جێگر دەبێت و ڕاوکردنیش کەمتر دەبێتەوە؛ ئەوا بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک بە پلەی یەک، پشت بە کۆکردنەوەی میوە و دانەوێڵە و چاندن دەبەسترێت. ژنان تێبینی چەکەرەکردن و چاندنەوەی دانەوێڵە دەکەن. ئەم داهێنانە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان، باشتر شارەزایی لە تەکنیکە تازەکاندا بەدەست بهێنن. وەک دروستکردنی ئاشی بەردین یان دەستهاڕی گەورەتر و قورستر بۆ هاڕینی دانەوێڵكەکان، دروستکردنی دەفری گەورە بۆ پاراستنی دانەوێڵە و داهێنانی یەکەم دەفرە گڵینەکان کە گۆردۆن چایڵدیش ئاماژەی پێدەدات. دواتر ژنان چنین و ڕستن دادەهێنن. ئەم چالاکیانە دنیایەک ئەزموون و فێربوون کەڵەکە دەکات و دەبێتە هۆی لەدایکبوونی چەندین بواری زانست.

لەگەڵ زۆربوونی هێز و باڵادەستی ژنان لە داهێنان و چالاکییەکاندا ئەو گریمانەیە دێتە پێش کە بەهەمان شێوە دۆخیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گەشەی کردووە و فراوانتر بووە. [فراوان بوونی ڕۆڵی ژنان] تەنیا ئەوە نەبوو کە تەکنیکە تازەکان، فێری وەچەکانی دوای خۆیان بکەن یان ئەوەی کە ڕەچەڵەک لە ڕێگەی ژنەوە دەگواسترایەوە، بەڵکو ئەوەش بوو کە یەکەم خواکان مێینە بوون.

جێگرەوەی ئەو پەیکەرە بچوکە ژنانەیەی، کە لە بەرد و عاج لە چاخی بەردینی دێریندا دروستدەکران و بەتۆخی تایبەتمەندییە ڕەگەزییەکانی تێدا دەبینرا، ئەو پیکەرە هاوشێوانەبوون کە بە زۆری لە گڵەسور دروستدەکران و لە پەرستگە و شوێنی نیشتەجێبوون لە چاخی بەردینی نوێدا بەفراوانی هەبوو. بەم پەیکەرانەیان دەوت خوای دایک یان دایکەخوا، لەبەرئەوەی لەهەناویی عەرزەوەیە کە چەکەرەکردن سەرهەڵدەدات؛ بۆ خەڵکانی چاخی بەردینی دێرین هێمای ژنانی سکپڕ و ئاوس بوو.

لەم شارستانییەتە دایکڕەچەڵەکەدا، هیچ جۆرە ئاماژەیەکمان دەستناکەوێت کە دەرخەری چالاکی دوژمنکارانەی [نێوان هەردوو ڕەگەز]بێت. ئەم تیۆرییەی گۆردون چایڵد بە پاڵپشتی بەڵگەی نوێ تر کە جەخت لەوە دەکاتەوە کۆمەڵگاکانی سەرەتای چاخی بەردینی کۆن، کۆمەڵگای زۆر هێمن و ئاشتیخواز بوونە.

دۆخی ژنان لە ناوەڕاستەکانی چاخی بەردینی نوێدا

لە ناوەڕاستەکانی چاخی بەردینی نوێدا، لە ماوەی ٣ بۆ ٦ هەزار ساڵ پێش زاین، دووەم شۆڕشی تەکنیکی هاوکات بوو، لەگەڵ تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوانی سەر ئەرز [واتە بەشێوەیەکی فراوان ژمارەی دانیشتوانی سەر ئەرز بەبەراورد بە ڕابردوو زۆر زیادبوو] و ئەمەش گۆڕانکاری تەواوی بەسەر شێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا هێنا و هەروەها گۆڕانیشی بەسەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا هێنا. تایبەتمەندییە  جیاکەرەوەکانی ئەم شۆڕشە بریتین لە: دۆزینەوەی وزەی تازە(وەک هێزی گا، ئاو و هەوا) و داهێنانی تەکنیک و کەرەستەی نوێی پێشکەوتووتر(وەک گاسن، ئاشی هەوایی و ئاوی و بەلەمی چارۆکەدار) و شێوە تازەکانی گواستنەوە، ناسینی تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی کانزاکان و پرۆسەی کیمیایی کە زەمینەی توانەوەی کانی مسی دەستەبەرکرد و هەروەها داهێنانی ڕۆژمێری هەتاویی و  ئەندازیاری بە خشت و بیرکاری پراکتیکی. لەم ماوەیەدا، پیاو وەک بکەری بەرهەمهێنەری کشتوکاڵی، شوێنی ژن دەگرێتەوە [ واتە ژن ئەو پێگەیە لەدەست دەدات]، عەرزە فراوانە کشتوکاڵییەکان شوێنی پارچە بچوکە عەرزە کشتوکاڵییەکان دەگرنەوە و گاسنی پیاو دەبێتە بەدیلی ئامێری گیاهەڵکەنی ژن.

زیادەی بەرچاوی خۆراک و خواردەمەنی، ئیمکانی هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوان و پێکەوەژیانی لە شوێنێکدا دەستەبەرکرد و شارۆچکەکان، شوێنی کۆمەڵە بچوکە مرۆییەکانی چاخی بەردینی دێرین و گوندە کۆنەکانی چاخی بەردینی نوێی گرتەوە و ئەمەش دواتر زەمینەی بۆ دروستبوونی شارەکان ڕەخساند. شار کە لە زیادەی کشتوکاڵی و هەبوونی چینێکی تر خۆراک وەردەگرێت، دەبێتە یەکەم شوێنی دەرکەوتنی ململانێی چینایەتی و هەروەها گەشەکردنی خاوەندارێتی و کەڵەکەبوونی بەدوای خۆیدا هێنا. دابەشبوونی کار لە شارەکاندا هەلومەرجی هاتنەپێکهاتنی پیشەگەر، پیاوی ئاینی و سەربازی ڕەخساند کە خزمەتیان بە دەوڵەمەندەکان دەکرد. کەڵەکەکردنی شتومەک لەلایەن کەمینەیەکی دیاریکراوەوە بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگای دەوڵەتی کە لەسەر بنەڕەتی کۆیلایەتیی چینە کۆمەڵایەتییەکان و خراپبوون  و داوەشانی دۆخی ژنان بەڕێوەدەچوو.

شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو میکانیزمانەی کە بووە هۆی داوەشین و خراپبوونی [ڕەوش و پێگەی ژنان] لە ئەستۆی ژنانی مێژوونوس و ئەنسرۆپۆلۆگ دایە. لە ڕوانگەی «ژرمن تیۆن»ـەوە ئامانجی نوێی گەشەکردنی ئەو خێزانانەی کە لەیەک شوێندا لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە دەژیان و بەهۆی فراوانبوونی دانیشتوان و [بەردەستی] خواردەمەنییەوە سەرپێ کەوتبوون، دروستکردنی گروپ و شێوازی تازەی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا دیاری دەکات. شوێنی هاوسەرگیریی دەرەکۆمەڵی [6]کە بەمەبەستی بەردەوامبوونی ژیانی ڕاوچییەکانی چاخی بەردینی دێرین ئەنجام دەدرا، تاوەکو لە نێوان قەڵەمڕەوە جیاوازەکانی ڕاوکردندا یەکگرتن و تەبایی بێتە ئاراوە [و بەردەوامبوونی پێکەوە ژیان مومکین بکات]، هاوسەرگیریی ناوکۆمەڵی [7]جێیگرتەوە کە تێیدا هەموو کچانی کۆمەڵەکە وەک بکەری وەچە خستنەوە لەلایەن گەورەکانی خێزانەوە بۆ ئامۆزا و خاڵۆزاکانی خێزان دەستنیشان دەکران.

ئەمە سەرەتای داخستنی دەرگاکانە بە ڕووی ژناندا. یەکگرتن و تەبایی لە ڕێگەی هاوسەرگیری ئەو ژنانەی کە لە کڵانەکانی ترەوە دەهاتنە ناو [کۆمەڵەوە] دەگۆڕێت بۆ شەڕکردن و جەنگ. ئێستا ئیدی دەبێت لە ڕێگەی هێزەوە عەرزی هاوسێکان بەدەستبهێنرێت بۆئەوە گەشە بە عەرزەکان بدرێت و ئەگەر عەرزەکە بێ‌فەڕ بوایە؛ ئەوا دەبوو سەرچاوەی تر بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان وەدەست بخستایە و سەرکەوتن لەمەشدا بە زۆری دەستی ئەوانە دەکەوت کە بەهێزترین بوون و [بەم‌شێوەیەش] جەنگە ناوبەناوەکان شوێنی پەیمانە ئاشتەواییەکان دەگرێتەوە. ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە لەلایەن ئەو توێژینەوە تازانەی کە سەبارەت بە بڕگەی پێش‌مێژوو[8] ئەنجامدراوە پشتڕاست دەبێتەوە. [ئەم گۆڕانکارییانە] بووە هۆی ئەوەی کە بە ئامرازبوونی ژنان شێوەبگرێت و ڕۆڵیان کورتبێتەوە بۆ بوونەوەری بەپیت و کارەکەری وەچەخستنەوەی خێزانی.

[گۆڕانکارییەکانی] ناوەڕاستەکانی چاخی بەردینی دێرین، هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و سروشت، نێوان مرۆڤ لەگەڵ هاوجۆرەکانیدا و هەروەها هاوسەنگی دابەشبوونی کار لەسەر بنەڕەتی ڕەگەز، کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی یەکێکیان بەدەست ئەویتریان بونیاتنەنراوە، تێکدەدات. خەڵکانی ڕاوچی، ماسیگر و شوان لە هاوسەنگی تەواو لەگەڵ سروشتدا دەژین و هەوڵدەدەن سەرچاوە سروشتییەکان بە فیڕۆ نەدەن و هەوڵدەدەن نەزمی ژینگەی سروشتی کە تاکە سەرچاوەی ژیانیانە نەشێوێنن و تێکی نەدەن… بەڵام جوتیار بۆ بەردەوامبوونی ژیانی خۆی ناچارە بە شێوەیەکی تر هەڵسوکەوت بکات. ئەو ئیدی ناتوانێت تەحەمولی ئەوە بکات ئاژەڵگەلێک کێڵگە گەنمییەکەی تێک بدەن… هەروەها ناتوانێت بەرگەی گەشەسەندنی دارستانەکان بگرێت کە باشترین عەرزە جوتیارییەکانی لەخۆگرتووە.

[بەناچار] دارستانەکان لەناو دەبات… هۆزە کۆچەرییەکان لە چالاکییە نابەرهەمهێنەرەکانیاندا جێگیربوون، بەڵام هۆزە بەرهەمهێنەرەکان کە لە شوێنکدا گیرساونەتەوە و نیشتەجێبوون، جێگیر نین و لەڕووی ئیکۆلۆژییەوە زیاتر لەوەی کە کاریگەریان هەبووبێت کاریگەربوون و بەبەردەوامی بە شوێن پێشکەوتنەوەن کە تابێت زیاتر لێیان دوور دەکەوێتەوە و بەبەردەوامی خەریکی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنان و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی عەرزی تازە، ئەویش لە ڕێگەی جەنگ و لەناوبردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارەکانەوە شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن. لەدەرەنجامدا، لەگەڵ ئەوەی کە کشتوکاڵ جێگیر دەبێت، گۆڕستانی فراوان کە پڕبوون لە گۆڕی بە کۆمەڵ و هەروەها ئەو تەرمانەی کە زۆرتر بە ڕم کوژرابوون پەیدا دەبێت.

هەر لەم کاتەدایە کە دەسەڵاتی ژنان لە ئوستورە و ئایندا دەپوکێتەوە. «لەکاتێکدا بەدرێژایی هەزاران ساڵ تەنیا “خودای دایک” دەپەرسترا. پەیکەری بچوک بە تایبەتمەندییە پیاوانە و ڕەمزی پیاوبوون و نێرینەییەوە دەردەکەوێت کە لە گڵەسورە دروستکراون و یان لە بەرد هەڵکۆڵراون. ڕەمزی لەو جۆرە، ئاماژەیە بە زانینی ڕۆڵی باوک لە وەچەخستنەوەدا، کە بووە هۆی دەرکەوتنی خوا نێرەکان [لەکاتێکدا پێشتر خواکان مێینەبوون]. هەروەها لاوازبوونی بنچینەی ئایدۆلۆژیای دایکڕەچەڵەکی لە بڕگەیەکدا ڕوودەدات، کە گاسن واتە کەرەستەی کاری پیاو دەبێتە شوێنگرەوەی گیاکەن واتە کەرەستەی کاری ژنان و دواجار ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی کە بنچینە ئابوورییەکانی دایکڕەچەڵەکی لەناوبچێت [و ژێرخانی دایکڕەچەڵەکانە لە کۆمەڵگادا بپوکێتەوە].».

ئەم بڕگەیە دەرخەری ئەوەیە کە تێکدانی سروشت و داوەشین و خراپبوونی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵە جیاوازەکان هاوکاتە لەگەڵ نەویبوونی پێگەی ژنان و چەقبەستنیان لە خێزان و شاردا. شکۆ و فراوانی هێزی پیاوان لە دووەم شۆڕشی چاخی بەردینی دێرین و ناسینی ڕۆڵیان لە وەچەخستنەوە و باڵادەستبوونیان بەسەر هێزی ژنانەدا ئەو هەلومەرجەی ڕەخساند کە پەیوەندیی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە ئاوەژوو بکاتەوە بەبەراورد بە سەرەتاکانی چاخی بەردینی نوێ.

سەرچاوەی وەرگێڕان: جنبش زنان: فمینیسم. نویسنده: آندره میشل. مترجم: هما زنجانی زاده


[1]– Paleolithic

[2]– Neolitic

[3] – ڕوانگەی ژیل لاپۆژ و هاوشێوەکانی لەمەڕ پۆرنۆگرافیا ئەوەندەی ئایۆلۆژییە، نیوهێندە مێژوویی نییە و پشت بە بڕگە مێژووییەکان بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی پۆرنۆگرافیا نابەستێت. بەپێچەوانەوە؛ ئەوەی ژیل لاپۆژ دەیکات، بە سروشتیکردن و لەمێژووداماڵینی پۆرنۆگرافیاییە و هاوکات بێناوەڕۆککردنی پۆرنۆگرافیایە، لەگەڵ گشتاندنی بۆ هەموو سەردەمەکان. و.ک

[4] – کڵان (Clan) هاوشێوەی خێزان لە جیهانی هاوچەرخ و بڕگەی شارشتانییەتدا،  بچوکترین یەکەی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی سەردەمی پێش شارستانییەت بووە. خێزانی مۆدێرن، بە گشتی پێکدێت لە؛ باوک، دایک و منداڵ. لە بەرانبەردا کڵان پێکهاتووە لە دایکان، خاڵوان و منداڵان. لەم بڕگەدا مێرد، باوک یان مێردایەتی و باوکایەتی لەئارادا نەبووە. و.ک

[5]– horticulture

[6]– Exogamy

[7]– Endogamy

[8]– prehistory

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …