Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / رووناکبیران لە فەرەنسا

رووناکبیران لە فەرەنسا

maxresdefault

نووسینی؛ یوهان ئانگرمولێر

بۆ فارسی؛ مێهرداد ئیمامی

بۆ کوردی؛ جەمال نەجاری

لە سەدەی 18 بەم لاوە، پانتایی گشتی لە فەرەنسا بە شێوەیەک بەرهەمهێنەری کولتووری خۆی دەردەخات کە خاوەنی هێزێکی سیمبۆلێک و هێمادارە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک هونەر و ئەدەبیات و زاستە مرۆییەکان و زانستە سیاسییەکان و زانست بە مانا گشتییەکەی.

دوا بە دوای روودوای دریفوس  (Dreyfus affair)و ریسوایی قەزایی کە کۆماری سێهەمی لە ساڵی 1900 وەجووڵە خست کە دواتر بەم بەرهەمهێنەرە کولتوورییە گوترا “رووناکبیر”.

رووناکبیر بەرهەمهێنەریکی کولتووریی بەرپرسیارە (engaged) ، پسپورێک کە هەڵوێستە سیاسی و رەوشتی خۆی لەگەڵ پرۆزە زانستی و کولتوورییەکان یەک دەخات. بەرپرسایەتی سیاسی رووناکبیر لەوانەیە گرێدراو بێت بە دەربڕینی ئاشکرای بەرژەوەندییە رەواکانی خەڵک، گەڕانەوەی بایەخە دیموکراتیکەکان، جیهانداگیری کۆماری، یان مەحکوومکردنی جۆرەکانی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت.

بۆ لێکۆلینەوە لەسەر رووناکبیرانی فەرەنسی لەسەدەی بیستەمدا، دەبێ پەیوەندی نێوان ئەندێشەکانی رووناکبیران و پانتایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوان لەبەر چاو بگرین، هەروەها دەبێ لایەنەکانی مێژووویی هەڵسەنگێنین و بە بێ ئەوان بە دژواری لە مێژووی رووناکبیریی فەرەنسا دەگەین.

لەم لایەنەوە، بە مەبەستی تێگەیشتن لە بایەخی کولتووری قۆناغی 1898 (دەسپێکی رووداوی دریفووس) تا 1984 (مەرگی فۆکۆ) بە پێویست دەزاندرێت کە ئەم قۆناغە زێڕینە تەمەن کورتەی رووناکبیریی مۆدێرنیزمی فەرەنسی لە روانگەی مێژووییەوە لەبەر چاو بگرین.

هەڵبەت سەردەمێکی زێڕینی دیکە، واتە قۆناغی رۆشنگەری  (l’âge des lumièresبوو. کاتێک کە رووناکبیری مودێرن لەدایک بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بە درێژایی سەدەی هەژدەیەم، بەستێنێکی گشتی جیاواز و لێک جیا دژی دەوڵەتی رەها و سیستەمی پیاوانی ئایینی خۆی دەرخست، بارودۆخی رووناکبیرانێک کە پاش یەک سەدە دوای شۆرشی فەرەنسا هاتنە مەیدان، چ بوو؟ پیش ئەوەی بچینە سەر باسی رووناکبیرانی فەرەنسا لە سەدەی بیستەمدا، دەبێ ئاماژە بۆ مێژووی بێ ناوبژیوانی رووناکبیرانی مودێرنیزم بکەین کە ئێمیل زۆلا نموونەی بەرچاوێتی.

بە دڵنیایی ئەم روانگەیە کە ژیانی رووناکبیریی فەرەنسا لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە بەراورد دەگەڵ رابردووی بێ مەودای خۆی و وڵاتانی دیکەی ئۆروپایی، جموجۆڵی و گەرم و گوڕی کەمی پێوە دیاربوو، بە شێوازی جۆراوجۆر پێویستی بە بە چاکسازییە.

بە درێژایی سەدەی نۆزدەیەم، گروپێکی گرنگ لە بەرهەمهێنەرانی ئەدەبی خۆئایین، وەک ویکتۆر هۆگۆ بوونیان هەبوو کە هەم ئەستێرەی گەشی بواری ئەدەب بوون و هەروەها وەک چالاکوانی سیاسی ناسراو رۆڵیان هەبوو.

کەوابوو، ئەگەرچی رەگ و ریشەی زۆربەی هەرە زۆری رەوایەتی کۆماریخوازانە و ئوستوورەکانی پێکهێنەری سیاسەتە نەتەوایەتییەکان دەچوونەوە سەر شۆرشی فەرەنسا، بەڵام دەسکەوتەکانی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی بەرهەمهێنەرانی ئاکادمیکی دیکە، هەر وا بە واتایەکی روون و دیار، بەهۆی سەرکەوتنی رکابەرە ئاڵمانییەکانیان، بچووک پیشان دەدرا.

لە ماوەی سەدەی نۆزدەیەمدا و بە هۆی بوونی ئینتیمای ناسیونالیستی لە ئوروپا، هاوردەیەکی بەربڵاو لە بەرهەم و پێوەرە ئاکادمیکەکانی ئاڵمان بۆ فەرەنسا دەستی پێکرد، کە پێکهاتبوو لە فەلسەفەی ئیدئالیزمی دەسەڵاتدار بۆ شێوازە ئاڵۆزەکان لە زمانناسیی مێژوویی تا دەگاتە شێوازە زانستی و پسپۆرانە و تەواو، کە لەسەر پێوانەیەکی باڵا لە دابەشکردنی کار بەرهەم هاتبوو. ئەو پرۆسەیە تا دوای شەڕی جیهانیی دووهەم درێژەی هەبوو، واتە کاتێک کە زۆربەی رووناکبیرانی فەرەنسا بە شادمانی دەگەڵ بەرهەمەکانی هێگل و مارکس و نیچە و هوسرێل و فرۆید و هایدیگەر بەرەوروو دەبوونەوە.

هۆکاری سەرەکی لاوازیی رێژەیی ژیانی ئاکادمێکی فەرەنسی لە سەدەی نۆزدە و و نیوەی سەدەی بیستەم، نەبوونی رێکخراوە بەهێزە و خودموختارەکانی خوێندنی باڵا بووکە لە پێش 1968، واتە کاتێک کە کۆلێژە سوننەتی ئاڵوگۆڕییان بەسەردا هات و بوونە زانکۆی پێشکەوتوو، هێشتا پێک نەهێندرابوو.

هاوکات لەسەدەی نۆزدەیەمدا، چینی خوێندەواری ناو زانکۆکان و رووناکبیرانی بۆرژوای ئاڵمانیا (Bildungsbürger) کە خاوەنی پێگەی خۆیان بوون و ناوەندێکی گرنگ و بەسوودی وەک “زانکۆی هۆمبۆلت” یان هەبوو، کۆلێژەکان (facultés) و قوتابخانە (écoles)  فەرەنسییەکان، هەراوی سیستەمی پێشنەکەوتووی قوتابخانە سەرەتاییەکان یان دواناوەندییەکان بوون تا ئەوەی کە درێژەپیدەری سیستەمی خودموختاری لێکۆلینەوەی رێک، ئاستی خوێندنی سەرووی بەکالۆریا (لیسانس) و زانستی لێۆلینەوەی بێ خەوش و رەسەن بێت.

بە درێژایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، زانکۆکان کە رەگ و ریشەیان بە گشتی بۆ پێش شۆرشی فەرەنسا دەگەرێتەوە، لە بنەڕەتدا وەک بڵاوکەرەوەی بڕوانامەکانی زانکۆ (بەکالۆریا و ماجستەر) رۆڵیان دەبینی، بەڵام پرۆگرامێکی گشتگیریان سەبارەت بە راهێنانی ئاکادمێک نەدەخستە روو، چ بگا بەوەی کە لێکۆلینەوە سەربەخۆکان ئەنجام بدات. قوتابخانەکان (écoles)  لە بەرانبەر دەسکەوتەکانی شۆرشی فەرەنسا درووست بوون.

هەر چەند حکومەتی کۆماریخواز ئەم قوتابخانانەی (écoles)  بە مەبەستی بەرهەمهێنانی بوروکراتەکان و مامۆستایانی حکوومی زۆر پسپۆر پێکهێنا، بەڵام هیچ کام نەیدەتوانی لە هەمبەر نەبوونی بەرهەمە ئاکادمییە گرنگ و لێکۆلینەوە شیکارییەکان لە زانکۆکان پێکهێندرا بێت. دەگەڵ بایەخێکی لەرادەبەدەر و ئەو بەڵێنە درەوشاوانەی وەک کار لە لایەن ئەم قوتابخانانەوە بە دەرچووەکان دەدرا (هێشتاش هەر بەردەامن لەسەر بەڵێنەکانیان)، مەبەستی سەرەتایی گشتیان بەجێگەیاندنی خواست و نیازەکانی دەوڵەت و بەرهەمهێنانی فەرمانبەرانی داهاتووی دەوڵەت بوو. تەنانەت لە ناو باشترین و بەناوبانگترین قوتابخانەکان، واتە قوتابخانەی “نۆرمال سوپەریور” زیاتر هەوڵی دەدا بۆ راهێنان و بەرهەمهێنانی مامۆستایانی بواری فەلسەفە تا ئەوەی خۆی بە بەرهەمهێنانی داهێنەرانەی بەرهەمە ئاکادمیکە سەربەخۆکانەوە سەرقاڵ بکات.

لەمڕووەوە جێگەی بایەخ پێدانە ئاماژە بکەین کە لە ماوەی سەدەی نۆزدەیەمدا و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ژمارەیەکی بێ بایەخ لە بەرهەمهێنەرانی سیمبۆلیک و هێمایی، لە دەرەوەی رێکخراوەکانی خویندنی باڵا و ناوەندی فێرکاری ئاکادمیکی سوننەتی( وەک سۆربۆن و ئاکادمی فەرەنسا) هەبوون. شوێنی مودێرنیستی بەرهەمی سیمبولیک و هێمایی کە بە دامەزرانی چوارچیوەی مۆدێرنیستی هونەری پێشڕەو لە سێ دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم دەستی پێکرد، تێگەیشتنی زۆر زەحمەتە بەبی لەبەرچاوگرتنی ئەم گروپە پێکاتووە لە بەرهەمهێنەرانی کلتووری سەربەخۆ و واڵا کە لە خەڵکی شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا ، واتە جێگەیەک کە سیستەمی پلە دوو، تەنیا رێژەیەکی کەم لە دەرچووەکانی ئەم شوێنانەی قبووڵ دەکرد و هەمیش کە خەڵکی دەرەوەی فەرەنسا پێک دەهات.

بازاری بەرهەمهێنانی سیمبولیک و هێمایی بە شیوەی دەرئەنجامی هێرشی بەردەوامی بەرهەمهێنەرانی نوێ کە خوازیاری گەیشتنن بە لووتکە، تا رادەیەک پەرەی سەند کە درێژەی خودموختاری بەرهەمهێنەریی سنووردار خۆی دەرخست. لە روانگەی بوردیو، بەرهەمهێنانی سنووردار (restrained production) بۆ لای خواستە قۆرغکراوەکانی بەرهەمهێنەرەکانی دیکەی لە شێوەی سیمبولیک رێک دەخرا و دەتوانین پێگەی مودێرنیستی وەک دەرئەنجامی نەخوازراوی جیایی بەرهەمی کلتووری لە بەرچاو بگرین.

پێچەوانەی پێشینەی بازاری بەرهەمهێنانی سیمبولیک بە شێوەی گشتی پەرەپێدراو، هەم چڕکراو هەم بە تەواوی لێک جیایە کە بەرهەمهێنەران و رووناکبیرانی مۆدێرنیزم بتوانن وەها رۆڵێکی گرنگ و پڕبایەخ لە فەرەنسا بەدەست بێنن. سانترالیزەبوونی بەرهەمهێنەرانی کولتووری لە پاریس و پێکهاتەی لێک جیای پانتایی رووناکبیری، نە تەنیا نەبووە هۆی بەردەوام بوونی خێرای رەوت و مۆدێلە زووتێپەڕەکان، بەڵکوو نیشاندەری بەرژەوەندی سیمبولیکێکی باڵا بوو بۆ ئەو گروپە لە رێبەرانی رووناکبیر کە دەیانتوانی خۆیان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی کولتووریی واڵا، باڵادەستی ئاکادمیک و سیاسەتە نەوتەوەییەکان بسەلمێنن.

لە ماوەی رووداوی دریفوس، بیرکردنەوە و گوتاری رووناکبیریی مۆدێرنیستی بۆ یەکەمجار بە ئاشکرایی خرایەروو. ئالفرێد دریفوس فەرماندەی سوپای فەرەنسا بوو کە لە 1894 بە سیخووری تاوانبار کرا، بەڵام زۆری نەخایاند کە تاوانەکەی تەنیا بە هۆی ئەوە بوو کە پەیرەوی لە دینی یەهوودی دەکرد، نەک خیانەت و سیخووری بە مانا حەقیقییەکەی. لە 1897 بەم لاوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمهێنەرانی ئەدەبی و ئاکادمیک ، کەسانی وەک شارل پژوی، ئاندرێ ژید، مارسێل پرۆست، لوسین هێر و ئیمیل زۆلا بە بیانووی دووبارە دادگاییکردنەوەی “دریفوس” هاتنە مەیدان و نامەی بە ناوبانگی ئیمیل زۆلا بە ناوی “من تاوانباری دەکەم” لە 1898 دا بوو بە مانیفێستی گروپێکی تازە دامەزراو لە رووناکبیران. رووداوی دریفوس زۆر خێرا گۆڕدرا بە شتێکی زیاتر لە ریسواییەکی یاسایی سادە و بووە هۆی ململانێیەکی درێژخایەن لە نێوان هێزەپاوانخوازەکانی ئایینی و لایەنگرانی لیبرال دیموکراتی سەر بە کۆماری سێهەم کە رووناکبیران نوێنەرایەتی ئەو چینەیان دەکرد.

گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵوگۆڕییە بنەرەتییەکان کە بە گشتی لە پێنج شوێنی سیمبولیکدا خۆیان دەدیتەوە کە پێنج قۆناغی رووناکبیریی سەرەکی نوێنەرایەتی ئەوان دەکات،- بە باشترین شێوە- ورووژاندن و دنەدانی بەرپرسایەتی رووناکبیرێک کە بەدوای روودای دریفوسەوە وەسف دەکرێت؛ یەکەمین شوێنی مودێرنیزمی سەرەکی، پێکهاتبوو لە ئاوانگاردە مێژووییەکان لە ماوەی شەڕی جیهانی یەکەمدا (بۆ نموونە مارسێلپرۆست)، دووهەمینیان تایبەت بوو بە بەرەی خەڵقی نەتەوەیی (front populaire) و سورئالیزمی لەخۆ دەگرت ( بۆ نموونە ئاندرێ ژید و ئاندرێ بێرتۆن)، یەکەم شوێنی مۆدێرنیزمی نوێ یان ئێگزیستانسیالیزم (بە رێبەری ژان پۆل سارتەر) بوو، دووهەمین شوێنی مۆدێرنیزمی نوی و سەرکەوتنی تێکەڵ بە حەپەسان و سەرگەردانی گۆڤاری زانستە مرۆییەکان (sciences humaines) و گوتاری دەروونناسی –مارکسی- پێکهاتەخوازانە ( لە روانگەی سیاسییەوە بەرچاوترین نوێنەری ئەم رەوتە میشێل فۆکۆ بوو) و شوێنی پاش مودێرنیزمی(گەڕانەوەی بیرۆکەی سیاسی لیبرال و رووناکبیر “پاشماوەی بیری چەپ” واتە پییەر بۆردیۆ).

ئەم شوێنە سیمبولیکانە لە لایەن گروپ و تۆڕە تایبەتەکانەوە پشتگیرییان لێدەکرا کە لە زۆربەیاندا ژوورنالێکی رووناکبیرییان لە بەردەستدا بوو، بۆ نموونە؛ لا نوئێل غێڤیوو فرانس (La Nouvelle revue française)) کە ژید ساڵی 1908 دایمەزراند، سەردەمی نوێ (Les Temps modernes) کە سارتەر لە 1945 دایمەزراند، تێل کێل (Tel Quel) کە خاوەن بیر و نووسەری ئاوانگارد فلیپ سولێرز  لە ساڵی 1960 هەوڵی دامەزرانی بۆ دا، گۆڤاری لیکۆلینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان (Actes de la recherche en sciences sociales) کە بۆردیو ساڵی 1975 دایمەزراند و گۆڤاری لۆ دێ با(Le Débat) کە مێژوونووسی لیبرال پییەر نۆرا لە ساڵی 1980 دایمەزراند.

حەز و مەیلە ئاڵۆز و دژبەیەکەکانی مێژووی رووناکبیریی سەدەی بیستەم، هۆکارێکی بنەرەتی لە تێپەراندنی قۆناغە مۆدێرنیستییەکانی سەرەتا تا مۆدێرنیزمی نوێ، رۆڵی لەرادەبەدەری بەرهەمهێنەرانی ئاکادمیک بوو کە لە کۆتاییدا لە پلەی زانستی، کۆمەڵایەتی بۆردیو دا گەیشتە لووتکە. مۆدێرنیزمی نوێ دەرخەری سەرهەڵدانی رووناکبیرانی ئاکادمیکتر بوو. بۆ نموونە، ژان پۆل سارتەر یەکەمین ئەستێرەی رووناکبیری کە هەم لە بواری ئەدەبیاتدا ناوبانگی پەیدا کرد و هەم لە رووی ئاکادمییەوە ناسرا و بوو بە نموونەیەکی بەرچاو لە رووناکبیریی فەرەنسا.

سارتەر وەک دەرچووی قوتابخانەی (ئیکول نۆرمال) کاری خۆی وەک مامۆستای فەلسەفە لە قۆناغی دواناوەندی دەست پێکرد و دواتر بوو بە نووسەرێکی سەربەخۆ کە دواتر لە گۆڤاری بەرخۆدان (résistance) ی فەرەنسی وەک کەسایەتییەکی سیاسی ناسرا. کاریگەری سارتەر لەسەر ژیانی رووناکبیریی فەرەنسا ئەوەندە بەرچاو بوو کە گٶڕان لە هەڵویست و بۆچوونەکانیدا، زیرەکانەلە بوارە جۆربەجۆرەکانی بەرهەمهێنانی سیمبولیکدا  (لەوانە؛ فەلسەفە، ئەدەبیات، شانۆ، ژورنالیزم، چاپکراو و رادیو) دەگەل پۆچتی (Boschetti)، بەرهەمی خۆراگر لە پانتایی بەرهەمهێنانی سیمبولیکدا ( بۆ نموونە، رۆژنامەی فەرەنسی لیبراسیۆن، کە بە هاوکاری سارتەر لە ساڵی 1973 دایمەزرا و هێشتاش بەردەوامە. سارتەر نیشانە و هێمای رووناکبیریی بەرپرسیارە کە پلە و پایەی خۆی وەک لێکۆڵەرێک و بەرهەمهێنەرێکی ئەدەبی، بۆ خزمەت بە بواری سیاسی دەخاتە بەردەست.

بۆ شرۆڤەکردنی دەسەڵاتی روو بە کزی بەرهەمهێنەرانی ئاکادمیک و کلتووری واڵا، سێ گۆڕانکاریی جێگەی بایەخ کە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم هاتە ئاراوە، پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێ؛

  • دوا بە دوای شۆکی ئێسپۆتنیک (قەیرانێک کە بەرهەمی بۆ فەزا ناردنی یەکەم مانگی دەسکرد لە لایەن یەکێتی سۆڤییەت و رەکابەرایەتی فەزایی ئەمریکا و یەکێتی سوڤییەت لە قۆناغی شەڕی سارددا) و لە کۆتاییەکانی شەڕی ئەلجەزایەر (1962 1954) تەقینەوەی بێ وێنەی پلە و پایە ئاکادمیکەکان لەژێر چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری دوگۆل (1969 1958) و رووناکبیری بناژۆی چەپخواز “ئاندرێ مالرۆ” روویدا. لە هیچ وڵاتێکیتری رۆژاوا، لێکۆڵینەوەی ئاکادمیک و خوێندنی باڵا بەم رادەیە لە وەها ئاستێکی نزمدا، لەوەها قۆناغێکی کورتدا پەرەی نەستاندبوو. لە ئەنجامدا، رووناکبیرانی سەربەخۆ، نووسەران و خۆڕاهێنەرێکی وەک رۆلان بارت بە خێرایی تێکەڵ بە سیستەمی ئاکادمیک –لە بەربڵاوترین شێوەیدا- بوون.
  • پلە و پایەی روولە زیادبوونی لقە تەکنیکییەکانی خوێندنی باڵا، هێدی هێدی لە بایەخی قوتابخانە و ئیکولە رووناکبیرییەکان کەم کردەوە و زیانی پێگەیاند. رەنگە نموونەی بەرچاوی ئەم بەشانە، سەرکەوتنی قوتابخانەی نەتەوەیی بەرێوەبردن (ENA) کە ساڵی 1945 دامەزرا، لە هەڵسەنگاندن دەگەڵ قوتابخانەی نۆرمال سوپەریوێر (ENS) و Rue d’Ulm کە ساڵی 1794 دامەزرابوو. تا دوای شەڕی جیهانیی دووهەم راهێنانی فەلسەفی و ئۆمانیستی ئیکول نۆرمال بە رادەی پێویست بۆ رێنماییکردنی دەرچووەکان بەرەو بەرزترین شوێنەکان لە سیاسەت، ئابووری یان کولتووری فەرانسە، خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بوو. (بەرپرسایەتییە سیاسییە درەوشاوەکانی ژان ژرە، لئۆن بلوم، ژۆرژ پۆمپیدۆ، هەڵبسەنگێنن). لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتای دەیەی 1960 بەملاوە، زۆربەی خوێندکارە بەتواناکان لە بەشی فەلسەفە و ئەنجومەنی ئۆمانیستیی سوننەتی دەستیان بە پاشگەزبوونەوە کرد، ئەم خوێندکارانە بە جیددی خوازیاری ئەوە بوون لە کلتووری فەلسەفەی فەرەنسی پاشەکشە بکەن و هەوڵی ئەوەیان دەدا سەرمایەی کلتووریی خۆیان دەگەڵ خواستە نوێیەکانی زانستە مرۆییەکانی تازەداهێندراو و زمانناسی رێ نیشاندەری ئەو زانستە بگونجێنن، یان راستەوخۆ بە ENA ببەسترێنەوە و بەڵێنی کار و بەرپرسایەتی سەرکەوتووی لە سیاسەت و بەریوەبەری و ئابووریی فەرەنسا دەدا.
  • بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی نمایش (دوبور Debord) راگەیاندنە چاپکراوەکان زیاتر لە هەموو کاتێک جێگەی خۆیان بە تەلەفزیۆن گۆرییەوە، نە تەنیا تەلەفزیون بەڵکوو زۆر زیاتر خاوەن بەهرەی بڵاوبونەوەی وێنەکان و نواندنەوەی شێوە و رووخسارەکان بوو؛ بەڵکوو ژورنالیستەکانی تەلەفزیون لە فەرەنسا هەروەها هەوڵیان دابوو تا کاریگەریی بەربڵاویان لە باسە سیاسییەکاندا هەبێت. تەلەفزیۆن بەردەنگی لەرادەبەدەر و کار و پسپۆری زۆر دەخاتە بەردەم بەرهەمهێنەرانی سیمبولیک. ئەو بەرهەمهێنەرانەی کە ئیتر نابێ ئەوان وەک داهێنەرانی ئاکادمیک یان کلتووری واڵا و رەوا، بە مەبەستی دەست پێراگەیشتن بە دەنگێکی جێگەی بایەخ لە سیاسەتە نەتەوەییەکانی پیرۆز دا لەبەرچاو بگرین.

بەم پێیە و لەگەڵ ئەوەشدا ژورنال و رۆژنامە رووناکبیرییەکان بەبەردەوامی خاوەنی پێگەی خۆیان بن (لو نۆوێل ئۆبزێرواتور، لۆمۆند) کە هیچ رێ خۆشکەر نیە بۆ چارەسەری قەیرانی هێژموونی مۆدێرنیستیی بەرهەمی کلتووری واڵا و نائاکادمیک، بەڵکوو ئەو قەیرانە پەرە دەستێنێت.

لە نیوەی یەکەمی دەیەی 80 زایینی، سەردەمی رووناکبیرانی مودێرنیست کە نێوان بەرهەمهێنانی سیمبولیکی ئاکادمیک و نائاکادمیکدا بوون، کۆتایی پێهات و قۆناغی پاش مودێرنیزم، یان بە واتایەکی روونتر، قۆناغی دژ بە مودێرنیزم دەستی پێکرد. بەشێکی زۆر لە ناودارانی رووناکبیری سەر بە قۆناغی پێشوو ماڵاواییان لە ژیان کرد یان لە پانتایی گشتی بزر بوون. (سارتەر، لکان، بارت، فۆکۆ؛ ئالتوسێر کە دوای کوشتنی هاوسەرەکەی خرایە بەندیخانە و سۆلرێز پێشی بە چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری “تێل کێل” گرت) و نەوەیەکی نوێ لە رووناکبیرانی لیبرال هاتنە مەیدان. قەیرانی ئایدئۆلۆژی و زەینیەتی مۆدێرنیزمی، کەمێک دوای بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە دۆرگەکانی گولاک (1976) بەرهەمی سولژنیتسین بە زمانی فەرەنسا دەستی پێکرد، قەیرانێک کە لە یەک قۆناغدا، نەتەنیا بووە هۆی سڕینەوەی بیری مارکس لە ژیانی رووناکبیری فەرەنسا ، بەڵکوو بووە هۆی نائومیدی زۆربەی پەیامبەرانی رووناکبیری سەر بە رابردوو کە لە مارکسیستەکان و ئێگزیستانسیالیزمەکان و دەروونناسان و پێکهاتەخوازەکان پێکدەهات.

بەم پێیە ئەم قۆناغەی پاش مۆدێرنیستی کە نابێت ئەو لەگەڵ دیاردەی ئانگلۆئەمریکی پاش مۆدێرنیزم یان دواپێکهاتەخوازی، چەمکێک کە لە بەستێنی فەرەنسیدا نامۆیە، بشووبهێنین کە بووە هۆی ژیانەوەی بایەخی بیرمەندانی لیبرال و دژەتووتالیتەری رابردوو. (هەڵسەنگاندنێک بکەن لەگەڵ ریمۆن ئارۆن یان جەغزی دژە ئێستالینیستی سووسیالیزم یان وەحشیگەری کلۆد لۆفۆر و کۆرنلیوس کاستوریادیس) و هەر وەها کۆتایی هات بە بووژانەوەی ژیانی ئەندێشە لیبرالی و نوێ لیبرالییەکان (بەراوردی بکەن لەگەڵ هێرشی فێری/ رنو بە «ئەندێشەی [مای] 68»). فەیلەسووفە نوێیەکان nouveaux philosophes)) یەکەم کەسانێک بوون کە بە هۆی بەیانی راشکاوانەی قەیرانی پرۆژەی چەپ، کە هەروەها قەیرانی پەیامبەری رووناکبیرانیش بوو، سەرنجی کۆمەڵگە بۆ لای خۆیان راکێشا.

هەر وەک رووناکبیرانی مودێرنیزمی دواکەوتوو (بەراوردی بکەن دەگەڵ دولوز) ئاماژەیان پێکردووە، سەرکەوتنی ئەم گروپە لە فەیلەسووفانی گەنجی دەرچووی ئیکول نۆرمال (ناسراو بە نۆرمالینەکان) و مائۆیزمەکانی رابردوو لە دەوری بێرنارد هێنری لوی ناسراو، کۆببوونەوە، نیشاندەری کاریگەری لەرادەبەردەری تەلەفزیۆنی نەتەوەیی لەسەر ستراتێژییەکان و کارە رووناکبیرییەکان بوو.

لەگەڵ کاڵبوونەوەی رووناکبیریی مودێرنیزمی، ژیانی رووناکبیریی فەرەنسی هاتە ناو قۆناغی دووبارەناسی و دابەشکردنی سەرلە نوێ، رووناکبیرانیتر لە نێوان لقە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی سیمبولیک، بەمشێوەیە کە تا ناوەراستی دەیەی 70 زایینی، لە پەیوەندیدا نەبوون؛ کەسانی ناو زانکۆ، ژورنالیستەکان و هونەرمەندەکان زیاتر لە هەمیشە هەوڵیاندا کە بە ئاخێزگەکانی رێک و پێکی. ژورنالیستی یان هونەری تایبەتی خۆیان بگەرێنەوە. کاتێک کە لە 1981 باڵی چەپ بە رێبەرایەتی فەرەنسوا میتەران کە سەرەنجام دەسەڵاتی گرتە دەست، رۆژنامەی سەرەکی رووناکبیری واتە لۆمۆند هەواڵی پاشەکشەی نائاسایی بەرهەمهێنانی رووناکبیری راگەیاند و (بە دروشمی بێدەنگی رووناکبیران) بڵاو کرایەوە).

رووناکبیرانێک کە ئێستا لە روانگەی سیاسییەوە بە دەسەڵات گەیشتبوون، ئیتر ئامادە نەبوون بە هەر نرخێک رۆحی شۆرشگێرانەی خەڵک (بەمشێوەیەی کە سارتەر دەیورووژاند) بورووژێنن. لەبەرانبەردا، جێنشینەکانی رووناکبیریی مۆدێرنیستی بە مەبەستی بوون بە راوێژکار، شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سیاسی، شێوازی ئەمریکایی بەرپرسیار و تێکەڵ بە ململانێیان هەڵدەبژارد، بۆ نموونە (ئالێن تورێن)ی کۆمەڵناس، کە شیکردنەوە سیاسییەکانی کە هەم لە لایەن تۆڕەکانی راگەیاندن و هەم بە هۆی دەستەی راوێژکارانی سیاسی(وەک ناوەندی سێن سیمون) پەرەی زۆریان سەند یان لوک فێری کە لەسەرەوە باسی لێوە کرا، کە دوابەدوای سەرکەوتنی ژاک شیراک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2002 بۆ پۆستی وەزیری رۆشنبیری دیاریکرا.

لەم سۆنگەیەوە، بۆ رووناکبیرانی فەرەنسا سەرەتاکانی دەیەی 1980 نیشاندەری دەرفەرتێک بوو، دەرفەتێکی تیۆریک و سیاسی: رەخنەی پێکهاتەخوازانەی مژاد (سووژە)ی خۆئایین، بە قازانجی هۆگریی ژیانەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، رەوشت و ئاکارەکان لادران. فەیلەسووفەکان میرات و پاشماوەی لیبرالی کۆمارییان بووژاندەوە و لە دژی پرۆژە سیاسی فەلسەفییەکان “نابەرپرسانە” دەیەکانی 60 و 70 کە فەیلەسووفەکانی ئاڵمانیا وەک نیچە و هایدیگەر ( بەراوردیان بکەن لەگەڵ ویکتۆر فاریا، هایدیگەر و نازیسم، 1987، یان لوک فێری و ئالێن رێنۆ، هایدیگەر و مودێرنەکان1988) نوێنەرایەتییان دەکرد، قسەیان کرد.

لە قۆناغی 1980 بەملاوە، هەروەها قۆناغی قەیرانی لەرادەبەردەری ژورنالەکان(رۆژنامە و گۆڤارەکان) و ناوەندی چاپەمەنیەکان بووە. بەرهەمەکان و بەرهەمهێنانی رووناکبیری، واپێدەچێت، ئیتر وەک بەرهەمەکانی پێشوو باسهەڵگر نین و کاریگەرییان نەماوە.

دەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کۆمپانیاکانی چاپەمەنی فەرەنسا هەوڵی ئەوە دەدەن کە نەیەنە ناو بازاری بەرهەمهێنانی رووناکبیری ( بەرواردی بکەن لەگەڵ دژواری ماڵیی بڵاوکراوەکانی زانکۆی فەرەنسا)، بەڵام لە هەناردەکردنی بەربڵاوی بەشێک لە ناوە رووناکبیرییەکانی فەرەنسی، بنەماشکێنی دریدایی، دەروونناسی لکانی، شیکاری گوتاریی فۆکۆیی و ئێگزیستانسیالیزمی سارتەری، کە لە راستیدا هەرگیز شتێک زیاتر لە بەشێک لە ژیانی رووناکبیریی فەرەنسییان نوێنەرایەتی نەکردووە و بە بەشەکانی زانستە مرۆییەکان لە ئەمریکای باکووری و بەریتانیا کەم کراوەتەوە.

لە لایەکیتر وەک چۆن ئەگەر بەڵگەیەک بۆ کاڵبوونەوەی دەسەڵاتی رووناکبیری لە فەرەنسا بوونی هەبێت، دەیەی 1990 شاهیدی جووڵانەوەی بەربڵاو لە پەیوەندی دەگەڵ مشتومڕە سیاسییەکاندا بووە کە رێبەری مەزنی ئەو رەوتە رووناکبیرییە پییەر بۆردیۆی کۆمەڵناس بوو.

بۆردیۆ بە لەبەرچاوگرتنی رێژەیەکی دیار لە وتاربێژی سیاسی سەر بە پێشینیانی مۆدێرنیزمی دواکەوتووی خۆی، بۆ سنووردارکردنێکی دیار لەگەڵ ویستی “نائاکادمیک”، واتە شەیدایی فەلسەفی و جوانیناسی بەرهەمهێنەرانی مۆدێرنیزم پێداگری کرد.

سەیر ئەوەبوو کە ئەم بیرمەند و زانا کۆمەڵایەتییەی دژ بە سارتەر واتە پییەر بۆردیۆ بوو کە دواتر بوو بە وەفادارترین لایەنگری هزری سارتەری بەرپرسایەتی رووناکبیری، تێکەڵ بە تواناییەکانی توێژینەوەی پڕ نیوەرۆک لەگەڵ روانگەیەکی سیاسی قورس و قایم.

لە لایەکی دیکەوە، بۆردیو بە هۆی پێداگرتن لەسەر کاری ئاکادمیک و شێوازناسی زانستی رێک، وەک سیمبولی سەرکەوتنی بەربڵاوی توێژەری ئاکادمیکی خوێندەوار لە پەیوەندی لەگەڵ نووسەران (homme de lettres) و هونەرمەندانی ئاوانگارد سەیر دەکرێت.

سەرکەوتنی بۆردیو هەم وەک کۆمەڵناسێک و هەم وەک چالاکوانێکی سیاسی نیشاندەری ئەوەیە کە رووناکبیرانی فەرەنسی رۆڵی گرنگ و پڕ بایەخی خۆیان لە هەمبەر کێشە و ململانێیەکانی وەک؛ هەڵاواردن (بێبەشکردن)ی نەژادی و کۆمەڵایەتی، نیئۆلیبرالیزم و جیهانییبوون.

سەرچاوەی سەرەکیی ئەم بابەتە، کتێبێکە بە ناوی (زانستنامەی ڕامانی مۆدێڕنی فەڕەنسا)
John Murray, Christopher, (2004), Encyclopedia of Modern French Thought, New York, London: Fitzroy Dearborn: Entry of Intellectuals

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە 232 گۆڤاری ڕامان بڵاوکراوەتەوە.
http://www.raman-media.net/232/r18.pdf

15637-231x300

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …