Home / په‌رتووكخانه‌ / فەلسەفەی مێژوو / بۆ مێژوو کۆتایی نەهات؟

بۆ مێژوو کۆتایی نەهات؟

سه‌ردار عه‌زیز
سی ساڵ لەمەوپیش بیرمەند ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما بابەتێکی لە گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست بڵاوکردەوە بە ناوی کۆتایی مێژوو؟ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردو ناونیشانی ئەم نوسینەم یەکەمجار بەرگوێ کەوت. تێگەیشتن لە هەناو کەلتوری کوردیدا بۆ چەمک و دیدێکی وەها کارێکی ئەستەمە. لە زمانی کوردیدا مێژوو چەمكیک نیە کە هەڵگری هیچ مانایەکی فەلسەفی یان ژیاری بێت، بەڵکو زیاتر گێڕانەوەی سەربوردەی ڕابوردوە. یان پانتاییەکە بۆ لە یادەوەریدا مانەوەی کەسانی گەورە و کاریگەر. دەربڕینی چوە مێژوەوە، یان دەیەوێت بچێتە مێژوەوە لەم ڕوانگەیەوەیە.
وتارەکەی فۆکۆیاما خوێندنەوەی ئاسانە. پاشان کردی بە کتێبێک بەو ناوەوە، بەڵام بە زیادکردنی دەربڕینی دواین مرۆڤ. ئەوەی کارەکە سەختتر دەکات بۆ کەسێکی وەک من، نەبونی هیچ پاشخانێکی فیکری و فەلسەفی و بایوگرافی ئەم چەمکەیە لە هەناو کەلتوری کوردیدا. فۆکۆیاما داهێنەری چەمکی کۆتایی مێژوو نیە، بەڵکو ئەم چەمکە مێژویەکی تایبەت و ئاڵۆزی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی ئەڵمانی گەورە فریدریک هێگڵ. بەڵام فۆکۆیاما ڕاستەوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ هێگڵ، بەڵکو لە ڕاستیدا زیاتر دیدی ئەلکسەندەر کۆژییەڤ لە بەرچاو دەگرێت. خۆشی دەڵێت کە ناحەقیە کە هێگڵ لە ڕێگای مارکسەوە بناسرێت، کە بەدیدی ئەو بەلاڕێدابردنی ئەوە.
ئەو دەقەی هیگڵ کە کار لە سەر کۆتایی مێژو دەکات دەقی فینیمینۆلۆجیای ڕۆح یان عەقڵە. ئەم کتێبە یەکەم کتێبی جیدی هێگڵە، لە ڕۆژگارێکی ئێجگار سەختی ژیانیدا نوسیویەتی، کە نە کاری هەبوو، نە پارە بەڵکو بە هاوکاری هاوکارانی و ئەو میراتیە کەمە دەژیا کە لە باوکیەوە بۆی مابوە. نوسینی ئەم کتێبە هەوڵی سەرەکی بو، بۆ ئەوەی لە زانکۆ کارێکی دەست بکەوێت.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئاسان نیە. بۆیە کاتێک ئەلکسەندەر کۆژییەف، کەسێکی تر بێکاری بەدبەخت لە پاریس، بە ڕێککەوت کاری وانەوتنەوەی ماستەری هێگڵی دەست دەکەوێت، لە بەر ئەوەی مامۆستاکەی سەفەری کردوە، خەڵکێکی ناوداری ئەو ڕۆژگارەی پاریس دەچنە کۆرسەکەیەوە. ڕیمۆند ئارۆن، درێدا، فۆکۆ.
کۆژییەف پاشان ئەم وانانە کۆدەکاتەوە و لە کتێبێکدا چاپیان دەکات. لێرەوە ئالان بلوم دەناسێت، ئالان بلومیش مامۆستای فۆکۆیامابوو، ئەمەش پەیوەندی نێوان کۆژییەف و فۆکۆیامایە. لە راستیدا فۆکۆیاما سەرەتا دەیەوێت بە ڕێگای بیرمەندە فەرەنسیەکاندا بروات، بەڵام لە دوا دیداریدا دەڵێت ئەوە کات بە فیڕۆدان بوو، ئەو خەڵکانە لە نێوان ڕێژەگەرایی نیتچە و مارکسدا سەریان لێشێواوە. دریدا لە سەر کۆتایی مێژوو دەنوسێت، لەوێدا چەمکی هەنتۆلۆژی دەهێنێتە ئاراوە.
پرسیارگەلی وەک ئایا مێژوو کۆتایی دێت، نەک بەو مانایەی کە لە زمانی کوریدا هەیەتی، بەڵکو بە مانا ئاڵۆز و فرە ئاستەکەی هێگڵ لە کتێبی فینۆمینۆلۆژیای رۆحدا؟ ئایا کۆتایی مێژوو لە ئێستادا چۆن دەبێت؟ ئایا بۆ ئێمە چیدەگەیەنێت؟ بۆچی گرنگە لێی تێبگەین؟ ئایا چ جیاوازی هەیە لە نێوان هیگڵ و مارکس و کۆژییەڤ و فۆکۆیامادا؟
ناتوانم لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
لە خوارەوە بە کورتی چەند خاڵێکی تایبەت لە دیاردەی کۆتایی مێژوی دەخەمە بەرچاو، بە هیوای ئەوەی لە داهاتوو بتوانم بە ووردی و درێژی لە بارەوە بنوسم.
یەکەم، کۆتایی مێژوو ڕاستەوخۆ چەمکی هێگڵ نیە، بەڵکو ئەو چەمکی نەمانی کات یان کۆتایی کات بەکاردەهێنێت. لای هێگڵ ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە با ئاگایی و ئەزمونی ئاگاییەوە. لە راستیدا ناونیشانی فینۆمینۆلۆژیا لە سەرەتادا زانستی ئەزمونی ئاگایی بوو. کاتێک مێژوو کۆتایی دێت کە خود بە ئاگا دەبێتەوە لە خود و هەروەها لە ئارەزوکردنی بۆ ئارەزوی ئەوانیتر. بە جۆرێک دەبێتە ئارەزوکردنی ئارەزوی ئەوانیتر. لێرەدا جیاوازی لە نێوان کۆیلە و ئاغادا نامێنێت. بەڵام نکوڵی هەیە لە لایەن ئاغاوە بۆ کۆیلە.
دووەم، بۆ ئەوەی مێژوو کۆتایی بێت دەبێت ئەجینسییەک هەبێت. کەسێک ، هێزێک هەبێت کە ببێتە مایەی فەراهەمکردنی دۆخی کۆتایی مێژوو. بۆ هێگڵ، کە دەڵێت فینۆمینۆلۆژیای لە ژێر دەنگی تۆپەکانی ناپلیوندا نوسی ناپلیونە. لای کۆژییەڤ سەرەتا شۆرشی روسیە، بەڵام دوایی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمریکا بەرجەستەبونی خەونی مارکسە، پاشان دەیگۆڕێت بۆ یابان. بە هەرحاڵ ئەنجامدەرێک ئایا کەسێکە هێزێکە دەبێت بونی هەبێت بۆ ئەوەی دۆخی کۆتایی مێژوو بەرجەستە بکات. لای فۆکۆیاما لیبرالیزم و ئەمریکایە. جێگای ئاماژەپیدانە شۆرشێکی تر جگە لە شۆرشی فەرەنسی کاریگەری گەورەی لە سەر تێزی هێگڵ هەبوو ئەویش شۆرشی کانت بوو کە بە شۆرشی ئازادی یان سەربەخۆبوون، ئۆتۆنۆمۆس، دەناسرێت. بەڵام ئەم پرسە بێئەندازە ئاڵۆزە کە لێرەدا بتوانین بە تان و پۆیدا بچین.
سێیەم، ئەوەی بۆ ئێمە لە ڕوی سیاسیەوە جێگەی بایەخە مۆدێلی ئەمریکایی کۆتایی مێژوە. ئەم مۆدێلە لە ڕوی سیاسیەوە مانای بە ئەمریکایی کردنی دونیا. ئەم پرۆژەیە لە فۆرمی دیموکراتیزەکردن و دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی و دەزگاییدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم پرۆسانە بە شێوازی جیاواز لە کوردستان بەڕێوە دەچن، بەڵام لە بەر ئەوەی زۆربەی چینی بە ناو ڕۆشنبیری کورد خاوەنی پاشخانێکی قوڵی فیکری و فەلسەفی نیە، ناتوانێت لە ڕەهەندە قوڵەکانی ئەم پرۆسەیە بگات.
چوارهەم، وەک کۆژییەف بانگەشەی بۆ ئەکرد و فۆکۆیاماش پەیڕەوەی دەکات، یەکێک لە دیاردەکانی کۆتایی مێژوو کۆتایی سیاسەتە.

کاتێک سیاسەت کۆتایی دێت ئەوەی جێگەی دەگرێتەوە کارگێڕی و بەڕێوەبردنە، مانجمێنت و ئەدمینسترەیشن، کۆژییەڤ بە بونی بە یەکێک لە بیرمەندانی بیری یەکێتی ئەوروپا لە گەڵ شوماندا، کارکردنی فۆکۆیاما لە سەر دەوڵەت و پاسان ناچاربونی بۆ کارکردن لە سەر شوناس وەک پەرچەکردارێک بۆ کۆتایی مێژوو، ئاماژەن کە سیاسەت وەک تەواوبو تەماشا دەکرێت. بەڵام ئەم دۆخە لە دونیای کوردیدا بەوشێوەیە نیە، هەرچەندە گرگن بێت، بەڵام جۆرێک لە سیاسەت لە دونیای کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە دونیاشدا ئامادەیە. بێ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم ڕەهەندەدا ئەستەمە تەنها بە ئیدارە و کارگێڕی کێشەکان چارەسەر بکرێت. ئێمە ئەمە لە دۆخی پێشمەرگەدا دەبینین. هەروەها لە دۆخی کورد و سوریا دەبینین کاتێک ئەمریکا وەها دەزانێت نوسینەوەی دەستورێک بۆ سوریا کێشەی ئەو وڵاتە چارەسەر دەکات.

About دیدار عثمان

Check Also

گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی …