Home / بەشی مێژووی كورد / شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

  215091752015_11 215091752015_vvvv

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان
لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخانو لەناوچووندان!

لەمێژووی چەندین سەدەی نەتەوەی كورددا، میرنشینی بابان بەیەكێك لەدیارترین و بەهێزترین دەسەڵاتەكانی فەرمانڕەوایی لەباشووری كوردستان دادەنرێت و لاپەڕەیەكی گەش و پرشنگداری تۆماركردوە، چونكە بەهۆی لێهاتوویی و بیرتیژی میرو پاشاكانیان و بەپشتیوانی هێزێكی ئازاو چاونەترسی سەربازییەوە، بەردەوام لەهەوڵی فراوانتر كردنی سنووری دەسەڵاتەكەیان و سەربەخۆیی كوردستان دا بوون، هەر بۆیە هەمیشە لەلایەن كاربەدەستانی ئێرانی و والییە یەك لەدوای یەكەكانی بەغداو خودی سوڵتانەكانی عوسمانیشەوە، بوونەتە جێگای مەترسی و تێڕامان. جێگای ئاماژەیە، یەكێك لەبەرچاوترین شاكارە بەشكۆو گرنگەكانی میرنشینی بابان، بنیادنان و دروست كردنی شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كوردستانە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا بووتە جێگای داخ و هەموومانی نیگەران كردوە، خەمساردی و پشت گوێ خستنی لایەنی پەیوەندیدارە لەبەردەم هەڕەشەو شاڵاوی وێران بوون و لەناوچوونی لەوە زیاتری چەند پاشماوەو بەجێماوێكی گرنگی ئەو سەردەمە! هیوادارم سەرەڕای ئاستەنگەكانی بودجەو قەیرانی دارایی وڵات، لەماوەیەكی زوودا حكومەتی هەرێمی میراتگر و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی لەشێوەی گۆڕی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەو شورای دەربەندی بازیان، بیرێك لەنۆژەن كردنەوەو دووبارە تازەكردنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەش بكەنەوە.
گۆڕو گڵكۆی(خانە محەممەد پاشا)ی بابان لەعەوداڵان
یەكێك لەفەرمانڕەوا دیارو بەناوبانگەكانی میرنشینی بابان(خانە محەممەد پاشا1719-1729ز)ی كوڕی(تەیموور خان بەگ1686-1703)ی كوڕی(فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە1610-1663ز)و پێنجەم میری میرنشینەكە بووە، توانیوویەتی بەئازایەتی و لێهاتوویی خۆی دوای(4)ساڵ لەبەڕێوەبردنی میرنشینی بابان لەلایەن یەكێك لە(مووتەسەلیم)ە دامەزراوەكانی سەر بەوالی بەغدای ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لەساڵی(1719ز)دا، دەسەڵات بگرێتە دەست، دوای ئەوەی لەساڵی(1721ز)دا، سوڵتانی ئەو كاتەی عوسمانی(ئەحمەدی سێیەم1703-1730ز) لەسەر داواو پێشنیاری(حەسەن پاشا1704-1724ز)ی والی بەغدا، بڕیاری شەڕی لەدژی سەفەوییە شیعەكانی ئێران دەركردوە، هەر بۆیە خانە محەممەد پاشا بەهێزێكی گەورەی بابانییەوە لەقۆڵی باكوورەوە هێرشی كردوەتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان و دوای گرتنی هەورامان و مەریوان، سنەی پایتەختی میرنشینەكەشی داگیركردوە، لەبەرامبەر ئەو سەركەوتن و ئازایەتییەش دا سوڵتانی عوسمانی پلەی(میری میران)ی پێ بەخشیووە. دوای ئەوەی وەكو فەرمانڕەوای میرنشینی ئەردەڵان و بابان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەمەبەستی راپەڕاندنی كاروبارەكانی میرنشینی بابان(خالید بەگ)ی برای ناردوەتەوە قەڵا چوالان. خانە محەممەد پاشا لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆی دا لەسنە، بەردەوام لەهەوڵی ئاواكاری زیاترو جوانترو فراوان كردنی شارەكەدا بووە، هەر بۆیە ساڵی(1725ز)مزگەوتێكی گەورەی بەدوو منارەی بەرزەوە لەگەڵ خوێندنگایەكی ئایینی بەتەنیشت  باڵەخانەی (دارولحیكمە)ی شارەكەوە دروست  كردوە*. سەر ئەنجام دوای(4)ساڵ فەرمانڕەوایی دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ قەڵا چوالان، بەڵام كاتێك لەپایزی ساڵی(1726ز)دا، لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات، ئاژاوەو پشێوی سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی گرتووەتەوەو شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی گەورە بەرپا بووە، میر(مەحموودی ئەفغانی)بەیارمەتی چەند سەرۆك هۆزێكی كورد لەدەسەڵاتی(شا تەهماسپی دووەم1722-1732ز)راپەڕیووە، هەر بۆیە دەوڵەتی عوسمانی بڕیاری شەڕی بەناوی جیهادەوە لەدژی ئەفغانییەكان دەركردوە. دوای ئەوەی لە(بابی عالی)یەوە بەفەرمانێك داوا لە(ئەحمەد پاشا1724-1734ز)ی والی ئەو كاتەی بەغدا كراوە، سوپایەكی گەورە ئامادە بكات بەمەبەستی هێرش كردنە سەر وڵاتی ئێران، ئەویش داوای لەخانە محەممەد پاشای بابان كردوە بەهێزێكی ئازاو تۆكمەوە ئامادەی ئەو شەڕە ببێت، بەپێیی سەرچاوەكان؛ لەو شەڕەدا كوردەكان بەهیزێكی نزیكەی(20)هەزار سەربازییەوە بەشدارییان كردوە. دوای ئەوەی ئەحمەد پاشا بەسوپایەكی(70)هەزار سەربازی و بەپاڵپشتی(70)تۆپی شەڕەوە هێرشی كردوەتە سەر ناوچەكانی باشووری ئێران و لەدەشتی(ئەنجدان)ی نێوان هەر دوو شاری(ئیسفەهان و هەمەدان)سوپای مەحموودی ئەفغانی و والی بەغدا كەوتوونەتە شەڕەوە، لەبەرەبەری سەركەوتنی یەكجارەكی سوپای عوسمانی دا، لەسەر داوای خانە محەممەد پاشا، هێزەكانی خالید بەگی بابان و میری ئەو كاتەی ئامێدی لەگەڵ تەواوی سەرۆك هۆزو بەگەكانی(باجەلان، هەریر، كۆیە، جاف، سەعد ئاباد، كەلهوڕ، زەنگەنە، سەرتاس، ئاڵتون كۆپری، قزڵجە، شارباژێڕو سەر چنار)بەتەواوی چەكدارەكانیانەوە لەگۆڕەپانی شەڕەكە كشاونەتەوەو بەو هۆیەوە سوپای ئەحمەد پاشا تووشی شكستێكی گەورە بووەتەوە. هەر لەدرێژەی ئەو شەڕانەدا، سوپای سەفەوی بەفەرماندەیی(نادر خانی ئەفشار)و بەهاوكاری خانە محەممەد پاشا لەقۆڵی(قەڵا چوالان و سوور داش)ەوە هێرشێكی گەورەی كردوەتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و بەو هۆیەشەوە سوپای ئێران توانیوویەتی ناوچەیەكی زۆر هەتا نزیك كەركوك داگیر بكات. هەر بۆیە دوای لەدەسەڵات خستنی، خانە محەممەد پاشا بانگهێشتی بەغدا كراوە. دواتر بەهۆی خیانەتە بەردەوامەكانییەوە لەساڵی(1732ز)دا، بەفەرمانی خودی ئەحمەد پاشای والی بەغدا لەشیرینی خەودا لەلایەن چەند كەسێكەوە خنكێنراوە! دواتر بەرێ و رەسمێكی تایبەت تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ كوردستان و لەتەنیشت مەزاری(شێخ سمایلی عەوداڵان)لەگوندی عەوداڵانی چەمی رەزان بەخاك سپێردراوە. جێگای ئاماژەیە لەئێستادا، ئارامگای سەر گۆڕی خانە محەممەد پاشا بەشێوەیەكی بەرچاو وێران بووەو هیچ نیشانەیەك نەلەگۆڕو نەلەگڵكۆی ئەو پاشا بەناوبانگەی بابان بەرچاو ناكەوێت، تەنها كەلاوەیەكی دارووخاوی خانوویەكی لەبەرد دروست كراو نەبێت كە كاتی خۆی لەسەر گۆڕەكەی دروست كراوە.
وێران بوونی گۆڕستانی تایبەتی بنەماڵەی بابان لەقەڵا چوالان
گۆڕستانی بابانەكان لەقەڵا چوالان، بەیەكێك لەپاشماوە دیارو بەرچاوەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینەكە دادەنرێت كە گۆڕی چەندین پاشاو میرو بەگ و كەسایەتی بەناوبانگی ئەو كاتەی لەخۆگرتووە، دیارترینیان گۆڕی(سلێمان پاشای دووەم1747-1765ز)كە لەمێژوودا بە(كوژراو)بەناوبانگە، بەرچاو دەكەوێت. بەپێیی سەرچاوە مێژووییەكانی سەردەمی میرنشینی بابان؛ سلێمان پاشا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی دا، بەردەوام لەهەوڵی فراوان كردنی سنووری میرنشینەكەدا بووە، بەجۆرێك دەسەڵاتی گەیشتووەتە ناوچەكانی(كۆیە، هەریر، هەولێر، قەرە حەسەن، ئاڵتون كۆپری، بەدرە، جەسان، مەندەلی، زەنگابادو سنە) هەروەها بایەخێكی زۆریشی بەمزگەوت و خوێندنگاو كتیبخانەی ئایینی داوە، جێگای ئاماژەیە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا خوێندنگاكانی قەڵا چوالان جمەیان هاتووە لەمەلای زاناو بەناوبانگ و قوتابی و فەقێی زیرەك و بەتوانا، بەپێیی سەرچاوەكەی(كلۆدیۆس جەیمس ریچ)سلێمان پاشا لەزەنگابادیش مزگەوت و حەمام و خانی تایبەتی دروست كردوە. لەلایەكیتریشەوە، هەر لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئەوو لەساڵی(1755ز)دا، داستانی جوامێرانەی(دوازدە سوارەی مەریوان)روویداوە كە تیایدا رووبەرووی سوپایەكی گەورەی(12)هەزار سەربازی(كەریم خانی زەند1746-1774ز)بوونەتەوە بەفەرماندەیی(سەلیم بەگ)ی كوڕی(بابەكرەسوور1703-1715ز)ی بابان. سەر ئەنجام دوای(11)ساڵ فەرمانڕەوایی میرنشینەكە بەشێوەیەكی پچڕ پچڕو پڕ كێشەو شەڕو ململانێ لەگەڵ ئامۆزاو براكانی دا، لەشەوێكی هەینی ساڵی(1765ز)و لەئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دا لەلایەن پیاوێكەوە بەناوی(فەقێ برایم) بەشێوەیەكی زۆر نهێنی و بەسەر پێلیژەیەك دا كە بەتایبەت بۆ ئەو كارە دروستی كردوە، بەدار تووی حەوشەی ماڵی پاشادا چووتە ژووری نووستنەكەیەوەو لەشیرینی خەودا چەند خەنجەرێكی لەجەستەی پاشا داوە، دوای چەند رۆژێك بەهۆی خەستی برینەكانییەوە سلێمان پاشا كۆچی دوایی كردوەو لەگۆڕستانی تایبەتی لەقەڵا چوالان بەخاك سپێردراوە. لەئێستاش دا وەكو لەوێنەكەدا دەبینرێت، گۆڕەكەی بەو شێوەیە وێران بووە.
قەڵای ساردكە لەقەزای دووكان
دوای ئەوەی چەند جارێك(محەممەد پاشا1813-1836ز)ی میری سۆران بەفیت و پیلانی(داوود پاشا1816-1831ز)ی والی ئەو كاتەی بەغدا، لەسەردەمی فەرمانڕەوایی(مەحموود پاشای دووەم1813-1834ز) و(سلێمان پاشای چوارەم1834-1838ز)ی بابان دا، بەهێزێكی گەورەی سەربازییەوە هێرشی كردوەتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی میرنشینی بابان، دوای داگیر كردنی ناوچەكانی هەریرو كۆیەو بیتوێن و چەند شوێنێكی ستراتیژی و گرنگ، هەتا نزیك سوور داش پێشڕەوییان كردوە، دواجاریش لەساڵی(1833ز)دا، لەگوندی قەمچووخەی نزیك قەزای دووكانی ئێستا، شەڕێكی خوێناوی لەنێوان هێزی هەر دوو لادا روویداوە. سەر ئەنجام بەناوبژی چەند بەگ و مەلاو كەسایەتییەكی بەناوبانگی ناوچەكە رێككەوتنێكی(4)خاڵی واژۆكراوە كە بەپێیی مادەی چوارەم؛ هەر دوو میرنشین دەتوانن قەڵای چاودێری و بەرگری لەسەر سنوورەكانی نێوانیان دروست بكەن، لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا زێیی بچووك سنووری لەیەك جیاكەرەوەی میرنشینی بابان و سۆران بووە، هەر بۆیە میر محەممەدی سۆران بڕیاری داوە لەسەر گردی ساردكەو لەبەرامبەر گوندی قەمچووخەدا قەڵایەكی گەورەی سەربازی دروست بكرێت، بەڵام بەداخەوە وەكو لەوێنەكەدا دەردەكەوێت لەئێستادا، ئەو شوێنەوارە مێژووییە بەناوبانگە لەهەر چوار لاوە تووشی دارووخان و وێران بوون بووەتەوە.

پەراوێزو سەرچاوەكان:
*دواتر(ئەمانووڵڵا خان1775-1824ز)ی والی میرنشینی ئەردەڵان، لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی داو بەمەبەستی نەهێشتنی شوێنەوارو پاشماوەی بابانییەكان لەشاری سنەدا، مزگەوت و خوێندنگاكەی رووخاندوەو شوێنەكەی كردوە بەباخی فیردەوس.
1-كوردستان و كێشەی سنووری عوسمانی-فارسی1639-1847: نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی یەكەم، هەولێر2001
2-گەشتنامەی ریچ بۆ كوردستان: كلۆدیۆس جەیمس ریچ، و: محەممەد حەمە باقی، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی2012
3-سلێمانی شارە گەشاوەكەم: جەمال بابان، چاپی دووەم، بەرگی چوارەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر2012
4-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، كتێبی سێیەم، بەرگی یەكەم، لبنان2013
5-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، چاپخانەی شڤان، سلێمانی2013

عومەر ئیسماعیل مارف

PUKmedia

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …