Home / مێژووى جیهان / ژنی پێش مێژوو و جێهێشتنی قووڵایی تاریکی

ژنی پێش مێژوو و جێهێشتنی قووڵایی تاریکی

ماریلین پاراتو ماتیس

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

ڕەوتی مێژوو چۆن بەرەو پێش ڕێی دەکرد ئەگەر وێنەکێشانی ئەشکەوتەکانی پێش مێژووی لاسکۆ، ڕاوچییانی گاکێوی و وەستاکارانی پێش ئێمە، ژن دەبوون؟ یەکەم لێکۆڵەرەوانی شارەزای سەردەمی پێش مێژوو، بە پراکتیککردنی مۆدیلێکی باوکسالارانە و یاسای تیۆلۆژی بەرەنجامی، بوونە هۆی سەر هەڵدانی ئەو ئوستوورانەی کە ژن دەخاتە پێگەی خوار پیاوانەوە، بەڵام میتۆدی زانستی پێویست دەکات لە پێشداوەرییەکان دوور بکەوینەوە و دووبارە چاو بە پێگەی (ڕەگەزی دوەم)دا بخشێنینەوە.

هیچ جۆرە بەڵگەیەکی شوێنەوارناسی پشتڕاستی ناکاتەوە کە پێگەی ژن لە چاخی بەردین لە خوار پێگەی پیاوەوە بووە. شوێنەوارناسان لەو باوەڕەدان کە بە بەڵگەی وێنەی زۆری ژنان و جێگرتنیان لە چەقی بیروباوەڕەکانەوە، لەم کۆمەڵگایانەدا پێگەیان باڵاتر بووە و ئەم گریمانەیە دەربارەی چەندێکیان سەلمێنراوە، بەڵام ئایا ئەوە تاکە بەڵگەی بوونی ئەو پێگە باڵایەیە؟ هەندێک لێکۆڵەرەوەی دیکە باوەڕیان وایە کۆمەڵگای مرۆیی ئێمە لە چاخە کۆنەکان، ڕەچەڵەکیان بۆ دایک گەڕاوەتەوە و تەنانەت دایکسالار بوون.

زۆر جار دەربارەی وشەی دایک ڕەگەزی و دایکسالاریی سەرمان لێ دەشێوێت. ژنان لە کۆمەڵگاکانی دایکسالار جڵەوی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و داوەرییان بەدەستەوە بووە و لە کۆمەڵگای دایک ڕەگەزی، بنەچەی خێزان لە ڕێگای دایکەوە دیاری کراوە. ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی ژنان لە وشەی دایکسالاردا هەیە و لە ڕوانگەی ڕیشەی کەلتووری لە زمانی یۆنانی (arkein)، واتا ڕێنمایی و سەرکردایەتییکردن.

دایکسالاری هەبووە
هەر چەند پلەبەندی لە جۆرە جیاوازەکانی گیانەوەران وەک مەیموونەکانی بۆنوبۆ بە پێی ڕەگەزی مێیە، بەڵام ئەمڕۆ ئاسەواری دایکسالاری نەماوە و تەنانەت تا سەرەتای نەوەدەکان لە قەومی نا (Na)، تبت و دانیشتوانی دۆڵە دوورە دەستەکانی پارێزگای (یون نان) لە چین، دایکسالاری هەبووە، کە ئەمڕۆ بە تێپەڕینی کات نەماوە. لە جیاتی، دەتوانین بڵێین لە هەموو کیشوەرەکانی سەر زەوی، سەردەمی دایک ڕەگەزییان بەخۆیانەوە دیتوە و هەر وەک لە هەندێک کۆمەڵگا بەردەوامە.

بە سەرنجدان لەوەی پیاوان لە سەردەمی کۆن لە زۆربەی شارستانییەتەکان، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی – ئابووریان لە سەرووی دەسەڵاتی ژنانەوە بووە، زۆربەی نووسەران بڕوایان وایە لە سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤەوە بارودۆخ هەر بەو شێوەیە بووە. ئەوان تیۆری پەسەندکراوی زاناکانی سەدەی نۆزدەیەم ڕەت دەکەنەوە کە بوونی کۆمەڵگای دایکسالار لە سەرووی کۆمەڵگای باوکسالارەوە دەزانن و ئەوە مشتومڕێکە لە سەدەی ڕابردوو لە نێوان لێکۆڵەران گەرم بووە و هەر وەک گەرمە. (دایکسالاری سەرەتایی) بۆ زۆربەیان تەنیا ئوستورەیەک بووە لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باوەڕیان وایە کە سەرهەڵدانی باوکسالاریی بۆ سەردەمی چاخی بەردیین دەگەڕێتەوە.

شک و گومان دەربارەی دایکسالاری سەرەتایی
دیاریکردنی باوکی منداڵێک لە بارودۆخی نەمانی حەرامسەرای کەسی لە ناو خێڵدا ئەستەم بووە و تەنیا دایک دەیتوانی دیاری بکات باوکی منداڵەکەی کێیە. مرۆڤناسانی هۆڵەندی برۆنیسلاڤ و مالینۆڤسکی و مافناسی سویسرایی یاکوب باخۆفن باوەڕیان وابوو دایک ڕەگەزی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا هەبووە. باخۆفن لە ساڵی (1861) بە پشتبەستن بە ئوستوورە کۆنەکان و سەفەرنامەکان بە تایبەت سەفەرنامەکانی باوکی جۆزێف فرانسوا لافیتۆی بانگەوازخوازیی مەسیحی سەر بە لقی ژزوییەت کە سەردانی فەڕەنسای نوێ (کەنەدا)ی کردوە، بووە پاڵنەری تیۆرەیەک کە سەردەمی سەرەتایی بە سەردەمی ژنسالاری و مافەکانی دایکان دەزانی، چونکە ژنان بە قۆستنەوەی ڕەمز و ڕازی دووگیانی، سەرکردایەتی خێڵییان کردوە و بە هۆی پەرستنی (خوای گەورە)، دەسەڵاتییان لە دایکەوە بۆ کچ گواستوەتەوە.

کۆمەڵێک مرۆڤناس و فەیلەسوفانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بوونی دایکسالاری سەرەتایی، یان لانی کەم یەکسانییەکی کۆمەڵایەتی ژنان و پیاوانیان پشتڕاست دەکردەوە. باوەڕییان وابوو کە پەڕینەوە لە ئابووری لە سەر بنەمای ڕاو (مرۆڤی ڕاوچی – کۆ کەرەوە) بۆ مرۆڤی بەرهەمهێنەر (کشتوکاڵ – شوان)، دەسەڵاتی بۆ پیاوان گواستەوە و دیاریکردنی وەچە لە ڕێگای باوکەوە و سەرەنجام بووە باوکسالاریی.

بە تەواوی جێگای گومانە
ئەم تیۆرە کە تا سەرەتای سەدەی بیستەم لایەنگرێکی کەمی لای شوێنەوارناسان هەبوو، دووبارە لە سییەکاندا خرایەوە ڕوو. بە پێی ئەم تیۆرە، ستراکچەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکانی پێش مێژوو بەدرێژایی کات وەرچەرخاوە و سەرەتا خێڵەکی، پاشان دایکسالاری لەگەڵ نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە و سەرەنجام گەیشتە ستراکچەری خێزان (پێکهاتوو لە ژن و مێرد) و ڕەشماڵنشینی. ئەم وێنە هەڵەیە کە شوێنەوارناسی ڕووس پیتەر ئەفیمنکۆ ناسێنەری بوو، ئەمڕۆ بە تەواوی جێگای گومانە.

ماریجا گیمبۆتاسی پسپۆڕی چاخی برۆنزیی یان ئەلبرۆنزی دوای سێ ساڵ، کۆمەڵگاکانی پێش هیندۆ ئەورووپی بە (دایک ڕەگەز) وەسف کردوە و لەوباوەڕەدابوو کە ئەم کۆمەڵگایانە بۆ ماوەی (27) هەزار ساڵ بەردەوام بوون تا وردە وردە سنووری (300) ساڵ پێش چاخی زایینی، بان نشینەکانی ئاسیای ناوەند شوێنی خێڵە ڕەشماڵنشینە کۆچەرییەکانیان گرتوەتەوە. شارستانییەتەکانی دەریای ناوەڕاست (خاوەن گۆڕە سەردابەکان)، کە مردوەکانی خۆیان لە گۆڕی دوستکراو لە لایەن مرۆڤەوە لە ناو بەردەکاندا دەشاردەوە، ئەویش بەڵگەیەکی دیکەی سەرکردایەتیکردنی دایکسالاری بووە لە کۆمەڵگاکانیان. گیمبۆتاس باوەڕی وابوو بە هاتنی کۆچبەرانی سوارە، نەریتەکانی شەڕانگێزانە و باوکاسالارانە بە سەر شارستانییەکانی ڕەسەن و دایکسالاردا باڵادەست بووە.

ئەم تیۆرەش ڕەخنەی لێ گیرا، چونکە دۆزینەوەی چەک و خاڵی بەهێز بۆ پێش ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی خێڵە ڕەشماڵنشینەکان بە ئارامی و وردە وردە ئەنجام دراوە.

مێژوونووسانی ئەمریکی لە هەشتا و نەوەدەکان بوونە پاڵنەری ئەو تیۆرەی کە کەلتوورەکانی پێش مێژوو، دایک ڕەگەز، دوانەیی بە یەکسانی و ئاشتیخواز و کەمتر لە کۆمەڵگای باوکسالار، لە سەر پلەبەندی بونیاد نراوە. لێکۆڵەرەوەیەکی زۆریش ڕەخنەیان لەم تیۆرە گرت. بوونی کۆمەڵگای دایکسالاری لەباری ئوستوورەی دونیایانەی وەرگیراو لە ڕۆمانتیزم (چاخی زێڕین)ە، کە باوەڕی وابوو باڵادەستی ڕەگەزێک بە سەر ڕەگەزێکی دیکەوە نەبووە. دایکسالاری لە ڕوانگەی ئەمانوێل تۆس، کە یاکوب باخۆفن خستوویەتییەڕوو، بەرەنجامی خەیاڵپڵاوییەکەی بوو. تۆد باوەڕی وایە پێگەی ژن لە کۆمەڵگایەکدا پلە بە پلە لە کۆمەڵگای دایکسالاری باڵاتر بووە، کە تێیدا (دیاریکردنی ڕەچەڵەکی خێزان لە سەر بنچینەی باوک یان دایک) بووە. بەم شێوەیە دایکسالاری (سەرەتسیی) تەنیا ئوستوورەیەکە! لایەنگرانی پشتدەبەستن بە بەڵگەکانی بنەچەی مرۆڤایەتی و دژەکانیشی نموونەی جیا جیا لە کۆمەڵگای نەریتی دەکەنە شاهید کە تێیدا یەکسانخوازی ئابووری – کۆمەڵایەتی کاریگەری بە سەر پێوەندی ژن و مێردایەتییەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کۆمەڵگاکانی دایکسالاری زۆر نییە، بەڵام ناتوانین ئینکار لە بوونی کۆمەڵگایەک بکەین کە تێیدا پێوەندییەکانی ژن و مێرد هاوسەنگ بووە وەک گەلی (سان) لە ئەفریقای باشوور.

وتارێک لە بڵاو کراوەی (مێژوو) چاپی نۆڤەمبەری (1992) (هەرگیز دایکسالاری نەبووە)، بەرچاو دەکەوێت. ئەم ڕستە کورتوکرمانجییە بەڵگەی ئەو لێکۆڵەرەوانە دەپشکنێت، کە لەو باوەڕەدان باوکسالاری سەرەتایی نەبووە و وردە وردە ئەو سیستمە سەقامگیر بووە، چونکە بە هۆی گۆڕانکاریی ئابووری، ستراکچەری کۆمەڵگای ڕاوچی – کۆ کەرەوە گۆڕاوە و کەڵەکەبوونی سەرمایە کە لە چاخی بەردین هەبووە، بارودۆخی بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ، ماڵیکردنی ئاژەڵەکان و پەروەردەکردنی گژوگیاکان ڕەخساندوە و هۆکاری دەرکەوتنی چالاکی نوێی وەک پاراستن و ئاگاداریکردنی دارایی بووە و پیاوان توانای جەستەییان زیاتر بووە، ئەو ئەرکە خراوەتە سەرشانیان. بەم شێوەیە پەیتا پەیتا بوونە خاوەنی ڕانە مەڕ و بەربوومی کشتوکاڵی و باوک ڕەگەزی هۆکاری گواستنەوەی سامان بووە لە باوکەوە بۆ کوڕ. بە پێی تیۆری لوی شتڕاوس لە کتێبی ستراکچەرە سەرەتاییەکانی خزمایەتی، لەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە ڕێکخرابوون، موڵکدارییەتی و کۆنتڕۆڵکردنی منداڵ مایەی گشتاندنی مافی باوک و قەبووڵکردنی بوو، بەڵام سەر هەڵدانی باوک ڕەگەزی لە مەودایەکی دوورودرێژ ئەنجامدرا. گۆڕانکاری ئابووری – کۆمەڵایەتی بینراو لە چاخی بەردین بە ئەگەرێکی زۆر پێوەندی نێوان ژن و مێردی گۆڕی.

ئالویا گازالەی فەیلەسووف لە باسکردنی سەر هەڵدانی باوکسالاری دەڵێت: (پیاو بوو یەکەم هاوسەنگی نێوان ژن و پیاوی تێکدا. کۆتایی بە دونیای تێکەڵاو، ئەو دونیایەی هێنا، کە ژنان ماف و ئازادییەکی فراوانیان هەبوو و ڕێزییان لێ دەگیراو دەپەرستران و دونیایەک لە سەر بنچینەی هەڵخەڵەتاندن، کە تێدا ژنان لە پێگەی خوارتر، بەند بوون و دەسەڵاتی خۆیان لە دەستدا بوو).

لە بەرەبەیانی ئەم شارستانییەتە نوێیە، باڵادەستی پیاوان گوازرایەوە و لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست ئوستوورەکان بە پشتبەستن بە ئاماژە و وێنەکان، میتافیزیک و گەڕانەوە بۆ تیۆرەکان، ئایین و جەختکردنەوە لە یاسای خوا و زانست بە سوودوەرگرتن لە فیسیۆلۆجی، ئەم تیۆرەیان بەهێز کرد.

سەر هەڵدانی چینی بژاردەی شەڕڤان
فریدریک ئەنگڵس لە ساڵی (1884)، جێگرتنەوەی لە سەر خۆی دایک ڕەگەزی بە باوک ڕەگەزی، بە گەورەترین شکستی مێژوویی ژنانی لە قەڵەم دا.

دوای (120) ساڵ، ئەمانوێل تۆد جەختدەکاتەوە ئەگەر باوک ڕەگەزی هۆکاری گەشەکردنی کێشەی ئاڵۆزتر بوو لە خێزان و بڵاو بوونەی لە ناوچەی ئۆراسیا (ئەمە ناڕاستەوخۆ واتا کێشەیەکی دیکەی پێش باوک ڕەگەزی هەبووە)، بەڵام هاوکات هۆکاری هاتنەخوارەوەی پێگەی ژنان بووە و دایکان لە گواستنەوەی کەلتووریی کەمتر ڕۆڵییان بینیوە. هەر بۆیە ئێمە نموونەی دەگمەن لە کۆمەڵگای دایکسالاری دەبینین (کۆمەڵگای دایک ڕەگەزی کە مێرد پابەند بووە بە نیشتەجێبوون لە ماڵی ژن). لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە باوکاسالاری وەک کارێکی جیهانگر قەبووڵ کراوە و گوێڕایەڵی ژنان کە بۆخۆی جۆرێکە لە تووندوتیژی، بەرەنجامی ئەم دابەشکردنی کار بووە لە سەر بنەمای بنەچە.

ژنان پێگەیان باڵاتر بووە
ژنان لە چاخی بەردینی کۆن، بە منداڵ خستنەوە و پەروەردەکردنی منداڵ، ڕۆڵی ژیارییان لە بەردەوامی خێڵ هەبووە کە دیاریکردنی باوک ئاسان نەبوو، بە ئەگەرێکی زۆر دایک باوکی منداڵەکەی دیاری دەکرد، ژنان بە بەشداریکردن لە چالاکی جۆراوجۆر، ڕۆڵی ئابووری بەرچاویان هەبووە و پێگەی کۆمەڵایەتییان یەکسان بووە بە پیاو. بە سەرنجدان لە بەرهەمە هونەرییەکانی چاخی بەردینی کۆن و زۆری وێنەی ژنان، دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە لە بەشێک لە کاری وەک ئەرکی ماڵداری و سەمبۆلیکی ژنان پێگەیان باڵاتر بووە. ئەگەر لە ڕووی ئەقڵەوە بەو ئەنجامە بگەین کە پێوەندی ژن و پیاو لەم کۆمەڵگایانەدا هاوسەنگ بووە، لە ئێستادا هیچ بەڵگە و دەلیلێکمان نییە ئاماژە بە بوونی کۆمەڵگای دایکسالاری ژێر هەژموونی ژنان بکات. ئەو ئەگەرە هەیە کە باوک ڕەگەزی لە چاخی بەردینی کۆن وردە وردە جێگای دایک ڕەگەزی گرتوەتەوە، بەڵام لە هەموو شوێنێک نا، چونکە هێشتاش لە هەندێک شوێنی جیهان دایک ڕەگەزی هەیە.

ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی – ئابووری لە چاخی بەردینی کۆنی کۆمەڵگای سەرەتایی کشتوکاڵی، ژنان ئیشوکار و کشیوکاڵ و ئامڕازی کشتوکاڵی وەک قۆتیلکە و بەرداشی ئاشییان بۆ وردکردنی دانەوێڵەکان دروست دەکرد. سنووری (6000) ساڵ پێش چاخی زایینی، بە هۆی نیشتەجێبوونی مرۆڤەوە (پەیدابوونی یەکەم گوند) و زۆر بوونی خۆراک، ژمارەی دانیشتوان زیادی کرد و ڕێکخستنی کۆمەڵگا گۆڕانی بە سەرداهات. گەشەی بەخێوکردنی ماڵات و لەوانەیە زاڵبوون بە سەر هونەرەکانی کشتوکاڵکردن وایکردبێت کە پیاوان وردە وردە ئیشوکاری کشتوکاڵ بە دەستەوە بگرن. سوودوەرگرتن لە خوری و شیری ئاژەڵەکان، بووە هۆی زیاتر مانەوەی ژنان لە ماڵەوە. زۆربوونی سامان، بووە هۆی ئەوەی پیاوان بایەخی زیاتر لە کۆمەڵگا دەستەبەر بکەن و سەرەنجام ئەم گۆڕانکارییانە، فۆرمێکی نوێیان بە پێوەندی کۆمەڵایەتی داو دەستەبژێران و کۆمەڵەکانی وەک شەڕڤانانی دروستکرد و دابەشکردنی کار لە سەر بنەمای بنەچە بایەخی زیاتر بوو، ژنان پابەندبوون بە ژیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی پیاوەکانیان و باوک ڕەگەزی پەرەی ستاند. بە توێژینەوە لەو کەلوپەلانەی لە گۆڕی ژناندا هەبووە و پشکنینی ئێسکەکانیان (فرەیی سنوورداری کەلوپەلەکانی ناو گۆڕ و بەگشتی کەرەستەی ژنانە)، کە کۆنییان بە (5000) ساڵ دەگات، کاریگەریی ئەم گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە لە بارودۆخی ژنان ئاشکرایە وەک نەخۆشییەکانی دەرەنجامی کاری قورس، هەڵگرتنی کۆڵی گران، زۆر دووگیانبوون، بەدخۆراکی بە هۆی کەمبوونی پرۆتین (بەزۆری کلۆربوونی ددانەکان ئاماژەیە بەوەی خۆراکی سەرەکی ژنان دانەوێڵە و گژوگیاکان بووە). پێویستە بڵێین کە خشڵ و زێڕوزیووی خۆڕازاندنەوە لە زۆربەی قەبرەکانی ژناندا هەبووە و وەک خۆیان ماونەتەوە و زیانیان بەرنەکەوتوە و لە ڕاستیدا بارودۆخییان پێوەندی بە هەلومەرجی ژیانییانەوە هەبووە.

لێکۆڵینەوەیەک کە لە (150) ساڵی ڕابردوو بۆ پاشماوەی شوێنەوارناسی کراوە، ڕۆڵی ئابووری ژنانی کەم بایەخ پیشان داوە و سەرەنجام بووەتە هۆی سڕینەوەیان. دۆزینەوەی نوێ هاوڕێ بە ڕوانینی نوێ بۆ ڕۆڵی ژنان دەری دەخات بایەخییان، لە ڕەوتی وەرچەرخان، هاوسەنگی پیاوان بووە.

سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، اکتبر 2020

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

RENA-1

کورتیەک ل سەر رێنسانسێ

ئاماده‌كردنی عوسمان شه‌نگالی رێنسانس چیە و کەنگێ پەیدابوویەو بکارئینانا زاراڤێ رێنسانسێ(نهضة)بۆ ئێکەم جار.  بابەتێ رێنسانسێ جهێ …