Home / بەشی مێژووی كورد / پەیوەندی کورد و سۆمەرییەکان تا کەی کێشەی سۆمەرییەکان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە؟

پەیوەندی کورد و سۆمەرییەکان تا کەی کێشەی سۆمەرییەکان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە؟

نووسینی: فاتیح عەبدوڵڵا محەممەد
سۆمەرییەکان یەکێکن لە گەلە دێرینەکانی کوردستان و باشوور و باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتی نێوان دوو رووبارە. لەسەر کاتی دەرکەوتن و رەچەڵەکی ئەم نەتەوەیە مشتومڕی زۆری هەیە و تاکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە کە سەر بە چی رەگەزێکن و لە کوێوە هاتوون؟ تەنها ئەوە نەبێت سەلمێنراوە رەگەزی سامی نەژاد نین، واتە زۆر جیاوازن لە ئەکەدی و ئاشوری و بابلی و کلدانی و ئارامی و عەرەب. هەروەها چەندین بۆچوون هەن دەربارەی ئاری بوونی سۆمەرییەکان، بەڵام تا ئێستاش بڕیار نەدراوە ئەمانە ئاری نەژادن، یان نا، ئەوەش سەرنجمان بۆ خاڵێکی تر رادەکێشێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمانە سەر بەو دوو کۆمەڵەیە نەبن کەواتە ئەی خەڵکی کوێن، لە کوێوە هاتوون؟ لە چ رەگەزێکی مرۆڤایەتییەوە نزیکن؟ خۆ کۆمەڵێک گەلی رەسەن لە کوردستاندا هەن وەک سوباری و گۆتی و لۆلۆ کە ئاریی نین، بەڵام بە خەڵکی رەسەنی کوردستان دادەنرێن. کەواتە سۆمەرییەکان زۆر نزیکن لە سوباری و کاشییەوە لە رووی دیاریکردنی رەگەزەوە. خۆشبەختانە تاکو ئەمڕۆ بەپێی مێژووی و شارستانی و جوگرافی و زمانەوانی و مرۆی و رەگەزناسی و.. هتد. ئەوەش سەلمێنراوە کە سۆمەر نزیکایەتیان لەگەڵ کورد و نەتەوە کۆنەکانی کوردستان وەک سوباری و کاشی و گۆتی و لۆلۆی و خوری میتانی و ئیلامی و هەندێ خێڵی گەورەی ئەمرۆی کوردستاندا هەیە، وەک فەیلی و ئەو کوردانەی ئەمرۆ لە ناوچەی بەدرە و جەسان و شوێنی نزیک لە پاشماوەی شارە سۆمەرییەکاندا دەژین. ئەگەر ئێمە یەک بە یەک باس لەو بەڵگانە بکەین دەتوانین بگەینە ئەو راستییە و کێشەی هەڵواسراوی سۆمەر یەکلایی بکەینەوە. با لە سەرەتاوە بە بەڵگەی جوگرافیایی و شوێنناسی دەست پآ بکەین کە وەک ئاڕاستەی کۆچی سۆمەر بە هەند وەردەگرێت.
لێرەدا بۆچوونی هەندێ شوێنەوارناس دەخەینەڕوو لەسەر رەگەز و چۆنێتی هاتنی سۆمەرییەکان بۆ میسۆپۆتامیا، دواتر شییان دەکەینەوە. پێشئەوە پێویستە بزانین وشەی سۆمەر لە چییەوە هاتووە و شوێنیان کوێیە؟ بەشێکی زۆر لە توێژینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە وشەی (سۆمەر – شومر) بۆ یەکەمجار لە دەقەکانی سەردەمی پاشای ئور کە نازناوی خۆی وەک پاشای وڵاتی سۆمەر ئەکەد داناوە هاتووە. بەمانای (زەوی) یان (سید الارچ القێب – گەورەی زەوی ناوچە قامیشەڵانەکان).(1) هەروەها سۆمەر لە بنچینەدا لە دوو بەش پێکهاتووە (سو) واتە گەل (مر) واتا دانیشتوو – نیشتەجآ – مرۆڤ.(2) هەروەها جۆرج روو دەڵێ: (ناوی سۆمەر بۆ ناوی ناوچەیەک لە باشوری میسۆپۆتامیا بەکارهاتووە کە بە شۆمەریش ناسراوە یان بۆ دەوڵەتەکەیان بەکارهاتووە).(3) هەروەها (یولیوس ئۆپیرت) یەکەم کەس بوو زاراوەی سۆمەری بەکارهێنا لە ساڵی 1869زدا.(4)
سنووری جوگرافیای وڵاتی سۆمەر دەکەوێتە باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیاوە، لە باشورەوە کەنداوی عەرەب و وڵاتی ئیلام هەندێجار هەموو وڵاتی نێوان دوو رووبارەیان لە ژێر دەستبووە لە باکورەوە خاپوور لە رۆژئاواشەوە رۆژئاوای کوردستان.(5) لە گرنگترین شارەکانی سۆمەر ئەمانە بوون: (لکش، ئورک، ئور ئایسن و لارسا و ئوما و ئەریدۆ و نیپور)(6)
سەبارەت بە رەگەزیان بۆچوونی جیاواز و ناکۆک هەیە، هەر لەبەرئەوەشە تاوەکو ئەمڕۆ زاناکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و ناویانناوە (کێشەی سۆمەر) (المشکیلە السومرییە). ئەمەش بە پشتبەستن بە هەندآ بەڵگەی زمانەوانی و رەگەزی… هتد. بۆچوونێک دەڵێت: سۆمەرییەکان کۆمەڵە خەڵکێکن لە چاخەکانی پێش مێژووەوە لەوێدا ژیاون و بناغەی شارستانییەتییەکان داناوە. گەلێکی رەسەنی ناوچەکەن و سەر بە هیچ رەگەزێکی سامی و ئاری نین، ئەمانە بە سۆمەر یان شومر ناسراون.(7) هەندێکی تر دەڵێن: لە رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتەوە هاتوون لە رێگای ئێران و ئەرمینیاوە، بەڵگەش بۆ ئەمە داستانێکی سۆمەرییە کە هی پاشای سۆمەر (انمرکار) لە خێزانی یەکەم لە شاری ئور و لە دوای تۆفان، باس لەوە دەکات کە باووباپیرانیان بە ناوچەی شاخاویی و بەرزدا هاتوون. هەر بۆیە (سمۆئیل کریمەر) پێیوایە لە قەوقاز و قەزوینەوە هاتبن و لە چاخی نوآ و کانزایی و سەردەمی شارستانییەتی عوبێد و ورکا ْ دا. هەروەها دەڵێت دوای ئەوەی بەرێگای ئێراندا گەیشتۆنەتە ناوچەکە خۆیان بەهێزکردووە و خۆیان سەپاندووە، چونکە ئەو سەردەمە بە چاخی پاڵەوانیش (العصر البطولە)ش دەناسرێت. هەندێکی تر دەڵین: پێدەچێت لە هندستان و ئەفغانستان و بلوجستانەوە هاتبن و لە ئێران ماونەتەوە، پاشان بەرە و میسۆپۆتامیا هاتوون بە رێگای ئاوی.(8) تاکە بەڵگەشیان بۆ ئەم بۆچوونە لێکچوونی گلێنەسازی (فخار)ە لەگەڵ وڵاتی سۆمەردا. کۆتا بۆچوون دەڵێت: لەوانەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی دیالەوە چوبێتن بۆ باشوور، چونکە سۆمەرییەکان گەلێکی شاخاوی جەنگاوەر بوون سەرەڕای ئەوەش خاوەن شارستانییەتێکی پێشکەوتوو بوون پێش داهێنانی نوسین کەلوپەلی پێشکەوتوویان بەکارهێناوە کە سەرچاوەکەی ناوچە شاخاوییەکان بووە، لە هەزارەی چوارەمی پ. ز دا بەرە و باشوور رۆیشتوون. هەروەها سمۆئیل کریمەر پێیوایە سۆمەرییەکان لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پ. ز و هەزارەی سێیەمی پ. ز هاتوونەتە ناوچەکە یان لە چاخەکانی پێش مێژوو یان لە چاخی (عوبێد و وەرکا ْ و اریدو) کە هەزارەی پێنجەم دەکات. لەم روانگەیەوە هەریەک لە زانایانی وەک سمۆئیل هنری کوک و سمۆئیل نوح کریمەر و فرانکفۆرت وجۆرج روو، تەها باقر و فازڵ عبدالواحید لەگەڵ ئەو بۆچوونەن کە سۆمەرییەکان نیشتمانی رەسەنیان وڵاتی ناوچە شاخاوییەکانی میسۆپۆتامیایە لەوێشەوە دابەزیونەتە خوارەوە. کەواتە زێدی ئەوان کوردستانە. هەروەها هندکوک و ئەحمەد سوسە پێیانوایە لە ناوچەی ئیلامەوە هاتوون، هاری ساکزیش دەڵێ: لە رۆژهەڵاتی بابلەوە هاتوون.(9) لەگەڵ ئەمانەشدا لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە ساڵی 2000 ز لە بەغداد، سەبارەت بە کنە و پشکنینەکان و پاشماوە شوێنەوارییەکان هەڵسەنگاندنی ئەوکارانە ئەنجامدراوە، لە ئەنجامی ئەوکارەدا لەلایەن شارەزایانی ئەو بوارەوە ئەوە راگەیەندرا بە بەڵگەی راستی و زانستی سەلمێنرا نیشتمانی رەسەنی سۆمەر باکوری میسۆپۆتامیابووە.(10)
وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا هەموو ئەو بیروبۆچوونانە ئاماژەن بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی کە سۆمەرییەکان پەیوەندییان بە دانیشتوانی کۆنی کوردستانەوە هەیە. ئیتر چی لەگەڵ گوندی چەرموو یان زاوی چەمی یان شانیدەر و هەزارمێرد لە چاخەکانی پێش مێژووەوە، چی لە رووی رەگەز و چی لە رووی شوێنی یەکەم و نیشتمانی رەسەنی سۆمەرەوە بێت.(11) بەتایبەتی لەگەڵ سوبارییەکان وەک توێژەر نعیم فرح دەڵێ: (یەکەمین گەلی باکوری میسۆپۆتامیا سوبارییەکانن و لەگەل سۆمەردا زۆر نزیکن و دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک رەگەز، لە بنچینەدا یەک کۆمەڵ بوون و دواتر بوونەتە دوو بەشەوە، سۆمەر بەرەو باشور رۆشتوون و سوباریش لە باکور نیشتەجێبوون).(12)
هەروەها کێشەی کۆچی گەلان و جوڵەیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، یان ئەو ئاڕاستەیەی کۆچەکەی لێوە دەکرێت و بۆی دەچێت جێی بایەخی توێژەران دەبێت. بۆیە هەموو ئەو توێژەرانەی باس لە کۆچی مرۆڤایەتی دەکەن باس لە ئاڕاستەی جووڵەی کۆچەکان دەکەن. یان باس لە تواندنەوەی بەفر و خۆشبوونی ئاووهەوا دەکەن. مەبەست لەمە ئەوەیە کە دوای ئەوەی شوێنەوارناسەکان چەندین شوێنەواری گرنگ و سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییان لە باشوری کوردستان دۆزییەوە وەک شانیدەر و هەزار مێرد و پاڵی گەورە و زاوی چەمی و چەرموو لە چاخەکانی بەردینی کۆن و ناوەڕاست و نوێدا، کە مێژووی ئەمانە بۆ (100.000 – 6500)پ. ز دەگەڕێتەوە، ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کۆمەڵێ مرۆڤی سەرەتایی لەم ناوچەیەدا ژیاون، یەکەم هەنگاو مرۆڤی ئەشکەوتی هەزارمێرد و شانیدەر بوون لە چاخی بەردینی کۆن. بە راوشکار و بەری درەختەکان ژیاون سادە و ساکار بوون جگە لە چەند کەلوپەلێکی لە بەرد دروستکراو و بەکارهێنانی ئاگر و ئەشکەوت هیچی تریان نەبووە، بەڵام هەر ئەم مرۆڤانەن و نەوەکانیانن وردە وردە پێش دەکەون. بۆ نموونە دانیشتوانی شانیدەر لە چاخی بەردینی ناوەڕاستدا ئەشکەوت جێدەهێڵێن و دێنە کەناری زێی گەورە و دەستدەکەن بە کشتوکاڵ و خانوو دروست دەکەن بە شێوەی کوخ و وەک سەرەتایەک بناغەی بەردیان بەکارهێناوە. رەنگە وەک شوێنی هاوینەش بەکارهاتبێت و لە زستاندا گەڕاونەتەوە ئەشکەوت، بەڵام پشکنینەکانی زاوی چەمی ئەوەی سەلماند ئەم مرۆڤانە لە گوندی بچوکدا ژیاون. کەواتە ئەمە هەنگاوێک لە ئەشکەوت دوورکەوتنەوە و بەرەو کەناری رووبارەکان هاتوون دوای ئەوەی ئاووهەوا خۆش بووە، هەروەها پێدەچآ هەر ئەم مرۆڤانە لە چاخی بەردینی نوێدا بەرەو باشور و خۆرئاوا رۆشتون و بنکەی شاری بچوک بچووکیان دامەزراندوە وەک ئەوەی گردی حەلەف لە رۆژئاوای کوردستان و حەسونە و شمشارە و سامەرا لە باشوری کوردستان لە چاخی بەردینی کانزای لە ماوەی ساڵانی (6500 – 3500)پ.ز.(13)
ئەمە لە لایەک لەلایەکی ترەوە دانیشتوانی ئەشکەوتی هەزار مێردی سلێمانی و باڵی گەورەی بازیان لە چاخی بەردینی کۆندا راستییەکە و لەلایەن شوێنەوارناسە بەناوبانگەکانی ئەمریکاوە ئیشی تێداکراوە وەک (دروسی گارودی و هاو…) ئەوەی جێی سەرنجە پێدەچێت دوای خۆشبوونی ئاووهەوا ئەم دانیشتوانە بیریان لە گۆڕینی ژیانی سەرەتایی خۆیان کردۆتەوە و بەرەو کەناری رووبارەکان هاتوون و ژیانی ئەشکەوتیان تێپەڕاندوە، لە نزیک رووباری باسەڕە و شیوەسور خەریکی کشتوکاڵکردن و نیشتەجێبوون بوون. باشترین نموونە دانیشتوانی گوندی چەرمووە کە گوندێکیان لە بناری چیا و کەناری روباری شیوەسور دروستکردووە کە (25) ماڵ بووە و 150 کەسی تێدا ژیاوە، پاشماوەی گۆزە و کەلوپەلی قوڕین وەک قاپ و قاچاخ و داس و تەور و کەرەسەی دورینەوە و گەنم و جۆ و پاقلە و ئێسکی ئاژەڵی ماڵیکراو دۆزراوەتەوە.(14) ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر لە جیهانی زانستی شوێنەوارناسی و مرۆڤایەتیدا بە یەکەم گوندی کشتوکاڵی دادەنرا لە جیهاندا.
دەکرێت بپرسین ئەم خەڵکە لە کوێوە هاتوون خۆ هەر لەو گوندە درووست نەبووە. خۆ دەبێت لە شوێنێکی نزیکی ئەو ناوچەیەوە هاتبن، بە بۆچوونی ئێمە ئەم دانیشتوانەی گوندی چەرموو هەمان مرۆڤەکانی هەزارمێرد و پاڵی گەورەن وردە وردە لە ئەشکەوت دورکەوتونەتەوە و لە کەناری دەشتاییەکانی دۆڵی بازیان و ئەودیوی دەربەندبازیان نیشتەجێبوون و بە کشتووکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون و دەستیانکردووە بە دروستکردنی خانوو وەک گوندی چەرموو، چاخی بەردنی نوآ بە تایبەتی لە ماوەی 6500 پ. ز تا 3500 پ. ز هەروەها دوای زیاتر خۆشبوونی ئاووهەوای ناوچەکە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و هاتنەکایەی خێزان و کار دابەشکردن و بیرۆکەی زەویداری و پاوانخوازی وای لەمانە کرد زیاتر فراوان بن و بەرەو خواروتر برۆن، چونکە ئەکرێت ئەم قۆناغە بە سەرەتای پەیدابوونی خێزان و خێڵ و خاوەندارێتی و سەرەتای پەیکەر و هونەر و ئایین و خواوەندەکان دابنرێت وەک دۆزینەوەی پەیکەری دایک وەک یەکەم خواوەند لە ناوچەکەدا. دیارە ئەم خێزانانەی چەرموو هەریەکە هەوڵیداوە زیاتر بەرهەمبهێنێن و زیاتر کشتوکاڵ بچێنن ئەوەش پێویستی بە زەوی زیاتر بووە. بۆیە جوڵان و گەڕان بەدوای زەوی باشتر و بە پیت تردا خواستی ئەو کۆمەڵەیە بووە، وردە وردە بەرە و پێدەشتەکانی کەرکوک و دۆڵی روبارەکاندا شۆڕبوونەتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی کەناری رووبارەکانی ناوچەی کەرکوک و دیالە مەڵبەندی شارستانییەتی کۆن بوون.
لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم دەشێت ئەم کۆمەڵە مرۆڤانە لە هەزارەی (4 – 5) پ. زدا گەیشتوونەتە باشوور و باشوری رۆژ هەڵاتی میسۆپۆتامیا و تێیدا نیشتەجێبوون، چونکە زەوی فراوان و خاکی بە پیتیان لە بەردەستدا بووە، هەر لەوێدا دەستیانکردووە بە کێڵگە و شاری بچوک بچوک دواتر لە سەردەمێکدا گەشەی کردووە و بووە بە شارە دەوڵەت.
لێرەدا خاڵێک جێی تێڕامانە، ئەویش ئەوەیە لە سەرجەم شوێنەواری سۆمەریدا گوند نابینرێت، جگە لە شار و پەرستگا، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە قۆناغی گوندیان تێپەراندووە لە گوندی چەرموو، هەروەها خاوەن پەیکەر و خواوەند بوون تەنها پێوستیان بە شوێنێک هەبووە ئەو پەیکەر و خواوەندانەی تێدا بپارێزن و پەرستنی تێدا بکەن. کەواتە ئەم خەڵکە بیرۆکەی شار و پەرستگا و هێز و دروستکردنی کۆمەڵە چەکدار و وردە وردە بوونە میرنشین و دەوڵەت، دواتریش ئیمپراتۆرییەتی سۆمەر لە یەکەم بنەماڵەوە تا بنەماڵەی ئوری سێیەم و کۆتایی دەسەڵاتی سۆمەر. بۆیە زۆر دوور نییە دانیشتوانی سۆمەر هەمان دانیشتوانی چەموو و هەزارمێرد بن. هەر بۆیە لەگەڵ سوبارییەکانیش هاوچاخ و هاورەگەز و هاونیشتمانن و لەو کۆمەڵە مرۆڤانەوە دروستبوون کە باسکران، ئەمەش وەک بەڵگەیەکی جوگرافی و ئاڕاستەی کۆچی سۆمەرییەکان کە لە کوردستانەوە بۆ باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا چوون و نیشتەجێبوون و بناغەی شارستانییەتێکی پرشنگداریان دانا.
وەک دەزانین لە کۆی بۆچوونەکانی هاتنی سۆمەر دوو بۆچوون گەڵاڵە دەبێت لەسەر رۆشتنی سۆمەر بۆ ئەو ناوچانە. یەکەم ئەوەیە بە رێگای وشکانی بووە رەنگە ئەمەش پاڵپشت لە بۆچوونی ئێمە بکات کە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانەوە بەرەو پێدەشتەکان هاتوون، ئەمەش هەنگاو هەنگاو بووە نەک لە یەککاتدا، چونکە بە پێی قۆناغەکانی خۆشبوونی کەشوهەوا و سەردەمە جیاجیاکان بوون. بۆچوونی دووەم دەڵآ: رەنگە بە رێگای ئاوی هاتبنە باشوری میسۆپۆتامیا کە ئەمەش بۆ خۆی دوو راستی تر دەسەلمێنآ: یەکەم رەنگە روباری زێی بچووک و سیروانیان بەکارهێنابێت ئەگەر لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە کۆچیان کردبآ، ئەمەش هەر بە کوردستاندا رۆیشتون وەک سمۆئیل کریمە دەڵی: لە ئێرانەوە هاتوون، ناشکرێت گەلێک کە گەیشتۆتە ئەو شوێنە هەروا بە خێرایی تێپەڕ بووبن، چونکە ئەم گەلانە هەر چەند پێشکەوتویش بووبن ئاژەڵدار بوونە و پێوستیان بە لەوەڕ و پشوودان بووە لە کۆچەکانیان، بۆیە هەر دەبێت هەر هەنگاو هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ گەیشتبنە زێدی سۆمەر، هەروەها ئەگەر بە رێگای دەریایی هاتبن چی لە دەریای هندی یان دەریای عەرەبی، ئەمەیان بۆ هەزارەی چوارەمی پ. ز جێی گومانە. کەواتە هەر لە کوردستانەوە هاتوون و تێپەڕیوون، هەروەها زۆرێک لە شوێنەوارناسان زاراوەی ناوچە شاخاوییەکانیان بەکارهێناوە وەک زێدی سۆمەر یان باکوری میسۆپۆتامیا کە ئەمانەش مەبەست لێی کوردستان بووە. لە هەمووی گرنگتر تاکو ئەمرۆ کۆنە گوندێک کە ئێستە بۆتە شاروچکە لە هەرێمی ئیلامدا ماوە بەناوی (سۆمار) کە دەتوانین بڵێین لەگەڵ سۆمەردا هەر یەکن. لە شاری دیواندەرەش گوندێکی تر هەیە بەناوی (کۆ سۆمەر).(15) بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە سۆمەرییەکانەوە هەیە، وەک دەزانین لە زمانی سۆمەردا (کو) بە واتای چیا دێت، (کوسۆمەر) واتە چیای سۆمەر یان ناوچەبەرزەکانی سۆمەر. بە بۆچوونی ئێمە ئەمەش پاڵپشت لەوە دەکات کە سۆمەرییەکان هەرخەڵکی کوردستانن.
ئەوەی پێشتر و لێرەدا باسکرا تەنها وەک بەڵگەیەکی جوگرافی و ئاڕاستەی کۆچی سۆمەر بووە کە رەنگە وەڵامی پرسیاری سۆمەرییەکان لە کوێوە هاتوون درابێتەوە تەنها بەم بەڵگەیە.
لایەنێکی تر کە هەر پەیوەندی جوگرافی و سنووری سۆمەرەوەیە ئەوەیە کە ئەو ناوچانەی بنکە گرنگەکانی سۆمەریان لێدۆزراوەتەوە بەشێکی زۆریان لە سنووری جوگرافی کوردستاندایە. لە پارێزگای کوت و عەمارە و ناسریە و بەسرە و هاوشانی کوردستانی رۆژهەڵات. هەروەها دەتوانرێت ئەوە بسەلمێنین کە بەر لە ئەکەدی و ئاشووری و بابل تەنها سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە بوون جگە لە کۆمەڵێک کە بە فوراتییە سەرەتاییەکان ناسراون، واتە ناوەڕاست و باشووری میسۆپۆتامیا نیشتمانی سۆمەرییەکانە بەر لەوەی نیشتمانی ئەکەد و ئاشور و بابل کلدان و ئارامی و عەرەب بێت. بە شێوەیەکی زانستی و پشتبەستوو بە سەرچاوە شوێنەوارناسەکان ئەوە راستکراوەتەوە کە چۆن هەریەک لە ئەکەد و ئاشور و بابل و نەتەوە سامی نەژادەکان هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە. کۆچی ئەم گەلانە لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بەرەو رۆژ هەڵات و باکوور هاتوون. (ئەم سامی نەژادانە کە دەگەڕێنەوە سەر سامی کوڕی نوح لە دوای تۆفانەوە لە کوردستانەوە بەرەو باشور و رۆژئاوا چوون لە نیمچە دوورگەی عەرەبی نیشتەجێبوون، زانایان روودانی تۆفان بە رووداوێکی راستی دەزانن و تاها باقر بە بەڵگەی شوێنەوارناسی و ناوی تۆفانی لە چیرۆکی (گل گامیش) دا ساغکردۆتەوە، بەڵام لەسەر کاتی روودانەکەی سآ بۆچوون هەیە: هەندێک دەڵێن زۆر دوور نییە (4500 – 6000)پ. ز و هەندێک دەڵێن (6500 – 8000) ئەوی تر (80000 – 10000) ساڵ پ. ز دادەنرێت.) هەرچۆنیک بێت گەلانی سامی وەک ئەکەد و ئاشور و بابل لەو ماوانەدا لە دوورگەی عەرەبیدا ژیاون، بەڵام لە هەزارەی چوارەم و سێیەمی پ. ز دا بەهۆی چەند هۆرکارێکەوە هاتونەتە باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا وەک:
1. لە هەزارەی چوارەمی پ. ز دا وشکەساڵی و قاتوقری رویداوە و گەلانی سامی بەشەپۆلێک کۆچوڕەویان کردووە، چونکە ئەوان کۆمەڵگایەکی ئاژەڵدار بوون.
2. بەشێک لەو خەڵکە بە شێوەی شوانکارەیی و ئاژەڵداری بە دوای لەوەڕگاوە هاتونەتە وڵاتی سۆمەر و وردە وردە نیشتەجێبوون و نەگەڕاونەتەوە.
3. هەندآ خێڵی سامی نەژاد وەک سەرباز و بەکرێگیراو لە دەوڵەتی سۆمەردا کاریانکردووە، یان لە پەرستگاکانی سۆمەردا بۆ نموونە سەرجۆنی ئەکەدی کە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەکەدە وەک سەرباز و خزمەتکارێکی کۆشک کاریکردووە دواتر دەرفەتی بۆ رەخساوە توانی کودەتایەکی سەربازی ئەنجامبدات و ببێتە پاشای وڵاتی سۆمەر و ئەکەد و بابل.
4. بە رێگای بازرگانی ئەمەش بەڵگەی روون و ئاشکرایە کە دەوڵەمەندن و خاوەن سامانەکان لە دەوڵەتی سۆمەردا وەک چینی بازرگان کاریانکردووە و بناغەی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ دەوروبەدا هەبووە و سامییەکانیش بەشێکبوون لەو بازرگانانە و دواتریش نیشتەجێبوون و خۆیان لە وڵاتی سۆمەر چەسپاند، سەرەڕای بوونی بنکەکانی ئایینی و شارستانییەت لە وڵاتی سۆمەر.(16)
مەبەست لەم روونکردنەوەیە ئەوەیە بزانین کە سۆمەرییەکان خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن و دواتر گەلانی سامی نەژاد هاتوونەتە وڵاتی سۆمەر و میسۆپۆتامیاوە، کەواتە ئاڕاستەی سامی نەژادەکان بەرەو باکور و خۆرهەڵاتی دوورگەی عەرەبی لە هەزارەی (4 -3) پ. ز دا ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە سۆمەر وڵاتێکی پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر و شارستانییەت و ئاسایشتر بووە. هەر بۆیە زۆر توێژەر و شارەزایانی بواری مێژووی دێرین خۆیان لەو راستییە لادەدەن و بایەخ و بەو کۆچە مێژووییانە نادەن و دەڵێن باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە و سۆمەرییەکانیش دوورن لە ناوچە کوردییەکانەوە، لە کاتێکدا سۆمەر پێش سامی نەژادەکان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و لە هەموو نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە پێشترن و رەسەنترن. هەروەها هەڵەیەکی تری توێژەری کورد ئەوەیە باشور و ناوەراستی میسۆپۆتامیا بەخاکی عەرەب و سامییەکان دەزانن. ئەوەیان لەبیرکردووە کە عەرەب لەگەڵ پەیامی ئیسلامدا زیاتر بڵاوبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەوناچانە. زۆربەی سەرچاوە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرلە پەیدابوونی ئایینی ئیسلام، عەرەب تەنها لە دورگەی عەرەبی بووە و هیچ پەیوەندی بە باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیاوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی داگیرکاری و خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە عەرەب هاتوونەتە ناوچەکە و هێدی هێدی و هەنگاو هەنگاو داگیریانکردووە و کوردستانیان کردووە بەچەندین هەرێمەوە و فەرمانڕەوای عەرەبیان لێداناوە. کەواتە دەوڵەتی ئیسلامی هاوکاری یەکەمی هاتنی عەرەبە بۆ کوردستان. هەروەک چۆن لە بیستەکانی سەدەی بیستدا چەندین خێڵی عەرەب وەک ئاژەڵدار و کۆچەر هاتبوونە ئەمدیوی شاخەکانی حەمرین و دواتر دەوڵەتی عەرەبی هاشمی بە زۆر و ستەم دروستکراو بووە هۆی نیشتەجێبوونی ئەو عارەبە ئاژەڵدارانە لە خاکی کوردستاندا بە ناوی پرۆژەی ئاودێری حەویجەوە لە ساڵی 1937ز، ئێستا ئەوان بە خاوەن ماڵ و کورد بە داگیرکەر و تێکدەر دادەنرێت. کەواتە میسۆپۆتامیا کوردستان بووە و بە عەرەبکراوە لە هاتنی ئیسلامەوە تا ئەمڕوش بەردەوامە.
بەڵگەی دووەم ئەوە دەسەلمێنێت سۆمەر و سۆمەرییەکان لە کوردەوە نزیکن لە رووی شارستانییەت و مێژووەوە. لە بەڵگەی شارستانی و مێژووییدا هەموو ئەوانەی مێژووی لە دایکبوونی شارستانییەتی میسۆپۆتامیا دیاری دەکەن دەڵێن سەرەتاکانی بوونی دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پ. ز بە داهێنانی نووسین کۆتای دێت و ئەو ماوەیەش بە دەرکەوتنی گوندی پێشکەوتوو شار ناسراوە. کە لە پێشترین شوێن و ناوچەدا وەک چەرموو و حسونە و سامەڕا و حەلەف و عوبێد و وەرکا ْ و پاشان جمدەنێر. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنآ ئەم ناوچەیە خاوەن پێشینەیەکی شارستانییەت بووە نەک وەک ئەوەی بەشێک لە زانایان دەڵێن سۆمەرییەکان لە ناوچەکانی ئەفغانستان و هندستان و بلوجستانەوە بە رێگای دەریا هاتوونەتە میسۆپۆتامیا، بۆ ئەمەش تەنها بەڵگەیان لێکچونی شێوازی کڵێنەسازی (فخار)ی ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ سۆمەردا کە ئمەش جێی گومانە، چونکە لێکچوونی گڵێنەسازی ناکرێتە بنەمایەکی یەکلاییکەرەوی رەگەز و شوێنی گەلێک، هەروەها پێدەچێ ئەم گۆزە و گلێنانەی سۆمەر لە بلوجستان و ئەفغانستان و هندستان بەهۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بووبێت نەک سۆمەر خەڵکی ئەوێ بێت. کەواتە دەبێت سۆمەرییەکان هەر بەشێک بن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شارستانییەتی گەلانی پێشووی خۆیان لە ناوچەکەدا، نەک لە ناکاو هاتبن و توانیێتیان داهێنانێکی گەورە لە دروستکردنی شار و پەرستگا و نووسین و یاسا ودەوڵەت و رامیاریدا بکەن. دروستکردنی کۆشک و پەرستگای گەورە و پەیکەر و کەلوپەلی جەنگی و خانووبەرە کەرەستەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستکەوتووە، چۆن ئەمانە بەبآ بوونی پێشینەیەکی پەیوەندی و مێژوویی توانیویانە و ئەو کەلوپەلانەیان دەستبکەوێت.(17) هەر وەک چۆن شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن کە دۆڵ و بناری چیاکانی میسۆپۆتامیای سەروو بە یەکێک لە مەڵبەندە گرنگەکانی پەیدابوون وگەشەسەندنی کەلتووری و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و داهێنانی گلێنەسازی رەنگاوڕەنگ دادەنێن و هەر لە وێشەوە بۆ ناوچەکانی خوواروی دووزآ (سۆمەر) و رۆژئاوای سوریا بڵاوبۆتەوە.
پێشکەوتن و گەشەسەندنی کلتوری برۆنزی کە چەرخی بەکارهێنانی مس و تێکەڵکردنی بە کەرەستەی تر وایکرد جێگای کلتوری ئێنیولیتی، واتە چەرخی پەیدابوونی یەکەم کەلوپەلی لە مس دروستکراو لە پاڵ ئامێرە بەردینەکاندا، پەیوەندی بە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ناوچەی میسۆپۆتامیاوە هەیە.
هەموو ئەگەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەبووە کە پیشەکاری لە کشتوکاڵی جیابووە بە تایبەتی پەیدابوونی پسپۆری گۆزە و گڵێنە دروستکردن و پەیدابوونی ئاسنگەری گەڕۆک وەک ئەوەی (چایڵد) دەڵآ زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە.
لێرەشەوە باری سروشتی دۆڵ و بەشی خواروی بنارەکانی ناوچە شاخاوییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو لە رووی کشتوکاڵییەوە گەشەیسەند و داهێنانێکی گرنگیان ئەنجامدا کە کشتوکاڵی بەراو و باخچەکان بوون و کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردنیش هاوشێوە و هاوشان بوون کە بە زاراوەی (جوتیارە ئاژەڵبەخێوکەرەکان) بەکاردێت، نمونەی ئەمەی سەرەوە لە لای چایلد دانیشتوانی حەسونەیە.(18)
هەروەها دواتر لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پ. ز دا، واتە لە سەرەتای ئەو چەرخەی کە لە نێوان دووزآ دا، لە خوارووی دیجلە و فوراتدا، یەکەمین کۆمەڵگای چیندارە کۆیلەییەکان درووستبوون، ئەوکات دانیشتوانی ناوچە چیاییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو ناوچەکانی هاوسآ لە بانەکانی ئێران پلەی پێشکەوتنی کلتوریان لە خێڵەکانی بەشی خوارووی نێوان دووزآ بەرزتر بوو. کە هەندآ لەو نمونانەش هەریەک لە سوباری و هۆری و گوتی و لۆلۆی و کاشی… هتد بوون. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئەمانە وەک خەڵکی رەسەنی ناوچەکە و سۆمەرییەکاندا هەبووە. هەر بۆیە (س. پ. تۆڵستۆف و پ. گروزنی و ی. م. دیاکۆنۆف) بە بایەخەوە لە ناوچە و زمان و پەیوەندی هۆرییەکان لە ناوچەکە دەڕوانن. هەروەها رۆڵی گۆتییەکان لە هی هۆرییەکان کەمتر نییە لە چارەنووسی مێژووی نێوان دووزآ دا، چونکە ئەمانە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن بە تایبەتی لە لایەن زمانەوە کە زمانەکەیان یەکێکە لە زمانە کۆنەکانی زاگرۆسە. هەروەها لۆلۆییەکان و کاشییەکان و ئیلامییەکان پەیوەندی پتەویان هەبووە لەگەڵ وڵاتی سۆمەر بە تایبەتی کاشییەکان لە رووی جوگرافییەوە کە ناوچەی لوڕستانی ئەمرۆ نیشتمانیان بووە و لوڕەکان خۆیان بە پاشماوەی کاشییەکان دەزانن.(19) ئەو نەخشە شارستانییەتی و پەیوەندییە رەگەزی و ناوچەییە ئەوە دەردەخات لە ئەنجامی پەیدابوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگای چینی کویلەداری و دامەزراندنی دەوڵەتی کۆیلەداری بەهێزدا کە یەکەمجار لە خواروو لە نێوان دووزآ دا لە خوارووی رووباری کارون و کەرخی دەرکەوت، دواتریش لە وڵاتی دوو رووبار، واتە ناوچەی میسۆپۆتامیای سەروو کە کوردستانی ئەمرۆ دەکات ئەو نەخشەیە بەجارێک دەگۆڕآ.
فیلێچڤسکی دەڵآ: بەلای ئێمەوە گرنگ هەر ئەوە نییە کە کلتوری ئەم کۆمەڵگا کۆیلەدارانەی نێوان دووزآ و ناوچەکانی دەوروبەری کارێکی یەکجار زۆری کردەسەر میلەتانی ناوچەی میسۆپۆتامیا، بەڵکو ئەمەش گرنگە کە ئەم کلتورە خۆی بە جۆرێکی سەرەکی بە دەستی خەڵکی ناوچە چیاییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو یان ناوچەکانی رۆژئاوای بانی ئێران دروست بوو، لەسەر لاشەی ئەوان. واتە گەلانی دێرینی ئەو ناوچانە هەر لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا کویلەدارەکان هەوڵیاندەدا دەستکەوتی مادی و هێزی کار، واتە کویلە پەیدا بکەن. بۆیە هەموو مێژووی ناوچەکە لە هەزارەی سێیەمی پ. ز بریتی بوو لە زنجیرەیەک هێرش و پەلاماری دەوڵەتی کویلەداری لە بەردەم ئەو سامان و دەغڵ و دانی ئەم ناوچانەیان بۆ خۆیان دەبرد و خەڵکەکانیان دەکرد بە کۆیلە. راستە ئەمە لایەنی خراپیشی هەبووە، بەڵام لە رووی رەگەزی و شارستانییەوە گرنگی خۆی هەیە و بەشێکی زۆر لە کەلتووری گەلانی ناوچەکەی روخاند و تێکەڵ بە خۆی کرد. ئەم لایەنەی کۆمەڵگای کۆیلەداری رێگەمان دەدات دەستنیشانی ئەم توخمانە بکەین کە دواتر بوون بە بناغەی دروستبوونی خەڵکی سەرەکی و نەتەوەی کورد.(20) ئەمەش بەڵگەیەکی تری ناڕاستەوخۆ بوو بۆ بوونی پەیوەندی گرنگی نێوان نەتەوەی کورد و سۆمەر. چوونکە بەو پێیە بێت سۆمەرییەکان پێکهێنەری بەشێکی گەورەی نەتەوەی کورد و شارستانییەتی کوردستانن.
بەڵگەیەکی تر لایەنی رەگەزییە وەک وتمان ئەوە خاڵێکی گرنگە کە سۆمەر ناچێتەوەسەر نەژادی سامییەکان و ئەگەر ئاریش نەبێت، ئەوا وەک گەلێکی رەسەنی ناوچەکەن و بەپێی شەپۆلی کۆچوڕەویان بێت لە کوردستانەوە رۆیشتون. کەواتە ئەمانیش وەک سوبارییەکان رەگەزێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و سوبارییەکانیش بە گەلێکی دێرین کوردستان دەناسرێن و خاوەن شارستانییەتی تایبەت بە خۆیانن. کەواتە دەکرێت بە سەلماندن و پشکنینی ئێسک و پروسکیان کەلەسەرێکی کەسێکی سۆمەری و کوردێک ئەو راستیە زیاتر بسەلمێنرێت و گومان لە نزیکایەتی کورد سۆمەری نەمێنێت. وەک لایەنێکی تر لە تێروانینی پەیکەر و و وێنەی پاشاکانیان شتێکی ئەوتۆ ناتوانین بە دەستبهێنین، چونکە سۆمەر و ئەکەد و گۆتو ئەوانی تر تارادەیەک لە یەک دەچن.
بەڵگەیەکی تر کە زۆر گرنگە زۆرێک لە توێژەران جەختی لەسەر دەکەنەوە نزیکایەتی سۆمەر و فەیلییەکانە کە ئەمەش لە دوو رێگاوەیە.
یەکەم: فەیلییەکان خۆیان بە پاشماوە و نەوەی سۆمەرییەکان دادەنێن. ئەمەش رەنگە بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە ناوچەی سۆمەر هەمان ناوچەی فەیلییەکانە و خێڵەکەیانیش بە درێژایی مێژوو لەو ناوچەیە ژیاون بە خەڵکێکی رەسەنی ئەو هەرێمە دەناسرێن تاکو ئەمڕۆش ماون.
رێگای دووەم: بە دۆزینەوە و لێکدانەوەی زمانەوانی ولێکچوونی سەدان وشەی سۆمەر لە وشەی فەیلیدا کە ئەمەش شتێکی زانستی و باوەڕپێکراوە، دوایی لە بەڵگەی زماندا لەسەری دەدوێین.
لە رووی رەگەزییەوە دەشآ لە کورد و ئارییەکانەوە نزیک بن، چونکە سۆمەرییەکان مەیلیان بەلای گەلانی میسۆپۆتامیای سەروە هەبووە، وەک لەوەی بەلای سامییەکاندا.(21) سەیر لەوەدایە بەشێک لە نووسەرە عەرەبەکان دان بەوەدا دەنێن کە سۆمەرییەکان ناچنەوە سەر رەگەزی سامی، بەڵام خۆشیان لەو بۆچوونە دووردەخەنەوە کە دەڵآ سۆمەرییەکان لە ئاری نەژادەوە نزیکن. بۆ نمونە تەها باقر دەڵآ: رەگەز (عرق – Race)ی سۆمەرییەکان سەر بە رەگەزێکی سپین لە جۆرێک لە جۆرەکانی رەگەزی ناوچەی دەریای ناوەڕاست. هەروەها دۆزینەوەی پەیکەرە ئێسکی مرۆڤ لە هەزارەی پێنجەمی پ. ز دا هاوکاری رەگەزناسەکان نییە لە دۆزیینەوەی رەگەزی سۆمەر، بەڵام جۆری پەیکەری پیاوان و کەسەکانیان کە بە جلوبەرگ و ریش و کڵا و هەندآ تایبەتمەندی تر، رەنگە چەند خاڵێکی هاوبەش بدۆزرێتەوە سەبارەت بە رەگەزی سۆمەر، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی گەڵانی میسۆپۆتامیا ئەمکارەش قورس بووە.(22) ئەم بۆچوونەی باقر سەبارەت بە دیاریکردنی رەگەزی سپی بۆ سۆمەرییەکان خۆ دوورخستنەوەیە لەو راستییەی کە مرۆڤی دێرینی کوردستانیش بەشێکیان ئاری نین و بە قەوقاسی و ئاسیایی ناودەبرێت، بەڵام بە دانیشتوانی رەسەنی کوردستانیش دادەنرێن. کەواتە ئەم خاڵانەی سەرەوە نزیکایەتی نێوان سۆمەر و سوبارتو و گوتی و لۆلۆ زیاتر دەردەخات، چونکە خۆ مەرج نییە هەموو گەلانی دێرینی کوردستان ئاری بووبن، بەڵکو شەپۆلی یەکەمی دانیشتوانی دێرینی کوردستانن و بەشێکن لە دروستکەرانی نەتەوەی کورد.
بەڵگەی زمان و زمانەوانی:
یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی دۆزیینەوەی پەیوەندی سۆمەر بە گەلانی دێرینی کوردستان و کوردەوە، لایەنی زمانەوانیە لەم روانگەیەوە چەندین توێژینەوە دەریخستوە زمانی سۆمەر و زمانی کوردی و چەند شێوەزارێکی کورد پەیوەندییەکی پتەویان هەیە. رەنگە هەندآ کەس لێرەدا بڵێین ناکرێت لێکچوونی هەندآ زاراوە بکرێتە پێوەری نزیکایەتی و یەکبوونی دوو زمان و نەتەوە. بەلای ئێمەوە زمان بە یەکێک لە بنەماکانی دروستبوونی نەتەوەیەک دادەنرێت. کاتێ مێژووی زمانی کوردی شیدەکەینەوە. دەمانەوآ رەگ و ریشەکەی دیاری بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەزارەی سێیەم و دووەم و یەکەمی پ. ز، چونکە پایەی یەکەمی زمانی کوردی لە لایەن گەلانی رەسەنی دێرینی کوردستانەوە دانراوە وەک سۆباری گۆتی و هۆری و کاشی و لۆلۆ، تەنانەت سۆمەریش.
لە هەزارەی یەکەمیشدا میدییەکان و ئۆرارتوو و ئاڤێستای زەردەشتی پایەی دووەمی زمانی کوردییە. لە دواتریش لە دوای درووستبوونی نەتەوەی کوردەوە لەسەر دەستی میدییەکان کە لە سەردەمی ئەشکانی و ساسانیدا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی کورد هاتووە، بەڵگەی چەسپاندنی زمان و نەتەوەیەکی گەورەی وەک کوردە، کەواتە لێرە ناکرێت هیچ گەل و نەتەوەیەکی سەر خاکی کوردستان بێبەش بکرێت لە دروستبوونی نەتەوەی کورد و زمانەکەی. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندآ لایەنی زمان و زاراوەی سۆمەری و کوردی بەراورد بکەین. لە سەرچاوە سۆمەرییەکاندا وشەی (کو) بەواتای چیا هاتووە لای کوردیش (کو) بەکاردێت بۆ هەمان مەبەست بەتایبەتی لای کوردانی فەیلی و لوڕ، بۆ نموونە (پشتکو) چیای پشت کو. هەروەها وشەی (هورمز) کە بۆ ناوی کەس بەکارهاتوە لە وشەی (هورمیس)ی خواوەندی سۆمەرییەوە وەرگیراوە و دواتریش لای گەلانی میدیا کراوە بە (هورامیزدا) کە بە مانای خواوەند دێت. هەروەها وشەی (پیرکشسف) واتە خاوەن ئەسپ یان سوارەی سەرلووتکە دەگەیەنآ لێرە وشەی (پیر) لای ئەهلی حەق ولای شوێنکەوتوانی زەردەشت و هەندآ خەڵکی تری کوردستان مانای پیرۆز و دانا دەگەیەنی وەک (پیر شارلیاری زەردەشتی) و هەورامییەکان. لە هەمانکاتدا وشەی پیر لای سۆمەر لە ناوە پیرۆزەکانە وەک (پیر خورتوری) سۆمەرییەکان و (بیرام و بهرام)ی کاشییەکان و (پیر مشاتی) ئورارتووەکان.(23)
هەروەها ئەگەر بمانەوێت وشەی زیاتر بەراورد بکەین زیاتر بابەتەکە روونتر دەبێتەوە بۆ نموونە وشەی (kar) کار (ئیش گار =ئیش وکار) بەمانای جموجۆڵی بازرگانی و ئیشوکار دێت لە زمانی سۆمەردا و بە هەمان مانا لە زمانی کوردیشدا بەکاردێت.(24) هەروەها (می – ئێمە – کچ) (کەل = کەل بڵند) (بادی =بادە)(لو=لاو) (هورو=رۆژ).(25)
ئەمانە ئەو چەندین زاراوەی تر دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە زمانی سۆمەری و زمانی کوردی و بەتایبەتیش شێوەزاری کرمانجی باشور وەک لوڕ و کەلهوڕ و مامەسەنی و بەختیاری و کوردی فەیلی پەیوەندییەکی مێژووی ریشەیان پێکەوە هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین زمان و جوگرافیا بە تەواوەتی لەلای فەیلییەکان و سۆمەرییەکان ئاوێتەن و ناتوانرێت فەیلییەکان لە سۆمەرییەکان جودا بکرێنەوە.(26)
●●●
) مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، پسپۆڕ لە بواری مێژووی دێرینی کوردستان، بڕیاردەری بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
fatihabdullah985@gmail.com – fatih.mohamed@univsul.edu.iq
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. جورج رو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 – 224 – وليد محمد الشبيبي : السومريون من هم ومن أين جاؤوا ؟ – بغداد 1993 – http://en.wikipedia.org/wiki/Sumer سومر في موقع ويکيبيديا.
2. عبدالخالد سابير: سؤمةرييةکان، سليَماني، 2009، ل27- هورمزي بيطلةري: ضيانيشيناني زاطرؤس، و: حمةي حمة سعيد، ض2، سليَماني، 2004.ل37.
3. جورج رو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 – 224
4. جانکلود مارکرون: علم اثار بلاد الرافيدين، تر: يوسف حجي، بغداد، 1986، ص38.
5. طلعت الشيمانی: دساتير الحکم فی العراق القديم, مجلة قظاء العدد الاول, شباط, 1957, السنة الخامسة عشرة, مطبعة العانی, بغداد, ص21.
6. کريمر صمويل: من الواح سومر, تر, طه باقر, قاهرة, 1957 , ص 9.
7. فاتح عبدالله محمد: العلاقات السياسية و العسکرية بين الاشوريين و الميديين، رسالة ماجستير، غير منشورة، جامعة السليمانية، 2008، ص266.
8. عبدالخالد سابير: سؤمةريکان، سليَماني، 2009، ل27.
9. ول ديورانت: الوجيز في قصة الحضارة، اجزه، غازي مختار طليمات، ج1، ط2، دمشق، 1995.ص 93.
10. طه باقر: مقدمة في تأريخ الحضارات القديمة الوجيز في تاريخ حضارات وادي الرافدين، ج1، ط1، بغداد، ، 1973ص90.
11. ظيليضيَظسکي:نةذادي کورد رةوتي ميَذووي دروست بووني ميلةتي کورد، وة، رةشاد ميران، ض2، هةوليَر، 2000, ل32 – 33.
12. نعيم فرح : معالم حضارات العالم القديم، دارالفکر، ص 198-حمزة احمد :اکراد ودورهم في حضارة الجزيرة
13. طه باقر : عصور ماقبل تأريخ في وادي الرافدين، علی ضوء التنقيبات الأثرية في کوردستان العراق، قسم الثاني.طؤظاری کؤری زانياري کورد، بةرطی دوةم 1974 ص 618.
.14Linda.s.- braidmood : Aprelimin ary notes on the Jarmo flint and obsipinn in dustry ,Sumar,(V 7),part 2,1951.P105 -107.
15. حةکيم مةلا سالةح: سانسکريتي سةرضاوةيةکي ديَريني زماني کوردي,سليَماني ,2008,ل7.
16. احمد سوسة: حضارة وادي الرافدين بين الساميين والسومريين، .ج2، بغداد، 1980, ص 163.
17. ظيليضيَظسکي:نةذادي کورد، س.ث, ل32.
18. هةمان سةرضاوة، ل33.
19. ه. س, ل33 – 36.
20. ظيليضيَظسکي: نةذادي کورد، س.ث, ل 39- 41 -هورمزي بيطلةري: ضيانيشيناني زاطررؤس، وة، حمةي حمة سعيد، ض2، سليَماني، 2004.ل 42.
21. ئةحمةد مةحمود: مةملةکةتي ماد، وة، حةمةسعيد کةلاري، هةولير، 2013, ل 22.
22. طه باقر، وآخرون: تأريخ العراق القديم، ج1، 2، جامعة صلاح الدين، 1987، ص 58 – 59.
23. جورج رو : العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 – 224- اتحاد
24. هورمزي بيطلةري: س.ث , ل 46- 47 – طه باقر، وآخرون: تأريخ العراق القديم، ج1، ص 114
25. عبدالخالد سابير: سؤمةرييةکان، ل45.
26. حول العلاقة بين السومرين والکورد الفيلين والحقائق، الاتحاد، ، سنة العاشرة، العدد 455، 11/1/2002، ص15.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …