Home / ناوداران / دیاب ئاغای دەرسیمی.. نموونەی کوردی دەربار و ڕەنج بەباچوو

دیاب ئاغای دەرسیمی.. نموونەی کوردی دەربار و ڕەنج بەباچوو

ئامادەکردن و وەرگێڕان: بەکر شوانی

لە وێنەیەکدا کە ڕۆژی ٢٢ی ئاداری ساڵی ١٩٢١ گیراوە، کابرایەکی کەتە بە ڕیشێکی سپیی درێژەوە لە دوای ئۆتۆمبیلێکی سەرکراوەدا لە تەنیشت مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکەوە دانیشتووە. ئەوە دیاب ئاغای کوڕی سەیدخان ئاغای کوڕی قارەمان ئاغای هۆزاتییە کە لە هۆزی فەرهاد ئوشاخیی کوردی عەلەوییە و ساڵی ١٨٣١ لە ناوچەی چەمیشگەزەک (بە کوردی: مەلەکشی)ی سەر با پارێزگای دەرسیم لەدایک بووە و لە هۆزی فەرهاد ئوشاخییە. هەندێک سەرچاوەی تر ساڵی ١٨٤٦ و چەند سەرچاوەکیش ساڵی ١٨٥٢ بە مێژووی لەدایکبوونی دادەنێن. لەبەرئەوەی ساڵی لە دایکبوونی بەتەواوی دیار نییە، لەسەر کێلی گۆڕەکەی تەنیا ساڵی مردنی (١٩٣٥) نووسراوە (وێنەی هاوپێچ).

دیاب ئاغا لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کراوە بە فەرماندەی یەکینەیەکی سوارەی حەمیدی و لە شەڕی بدلیس و سێرتدا لە دژی ڕووسەکان بەشداری کردووە و بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، هەر لەو سەردەمەیشدا ئاشنای مستەفا کەمال ئەتاتورک دەبێت. سەرچاوە تورکییەکان دەنووسن کاتێک ئەتاتورک هاوینی ساڵی ١٩١٩ دەیەوێت لە ئەرزەڕوومەوە بڕوات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی سیواس، عەلی غالیبی والیی خارپوت دەستەیەک چەکداری کورد پێکەوە دەنێت بۆ ئەوەی لە ڕێگا بۆسە بۆ ئەتاتورک بنێنەوە و بیکوژن. ئەم هەواڵە دەگاتە دیاب ئاغا و هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی تری دەرسیم و ئەمانیش هێزێک پێکەوە دەنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکەی عەلی غالیب و پاراستنی ژیانی ئەتاتورک. گوایە ئەتاتورک و دیاب ئاغا لە هاوینی ئەو ساڵەدا و لە ڕێگای نێوان سیواس و دەرسیمدا بۆ یەکەمجار یەکیان ناسیوە، بەڵام لە ریپۆرتاژەکەی ڕۆژنامەی “یەنی گوین”دا کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووزی ١٩٣١ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەیەکی ڕوون لەو بارەیەوە نییە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەگەر دیاب ئاغا پشتیوانی لە ڕاپەڕینی قۆچگیری (١٩٢٠-١٩٢١) بکردایە کە سیواس و دەرسیم و ئەرزنجان و چەولیکی گرتبووەوە، ئەوا ئەنقەرە دەکەوتە دۆخێکی دژوارەوە و کورد قۆناغێک زیاتر دەچووە پێشەوە. عەلیشان بەگ وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ڕاپەڕینی قۆچگیری دەچێتە لای دیاب ئاغا و تکای لێ دەکات پشتیوان بێت و پێی دەڵێت دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئان و ساتدایە، بەڵام دیاب ئاغا دەسخەڕۆی دەکات. دیاب ئاغا، بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر، شێخ سەعیدی پیرانی بە “بەڵا” ناوبردووە.

وەک پاداشتێک بۆ بەشداریکردنیان لە شەڕی یەکەمی جیهانی و لە شەڕی “ڕزگاریی تورکیا” و دژایەتیکردنی شۆڕشەکانی قۆچگیری و شێخ سەعیدی پیراندا، ئەتاتورک پێشنیاری ئەندامێتیی ئەنجوومەنی گەورەی میللەتی تورک (پەرلەمان) دەخاتە بەردەستی فەرماندەی سەربازی حەسەن خەیری دەرسیمی و دیاب ئاغا دەرسیمی و کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی تری ئەو دەڤەرە. مستەفا ئاغای هۆزاتی و دیاب ئاغا و حەسەن خەیری و ئەحمەد رامیز تان بە دەم پێشنیارەکەی ئەتاتورکەوە دەچن و ڕوو لە ئەنقەرە دەکەن. حەسەن خەیری چاوساغی دیاب ئاغا و دەرسیمییەکانی تر بووە و ئەوانی بە ئەتاتورک و هاوڕێکانی گەیاندووە.

وەک لە لێدوانەکانی دیاب ئاغادا بۆ ڕۆژنامەی “یەنی گوین” ڕوون دەبێتەوە، هەندێک لەو کەسایەتییە دەرسیمییانەی کە لەلایەن ئەتاتورکەوە ناویان بۆ ئەندامێتیی پەرلەمان پێشنیار کراوە، نەیانوێراوە بچنە ئەنقەرە (بڕوانە دەقی ڕیپۆرتاژەکە لای خوارەوە). وا دەردەکەوێت مستەفا ئاغای هۆزاتیش کە دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ مستەفا ئوێزتورک، درەنگ چووبێتە ئەنقەرە، یان هەر نەچووبێت. ئەمەش لە یەکێک لە وتەکانی دیاب ئاغادا لە پەرلەمان ڕوون دەبێتەوە. پەرلەمانتاران بە بیانووی دواوکەوتنی، هەوڵ دەدەن ناوی مستەفا ئاغا لە لیستی ئەندامێتیی پەرلەمان دەربهێنن، بەڵام دیاب ئاغا کاتێک بەمە دەزانێت، دەچێتە سەر کورسیی وتاردان و دەڵێت: “تەلەگرافم بۆ مستەفا ئاغا کردووە، دێت یان نایەت نییە، دێت.”

بەلایەنی کەمەوە کتێبێک (وێنەی کتێبەکە هاوپێچە) و سەدان وتار بە زمانی تورکی دەربارەی دیاب ئاغا هەیە. ئەو کەسە لە مێژووی فەرمیی تورکیادا وەک نموونەی کوردی خۆبەتورکزان و خزمەتکاری کۆمار و ڕێبازی ئەتاتورک دادەنرێت. لە هەموو سەرچاوەکانیشدا ئاماژە بۆ دوو وتەی دیاب ئاغا لە پەرلەماندا دەکرێت؛ یۆنانەکان لە ئەنقەرە نزیک دەبنەوە و هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشنیار دەکەن پەرلەمان بۆ شاری قەیسەری بگوازرێتەوە، بەڵام گوایە دیاب ئاغا پەشیمانیان دەکاتەوە. وتەیەکیشی هەیە دەربارەی پێکەوەنانی شاندی تورک بۆ لۆزان (بڕوانە دەقی ڕیپۆرتاژەکە لای خوارەوە).

هەندێک لە سەرچاوە تورکییەکان ئاماژە دەکەن بۆ ڕەنگدانەوەی مەزهەبی سوونی لە ئاخاوتنەکانی دیاب ئاغادا ئەگەرچی خۆی کوردی عەلەوی بووە. دیاب ئاغا دواجار ساڵی ١٩٣١ چووەتە ئەنقەرە بە مەبەستی بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی بۆی، بەڵام دیار نییە داخۆ بە مەرام گەیشتووە یان نا. ناوبراو ساڵی ١٩٣٥ مرد و جینۆسایدی دەرسیم نەژیا کە بە فەرمانی ئەتاتورکی “هاوڕێ”ی ئەنجام درا، هێشتا لە ژیاندا بوو کاتێک ئەتاتورک ناوی دەرسیمی بۆ “تونجەلی” گۆڕی و دیاب ئاغایش، وەک لە سەرچاوە تورکییەکاندا هاتووە، بەو هەنگاوە زۆر خەمگین بووە.

حەسەن خەیری، سەرباری ئەوەی تەواوی ژیانی وەک سەرکردەیەکی سەربازی و ماوەیەکیش وەک پەرلەمانتار لە خزمەتی دەوڵەتی عوسمانی و پاشان ئەتاتورک و کۆمارەکەیدا بەسەربرد، ساڵی ١٩٢٥ بە فەرمانی ئەتاتورک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە دار درا. بەشێکی زۆر لە نەوەکانی دیاب ئاغا و ئەندامانی عەشیرەتی فەرهاد ئوشاخیش لە جینۆسایدی دەرسیمدا تیاچوون و ژمارەیەکی زۆریشیان بە فەرمانی ئەتاتورک و لەبەر ڕۆشنایی یاسای بەدناوی “ڕێکخستنەوەی نیشتەجێبوون”دا بۆ دەڤەرەکانی ڕۆژئاوای تورکیا دووخرانەوە.

گویرسێل ئێرۆل یەکێک لە ناسراوترین نەوەکانی دیاب ئاغایە کە لەم خوولەدا لەسەر لیستی جەهەپە، پارتەکەی ئەتاتورک، نوێنەری ئەلازیزە لە پەرلەمان.

ئەمەی لای خوارەوە دەقی ئەو تاقە ڕیپۆرتاژەی ژیانی ٨٠ یان ١٠٠ ساڵەی دیاب ئاغایە کە مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسی تورک ئەنوەر بهێنان لەگەڵی سازی کردووە. وێنەی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکە هاوپێچە.

“نوێنەری تەمەن سەت ساڵەی یەکەم خوولی ئەنجوومەنی میللەت دەدوێت”

ژیانی پڕ لە ماجەرای دیاب ئاغا… “مەڕۆ بۆ ئەنقەرە، دەتکوژن.”… ئایا دیاب ئاغا عاشقی ژنێکی بیانی بووە؟… بەراورد لە نێوان کەرە و یاسادا…

ئەنوەر بێهنان، ڕۆژنامەی “یەنی گوین”، ٢٧ی تەمووز ١٩٣١

لە قەرەئۆغڵان چاوم بە دیاب ئاغای ئەندامی ئەنجوومەنی میللەت (پەرلەمان) کەوت. لەو پیاوە ڕیش سپییەی یادەوەریی ڕۆژانی کارەسات و سەرکەوتن نزیک کەوتمەوە. سڵاوم لێ کرد و خۆم پێ ناساند. ڕۆژی دوایی بە یاوەریی نالبەندئۆغڵو حفزی بەگ چووین بۆ شوێنی حەوانەوەی دیاب ئاغا لە هۆتێلی قەیسەری.

لە هۆڵی پێشوازیی هۆتێل گەیشتین بەو کەسایەتییە مێژوویییە. برۆ سپی و چڕەکانی هەڵبڕی و چاوە شینەکانی بڕییە ناو چاوم و گوتی:

– ئەی لاو، چۆن منت ناسی؟

– لە یەکەم ئەنجوومەنی میللەتدا نوێنەری دەرسیم بوون. لەو کاتەوە بەڕێزتان دەناسم.

– ئاها!.. لە بیرت نەچووە.

– تێکۆشەرانی ڕزگاریی وڵات چۆن لە بیر دەکرێن؟… من وام گوت. ئەو گوتی:

– پرسیاری چیم لێ دەکەیت؟

– دەپرسم چۆن بوون بە نوێنەر و لە خوولی یەکەمی ئەنجوومەنی میللەت چیتان بینی و پرسیاری ژیانتان دەکەم!

– تۆ بپرسە و منیش وەڵام دەدەمەوە.

– ئاغام، خوێندەواریتان هەیە؟

– کاتێک بووم بە نوێنەر، خوێندەواریم نەبوو. خوا غازیی گەورە (ئەتاتورک) تەمەندرێژ بکات. پیتە نوێیەکان فێر بووم.

– چۆن بوون بە نوێنەر؟

– گاوران دەوری ئەنادۆڵیان دابوو. هەموومان لە بیری شتێکدا بووین؛ دین و دیانەت، عەرز و ناموس. تورکایەتی کەوتبووە مەترسییەوە. بیستمان لە دەوروبەری ئەرزەڕووم پاشایەک (سەرکردەی سەربازی)ی ڕزگارکەری ژیان پەیدا بووە و دەیەوێت ئەنجوومەن دابمەزرێنێت. هەموومان کەوتینە چاودێریکردنی. زانیمان ئەو پاشایە ناوی مستەفا کەمالە. کەوتمە سەر کەڵکەڵەی گەیشتن بە خزمەتی، بەڵام ئەو کاتە سەری نەگرت. پاشان بیستمان چووەتە سیواس و لەوێشەوە گەیشتووەتە ئەنقەرە. ئەو داوای دوو نوێنەری لێمان کرد. هەمووان ترسان. من بەم پیرییەی خۆمەوە تاسەی گەیشتن بە ڕزگارکەرانی وڵاتم دەکرد و لەو پێناوەدا تەنانەت تیاچوونی سەریشم لەبەرچاو گرت. خەڵک پێمیان گوت: (مەڕۆ، دەکوژرێیت!) گوتم: (هەموو کەسێک هەر دەمرێت. دەتوانم بڕۆم و بگەمە ئەوان و هەموومان پێکەوە بمرین.) زەینۆزادە مستەفا ئاغای سەر بە عەشیرەتی ئایاس ئوشاغی کە لەگەڵ مندا بە نوێنەر هەڵبژێردرابوو، ترسا و نەهات. خۆم و یەکێک لە خزمەتکارەکانم سواری ئەسپ بووین و چووینە ئەلازیز. لەوێ مەسرەفی ڕێگەیان داپێم. گالیسکەیەکم بە کرێ گرت و بە هەژدە ڕۆژ بە ڕێی مەلاتیا و سیواس و قەیسەریدا گەیشتمە ئەنقەرە.

– لە کوێ مانەوە؟

– ماوەیەک لە تاشخان مامەوە، پاشان لە حاجی بایرام خانوویەکم بەکرێ گرت.

– ساڵی چەند هاتن؟

– ساڵی ١٣٣٦ هاتم.

– یەکەم جار چۆن چوویتە ئەنجوومەنەوە؟

– حەسەن خەیری بەگ کە لە دەرسیمەوە دەمناسی، لەوێ بوو. ئەو منی برد بۆ ئەنجوومەن. کاتێک لە دەرگا چووینە ژوورەوە، تیشکێک دڵمی ڕووناک کردەوە. فرمێسک بە چاوانمدا هاتە خوارەوە. شوێنەکە وەک قوتابخانە هاتە بەرچاوم. ئامادەبووان بە ڕیز ڕاوەستابوون. منیش چوومە یەکێک لە ڕیزەکانەوە. دوای کەمێک حەسەن خەیری بەگ منی بردە دەرەوە و پێشم کەوت بۆ ژوورێک.

– کێ لەو ژوورەدا بوو؟

– مستەفا کەمال پاشا، فەوزی پاشا و کازم پاشای لێ بوون. لەگەڵ غازی پاشا (ئەتاتروک) دەستی یەکدیمان گوشی. گوتی: “خێر و خۆشیت هێنا، ئاغا.” منی بە پاشاکانی تر ناساند. لە تەنیشتییەوە دانیشتم. لەو ساتەدا پاشا چووە دڵمەوە. چاوم لەسەر چاوانی هەڵنەگرت. ئامادە بووم لەگەڵ ئەو پیاوە مەزنەدا نەک هەر بۆ جەنگ، بەڵکو بە گۆچانی دەستمەوە بەرەو مەرگیش بچم.

– هیچ جارێک چوویتە سەر کورسیی وتاردانی ئەنجوومەن؟

– دوو جار چووم. ساڵێک تێپەڕیبوو. هێشتا مستەفا ئاغا نەهاتبوو. لە ئەنجوومەن باسیان دەکرد. حاڵی بووم بەنیازن لە نوێنەرایەتی دووری بخەنەوە. چوومە سەر کورسیی وتاردان. ئەوانەی لەو کاتەدا قسەیان دەکرد، بێدەنگ بوون. هەموویان سەریان لە من سووڕما. چاوەڕێ بوون بزانن چی دەڵێم. گوتم: “تەلەگرافم بۆ مستەفا ئاغا کردووە، دێت یان نایەت نییە، دێت.” هەموویان بە جارێک هاواریان کرد و کەوتنە چەپڵە لێدان.

– جاری تر نەچوویتە سەر کورسیی وتاردان”

– جارێک لە سەروبەندی کۆنفرانسی لۆزاندا چوومە سەر کورسیی وتاردان. باسی ئەوە دەکرا خەڵکی وڵاتی ئێمە کوردن و بەنیازن حکوومەتێکی کوردی دابمەزرێنن. بە بیستنی ئەو قسەیە زۆر تووڕە بووم و بەپڕتاو خۆم گەیاندە سەر کورسیی وتاردان. ئەمجارەیش ئامادەبووان بێدەنگ بوون. گوتم: “لا الله الا الله، محمد رسول الله. چ شافعی، چ حەمبەلی، چ حەنەفی، هەموومان ڕووگە (قیبلە)مان یەکە. ئەنجوومەن و یانە و دین و میللەتمان یەکە. ئێمە کورد نین، ئێمە تورکین. هەمووتان لا الله الا الله بە زارتاندا هاتووە. لەمەودوایش نابین بە خاوەنی دینێکی جیاواز و نابین بە میللەتێکی جیاواز.” ئامادەبووان دیسان دەستیان بە چەپڵە لێدان کرد. عیسمەت پاشا هەڵسایە سەر پێ و هاتە تەنیشت کورسیی وتاردان و لە بن ڕیشم نزیک بووەوە. ئەویش جۆشی گرت و دەستی نایە ناو دەستم.

– ئاغام، دەڵێن لەو سەردەمەدا عاشقی ژنێکی بیانی بوون؟

– ئەها گیانەکەم! بە بێتاقەتی لە ئەنجوومەن دانیشتبووم. گوتیان ژنێکی گاور هاتووە بۆ سەرەوە و پرسیاری تۆی کردووە. نوێنەران بڵاوەیان لێ کرد و لە چوونەدەرەوەدا بووم. قەرە بەکر قۆڵمی گرت و بردمی بۆ ژووری سەرۆکایەتی. هەموو پاشاکان بە پێوە ڕاوەستابوون. ژنێکی جوانم لە نێوانیاندا بینی. حەزرەتی پاشا گوتی: “ئاغا، ئەم ژنە تۆی خۆش دەوێت.” ژنەکە دەستی دایە دەستم. منیش چاوم بڕیە ناو چاوانی و ئەم بەیتەم گوت: “سەڤ سەنی سەڤەنی، هەق ئیلە یەکسان ئیسە… سەڤمە سەنی سەڤمەیەنی، میسرە سولتان ئیسە… (ئەو کەسەی تۆی خۆش دەوێت، لە هەر پێگەیەدا بێت، خۆشت بوێت… ئەو کەسەی تۆی خۆش ناوێت، خۆشت نەوێت ئەگەر سوڵتانی میسریش بێت!)” هەموویان پێکەنین. ژنەکە داوای وێنەی منی کرد. گوتم: “سبەی وەرە، پێکەوە وێنەیەک دەگرین.” دوای ئەوە هەرگیز دەرنەکەوتەوە.

– ئاغا چۆن یاساتان دادەڕشت؟

– داڕشتنی یاسا ڕێک لە دروستکردنی کەرە دەچێت لە مەشکەدا. دەمانژەند و دەمانژەند. هەروەک چۆن کەرە لە مەشکەوە دەردەچێت، یاسایش بەهەمان شێوازی ژەنینیت مەشکە دەردەچوو.

– سەردەمانێک گەشتتان کردبوو؟

– بەڵێ. ڕۆژێک لەبەردەم دەروازەی ئەنجوومەن بووین. بە حەزرەتی غازی پاشام گوت: “خوا سیستەمەکەمان لێ نەشێوێنێت، شکۆمان زیاد بکات، شمشێرمان تیژ و بەختمان واڵا بکات.” کاتێک ئەم قسەیەم کرد، فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارەوە. حەزرەتی پاشا قۆڵمی گرت و بردمی بۆ ناو ئۆتۆمبیلەکەی. پێکەوە گەشتێکمان کرد بۆ ئێسکی شەهر. خوا تەمەنی غازیی گەورە درێژ بکات، پیاوێکی زۆر گەورەیە. با نرخی بزانین. چی بڵێم! بەزەیی و سۆزی زۆری بەرامبەرم نواند. خوا ژمارەی خۆشەویستانی زیاد بکات. ئێمە لە ئەنجوومەن، جگە لە دوعا و بەخشینی ئیمان بە برادەران، هیچ ئەرکێکی ترمان نەبوو.

– ئەنقەرەتان پێ چۆنە؟

– بووە بە بەهەشت. تووشی سەرسووڕمان بووم. ناناسرێتەوە. هەوڵی کارمەندان بەردەوام بێت.

– دوای ١٢ ساڵ ئەم گەشتەتان بۆ چی مەبەستێکە؟

– هاتووم بۆ سەردانی حەزرەتی غازی.

– داواکاریتان چییە؟

– ئەی لاو، لەبەر پیری ناتوانم کار بکەم. خزمەتی زۆری وڵاتم کردووە. هاتووم لەم کۆتایی تەمەنەدا مووچەیەکی خانەنشینی لە دەوڵەت و میللەتی خۆم وەربگرم. ئەم کارەم سەر بگرێت، بە دڵخۆشی بۆ زێدی خۆم دەگەڕێمەوە.

سەرچاوە: وەک سەرچاوە سوودم لە لینکەکانی کۆمێنتی ١ تا ٣ وەرگرتووە. ئەم وتارە تەنیا دەروازەیەکە بۆ تیشکخستنە سەر ژیانی دیاب ئاغا و مێژووی ئەو سەردەمەی کورد و تورکیا. کەسانی شارەزا دەتوانن لێکۆڵینەوەی قوڵتر لەم بابەتەدا بکەن و پەردەی زیاتر لەسەر ئەو بڕگە مێژووییەی کورد و تورک و تورک هەڵبدەنەوە.

 

* بەکر شوانی نووسەر و وەرگێڕ، ئەم بابەتەی لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە.

96362431_10220279241325061_3085687239124975616_o 96375843_234030961212091_697538766595686400_n 96475041_10220279240885050_9042247046869811200_o97011465_10220279240125031_1440560519596474368_n 97468613_10220279241765072_319090016821182464_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …