Home / مێژووى جیهان / مێژووی كوده‌تاكانی عێراق له‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ تا ئێسته‌

مێژووی كوده‌تاكانی عێراق له‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ تا ئێسته‌

89865.13124432_1811370182424431_1313580560856369514_n

مێژووی كوده‌تاكانی عێراق له‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ تا ئێسته‌

چۆمان ته‌قێدین
عێراق له‌ ڕێكه‌وتی (11_11_1920) یه‌كه‌م كابینه‌ی وه‌زاری پێكهێنا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نه‌قیب عه‌بدولڕه‌حمان گه‌یلانی، رۆژی (23_8_1921) شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م (1921_1933) كرا به‌ شای شانشینی عێراق و له‌ (3_10_1932) سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت له‌ به‌ریتانیا و‌ دوایین كابینه‌ی وه‌زاری له (28/10/2018) پێكهێنرا به ‌سه‌رۆكایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی.

عێراق له‌ كاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێسته‌ نزیكه‌ی چوار پادشا و دوو حاكمی مه‌ده‌نی و 11 سه‌رۆك كۆماری هه‌بووه‌ و (79) كابینه‌ی وه‌زاری پێكهێنراوه‌ كه‌ (46) كابینه‌ی وزاری له‌ سه‌رده‌می پادشایه‌تی بووه‌ و (33)ی له‌ سه‌رده‌می كۆماری.

یه‌كه‌م/ رۆژی (29_10_1936) به‌ سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ریق به‌كر سه‌دقی كوده‌تا ئه‌نجام درا له‌ دژی كابینه‌ی وه‌زاری یاسین هاشمی كه‌ جاری دووه‌م بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان كرا، ئه‌وه‌یش له‌ نێوان (18_3_1935) تا (30_10_1936)، پێكهێنانی كابینه‌ی وه‌زاری نوێ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حیكمه‌ت سلێمان له‌ رۆژی (31_10_1936) تا (17_8_1937) به‌رده‌وام بوو.

دووه‌م/ له‌ (2_4_1941) به‌ سه‌رۆكایه‌تی چوار عه‌قید كه‌ ئه‌وانیش عه‌قید سه‌ڵاحه‌دین سه‌یاغ، عه‌قید كامیل سبیب، عه‌قید فه‌همی سه‌عید و عه‌قید مه‌حموود سلێمان، كوده‌تایان له‌ دژی میر عه‌بدوڵا (1939_1953) و كابینه‌ی وه‌زاری ته‌ها هاشمی له‌ ڕێكه‌وتی (2_4_1941) تا ڕێكه‌وتی (13_4_1941) سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ و پێكهێنانی كابینه‌ی وه‌زاری به‌ناوی حكوومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی عالی گیلانی له‌ ڕێكه‌وتی (14_4_1941)، بۆ جاری سێیه‌م تا ڕۆژی (30_5_1941) به‌رده‌وام بوو.

سێیه‌م/ له‌ (14_7_1958) به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌قید عه‌بدولكه‌ریم قاسم كوده‌تا ئه‌نجام درا له‌ دژی شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م (1953_1958) و سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌حمه‌د موختار بابان كه‌ له‌ (19_5_1958) بووه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران تا ڕێكه‌وتی (14_4_1958) به‌رده‌وام بوو، هه‌روه‌ها عه‌قید محمه‌د نه‌جیب روبه‌یعی بووه‌ به‌ سه‌رۆك كۆمار و عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

چواره‌م/ له‌ (7 تا 11_3_1959) عه‌قید عه‌بدولوه‌هاب شه‌واف له‌ هه‌ردوو شاری مووسڵ و كه‌ركووك یاخی بوو له‌ دژی یه‌كه‌م كۆماری عێراق و دواتر شكستی هێنا.

پێنجه‌م/ له‌ ڕێكه‌وتی (8_2_1963) حزبی به‌عس كوده‌تای ئه‌نجام دا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌قید عه‌بدولسه‌لام عارف و فه‌ریقی یه‌كه‌م ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له‌ دژی سه‌رۆك كۆمار محه‌مه‌د نه‌جیب روبه‌یعی (1958_1963) و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بدولكه‌ریم قاسم (1958_1963). عه‌بدولسه‌لام عارف بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆك وه‌زیران.

شه‌شه‌م/ رۆژی (28_2_1963) به‌رپاكردنی كوده‌تا یان بزووتنه‌وه‌ی فایده‌ له‌لایه‌ن حزبی شیوعی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی توما تۆماس و هه‌ندێك ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی لایه‌نگیری شیوعی، له‌ دژی كوده‌تاچییه‌كان، به‌ڵام شكستی هێنا.

حه‌وته‌م/ له‌ (18_11_1963) كوده‌تا ئه‌نجام درا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولسه‌لام عارف له‌ دژی حزبی به‌عس و تاهیر یه‌حیا بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ (18_11_1963) بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران تا (6_9_1965) به‌رده‌وام بوو.

هه‌شته‌م/ رۆژی (15_9_1965) به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران عارف عه‌بدولڕه‌زاق كه‌ هاوكات وه‌زیری به‌رگری بووه‌، كوده‌تا ئه‌نجام درا بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ دژی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولسه‌لام، به‌ڵام شكستی هێنا و هه‌ڵات بۆ شاری قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر.

نۆیه‌م/ له‌ (30_6_1966) به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عارف عه‌بدولڕه‌زاق كوده‌تا ئه‌نجام درا بۆ جاری دووه‌م له‌ دژی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولڕه‌حمان عارف و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز و دووباره‌ شكستی هێنا.

10/ رۆژی (17_7_1968) حزبی به‌عس كوده‌تای ئه‌نجام دا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام حوسێن له‌ دژی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولڕه‌حمان عارف و سه‌رۆك وه‌زیران تاهیر یه‌حیا كه‌ جاری دووه‌م بوو سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌. له‌وێوه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار و عه‌بدولڕه‌زاق نایف بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

11/ له‌ (30_7_1968) حزبی به‌عس كوده‌تاكه‌ی (17_7_1968)ی ته‌واو كرد له‌ دژی سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بدولڕه‌زاق نایف و له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران لابرا و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر هه‌مان رۆژ بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، واتا له‌یه‌ك كاتدا سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیر بووه‌ تا (16_7_1979).

12/ له‌ (16_7_1979) سه‌دام حوسێنی له‌سێدره‌دراو كه‌ جێگری سه‌رۆك كۆمار بوو، كوده‌تاكه‌ی سپی ئه‌نجام دا و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری له‌ ده‌سه‌ڵات لادا و خۆی بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران له‌ یه‌ك كاتدا و له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنی نه‌یارانی له‌ناو حزبی به‌عس. سه‌دامی خوێنڕێژ كه‌ جینۆسایدی به‌سه‌ر كورددا هێنا و كیمیابارانی كرد، تا له‌كارخستنی له‌ 29ی نیسانی 2003 له‌ حوكم به‌رده‌وام بوو.
سه‌رچاوه‌:
عه‌لی كه‌ندی:فه‌رهه‌نگی ڕووداوه‌كانی كوردستان و وڵاتانی جیهان-هه‌ولێر 2005 ز.
یاسین سابر ساڵح: ئینسایلكۆپیدیای گشتی-سلێمانی 2005ز.
چارلز تریب:چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژووی عێراق. و: محه‌مه‌د حوسێن ئه‌حمه‌د و عه‌بدولقادر كه‌لهور-هه‌ولێر 2013ز.
باقر یاسین: ڕیشه‌كێشكردن و دیكتاتۆریی و تاكباوه‌ڕی له‌ عێراق. و: سه‌باح ئیسماعیل-سلێمانی 2015ز.
باقر یاسین: مێژووی خوێناویی عێراق.و: حه‌مه‌ساڵح گه‌ڵاڵی-سلێمانی 2017ز.
ئینته‌رنێت- ویكیپیدیای ئازاد.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

72668797_417683955615441_8650480642892496896_n

شانشینی میرۆفەرەنجی

لەنوسین ئامادەکردنی: “زكريا(مراد)ھۆشەنگ” قوتابي قوناغي سيیەمێ میژوو زانکۆی صلاح الدين  چەنك و زاراوەی (فەرەنکەکان یان …