Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی

عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی

عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی

بەشی یەکەم

دنیای ئەمڕۆ دنیای قوتابخانە فکری و ڕێبازە فەلسەفیەکانە، ھەر قوتابخانەیەک ئەگەڕان بەدوای ڕوانگەی تایبەت و پتەو سەبارەت بە بوون و جیھانبینی، پایەکانی ھەر جیھان بینیەک بەندە بە ئاشنایەتی و ناسینەوە.

مەزھەبە فەلسەفیەکان بەدرێژایی مێژوو دیاردەیان خولقاندوە لە ھێز بەخشین بە عەقڵ و ئاوەزی مرۆڤ، ھەمیشە ھاوکار و ھاوبەشی بوون، ھەریەکە لەم مەزھەبانە قورسایەکی تازەو نوێیان بۆ سەر بنیاتی مرۆڤایەتی زیادکرد.
ژیانی مرۆڤ ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو ئەقڵانی بوون دەڕوات و مێژووی ڕۆشنبیری و شارستانیەتی مرۆڤ ئەمەی سەلماندوە،چیرۆکی ئەم پێشکەوتنە وای لە مرۆڤ کردووە کە زیاتر ھۆشیار بێتەوە، ئەم ھوشیار کردنەوەی خودییە، ئازادی ئەو زیاتر بکات.
پێشکەوتنی زانست و ھۆشیار کردنەوەی خودی، دەرئەنجامی مێژووە، ئەگەر سروشت کتێبێک بێت بە دەستی خودا نوسرابێت، ئەوا کتێبە مێژوو یەکانیش لەوحەیەکە بەنیگاری ئەندێشە و قەڵەمی بەرزی عەقڵ و فکر نەخشێنراون.

قوتابخانە فکریەکان بۆ بەدەست ھێنانی ھەردوکیان لە سەرچاوە و ڕوانگەی تایبەت پشت گەرم بوون، لەنێوان ئەم سەرچاوەیە ( عەقڵ و عەشق ) یان ( ئاوەز و ئیمان ) یەکێکە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، چونکە پەیوەندی نێوان ئەم دوو بابەتە ھەرگیز ھێمنی و ئارامی بە خۆیەوە نەدیوە، بەڵکو ھەمیشە نێوانیان پڕبووە لە گرژی و ئاڵۆزی.

ئەم لێکۆڵینەوەیە ھەوڵئەدات ئەو پەیوەندیە خراپەی لەنێوان (عەقڵ و عەشق )دایە لە دیدی سوھرەوەردی یەوە بخاتەڕوو.

پێش باسکردنی ئەم بابەتە پێویستە ئاماژەیەک بە فکر و فەلسەفە و ئەزموون لە شارستانیەتی ئیسلامدا بکرێت، فەلسەفەی ئیسلامی دەریایەکی مەزنە لە تێکەڵاوی لەگەل فەلسەفەی یونانی و ئیرانی کۆن و ھیندی، ھەروەھا فەلسەفەی ئیسلامی کاریگەریەکی قوڵی کردۆتەسەر فەلسەفە و عیرفان و تەێوفی ھیندی و ئەوروپی.

بەدڵنیاییەوە ڕۆڵی ئێرانیەکان لە بەرەو پێش چوونی ئەم فەلسەفە ئیسلامیەدا نابێت لەبەرچاو نەگرین، قوتابخانەی فەلسەفەی ئیرانی لە ( کندی و فارابی) وە دەستی پێکردو لە سەردەستی ( ئیبن سینا) گەیشتە قوناغی کامڵ بوون، و لەسەر دەستی شێخ اشراق (سوھرەوەردی) گەیشتە قۆناغی گەشانەوە و لەسەردەستی ( سەدرەدین شیرازی ) گەیشتە قوناغی پتەوبوون.

و ھەندی لە بیرمەندەکانی تری وەک (میرداماد و شێخ بھایی) لەم پێشکەوتنەدا ڕوڵیان ھەبووە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا زانست بەسەر سێ ڕەگەزدا دابەش بووە، ئەوانیش بریتین لە:
( زانستی عەقڵی، زانستی نقلی، زانستی قلبی ) ئەمانە سێ ڕەگەزی گرنگن لە خولقاندنی شەریعەت و تەێەوف فەلسەفە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سێ ڕەگەزە بە خراپی مامەڵە یان لەگەڵ کراوە بە ڕەگەزە کۆن و سواوەکان دانراون و ھەمیشە لەژێر کاریگەری و ڕوو بە ڕوو بونەوەی ھزردابوون، بەڵام بوونە ھۆکاریکی بەھێز بۆ گەشەکردنی فەرھەنگ و ڕۆشنبیری،و ھەمیشە پەیوەندی و ھەماھەنگی لە نێوانیاندا ھەبووە.

ئەڵبەتە لەسەردەمی ھەندێ لە فەیلەسوفە تەقلیدیەکان ڕەگەزێکیان بۆ خۆیان ھەڵدەبژاردوو بنەماکانی فکریی خۆیان لەسەر دادەڕشت و رەگەزەکانی تریان پشت گوێ ئەخست و ئینکاریشیان لێدەکرد، ھەندێجار ئەبوونە ھۆکارێک بۆ دواکەوتن و چەق بەستنی فکر و ئەندێشە، بەڵام بە درێژایی مێژوو بیرمەندە گەورەکان ھەوڵیانداوە ھاوسەنگی و ھەماھەنگی لە نێوان ئەم سێ ڕەگەزەدا دروست بکەن یاخود بپارێزن.
و یەکیک لە بەتواناترین و کاریگەریترین ئەو کەسانەی کە ھەوڵی داوە بۆ ئەو ئامانجە سھرەوەردی بووە، پێش لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی سەھرەوەردی نابیت ڕۆلی دوو کەسایەتی مەزن و بەرجەستەیی ئەم بوارە لەیاد بکەین.

یەکیک لەوانە (ئیبن سینا)یە، ابن سینا یەکێکە لەو بیرمەندە مەزنانەی ئیسلام کە بەرھەمە عەقڵی و فەلسەفیەکانی یۆنانی بە وردی خۆێندوتەوە و بە بیرو ڕەخنە و ڕۆشنبیریەتی خۆی ھەوڵی داوە ھەماھەنگی لە نێوان زانستی عەقڵی و زانستی دینیدا دروست بکات و لێکیان نزیک بکاتەوە، ڕێبازە فەلسەفیەکەی ئەو بە تەواوەتی لەسەر شەریعەتی ئەقڵانی ئیسلام دامەزراوە، ئەو لە زھن و ئەندێشەی خۆیدا ئەم دنیایەی وا دروستکردووە کە ھەردووکیان ھاوکار و ھەماھەنگی یەکتر بن ھەم دین و شەریعەتی ئیسلامی و ھەم میراتی فەلسەفەی یۆنانی , ئەو بە ڕاڤەکانی ھەوڵی داوە ئەم دوو میراتە یۆنانی و ئیسلامی تیکەلی یەکتربکات یان ھیج نەبێ لێکیان نزیک بکاتەوە.

و لە کۆتایی سەدەی پێنجەمی کۆچی بیرمەندێکی گەورەو مەزن لە جیھانی ئیسلامیدا گەشایەوە ئەو یش ( ابو حامد محمد غزالی) بوو، غەزالی یەکێکە لە زانا گەورەکانی رێباز فەلسەفەو شەریعەت و عارفێکی بەرچاو بووە ,دەستەڵاتێکی زۆری ھەبووە لە بەرامبەر بنەماکانی دینی و زانستی نقلی و فەلسەفەی زانستی عەقڵی ساڵانێکی زۆر لەناو ڕەوتی سەخت و سەنگینی عارفانە کاریکردووە , بەڵام زھنی ڕەخنەگرانەی ئەو وای لێکردووبوو کە چاوی ڕەخنەگرانەی لەسەر ھەموو شتێک بێت , ئەم تێڕوانینە ڕەخنەگرانەی ئەو وای لە فکر و زھنی کردبوو کە تەنانەت بیر و بۆچونەکانی خۆشی بەر نەشتەری ڕەخنە ئەدا، لەم سۆنگەیەوەبوو کە ئیمان و باوەڕی بەتینی عارفانەو فەلسەفیانەی ئەو بەرەو ھەڵکشان دەڕۆشت.

بەرئەنجامی ھەوڵ و تێکۆشانە بەنرخ و بەرزەکانی بریتبوو لە کتیبی ( احیاء علوم الدین )، لەم کتێبەدا ھەوڵی داوە شەریعەت و تەێوف لە یەکتر نزیک بکاتەوە وە ھەوڵی داوە ئەوەی لە ناخی شەریعەت و زانستی نقلی دایە بیھێنێتە دەرەوە , واتە ناخ و دەرەوەی ئەم دوو زانستە یەک بخات , بە تێڕوانینە فەلسەفیەکانی لە بارەیانەوە بدوێ , بەڵام لە ڕێی ئەم ھەوڵەوە بە ھەڵەیەکی فەلسەفی گورزێکی کوشندەیی لە زانستی ئەقڵیدا، ئەو ڕاڤە و شیکاری تایبەت بە خۆی ھەبوو لەبارەی بنەماکانی دین و شەریعەت وە ڕەخنەکانی لەناو بازنەیی فەلسەفەی عەقڵی و مەنتقی ئەرستۆیدا ئەخولایەوە.

لەناو ئەم بارودۆخەدا بوو کە کەسێکی گەورەتر سەری ھەڵدا بەناو (شھاب الدین سوھروەردی)، سوھرەوەردی لە نیوەی دووەمی سەدەی شەشەم ئەژیا، نیگا و تێڕوانینی تایبەت بەخۆی ھەبوو سەبارەت فەلسەفە و عیرفان، لێکۆڵینەوەی زۆری کرد لەبارەی بوون و ڕاستی دنیا، ئەو لە ڕەوت و رێبازی فەلسەفەی خۆیدا لەبری چەمک و ووشەی ( عەقڵ و عەشق ) چەمکی(حیکمەتی بەحسی و حیکمەتی زەوقی )بەکاردەھێنا، و دیسانەوە ھەردووکیانی کورتکردبووەوە بۆ (حیکمەتی ئەشراق) ھەر لە بەر ئەمەیە سوھرەوەردی بە دامەزرێنەری رێبازی فەلسەفەی اشراق دادەنرێت، بیر و بۆچونە ناوازەکانی خۆی لە کتێبی ( حکمەت اشراق ) بەزمانی عەرەبی خستبووە ڕوو.

حیکمەتە ئەشراقەکەی ئەو کۆکراوەی شەریعەت و فەلسەفە و تەێەوفە ئەو ڕۆڵی عەقڵ و نوری یەزدانی لە نوسراوەکانی ئێرانی دەرخستبوو . تاکەکەس بوو کە پەی بە فەلسەفە لێکچووەکانی ئەرەستۆ و ابن سینا برد، ئەتوانین بڵێین ھزرەکانی سھرەوەردی خاڵی بەھێزن لە نێوان حیکمەتی زەردەشتی و ئەفلاتونی.

سھرەوەردی زانیاریەکی زۆری ھەبوو دەربارەی ئایینەکان وەک ( ئیسلام , بودایی , زەردەشتی , یۆنانی کۆن) زۆر بەجوانی ڕاڤەی کردوون و خوی بە خاوەن و میراتگری ئەم کەلتورانە ئەزانی , ئەتوانین بڵێین ئەو گورزە کوشندەیەیی کە غەزالی لە پەیکەری زانستی عەقڵ گەرایی دا لەلایەن سھرەوەردیەوە ڕاستکرایەوە، ئەو توانی بە ڕاڤەیەکی نوێ، دین و زانستی نقلی و قلبی کامڵ بکات , لەم ڕێگەیەوەبوو گەشەی بە حیکمەتی بحپی و حیکمەتی عەقڵی دا، لە دوای تێڕوانینەکانی ئەو بەردەوام فەیلەسوف و بیرمەندەکانی دوای خۆی گرنگیان بە ڕوکاری ناوەوە و دەرەوەی حیکمەتی اشراق ئەدا , عارفەکانیش بەھەمان شێوە لە ڕێگەی فەلسەفەکەی ئەوەوە لە زانستی عەقڵ ئاگادار بوونەوە.
سھرەوەردی ھەمیشە دەیگوت عەقڵ نابێ عەشق ڕەت بکاتەوە و عەقڵ مامۆستای یەکەمەو عەشق مامۆستای دووەم،  ئەڵبەتە ئەم میراتەی لە سەردەستی حەکیمی موسڵمان ( مەلا ێدرا ) گەیشتە پلەی درەوشانەوە.

سوھرەوەردی حاکم و دەستەلات دارەکان (خەلیفەکان) بۆ پێنج دەستە دابەشکردووە:

١ – کەسانێک کە لە حیکمەتی زەوقی (عەشق) کارامە و لێزان بوون گەیشتوونەتە پلەی کامڵ بوون , بەڵام دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی بحثی (عەقڵ).
٢ – کەسانێک کە لە حیکمەتی بحثی ڕۆچون و گەیشتونەوتە پلە درەوشانەوە، بەلام بێ بەھرەبوون لە حیکمەتی زەوقی.
٣-کەسانێک کە لە حیکمەتی بحثی و حیکمەتی زەوقی رۆچوون و بەھرەمەند بوون .
٤-کەسانێک کە دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی زەوقی ناوەند بوون لە حیکمەتی بحثی.
٥ – کەسانێک کە دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی بحثی و ناوەند یان توانایەکی کەمیان ھەیە لە حیکمەتی زەوقی.

لە دیدی سوھرەوەردیەوە ھەر کەسێک خەلافەت و دەستەلات بە دەستەوە بگرێت دەبێ ناوەوە و دەرەوەیان وەک خاڵی سێیەم بێت کە ھەم لە حیکمەتی و ھەم لە حیکمەتی زەوقی بەھرەمەند بێت، واتە بێ نیاز نەبن لە فەلسەفە و تەسەوف.

“کتێبی حیکمەتی ئەشراق” بە فەلسەفەی ئەرستویی دەست پێدەکات و بە ھێزی دەرونی و شەوق و ئارامی کوتایی پێدەھێنێت ، واتە بە فەلسەفە دەست پێدەکات و بە تەسەوف کۆتایی پێدەھێنیت، سھرەوەردی جگە لە کتێبی حکیمەتی اشراق چەند باسێکی بەزمانی فارسی نوسیوە، تەواوی ئەو بابەتانە بوونەتە رەمز و سمبول بۆی، ئەو ھۆکارانەی کە سھرەوەردی ڕازی کرد بەنوسینی ئەو لێکۆڵینەوانە زۆر بوونی توانای فەلسەفی و گەیشتنی بوو بە ئەوجی تەسەوف بوو، و ھەروەھا لەئەنجامی گەرانێکی زۆر و بڕینی چەندین ڕێگا و ئاکاری قورس و دژوار لەسەر بنەماکانی زانست و زانیاریەکانی حیکمەتی اشراق بوو، سەرئەنجام سۆفی (سالک) ئەبی بگاتە پلەی ڕۆحی خۆی بەھەموو ئەزموونەسۆفیەکاندا تێ پەرێت.

لەم لێکۆڵینەوەو باسانەدا عەقڵ و عەشق وەھا پێکەوە شێلراون کە زۆر جار ناتوانین جیاوازی لە نێوانیاندا بدۆزینەوە، بۆ زیاتر رۆشنکردنەوەی ئەو بابەتانە ئاماژەیەک بە نوسراوێک لە نوسراوەکانی سھرەوەردی ئەکەین ، بەناوی (فی الحقیقە العشق ) ھەوڵ ئەدەین شی بکەینەوە.

سھرەوەردی لەسەرەتایی باسەکەیدا ھاوڕایە لەسەر تیۆری فەیلەسوفەکان لەسەر بنەماکانی فەلسەفەو مەنتیق (لۆژیک) و باوەڕی وایە کە خودای گەورە یەکەمین شتێک کە دروستیکردووە گەوھەرێکی درەوشاوە بووە بەناوی ( عەقڵ) و  سێ سیفەتی پێ بەخشیوە،    (ناسینی حەق، ناسینی خود، ناسینی شتی بینراو نەبینراو) دیسانەوە ئەم سێ سیفەتەی بە عەقڵی دووەم ناوبردووە کەلە دوای عەقڵی یەکەمەوە خودای گەورە ئەفراندویەتی.

سھرەوەردی لە باسەکەیدا دیسانەوە ئەم سێ سیفەتەی بە جوانی (حسن )، عشق، خەم یا حوزن ناوبردووە، لەسەر بنەمای تیۆری خودی سھرەوەردی و فەیلەسوفان عەقڵی یەکەم لە عەقڵی دووەمەوە بەرھەم ھاتووە، بە ھەمان شێوە لە عەقڵی دووەمەوە عەقڵی سێیەم و نەفسی دووەم و گەردوونی دووەم دێتەبوونەوە، و  عەقڵی چوارەم ……. بەھەمان شێوە لەیەکتر دروست ئەبن ھەتا ئەگاتە عەقڵی دەیەم و نەفسی نۆیەم و گەردوونی نۆیەم، ئەم عەقڵەی دەیەم ھەمان عەقڵی کارایی مرۆڤە.

لەم داستانەدا سێ کارئەکتەر ڕۆڵی سەرەکی ئەگێڕن ئەوانیش سێ مەفھومە دەرھێنراوەکەن (جوانی ، عەشق ، حوزن) ئەو سێ سیفەتە ڕۆڵ وکەسایەتی مرۆڤ و خو ئاکارەکانی بەرجەستە ئەکەن، جوانی لە گەورەیی خۆی ئەڕوانێت لەبەر خۆیەوە زەردەخەنە ئەی گرێت، ئەم زەردەخەنانە چەندین پاشای کویلە و ملکەچ دروست ئەکەن، لە دوای ئەوەی کە خودای گەورە مرۆڤی ئەفراندووە، کارێکی وەھای کردوە، جوانی لەناو شاروچکەی وجودی مرۆڤ ئوقرەبگرێت.

عەشق و حوزن و فریشتەکان ھەمویان لە خزمەتی(حضور) جوانیدا چوونەتە سوجدەوەو بە ناوچەوانیان خاکی ژێرپێی ماچ ئەکەن، بەشێکی تری داستانەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە ماوەیەکی زۆرە جوانی لە ناو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شارۆچکەی وجودا زیندانی کراوە چاوەڕێی جێگا و کاتێکی دیار ئەکات و ھەتا خۆی ئازاد بکات و دیسانەوە لەناو شارۆچکەی وجودا دەست بکاتەوە بە گەڕان، ھەتا ئەگات بە یوسف و جوانی لەگەڵ یوسفدا دەست لەملانی یەکتر ئەبن، و حوزن (غەم) ئەچێت بۆ کنعان و لە دەرگای یعقوب ئەدات ئەچێتە ژوورەوە، لەھەمان کاتدا عەشق بەسەفەریک ئەچێت بۆ میسر و لە دەرگای ماڵی زولەیخا ئەدات و لە پێشوازی ئەودا ئەبێت، عەشق ڕەفتاری سەیرو سەمەرە لە زولەیخا ئەگەیەنێ سەرکێشیەکانی ئەقڵی یەکەم (ھەمیشە ئاوەز) ی پێ ئەناسێنێت بە زمانێکی نھێنی و شیکارانە دەچێتە ناو ھەوەس و ئارەزووەکانی و لەگەڵ جوانی دا ھاوپشک ئەبن و ھەزاران خەیاڵ و وەھمی جۆراو جۆری بۆ وێنا ئەکەن سەراپا لە عەشقدا نغرۆی دەکەن.

دوای ھاتنی یوسف بۆ میسر زولەیخا تاسەی دیداری ئەو ئەکات و بەیەکجاری گیرۆدەو سەودای ئەبێت، یعقوبیش تامەزرۆی دیداری یوسفە و کاتێک دێت بۆ میسر دەبینێت یوسف و زولەیخا لەسەر تەختی شکۆیی دانیشتوون، لەم بەشەدا بەیەکگرتنی یوسف (عەقڵ ) و زولەیخا ( عەشق ) ئەم داستانە درمایە کۆتایی پێدێت، و لە بەشەکانی تردا لەبارەی عەشق و گەڕان بەدوای حاڵەتەکانیدا ئەدوێ.

“لە دیدی سھرەوەردییەوە ماریفەت و محیبەت(زانیاری و خۆشەویستی) دووپلەی پەیژەیەکن کە مرۆڤ ئەگەیەنە جیھانی عەشق، گەیشتن بە جیھانی عەشق کۆتایی ئارەزووەکانی زانا و حەکیمە رەبانیەکانە”

عەشق لە شارۆچەکەی وجوددا ڕێگە بە کەس نادات مەگەر ئامادە کراو ئامادەباش بێت بۆ کەسێک و پاککرابێتەوە لە ھەوەس و ئارەزوو، گەرچی چەمکی عەقڵ و عەشق جۆرەکانی پایە بڵندیان لە بەرھەمەکانی سھرەوەردیدا بڵاوە بەڵام، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستیەیی کە سھرەوەردی عەقڵی بە دەستپێکی عەشق داناوە، لە دیدی ئەمەوە ئەم دووانە لازم و ملزومی یەکترن ، و ئارەزوو دەکات کە مرۆڤ بتوانێت بە دووباڵی عەقڵ و عەشق بفرَێت قولە بەرزەکانی حەقیقەت تەی بکات .

ئەو تەواوی تەمەن و ووزەی خۆی بۆ ئەم دووکارە تەرخان کردبوو :
١ – زانستی باوی سەردەم و لە جۆرەکانی فەلسەفە و فقھی کەلام و زانستی ڕاڤە ( تفسیر ) ی بەرەو ھەڵکشان برد.
٢ – خزمەتێکی باش و گەورەی پێشکەش بە ڕەوشت و سلوک و سیفەتە سۆفیەکانی پیرانی پێش خۆی کرد.

تینویەتی زۆری ئەو نیسبەت بە زانستی سەردەم لەلایەک و مایفەتی قلبی و کەشفی شھودی عارفانە لەلایەکی تر، ئەمانە وەھا سەرقاڵی کردبوو کە سەرنجی شتەکانی تری نەئەدا لەدەورو بەری، بەم شێوە یە بوو کە حیکمەتی اشراقەکەی ئەو ڕۆڵ و نەخشێکی گەورەی لە ژیانی عقلانی ئیسلامدا بینی، ئەڵبەتە کاریگەری ئەو تەنھا لەناو ئیراندا پەنگی نەخواردەوە و، بەڵکو بە زووی سنورەکانی تێپەڕاند، بەشێک لە ئوێول و بیرو بۆ چوونەکانی ئەو بە زمانی عیبری و سانسکریتی وەرگیڕدران و بە ڕاستەوخۆی لەناو فەرھەنگی عیبری و ھیندیدا چەسپا.

نوسین: ئاکام حەمە ئەمین

دیزاین و ڕێکخستن: خاك – زاموا زاهیر

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی سپی لەئێران

‎نیهاد عەزیز سەعید‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎پێشەکی :‎پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش …