Home / بەشی مێژووی كورد / پرۆفیسۆر فریردیش شپیگل: کورد لە سەرەتای مێژووەوە نیشتەجێی وڵاتی ماد بوون

پرۆفیسۆر فریردیش شپیگل: کورد لە سەرەتای مێژووەوە نیشتەجێی وڵاتی ماد بوون

بەکر شوانی
(بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی، زانکۆی بۆن ٢٠١٦)
پرۆفیسۆر دکتۆر فریدریش شپیگل (١٨٢٠-١٩٠٥) ئێرانناسیكی ئەڵمانی بوو کە بەزۆری لە بواری کوردناسیدا کاری کردووە و بە کارەکانی دەربارەی مێژووی کورد و زەندئاڤێستا ناوبانگی دەرکردووە. شپیگل پاش ئەوەی لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا کۆمەڵێک کتێبی دەربارەی کورد و ئاڤێستا چاپ کرد، لە ناوەندە زانستییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپادا ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. کتێبێکی شپیگل دەربارەی زەندئاڤێستا، بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەی زمان، فەلسەفە، مێژووی ئاینەکان و چەندین زانستی تر.
شپیگل یەکێك لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ مێژووی کورد و بەتایبەتیش بۆ پەیوەندی کورد بە مادەکانەوە تەرخان کردووە. نووسەر بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە سوودی لە گشت ئەو سەرچاوانە وەرگرتووە کە لەو سەردەمەدا دەستی پێیان گەیشتووە، وەك: کتێبە ئاینییە کۆنەکان، نووسینەکانی سترابۆن و گەزنەفۆن، سەرچاوە ئەرمەنییەکان، ئەو نووسینە بزمارییانەی کە لەلایەن هەنری سی راولینسۆن-ەوە دۆزرابوونەوە و هەموو بەرهەمەکانی ئەو شارەزا و ڕۆژهەڵاتناسانەی کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە هەرێمەکە کاریان لەسەر مێژووی کورد کردبوو.
بەبۆچوونی شپیگل، ئەگەرچی لە سەردەمی مادەکان و لە دوای مادەکانیش ئاڵۆزی دروست دەبوو و دەوڵەتە گەورەکان هەڵدەوەشان، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەریی کەمیان لەسەر ژیانی ناوخۆی عەشیرەتەکان هەبووە. گۆڕانکارییەکان زیاتر لە شارە سەرەکییەکاندا ڕوویان دەدا، چونکە دەسەڵاتدارانی نوێ لایەنگرانی دەسەڵاتداری کۆنیان لە شارەکان دەردەکرد، یان ئەمان خۆیان لە ترسی دەسەڵاتی نوێ هەڵدەهاتن و ڕوویان لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان دەکرد.
شپیگل هەوڵی داوە سەرەتا دۆخی ئێران و کوردستان لەو سەردەمانەدا ڕوون بکاتەوە. لە دەشتەکانی سووریاوە دەست پێ دەکات و دەگاتە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و زێ و هەرە زیاد باسی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. نووسەر لە جولەمێرگەوە تا سنە و لە چیایەکانی هەورامانەوە تا دەشتەکانی کەرکوک و هەولێر و گۆلی خەزەر و چەمی ئاراس بەوردی باسی جوگرافیای ئەو ناوچانە دەکات و یەک بە یەکی چیا و گۆل و دەشت و ڕووبار و چەمەکانی ئەو دەڤەرانە دەخاتە بەردەستی خوێنەر. پاشان دێتە سەر باسی یەک بە یەکی عەشیرەتەکانی ئەو دەڤەرانە و و ژمارەی بنەماڵەکانیان دەستنیشان دەکات. شپیگل هەمان کات ژمارەی میللەتە جیاوازەکانی وەک ئەرمەنی و ئاسووری و جوولەکەیش دیاری دەکات کە لەو دەڤەرانەدا لەگەڵ کورددا ژیاون و ئاماژە بۆ ڕۆڵیان لە مێژووی هەرێمەکەدا دەکات.
شپیگل جوگرافیای وڵاتی ماد لە هیرۆدیتەوە دەگوازێتەوە و بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێك لەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی ئەم سەردەمەدا بووە. بە بۆچوونی نووسەر، هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێت کە لە پێش زاییندا نەتەوەیەکی تری جگە لە کورد لەم هەرێمەدا زۆرینەی دانیشتووانی پێکهێنابێت. ئاشکرایە فارسەکانیش مێژوو و نەریتی خۆیان نابەنەوە سەر مادەکان. شپیگل ڕوونی دەکاتەوە عەشیرەت و دانیشتووانی زووی ئەو دەڤەرانە، واتە کوردەکان و میللەتاکانی ناویان، خۆیان بە خاوەنی هەرێمەکە زانیوە و بیانییەکانیش بەهەمان چاو تەماشایان کردوون. بە بۆچوونی ئەو، ئەو هەرێمە جاری یەکەم لەلایەن ئیمپراتۆریای ڕۆماوە پارچە کراوە. دەوڵەتی ڕۆما باکوری دەڤەرەکەی داگیر کردووە و سەرکردەیەکی سەربازی بەناوی ئاترۆپاتێس کردووە بە فەرمانڕەوای و ناوی “ئازەربایجان”یش لە ناوی ئەوەوە هاتووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی شپیگل، کورد لە سەرەتای مێژووەوە نیشتەجێی وڵاتی ماد بوون. چیرۆک و داستانە ئێرانییەکان ئەوان وەک کۆنترین میللەتی ئەو هەرێمە ناودەبەن و نەک تەنیا لە نووسینەکانی هیرۆدیتدا، بەڵکو لە کتێبەکەی گەزنەفۆنیشدا دەربارەی کاردۆخییەکان ناوی کورد هاتووە و ڕوونی کردووەتەوە کە سیستەمی ژیانی کوردەکان لە سەردەمی گەزنەفۆنەوە تا سەدەی نۆزدەیەم گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
لە سەرچاوە مێژوویییەکانەوە ئاشکرا دەبێت کە دەیان ساڵی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریای ماد هێشتا شەڕی نێوان فارسەکانی ئاشەمەنید و مادەکان درێژەی هەبووە. شپیگل لە گێڕانەوەکانی هیرۆدیتەوە بۆی دەردەکەوێت کامبیزی گەورەی فارسەکان لە سەرەمەرگدا وەسێتی بۆ دەست و پێوەندەکانی کردووە ڕێ نەدەن جارێکی تر مادەکان بەسەر فارسەکانەوە ببن بە فەرمانڕەوا.
ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک بە زمانی مادەکان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەموو ئەو ناوانەی لەوانەوە پێمان گەیشتوون، بەتایبەتی ناوی پادشاکانیان، لە زمانە هیندۆجێرمانییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. شپیگل دەستنیشانی کردووە کە هەموو سەرچاوەکان مادەکان دەبەنەوە سەر میللەتانی هیندۆجێرمانی و لە زمانی هیرۆدیتەوە دەنووسێت کە مادەکان خۆیان بە میللەتێکی ئاریایی داناوە.
شپیگل لەو لێکۆڵینەوەیەی خۆیدا چەند ڕا و بۆچوونێك تاوتوێ دەکات و لە ئاکامدا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ڕەچەڵەکی کوردەکان دەچێتەوە سەر مادەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە دواتر بووە بە سەرچاوە بۆ ڤلادیمیر مینۆرسکی و چەند ڕۆژهەڵاتناسێکی تریش. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، لە لێکۆڵینەوەکانی دواتردا سەبارەت بە پەیوەندی کورد بە مادەکانەوە بەدەگمەن ناوی پ. د. فریردیش شپیگل دەهێنرێت.
Gepostet vor 16th October 2017 von Bekir Sivani
ئئئئ

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …