Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی میرنشینی بابان

مێژووی میرنشینی بابان

1524385971-maxresdefault

له‌ کۆتاییەکانی سەدەی پازدەهەمی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی میرنشینی سۆران میرنشینێک بە ناوی(بابان) دامەزرا. ئەم میرنشینە دوای ملکەچکردنی هەندێ ناوچە و هۆزی دەورووبەر بەرەو باشوور فراوانخوازی کرد و ناوچەکانی شارباژێڕ و کەرکووک و کفری داگیر کرد. لەم  میرنشینەدا چوار بنەماڵە حوکمیان دەکرد تالە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەدا هەڵوەشایەوە.

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەدا(فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) لە ناوچەی مەرگە و پشدەر سەر لە نوێ بناغەی میرنشینی بابانی دامەزراندەوە. ئەمە بنەماڵەی پێنجەمی بابانە کە تا ناوەراستی سەدەی نۆزدە بەردەوام بوو. فەقێ ئەحمەد و نەوەکانی لە فراوانکردنی دەسەڵاتیان بەردەوام بوون تا ناوچەی ماوەت و شارباژێڕ و هەروەها هۆزی (بڵباس)یان خستە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە سەردەمی بابا سلیمان(١٦٦٩-١٦٩٩) دەسەڵاتی بابان گەیشتە ناوچەکانی شارەزوور و قزڵجە و سەروچک و هەروەها قەرەداغ و بازیان. لە دەورووبەری ساڵی ١٦٧٠دا قەڵاچوالانی کردە پایتەختی خۆی. دواتر بە هەوڵ و کۆششی بەکر بەگ(١٧٠٣-١٧١٤) سنووری بابان زۆربەی ناوچەکانی نیوان زێی بچووک و زێی سیروانی گرتەوە. بەڵام هەر ئەو فراوانکردنە عوسمانیەکانی ورووژاند و توانیان بەکر بەگ لە ناو ببەن.

لە ساڵی ١٧٢١ دا “خانە پاشا” دەسەڵاتی گرتە دەست و سیاسەتێکی نوێی گرتەبەر و خۆی لە عوسمانیەکان نزیک کردەوە. ئەوەبوو لەم ماوەیەدا بەشداری گرنگی هەبوو لە هەڵمەتەکانی عوسمانی لە ئێراندا. بەم هۆیەوە دەسەڵاتی بابان بەهێزتر و فراوانتر بوو، تەنانەت بۆ ماوەیەک میرنشینی ئەردەڵانیشی گرتەوە.

میرانی بابان خاوەن هەڵوێست بوون و چەندین جار لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی میرنشینەکەیان و پەرەپێدانی دەسەڵاتیان ڕاپەڕینیان بەرپاکردووە و لە بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی وەستاون. هەر ئەمەش وایکردبوو دەسەڵاتدارانی عوسمانی سەرباری بەکارهینانی هێز، پەنا ببەنەبەر دووبەرەکێ نانەوە لە نێو بنەماڵەی بابان.

بێگومان ئەم دیاردانە گیروگرفتی زۆریان بۆ میرنشینەکە پەیدا دەکرد و ئارامییان لەناو دەبرد. سەرەڕای ئەمەش میرنشینی بابان لە گەشەسەندن نەدەکوەت و بە گشتی لە پەرەسەندن دابوو. ئەوەتا لە ساڵی ١٧٦٤دا “سلێمان پاشای کوڕی خالد پاشا” کە میری بابان بوودەسەڵاتی بە سەر “کۆیە و هەریر و پردێ و قەرەحەسەن و زەنگاباد و بەدرە و جەسان و هەولێریشدا” دەڕۆیشت.

لە سەردەمی “ئیبراهیم پاشای” بابانیشدا کارێکی شارستانی گرنگ کرا کاتێ لە ساڵی ١٧٨٤دا لە نزیک گوندی(مەڵکەندی) شاری سلێمانی بنیادنرا.

ئەوەبوو “کۆشک و سەرای میری و مزگەوت و گەرما و بازاڕ و چەند خانوویەکی” لێ دروستکرا. هەر لەم ساڵەدا دامودەزگای میرایەتی لە قەڵاچوالانەوە بۆ ئەم شارە گوازرایەوە و کرایە پایتەختی میرنشینەکە. زۆری نەبرد سلێمانی بووە مەڵبەندێکی کارگێری و ئابووری و رۆشنبیری گرنگ لە کوردستاندا.

لەم ماوەیەدا بابان لە هەموو میرنشینەکانی تری باشووری کوردستان بەهێز و تواناتر بوو، بۆیە جار پێی دەگوترا حکوومەتی کوردستان. ئەم بەهێزییە لە سەردەمی(عەبدولڕەحمان پاشا) دا لەوپەڕی دابوو، تەنانەت میری ناوبراو لە ساڵ ١٨١٠دا ڕۆلی کاریگەری هەبوو لە لادانی “سلێمان پاشا”ی بچووک و دانانی “عەبدوڵا پاشا” لە پۆستی ویلایتی بەغدا. “عەبدولڕەحمان پاشا” کە لە ماوەی (١٧٨٩-١٨١٣)دا بە پچڕپچڕی حوکمی کردووە لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی بابانە، بەردەوام هەوڵیی سەربەخۆیی دەدا. لەو پێناوەشدا دوو جار لە دەربەندی بازیان لە ڕووی هێزەکانی بەغدا وەستایەوە، بەڵام بە هۆی ناپاکی “خالید پاشای” ئامۆزای سەرنەکەوت. لە جاری سێیەمیش لە ساڵی ١٨١٢دا لە جەنگی کفری ڕووبەڕووی لەشکرێکی گەورەی بەغدا بووەوە، بەڵام ئەم جارەش ئاواتەکانی نەهاتەدی.

عبدولره‌حمان پاشا

مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو.

لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێھێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و ئێران بە پێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی ئێران.

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتاییی سەدەی شانزەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە. دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی و ھاوڕێکانی، سالم و کوردی (ئەم سێ کەسە بە سێ کوچکەی بابان ناسراون) و مەحوی کە شەقـڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە شێوەزاری کوردیی ناوەندیدا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا

سێكوچكه‌ی بابان

ووشەی بابان لە (بابا ـ بابە ) ەوەھاتوە کە بەواتای باوک یاخود براگەورە و ڕیش سپی ناو کۆمەڵ دێ بۆنمونە باباسلێمان و باباتاھیر وبابا عەلی وبابا ڕەسوڵ… ھەموو ئەم واتایە ئەبەخشن ، ھەر لێکدانەوەیەکی تر وەک ئەمە ڕاست نیە.

بابان بنەماڵەیەکی دێرینە (انسکلوپید یای بەریتانی)ساڵی (١٩٥٠) لەباسی (kurd) دا ئەیانباتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن ھەروەھا کتێبی (تاریخ و جغرافیە کردستان ـ سیرالا کراد) نووسینی عبدالقادر روستم بابان ئەیانگێرێتەوە بۆ سەردەمی (کیان) و (اًشکانیان) و (بنی ساسان) وبۆ سەردەمی (اًردشیر بابکان) واتا پێش ھاتنی عیسی ودوای ھاتنی .مەلا عەبدوالکەریمی مودەریس لە (بنەماڵەی زانیاران و علما ْ فی خدمە العلم والدین ) باسی میر حەمزەی بابان ئەکات کە لەساڵی (٨٠٠ک ـ ١٣٩٧ ز ) دا لەئێران بەرامبەر جلائیریەکان وەستاوە ولەبەرامبەر قەڵای مەریواندا (مزگەوتی سوور )ی دروستکردووە .میر شەرەفخانی بدلیس لە (شەرەفنامە )داکە ساڵی (١٠٠٥ک ـ ١٥٩٦ ز ) نووسیویەتی ، ئاماژەی بۆ ھەندێک میرانی بابان ئەکات کە لەگەڵ میر (شمس الدین)ی باوکیا پێکەوە بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانی شەڕیان بۆبەرگری لەسوڵتان کردووە کەرەنگ ھەیەلەنێوان ساڵەکانی (١٥٣٤ـ ١٥٥٩) دا ئەوشەرانە روویاندابێ. مێژووی (مردوخ) یش حوکمی بابانەکان لە (سنە) و (شارباژێڕ ) و(شارەزور) ئەگێڕدرێتەوە بۆ کۆتایی سەردەمی یانزەی کۆچی . لە عێراقیشدا شەرەفخان و ئەمین زەکی بەگ مێژووی حوکمیان لەکوردستانا ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونی (١٥١٩ـ ١٥٦٦ ) دوای ئەو مێژووەش بەردەوام بوون تاساڵی (١٨٥٠) کە کۆتایی بەفەرمانڕەواییان ھاتووە.

پاشا ناوداره‌كانی بابان

•              خانەپاشا : ساڵی (١٧٣٠ ـ ١٧٣١ ) لەسنە نزیکەی چوارساڵ دەستبەکاربووە پیاوێکی بەناوبانگ بووە .مزگەوتێک وقوتابخانەیەکی نزیک قەڵای حکومەت دروست کردووە تانزیک ھەمەدانی خستۆتەژێر ڕکێفی حوکمیەوە.

•              بوداق سوڵتان کوڕی شێربەگ : ساڵی(١٦٢٩)چۆتە سەرتەختی میرنشینی و(سابڵاخ)ی کردوە بە مەڵبەندی حوکمی خۆی پیاوێکی ژیروخێرخوازو بەدادبووە . ساڵی(١٦٦٨) سێ بەنداو لەوسەر رووباری سابڵاخ لە (لەج و دارەلک وپردی سوور) دروستکردووە و ھەرلەوێش مزگەوتی سووری لە ساڵی (١٦٧٨) دا بنیات ناوە.

•              فەقیە ئەحمەدی دارشمانە باپیرەگەورەی زنجیرەی پێنجەمی بابانەکانە ولە دارشمانەی ناوچەی پشدەرەوە سەری ھەڵداوەو چیرۆکی زۆرانبازیەکی لەگەڵ (کەیغان)ی فەرھەنگ بەناوبەنگە .

•              بەکربەگ (بەکرە سوور) دوای ساڵی (١٧٠٣) بووە بەحاکمی بابان کە لەسەردەمی ئەودا وڵات گەلێک پەرە یسەندوە . ئەو بوو کەجۆگەی (بەکرەجۆ)ی دروستکرد . خۆشی بەبێڵو خاکەنازەوە وەک کرێکار ئیشی تیادا کردوە شاری بەکرەجۆش ھەربەناوی ئەوەوەیە. گردی بەکراوای لای ھەڵەبجەش بەناوی ئەوەوەیە.

•              سلێمان پاشای گەورەی قەڵا چوالان، لەخواترس بەڵام گەلێک بەزەبرو زەنگ بوو. چواردەساڵ حوکمی کردو تاساڵی (١٧٦١) مایەوە ولە لایەن (فەقێ برایم ) ناوێکەوە کوژرا. شەڕی دوانزەسوارەی مەریوان لەکاتی فەرمانڕە وایی ئەم میرەدا ساڵی ( ١٧٥٦ ـ ١٧٦٧) ولەسەردەمی حوکمی کەریم خانی زەنددا بووە لەئێران.سوارەکانیش ئەمانەبوون : بەسەرۆکایەتی سەلیم بەگی بابان (ناودار بە سەلیم سێتەنگە) ئەکرەمی مەلا ھەمزەی ئەفغانی، جوامێرئاغای ڕەنگینە ، میران بەگی وەڵەدبەگی ، ئاغاڵ سیوەیلی ، فەرامورزی زەنگەنە ، سوار ئاغای بەڵباسو مامەند ئاغای میران و دەلی . ئەم دوانزدە سوارە بەرەنگاری لەشکرێکی گەورەی ئێران بوون لەدەشتی مەریواندا و شکاندیانن ئەم پیاوە بەنیازبوو قەڵاچوالان بگوێزێتەوە بەڵام فریانەکەوت .

•              مەحمود پاشا ی کوڕی خالید پاشا ساڵی (١٧٨١) واتاپێش دروستکردنی شاری سلێمانی بەسێ ساڵ ھات (پاسگە ـ مخفر)ێکی لەسەر گردی قشڵەی شاری سلێمانی دروستکرد ، ئەویش بەو نیازەی قەڵاچوالان بگوێزێتەوەبۆئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی .

•              برایم پاشای بابان ساڵی(١١٩٩ـ ١٧٨٤ ) ز شاری سلێمانی دروستکرد لەگەڵ بنیاتنانی شارەکەدا (مزگەوتی گەورە)ومزگەوتی تەکیە دروستکرد .شەقام و گەڕەکی برایم پاشای ئێستا لەڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی بەناوی ئەم میرەوە یە .

•     

         ئەورەحمان پاشا ی بابان ساڵی (١٧٨٩ ـ ١٨١٣) نزیکەی (٢٤) ساڵ حوکمی ناوبەناو ی کردوە .روویان لێنا ببێ بە والی بەغدا لە وەڵامدا ووتی: (قومێک لە بەفراوی کوێستانەکانی وڵاتەکەم بە ھەموو موڵکی عوسمانی ناگۆڕمەوە ) بەڵکو ھەندێ جار لەسەر قسەی ئەم والی بەغدا دائەنرا. مزگەوتی سەی حەسەن و شێخ باباعەلی قەرەداغی دروستکردووە .لە دەربەندی بازیاندا بەرگری دژی لەشکری عوسمانیەکان کردووە.

•              مەحمود پاشای کوری ئەوڕەحمان پاشا ساڵی (١٨١٣ ـ ١٨٣٤ ) ، ( کلودیوس جیمس ریج ) کەساڵی (١٨٢٠) دا بەگشتی ھاتۆتە سلێمانی گەلێک ستایشی رەوشی بەرزو راستگۆیی ودڵسۆزی ئەم پیاوە بەجۆرێک ئەکات وئەڵێت وێنەی لە ساڵی (١٨١٧) دائەم میرە دروستی کرد لەگەڵ مزگەوتی بن تەبەق دا.

•              سلێمان پاشا ی کوری ئەوڕەحمان پاشا ساڵی ( ١٨٢٩ ـ ١٨٣٨) یە کێکە لە میرە بەناوبانگەکانی بابان دوای وەفاتی لەگردی سەیوان وشێخ مارفی نۆدێ دوای وەفاتی لەپاڵ ئەو گومەزەدا نێژرا ، کەچی گۆمە زەکە بەناوی شێخ مارفەوە ناو ئەبرا تا لەم دوا ییەدا وەزارەتی ئەوقاف گومەزی لەسەر گۆری شێخ مارف بنیات نا . ئەم سلێمان پاشا یە باپیری عەزمی بەگی بابانە ئەم پیاوە بنا غەی سەرای شاری سلێمانی دانا.

•              ئەحمەد پاشای کوری سلێمان پاشا : ساڵی (١٨٣٩ ـ ١٨٥٠) دوا میری بابان و ئازاترین رۆڵەی کورد بوو ، لەشکری بە ووتە ی ئەو رۆژگارە (عێری) لەسەرچنار دامەزرا ند و پسپۆری لە فەڕەنساوە ھێناوە بۆرێکخستنی سوپاکەی .ئەمە عوسمانیەکانی ئاگادار کردەوە ولە گەڵ چەند ھۆیەکی سەرەکی تردا عوسمانیەکانی پاڵ پێوە تا کۆتایی بەمیرنیشینی بابان لەشاری سلێمانی بھێنن ئەحمەد پاشا برا بۆ ئەستەمبوڵ لەوێوەکرا بەوالی (یەمەن) (١٤) ساڵ بەوالیەتی لەیەمەن مایەوە .

ھۆی ھەرە سەرەکی ڕووخانی میرایەتی بابان و میرنشینە کوردیەکانی تریش (ئەردەڵان، سۆران ،بادینان،شەمزینان) پەیمانی ئەرزڕۆم بوو کەساڵی (١٨٤٧) له‌نێوان ئێران و عوسمانییه‌كاندا به‌سرا، کەبەتەواوەتی لەسەر ئەوە ڕێکەوتن ھەرناکۆکیەک وگیروگرفتێک بکەوێتە نێوانیانەوە لەسەرمێزو بەگفتوگۆ لەگەڵ یەک چارەی بکەن و واز لە میرنیشینە کوردیەکان بۆ ئەو مەبەستە بھێنن ئیتر ھەموویان یەک لەدوای یەک کۆتاییان پێھێنرا. هه‌وره‌ك ناكۆكی ناوخۆیش یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌هه‌میشه‌ میرنشینه‌كه‌ی لاواز كردووه‌و وای كردووه‌ خۆراگری به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌كی كه‌م بێته‌وه‌.

عومه‌ر ئاغا یه‌كێك له‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی مه‌حمود پاشا

‌ 

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …