Home / بەشی مێژووی كورد / ڕەگەکانی دێواندنی کورد لە ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی(وێنەی کورد لەسەرچاوەکانی ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا)

ڕەگەکانی دێواندنی کورد لە ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی(وێنەی کورد لەسەرچاوەکانی ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا)

27655532_185173222241220_3874847111774309273_n 27858585_185173338907875_3644932116988846448_n
بەهمەن تاهیر نەریمان
سەرنجێکی پێویست: ئەم بابەتە؛ خوێندنەوەیەکی تا ڕادەیەک درێژە(بێگومان بەنسبەت فەیسبوکەوانەکانەوە)، بەڵام لە دۆخی ئێستای عەفریندا هەندێک لە سەرەداوی مێژویی ئەو پشتگیرییە کوشندەیە دەگەین کە بۆچی مسوڵمانەکان لە ئەردۆغانی دەکەن و لە کوردی ناکەن؟ لە چەندین شوێندا بینیومانە بۆی دەپاڕێنەوە کە خودا بەسەر کوردەکاندا سەریخات. ئەم کتێبە(وێنەی کورد لەسەرچاوەکانی ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا) بەوردی کاریگەرییەکانی ڕۆشنبیریمان لە واقعدا بۆ ڕوندەکاتەوە، باسی بەشەیتناکردن و بەئیبلیسکردنی کوردمان بەشیکارییەوە بۆ ڕوندەکاتەوە. ئەگەر دەی خوێنیتەوە بە زمانی عەرەبی ئەمە لینکەکەیەتی:(https://archive.org/details/surat_alkurd)، ئەگەریش نای خوێنیتەوە هەوڵمان داوە کرۆکی بابەتەکەتان بخەینەبەردەست، کە گرنگە تۆی کوردستانی لە چیرۆکی ئەو ڕقە بگەیت. خوا حەوسەڵەی خوێندنەوەی هەمولایەکمان بدات.
**************************************************
نوسەری ئەم کتێبە کوردێکی زانستپەروەری عەفرینییە، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە، مرۆڤێکی قەلەقە و بۆ گەشتن بە توێژینەوەکانی لەسەر کورد لە ڕابردودا، لە خوێندنەوەیەکی قووڵ و چڕو پڕدایە، بۆ ئێمە گرنگە ئەم نوسەرە بناسین، بەتایبەت ئەوانەی خەونیانە ڕۆژێک لە ڕۆژان بابەتێکی زانستی بەناوی کوردۆلۆجی بە بناخەوە دروستببێت. کتێبەکانی دکتۆر ئەحمەد مەحمود خەلیل سەرچاوەیەکی گرنگ و بەبیایەخن بۆ ئەو بوارە.
کتێبی (وێنەی کورد لەسەرچاوەکانی ڕۆشنبیری ئیسلامیدا) کە دەزگای ئاراس لە هەولێر بەزمانی عەرەبی، لەساڵی٢٠١٢ چاپی کردوە. ئەم کتێبە بە ٢٦٤ لاپەڕە تەواوبوە، ئێمە لەبەر گرنگی بابەتەکە و بۆ زیاتر ئاشناکردنی بە خوێنەر خوێندنەوەیەکی کورتی لە چەند بەشێکدا بۆ دەکەین.
وێنەی کورد لە ڕۆشنبیری ئیسلامیدا کاری لەسەر کراوە و ئێستا ئەو وێنەیە لە کتێبە کەلەپورییە ئیسلامییەکاندا دەیان خوێنینەوە، وەک کوردێک لێی ڕازی نین. بۆیە زۆر جار ئایدۆلۆژستێکی کوردی ئیسلامی مێژوی بە ئیبلیسکردنی کورد دەشارێتەوە، یان جوانکاریی ئەو مێژوە دەکات. بەڵام دکتۆر ئەحمەد، هەرچەند کەسێکی دیندارە، زانستپەروەر و نەترسیشە، بێڕەتوش ئەوەی هەیە دەی خاتەڕوو، ئەمە سەرەڕای توانای ئەوەی هەیە شیکردنەوەی ورد بۆ ڕوداوەکانی مێژوو بکات، هەروەها مرۆڤێکی قەلقە و بە ئاسانی واز لە کێشە مێژوییەکان ناهێنێت و بەدواداچونی پشودرێژانە بۆ ڕوداوەکان دەکات.
نوسەر بۆ دەستپێکردن بە گەڕان و کنەکردن سەرتا دەیەوێت لەسەر ئەم بنەمایانەوە گەشتە مێژوییەکەی دەستپێبکات:
١)لە پشت توێکڵی هەر کلتورو سیاسەتێکەوە بەرژەوەندییەک هەیە،
٢)کلتورەکان تیشکدانەوەی ڕۆحیی بەرژەوەندییەکانن،
٣)سیاسەتەکان ئاوێنەدانەوەی پەیوەندییەکانی خاوەن بەرژەوەندییەکانن،
٤)ڕەگی بەرژەوەندییەکان دەگەڕێنەوە بۆ تەوەری ئابوری،
٥)تەوەری ئابوری ملکەچی غەریزەی پاراستنی ژیانە،
٦)جوگرافیا لانکەی وجودیی غەریزەی پاراستنی ژیانە،
٧)بۆ تێگەشتن لە ڕوداوەکانی مێژوو چارمان ناچارە پێویستە لە پەیوەندیی نێوان جوگرافیا و بەرژەوەندییەکان بگەین،
٨)ڕۆژئاوای ئاسیا دڵی ڕوداوەکانی دونیای کۆن بوە، لەبەر ئەوەی لە جەرگەی پەیوەندییە تۆکمەکانی نێوان جوگرافیا و بەرژەوەندییەکانی ئەوسادا بووە،
٩)وڵاتی کوردان لەڕوی جوگرافییەوە دەکەوێتە دڵی ناوچی ڕۆژئاوای ئاسیاوە؛ بۆیە هەمیشە هێزە گەورەکانی ئەوسا حسابیان بۆ ئەم ناوچەیە کردوە، ئیتر ئەم هێزانە لە خۆرهەڵات یان خۆرئاوای ئاسیاوە هاتبن، یاخود لە خۆرئاوای ئەوروپا هاتبن هەمان مەبەستیان هەبوە. لا ٣١
نوسەر لەم بۆچونانەوە دەستپێدەکات کە گرنگیی خۆرئاوای ئاسیا لەودا بوە بۆتە ڕێڕەوی کاروانەکانی بوخورد و حەریر، لە نێوان خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ خۆرئاوای ئاسیا، هەر هێزێک ئەگەر بیویستایە لە ئاستی ئیمپراتۆرێتێکی مەزندا بوایە؛ دەبوو بیری لە داگیرکردنی ئەم ناوچەیە بکردایەتەوە.
نوسەر دەڵێت دیاردەی بەئیبلیسکردنی کورد هەقیقەتە و گریمانە نییە، بە پڕۆژە ئەم پرۆسەیە کاری بۆ کراوە، هەر لەناو خۆرئاوای ئاسیاوە نەخشەی بۆ کێشراوە. لا٥١. دکتۆر ئەحمەد ئەرکی سەرەکی ئەم کارەی خۆی؛ زیرەکانە دیاری دەکات و لەپێناوی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان و ڕاستکردنەوەی باری لاری مێژوو دەی کات(وەک خۆی دەڵێت)، نەک ئاوکردنە ئاشی شۆڤێنێتی نەتەوەکانی تر و کورد.
ڕەگەکانی پڕۆژەی دێواندنی کورد
نوسەر پێی وایە بەیەک پڕتاو و لەناکاو ئەم دێواندنەی ناو کەلەپوری ئیسلامی دروست نەبوە، بەڵکو پڕۆسەیەکی مێژویی بوە و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی دەیان سەدەی نێوان خێڵە چیانشین(ئاری) و خێڵە سارانشین(سامی)ەکان. سنورەکەشی لە کەنداوی فارس(عەرەبی)یەوە بۆ لێوارەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست درێژبۆتەوە، بەڵام ئەو شوێنەی زۆرینەترینی پشکی ئەم ململانێیەی تیابوە دۆڵی دو ڕوبار بوە، واتە نێوان دیجلە و فوڕات.لا٥٢
ئەم خێڵانە هەردولایان خەریکی بەشەیتانکردنی یەکتری بون، بەڵام سامییەکان سەرکەوتوتر و بەپڕۆژەتر بون لە ئارییەکان و لە نوسراوەکانیاندا ئاریاییەکانیان بە ماری شاخەکان ناوبردوە.
ئەم دێواندنە دواتر لەسەر دەستی خێڵە ئارییەکان دژی کورد، وەک پرۆژە، دەستپێدەکات و کاری بۆ دەکرێت. واتە پڕۆسەکە لەناو ئاریاییەکانەوە بە دژی ئەوانەی لە ناوجەرگەی چیاکان بون دەستپێدەکات و دواتر بە میراتگرەکانیان(کوردان)کۆتایی دێت. ئەوەی بەشێوەی پڕۆژە دژ بە شاخنشینەکان دەست بەم بەئیبلیسکردنە دەکات لەناوبەری میدییەکان، فارسە ئەخمینییەکان بون. لا ٥٥
نوسەر پێی وایە هەر پڕۆژەیەکی قووڵی نیشتمانی پێویستی بە سێ ڕەهەند هەیە بۆ ئەوەی نەتەوەیەک لە تاریکییەوە بخاتە ڕۆشنایی:
١)ئەو تەحدیاتانەی ڕووبەڕووی گەلێک دەبنەوە. بۆ نمونە هەر گەلێک بەگشتی ڕووروبەڕووی بنچاڤکردن و فەوتان ببێتەوە، ئەم هەستە دەکرێت ئەو هەستەیان لا دروستبکات کە ئەمان دەبێت بە کۆ و یەکگرتویی ڕووبوڕووی ئەو ئاڵنگارییە ببنەوە، بەڵام دەبێت مەرجی دوەم و سێیەم لەئارادابن،
٢)بونی پرۆژەیەکی نەتەویی، یا نیشتمانی کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە لە پرۆژەیەکدا کۆ بکاتەوە، ئیتر ئەو پرۆژەیە (نەتەویی- دینی) یان هەر پرۆژەیەکی تر بێت،
٢) سەرکردەیەکی مەزنی کاریزمی لە خزمەتی پرۆژە گەورەکەدا بێت و داواکارییە بچوکە کەسی، خێڵەکی، ناوچەییەکان لە خزمەتی پرۆژە گەورەکەدا بەکاربێنێت، نەک بەپێچەوانەوە. سەرکردەکە کەسێکی زیرەک، بڕوابەخبوو، ئازا و خاوەن کرداربێت. لا٦٩
بەڵام، بە پێچەوانەوە، گەلێک با خاوەنی دەسەڵاتێکی بەهێزبن، ئەگەر دەوڵەمەندی بەرەو ژیانێکی خۆشگوزەران ئاراستەی کردن، کە تەمبەڵی و کارنەکەری و چاوچنۆکی بەرهەمبێنێت، ئەگەر گەلێک سەرکردەکەی ستەمکارو خۆپەرست و خودبەرژەوەند بێت، بێخەون و پڕۆژەی گەورە بێت، خەونەکانی کەسی و بنەماڵەیی بن، ئیتر ئایدۆلۆژیایەک نەمێنێت کۆی پێکهاتەکانی گەل کۆبکاتەوە، ئەو دەسەڵاتە لەناوەوە هەلاهەلادەبێت، سەرکردەی هەلپەرست و خۆپەرست دەچنە پۆستەکان و شوێنە هەستیارەکانەوە. لێرەوە ئیتر ستەمکاریی و جەوسانەوە دژی خەڵک سەرهەڵدەدات، سەرکردەکان خەریکی موئامەرە دەبن لەسەر و لە دژی یەکتری.
هەر گەلێک با بێژیار و ئابورییەکی تۆکمە بێت، ئەگەر ئەو سێ بنەمایەی سەرێی تیابوو، دەکرێت ئەو گەلە بەسەر دەسەڵاتێکی شارنشینی، خاوەن ئابوری و ژیار و فەرهەنگی بەهێزدا سەربکەوێت.
لە ساڵی ٥٥٠ پێش زاینی، ئەمە بەسەر میدییەکاندا هاتو ئەستیاگ، وەک ستەمکارێک دەرکەوت و کۆرشی فارسی ئەخمینی وەک سەرکردەی گەلێکی بیاباننشینی برسی و بێژیار، بەڵام خاوەنی سێ خاڵی سەرەوە بون، توانی دەسەڵاتی میدیایی کۆتایی پێبهێنێت.لا ٦٩ هەر ئەمەش بو عەرەبی بیاباننشینی بێئابوری و بێژیار، لەسەدەی حەوتدا توانیان ژیاری فارسیی ساسانی و ژیاری ڕۆمی بێزەنتی بشکێنن، هەر ئەم حاڵەش بوو، یان گەلێکی خێڵەکی وەک مەگۆل لە سەدەی سیازدەی میلادی بەسەر ئیمپراتۆریەتی سینی خاوەن ژیار لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و بەسەر ئیمپراتۆرریتی عەرەبی خاوەن ژیار سەردەکەوێت، هەروەها لەسەدەی پازدەدا، عوسمانییە خێڵەکییەکان بەسەر ڕۆمەکاندا سەردەکەون و کوستەنتینییە دەگرن. لا ٧٢
فارسە ئەخمینییەکان، زۆر بە پڕۆژە دەستیان کرد بە بوغزاندنی میدییەکان، یەکەم قۆناخیش لە دێواندنی ئەستیاکی پاشای میدییاییەکانەوە دەستی پێکرد. ئەستیاگ لە بیرەوەری ئاریاییەکاندا کرا بە ئەژدیها و لە عەرەبییەکەیدا بو بە زوحاک (الضحاک) و لەگەڵ ئەفسانە تێکەڵکراو دوماری مێشکخۆریش نرایە سەرشانی. لا٧٨، ئەمە چۆن ڕوی دا؟
کاتێک لە ساڵی ٥٢٢ پێش زاین مەلیکی فارسە ئەخمینییەکان (قەمبیز) لە شەڕدا دەبێت، لە خۆشوبهاندنیکدا بە برای پاشای ئەخمینی دو برای میدی، (ثیرتزیپیس(موگ یان موغ بوە) و سمیردیس-گۆماتا)، لە قەسری پاشاوە لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوەو دەسەڵاتی پایتەخت دەگرنە دەست(لا٨٠). سمیردیس گۆماتا لەبەر ئەوەی زۆر لە برایەکی پاشا دەچێت خۆی دەکات بەو، ئەم دەنگوباسە دەگاتە پاشا لە سوریا، بەڵام پاشا بەهۆی برینێک کە لە ئەسپ کەوتبوە خوارەوە، خوێنی لێدەچۆڕێت و بەرەو مەرگ دەڕوات، بە مەجبوری قەمبیز سەرکردەکانی کۆدەکاتەوەو ئەم وەسیەتەیان بۆ دەکات و دەڵێت(لەسەرمە ڕاستییەکتان پێ بڵێم لە کاتێکدا من لە گیانەڵادام، ئەوەی دەمەوێ بیکەن، سوێندتان دەدەم بەو خواوەندانەی کە پارێزەری خێزانی پاشاییە، بەتایبەت ئەخمینییەکانتان کە لێرە ئامادەن، فەرمانتان پێدەکەم نەیەڵن میدیاییەکان دەسەڵات بگرنەوەدەست، ئەگەر لەڕێی غەدرو خیانەتەوە دەسەڵاتیان گرتەوە دەست بەهەمان چەک بیگرنەوە دەست، خۆ ئەگەر بەهێز بەدەستیان خستەوە، پیاوبن، بەهێز بەدەستی بێننەوە. ئەگەر بەوە هەستان کە فەرمانتان پێدەکەم، من ئاگادارتان دەکەمەوە کە خێروبێری زەوی بەدەستدێنن، منداڵتان زیاددەکات، ماڵتان زۆردەبێت و بەتولی تەئریخ ئازاددەبن. بەڵام ئەگەر شکستتانهێنا لە بەدەستهێنانەوەی سەروەری، یان هیچ هەوڵێکتان نەدا بۆ گێڕانەوەی، نەفرەتی منتان بەسەردا دەبارێت، چارەنوستان پێچەوانەی ئەوە دەبێت کە وتم، لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، کۆتایی ژیانی هەموو فارسێک وەک کۆتایی ژیانی من کڵۆڵی دەبێت )لا٨٠ بۆ ٨١.
سەمیردیسی میدی دەسەڵاتەکەی تەنها حەوت مانگ دەخایەنێت، بەڵام بەهۆی هەڵگەڕانەوەیەکەوە لەناو کۆشکەوە، فارسەکان دەسەڵات دەگرنەوە دەست.
کاریگەرییەکانی وەسێتەکەی قەمبیز لەسەر میدییەکان لەچەندین لاوە کاری لەسەرکراوە. لەڕوە سیاسییەکەیەوە زۆر بەتوندی لە هەر هەوڵێکیان داوە کە ویستویانە بێنەوە سەر حوکم.
ئەخمینییەکان بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان کرد بە دورخستنەوەی میدییەکان لە دەسەڵات، سەردەمی دارای یەکەم سەردەمی کۆتایی هێنان بوو بە خەونی میدییەکان بۆ گرتنەوەی دەسەڵات. هەروەها سەردەمی تێکشکاندنی خەیاڵدانی نەوەکانیان بوو، بەشێوەیەک لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دایان بڕین. لا٨٧.
لەڕوی کلتوریشەوە دەستیان بە پاکتاوی دینی ئاگرپەرستی کرد و لەجێی ئەوە دینی زاردەشتیان گرنگی پێدا. کاتێک دارای یەکەم دەگاتە دەسەڵات ئاینی زەردەشتی دەکاتە ئاینی دەوڵەت و دژی دینەکانی تر دەوەستێتەوە.لا٩١.
لەڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژیارییەوە میدییەکان بەتەواوی پەراوێزدەخرێن و دواتر لەسەردەمی پارسی(٢٤٩-٢٢٦)پێش زاینی، سەردەمی ساسانی(٢٢٦-٦٥١)پێش زاینی تەواو دوردەخرێنەوە. کوردیش وەک میراتگری ڕاستەقینەی میدیاییەکان بەسەر ئەم میراتەدا دەکەون و دەکرێن بەشەیتان. لا٩٣
لەدوای ئەمەوە بە پڕۆژە کورد دەکرێتە جێی مەبەست و لەهەموو ڕویەکەوە دەبوغزێنرێت، دواتر ئەمە دەخزێنرێتە ناو کەلەپوری ئیسلامییەوە و ڕۆشنبیری ئیسلامی لەم دێواندنەدا بەدردەوام دەبێت.
***************************************************
بە هاتنی فارسە ئەخمینییەکان بۆ گرتنەدەست دەسەڵات لێدان لە میدەکان دەستپێدەکات، لەسەردەمی پارسییەکان(٢٤٩پ.ز-٢٢٦ز)، لێدان لە ناو ناوبانگ و مێژوی مییدیەکان بەردەوام بوە و لەسەردەمی ساسانییەکان(٢٢٦-٦٥١ز) دەگاتە لوتکە.
لەم مێژوەوە ناوی میدییەکان بەرە بەرە و بە پلان دەسڕدرێتەوەو لە جێیدا ناوی (کورد) جێی دەگرێتەوە. ئیتر هەر یەک لە مێژونوسە موسڵمانەکانی وەک تەبەری(الطبرى) و مەسعودی ناوی کورد لە سەردەمی ساسانییەکانەوە وەردەگرن. لا ٩٤.
لای نوسەر لەبەینبردنی ناوی میدی و جێگرتنەوەی بە کورد یەکێک بووە لە ئامانجی ئەوانەی خەریکی بە ئیبلیسکردنی کورد بون. چونکە گەلێک ئەگەر بدەوێت بیخەیتە پەراوێزی مێژوەوەو هاوسەنگییە وجودییەکەی تێکبدەیت زۆر گرنگە ناسنامە ڕەچەڵەکەکی بسڕیتەوە. لەناوبردنی کلتور و ڕۆشنبیری و مێژوی گەلێک بۆ نەیارەکانی ئاسان دەبێت، ئیتر دواتر چیان بوێت لێیان دەکەن و چیشیان بوێت لێیان دروستدەکەن.
لە بیرەوەری ناوچەکە و دەوروبەر؛ میدی واتە گەلێکی خاوەن سەنگ و دەسەڵات و کلتور و ژیار، واتە بکەرێکی خاوەن دەسەڵات و دینی سەربەخۆ، دابڕینی لەم وەسفانە، واتە دابڕینییەتی لەو مێژو. بەڵام کە بو بە کورد، ئیتر لای گەلانی ڕۆژئاوای بە ئاسانی وەک شوانکارەیەک کە بەدوای لەوەرگەدا وێڵە، ناسێنرا. ئیتر بو بە فەلای دۆڵو نشێوەکان، لە کەسێکی خاوەن ژیارەوە کران بە گەلێکی خێڵەکی و ئەقڵ دۆگما و چەتەی ڕێی بازرگانی و تەنانەت ناوی کوردی وەک جوێن بەکاردەهات. لا٩٥
ئەم بەشەیتانکردنە دواتر دەگوێزرێتەوە بۆ دەوروبەر و گەلانی ناوچەکەش بەهەمان چاوەوە لە کوردیان دەڕوانی، ئەگەر وا نییە ئەی بۆچی لەناو ڕۆشنبیری ئیسلامیدا جارێک بە جنۆکە و جارێکی تر بنەچەیان بۆ شەیتان و جارێ تر مناڵی جارییە داوێنپیسەکانی سولەیمان و نەوەی زوحاک و لە دواجاردا ئەسڵیان ببەنەوە بۆ عەرەب و فارس و …؟ ئەم حاڵەتە لە مێژودا نە بەسەر دراوسێ کۆنەکانیان(عەرەب، ئاشور، سریان، فارس، ئەرمەن)دا هاتوە و نە بەسەر دراوسێ تازەکانیاندا(تورک)دا هاتوە!!
ڕەچەڵەکی کورد لە ڕۆشنبیریی ئیسلامدا
ڕۆشنبیری ئیسلامی، لەم کتێبەدا مەبەست لێی بریتییە لە دین(قورئان، فەرمودە، فیقهـ، تەسەوف)، بواری مێژو، جوگرافیا، زانست(پزیشکی، ئەندازیاری، بیرکاری، فیزیا، کیمیا) و هزر، فەلسەفە، ئەدەب(شیعر و پەخشان)، هونەر(وێنە، مۆسیقا، گۆرانی)، دەگرێتەوە و سەردەمی ئیسلامییش بە هاتنی ئیسلام دەستپیدەکات تا کۆتایی وەسمانییەکان. لا ١٠٣
کورد لەو گەلانەیە کە هەر زۆر زوو بەر شاڵاوی فتوحات و داگیرکارییە ئیسلامییەکان کەوتوە، جەنگی قادسییە لە ساڵی ١٥ی کۆچی و جەنگی جەلەولا لە ساڵی ١٦ و جەنگی نەهاوەند لە ساڵی١٩-٢٠ی کۆچی ڕویدا، ئەم سێ جەنگە لەناوجەرگەی خاکی کورداندا ڕویان داوە. کەواتە کوردان هەر زوو عەرەبە موسڵمانەکانیان ناسیوە و ئەوانیش ئەمانیان ناسیوە. لەم قۆناخەشدا کورد ڕاستە لەژێر ڕکێفی فارسە ساسانییەکاندا بوە، بەڵام وەک کورد و نەتەوەیەکی جیاواز ناسراون. لا١٠٦
لەگەڵ ئەوەی عەرەب زوو بەکورد گەشتون، کەچی ڕۆشنبیریی ئیسلامیی زانیارییەکانیان لەسەر ڕەچەڵەکی کورد ناڕون و دژیەک و غەریبن. بەشێوەی بەدواداچون و گەڕان نەبوە و هەموی بریتین لە (خەڵک وای وت، وا وترا، وایان وت، تیایاندا بوە لافی ئەوەی لێداوە). لا ١٠٦
مێژونووسە ئیسلامییەکان لەسەر ڕەچەڵەکی کورد چیان گوتوە؟
مەسعودی(٣٤٥ک-٩٥٦ز): مەسعودی، وەک مێژونوسێکی موسڵمان، بەم شێوە باسی ڕەچەڵەکی کورد دەکات:
یەک: کورد لە نەوەی رەبیعەی کوڕی نەوەی نزاری نەوەی مەعدی نەوەی عەدنانن(بەشێکی عەرەبن). چونە چیاو زمانیان گۆڕا.
دوو: هەیە پێی وایە کورد لە موزەڕی نەوەی نزارن، ئەویش لە نەوەی کوردی نەوەی مەردی نەوەی سەعسەعەی نەوەی هۆزانن(بەشێکن لە عەرەب). بۆ شوانکارەیی ڕویان لە چیا کرد.
سێ: هەیە پێی وایە لە کەنیزەکەکانی سڵێمانن، ئەو کەنیزەکە داوێنپیسانەی کە شەیتانێک بەناوی جەسەد سواریان بوو، بەڵام خوا کەنیزەکە ئیماندارەکانی پاراست، کە سڵێمان پاشایەتییەکەی بۆ گەڕایەوە فەرمانیدا کەنیزەکە سکپڕەکان وەدەرنێن(اکردوهن) بۆ چیاو دۆڵەکان، ئیتر کورد لەمانەوە هاتنە بوون.
چوار: لە نەوەی ئەو فارسانەن کە وەزیرەکەی زوحاک دانەیەک لە دو قوربانییەکەی بەردەدا بڕوات بۆ شاخ و دوربکەوێتەوە، ئەمانە لە شاخ زاوزێیان کرد و کوردیان لێدروست بوو. لا ١٠٥
مەقریزی(٨٤٥ک-١٤٤٢ز): مەقریزی پێی وایە ئەوەی لەناو خەڵکا باوە، راستترین تۆرمەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ نەوەی ڕەبیعەی نەوەی نزار(عەرەب). یان لە نەوەی هەوازنن(عەرەب)، لە نەوەی قوسەی نەوەی کیلابن(عەرەب).
ئالوسی(١٢٥٠ک-١٥٤٤ز):
ئالوسی لەسەرتای گێڕانەوەکانیدا کورد دەگێڕێتەوە بۆ چەندین کەسی جۆراجۆری عەرەب، تەنانەت دەڵێت هەیە پێی وایە ئەمانە زوڕیەتی خالدی کوڕی وەلیدن، یان هەیە پێی وایە کورد لە نەوەی معازی کوڕی جەبەلە، یان وتراوە ئەمانە لە نەوەی عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیبن، هەیە دەڵێت ئەمانە لە ئەمەوییەکانن. لا ١٠٧
ڕاغبی ئەسبەهانی وتویەتی عومەری کوڕی خەتاب لە پێغەمبەرەوە گێڕاویەتەوە وتویەتی: کوردەکان نەوەیەکی جنۆکەن پەردەیان لەسەر هەڵماڵراوە. لا١٠٧
یان وتراوە بۆیە ناونراون ئەکراد کاتێک سڵێمان غەزوی هیندی کرد، هەشتا جارییەی لێ کردن بە سەبایا، و لە دورگەیەک دای نان، جنۆکە لە دەریاوە بۆیان هاتنەدەرو سواریان بون، چل جارییەیان سکیان پڕ بوو، ئەم هەواڵەیان بە سڵیمان گەیاند، فەرمانی دا لە دورگە وەدەریان نێن و بیان بەن بۆ وڵاتی فارس، چل غوڵامیان بوو، کە زۆربون دەستیان کرد بە گەندەڵی و چەتەیی، لای سڵێمان شکاتیان کرد، وتی (اکردوهم الی الجبال- وەدەریان بنێن بەرەو چیاکان، لێرەوە ناونران کورد)لا ١٠٨. بەپێی ئەم گێڕانەوە بێت ناوی کورد خۆشی عەرەبییە، سڵێمانیش عەرەب. لە کاتیکدا سڵیمان عەرەب نەبوە و عیبری بوە.
تەبەری و قورتوبی و ئالۆسی تۆماریان کردوە کە (کورد ئەعرابی فارسن) واتە لادێنشینی ناوچەکانی فارسن.
ئەوە لە سەرچاوە سونییەکان، لە سەرچاوە شیعەکاندا باشتر نەهاتوە.
کولینی(٣٢٨ک-٩٤٠ز)، لە ئەبو عەبدوڵا(جەعفەری سادق)یان پرسی: ئێمە نەتەوەیەکمان هەیە لە کوردان، ئەوان هێشتا بۆ بازاڕکردن دێن، تێکەڵیان دەبین و پێیان دەفرۆشین، وتی: ئەی باوکی ڕەبیع تێکەڵیان مەبن، کوردەکان لە جۆرێکی جنۆکەن خوا پەردەی لەسەر هەڵماڵیون، تیکەڵیان مەبن.
هەر ئەم جەعفەری سادقە دەڵێت: لە کوردەکان کەس مارە نەکەن، ئەوان لە ڕەگەزی جنۆکەن، خوا پەردەی لەسەر هەڵماڵیون.
ئەلززەبیدیش کورد دەباتەوە سەر کوردی نەوەی مەردی نەوەی عەمیر (عەرەب). لا١٠٩
ئەم گێڕانەوانە لەسەر ڕەچەڵەکی کورد پڕن لە دژیەک و فرە ڕەچەڵەکی، جارێ کورد دەبەنەوە سەر تۆرمەی عەرەب، جاری واش هەیە کوردیان بردۆتەوە سەر ڕەچەڵەکی فارس، یان بردویانەتەوە بۆ سامییەکان، یان بردویانەتەوە بۆ نەسلی یافسی کويی نوح(یانی ئارین)، یان وتویان ئەمانە مرۆڤ نین و جۆرێکن لە جن و لەشێوەی ئادەمی خۆیان بەرجەستەکردوە، یان وتویانە نیوەیان ئادەمییەو دایکیان مرۆڤە، بەڵام نیوەکەی تریان لە شەیتانە کە ناوی (جەسەد)ە و ئەوەش باوکیانە. لەسەر هەموو ئەو نەتەوانەی عەرەبە موسڵمانەکان لەگەڵیان تیکەڵ بون، قسە لەسەر ڕەچەڵەکیان وتراوە، بەڵام بەڕێژەی کورد ئەوەندە گێڕانەوەی لێکدژ و جیاوز باس نەکراوە. لا١١٤
وەک دکتۆر ئەحمەد دیاریکردوە، لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا ١٧ ڕەچەڵەک بۆ کورد دیاریکراوە، واتە کورد براوەتەوە بۆ سەر حەڤدە ڕەچەڵەک.
لە ڕۆشنبیری ئیسلامیدا کاتێک کورد فرە ڕەچەڵەک دەکرێت، ئەمە لێدانە لەو ئەسڵ و فەسڵەی کە نەتەوەیەک شانازی پێوەدەکات و بەهۆیەوە خۆی بە نەتەوەیەکی خاوەن ژیار و مێژوو دەزانێت، دابڕینی ئەم نەتەوەیە لە ڕابردوی خۆی و پەرتەوازەکردنییەتی، پەرتەوازەکردنێک کە هیچ کات نەتوانێت خۆی بگرێتەوەو هەمیشە لە پەراوێزەکانی مێژودا بمێنێتەوە. بەڵام فرەڕەچەڵەککردنی کورد مەرج نییە ئەم مەبەستەی لە پشتەوە بوبێت.
پەرتەوازەکردنی نەژادی کورد و گێڕانەوەی جارێک بۆ جن و جارێک بۆ لای عەرەب و فارس و … ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئەم نەتەوەیە خاوەن نەژادێکی سەربەخۆ نییەو هەمیشە وابەستەی گەلانی تر بووە، لە کاتێکدا ئەم نەتەوەیە خاوەنی ئیمپراتۆرێت و ژیار و دینی تایبەت بەخۆی بوە.
ئەم گێڕانەوە لێکدژو زۆرانە لای نوسەری ئەم کتێبە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:
١)وەرگرتنی زانیارییەکان لە سەرچاوەی نادیار و تەمومژاوی، ئیتر مێژونوسەکەن بەوە وازیان هێناوە کە گوزارشتیان لێکردوە بە (وتراوە، هەندێ وتویانە، هەندێ وای بینیوە، لافی ئەوەی یان ئەوەیان لێداوە…).
٢)بە زنجیرە گێڕانەوەیەکی فاکوفیتانە هەندێ زانیاریان داوەتە پاڵ گێڕەرەوەکان، بێئەوەی گێڕەرەوەکان ئاماژەیەک بە سەرچاوەیەک بکەن.
٣)کەوتنە ناو داوی ئەفسانەو پڕوپوچەوە، بێئەوەی ئەقڵ و لۆژیک حەکەم بێت.
٤)لاوازیی هەستی ڕەخنەی زانستی.
٥)کەوتنەژێر کاریگەریی ئەو گێڕانەوانەی کە لە کتێبە فارسی و سریانی و عیبرانییەکانە وەرگێڕدرابون.
٦)هەژاریی لە بونی ڕۆحێکی پوخت زانستی، و شکاندنەوە و لایەنگریی بەڕوی دیدی دینی و مەزەبی و سیاسی.
٧)کەوتنە ژێر باری فوتێکردنی زانیاری، گرنگیدان بە چەندێتی زانیارییەکان نەک چۆنێتی زانیارییەکان. لا١٢١-١٢٢
نوسەر پێی وایە ئەم زانیاریانە لەسەر ڕەچەڵەکی کورد لەناو ئەقڵی زارەکی عەرەبی پێش ئیسلامەوە هەوڵنەگوێزراوە و وەرنەگیراون، چونکە عەرەب پێش ئیسلام خاوەنی کتێبی نوسراو و مێژونوس نەبوە. لا١٢٤. ئەی لەکوێوە سەرچاوەیان گرتوە؟
***************************************************
دکتۆر ئەحمەد مەحمود خەلیل لەم کتێبەدا بە وردی چوتەوە بەو دێواندنەی لەناو ڕۆشنبیری ئیسلامی بۆ کورد کراوە، ویستویەتی گرێی بداتەوە بەو ڕۆشنبیرییە فارسی(ئەخمینی-ساسانی)یەی کە لە ڕابردودا دژی میدیاییەکان خراوەتەڕێ. دواتر ئەم بوغزاندنە لەڕێی ڕۆشنبیریی فارسییەوە دێتە ناو ڕۆشنبیری ئیسلامییەوە. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی داوە ڕەچەڵەکی ئەو گێڕەرەوانەی مێژوی ئیسلامیییان نوسیوتەوە بباتەوە بۆ ڕەچەڵەکی خۆیان، یاخود ئەو قوتابخانە مێژوییەیان بدۆزێتەوە، تا ڕونی بکاتەوە ئەم قوتابخانانە لەژێر هەژمونی چ ڕۆشنبیرییەکی ئەو سەدەمەدا بوە. بۆ نمونە:
ئیبن ئەلکلبی(١٤٦ک مردوە) کە یەکێکە لە گێڕەرەوە ناودارەکان و کاریگەریی زۆری لەسەر نوسینەوەی مێژوی ئیسلامی هەبوە، لە عەرەبی قەحتانی بوە و یەمەنی بوە، بۆیە هەوڵی داوە نەسەبی کوردی بباتەوە بۆ لا عەرەبی قەحتان، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە شۆڕشەکەی عەبدولڕەحمانی کوڕی ئەشعەسدا(٨٣ک کوژراوە) کە قەحتانی بو، دژی ئومەوییەکان بەرپای کرد، زۆربەی شۆڕشەکەی لەسەر خاکی کوردستان بوە. بۆیە پێویستی بەنزیکبنەوە بوە لەگەڵ کورد، بۆیە ئەم مێژونوسە هەوڵی داوە ڕەچەڵەکی کورد بباتەوە سەر عەرەبی قەحتان تا لەوێوە سۆزی کوردەکان بەدەستبهێنن و پشتگیری قەحتانییەکان بکەن. بەڵام ئەبو یەقزان، لەبەر ئەوەی خۆی عەرەبی عەدنانی بوە، نەسەبی کوردی بردۆتەوە بۆ عەدنانییەکان، تا کوردەکان سۆزیان بەلای عەرەبی عەدنانیدا بشکێتەوە. لا١٢٩.
ئەززیبیدی(١٢٠٥ک-١٧٩٠ز) خۆشی لەبەر ئەوەی عەرەبی یەمەنی بوە، چڕتر هەوڵی ئەوەی داوە ڕەچەڵەکی کورد بباتەوە سەر قەحتانییەکان. دەبێت ئەوە بزانین کە چەندین سەدە عەدنانی و قەحتانییەکان ململانێی شەڕی توندیان لەنێواندا هەبوە.
مەسعودی(م٣٤٦ک)یش لەبەر ئەوەی خۆی عەدنانی بوە و نەوەی عەبدوڵای کوڕی مەسعود بوە، بۆیە لەسەدەی چواری کۆچیشدا هەر جەختی لە عەدنانیبونی کورد کردۆتەوە.لا١٣٠
لای نوسەر، بۆ ئەو سەردەمە، ئەم بە عەدنانی و قەحتانیکردنەی کورد، بۆ کەمیی کورد نەبوە، بەڵکو بەپێی عورفی ئەو کاتە بۆ بەڕێزی بوە، چونکە دابەشبونێکی قووڵ لە نێوان عەرەب و غەیرە عەرەب(موالی)یدا هەبوە و هەمیشە عەرەب وەک مرۆڤی پلە بەرزو بەڕێز لە ژیاری ئیسلامیدا مامەڵەیان لەگەڵ ڕەگەزی خۆیان کردوە، بەڵام موالییەکان بە پلە نزمتر لێیان ڕوانراوە. لەسەر ئەم بابەتە؛ نوسەر چەندین ڕوداو لە کتێبە کۆنە ئیسلامەییەکاندا دێنێتەوە. بۆ نمونە لە لاپەڕە ١٣٢ دا دەڵێت: موسعەبی کوڕی زوبێری کوڕی عەوام کە حاکمی ئێراق بوە، کاتێ بیستویەتی پیاوێکی موالی ژنێکی عەرەبی بە دڵخوازی هەردولایان هێناوە، دەچێت و لێکیان جیادەکاتەوە، چونکە پێی وابوە نابێت ڕەگەزی بەرزی عەرەبی تێکەڵ بەڕەگەزی نزمی موالییەکان بێت. بەڵام هەرچۆن بێت، بەعەرەبکردنی کورد لە ڕۆشنبیری ئیسلامیدا بەشێک بوە لە ونکردنی ئەسڵوفەسڵی ڕاستەقینەی کورد و بۆتە بەشێک لە پڕۆسەی دێواندنی کورد.
لای نوسەر بە قەحتانی و بە عدنانی کردنی کورد لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەم دو ڕەگەزەی عەرەب ململانێی قورس لە نێوانیاندا هەبوە و ویستویانە لە ململانێکەیاندا کورد بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
نوسەر هەمو ئەو گێڕانەوانەی کە کورد دەباتەوە بۆ سەر عەرەب بە بێبەڵگە دەداتە قەڵەم، دەڵیت: نوسەرە عەرەب و موسڵمانەکان هیچ بەڵگەیەکی زمانی و مێژوی و ئەنسرۆپۆلۆجی بۆ قسەکانیان ناهێننەوە و بیریشیان لێنەکردوەتەوە. لا١٤٣
کارێکی گرنگ کە نوسەر کردبێتی بریتییە لە گەڕان بەشوێن ئەسڵوفەسڵی ئەو مێژونوس و گێڕەرەوانەی لە سەدەی یەک و دوو و سێدا ژیاون و مێژوی ئیسلامی لای ئەمانەوە نوسراوەتەوە، ئەم سێ سەدەیەش دواتر کاریگەری ڕون و یەکلاکەرەوە لەسەر هەموو مێژوی ئیسلامی جێدەهێڵن. هەروەها ئەو سەرچاوانەی دوای خۆیان ئەم زانیارییانەیان لێوەرگرتون، بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە لێیان نەڕوانین و هەر نەقڵیان کردون. نوسەر ئەمە بە سێ خاڵ دەستنیشاندەکات:
یەک؛ نوسەر دێت و ئەم مێژونوسانە(عوبەید بن شرییە،م٦٧ک، وەهب بن موننەبهـ، م١١٤ک، محەمەد بن ئیسحاق، م١٥١ک، هشام بن محەمەد کەلبی، م ٢٠٤ک، محەمەد بن عومەر ئەلواقدی، م٢٠٧ک، ئەبو حەسەنی مەدائینی، م٢٢٥ک، ئبن سەعد، م٢٣٠ک، ئەحمەد بن یەحیا بەلازەری، م٢٧٩ک، ئالیەعقوبی، م٢٨٤ک، ئەلتەبەر ،م٣١٠ک) هەمو ئەمانە ڕۆشنبیریان لەو ناوچانە وەرگرتوە کە فارسەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا شکاوە و ڕۆشنبیری خۆیان تێدا بڵاوکردوەتەوە. فارسەکانیش هەر لە وەسیەتەکەی پاشای ئەخمینییەوە(قەمبیز) بە پڕۆژە خەریکی دێواندنی میدییەکان و نەوەکانیان بون.
دو قوتابخانەش هەبون کە گێرانەوەکانی پێش ئیسلامیان گەیاندوە بە دوای خۆیان، ئەوانیش یەک: قوتابخانەی یەمەنی، کە لە یەمەن بوە و یەمەنیش لەژێر دەسەڵاتی فارسەکاندا بوەو ناودارترین مێژونوس و گێرەرەوەی ئەم قوتابخانەیە بریتی بووە لە وەهب بن مونەبهـ کە فارس بوە. لا ١٦٠
دو؛ قوتابخانەی ئێراق، ڕۆشنبیریی فارسیی تێدا زاڵبوە. کتێبە فارسییەکان بە ئاسانی لەو قوتابخانەیەدا دەستکەوتون و ڕۆشنبیرە فارسەکان بناغەدانەری بون.
سێ؛ مەنهەجی گێڕەرەوەکانی نازانستی بون و زۆر خۆیان بە سەرچاوە و سەرهەڵدانی ڕوداوەکانەوە ماندونەکردوە و بەدوای ڕاستی و دروستی ڕوداوەکاندا نەگەڕاون، تەنها هەر نەقڵیان کردوە. ئەگەر کێشەیەکیان بوبێت بە قیل و قال پینەوپەڕۆیان کردوە. ئیتر ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی زۆر جار پڕوپوچ و مێژویان تێکەڵ بەیەککردوە. مێژونوسەکان میتۆدیکی زانستی ئەووتۆیان لەبەردەستدا نەبوە تا شەنوکەوی زانیارییەکانی پێبکەن. لا١٦١
فارسەکان لەبەر ئەوەی دەمێک نەبوە ئیمپراتۆریەتیان ڕوخاوە، کتێبی پێش سەردەمی ئیسلامیان ماوە و زۆریان پاراستوە، بۆیە هەر لەگەڵ هاتنی عەباسییەکاندا دەوڵەتی سەربەخۆ یان شێوە سەربەخۆی خۆیان دروستدەکەن و دەستدەکەنەوە بە خزمەتکردنی زمان و مێژو و ڕۆشنبیری فارسیی خۆیان زۆر کتێبی مێژویی خۆیان بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕن. کەسێکی فارسی وەک ئیبن لموقەففەع(کوژراوە١٤٢ک) خودانامەی فارسی کردوە بە عەرەبی، بەناوی کتێبی پاشاکانی فارس. لا١٦٩
هەر لە سەردەمی عەباسییەکانەوە ئیتر دەوڵەتی سەربەخۆ یان شێوە سەربەخۆی فارسی سەریان هەڵدا و سامانییەکان(٢٦١-٣٨٩ک) دەستیان کرد بە ڕەسمیکردنی زمانی فارسی. لا ١٦٩
نوسەر لەسەر چیرۆکی زوحاک زۆر وەستاوەو ئەوەی ڕونکردوەتەوە ئەخمینییەکان چۆن توانیویانە بە درێژایی مێژوو کاری لەسەر بکەن و ئەم ناوە لە ئەستیاگی دوا پاشای میدیییەکانەوە وەرگیراوەو وەک کەسێک ئێجگار ستەمکار تێکەڵ بە ئەفسانە کراوەو مێژونوسە ئیسلامییەکان ئەم بەسەرهاتە دروستکراوەیان وەک هەقیقەت گێڕاوەتەوە.
لەناو ئەم چیرۆکە بەئەفسانییکراوەدا، ئەم ڕاستیانە هەن:
1) کورد ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاکردوانەی کە لە دەستی ئەستیاگ ڕایان کردوە(ڕەچەڵەکی کورد خەڵکی هەڵاتوی پەرشەوەبون).
2) کورد یەک بونیادی نەژادی یەکگرتوی نییە، بەڵکو تیکەڵەیەکە لە ڕەگەزی جیاواز.
3) کورد گەلێکی شاخیی و کێوین، سەرەتاکانی ژیار نازانن و کەڵکی ئەوەیان نییە لە بازنەی کێوییەوە ببرێن بۆ بازنەی مەدەنی. لا١٩٠
هەروەها نوسەر لەسەر چیرۆکی سوتاندنی ئیبراهیم پێغەمبەر وەستاوە و باسی ئەو سەرچاوانەی کردوە، کە باسی ئەوەیان کردوە گوایە کوردێک پێشنیازی سوتاندنی ئەم پێغەمبەرەی کردوە، پێغەمبەرەکەش(ئیبراهیم) کورد نەبوە. ئەم کوردەی کە ئەو پێشنیازەدەکات؛ دڵرەقێک بوە لە کوردان(خێڵەکییەکانی ناو فارس)، وەک چۆن لە سەردەمی نوێدا تۆرانییەکان بە کورد دەڵێن (تورکانی کێویلە)، ئەوا لەناو ڕۆشنبیری ئیسلامیدا (خێڵەکییەکانی ناو فارس) بۆ کورد بەکارهاتوە. لا٢٢٦-٢٢٧
بۆیە کاتێک ئەم سەرچاوە ئیسلامییانە بە ناو هەموو دنیای ئیسلامیدا بڵاودەبنەوە وێنەیەکی شێوێنراوی کورد پەرەپێدەدن، بەتایبەت دونیای ئیسلامی لەگەڵ کتێبە کۆنە ئیسلامییەکاندا؛ زۆربەی کات وەک هەقیقەت لێیان دەڕوانن و جۆرێک لە پیرۆزییان هەیە.
لە کۆتاییدا نوسەر دەڵێت:
١)کاتێک کورد دەکرێت بە هەڵاتوەکانی دەستی زوحاک، بەمانای ڕەچەڵەکی ئەم گەلە نەزانراوە و ناسنامەیان یەکلا نییەو تیکەڵەیەکە لە ڕەگەزی جیاواز.
٢)ئەو لافلێدانەی کە پێی وایە کورد لە ڕەگەزی شەیتانێکە ناوی جەسەدە، دایکیشیان لەو جارییە داوێنپیس و دوڕوانەیە کە زینایان کردوە لەگەڵ شەیتاندا، ئیتر پێغەمبەریکی عیبرانی وەک سلێمان فەرمانی داوە بەرەو چیاکان وەدەریان بنێن، تەواو نازانستییە.
٣)ئەوەی گوایە کورد لەوانە بون کە قورئان بە خاوەن هێزی زبر(اولی باس) ناوی بردون، لە قورئاندا بە مانای باس نەهاتوە، بەڵکو بەمانای یاخیبوان لە فەرمانی خوا هاتوە، ئەمەش هەر نێگەتڤە. لا١٢٥-١٢٦
بۆیە نوسەر پێی وایە لەناو ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا بەئیبلیسکردنی کوردان بەپرۆژە هەبوە و بە درێژایی ئەم مێژوە بەتایبەت لە سێ لاوە کاری لەسەرکراوە، ئەوانیش کەناڵەکانی مێژوو، تەفسیر، ئەدەب بوە.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ کوردستانییەکان گرنگە، بەتایبەت لە ئێستادا دەرئەنجامەکانی ئەم بەئیبلیسکردنە لەسەر ئەرزی واقع دەبینین و بوغزی ناسیۆنالزمی شۆڤێنی(عەرەب، تورک، فارس) تێکەڵ بە ئیسلامێکی بەسیاسیکراو لەناو ئەم سێ گەلەدا بەتەواوی بەرچاوە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …