Home / بەشی مێژووی كورد / کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانێکی ئەفسانیی کورد یان “خائینێک” ێک؟

کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانێکی ئەفسانیی کورد یان “خائینێک” ێک؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە زانکۆ لە شاری بەغدا دەمخوێند. ئەو کات ئەنتەرنێت نەبوو بۆیە هەواڵی کەسوکار و ناوچەکانی خۆمان بە تەلەفۆن وەردەگرت. دوانیوەڕۆی ٢٠ ی مانگی نەورۆز بوو و ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ بەیەکەوە بووین و تەلەفۆنمان بۆ کەسوکارمان دەکرد بۆ هەواڵ پرسین. کە کەسوکار بە تەلەفۆن باسی ئاگرکردنەوە و ئاهەنگێرانی نەورۆزیان بۆکردین، لەو دوورەوە بەو هەوالانە گەشکە بووین و کەوتینە ناو کەشوهەوایەکی کوردانەوە و بەپەلە گەڕاینەوە ماڵەوە. لەو باڵەخانەیەی کە شوقەیەکمان لە بەرزترین نهۆمیدا گرتبوو، لە سەربانەکەیدا ئاگرێکی گەورەمان کردەوە بە مەبەستی ئاهەنگێڕانی نەورۆز. خەڵکی گەڕەکەکە ئاگاداری ئەوە نەبوون، وایانزانی بیناکە گڕی گرتووە و ترسابوون. بۆیە تەلەفۆنیان بۆ تیپی ئاگرکوژانەوە کردبوو و ئەوانیش بەپەلە گەیشتنە سەرمان. دواتر کە تیپی ئاگرکوژانەوە هاتن، ئەمجا خەڵکی گەڕەک تێگەیشتن کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین و هەرچۆنێک بوو مەسەلەکە چارەسەر کرا.

دڵنیام هەزاران کورد چیرۆکی جیاوازی لەو جۆرەیان هەیە لەگەڵ نەورۆز لەبەر ئەوەی کە بۆ هەموو کوردێک ئاگری نەورۆز و کاوە بوونەتە دوو سیمبوڵی مەزنی داکۆکی کردن و بەشێکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. داگیرکەرانی کوردستانیش دەرکیان بە گرنگی ئەو سیمبوڵانە کردووە لە ناو کورد دا و بەشێوەی جیاواز ویستویانە لەو سیمبوڵانە بدەن. ساڵی پار چەتەکانی تورکیا کاتێک چوونە ناو شاری ئەفرین (عەفرینی)ی ڕۆژئاواوە، دەستبەجێ پەیکەری کاوەیان شکاند وەک ڕەتکردنەوەی ئەو سیمبوڵە کوردیە. ئەوە یەکەم جار نەبوو کە هێزیكی داگیرکەر ئەوە بکات، لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە لە شاری سلێمانی پەیکەری کاوە دروستکرا، ئەو ئێوارەیەی کە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابرا، خەڵکی شارەکە بە دەوریدا سروودی ئەیڕەقیبیان ووت. ئەمە وایکرد دەسەڵاتدارانی حیزبی بەعس پاش چەند ڕۆژێک بە شۆڤڵ ئەو پەیکەرەی کە سیمبوڵی بەرخوادنی کوردان بوو، بڕوخێنن. ئەمانە تەنها دوو نموونە بوون، دەنا دڵنیام سەدان حاڵەتی لەو جۆرە لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا و لەبەشەکانی کوردستاندا ڕوویداوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا خەریکە کورد خۆی دەبێتە بەشێک لە هەوڵی تێکشکاندنی کاوەی ئاسنگەر و ئێستاکە ساڵ بە ساڵ خەریکە واز لە کاوە دێنین و ئەو گەرموگوڕیەی جارانمان بەرامبەری نەماوە و تاڕادەیەک لە نەورۆزدا خۆمان لە کاوەی ئاسنگەر گێل دەکەین. ئەویش لەژێر کاریگەری بۆچوونی دانانی کاوەیە بە “خائین و جاش و خۆفرۆش” کە لەلایەن خاوەنی دوو جۆر فکری جیاوازەوە بنیات نراوە؛ یەکێکیان ئەوانەن کە نەورۆز و ئاهەنگێڕانەکەی لەگەڵ بۆچوونی ئاینیاندا ناگونجێت و بە ئاهەنگێکی کافرانەی دەبینن ئەوی دووەمیان لە ڕوانگەیەکی تەسکی ناسیۆناڵیستیانەوە، کاوەیان کردووە بە فارس و ئەژدەهاک (هەژدیها) یان کردووە بە کورد. بەو جۆرە لەم چەند ساڵەی دواییدا کاوەی ئاسنگەر و ئەم جەژنە کەوتوونەتە بەردەم هێرشێکی ناڕاوا کە مرۆڤ دڵتەنگ دەکات. ئەوانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن و مەبەستیان بێت، بوونەتە بەشێک لە هەوڵی تێکشاندنی فەرهەنگی کوردی. بۆیە لەم بابەتەدا بەپێی سەرچاوەکان هەوڵی تێگەیشتن لە ئەژدەهاک و کاوە دەدرێت.

ئەوانەی ئەو بۆچوونە نەرێنیەیان لەسەر کاوەی ئاسنگەر دروست کردووە، تەنها لەسەر یەک بنچینە ئەو بۆچوونەیان گەڵاڵە کردووە، ئەویش ناوی دوایەمین پاشای میدە کە (ئەژدەهاک/هەژدیها/ئەستیاگ/زوحاک) بووە. لە ڕاستیدا ناوی ئەو پادشا میدە/کوردە مانای (هەژدیها) ی ئەمڕۆ دەدات هەر چەندە لە مێژوودا بەشێوەی جیاواز و بە زمانی جیاواز تۆمارکراوە. ئەوان تەنها لەسەر ئەو ناوە و بێ هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و بەپێی دەرئەنجامی ئەو کەسانە، کاوە فارس بووە و ئەژدەهاک پاشایەکی میدی بووە و فارسەکان ئەم چیرۆکەیان دژی کورد دروست کردووە. لەبەر ئەوە زۆر بە ئاسانی بڕیاریان داوە ئەژدەهاک پیاوی چاک و مید/کورد بووە و کاوەش فارس بووە و دوژمنی کورد. بابزانین سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان چیمان سەبارەت بە نەورۆز و کاوە پێ دەڵێن.

کۆنترین سەرچاوەی کوردی و تا ڕادەیەک جیهانی کە من ئاگاداری بم و باسی مێژووی نەورۆزی کردبێت، نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەومەبەر بووە لەلایەن زانای مەزنی جیهانی کورد، ئەبو حەنیفەی دینەوەری کە لە دایکبووی شارۆچکەی دینەوەری نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە لە مێژوودا کە مێژووی کوردی نووسیوە. ئەبو حەنیفە لە کتێبی مێژووەکەیدا بە ناوی (کتاب اخبار الطوال) کە مێژووی مرۆڤایەتی بە بۆچوونی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە (کۆپیەکی لای بەندەیە)، ئاماژە بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو جەژنە دەکات. دینەوەری مێژوو بە ئادەم دەستپێدەکات و باسی چەند بەرەیەکی ئادەم دەکات، دواتر دەگاتە نوح و چیرۆکەکەی دەبەستێتەوە بە ناوچەی جەزیرە و بۆتانەوە. ئەمجا باسی سام- ی کوڕی نوح دەکات. دینەوەری دەڵێت سام کاروباری بەرەکانی ئادەمی گرتبوە دەست، زستان لە خاکی جوخی و هاوین لە موسڵ دەژیا. سام ڕێگەی هاتوچۆی بە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری دیجلەدا بوو، بەهۆی ئەوەوە شاری سامەرا (سامراء) ناونراوە (سام ڕا) واتە (ڕێگەی سام). هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت دوای سام، کوڕەکەی کە ناوی شاڵخ بووە، دەسەڵاتی گرتە دەست و ئەمجا دوای مردنی ئەویش دەسەڵات چووە دەست برازاکەی بە ناوی (جەمی کوڕی ویونجهانی کوڕی هەرفەخش)، کە ئەو بناغەی سەرەتای پادشایەتی دانا و ڕۆژی نەورۆزی کرد بە جەژن. هەر لەسەردەمی ئەودا بووە کە زمانەکان لە یەکتر جودا بوونەوە.

لە ڕاستیدا دینەوەری بێ ئەوەی ئاگادار بێت، هەر هەمان چیرۆکی مێسۆپۆتامیای دێرین لەسەر سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکان و دەستپێکردنی پادشایەتی و بابەتی نوح، دەگێڕێتەوە. لە مێسۆپۆتامیادا پێیان وابووە کە سەرەتا یەک زمان قسەکراوە و دواتر خوداکان زمانی خەڵکیان جوداکردۆتەوە و دیسان باسی سەرەتای دروستبوونی پادشایەتیان کردووە و لە مێسۆپۆتامیا ناوی زیوسودرایان لەبری نوح بەکارهێناوە. هەر هەمان ئەم چیرۆکەیە تەورات بە گۆڕانێکی کەمەوە لە مێسۆپۆتامیای وەرگرتووە و دیسان ئەویش سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکانی وەک ئەوان بە گۆڕانێکی کەمی ناوەکانەوە تۆمارکردووە. واتە هەمان ئاهەنگی نەورۆز لە سەرەتای شارستانیەتەوە بە ناوی جیاوازتر گێردراوە و بەستراوە بە چیرۆکی نەمرود و نوح و ناوچەی موسڵەوە کە ڕابردەوەکەی بە کوردەوە گرێدراوە. وەک سەرچاوەی مێژوویی، سەری ساڵ لە مانگی سێ و چواردا لە سەرەتای شارستانیەتی مێسۆپۆتامیاوە هەبووە بەڵام بەهۆی پەیوەستبوونی ئەو جەژنە بە ژیانەوەی سروشتەوە، دەشێت تەمەنی زیاتر لە دە هەزار ساڵ بێت.

ئەو سەرچاوانەی سەرەوە دێرینی ئەو جەژنەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. بەڵام سەرچاوەیەکی تری زۆر نایاب نزیکی هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر و زیاتر لە چوار سەد ساڵ پێش دینەوەری، ناسنامەی ئەژدەهاکمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە. موسای خۆرێنی (موسای خۆرێناتسی) ( لەدایکبووی ٤١٠ ز) لە کتێبێکی نایابدا بە ناوی (مێژووی ئەرمینیا) کە بەشێکی باشی باسی میدەکانە، مێژووی ئەرمینیای نووسیوە. خورێنی لە بەشێکی کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای مردنی ئەژدەهاک/هەژدیهای دوایەمین پاشای مید، نزیکی دە هەزار کەس لە دەستوپێوەند و کەسوکار و ژن و منداڵی لە ئەرمینیا نیشتەجێ کران. ئەو مێژوونوسە بۆ گەورەکردنی ڕۆڵی پادشای ئەرمەنی تیگران، دەڵێت ئەو پادشایە بە دەستی خۆی هەژدیها/ئەژدەهاکی دوایەمین پادشای میدی کوشتووە. تەنانەت ناوی ژنە گەورەکەی ئەژدەهاکی میدی دەنووسێت و هەروەها ناوی ژنە ئەرمەنیەکەی پادشای مید دەنووسێت کە خوشکی پادشای ئەرمەنی تیگران بووە. بە بەپێی موسای خۆرێنی هەتا ئەو کاتەی سەردەمی ئەو مێژوونوسە، بابەتەکە لە ناو خەڵکی ئەرمینیادا ئامەژەی پێکراوە و تەنانەت خۆرێنی دەڵێت، ئەوە وەک گۆرانی لە ناو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا دەگێردرێتەوە کە میدەکانی لێبووە و لەسەردەمی ئەویشدا هەر میدەکان لەوێ مابوون. هەروەها دەشڵێت ئەو خەڵکانە خۆیان بە بەرەی هەژدیها دادەنێن لەبەر ئەوەی کە بە زمانی ئێمە (مەبەستی ئەرمەنیە) بە مید دەڵێین (مار). تەنانەت باس لەوە دەکات کە دوای نیشتەجێ بوونیان، دواتر هەندێک لە پادشا گەورەکانی ئەرمینیا لەبەرەی ئەژدەهاکی میدی بوون و لە ئەرمینیادا حوکمڕان بوون.

موسای خۆرێنی سەر بە قوتابخانەی یۆنانی بووە لە مێژوونوسیندا بۆیە ئەفسانەی قبوڵ نەبووە. لەژێر کاریگەری ئەم قوتابخانەیەدا لە بەشێکی تری کتێبەکەدا لە ژێر ناونیشانی “لە ناو ئەفسانەکانی فارسدا” باسی ئەو مێژووە دەکات کە فارسەکان چەند بەشێوەیەکی خەیاڵی ئەفسانەیی نووسیویانە و باسی پادشایەکی ئەفسانەیی بە ناوی ئەژدەهاکی بیورئەسپ دەکات کە مانای ناوەکەی (ئەژدەهاک/هەژدیهای هەزارئەسپ) ە، موسای خورێنی بە تەواوی وەک پاشایەکی جیاواز لە ئەژدەهاکی میدی و سەر بە سەردەمێکی جیاواز باسی دەکات. سەبارەت بە ئەژدەهاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی، خورێنی ئاماژە بە بێمانایی ئەو ئەفسانەیەی فارسەکان دەکات و چیرۆکی فەرەیدون و ئەژدەهاک دەگێڕێتەوە کە لە شاخی دەماوەند ئەژدەهاک دەکوژێت، دوای ئەوەی کە گاڵتەیەکی زۆر بە ئەفسانەی فارسەکان دەکات ئەمجا بەپێی سەرچاوەکان ئەو دەڵێت ئەمەیان گونجاوە و دەڵێت “ئەوەی کە فارسەکان پێی دەڵێن ئەژدەهاکی پیورئەسپ ئەوان بە باوباپیری خۆیانی دادەنێن: ئەو پادشایە لەسەردەمی نەمرود دا ژیاوە. ئەو کاتەی کە زمانەکان دابەش بووە لە جیهاندا”. بە ڕوونی دەردەکەوێت کە موسای خورێنی هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەژدەهاکی پادشای میدی وەک پادشایەکی مێژوویی مید و بابەتێکی مێژوویی باسکردووە کە بەرەکانی لە ئەرمینیادا نیشتەجێ بوون، تەنانەت ناوەکانیشیان جیاواز بووە و تەنانەت دەڵێت خەڵکی ئەو ناوچەیە لە لە ڕۆژانی ئەو مێژوونوسەدا هەر میدی بوون و لای ئەو مێژوونوسە ئەژدەهاکی یەکەم پادشایەکی مێژوویی مید بووە و ئەژدەهاکی میدی بووە و ئەوەی دووەم ئەژدەهاکی بیورئەسپ و پادشایەکی ئەفسانەیی بووە کە فارسەکان بە کۆنترین پادشای خۆیان دایانناوە، کە هەرچەندیشە موسای خۆرێن دواتر دەڵێت “ئەو پادشایە بە ناوێکی نزیک لەوە لە کتێبی کلدانەکاندا لەو سەردەمەدا هەبووە”، واتە ئەژدەهاکی نەورۆز، پادشایەک و چیرۆکێکی تەنها فارسی نەبووە و فارسەکان بە شێوەی خۆیان گێڕاویانەتەوە. ئەو دواتر ئەفسانەکە بە شێوەکی جیاواز لەوان دەگێڕێتەوە و ئەفسانەکە هی خەڵکی ناوچەکە بووە نەک فارس. واتە هەرچەندە فارسەکان ئەژدەهاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی نەورۆزیان بە باوباپیرانی خۆیان داناوە سەرەڕای ئەوە سەرچاوەی تری کلدانی بە شێوەی تر گێڕاویانەتەوە.

واتە زانیاریەکانی دوو مێژوونوسی دێرین بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەخەنە ڕوو کە ئەژدەهاکی پەیوەست بە نەورۆز بەستراوەتەوە بە سەردەمی نوح و نەمرودەوە و ناوچەی ئەفسانەکەش وڵاتی بەناو ئێران نەبووە، بەڵکو موسڵ/کوردستان بووە. موسای خۆرێنی بە ڕوونی و بە جودا و لە ژێر ناوێکی جیاوازدا ئەژدەهاکی یەکەم دەناسێنێت بە ئەژدەهاکی بیورئەسپ و وەک ئەفسانەیەک سەیری کردووە و بە جودا و بە ناوی ئەژدەهاکی میدی مێژووی پادشایەکی تری گێڕاوەتەوە و وەک بابەتێکی مێژوویی ڕوون مامەڵەی لەگەڵ ئەژدەهاکی میدیدا کردووە و چەندین بەڵگەی لەسەر هێناوەتەوە. بۆ نموونە ئەوەی کە بەرەی ئەو پادشایە لە ئەرمینیا دواتریش هەر پادشا بوون و وەک بەیت ئەو بابەتە لە ناو خەڵکی ئەو ناوچانەدا بە گۆرانی گووتراوە. بەو جۆرە بە دوور و نزیک جگە لە ناوەکەیان کە ئەویش جیاوازی تێدا بووە، ئەو دوو پادشایە هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نەبووە و لە دوو ناوچە و دوو سەردەمی جیاوازدا باسکراون. مێژوونوسی کورد، ئیبن ئەسیر (١١٦٦-١٢٣٣ ز) و تەبەری (٨٣٩- ٩٢٣ ز) و مەسعودی (٨٩٦-٩٥٦ ز) یش بە هەمان شێوە ئەژدەهاک و نەمرود بە هەمان کەس دادەنێن و ئەوانیش بەشێوەیکی تر هەر دووپاتی بەشێک لە قسەکانی ئەو دوو مێژوونوسە دەکەنەوە.

ئەی ئەم جەژنە و کاوە پەیوەندیان بە کوردەوە هەیە؟
زانا و مێژوونوسی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری، لە بەشێکی کتێبەکەیدا باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە لە دەست کوشتن و زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات. لە ڕاستیدا ئەم ئەفسانەیە لەسەر کورد، لای مێژوونوس مەسعودیش دووبارە بووەتەوە. لە هۆنراوەی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لە گوندی دەزرزیانی شاهۆ دایکبووە، واتە نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە لەناوبردنی زوحاکدا بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەخاتە ڕوو کاتێک کە بە هەورامیەکی شیرین یێژێت:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد

واتە “من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان وورد کرد”. لێرەدا شاوەیس قولی نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە و ئەویش وەک سیمبوڵێکی کوردان ئاماژەی پێکردووە کە بەشێک بووە لەو دەستە کوردەی ئەژدەهاکیان لەناوبردووە. واتە ئەم شیعرەی شاوەیس قولی لەگەڵ قسەی ئەبوحەندیفە و بەستنەوەی کورد بە چیرۆکی کاوە و زوحاكەوە مێژوویەکی دێرینی هەبووە. ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧ ز) یش بە ووردی باسی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی لە ناو کورداندا کردووە بێ ئەوەی کە باسی کاوە بکات. ئەحمەدی خانی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا بەم شێوەیە دەکات:

دەورا فەلەکی ژ بەختێ فەیروز
دیسان کو نوما ژ نوڤە نەوروز
مەبنی ل وێ عادەتێ موبارەک
شەهری یو سوپاسی یان ب جارە
.
.
.
سەرسالی و باکیر و روالان
سەد سالی و جوان و پیر و کالان
سەرسال ل رەسم و راهێ مەعهوود
گیرا ل جیه و مەقامێ مەحموود

ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.

یەکێک لە ڕێوڕەسمە هەرە گرنگەکانی نەورۆز لای کورد ئاگرەکەیە. تا ساڵی حەفتاکان لەسەربانی هەموو ماڵێک لە هەندێک ناوچەدا ئاگردەکرایەوە. لە جەژنێکی تریشدا کە لە کۆتایی مانگی هەشت و لە دامێنی چیای دەماوەند/زەماوەند دا (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە، لەوێدا هەتاوەکو ساڵی ١٨٢٠ خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان هەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و جەژنەکەش ناوی (جەژنی کورد) بووە. واتە ئەو شوێنەی کە ئەژدەهاکی ئەفسانەیی تێدا کوژراوە، هەر لەوێدا جەژنی کورد بەڕێوە چووە. واتە لە هەموو سەردەمێکدا و تەنانەت بنەچەی دروستبوونی کوردیش بەو ئەفسانەیەوە بەستراوەتەوە و بەشێکی گرنگ بووە لە فەرهەنگی کوردی. هەروەها ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوجەکانی کوردستان، لە کرمشانەوە هەتاوەکو باکوری کوردستان، لە هەندێک شوێندا هێشتا خەڵک بۆ ئەم جەژنە وەک سەردەمی دێرینی مێسۆپۆتامیا هێلکە ڕەنگ دەکەن کە ئەوە دیسان دێرینی ئەو جەژنە لە ناو کورد دا دووپات دەکاتەوە.

ئەنجام
وەک ڕوونکرایەوە ئەژدەهاکی پادشای میدی بابەتێکی مێژووییە و ئەژدەهاکی بیورئەسپ و کاوە، پادشا و پاڵەوانێکی ئەفسانەیین و چەندین سەرچاوەی مێژوویی جیاواز ئاماژەیان بەوە کردووە و گرنگترینیان ئەوەی موسای خۆرێنیە کە میدەکانی ناسیوە و هەتاوەکو سەردەمی ئەویش هەر بە مید ناسراوبوون و بە تەواوی بە جودا ئەو دوو پادشایەی باس کردووە. بەو جۆرە زۆربەی گێڕانەوەکان هەمان ئەو چیرۆکەی مێسۆپۆتامیایە بەشێوەی نوێتر و بنەچەی شوێنی ئەفسانەکە ناوچەی موسڵ و دەروبەری بووە نەک وڵاتی بەناو ئێران، هەرچەندە فارسەکان بە شێوەی جیاوازی خۆیان گێراویانەتەوە. بۆیە دەشێت تەمەنی ئەو جەژنە زیاتر لە دەهەزار ساڵ بێت. وەک لە شیعرەکەی شاوەیس قولیدا دەردەکەوێت، زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر کورد کاوەی بە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کوردی سەیکردووە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەو پادشا ئەفسانەییە دێرینە، فارسەکان بە باوباپیرانی خۆیان دایان ناوە سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوەی تر بۆچوونی جیاواز بووە. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات، نەزانی هەندێک لە نووسەری کوردە کە زۆر خەمساردانە پاڵەوان و ئەفسانەیەکی دێرینی کوردی کە هەزاران ساڵە بە شێوەی جیاواز لە ناوباوباپیرانماندا دەگێڕدرێتەوە و بووە بە بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگمان، بێ هیچ لێکۆڵینەوە و هەوڵێک بۆ تێگەیشتن، خەریکە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆیانی لێ دەدەن و بەوجۆرە فەرهەنگ و مێژوومان تێک دەدەن. هەموو ئەم بۆچوونە بێمانایە تەنها لەسەر لێکچوونی دوو ناو ڕوویداوە، دەنا ئەو دوو پادشایە بە دوور و نزیک پەیوەندیان بەیەکەوە نیە. زۆر جار مرۆڤ شەرم دەیگرێت کە نووسین و ئاخاوتنی هەندێک لەو نووسەرانە دەبینێت بەرامبەر بەو پاڵەوانە ئەفسانەییە کە هیچ بنەمایەکی تێگەیشتن و ڕێزگرتنیان تێدا نیە و زۆربەیان لەوە نەگەیشتوون کە کاوە و ئەژدەهاک ئەفسانەن نەک مێژوو. واتە نە ئەژدەهاکی ئەفسانەیی کورد بووە و نە کاوە فارس و نە پێچەوانەکەشیان. چیرۆکی کاوە و ئەژدەهاک، لە سەرەتای شارستانیەتەوە بەشێوەی جیاواز دەگێردرێتەوە و سەردەمانێک ئەو ئەفسانەیە هەبووە کە فارس هێشتا ناوی لە مێژوودا تۆمار نەکراوە و هەر نەتەوەیەک بە شێوەی خۆی گێڕاویەتیەوە، بەڵام هەرگیز ئەو ئەفسانەیە دژی کورد نەبووە. بە هیچ شێوەیەک لە مێژوودا بابەتی کاوە و زوحاک بابەتێکی کێشەی دوو نەتەوە نەبووە، ئەو لایەنە نەتەوەییە هەڵبەستراوی نووسەری کوردە لەسەردەمی نوێدا. زۆر لە کاردانەوەکانی نووسەری کورد چاوەروانکراون، ئەندامانی نەتەوەی داگیرکراو زۆر جار ڕقیان لە دابوونەریتی خۆیانە و هەمیشە بە دوای ئەوەوەن کە گاڵتەی پێبکەن و بە شێوەی جیاواز ڕەتی بکەنەوە (پێشتر بابەتم لەسەر ئەمە نووسیوە و لە خوارەوەدا لینکەکەی دادەنێم).

هیچ گومانێک نیە لەوەدا کە ئەفسانەی نەورۆز و کاوە بە فەرهەنگ و مێژوومانەوە گرێدراون و ڕەگێکی قوڵیان تێدا داکوتیوە، بۆیە نابێت هەرگیز وازیان لێبهێنین. دەبێت بۆ هەتایی کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەو ئاگرە پیرۆزەی نەورۆز، سیمبوڵی بەرخودان و یەکگرتوویمان بێت. دەبێت جارێکی تر کاوە لە ئەفرین دروستبکەینەوە و لە هەر شوێنێکی تری کوردستان بێت، بێ دوودڵی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر بۆ هەتایی سیمبوڵی پاڵەوانێکی ئەفسانەییمان بێت لە دژی ناعەدالەتی لە شێوەی خۆماڵی بێت یان بێگانە. ئەوانەی کە لەسەر مێژووی کوردیش دەنووسن، دەبێت ڕێز لە مێژوو و فەرهەنگ بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

تێبینی:
– پێم ناخۆشە ناونیشانی بابەتەکەم بەوجۆرەیە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە نوسەری کورد ناوی ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییە بە “خائینیک” دەهێنن، منیش لە زمانی ئەوانەوە دووبارەی دەکەمەوە دەنا من ڕێ بەخۆم نادەم کە ئەو زمانە بەرامبەر پالەوانێکی ئەفسانەیی کوردی بەکاربهێنم.

– تکایە خوێنەری ئازیز، گەر لە ناوچەکەی تۆدا دابونەریتێکی تایبەت بە نەورۆز هەیە، بە سوپاسەوە لە کۆمێنتدا بۆ ئەوەی منیش و خوێنەرانیش سوودی لێ وەربگرین و بپارێزرێت و تۆماربکرێت.

– شوێنی گرتنی وێنەکەی لای ڕاست نادیارە، بەڵام وەک ئاهەنگێڕانی نەورۆزی گوندێکی ڕۆژهەڵات دەردەکەوێت. وێنەکەی لای چەپ ئەو کاتەیە کە چەتەکانی تورکیا پەیکەری کاوەیان لە شاری ئەفرین شکاندووە.

– لە ڕابردوودا هەژدیها مانایەکی ئەرێنی لە فەرهەنگی کوردیدا هەبووە، دەشێت سیمبوڵی بەهێزی و مەزنی و ژیری بووبێت و ڕۆڵی ئاینی هەبووبێت، هەر بۆیە دوایەمین پاشای مید ناوی هەژدیها/ئەژدەهاک بووە و هەتاوەکو ئەمڕۆش مار ڕۆڵێکی تایبەتی لە فەرهەنگی کوردیدا ماوە. پێشتر بابەتم لەسەر ئەوە نووسیوە هەر وەک لەم لینکەدا دەبینرێت.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1641931252509202&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552070309.&type=3&theater

– بابەتی هۆکاری ڕقی کورد لە فەرهەنگی خۆی لەم لینکەدا دانراوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1101209469914719&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552070436.&type=3&theater

– بابەتێکم لەسەر زانا و کەسایەتی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری نووسیوە هەر وەک لەم لینکەدا دانراوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=648991251803212&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552131056.&type=3&theater

سەرچاوەکان
– ابن الأثير (٢٠١٠) الكامل في التاريخ، موقع الوراق.
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
– المسعودي (٢٠١١) مروج الذهب، الموسوعة الشاملة.
– Dietrich, B. C. (2004) The Origins of Greek Religion, Bristol Phoenix Press, UK.
– Garnier (1909) The Worship of the Dead, Рипол Классик.
– Johnston, S. I. (2004) Religions of the Ancient World: A Guide, Harvard University Press, USA.
– Lundbom, J. R (1999) Jeremiah one-twenty, Doubleday, Indiana University, USA.
– Morier, J. J. (1818) A Second Journey through Persia, Armeia and Asia Minor to Constantinople between the years 1810 and 1816, Longman, Hurst, Rees, Orme and Brown, London

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …