Home / مێژووى جیهان / سێ هه‌زار ساڵ لەمەوبەر لەپێناو خودا قوربانی به‌ مرۆڤ كراوه‌

سێ هه‌زار ساڵ لەمەوبەر لەپێناو خودا قوربانی به‌ مرۆڤ كراوه‌

زانایانی شوێنه‌وارناسیی بەریتانی، هه‌ندێ ئێسكی مرۆڤیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چاخی ئاسنین و به‌پێی شیكردنه‌وه‌كانیان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و مرۆڤانه‌ وه‌ك قوربانی له‌به‌رده‌م خوداوه‌نده‌كاندا كوژراون.
ماڵپه‌ڕی “ته‌له‌ڤراف”ی بەریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، رووفاتی 26 كه‌سیان له‌ ناوچه‌یه‌كی ئۆكسفۆرد شایری بەریتانی دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌نیش ئێسكی ئاژه‌ڵ و پاشماوه‌ی كه‌ره‌سته‌ی ماڵ وه‌ك چه‌قۆ و كووپ و خشڵ دانراون و پێیان وایه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سێ هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
به‌پێی ئه‌و مێژووه‌ی زانایانی شوێنه‌وارناسی مه‌زه‌نده‌یان كردووه‌، ئه‌و ڕووفاتانه‌ بۆ پێش ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ڕۆمان ده‌ستیان به‌سه‌ر بەریتانیادا گرتبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌من چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا لاشه‌كان ده‌سووتێندران.
زانایان وای بۆ ده‌چن ئه‌و ڕووفاتانه‌ كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك بوون وه‌ك قوربانی پێشكه‌شی خواوه‌ند كراون، ئه‌میش به‌شێك بووه‌ له‌ نه‌ریتی ئایینیی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، به‌ڵگه‌شیان شێوه‌ی ناشتنه‌كه‌یانه‌ له‌ چاڵدا.
له‌ هه‌ندێك له‌و ڕووفاتانه‌دا، سه‌ره‌كان جیا كراونه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌ی ته‌واو له‌ جه‌سته‌، ئه‌وانه‌ش ئه‌م نه‌ریته‌ ئایینییه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌، جۆره‌ خۆراكێكی پیرۆزیان به‌ قوربانییه‌كان داوه‌، پێش ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی خواوه‌ند بكرێن.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ مێژوویییه‌كان، خه‌ڵكی له‌ بەریتانیا ئاژه‌ڵیشیان وه‌ك قوربانی پێشكه‌ش كردووه‌ و زۆرتر ئه‌سپ و سه‌گ و ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بوون كه‌ زۆر خۆشیان ویستوون.
توێژه‌ری جێبه‌جێكار له‌ ده‌سته‌ی كاستۆلد بۆ شوێنه‌وارناسی ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ تیشك له‌سه‌ر لایه‌نی ئایینیی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك باوه‌ڕیان پێی بووه‌، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆمان بێن و ئایینی خه‌ڵكه‌كه‌ بگۆڕن، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات، له‌ چاخی ئاسنیندا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئایینی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه‌ و جارێكی تر ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ، هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆزێك ئایینی خۆیان هه‌بووه‌.
چاخی ئاسنین، سەردەمێکە لە سەردەمانی پێش زایین و له‌سه‌ر ماوه‌ی ئه‌و مێژووه‌ قسه‌ی جیاواز هه‌یه‌ و هه‌ندێك پێیان وایه‌ له‌ سێ هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌ست پێ ده‌كات و سه‌رده‌مه‌كه‌ بە کانزای ئاسن پێناسە دەکرێت و بە دوای سەردەمی برۆنز دێت. وادەی ئەم سەردەمە کۆتاییە و بە گوێرەی جوگرافیا کاتی دۆزینەوە و بە کارھێنانیشی جیاوازە.
ئاسن لە ١٨٠٠ تا ١٢٠٠ی پ. ز لە ھیندستان بە کار ھێنراوە. ئەم ئالیاژە لە ئەورووپای ناوەندی واتە ھالشتات ٨٠٠ تا ٤٥٠ی پ.ز دەست پێ دەکات. لە بەریتانیا لە سەدەی پێنجەمی پ.ز دەست پێ دەکات کە ئاماژە بە سکۆتلەند دەکرێت پاش ئەوەی ڕۆمەکان دەستیان بە سەر بەریتانیا داگرت.
سەردەمی ئاسن گۆڕانێکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤی پێش مێژوو دروستکرد. لەم سەردەمەدا زمان، چاند، ڕێبەرایەتی کۆمەڵگا، نەریتەکان و خوداکان و یاساکان زیاتر دێنە بەر چاو و گەشە دەکەن. ھەروەھا وەرزێڕی دەڕواتە قۆناخیکی نوێوە.
 وشە – كوردۆ شابان

About دیدار عثمان

Check Also

جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢ لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی …