Home / بەشی مێژووی كورد / بەندی پێنجەم لە کتێبی (هێڵێک بەنێو لمدا) من موسڵم دەوێ  

بەندی پێنجەم لە کتێبی (هێڵێک بەنێو لمدا) من موسڵم دەوێ  

106398178_2706610459607394_5048189913219769430_n

نووسینی: جێمس بار

وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر

دوای ئەوەی ئاستی دۆڕانی عوسمانییەکان بەرچاو بوو، ئەوەبوو لە دوای خوانی شێوانی ٦ی ئۆکتۆبەری ١٩١٨دا «لوید جۆرج» لەوە ڕاما ئاخۆ چۆن “تورکیا پارچەپارچە بکا.”١ هەینێ سەروەزیری بەریتانی لە پاریس بوو، ڕۆژەکەی بە ڕێککەوتن لەگەڵ فەرەنسییەکان سەبارەت بە مەرجەکانی ئاگبەست خەریکبوو، کە بۆ دوژمنیان دانابوو. خۆی «لوید جۆرج» هەر لە خۆزاییەوە ڕقی لە تورک بوو –ئەوەش ڕوونوئاشکرا بوو، کە یەکێ لە وەزیرەکانی مەراقی ئەوە بوو ئاخۆ بیر لە گریک دەکاتەوە-، دەمێکیش بوو حەزی لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. ئاخر وەک ئەو ساڵێک پێشتر بە کابینەی حکوومەتەکەی گوتبوو؛ ” تورک لانکەی شارستانییەتیان کردووەتە بیابانێکی وێرانە. پێویستە هەرگیز ڕێگە بەتورک نەدرێ لە ئایندەدا جارێکی دیکە قەڵەمڕەوی ئەو خاکە مەزنە بکاتەوە.”٢

لێ گەلۆ، خۆ ئەگەر عوسمانییەکان نەبن، کەواتە بۆ کێیە؟ ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ نەخشەڕێگای چارەسەری بۆ قۆناغی دوای جەنگ داڕشتبوو، بەڵام ئەوەش نەبوو «لوید جۆرج» حەزی پێبکا. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی حکوومەتەکەی، بۆی دەرکەوت، کەوا «بلفۆر» بە ژەنەڕاڵ «ئەلنبی» گوتبوو ڕێز لە ڕێککەوتننامە پڕ لە مشتومڕەکە بگرێ، ئەویش وەها وێنای ڕێککەوتننامەکەی کردبوو، هی ئەوە نییە لەم بارودۆخە هەنووکەییەدا جێبەجێبکرێ، هەروەها … هەمووی بەسەریەکەوە و لە ڕوانگەی بەریتانییەکان ڕێککەوتننامەکە خوازراو نەبوو.٣ ئیدی تا ئەو ڕادەیەی ئەو نیگەران بوو، هەر بەریتانییەکان بوون، کەوا بەتەنیا عوسمانییەکانیان بەزاندبوو –هەرچی حکوومەتەکانی دیکە بوون تەنیا چەند پۆلیسێکی زنجییان ناردبوو تا بۆیان دەربکەوێ ئاخۆ هیچمان لە مەزارە پیرۆزەکەدا دزیوە- هەروەها هەر بۆیە دەبێ بەریتانیا لە خاکە دەستبەسەرداگیراوەکەدا بەشی شێری بەربکەوێ.٤ کەچی بە چاوپۆشین لەو ڕاستییە، هێشتا «کامبۆن»ی باڵوێزی فەرەنسا مکوربوو لەسەر ئەوەی دەبێ ڕێز لە ڕێککەوتننامەکە بگیرێ. ئەوکاتیش «لۆرانس» گەیشتبووە دیمەشق، ئیدی ئەوە ڕوون ببووەوە، کە حکوومەتی فەرەنسا بەبێ شەڕ دەست لەو سازشانە لەسەر دابەشکردنی خاکەکە هەڵناگرێ، ئەو سازشەی بەر لە سێ ساڵ «جۆرج پیکۆ» لە بن سەری بەریتانییەکانی دەرهێنابوو.

هەمان شەو لەسەر خوانەکەدا لە پاریس «لوید جۆرج» لەگەڵ دوو هاوڕێیدا، بە گوێرەی قسەی وەزیری کاروباری حکوومەتەکەی «ماوریس هانکی Maurice Hankey» کە ئەویش لە کۆبوونەوەکەدا بوو؛ “سەروەزیر هەڵوێستێکی زۆر توند و لێبڕاوانەی هەبوو.”٥ ئەو ویستی بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ بەوەی، فەلەستین بۆ ئێمە بێ و موسڵیش بخرێتە بن قەڵەمڕەوێتی بەریتانیا و تەنانەت فەرەنسییەکانیش لە دەرەوەی سووریا بمێنەوە. «هانکی» ئەوەشی بۆ زیادکرد، کە سەروەزیر لە سەرەک ویلسن “زۆر دەهری بوو”، ئاخر دەیبینی چۆن ئەمریکییە لەخواترسەکە، شتەکان بۆ ئەوە دەقۆزێتەوە، کە دەستکەوتی خۆی هەبێ. بە گوێرەی قسەکانی «هانکی» بێ، لە میانەی لێکەوتەی گفتوگۆی «لوید جۆرج» کە لە کۆبوونەوەکەدا وروژاندی، “کەوا بە هەندێ خۆپارێزی کەمۆیانەوە بەوەی داوا لە ئەمریکییەکان بکرێ بێن و فەلەستین و سووریا بۆ خۆیان ببەن، بەڵکو وەها بکا و مەیلی فەرەنسییەکان لەسەر داواکردنی فەلەستین کەمتر بێتەوە و بیدەنە ئێمە، تا هەر بەهانەی بەڵکو سووریایان بەدەستەوە بمێنێ.”

ئەو مەیلە کتوپڕییەی سەروەزیری بەریتانیا بۆ داواکردنی موسڵ، بۆ «هانکی» دەگەڕایەوە. ئاخر هەر ئەو بوو، هەشت هەفتە بەر لە کۆبوونەوەکە، چووبووە بن کڵێشەی «لوید جۆرج» تا باسی بایەخی موسڵی بۆ بکا، ئەمەش دوای خوێندنەوەی ئەو یاداشتەی لە لایەن ئەدمیرالێکی پلەبەرز سەبارەت بە پێویستیان بە نەوت نووسرابوو. ئەدمیرالەکە ڕوونیکردبووەوە، کە نەوت چوارهێندەی خەڵووز کاریگەرە، لە کۆتاییشدا دەبێتە ماددەی سەرەکی بۆ سووتەمەنی هێزی دەریایی بەریتانی. ئەمەش دۆخی بەریتانیا ناسک و شڵۆق دەکا، کە سەرچاوەی تایبەت بەخۆی لە خەڵووز هەیە، بەڵام دەبێ پشت بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببەستێ بۆ دابینکردنی نەوت. لەبەرانبەر ئەو پاشخانەی سەرۆک ولسنیش بۆ دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم، بۆ ئەوەش کە بەریتانیا بە هێزێکی دەریایی زاڵ بمێنێتەوە، ئەوا شتێکی چارەنووساز دەبێ، دەستی بەسەر زۆرترین بڕ لە نەوتدا بگرێ.”٦

ئەدمیرالەکەش بە ئەنقەست کاتەکەی بۆ ڕاپۆرتەکەی هەڵبژارد، چونکە لەو کاتەدا حکوومەتی بەریتانیا لە چەند مانگی داهاتوودا سەرقاڵی دانانی ستراتیژییەکەی بوو. هێزەکانی هاوپەیمان تازە و بەئاستەم لە بەرپەچدانەوە هێڕشی بەهارییەکەی ئەڵمان ببوونەوە، بۆیە وەهایان ڕەچاودەکرد، جەنگەکە ساڵێکی دیکەشی پێبچێ. دەستەی سوپاسالاریش کە سەرقاڵی نەخشەی هێزی نزیکی سەر باکووری فەرەنسا و فەلەستین بوون، بە کابینەی حکوومەتەکەیان ڕاگەیاندبوو، لە نەخشەیاندا نییە هەورازتر لە باکووری میزۆپۆتامیا بڕۆن و پێشرەوی بکەن. هێزی سەربازیی بەریتانیا لە بەسراوە تا بەغدا و لەوێشەوە تا کەرکوک پێشڕەوی کردبوو، واتە تا ئەو پنتەی کە «سایکس» بەر لە سێ ساڵ پێشنیازی بۆ سەرکردایەتی حکوومەتەکەی لە خانووی ژمارە دەدا کردبوو.

ئەدمیرالەکە لەسەر باری چاودێرییەکەی بەم جۆرە ڕۆیشت، هێزی بەریتانی گەیشتووەتە مەودایەکی سەمەرەی کانە نەوتەکان، کە مایەی مرخلێخۆشکردن بوون. کانە نەوتەکان لە شوێنێکی بەردین لە دەوروبەری موسڵدان، هێشتا هەر لەبن ڕکێفی عوسمانییەکاندا بوون. ڕاپۆرتەکاتی جیۆلۆجییەکانی ئاڵمانیش کە بەر لە جەنگ ئەو ناوچانەیان کنجکۆڵ کردبوو، گەیاندبووینە سەر ئەو بڕوایە، کە لەوێدا “گەورەترین کانی سەرچاوەی دەستکارینەکراوی جیهانە کە تائێستا پێیزانرابێ”. ئەوسا ئەدمیرالەکە پێشبینی ئەوەی کرد: “ئەو هێزەی ڕکێفی خاکە نەوتاوییەکەی ئێران و میزۆپۆتامیای بکەوێتەدەست، ئەوا کۆنتڕۆڵی زۆرینەی سووتەمەنی لەدواڕۆژدا دەکەوێتەدەست”. ئەو لەسەر خاڵێک پێداگر بوو؛ “دەبێ ئەم کۆنتڕۆڵکردنە بە شێوەیەکی ڕەها بێ، نابێ هیچ بەرژەروەندییەکی بێگانە یان هەر جۆرە شتێکی لەم جۆرەی تێبئاڵێ.”

«هانکی» ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی، دەستبەجێ قەناعەتی بە ڕاپۆرتەکەی ئەدمیرال هات و هەستیکرد پێویستە سەروەزیریش ڕاوێژەکە زۆر بەهەند هەڵبگرێ. ئەوەشی دەزانی «لوید جۆرج» ڕقی لە خوێندنەوەی یاداشتەکان دەبێتەوە، هەر بۆیە ئەو تێبینییەکەی لەسەر ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکی دیار نووسی: “زۆر نهێنی و گرنگ”.٧ هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد، هەرچەندە لەوێدا هیچ بنکەیەکی سەربازیی وەها نییە، کە هێزی بەریتانی بەرەو باکووری عێراق بکشێ، بەڵام هۆگەلی دیکە هەن کە سەربازیی نین، بەرەو ئەو شوێنەی میزۆپۆتامیا بکشێن لەکاتێکدا، کە بەریتانیا هێزێکی تۆکمە و دەستوەشی تەواوی لەوێدا هەیە. تۆبڵێی بەر لەوەی جەنگ کۆتایی بێ، کاتی ئەو پێشڕەویە نەهاتبێ، تا ئەو بیرە نەوتە بەهادارانەی میسۆپۆتامیا بپارێزرێن؟

سوود و کەڵکی پێشڕەوییەکە پێشچاوبوو، بەڵام بۆ ئەم کارە دوو بەربەست هەبوون. وەنەبێ هەر بە تەنیا سێ ساڵ لەمەوبەر «سایکس» بە ئاسانی و خۆشی بەڵێنی موسڵی بە فەرەنسییەکان دابێ، بەڵکو ئەوەش هەبوو، کەوا داگیرکردنی شارەکە داڕسانێک بوو بۆ بنەماکانی سەرۆک «ودرۆ ویلسن» کە جاڕی دابوو، دەبوایە بنەماکانی ببنە ڕێنوێنی سیستمێکی نوێی جیهان. «بلفۆر»یش کە ساڵێک پێشتر لەلایەن «کۆلۆنێل هاوس»ی ڕاوێژکاری ویلسن گوێی ڕاکێشرابوو، نیگەران بوو لەوەی هەر جووڵەیەک بە ئاقاری داگیرکردنەکە بە “شتێكی ئیمپریالیانەی تەواوعەیار” لێکبدرێتەوە، بەڵام مشتومڕی پێداگرییانەی «هانکی» لەسەر ئەوە بوو، کە دابینکردنی ئاسایشی نەوت بەر لە “جەنگی ئایندە، لە ئامانجە هەرە یەکەمینەکانی جەنگی بەریتانییایە”، لوید جۆرجیش، کە وەزیرەکەی بە کەسێکی ئیرادەلاواز دەبینی، لەسەر پێشنیازەکەی «هانکی» قایلبوو.٨ کاتێکیش هەر لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەوە پێشچاوبوو کە عوسمانییەکان شکاون، بەڵام هێشتا فەرەنسییەکان هەر دەستیان بە ڕێککەوتننامەکەی سایکس-پیکۆەوە گرتبوو، ئیدی ئەوەبوو «لوید جۆرج» فەرمانی بە هێزی بەریتانی کرد بەرەو موسڵ بکشێن و هاوپەیمانەکانیشی بخاتە بەردەم دیفاکتۆ. هەر مانگێک پاش ئەوەی لۆرانس و عەرەب گەیشتنە دیمەشق و هەر چوار ڕۆژیش دوای ئاگربەست لەگەڵ تورکیادا، لە ٣ی نۆڤێمبەردا هێزەکانی بەریتانی دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت.

ئەوەی ڕاستی بێ، «لوید جۆرج» کارنامەی ژیانی خۆی لەسەر قۆستنەوەی ئەو جۆرە دەرفەتانە ڕۆنابوو. زۆر بەرلەوەی بچێتە پەرلەمانیش، ئەو لەبەردەم هاوژینی ئایندە«مارگرێت»دا دانی بەوەدا نابوو، کەوا “بیرۆکەی هەرە باڵای من ئەوەیە لە تەکاندا بەردەوام بم.”٩ “بۆ ئەو بیرۆکەیەش، قوربانی بە هەموو شتێک دەدەم بەدەر لەوەی کە متمانەم وایە ڕاستگۆیەتی نەبێ. ئەگەر هاتوو کار گەیشتە سەر بڕیاردانم بۆ ڕاماڵینی بەربەسەتەکانی بەردەم ڕێگەم، تەنانەت ئامادەم خۆشەویستیشی لەپێناودا دابنێم.” لە کۆتاییشدا ئەو هەردووکیان، هەم خۆشەویستی و هەم ڕاستگۆیشی لەسەر پرسی هێزدا دانا. پەیوەندی گۆبەندییەکەی لەگەڵ سکرتێر و ڕاوێژکارەکەی «فرانسێس ستێیڤنسن Frances Stevenson» یەکێک بوو لەنێو ئەو شتە زۆرانەی، کە شایستەی ئەوەبوو نازناوی بزنی بەسەردا ببڕێ، لەکاتێکدا هێشتا ئەستۆی لە گۆڵمەزی پڕشەرمەزاری بازرگانی بەدناوی «مارکۆنی» پاک نەببووەوە. ژن و سامان ئەویان حەیران کردبوو، یەکێک لە کارمەندە مەدەنییەکان سەربردەی چڵێسیەکەی گێڕایەوە. ڕۆژێک، کە کۆبوونەوەیەکی هەراسانی تێدا دەکرا، چوو تا یاداشتێکی پێبدا، کەچی ئەو سیاسەتوانەکەی بینی “ئەو سەعاتەی دوایی کۆبوونەوەکەی بەوە بەسەر بردبوو، کە وشەی دەنگدان بە خەتێکی درشت نووسیبوو، بەڵام هەر بەئەوەندەش لێنەگيرابوو، بەڵکو هەموو وشەکان بە قەڵەمداری شین و کەسک و سوور ڕەنگکردبوو.”١٠

«لۆرد مۆرلی Lord Morley»ی سیاسەتوان و نووسەر چەندین جار بە دووپاتەکراوی سەرنجی لەبارەی «لوید جۆرج» وەها داوە: “لە سەرڕاستی «ئانانیاس Ananias[1]» و بۆ برادەرایەتیش «بروتوس Brutus[2]»ە، بۆ لێهاتوویەکانی دیکەشی ئاماژە بە «سیگنەر مارکۆنی Signor Marconi[3]» دەدەم.”١١ کەچی دوای ئەوەی سوپای خۆبەخشی کیچنەر لە «سەم Somme[4]» و حکوومەتە لیبرالەکەی «ئاسکویسی»ش لەسەر پرسی سەربازگیریی بە تۆپزی دابەش بوو، ئیدی هەندێ تێبینی خۆپارێزانەی لوید جۆرجیش بە دڵڕەنجان قووت دران. ئەوەبوو خاسییەتەکانی مجیزبەرزی و جەنگئامێزی وەک وەزیری ئازووقە و وەزیری کاروباری جەنگ وایان خواست ببێتە فەرمانڕەوای وڵات. کاتێکیش «لوید جۆرج» لە ١٩١٦دا دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەوانەی ئەویان گەیاندە، دەسەڵات، لایەنگرانە لیبرالەکان نەبوون، بەڵکو پارێزگارەکان(کۆنسەرڤاتیڤەکان) بوون، چونکە ئەوانیش هەمان بڕوایان هەبوو، کەوا هەنووکە سەربازگیریی بەتۆپزی پێویستە، هەروەها هاوڕابوون لەسەر فرەوانخوازی ئیمپریالییانەی و تێنوێتی ئەو بۆ دەسەڵات. هەر وەک باڵوێزی ئەمریکا لە لەندەنەوە ڕاپۆرتی بۆ وڵاتەکەی بەرزکردەوە؛ ئەو “یەکێکە لە پیاوە جەماوەرییەکان، کە بێگومان شتێکی لە بلیمەتی تێدایە.”١٢ دیپلۆماتێکی گەنجی بەریتانیش دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار، چاوی بە «لوید جۆرج» دەکەوێ، دەنووسێ: “لێرەدا شتێکی سەرنجڕاکێش لەبارەی ئەوەوە هەیە. ئەو سەرنجی وات لەلا دەوروژێنێ، کە پیاوێکی مەزن بێ، ئەمەش بەبێ نمایشنامەی شانۆیی یان بەبێ ئەوەی دیاربکەوێ کە ڕاست نییە، نیشاندەدا… ئەو جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ مستەر ئاسکویسدا هەیە، ئەوەی پێیخۆشە لە نزیک نیشتمانەوە هیچ شتێکی لە تیۆسیداسەوە نەڵێ.”١٣

بەرلەوەی دۆخەکە بشێوێ، «لوید جۆرج» خۆی وەک “ناسیونالیستێکی سۆسیالیست” وێنادەکرد.١٤ ئەوەبوو چوار پیاوی نوێی لە کابینەی حکوومەتەکەی دانان، لە نێویاندا «لۆرد کرۆزۆن»ی ئیمپریالیستی ناودار و «لۆرد لینەر» بوون تا کاروباری جەنگ بەڕێوەببەن. هەروەها «هانکی»یشی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران دانا و «ستێڤنسن»ی دۆستەکەشی کردە سکرتێری تایبەتی خۆی و بەم جۆرە بەشی زۆری سیاسەتی دەرەکیشی لەبن ڕکێفی خۆیدا هێشتەوە. ئەو تیشکخستنەسەر دەسەڵات بۆ ئەو دژبەریی بوو، چونکە دوژمنی بۆ پەیداکردن، بەڵام هەر کاری خۆی کرد، بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتن، ئەو وەک ئەو پیاوەی جەنگەکەی بردۆتەوە، سەیردەکرا. بەرلەوەی بەخۆنازینەکە ببڕێتەوە، ئەو شێلگیرانەبوو لەسەر ئەوەی دەرفەتەکان بۆ هێنانەدی سەرکەوتن بقۆزێتەوە. لەو شەوەی مانگی ئۆکتۆبەر لە پاریسدا لە گژ فکران ڕاچوو؛ “خۆ ئەگەر ئێستا بەشی خۆمان لە تورکیا و لە کۆلۆنەکانی ئەڵمانیا قوت بدەین، ئەوا سەرنجی کەمتر لەبارەی دەستکەوتە مەزنەکانمان لەم جەنگەدا دەوروژێن.”١٥

ئەم سیستمەش ڕەنگدانەوەی خواستی «لوید جۆرج» بوو بەوەی خۆی لە ڕوانینە ناپەسەندەکەی سەرۆک ویلسن بەدووربگرێ. ئەو ئەو حیسابەی لەپێش چاوی خۆی دانابوو، کەوا لەبەر ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جاڕی شەڕی لە دژی عوسمانییەکان نەدابوو، کەواتە «ویلسن» کەمتر بەهانەی ئەوەی هەیە، دەست لەکاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەربدا. لێ هەر زوو ئەوە دەرکەوت، کە لوید جۆرج لەم بارەیە زیاد لە پێویست گەشبینە. دوای ئەوەی «ویلسن» سیاسەتی دەرەکی بە دەستەی ڕۆژنامەوانانی واشنتنی ڕاگەیاند، بەوەی ئەو بەنیازە لە کۆنگرەی ئاشتی نزیک ببێتەوە، ئیدی ئەم نووچە نوێیە گەیشتە لەندەن، کەوا “بەتوندی لە دژی دەستکەوتی بەریتانیا سەبارەت بە مەرجەکانی ئاشتی”، بەتایبەتیش “لە دژی پارێزبەندی بەریتانیایە بەسەر فەلەستین و میزۆپۆتامیا”.١٦ ئەمەش هیوای لوید جۆرجی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی موسڵ لەباردەبرد.

لە دەرهاوێشتەی ئەمەدا، گەیشتنی «لۆرانس» لە ٢٨ی ئۆکتۆبەر بۆ لەندەن بەسوود و کەڵک گەڕایەوە. ئاخر ئەو بۆ ئەوە هاتبووەوە، ئاخۆ حکوومەتی بەریتانیا چی بۆ عەرەبەکان پێیە، کەچی هەر زوو پرسەکە لای کاربەدەستانی وڵات ئاوەژوو بوویەوە، بەوەی مەراقی ئەوە بن ئاخۆ «لۆرانس» لە توانایدا هەیە شتیێک بە عەرەب بکا بەوەی ئەوان چیان بۆ بەریتانیا پێیە. هەروەک یەکێک لە کاربەدەستەکان شتەکەی دەربڕی: “سەرهەڵدانی بزووتنەوەی عەرەب بە پێشهاتێکی پڕخێر بۆ ئەو خاڵە چارەنووسسازە مێژووییەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا شکایەوە.”١٧

لە کۆبوونەوەی هەمان ڕۆژدا، «لۆرد ڕۆبەرت سێسیل»ی وەزیری کاروباری دەرەوە پرسی حکوومەتی میزۆپۆتامیای لەگەڵ «لۆرانس» وروژاند، دواتر بە تۆمارکراوی ئەوە دەرچوو، کەوا «لۆرانس» “شێلگیرانە داوای ئەوەی کرد، میزۆپۆتامیا بخرێتە ژێر فەرمانڕەوایەتی عەرەب، تا بشکرێ بە کردارێکی تواناکەمەوە ئەمە مەیسەر ببێ. ئەو پێشنیازی ئەوەشی کرد بەڵکو کوڕی «شەریف حوسێن» ببێتە فەرمانڕەوا. بۆ ئەم کارەش «عەبدولڵا» زۆر باش دەستدەدا.”١٨ بۆ ڕۆژی پاشتر، کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتیش پرسیاری هەڵوێستی سەرکردە عەرەبەکانیان لە چارەسەرییەکی بۆ هەرێمەکە پرسی. لۆرانسیش وەڵامی دایەوە؛ «فەیسەل» دۆستی ڕۆژئاوایە، بەڵام حەز و خواستی لایەنگرانی ئەو بۆ پەژراندنی مافی بەریتاییەکان بەسەر فەلەستین و میزۆپۆتامیا دەکەوێتە سەر ئەوەی ئاخۆ تاچەند بەریتانیا لە بەرانبەر داوای فەرەنسییەکان دەوەستێتەوە. بە کۆتاییهاتنی هەفتەکەش کاریگەری «لۆرانس» لەسەر مامۆستای پێشووی خۆی «دایڤید هۆگارس» ڕاشکاوبوو. ئاخر «هۆگارس» نووسی: “لێرەدا سەرتاپای هەڵوێستمان لەبەرانبەر فەرەنسادا توند دەبێ. «لۆرانس» هەمووی مەراقکردن و کارێکی زۆر باشی کرد.”١٩

هەرچەندە ئەو باسوخواسەی «لۆرانس» هێنایە پێشەوە، هەندێ ترسی لای نوسینگەی بەڕێوەبردنی هیندستان پەیداکرد، لەوێدا کاربەدەستێکی گەورە لەوە نیگەران بوو، ئەگەر هاتوو پشتی حکوومەتێکی عەرەبی لە باکووری عێراق بگرین “ئەوا دنەی بەدنیازیی فەرەنسا دەدا و ڕێگەش لە وەبەرهێنانی دۆزینەوەی نەوت دەگرێ، کە ئەم جۆرە نیگەرانییانە ئەوکات پشتگوێ خرابوون.٢٠ پەیامی لۆرانس “توندی دژەفەرەنسا”، دەق لەگەڵ کاتەکەدا دەهاتەوە. ئاخر «لۆرد کورزۆن»ی سەرۆکی کۆمیتەی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند؛ ئەو “ترسێکی بەڕاستی هەیە لەوەی ئەو زلهێزەی، کە دەبێ زیاتر لە هەمووان لە ئایندەدا لێیبترسین فەرنسایە” و ئەو هەڵوێستەش بە بەرفرەوانی باوبوو.٢١ لە لەندەنەوە بە بەزاندنی ئاڵمان و عوسمانییەکان، ئەوە دەرکەوت، کە فەرەنسای هاوپەیمانی بەریتانیا لە کاتی جەنگ، دیارە بووەتەوە ڕکابەر.

ئەم سەرنجەش بە شێوەیەکی هێڕشبەرانە سەلمێنرا، کە حکوومەتی فەرەنسا گرتیەبەر. بە گرژییەکی توندەوە کۆمیتەی فەرەنسای ئاسیایی و پەرلەمانیش لۆبی خۆیان لەو بارەیەوە کرد، ئەوەبوو لە دەستپێکی مانگی نۆڤێمبەردا سەرکەوتووانە تەقەللایەکی بەریتانیایان مایەپووچکردەوە بەوەی هەڕمێن بۆ خۆسەریی عەرەب پەیدابکا، بە شێوەیەک خۆشی لە پێوەرەکانی «ویلسن» بەدووربگرێ. ئاکامی “جاڕنامەی ئەنگلۆ-فەرەنسیش” کە لە ٩ی نۆڤێمبەردا هاتەکایە، بەشێوەیەکی پێشوەختانە بووە مایەی ئاهەنگگێرانی عەرەب، گوایە کە هەردوو حکوومەتەکان پشتگیریی “دامەزراندنی حکوومەت و خۆسەرییە نیشتمانییەکان دەکەن، کە هێزو دەسەڵاتیان لە دەستپێشخەری و هەڵبژاردنی خەڵکی خۆجێیەوە سەرچاوەدەگرێ. کەچی زۆری نەخایاند هەردوو زلهێزەکە لە ڕێی جاڕدانی نیازنامەیان دەسەڵاتی ڕەهانا دایە دەستوەردانی بێسنوور بۆ “دڵنیابوون لە پشتگیری و هاوکاری دروست”، کەوا حکوومەتە نوێیەکان کاروباری خۆیان بەباشی ڕاییکردووە. ئیدی بەم جۆرە، کاتێک «ستیفن پیکۆن Stephen Pichon»ی وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆتایی مانگی دیسێمبەردا رووی لە پەرلەمان کرد، ئەوکات کارابوو کەوا ئەنجوومەنەکە خاترجەم بکاتەوە لەوەی؛ “ڕێککەوتننامە گرێدراوەکان لەگەڵ ئینگلستیان بەردەوام دەبن لە پابەندکردنی ئەوان بە ئێمەوە.”٢٢ هەروەها بەڵێنی ئەوەشی دا، کە فەرەنسا لە کۆنگرەی ئاشتی فشاری خۆی بۆ دانپێدانانی مافی خۆی لە سووریا بکا.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆمیتەی ڕۆژهەڵات و نووسینگەی بەڕێوەبردنی کاروباری دەرەوە لەسەر ئەو بڕوایە بەردەوام بوون، کە پشتگیری تاکلایەنە بۆ خۆچارەسەریی باشترین ڕیگەیە بەوەی بەریتانیا بگاتە ئامانجی خۆی، تا بە شیوەیەکی کەمۆیانە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵبێ. لە دووەمین دەرکەوتنی «لۆرانس» لەبەردەم کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتدا، شێلگیرانە داوای ئەوەی کرد، دەبێ حکوومەتی بەریتانیا پشگیری هەبوون و ئامادەبوونی عەرەب لە کۆنگرەی ئاشتییدا بکا. ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە لایەن «سیسیل»ی وەزیرەی تازەی کاروباری دەرەوە بە پەسەند زانرا. ئەو پێداگربوو لەسەر ئەوەی؛ “ترسی ئەوە هەیە ئێمە دەبێ بێ دوودڵی دۆزێکی زۆر سەختمان لە چاوی نێودەوڵەتییەوە لەبەردەمدایە، نەخاسمە بەوەی لەبەردەم ئەمریکییەکان نمایشبکرێ، ئەو پێداگرانە لەسەریڕۆیشت، کە “زۆر گرنگە ئەگەر هاتوو ئێمە توانیمان عەرەبێک بێنینە پێشەوە پشتی داواکارییەکانمان بگرێ.”٢٣ «کورزۆن»ی سەرۆکی کۆمیتەکە قەناعەتی هاوشێوەی ئەوی هەبوو. ئەو هەستیکرد؛ “ئێمە دەبێ تا ئەوپەڕی شایستەبوون گەمەی خۆچارەسەریی بکەین. ئەوەش دەزانرێ کە لەناخی دڵمانەوە حەزمان لێیە لە هەموو کەسێکی دیکە لەو بارەیەوە سوودمەند بین.”٢٤ ئەوەبوو «لۆرانس» نێردرایە فەرەنسا تا «فەیسەل» بۆ گفتوگۆکردن بهێنێتە لەندەن.

کاتێکیش حکوومەتی بەریتانی بڕیاری پشتگیری خۆچارەسەری دایە ئەوانەی کە دەکرێ متمانەیان پێبکرێ، بەوەی داوای کۆمەک لە بەریتانیا بکەن، ئەوەبوو لە ١٢ی دیسێمبەردا «بلفۆر» دوو پیاوی بەیەکەوە بانگکردن، کە هێشتا حکوومەتی بەریتانیا زۆر پشتی پێدەبەستن. ئەوانیش «»فەیسەل» و «حایم وایزمەن»ی زایۆنیستە بەریتانییەکە بوو، ئەم دووانە پێشتر جارێک لە هەمان ساڵ و لە مانگی ئایار لە نزیک «عەقەبە» چاویان بەیەک کەوتبوو. بلفۆریش هانی هەردووکیانی دا، تا ڕێککەوتنێک واژۆبکەن بەوەی دۆزی پێشبینیکروا بۆ دوای کۆنگرەی ئاشتی دوابخەن. لە ٣ی یانیوەری ١٩١٩دا هەردوو پیاوەکە قایلبوون بەوەی پەیماننامەیەک مۆربکەن، کە پرسی سنووردانانی کۆتایی لە نێوان حیجاز و فەلەستیندا تا دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ئاشتی دوابخەن.٢٥ ئەمڕۆش ئەم پەیماننامەیە بەوە لێکدەدرێتەوە، کەوا عەرەب بەخواستی ئازادانەی خۆی دانی بە ڕەوایەتی هەبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیلدا داناوە، ئەوەبوو فەیسەل بەند بوو بەو باربووە بەریتانییە کە بڕی ١٥٠،٠٠٠ هەزار پاوەنی ئیسرەتلینی مانگانە بوو، هەر بۆیە بەڵێننامەکەی واژۆکرد. هەروەها ئەو مەرجێکیشی دانابوو، بەوەی پشتگیری عەرەب بکرێ تا دەگەنە سەربەخۆیی خۆیان.

لەهەمان کاتدا و بە پشیتوانی جەوهەرییانەی لۆرانس، «فەیسەل» لە ئامادەکردنی یاداشتێک بۆ کۆنگرەی ئاشتی بووەوە کە هیوایەکانی عەرەبی تێدا دەربڕیبوو. ئەو لە یاداشتنامەکەدا لەسەر سەربەخۆیی تەواوی سووریا سووربوو، بەڵام بۆ میزۆپۆتامیا و فەلەستین بە کۆمەکی هێزێکی دەرەکی قایلبوو. بە داننان بەوەی خواستێکی “خێرا بۆ وەبەرهێنان لە میزۆپۆتامیادا هەیە”، ئەو ئەوەی پەژراند، کەوا حکوومەتەکەی ئەوێ “پێویستە بە هەوڵ و هیممەت و سەرچاوی ماددی زلهێزێکی دەرەکی بەدیبێ.”٢٦ سەبارەت بە فەلەستینیش، ئەو حەزینەکرد بەرپرسیارێتی “ئاستێکی بەیەکدادانی ڕەگەز و ئاینەکان لەو پارێزگایە هەڵبگرێ، کە زۆرجار بۆ جیهانیش بووەتە سەرئێشە.” هەر بۆیە داوای “پێگەیەکی هەرە باڵای کاریگەری متمانەپێکروای مەزنی کرد.” لە هەردوو دۆخەکەشدا، ئەوە پێشچاوبوو، کەوا چ زلهێزێکی بۆ ئەم مەبەستە لە مێشکدا بوو.

لەو نێوەشدا «لوید جۆرج»ی ئۆقرەلێبڕاو هەوڵی جیاواز جیاواز و زۆر پڕکێشانەشی دا. پەرۆش و مەراق بوو کێشەی پێگەی موسڵ و فەلەستین بەر لەوە چارەسەربکا، کە بۆ وردبینی لە کۆنگرەی ئاشتیدا بکەوێتە بەردەستی ئەمریکاییەکان، هەر بۆیە بڕیاریدا ئەم پرسە بە پرسێکی چارەنووسسازی فەرەنسی ببەستێتەوە، ئەویش پرسی هەردوو پارێزگای «ئەلزاس» و «لۆرین» بوو، کە لە ساڵی ١٨٧١ەوە کەوتبووە دەستی ئاڵمان. لوید جۆرج دەیزانی، «جۆرج کلیمەنسۆ Georges Clemenceau»ی سەروەزیری فەرەنسا، پێویستی بە پشتگیری بەریتانیا هەیە تا لە گەڕاندنەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان دڵنیابێ، چونکە ئەوە ڕوون نەبوو، ئاخۆ خەڵکی خۆجێی هەردوو ناوچەکە ئەگەر هاتوو داوایان لێکرا دۆزەکە بە خۆیان چارەسەربکەن، چۆن دەنگ دەدەن. هەروەها ئەوەشی دەزانی، کە هاوتا فەرەنسییەکەی بە پێچەوانەی کاربەدەستانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەوەندە مەیلی بەلای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاساتدا نەدەچوو. ساڵێک پێشتر، هەر دوای ئەوەی «کلیمەنسۆ» دەسەڵاتی وەرگرتبوو، پێیگوتبوو؛ ئەو “سووریای بۆ فەرەنسا ناوێ” بەڵام ئەگەر هاتوو «لوید جۆرج» “پارێزبەندی بەسەر سووریا بداتە فەرەنسا ئەوا ئەویش ڕەتیناکاتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی دڵخۆشبوونی هەندێ لە پاشکەوتووخوازەکان” بەڵام خۆ ئەو بایەخێکی ئەوتۆی بە پرسەکە نەدا.٢٧ ئەوەش ئەو دەمەتەقێیە بوو، کە سەروەزیری بەریتانیا لەبیری نەچووبوو.

هەر لەم سۆنگەیەوە، کەمێک بەرلەوەی «کلیمانسۆ» بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تاکتیکەکانی کۆنگرەی ئاشتی بێتە لەندەن، «لوید جۆرج» وای لە «بلفۆر» کرد هۆشداری بداتە باڵوێزی فەرەنسا بەوەی سەبارەت بە پشتگیری بەریتانیا بۆ گەڕاندنەوەی «ئەلزاس و لۆرین» مسۆگەر نییە. ئیدی سکاڵای لە سەر سەرڕەقیی فەرەنسییەکان سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆوە کرد، «بلفۆر» بە ساردییەکەوە بە فەرەنسییەکانی گوت: “حکوومەتی خانمی خاوەنشکۆ تەنیا هیوای ئەوە دەخوازێ، حکوومەتی فەرەنسی لەلای خۆیەوە، خۆی نەخاتە هەڵوێستێکی هەراسانی وەها، کە لە لایەن هاوپەیمانەکانی بەهەمان شێوەوە تێیبکەوێ.”٢٨ خۆ زیرەکیی زۆریشی نەدەویست تا باڵوێزی فەرەنسا لە پەیەمامەکە بگا، کە “چی لەبن بەڕێدایە.”٢٩

لە ١ی دیسێمبەردا «کلیمەنسۆ گەیشتە لەندەن، بەخێرهاتنێکی گەرم لەلایەن ئاپۆرای خەڵکەوە لێکرا.

“زۆر باشە” کاتێ کۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ لوید جۆرجدا گوتی: “باسی چی بکەین؟”

لوید جۆرجیش کاتوساتەکەی قۆستەوە. وەها وەڵامی دایەوە: “میزۆپۆتامیا و فەلەستین.”

  • «کلیمەنسۆ»ش گوتی: “دەی پێمبڵێ چیت دەوێ؟”
  • “من موسڵم دەوێ.”
  • «کلیمەنسۆ» وەها وەڵامی دایەوە: “باشە موسڵ بۆ تۆ. چی دیکە؟”
  • “بەڵێ، ئۆرشەلیمیشم دەوێ.”
  • دیسان «کلیمەنسۆ» بەرسڤی دایەوە: “باشە ئەویش بۆ تۆ.”

هەرچەندە «کلیمەنسۆ» بە لوید جۆرجی ڕاگەیاند، کەوا «ستیفن پیکۆن»ی ئیمپریالیست، وەزیری کاروباری دەرەوە “سەبارەت بە موسڵ ئاستەنگی دروستدەکا.”٣٠ ئیدی پابەندبوونی فەرەنسی دیاربوو بایی پێویست ڕوونبوو، بەڵام وتووێژەکە گرژی نوێی نایەوە. ئاخر «کلیمەنسۆ»ی والێکرد خۆزگەی ئەوە بخوازێ کەمتر بەخشندە بووایە و سەرنج و تێبینی «لوید جۆرج»یش وابوو، پێویست بوو داوای پتری بکردبایە.

 ئەنجوومەنی باڵای هەر پێنج زلهێزە براوەکە بۆ یەکەمین جار لە ١٢ی ینایری ١٩١٩دا لە نووسینگەی وەزیری دەرەوە لە «کوا دێرسی» کۆبوونەوە. بەتەمەنترین سەرۆک و خانەخوێ کە «کلیمەنسۆ» بوو لە کورسی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکە دانیشت. کورسییە قۆڵدارەکەی لەبەردەم ئاگردانێکی کراوە بوو، بە باشی دەیتوانی چاو لە هەر چوار سەرۆکە هاوتایەکانی خۆی بکا، کە لەبەرانبەری لە ژوورە پڕدیکۆرەکە دانیشتبوون، ئەوانیش سەرۆک «ویلسن»، «لوید جۆرج» و سەروەزیری هەردوو دەوڵەتی ئیتالیا و ژاپۆن بوون، لە پشتەوی ئەوانیش وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتەکانیان و ڕاوێژکارەکانیان دانیشتبوون.

«کلیمەنسۆ» لەسەر خاکی نیشتمان هیچ لاوازییەکی نیشان نەدا، کە شەش هەفتە پێشتر لە لەندەن ئەو خاسییەتەی قۆستبوەوە. نازناویشی “پڵنگەکە” بوو، بەڵام ئەو سەروەزیرە تەمەن حەفتاوحەوت ساڵە کەسێکی خۆگر، سەرڕووتاوە بوو، بەخۆیی و سمێڵە ڕەنگ بەفرینیەکەی هەر لە ئەسپی دەریا دەچوو. کاتێکیش «هارۆلد نیکلسن» دیپلۆماتی بەریتانی سەیریکرد، ئیدی بەخۆی و نیوخەندەکەیەوە پێیوابوو گۆریلایەکی دەمارگرژ و بەدگومانە.٣١ خۆ ئەگەر سەروەزیری فەرەنسی لە نموونەی هەر ئاژەڵێکیش چووبێ، ئەوا ڕێکەوتنێکی کۆدەنگ هەبوو لەسەر ئەوەی ئەو کەسێکی سەنگین و کەڵەگایە. هەرلەبەر ئەوەش بوو کۆبوونەوەکە درێژەی کێشا.

لە دەرەوەی کۆشکەکە، لەبەر سەرما، ڕۆژنامەنووسانی جیهان چاوەڕیی پێشهاتەکانیان دەکرد. هەرچی لە دیوی ژوورەوەش بوو، خۆزگە و هیوا سەرەتاییەکان بۆ چارەسەرێکی نەرم و لەبار، تاران. هەروەک «نیکلسن» لە ڕۆژژمێرەکەی نووسی؛ “ئاخر خۆ هیچ کەسیان ئەزموونی لەگەڵ کاری کۆمیتەسازیی بە کردەوە نەبوو تا بتوانرێ لەو ئاستەنگییانە بگا، بەوەی هەریەک لە فەرەنسی و ئیتالی و ئەمریکی و ئینگلیز لەسەر هەر شتێک ڕێکبکەون. بەڵێ ڕێککەوتنی زۆرینە بە ئاسانی بەدەستەوەدەهات، بەڵام ڕێککەوتنی کۆدەنگ شتێکی ئەستەم بوو؛ یان ئەگەر هاتبا و کردەنیش بووبایە، ئەوا تەنیا بەوە بەدی دەهات، کە سازشی ئیفلیجبوو بکەن.”٣٢ ئەمەش بە تەنیا بۆ «ئاگوستوس جۆن» هەواڵیکی باش بوو، هونەرمەندی پۆرترێتچی، کە رەوشەکەی وەها وێناکرد وەک ئەوەی دەستەیەکی لووتبەرز، بەبێ پێشینە هاتوونەتە پاریس تا دوکانێک بکەنەوە.

«کلیمەنسۆ» بێباک بوو لەوەی دانوستانە سەرەتاییەکان ئەوەندە درێژەیان کێشا. ئاخر پاشان وەهای نووسی: “هونەری ڕێکسختن بەوەی چۆن پیاو بژی، زۆر ئاڵۆزترە لەوەی لە ملیان بدەی.” هەروەوک «لوید جۆرج»یش بوو، پیاوێکی ڕادیکال بوو، لە لایەن ڕاستڕەوەکانی وڵاتەکەی پشتگیری لێدەکرا، بەوەی شایستەی سەرۆکایەتییە، لەسەر بڕوایەکی بەرفرەوانە، کە بە شێویەکی تاکتیکی لە توانایدا هەیە جەنگەکە بباتەوە. پزیشکێکی لێهاتوو کە لە ژیانی گەنجێتیدا بەهۆی مەیدانبازی[5] زیندانیکرابوو، هەروەها شەڕەفێکی گوماناویشی لەوەدا هەبوو کە زۆرترین ماوە لە کۆماری سێیەمی ناسەقامگیردا سەروەزیر بووە، ئاخر لە نێوان ساڵانی ١٩٠٦ و ١٩٠٩دا بۆ ماوەی سی و سێ مانگ ئەو پۆستەی هەبووە. لەسەرەتای جەنگیشدا ڕۆژنامەی «پیاوی کۆتکراو لۆمۆن شینێ L’Homme enchaîné»ی دەردەکرد، کە بۆ لادانی وەزیری جەنگ و ژەنەڕاڵی شەڕەکە بەڕێوەیدەبرد، هەروەها وەزیری کاروباری ناوخۆی بەکارهێنا، ئەوەش لەو کاتەدا بوو، کە ئەوە بەدەرکەوت گوایە ئەڵمانەکان لەپشت ئەو ڕۆژنامەیەی وەزیری کاروباری ناوەخۆن، کە دژی جەنگ بوو، ڕۆژنامەکەش بە ناوی «شەپقە سوورەکە لێبۆنێت رۆگ The Red Cap». ئەوەبوو دوای ئاشکرابوونی ئەو کەتن و گۆڵمەزە، لە نۆڤێمبەری ١٩١٧دا، داوا لە «کلیمەنسۆ» کرا حکوومەت پێکبێنێ، ئەویش جاڕی ئەوەی دا” ڕێگە بە هیچ هەڵمەتێکی دیکەی پاسیفیست نادرێ، ڕێگە بە پیلانگێڕیی ئاڵمان نادرێ. هەروەها نە ڕێگە بە ناپاکیی دەدرێ نە تارمایی ناپاکییش: جەنگ و هەر جەنگ، هیچ شتێک نا، تەنیا جەنگ.”٣٤

بە پێچەوانەی «لوید جۆرج»، توند و زبری کلیمەنسۆ بەشێک بوو لە تەفرەوهەڵەشەیی خۆی، ئاخر خۆ «پڵنەگەکە» ئەو تەلیسمەی بۆ گەیشتن بە تۆپکەی دەسەڵات بەکارنەهێنا. تایبەتمەندی ئەو ڕیسواکردنی وەزیرەکانی بوو. ئەو بەدەنگی بەرز سکاڵای لە دەست «کلۆتز»ی وەزیری کاروباری دارایی هەبوو بەوەی تاکە وەزیری جوو بوو لە نێو کابینەکەی کە حیسابی نەدەزانی. جارێکیان بانگیکرد “ئەرێ «پیکۆن» کێیە، ئەوەش لەو کاتەی بوو، کە باسی وەزیرە بەدناوەکەی کاروباری دەرەوەی لە پێشدا هات. ئینجا کاتێ بیریکەوتەوە گوتی؛ “کەواتە ئەوەیە”، خۆ من لەبیرم کردبوو.”٣٥ باڵوێزی بەریتانی لە پاریس باشی بۆچووبوو: “پڵنگەکە بەتایبەت کەسی بۆ ئەوە بانگ نەکردبوو کە ببنە ئەندامی کابینەی حکوومەتەکەی بەوەی تا گوێیان لێبگرێ ئاخۆ چی دەڵێن و چۆنی هەڵدەسەنگێنن، بەڵکو بۆ ئەوە بوو بیروبۆچوونەکانی پیادە بکەن و بەس .”٣٦ ئەو شکستی بە بەزینەکەی ١٩١٧دا هێنا، ئیدی کلیمەنسۆ وەک “باوکی سەرکەوتن” کۆتایی بە جەنگ هێنا، هەنووکەش دەبوایە خۆی وا نمایشبکا، گرەوی ئاشتییەکەش دەباتەوە.

باجی سەرکەوتنەکە یەکجار قورس بوو. یەک ملیۆن و چوارسەت هەزار فەرەنسی لە جەنگەکەدا بە فەلاکەت چوون. زیاتر لە سێ ملیۆنیش بریندار بوون. تیلماسکی باکووری فەرەنسا وێران بوو. ٦٧٠،٠٠٠ هەزار بێوەژنی لێکەوتەوە و وڵاتەکە حەوت بلیۆن دۆلاریش قەرزبار بوو. کەچی هێشتا لە میانەی ئاگربەستەکەدا، کلیمەنسۆ لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوو: “پێشان فەرەنسا جەنگاوەری خودا بوو، ئێستاش فریادڕەسی مرۆڤایەتییە، هەمیشە شەڕڤانی نموونە پێشەنگەکان بووە، ئیدی دەبێ پێگەی خۆی لە جیهان وەربگرێتەوە و لەسەر ڕۆڵی نایابانەی خۆی بەردەوامبێ، کە لە پێناوی پێشکەوتنی ئادەمیزاددا پێشبڕکێیەکی بێ کۆتاییە.”٣٧ بەشی یەکەمی ئەو بووژانەوەیەش پێویستی بە چارەسەرییەکی سوودمەند بوو لە کۆنگرەی ئاشتییدا.

هەروەک چاوەڕوان دەکرا کۆلۆنیخوازەکانی فەرەنسا داوایانکرد، کەوا فرەوانخوازی ئیمپریالییانە لەسەر حیسابی دوژمنەکانی، بارتەقای ئەوەدێ فەرەنسا ببووژێنێتەوە. بەڵگەوبەندی یەکێک ڕۆژنامەکان، کە لەبەردەم کلیمەنسۆ داندرا، ئەوەبوو: “پەرەپێدانی ئیمپریالی بۆ فەرەنسا یەکێکە لە مەرجە چارەنووسسازەکان بۆ بووژانەوەی هێزی فەرەنسا بەڕووی ئاڵمانیا، کە هەر بە دوژمنێکی سەرسەخت دەمێنێتەوە.”٣٨ لێ هەرزوو ئەوە ڕوون بوووە، کاتێک کۆنگرەی ئاشتی دەستیێکرد، ئیدی سەخت بوو بگەنە ئەو ئامانجەی خۆیان.

بەردی سەختی سەر ڕێگەی فەرەنساش هەڵوێستی هەر یەک لە سەرۆک «ویلسن» و «لوید جۆرج» بوو. ئەوەبوو دەردەدڵی کلیمەنسۆ بەوەی کەوتۆتە نێوان دووبەرداشی، “عیسای مەسیح بەدەستێک و ناپلیۆن پۆنابارت بە دەستێکی دیکە”. ئینجا ناچاربوو بەوە قایلبێ، کۆلۆنییە دوژمنەکانی بخرێنە بن “ماندات”ێک، کە یەکێک یان ئەویدیکە کاروبارەکانی بەناوی “کۆمەڵەی نەتەوەکان” بەڕێوەببا، ئەوەش ئەو ڕێکخراوە بوو، تازە چەکەرەی کردبوو، سەرۆک ویلسنیش بانگی بۆدەدا.٣٩ لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێشوودا دەبوو سێ شوێن –میزۆپۆتامیا، سووریا و فەلەستین- بخرێنە بن چەمکی مانداتێک، بەوەی لایەنی مانداتەکە بەرپرسیاربێ لەوەی هەرسێ شوێن داوای سەربەخۆیی بکەن و کاتێکی زۆر دووریش نەخایەنێ. سەربەخۆییان ئەو کاتە دانی پێدادەنرێ، کەوا بەڕێوبەرایەتی ئەم شوێنانە بە پشتگیری و ڕاوێژەوە بکەوێتە دەستی دەوڵەتە مانداتەکان، تا ئەوکاتەی مانداتکراوەکە دەتوانێ کاروباری خۆی بە خۆی هەڵبسووڕێنێ. هەروەها دەبێ ئارەزووی ئەو مانداتکراوانە لە دەستنیشانکردنی دەوڵەتی ماندات لەبەرچاوبگیرێ.

بەڕەچاوکردنی ئەم بەرەنجامە و لەکاتێکدا دانوستانەکان لەئارادابوون، لەپشت پەردەوە کاربەدەسانی فەرەنسی هەوڵیان دەدا «فەیسەل» لە پێواژۆکانی کۆنگرەی ئاشتی دوورەپەرێز بخەن. “ئەو بەخێرهاتنە گەرمەی” مانگێک پێشتر لە لایەن بەریتانیاوە لە سەرکردە عەرەبییەکە کرا، ئەو گومانەی لای فەرەنساییەکان وروژاند، کەوا فەیسەل کلیلی دەستپێکی ئەو نەخشەیەیە “بۆ درەوستکردنی ئاسیایەکی بچووک، تا دەستڕۆیشتنی ئێمە لە پەلوپۆ بخەن، ڕێکخراوێکی بەربەرین بە فیتی بەریتانیای گەورە دروستبکەن.”٤٠ کاتێکیش «فەیسەل» بۆیدەرکەوت، کە ناوی لەنێوان لیستی نێردە فەرمییەکاندا نییە، سكاڵای لەبارەوە کرد، ئەوکات بەرپرسی هۆبەی ئاسیا لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا «ژان گۆت Jean Goût» هەوڵیدا لە دژی بەریتانییەکان ختووکەی بدا، بەوەی ئەوان بە ئەنقەست ناوەکەیان لە لیستەکەدا دەرهێناوە. خۆ ئەگەر «فەیسەل» ڕووی خۆی وەربسووڕێنتەوە سەر فەرەنسییەکان، ئەوا وەک «گۆت» گوتی، “ئەوان دەتوانن شتەکەی بۆ ڕێکبخەن.”٤١

کاتێکیش «فەیسەل» ئەم بەزمەی «گۆت»ی بە بەریتانییەکان گوت، ئیدی ئەوانیش لە ڕاستی خۆیانەوە ئاگریان لە چاو دەباری و سووربوون لەسەر ئەوەی هەردەبێ هاوپەیمانە عەرەبەکەیان لە کۆنگرەکە بەشدار بێ. ئەوەبوو لە کۆتاییدا و لە ڕۆژی ٦ی فێبرایردا وتارێکی لە گۆنگرەکە دا و لۆرانسیش بۆی وەرگێڕا. پێشتر لۆرانس چەندین هەواڵنێری ئەمریکی لە ئامانجەکانی فەیسەل ئاگادار کردبووەوە، ئیدی هەر لەسەر ئەم هێڵەدا، فەیسەل بەڵگەوبەندی داواکانی خۆی بۆ داننان بە مافی خۆچارەسەری عەرەب لەسەر بانگەوازی ویلسن بنیاتنابوو، نەوەک لەسەر بەڵێنە چەورەکانی بەریتانی، کە لەکاتی جەنگدا بە باوکی ئەویان دابوو. فەیسەل دانی بەوەشدا نا، کەوا بەڕێوەبردنی فەلەستین و لوبنان پێوستیان بە ڕەفتارە چارەسەریێکی جیاواز هەیە. ئەو داوای سەربەخۆیی بۆ عەرەب لە شوێنەکانی دیکەش کرد. بەم گوتارە سەرنجی نێردەی ئەمریکایی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بە گوێرەی قسەی «ڕۆبەرت لانسینگ»ی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بێ، “دیاربوو ئەو بۆنی داربخووری هەڵدەکێشا.”٤٢ لای «کۆلۆنێل هاوس»ی ڕاوێژکاری ویلسنیش سۆزی بەلای “هەستێکی میهرەبانی بۆ عەرەبەکان بزوواند، ئەمە و لە کاتێکدا ڕاپۆرتێکی فەرمی وڵاتە یەکگرتووەکان بەو ئاقارەدا چوو، کەوا ئەو “وەک هەموو کەسێک هەر وەهای دەگوت، لە تەواوی کۆنگرەی ئاشتیدا، هەر ئەو لە بیچمە هەرە براوەکان بوو.”٤٣

لە میانەی ئەو گوتەیەی کە فەیسەل لە نێو کۆنگرەکدا دای و تێیدا پەسنی بەریتانیای دا، کەوا لە وەدەرنانی تورکدا یارمەتیان داون، ئیدی وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا خۆی پێنەگیراو قسەکەی پێبڕی. «پیکۆن» لێیپرسی: باشە نەدەبوو پەسنی فەرەنساش لە پشتگیرییەکەیان بدەی؟ پێدەچوو فەیسەل بۆ ئەو هاتنەدەنگیە خۆی ئامادەکردبێ، لە وەڵامدا گوتی، سوپاسی فەرەنساش دەکا لەسەر ناردنی یەکەیەکی بچوک، کە لە چوار تفەنگی کۆن و دووی نوێ پێکهاتبوو تا بێنە ڕیزی هێزەکەمان.”٤٤ بە قسەی چاودێری بەریتانی کە بە کەیفەوە وتەکانی دەقنووسدەکردن، “«پیکۆن» پەشیمان بوو قسەی کردبوو، هەر بە گەمژەش دەچوو.” کاتێکیش کلیمەنسۆ دوابەدوای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی خۆی داوای ئەوەی کرد، کەوا سووریا هەر لە دێرزەمانەوە پارێزراوێکی فەرەنسایی بووە، ماکی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خاچدارەکان، ئینجا لۆرانس زەقوزپۆپ ئەوەی وەبیر سەروەزیرەکە هێنایەوە، ئەو سەروەزیرەی کەم تا زۆر خوانەناس بوو، کەوا “خاچدارەکان بەزێنران و هەڵمەتی خاچپەرستانیش شکستی هێنا.”٤٥

لە شکستهێنان لە دوورەپەرێزخستن و سووککردنی  فەیسەل، دواتر فەرەنسییەکان بایاندایەوە سەر دێواندنی ئەو. هەر بۆ ڕۆژی پاشتر ڕۆژنامەکانی فەرەنسا پەلامارێکی هاروهاجانەیان لە دژی سەرکردە عەرەبەکە و وەرگێڕەکەی جاڕدا، یەکێ لە ژەنەراڵەکانی فەرەنسی بەم جۆرە وەسفیکرد؛ “ئیمپریالیزمێکی بەریتانییە بە عەگالێکی عەرەبییانە.”٤٦ ڕۆژنامەی «پاریس میدی Paris Midi» وەهای نووسی؛ گوایە شتەکە خۆی چاوەتێبڕینێکی ئیسلامخوازانەیە – و ئەمەش دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر موڵکوماڵی موسڵمانەکانی دیکەش بە هیندستانیشەوە- هەروەها سەرنجی وەهای دا، کەوا لۆرانس “دیارە زیاتر لە  عەربخواز دەچی لەوەی ئینگلیز بێ.”٤٧ وەک بڵێی ڕەوشەکە گەڕابێتەوە سەردەمی «فاشۆدا»، چونکە ڕۆژنامەکان لۆرانسیان بە ژەنەڕاڵ «گۆردۆن»ی خەرتووم بەرواوردکرد، هەردوو پیاوەکانیان وەها وێناکرد، کەوا “هەردوو کیان مەزنیی و بەدبەبەختییان بۆ وڵاتەکەیان هێنابێ، تەلیسمێک کە لە هەمان کاتدا سەرکێشیشە. کاتێکیش ئەوان گیرۆدەی خەونەکانی خۆیانبن، ئەوا هیچ شتێک نایانوەستێنێ، تەنانەت بەرژەوەندییە دانپێدانراوەکانی خودی وڵاتەکەشیان. ڕۆژنامەی «ئیکۆ دە پاریس»یش لە مانگی دیسێمبەری پێشتر، دەمامکی لەسەر لۆرانس هەڵدابووەوە، ئیدی بەهەمان سەرەداو ڕۆیشت، شێلگیرانە مشتومڕی لەسەر ئەوە بوو، گوایە لۆرانس بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ ڕایەدارانی «کاپیتۆل هۆل» بخاتە بەردەم دیفاکتۆ، ئەمەش بەو بڕوایەی، “بەریتانیا هەرگیز دەستبەرداری چەتەیەکی سەرکەوتوو نابێ.”٤٨ لە پاشخانی ئەمەشدا، کاربەدەستانی فەرەنسی وەهایان بە ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند، کە تاکە هۆکاری بەریتانیا بەوەی توانیبوویان هێزەکانیان بنێرنە سووریا و داگیری بکەن، ئەوەبووە فەرەنسا زیاتر لە بەرەی ڕۆژئاواوە جەنگاوە.٤٩ هەر بۆیە فەرانسەش شایانی ئەوەیە خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەربکەوێ.

ئەم هەڵمەتەی ڕۆژنامەوانی فەرەنسی بووە مایەی هۆشداری بۆ بەریتانیا. ئەوەبوو بە درەنگانێکی مانگی فێبرایر، دەزگای هەواڵگریی سیاسیی نووسینگەی کاروباری دەرەوە وەهای دانا، کەوا سووریا بووەتە “گرێکوێرەیەک” ڕووبەڕووی کۆنگرەی ئاشتی بووەتەوە، (پرسە سەختەکەی دیکەش ئەوەبوو ئاخۆ فەرەنسا دەست بەسەر ڕاینلانددا دەگرێ)، چونکە “بەشێوەیەکی تایبەت هەموو فەرەنسییەکان بەدەر لە سۆسیالیستەکان” سووربوون لەسەر ئەوەی، کە پارێزگاکەی پێشووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ببێتە کۆلۆنییەکی فەرەنسی.٥٠ باڵوێزی فەرەنساش لە لەندەن هەمان ئەم سەرنجەی سەلماندەوە. ئەو هاوتا بەریتانییەکانی لەوە ئاگادارکردەوە، هەرچەندە مەیل و بەرژەوەندی فەرەنسا بۆ سووریا “زیاتر سۆزدارییە لەوەی ماددی بێ… لێ بەڕاستی ئەم هەستە هەیە و زۆریش بەهێزە.”٥١

«لوید جۆرج»یش لەسەر ئەوەی ئەوێ کرایە شوێنی بەستنی گۆنگرەی ئاشتی لۆمەی خۆی کرد. ئەو وەهای نووسی: “ئاخر پێشوەختە دەمانزانی، کە بیرۆکراتیەتی فەرەنسی دەست بۆ ڕێگەی کەڵەگایی، مەراییکردن، درۆکردن، دووبەرەکی نانەنەوە و هەموو شێوازێکی ناسراوی خۆی لە ڕێگە پێچاوپێچەکان دەبا تا باندۆر بخاتە سەر وردبوون و تێڕامانمان. ئەو وتارانەیان سەبارەت بە سووریا بە دروستی هی لێخۆشبوون نین.”٥٢

فەرەنسییەکانیش پیاوێکیان هێنا بەناوی «شوکری غانم» بەڵکو فەیسەل پشتگوێبخرێ چونکە سووری نەبوو، بەڵام ئەو تەکتیکەش بەشکست وەرچەرخا. ئاخر «غانم» زیاتر لە سی ساڵ بوو لە فەرەنسادا دەژیا، هەر خۆیشی پێی لەوە نا، کە زمانی عەرەبی لەبیرچووەتەوە. لەسەرێکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی دوو سەعات و نیو قسەیکرد، دۆزی فەرەنسای بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سووریا بنکۆڵکرد. سەرۆک ویلسنی حەجمینلێبڕاو، کە دەبوو ڕۆژی پاشتر بە سەردانێکی کورت بگەڕێتەوە وڵاتە یەکگرتووەەکان، لەسەر کورسییەکەی خۆی هەڵسا و چووە لای پەنجەرە و سەیری دەرێی کرد. کلیمەنسۆش ڕووی خۆی وەرسووڕاندە لای «پیکۆن»ی وەزیری کاروباری دەرەوە، بە دوو چاوی زەقەوە لێیپرسی: “ئەرێ ئەم پیاوەت بۆچی هێناوەتە ئێرە؟ «پیکۆن» دەستەکانی لەیەک بڵاوکردن و برۆی تێکنان و وەڵامی دایەوە: ئاخر نەمدەزانی بەم جۆرە داژوا.”٥٣

هەوڵێکی دیکەی فەرەنسی بۆ داواکردنی فەلەستین بە هەمان شێوە سەرچیخ چوو. دوای ئەوەی «حایم وایزمەن» چڕ و پوخت لە چاکەی مانداتی بەریتانیا دوا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا جوویەکیان دۆزیبووەوە، کە نیو سەعات هەراسانانە هەر یەک شتی دەگوت و دەیجوویەوە. ئیدی وتەبێژی کلیمەنسۆ «ئاندرێ تاردیو André Tardieu» هەر هەمان ڕۆژ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، کە حکوومەتەکەی لە داواکەی سەبارەت بە فەلەستین کشاوەتەوە و بە مانداتی بەریتانی قایلە. کەچی لەبەر ڕەوتی ڕووداوەکان کۆمیتەی ئاسیایی فەرەنسی بە یاداشتنامەیەک هۆشداری دایە حکوومەتی فەرەنسی، فشاری خستەسەر «کلیمەنسۆ» بەوەی لە دژی «لوید جۆرج» بوەستێتەوە. ئەوان تێبینی ئەوەیاندا، کە بەریتانیا وەک “لووتزلێکی بێڕکابەر” لە ململانێیەکە دەرچووە، بۆیە کۆمیتەکە مکوڕبوو لەسەر ئەوەی: “ئێمە چیدی ڕێگە نادەیەن پێگەی گشتییمان لە جیهان کەمبکرێتەوە.”٥٤ هەروەک کۆمیتەکە داوایکرد، فەرەنسا مافێکی حشاهەڵنەگری بەسەر سووریاوە هەیە، پەسەندیش ناکەن تا فەرهەنگی خۆمان نەسەپێنین.”

هەرچی حکوومەتی فەرەنسا بوو بە گوێی کۆمیتەکەی نەکرد. لە ١٥ی فێبرایردا وەزارەتی کاروباری دەرەوە یاداشتێکی بۆ بەریتانیا نارد و تێیدا ئەو بەخشینەی کلیمەنسۆی سەبارەت بە موسڵ و بەلاوەنانی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆی سەلماندەوە، ئەمەش لەبەرانبەر ئەوەی بەریتانیا پشتی داوای فەرەنسا بۆ ماندات لەسەر هەردوو بەشی کەناراو و ناوەوەی سووریا بگرێ. فەرەنسییەکان سستتر لە ڕکابەرە بەریتانییەکانیان ڕۆڵی نەوتیان ناسییەوە، هەر بۆیە دیپلۆماتە فەرەنسییەکان داوای ئەوەشیان کرد، بەڵکو لە پشکی نەوتی میزۆپۆتامیادا هاوتا بن.

بەریتانییەکان دانەیەکی لەبەرگیراوی ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی ئاسیای فەرەنسییەکانیان بینی و بەلایانەوە نا. یەکێ لە کاربەدەستانی بەریتانی نووسی: “شانازییە بریندارکراوەکەیان وایلێکردوون هەنگاوی سەرچیخانە بنێن بەوەی هێزوگوڕی خۆیان لەبەردەم ئەرکێکی لەڕادەبەدەردا دابنێن، کە پێیان تەواوناکرێ”. هەر ئەو کاربەدەستە لەو بڕوایەدا بوو، وەها باشترە فەرەنسا وزەی بە شێوەیەکی باشتر بخاتەکار و ئەوەش پەسەند بکا “ئەگەر هاتوو لە ئایندەدا ڕکێفی سەرکردایەتی جیهانی بکەوێتەدەست ئەوا هەر تەنیا دەتوانێ هزریانە بێ نەوەک سیاسییانە.”٥٥ بە ئاگاداربوون لەوەی حکوومەتی فەرەنسا کۆمیتەی ئاسیاییەکەی خۆی پشتگوێخستووە، ئیدی بەریتانییەکان هەستیانکرد باڵادەستن. ئەوەبوو بە توندی پیشنیازەکەی حکوومەتی فەرەنسایان سەبارەت بە سووریا ڕەتکردەوە. شارەزا نەوتییەکانی مێرگەکانی «تەدمر» ڕاوێژییان دابووە حکوومەتی بەریتانیا، کەوا نیوەی ڕێگای نێوان دیمەشق و فرات دەبێتە وێستگەیەکی چارەنووسساز بۆ لوولەکانی نەوت، کە لە موسڵەوە بۆ سەر دەریای سپی دەڕوا، بۆیە ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی تەدموریش ببێتە بەشێک لە میزۆپۆتامیا، بەمەش ئەو خاکەی سووریا بۆ سووریا دەبێ، زۆری لێ دادەبڕێنرێ.

بەم کارە بەریتانییەکان سنووریان بەزاند. «ئاندرێ تاردیو» سکاڵای ئەوەبوو” زۆر لە بەریتانییەکان لەوەدا شکستیان هێنا، کە فەرنسا خوێنی لێدەڕژێ و تاڵاندەکرێ، چونکە ڕەفتارێکی شایانترە لەوەی هەموو ڕۆژێک لە مافەکانی کەمبکرێتەوە.”٥٦ کلیمەنسۆی سەرۆکیشی هەستیکرد لەلایەن لوید جۆرجەوە ناپاکیی لێکراوە. ئەو گوتی گوایە لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە مانگی دیسێمبەری ڕابردوودا سەروەزیری بەریتانیا گوتبووی، بە داوای فەرەنسا بۆ سووریا قایلە. سەرەتا لوید جۆرج ڕەتیکردەوە بەڵێنێکی وەهای دابێ، هەرچەندە دواتر گوتی بەڵێنی وەهای داوە. پاشان دیپلۆماتێکی فەرەنسی گوتی: “لوید جۆرج سەختترین پیاو بووە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ کردن، ئاخر کەس نازانێ ئاخۆ بۆ ڕۆژی پاشتر چۆن خۆی دەنوێنێ.”٥٧

سەروەزیری فەرەنسا لوید جۆرجی بەوە تاوانبارکرد؛ “هەر لە ڕۆژی دوای ئاگربەستەکەوە من تۆم بە دوژمنی فەرنسا بینیەوە. هاوتا بەریتانییەکەشی بەرسڤی دایەوە: “باشە، ئایا هەمیشە ئەمە سیاسەتی تەقلیدی ئێمە نەبووە؟”٥٨ لەبەر هۆیەکی بەجێ «کلیمەنسۆ» شتەکەی بە نوکتە نەبینی، ئاخر زۆر ڕوونوئاشکرا بوو، کەوا هاوپەیمانەکانی ڕۆژانی جەنگ دیسان بوونەتەوە ڕکابەر. ئێستاش هەستی بە هەڵوێستی تۆڵەستێنانەی جەماوەری فەرەنسا کرد، بۆیە بڕیاریدا چیدی داوا زیادەڕەوییەکانی لوید جۆرج نەپەژرێنێ. مانگی دواتر بە «ڕایمۆن بوانکاریێ Raymond Poincaré»ی سەرۆکی فەرەنسای گوت، کە “چیدیکە ناچەمێتەوە. هیچی دیکەی نادەمێ. با ببینین ئاخۆ بەبێ من چییان پێدەکرێ. لوید جۆرج خاپینۆکە. ئەو توانی بمکاتە “سووری”.٥٩

[1] ئانانیاس: مێردی «سافاریا» بوو، دوو بیچمی نێو تەوجیلن، کەسێکی درۆزن بوو، هەرلەبەر ئەوەش کوژرا. وەرگێڕ

[2] بروتوس، ناوی مارکۆس جونیوس بروتوس(٨٥-٤٢ پ.ز) ، فەرماندەیەکی سەربازی ڕۆما بووە. زیاتر بە پیلانگێڕ ئاماژەی بۆ دەکرێ، بەشداربووە لە پیلانگێڕان بۆ کوشتنی یۆلیوس قیسەری ڕۆما. وەرگێڕ.

[3] گۆلیلیمۆ مارکۆنی (١٨٧٤-١٩٣٧) داهێنەری ئیتالی لە بواری ئەندازیاریی کارەبایی. وەرگێڕ.

[4] سەم ڕووبارێکە لە باکووری فەرەنسا. ١٥٣ مایل درێژە و دەڕژێتە لای باکووری ڕۆژهەڵاتی کەناڵی ئینگلیزی، لە جەنگی یەکەمی جیهاندا مەیدانی شەڕێکی سەخت بووە. وەرگێڕ.

[5] مەبەست لە مەیدانبازی ئەوەیە کە دووبەدوو شەڕە شیر بکەن. وەرگێڕ.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …