Home / بەشی مێژووی كورد / لە پەیمانی قەسری شیرین بۆ یەکەمجار کوردستان پارچە کرا

لە پەیمانی قەسری شیرین بۆ یەکەمجار کوردستان پارچە کرا

20190516-carte-du-voyage-du-sieur-daulier-deslandes-en-perse-16612b3abe-image

لە پەیمانی قەسری شیرین بۆ یەکەمجار کوردستان پارچە کرا

دژوار کرماشان


دوای ململانێ و شەڕێکی ١٥٠ ساڵە لەنێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی (ئێران) و ئیمپراتوریەتی عوسمانی (تورکیا)، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ لە قەسری شیرین، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو دوو دەوڵەتە پەیمانێکیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەو پەیمانە بەشێک لە کوردستان و هەموو عێراق لە ئێران جیا کرایەوە و درایە عوسمانی، بە مەرجێک ئەریڤان بگەڕێتەوە سەر ئێران.

ساڵی ١٦٣٥ سوڵتان مورادی چوارەم کە ئەوکاتە خەلیفەی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی ئەرزڕووم-ەوە هێرشی کردە سەر ئیمپراتوری سەفەوی و ئەریڤانی داگیر کرد، ساڵی ١٦٣٨ـیش هێرشی کردە سەر بەغدا کە چەندین جار هەوڵی دابوو داگیری بکات، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون، ئەمجارە و دوای ٤٠ ڕۆژ شەڕ، بەغدای داگیر کرد و فەرمانی دا کە هەموو سەربازانی سوپای سەفەوی کە ماونەتەوە و بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ بکەن.

دوای داگیرکردنی بەغدا لەلایەن سوپای عوسمانییەوە، شا سەفی پاشای سەفەوی داوای ئاشتیی کرد و دەوڵەتی عوسمانیش داواکارییەکەی قبوڵکرد، بەو پێیە، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ هەردوو دەوڵەتەکە لە قەسری شیرین (کە ئێستا شارێکە سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پێکەوە دانیشتن و پەیمانێکیان واژۆ کرد بەناوی “پەیمانی قەسری شیرین” کە بە “پەیمانی زەهاو”یش دەناسرێت.

بەپێ پەیمانەکە ئەریڤان گەڕایەوە سەر ئیپمراتۆرییەتی سەفەوییەکان، لە بەرامبەردا، بەشێکی گەورەی کوردستان کە سێ پارچەی ڕۆژئاوا، باشور و باکور لەخۆ دەگرێت، هەروەها عیراق کە ئەو کاتە بە “عێراقی عەرەب” دەناسرا، درا بە ئیمپراتوریەتی عوسمانی.

ئەو پەیمانە بۆ ماوەی ١٣٧ ساڵ کاری پێدەکرا، تا ساڵی ١٧٧٦ کە سادق خانی زەند برای کەریم خانی زەند، هێرشی کردە سەر بەسرە و بەسرەی گەڕاندەوە سەر ئێران، بەڵام زۆری نەخایاند و دوای سێ ساڵ واتە ساڵی ١٧٧٩ بەپێی پەیمانەکە کە سنووری عوسمانی دیاری کردبوو و بە کشانەوەی هێزەکانی سادق خان، دیسان بەسرە گەڕایەوە سەر ئیمپراتوری عوسمانی و پەیمانەکە تا سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی کاری پێکرا، بەڵام دوای ئەوە و بە جیابوونەوەی بەشێک لە عوسمانی و دامەزرانی دەوڵەتە عەرەبییەکان، هەر بەپێی ئەو پەیمانە سنوورەکانی ئێران و عێراق دیاریی کران.

د.کەیوان ئازاد، ماموستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەسەر ئەو پەیمانە بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: لەو ساڵانەدا نێوان دوو زلهێزی ناوچەکە کە یەکێکیان دەوڵەتی عوسمانی کە بە ڕەگەز تورک و بە ئایین ئیسلام و بە ئایینزا سونە بوو و دەوڵەتی سەفەوی کە ئەویش بە ڕەگەز فارس و بە ئایین ئیسلام و بە ئاینزا شیعە بوو، ململانی و شەڕێکی زۆر هەبوو، ئەو دوو دەوڵەتە تورکە دێنە ناو خاکی کوردستان و لە قەسری شیرین کۆدەبنەوە تا لەسەر خاکی کورد، کوردستان دابەش بکەن، ئەمە یەکەم ڕێککەوتننامەی مێژووییە لەنێوان دوو دەوڵەت کە لەسەر خاکی کوردستان کۆدەبنەوە بەناوی دیارییکردنی سنوورەوە، بۆ ئەوەی دابەشی بکەن و بەو پێیە کوردستان دەکرێت بە دوو بەش کە بەشی ڕۆژهەڵات دەدرێت بە دەوڵەتی سەفەوی و بەشی ڕۆژئاواش دەرێت بە دەوڵەتی عوسمانی.

د.کەیوان ئازاد، ئێستا و مێژووی گرێدا بەیەکەوە و وتی: کورد بێ ئەوەی ئاگارداربێت یان هۆکاری کێشەکە بێت خاکەکەی دابەشکرا بەسەر دوو دەوڵەتدا و تا ڕۆژی ئەمڕۆش کورد بە دەستی ئەو دوو دەوڵەتەوە گیری خواردووە، کورد لە دەرەنجامی بێئاگایی خۆی لە مێژوو، لە دەرەنجامی پەراوێز خستنیدا، هەمیشە بووەتە قوربانی نێوان زلهێزەکان کە دواجار بووەتە مایەی ماڵویڕانی کورد و تا ئێستاش باجەکەی دەدات.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئاماژەی بە دابەشکردنی کوردستان کرد بۆ جاری دووەم و دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی و بەبیری هێنایەوە”دوای تێکشکانی عوسمانییەکان، دوو زلهێز دێنە مەیدانی مململانییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانیش بەریتانیا و فەرەنسا-ن، کە ڕێککەوتننامەی سایس پیکۆ-یان واژۆ کرد و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و بەر پشکی فەرەنسا کەوت و عێراقی عەرەبی و فڵەستین بەر بەریتانیا کەوت، بەمەش جێگرەوەی عوسمانی بۆ کورد بووە بەریتانیا و فەرەنسا، بەڵام دەوڵەتی ئێران وەک خۆی مایەوە، بەو شێوەیەش کوردستان کە دوو بەش بووە ئەمجارە کرا بە چوار بەش”.

کەیوان ئازاد، بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کرد، کە  کورد هەمیشە لە پەراوێزی ڕووداوە مێژووییەکاندا بووە، “کورد نەیتوانیوە لەناو ڕووداوەکاندا بێت، بۆنموونە نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی عەرەب، تورک یان فارس گێڕاویانە، بگیڕێت، کێشەی کورد هەر ئەمەیە کە لە ڕووداوەکاندا هەبوونی نەبووە و لە پەڕاوێزدا بووە، یان بووەتە بەشێک لە پاشکۆی دەوڵەتانی زلهێز”.

د.کەیوان ئازاد، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕەخنەی زیاتری لە سەرکردایەتیی کورد گرت و وتی: ئەوەی کە کوردی گەیاندووەتە ئەم حاڵە پەرتەوازەیی کورد بۆخۆیەتی، خێڵایەتیی و پارچەگەراییش یەکێک دیکە لە هۆکارەکانیەتی، کورد لە هەر بەشێک لەگەڵ دەوڵەتێکی زلهێزە و دژی یەک کاریان کردووە، بۆیەش هەمیشە باجەکەی داوە و دۆخەکە با قازانجی نەیارانی کورد شکاوەتەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …