Home / مێژووى جیهان / مێژووی دەزگای هەواڵگری لە فیرعەونەکانەوە بۆ CIA ئەمریکا

مێژووی دەزگای هەواڵگری لە فیرعەونەکانەوە بۆ CIA ئەمریکا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هیچ کاتێک حەزم بە بابەتی هەواڵگریی و ئەمنی نەبووە، لەوانەبێت لەمەشدا سەرقاڵبوونم بە ئەدەب و فکرەوە هۆکارێک بوبێت، بەڵام لەم ماوەیەی پێشوودا بە رێکەوت چاوم بە کتێبێک کەوت، باسی مێژووی دەزگای هەواڵگریی دەکرد لە جیهاندا، راستییەکەی ناوەڕۆك و بابەتە گرنگەکانی ناو کتێبەکە زۆر سەرسامی کردم و کۆمەڵێک زانیاریی سەیرم لەم کتێبەدا دەستکەوت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مێژووی چۆنێتی دروستبوونی دەزگای هەواڵگریی لە مێژووی کۆنەوە تاوەکو ئێستا هەیە. ئەو کتێبەش بە زمانی عەرەبی لە ژێرناونیشانی « تاریخ المخابرات من الفراعنة الی وکالة الامن القومي الامریکي NSA) کە لەلایەن « ۆلڤگانگ کریگەر» نووسراوە و « عەدنان عەباس عەلی» لە ئەڵمانییەوە کردوێتی بە عەرەبی.

ئەم نووسەرە ئەڵمانییە و مێژوونووسە و کەسێکی ئەمنیی و شارەزاییەکی زۆر باشی لە بواری هەواڵگری هەیە و کۆمەڵێک کتێبی لەبارەی مێژووی دەزگای هەواڵگری هەیە. سەرەتا دەمویست بە زمانی ئەڵمانی ئەم کتێبە بخوێنمەوە، بەڵام زەحمەت بوو بەم زووانە دەستم بکەوێت، دواتر کاتێک سەیری ژیاننامەی وەرگێڕەکەم کرد، سەیرم کرد لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواوکردووە، دیارە شارەزایی باشی لە زمانی ئەڵمانی هەیە، بۆیە وازم لە چاپە ئەڵمانییەکە هێنا و دەستمکرد بە خوێندنەوەی بە عەرەبی.

ناوەڕۆکی کتێبەکە
ئەم کتێبە زۆر بە وردی باسی پیشەی « سیخوڕی» دەکات، نووسەر وەکو پیشە سەیری دەکات، سیفاتی سیخوڕ کێیە، کام توێژی کۆمەڵایەتی باشترین کەسن بۆ سیخوڕی، هەروەها هۆکارو ئامڕازەکان چین کە بەکاردێن بۆ راکێشانی سیخوڕ. شێوازەکان لە کۆندا چۆن بوون و لە ئێستاشدا چۆنن. باسی مێژووی دروستبوونی هەواڵگری دەکات، سەرەتاش لە شارستانی میسرەوە دەستپێدەکات و دواتریش ئیمپراتۆریەتی فارسی گەشە بەم مەسەلەیە دەدات و پاشانیش زۆرێک لە دەوڵەتە مەزنەکانی ناوچەکە، لاسایی فارسەکان دەکەنەوە بەتایبەتی «رۆم و بێزەنەتە». پاشان نووسەر باسی هەواڵگری دەکات لە لایەن خەلافەتی ئیسلامییەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی خەلیفە هارون رەشیدا.

دواتریش نووسەر باسی هەواڵگریی دەکات لە دەوڵەتانی ئەوروپادا بەتایبەتی لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، روسیا. لە کۆتاییشدا باسی مێژووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دەکات، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم دەزگایە لەلایەن بەریتانییەکانەوە دامەزراوە یان هاوکاریی ئەمریکییەکان کراوە بۆ دامەزراندنی. هەروەها باسی جەنگی هەواڵگری لە سەردەمی جەنگی ساردا لە نێوان ئەمریکا و روسیادا دەکات. لە کۆتاییشدا باسی شێواز و ئامڕازی نوێی دەزگا هەواڵگرییەکان بەتایبەتی لە جەنگی سایبری و ئەلکترۆنی و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر، کە لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی هەندێکیان بکەم.

سیخوڕ کێیە؟
نووسەر لەم کتێبەیدا بە وردی باسی کاری سیخوڕیی دەکات و ئامانج و هۆکارەکانیشی بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو، ئەو پێی وایە «سیخوڕ» کەسێکە کە دەتوانێت نهێنییەکانی دەوڵەت و حاکمێکی دوژمن ئاشكرا بکات، یان بە واتایەکی تر دەتوانێت دەستی بگات بە کۆمەڵێک زانیاری دەوڵەت، کە کەسێکی ئاساییی ناتوانێت دەستی پێ بگات.

دواتر نووسەر هەوڵی شیکردنەوەی کارو پیشەی سیخوڕیی دەدات و قسەش لەسەر خائین دەکات، نووسەر دەڵێت: سیخوڕ کەسێکە کە کار دەکات بۆ دەوڵەتێکی تر، گەرچی خائین کەسێکە خەڵکی وڵاتەکەیە و خیانەت لە نیشتمانەکەی دەکات، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.

لە رووی کەسایەتییشەوە، نووسەر پێی وایە «سیخوڕ» هەمیشە هەست بە نا ئارامی و ترس دەکات، چونکە لە ئەنجامی ئاشكرابوونی کارەکەی رووبەروی سزای گەورە دەبێتەوە کە لەوانەبێت کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. هەروەها کەسایەتی سیخوڕ کەسێکی رارا و بەدگومانە، چونکە هەمیشە دۆشداماوە لە نێوان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و بەرژەوەندیی نیشتمانەکەی کە خیانەتی لێدەکات.

سیماکانی کەسی سیخوڕ
نووسەر پێی وایە کەسایەتی «سیخوڕ» دەبێت خاوەنی کۆمەڵێک سیفاتی تایبەتی بێت لەوانە: کەسێکی بەڕێز بێت لە مامەڵکردن لەگەڵ خەڵكیدا وەکو ئینگلیز دەڵێت: «جێنتلمان»بێت، لە رووی سیماشەوە کەسێکی سەرنجڕاکێش بێت، باوەڕی بەخۆی بێت و لە رووی عەقڵییشەوە کەسێکی زیرەک و ژیر بێت، هەربۆیە بەشێکی زۆری ئەوانەی کە کاری سیخوڕییان بۆ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەکرد لە ئەڵمانیا، کەسانی دەرچووی زانکۆ و ئەکادیمییە تایبەتەکان بوون. بە پێچەوانەوە دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیای خۆرهەڵات، زیاتر پشتی بە کەسانی کرێکار دەبەست کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای مارکسی هەبوو.

کارەکانی دەزگای هەواڵگری
نووسەر بەشێوەیەکی زانستی باسی دەزگای هەواڵگری دەکات و ئەرک و ئامانجەکانیشی دیاری دەکات کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
١-کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دۆست و دوژمنەوە. واتە تەنها دوژمنەکان ناکرێنە ئامانج بەڵکو دۆستەکانیش.
٢-کاریگەریی دانان لەسەر رووداوەکان بەشێوەیەکی نهێنی.
٣-پاراستنی دەزگای هەواڵگریی لە هێرشی دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتانی بییانی.
٤-دزەکردن بۆ ناو دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتانی بیانی.
٥-پاراستنی وڵات لە دژی دوژمنە دەرەکییەکان.
٦-چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان.

پاشانیش نووسەر پێیوایە پێویستە دەزگا هەواڵگرییەکان پشكنین و لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی هەموو زانیاریی و هەواڵێک بکەن و لە راستی و دروستی ئەو هەواڵ و زانیارییانە بکۆڵنەوە کە لە سەرچاوەکانیانەوە دەستیان دەکەوێت.

ئەو کەسانە کێن کە دەبنە سیخوڕ؟
نووسەر پێی وایە بەشی زۆری دەزگا هەواڵگرییەکان پشت بە کۆمەڵێک چین و توێژی تایبەت دەبەستن بۆ کاری سیخوڕی لەوانەش «خەڵکانی سەربە کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان» یان ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت هەیە بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی سارد» کۆمۆنیست و چەپەکان» باشترین سیخوڕی دەزگای هەواڵگری سۆڤێت بوون، هەروەها کەسانی «لیبڕاڵ و ئازادیخوازیش» دەبوونە سیخوڕی ئەمریکا. هەروەها لە دێر زەمانیشەوە دیلەکان، بازرگانەکان، نێردە دیپلۆماتییەکان، پیاوانی ئایینی» لەم چین و توێژانەشدا، کەسانی سیخوڕ رادەکێشران بۆ ناو دەزگای هەواڵگری.

بەبێ بوونی دەزگای هەواڵگریی و ئەمنی حوکم ناکرێت
لە شارستانی هیدنی کۆنیشدا دەزگای هەواڵگری و ئەمنی رۆڵی گەورەیان گێڕاوە، بەتایبەتی لە سەردەمی شانشینی «مائوریا»کە پادشا «چاندرا گۆپتا» لە ساڵانی 320 بۆ 297 پێش زایین حوکمی کردووە، لەوکاتەدا بیرمەندی هیندی « کاوتیلیا» وەزیر بووە، ئەم پیاوە بیرەمەندێکی سیاسیی و فکری گەورەی هیندوستان بووەو خاوەنی یەکێکە لە کۆنترین کتێب لە بارەی ئیدارەو حوکمدارییەوە، کتێبەکەی بەناونیشانی « ئارتها شاستراArthashastra، لەم کتێبەدا نووسەر زۆر شتی لەبارەی شێوازی حوکمڕانی و ئیدارەی دەوڵەت و لە هەمووشی گرنگتر باسی گرنگی هەواڵگری کردووە. نووسەر لەمبارەیەوە دەڵێت: حوکمکردنی وڵاتێک بە بوونی دەزگای هەواڵگری و ئەمنی کارێک مەحاڵە.

دواتریش لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقیدا کە لە سەدەی یانزەدا لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، « نیزام ئەلمەلیک» کە وەزیرێکی فارس بووە، یەکێک بووە لە وەزیرە زیرەکەکان و پاشتریش لە نامەیەکیدا باسی هونەری حوکمڕانی دەکات و دەڵێت: پێویستە لەسەر پادشاکان ئاگاداری هەواڵی رەعیەت و سووپاکەیان بن، دەبێت هەموو شتێکی بچووک و گەورە لەناو وڵاتەکەیاندا بزانن، هەربۆیە پێویستی بە بوونی دیوانێکی «پۆستە» هەیە، هەروەها دەبێت هەموو خەڵکیش بزانێت کە پادشا، چاو و گوێی لە هەموو مەملەکەتدا هەیە و رەعیەت لێی بترسن، ئەمەش سوودی بۆ پادشا و مەملەکەت هەیە.

هارونە رەشید و 1700 ژنی سیخوڕ
ئێمە زۆرجار کە باسی هارونە رەشید دەکەین زیاتر وێنەی پادشایەکمان دێتەوە یاد، کە کۆشكەکەی پڕیەتی لە ژن و کەنیزەک، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەلام، ئەم نووسەرە لەم کتێبەدا باسی لایەنێکی تری هارون رەشید دەکات، کە ئەویش گرنگی دانێتی بە پرسی هەواڵگری، لەو کاتەدا بە « دیوانی بەرید» ناویان بردووە و لە رێگەی کۆمەڵێک کەسانی سیخوڕەوە، خەلیفە ئاگاداری هەواڵی مەملەکەتەکەی بووە، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە هارون رەشید نزیکەی 1700 پیرە ژنی هەژاری بەناو شاری بەغدا و دەوروپشتیدا بڵاوکردۆتەوە، لە رێگەی ئەم ژنانەوە، هەواڵی ناو مەملەکەت و خێڵ و عەشیرەتەکانی ناو وڵاتی زانیووە، ئەمانەش باشترین سەرچاوەی هەواڵگریی هارون رەشید بوون.

رۆڵی ئاژەڵەکان
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر لەم کتێبەدا باسی لێوە دەکات، رۆڵی ئاژەڵە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی بەتایبەتی لە سەردەمە کۆنەکاندا، بۆ نموونە عەرەبەکان حوشتریان بەکارهێناوە بۆ بازرگانیی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی، ئەم ئاژەڵە دەتوانێت رۆژانە نزیکەی 180 کم بەناو سەحردا بڕوات، ئەمەش لەوکاتدا زۆر گرنگ بووە بۆ ئەو دەوڵەتانە. ئاژەڵێکی تریش کە رۆڵی گەورەی هەبووە، «کۆتر» بووە، بەتایبەتی لە سەردەمی حوکمی مەماملیک لە سەدەی دوانزدە، لە رێگەی «کۆتر» ی تایبەتەوە، هەواڵیان لە نێوان شارە گەورەکانی قاهیرە، دیمەشق، حەلەب، غەزە گواستۆتەوە، ئەمەش سوودی زۆری بە هەواڵگری گەیاندووە.

بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ لەناو دوژمندا
خاڵێکی گرنگی تر کە دەزگا هەواڵگرییەکان لە مێژوودا هەتاوەکو ئێستاش کاری لەسەر دەکەن، بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆیە لەناو دوژمندا، بەتایبەتی لەکاتی جەنگەکاندا، بۆ نموونە لە کاتی هێرشی ئەسکەندەری مەکدۆنی بۆ سەر ئیمپراتۆریەتی ئێران بە سەرۆکایەتی داریوش، لە نزیک شاری جەلەولا، جەنگێکی گەورە روو دەدات، لەوکاتەدا فارسەکان دەتوانن هەواڵێکی درۆ بڵاوبکەنەوە لە بارەی سووپاکەیان، هەواڵەکەش بەو شێوەیە بووە کە سووپای فارسەکان لە رووی چەندایەتی و وچۆنایەتەییەوە زۆر بەهێزن، هەرچەندە بەوشێوەیەش نەبووە بگرە زۆر لاوازیش بوون، ئەمەش وا دەکات کە ئەسکەندەری مەکدۆنی بترسێت و لە جەلەولا سوپاکەی بکشێنێتەوە، جگە لەوەش فارسەکان لە رێگەی کۆمەڵێک سیخوڕی خۆیانەوە، هەواڵی درۆیان بە ئەسکەندەر دەگەیاند، ئەمەش زەرەری زۆری لە سووپاکەی ئەسکەندەر داوە.

یەکەمین دەزگای هەواڵگریی مۆدێرن
لە زۆر شتی باش و خراپیشدا فەرەنسا پێشەنگی گەلانی جیهان بووە، لە بواری دەزگای هەواڵگریشدا دووبارە فەرەنسییەکان پێشەنگ بوون لە ساڵی 1746 لەسەردەمی پادشا « لویسی پانزەدا» یەکەمین دەزگای هەواڵگری لەژێرناونیشانی « Secret du rio» نامە نهێینەیەکانی لویسی پانزە.» دادەمەزرێت. ئەم دەزگایە تایبەت بوو بە چاودێریکردنی دییپلۆمات و نێردە دیپلۆماتەکانی وڵاتان لە پاریس، هەروەها کۆکردنەوەی هەواڵ لە بارەی وڵاتانی نەمسا و روسیا، کە لەو کاتەدا دوو دوژمنی سەرەکی فەرەنسا بوون، لەم دەزگایەدا 35 کارمەند کاریان کردووەو دەزگاکەیان بەرێوە بردووەو هەوڵیان داوە زانیاریی کۆبکەنەوەو پاشان بیدەنە دەستی پادشاو ئەویش ئەم دەزگایەی وەکو یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی لە دژی دوژمنەکانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەکارهێناوە.

رۆڵی هەواڵگری لە شۆڕشەکانی جیهاندا
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، نووسەر بە وری و بە بەڵگەوە باسی رۆڵی دەزگا هەواڵگرییەکان دەکات لە شۆڕشە گەورەکانی جیهان بەتایبەت لە « شۆڕشی فەرەنسی، روسیا، ئەمریکی» هەروەها چۆن لە سەردەمی ناپلیۆندا، فەرەنسییەکان هەوڵیانداوە لە رێگەی دەزگای هەواڵگریی خۆیانەوە، هانی شۆڕش و راپەڕین لە وڵاتانی ئەوروپا بددەن. جێگەی ئاماژەیە هەتا ئێستاش پشێویی نانەوە، بەشێکی کاری دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانە. ئەمەش لە سەدەی بیستەمدا زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە کاتی جەنگی سارددا. بۆ نموونە ئەمریکییەکان لەساڵی 1951 هەتا 1956 بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا و بەریتانیا، نزیکەی 20 هەزار «مورتەزەقەی» وڵاتانی بەلتیقیان ناردووە بۆ سنووری یەکێتی سۆڤێت، ئەمەش بۆئەوەی لەوێندەر راپەڕین لە دژی یەکێتیی سۆڤێت بکەن، هەرچەندە سۆڤێت توانیی بە ئاگر و ئاسن، ئەو راپەڕینانە سەرکوت بکات. لە سەدەی نوێشدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە رۆڵێکی زۆر خراپیان لە جەنگی سوریادا گێڕاوە، بەتایبەتی تورکیا.

رۆڵی تەکنەلۆژیا لە دەزگای هەواڵگرییدا
خاڵێکی تر کە لە دەزگای هەواڵگرییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە تەکنەلۆژیایە، هەر لەسەرەتاوە تەکنەلۆژیا رۆڵی سەرەکی هەبووە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. بەتایبەتی هەردوو ئامێری بێسیم و تەلەگراف، لەو کاتەشدا بەریتانیا پێشەنگی هەموو گەلانی جیهان بووە و خاوەنی 50 ئامێری بێسیم بووە، 42 دانەیان لەسەر کەشتی گەلی سەربازیی بووە و 8 دانەشیان لە کەنارە گرنگە دەریاییەکانی جیهان داناوە، ئەمەش وایکردووە کە لە رووی سەربازیی و هەواڵگرییەوە سوودی لێوەربگرێت. هەر لەو ساڵانەدا بەریتانیا لە رێگەی کابڵەوە توانیویەتی خۆی ببەستێتەوە بە هیندستانەوە و خاوەنی 200 هەزار کیلۆمەتر کابڵ بووە لەژێر دەریاوە، بەکار‌هێنانی تەلەگراف و بێسیم وایکردووە کە بەریتانیا ئاگاداری تەواوی کاروچالاکیی بازرگانی و سەربازییەکانی جیهان بێت.

ئێستاش ئەمریکا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە جێگەی بەریتانیای گرتۆتەوە، چونکە ئەمڕۆ زۆربەی چالاکیی سەربازیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان بەناو تۆڕی ئینتەرنێتدا تێدەپەڕێت، کە ئەمریکا خاوەنێتی. ئەمەش وایکردووە کە ئەمریکا لە رووی هەواڵگریی و سیاسیشەوە سوودی گەورەی لێ وەربگرێت، چونکە ئێستا تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانیش، ناچارن ئینتەرنێت بەکاربهێنن یان تۆڕەکانی «فەیسبووک، گۆگڵ، یوتوب، تویتەر، ئیمایل» هەموو ئەمانەش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایە.

دەرئەنجام
بە گشتی ئەم کتێبە بەرچاوڕوونی گەورەی داوە بە خوێنەر لەبارەی جیهانێکی نهێنی و شاراوە، بابەتی زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی کاری ئێستا و داهاتووی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانەوە، بەتایبەتی زلهێزەکانی جیهان، ئێستا خۆیان بۆ جەنگی مۆدێرن ئامادەدەکەن کە بە جەنگی سایبری یان ئەلکترۆنی ناسراوە، ئەمەش هیچی لە جەنگی ئەتۆمی کەمتر نییە.

بەشبەحاڵی خۆم، سوودی زۆرم لەم کتێبە وەرگرت، هیوادارم لە داهاتوودا لەلایەن وەرگێڕێکی باشەوە بکرێت بە کوردی.

سەرچاوە:
وولفغانغ کریغر. تاریخ المخابرات من الفراعنة حتی وکالة الامن القومي الامریکية NSA. ترجمة: عدنان عباس علي. الطبعة الاولی. دار علام المعرفة. کویت. ابریل.2018.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

RENA-1

کورتیەک ل سەر رێنسانسێ

ئاماده‌كردنی عوسمان شه‌نگالی رێنسانس چیە و کەنگێ پەیدابوویەو بکارئینانا زاراڤێ رێنسانسێ(نهضة)بۆ ئێکەم جار.  بابەتێ رێنسانسێ جهێ …